Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
لە بەهاری هەموو وڵاتێکدا شۆڕش بەدینایە..!

لە بەهاری هەموو وڵاتێکدا شۆڕش بەدینایە..!

Closed
by February 17, 2012 گشتی

خۆپیشاندان و ڕاپەڕین و شۆڕش، سێ ڕێگای ناڕەزایەتی و خرۆشانی جەماوەری و کۆمەڵایەتین، لە ئاستی جیاجیادا وە لە هەلومەرجە جیاوازەکاندا ڕوو دەدەن.
واتا ئەم ئاستی ناڕەزایەتیانە هەر یەکەیان  زادەی بێبەشی و سەرکوت و نا عەدالەتی‌یەکانە..زادەی داوا و خواست و ویستی سەردەمیانەی  هاوڵاتیانە. بە کورتی کێشە ئابوری و سیاسی و کۆمەلایەتی و یاساییەکانە کە دەبێتە هۆی کۆکردنەوەی دەنگ و هاواری  یەک بە یەکی مرۆکانی کۆمەڵگا..ئەم کێشانە و چەندەها کێشەی دی‌یە کە دەبێتە  هەوێنی یەکگرتوو کردن و بە هێزبونی ئیرادەی خۆڕسک و سەربەخۆی هاوڵاتیان دژ بە دەسەڵاتداران.
شۆڕش و ڕاپەڕینە کۆمەڵایەتی‌یەکان  کار و ئەرکێکی ئیرادەییە پێویستی بە بڕیارێکی  هەرەوەزی‌ خەڵکی ستەملێکرا و بێماف  و بەشمەینەتانە..کارێکە لە هەلومەرجە ئاسایی و بێ قەیرانەکاندا بونی نی‌یە..وە لە هەلومەرجە قەیرانەویەکانیشدا هەموو کات ئامادە و ڕێکخراو نی‌یە، بەڵام لە نێو نەواتی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی‌یەکاندا هەست پێ دەکرێت و هەموو بزاڤەکانی دەناسرێتەوە.
کاتێك کە نارەزایەتیەکان بەرامبەر هەردەسەڵاتێك  پەنگ دەخواتەوە و پێ دەگات ودەگاتە هەمان ئاستی هێزو تینی شۆڕش، ئەوا لەم ساتەدا خەڵك باکیان بە هیچ نی‌یە و لە هیچ هێزێکیش سڵ ناکەنەوە تا نەگەنە دوا ئامانجی خۆیان، وە هیچ مرونەت و سازشێک  بەرامبەر بە دەسەڵات و دەوڵەت پیشان نادەن چونکە لە ناوەخنی ئەم ڕاپەڕینانەدا هەمان حوکمەت و دەسەڵاتی کۆن، دووبارە قابیلی قبوڵکردنەوە نیین ..!
لە بەهاری (٢٠١١) وە کوردستان بە هەمان شێوەی وڵاتانی عەرەبی دەنگ و شەپۆل و باهۆزی ڕاپەڕین بۆ چاکسازی و ڕاماڵینی دەسەڵات گرتیەوە، ڕاپەڕین بوە جێگای مشتومڕ و قسە لێکردنی خەڵکی کوردستان و پرسیار و گومانە  قەتیسماوەکان لە بەرامبەر دەستەڵاتداران و حکومەتی هەرێمدا لە جاران  زیاتر شەفافتر بوەوە.. شێوەی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدارانی کوردستان زیاتر کەوتە بەر ڕەخنەی جدی.!
سەرەڕای بونی کێشە جۆراوجۆرەکان و بێمافی و گەندەڵی و ناعەدالەتی، بەڵام هەندێ فاکتەر هەن کە تا ئێستا ڕێگایان لە پراکتیزەکردنی توڕەیی و ناڕەزایەتیەکان گرتوە، هەوڵدەدەم  لە خوارەوە کورتەی ئەو فاکتەرانە کە بوەتە هۆی لاوازی و وەستانی باهۆزی ڕاپەڕین، بخەمە ڕوو، کە دەبوو لە ١٧ی شوباتی ساڵی ٢٠١١وە دەستی پێ بکردایە ولە ١٧ی شوباتی ساڵی  دا٢٠١٢ ئەنجامی سەرکەوتنی بەدەست بهێنایە..!

فاکتەری یەکەم: هاوکێشەی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر نی‌یە وهەمیشە لە گۆڕانکاریدایە، هەلومەرجی سیاسی کوردستانیش دابڕاو نی‌یە لەم هاوکێشە سیاسیانە، هەر گۆرانکەریەکی بچوک یان گەورە، خەڵکی کوردستان توشی هەڵوێستە کردن و وەقفە و چاوەڕوانی دەکات. بۆیە خەڵکی کوردستان بەردەوام لە دڵە ڕاوکێدان، ناتوانن بڕیاری حاسم بدەن، بۆیە توڕەیی و هەستان و ڕاپەڕینیان دژ بە دەسەڵاتی حازر بە کات و زەمەنێکی دیی لەبارتر و گونجاوتر دەسپێرن…!
فاکتەری دووەم:هاوتا نەبون و بێمتمانەیی مەهامی ئۆپزسیۆن لە گەڵ داوا وخواستە سەربەخۆکانی خەڵکی کوردستان.
 حیزبە ئۆپزسیۆنەکانی کوردستان لە ئەنجامی ساغنەبونەوەی خۆیان لە نێوان بەرەی خەڵک و دەسەڵاتدا، بەردەوام  هەوڵیان داوە کە بە مەهام و ئامانجە تایبەتی‌یەکانی خۆیانەوە  تەواوی خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکان ئیحتیوا بکەن،  یان ویستیانەو دەیانەوێت  ئاراستەی سروشت و سەربەخۆیی خۆپیشاندانەکان بەرەو نیشانەیەک ببەن کە هەمان نیشانەی تیرەکانی خۆیان بێت، گەر ئۆپزسیۆن ئەم دوو ڕێگایان بۆ مەیسەر نەبوبێت، ئەوا ڕوویان بەرەو دەسەڵات وەرگێڕاوەو  نەرمی و هاوکاری و هاودەنگی خۆیان  بەرامبەر بە دەسەڵاتی حازر پیشان داوە و لە ڕێگای گفتوگۆ و کۆبونەوەکانەوە  لەگەڵ دەسەڵاتدا زیاتر نزیكبونەتەوە، تا لە نێوان ناڕەزایەتی خەڵک و بۆشایی دەسەڵاتدا بە مەهامە تایبەتەکانی خۆیان بگەن.
فاکتەری سێیەم: کوردستان وەك میسر و تونس  ئێستا دەوڵەتێکی سیاسی نێو دەوڵەتی نی‌یە.. ناوچەیەکی جوگرافی-سیاسی شەرعی نی‌یە، واتا تا ئێستا کێشەی سیاسی_نەتەوەی بەتەواوی چارە نەکراوە و پاشکۆی دەسەڵاتی حیزبە شیعە وسونەکانی عێراقە، وە مەترسی دروستبونەوەی دەسەلاتی مەرکەزی بەشێوەی دەسەڵاتی دیکتاتۆریانەی ڕژێمی بەعس، خەڵکی توشی وەهم کردوە..ئەمە هۆکارێکە بۆ ساردی و لاوازی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی‌یە گشتی‌یەکان!
فاکتەری چوارەم: دەستەڵاتداران و حیزبەکانی  ناوەندی عێراق لەلایەن خەڵکی کوردوستانەوە  بێ متمانە و بڕوا پێنەکراون، خاوەنی ئەقڵیەتێکی تۆڵڕانسی و سیاسەتێکی دیموکراتی نیین، وە نەك هەر نەیانتوانیوە وێنەی فاشیەت و دوژمنانەیان بسڕنەوە بەڵکو  پەنجەی هەڕەشەو دوژمنانەیان هەموو ساتێك بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان بەرزە و، مێژووی ئەنفال و هەڵبەجەمان بە بیر دەهێننەوە!
فاکتەری پێنجەم: لە سنورەکانەوە دەوڵەتانی درواسێش بە هەمان شێوە ئەم دوژمنایەتی‌یە بە تانک و فرۆکە و بۆمبەکانیان ڕۆژانە پیشان دەدەن و دەیسەلمێنن..! بۆیە خەڵكی کوردستان لە چاوەڕوانیدایە،..تا هەموو شتێکیان لە دەست نەچێت و ئایندەیان تاریکتر نەبێت!
فاکتەری شەشەم:خەڵکی کوردستان ئێستا ئامادە نی‌یە..ڕێکخراو نی‌یە..بەدیلێکی متمانە پێکراوی تەواو حازری نی‌یە..بێ پشتیوانە..وە ترسی گەورەی هەیە ..ترسی هەژاری و برسیەتی و بێکاری زیاتری هەیە..ترسی ئاوارەیی و داگیرکاری تری هەیە…!
فاکتەری حەوتەم: سەرباری ئەوەی کە توڕەییەکانیان پەنگی خواردۆتەوە..لە ئان و ساتدایە….ترسێك هەیە ئەم توڕەبونەی خەڵکی کوردوستانی لە چاوەڕوانیدا ڕاگرتوە.. ئەویش ئەوەیە، دەیانەوێت خۆیان لە نێوان کار و ئەنجامدا ساغ بکەنەوە..نایانەوێت کارێك بکەن کە ئەنجامەکەی دژ بە ماف و ئازادیەکانیان بوەستێتەوە.. واتا خەڵکی کوردستان نایانەوێت هەمان دەستەڵاتی نا عەدالەت و گەندەڵ، دەسەڵاتێکی دیکەی سەرکەوتگەری کۆنەپەرست و ئیسلامگەرا و نامۆ بەسەر سەریانەوە درووست ببێتەوە و هێندەی تر ماف‌و ئازادیە فەردی و کۆمەڵایەتیەکانیان کەمتر و کەمتر بکاتەوە..!
فاکتەری هەشتەم: تا ئێستا بێجگە لەوەی حیزبەکانی کوردستان چەکدارن، وە هەریەکیان خاوەنی هێزی پێشمەرگەو سوپا و لیوای تایبەت و بەتالێۆن و زێرەڤانی و هێزی دژە تیرۆر و دەزگای زانیاری و پاراستنن، وە لە نێو حیزبەکانیشدا هەر کەسایەتیەکی سیاسی خاوەنی حمایە و هێزی تایبەت و عەشیرەتەکەیەتی. واتا سوپایەکی  گشتی و سەربەخۆ بونی نی‌یە کە دەوری بەرگری و پارێزگاری وڵات وهاوڵاتیان ببینێت ، واتا بێجگە لەوەی مەترسی هێز و سوپای دەرەکی هەیە، ئەم هێزە ناوخۆیانەی حیزب و سەرکردەکانی کوردستانیش هەمان مەترسی گەورەن لە دروستکردنی هەر فەزایەکی شێواو و پاشاگەردانی وبکوژ و بەبڕ!
لە کۆتاییدا دەڵێم،  گەر هێزێکی  متمانە پێکراو بۆ خەڵکی کوردستان دروست نەبێت، بۆ بەدیهێنان و پڕکردنەوەی ئاییندەیان . بەڵێ ئەم فاکتەرانە و هەندێ فاکتەری دیکە کە شانسی گەورەی دەسەڵاتدارانی کوردوستانی تێدایەو لە هەمان کاتدا بێشانسی خەڵکی ستەملێکراوی کوردستانە، ئەوا دەسەڵاتدارانی کوردستان لەم باهۆزە بە سەلامەتی ڕزگاریان دەبێت و ژیانی پڕ لە گەندەڵی و نا عەدالەتی و نا یەکسانی و شێواوی بۆ خەڵکی کوردستان هەروەك خۆی بەردەوام پێدەدەن..!

 
کامەران عەزیز

Kamaran91@gmail.com
٢/٢/٢٠١٢
تێبینی: ئەم وتارە  لە ژمارە ٣١٣ ی رۆژنامەی (ئاوێنە)دا لە ڕۆژی ١٤/٢/٢٠١٢ دا لە کوردستان بڵاو کراوەتەوە، ئارەزووم کرد بە هەندێ دەستکاری بچوکەوە زیاتر بڵاوی بکەمەوە.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.