حەڤدەی شوبات..هەڵوێستێک لەدژی بەیانامەکەی ئۆپۆزیسۆن
بزوتنەوەی گۆڕان لەتاقیکردنەوەی حەڤدەی شوباتدا شکستی هێنا، بەم بەیاننامە پڕ موجامەلە و شەرمنە هەوڵیدا حەڤدەی شوبات لەچرکە ساتیکی مێژووییەوە بکات بەڕووداویکی هەڵە کەکۆمەڵێک گەنجی سەرلێشواو لەئێوارەیەکی توڕەییدا ئەنجامیان داوە. بەداخەوە ئەم بەیاننامەیە جگە لەدووفاقیەکی ئەخلاقی سیاسی و پشتکردنە خەڵک بەناوی ئەقڵانیەتی سیاسیەوە نەبێت هیچیتر نییە . حیکمەتی بەیاننامەکەی گۆڕان تەنها لەوەدا کۆدەبێتەوە کەخەلکانی ئازاد بەردەوام بن لەڕۆڵی خۆیان وەک تەماشاکارێکی گوێڕایەڵی ئەم شانۆ ناشرینەی کەسیاسیەتی نەخۆشی کوردی لەڕاستی گەندەڵەوە بۆ موحافزکاری ئۆپۆزیسیۆن و ئیسلامەوی پیادەی دەکات. بەم بەیاننامەیە گۆڕان سەلماندی لەکۆڵانیکی داخراوی سیاسیدا دەخولێتەوە.
بەڕێزانم حەڤدەی شوبات چرکە ساتیکی مێژووییە و تەنها ڕووداوێکی سیاسی نەبووە، ئازاوەیەکی سیاسی نەبوو. بەڵکو کۆی ئەو یەکلایکردنەوە مێژووییەی کۆمەلگەی کوردی بوو لەبەرامبەر هێزە دیسپۆتەکانی نێو خۆی. لەچرکە ساتێکدا کۆمەلگەی کوردی تەعبیر لەخۆی دەکات و نوێنەرانی ستەمی کۆمەلایەتی و گەندەڵیش لەو ئێوارەیەدا بەزمانی کوشتنی گەنج تەعبیروەڵامدەداتەوە، ڕێژوان گیان سومبولی ئەو گەنجە بێتاوانە بوو، سومبولی ئەو چرکەساتە مێژووییە بوو.
بۆ یەکمجارە بەڕێزانم، لەمیژووی ئیمەدا گەنج و مناڵەکانی خۆمان ئاوەها لەسەرجادەکاندا بکوژین، بەدەستی خۆمان کوڕەکانی خۆمان بکوژین. لەوانەیە یەکێک بڵێت خۆئەمە یەکەمجار نییە دەست وەشاندنی خوێناوی بەرامبەر خۆپیشاندەران ڕووبدات، خۆ کۆمەنیستەکانیش لەسەر جادەی سلێمانی کوژران، خۆ (بەکر عەلی) شاعیریش لەخۆپیشاندانی هەژاراندا ولەبەردەم پارێزگاری سلێمانی ئەوسا کوژرا. خۆ شەڕی ناوخۆش هەزارەها ڕۆڵەی لەناوبردووە، بەڵام بەڕێزانم کوشنتەکانی دیکە لەنێوان ڕێڕەوە سیاسیە ئۆرگانیزەکراوەکان بوو، خۆپیشاندنای بەشیک بوو لەکۆمەڵگە کەبێگومان ئەمەش پاساوی کوشتنیان نییە، بەڵام حەڤدەی شوبات خۆپیشاندانی کۆی کۆمەڵگە بوو، نەشەڕی ناوخۆمان هەبوو، نەشەڕی لایەنەکان، بەڵکو هاوکێشەی داوای ئازادی کۆی کۆمەڵگە بوو لەبەرامبەر سیستمیکی سیاسی کەگەندەلی و نەهەماتی بەرهەمهێناوە. بۆ یەکمجار بوو من ببینم هەموو هەموو چین و توێژەکان، هەموو تەمەن و ئاین و بیروڕا جیاوەزاکان لەڕۆژی حەڤدەی شوباتدا پێکەوە قسەبکەین، بەشداربین لەبەردەکی سەرادا کە لەو رۆژەدا چەپەکان بەڕێوەیاندەبرد و سەرەڕای جیاوازی بیروڕاش هەمووان پێشوازیمان لەو بۆنەیەکرد، کەبەداخەوە بەخوێنڕشتنی گەنجەکانمان کۆتایی هات. لەو ئێوارەیەوە خوێنی ئەو گەنجانە بۆتە کابوسێک بۆ دەسەڵات و لەو بڕوایەدام چارەسەری دەروونشیکاری ئۆپۆزیسێۆنیش ڕزگاریان ناکات لەو کابوسە.
لەو ئێوارەیەوە بەڕیزانم کۆمەڵگەی کوردی بەرامبەر دەم و چاوی ڕاستەقینەی خۆی بۆتەوە، دەم وچاوەکان بۆ یەکمجارە ماسکەکانی خۆیان لێ بەردەبێتەوە، ئیدی بەرەکانی ئازادی ئاشکرادەبێت و بەرەکانی چەوسانەوە و دیسپۆتیش نەیتوانی چیتر لافی مافی مرۆڤ و ئازادی لێبدات، گەیشتبووە ڕادەیەک داوای مافی هێزە چەکدارەتایبەتەکانی حیزبی دەکرد لەکوشتندا، وەک لەوەی داوای مافی ڕەوای خەڵک بکات بۆ خۆپیشاندانی ئاشتیانە. بۆ یەکمجارە بکوژان ئاوەها بەئاشکرا بڵێن ئەوەی بەردم تێگرێت نەک بەرق، بەڵکو گولەی تێدەگرم. لەحەڤدەی شوباتدا ماسکەکان کەوتنە خوارەوە و هەمووان دەم وچاوی راستەقینەی خۆیان و توانای خۆیان بۆدەرکەوت. بەڵام لەبەر ئەوەی خەڵکان متمانەی خۆیاندا بە ئۆپۆزیسێۆنەکان ، بواریاندا ئەوان لەگەڵ دەسەڵاتدا گفتوگۆبکەن، بەڵام دوای ساڵێک نەک هەر گاڵتە بەو ئیرادەیە دەکرێت، بەڵکو بەئاشکرا سەرۆک پەیمانی چەند خاڵی دەردەکات و دوای هەفتەیەک هەر پارتەکەی سەرۆک خۆی، خودی بڕیارەکەی سەرۆک بەدرۆدەخاتەوە بەوەی کەڕادەستکردنەوەی ئەو بکوژانە کەیسی تاوانباری نییە، بەڵکو سیاسیە…بۆ یەکمجارە ئاوەها بەئاشکرا پیمان دەڵێن لەسیاسەتدا خوینڕشتن حەڵاڵ و ڕەوایە، ئیدی مادام لەسەر سیاسەتە وەک بەڕێز میرانی دەڵێت ئەوا خوێڕشین کاریکی سروشتیە، ئەمەلەبەردەم ئۆپۆزیسیۆن ڕوودەدات، ئەو بەڕیزانە بەسەر خۆیانی ناهێنن، دوای ساڵێک بەم بەیاننامەیە ئۆپۆزیسیۆنەکان ئەو متمانیە دەدۆڕێنن..
خاڵی هێز و وەرچەرخانی چرکە ساتە مێژووویەکان لەوەدایە کەهێزەسیاسی و کۆمەڵایەتیەکان دەکەونە بەردەم ئەزمونی گەورە، لەوێوە دەزانین تێڕامانیان بۆ ژیان و کۆمەڵگە و مرۆڤ و دواڕۆژ لەکوێدایە، چرکە ساتە مێژوویەکان بەڕێزانم تەنها ڕووداوی سیاسین، بەڵکو وەرچاخی گەورەن لەهۆشمەندی کۆمەڵگەدا، کەلەخانەی نوخبەوە بازهەڵدەداتە نێو کۆی کۆمەڵگە. ئیدی وەک هەموو جارێک گووتومە: مێژوو ناگەڕێتەوە بۆ زەمەنی پێش حەڤدەی شوبات… بەمانای ئەو خۆپیشاندانە توڕەییەی گەنجەکانمان، کۆی سیاسەت و هاوکێشەی ئازادی لەکۆمەڵگەی ئیمەدا خستە ژێر پرسیارەوە، من وەک خۆم زۆر لەگەڵ ئەو چەمکی توڕەییەدام ، بەداخەوە ئۆپۆزیسیۆن ڕەهەندە سیاسی و کۆمەلایەتیەکەی ئەو توڕەییە بەهەند وەرنەگرت، گەر وەها بێت بەیاننامەی وەها شەرمنی لەڕۆژیک پێش یادی حەڤدەی شوباتدا دەرنەدەکرت، هەرهیچی نەگووتایە باشتر بوو .
ئەمرۆش کەساڵێک بەسەر حەڤدەی شوباتدا تێدەپەڕێت هێزی دیسپۆتی کوردی، گەندەڵی کوردی و نانیشتمانی کوردی هەوڵدەدات درێژە بدات بەزەمەنی پێش حەڤدەی شوبات، بەداخەوە ئۆپۆزیسیۆن بەم بەیاننامە شەرمنەی، بەشدارە لەم درێژە پێدانە. دەسەڵاتی سیاسی لەچەمچەماڵەوە نامەیەک دەدات بەکۆمەلگەی کوردی و دەڵێت: ئەوەی خۆپیشاندان بکات دەیکوژم، وەک ئەوەی هەموو هێزی پێشمەگەی کوردستان جاش بن و هەمووان بەکوێری دوای فەرمانی سەرەوە بکەون. لەوبڕوایەدام ئەو هێزە پڕێتی لەپێشمەرگەی بەشەهەمات و سەرکردەی سەربازی وەها، کەلەکاتی خۆیدا قبوڵیان نەبێت دەستیان بچێتە دەستی هاولاتیانەوە، ئەوەندە رۆحی پێشمەرگە ماوە لەنێوماندا، بەداخەوە کەئۆپۆزیسیۆن لاوازە لەموخاتەبەکردنی ئەوانە. سەیرە ئۆپۆزیسیۆن، بەتایبەت گۆڕان، لەو هاوکێشەیە تێناگەن کەچەکداری حزب و جیاکەینەوە لەهێزی پێشمەرگە، هەموو پێشمەرگەیەک ئامادە نییە هەموو فەرمانیک جێبەجیبکات، وەک چۆن هەموو سەربازێک ئامادە نییە بەکوشتنی خۆپیشاندەران بڵێت ئەرکی نیشتمانی!. ئەرکی نیشتمانی بەپێچەوانەوەیە، پاراستنی پێشەمەرگەیە بۆ خۆپیشاندانی ئاشتیانەی خەڵک لەدەستدرێژێکردنی چەکداری حزب و لایەنەکان..
من چاوەڕوانم دەکرد لەم چەند رۆژەی پێش یادی حەڤدەی شوبات ئۆپۆزیسێۆن بەئاشکراو بەدرێڕی شەفاف نامەیەک بڵاوبکاتەوە بۆ هێزی پێشمەرگە، نامەیەک لەئاستێکی لێپسراوێتیەوە بێت بۆ پێشمەرگەکانمان. بەڵام لەم هاوکێشەیەدا دەسەڵات بەکۆکردنەوەی هێز پەیامیکی پێبەخشین بەوەی کەهەموو ئیرادەی ئێوە بەرامبەر چەکدارەکانی من شکست دینێت، بەمەش دەسەڵات دووئامانج دەپەێکێیت، یەکەم ئەوەیە توانای جیدیەتی ئۆپۆزیسیۆنی بۆ تاقیدەبیتەوە لەهاوارکردنی بەردەم کامێرای تەلفیزۆنەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕاستەقینە، دووهەمیان ئەوەیە کەبەم کردەیە هەموو هێزی پێشمەرگە دەکات بەچەکداری خۆی، ئیدی لەمەودوا مەحاڵە پێشمەرگەی ڕاستەقینە لە چەکداری حیزب جیابکەینەوە. لەسەرێکی دیکەوە تەنهایی خەڵکانی ئازاد قوڵتر دەەکاتەوە، مافی خۆپیشاندانیش بۆ ئەبەد دەبسترێتەوە بەمافی مۆڵەت وەرگرتن لەحیزب..
باشتر وابوو ئۆپۆزیسیۆن بێدەنگی هەلبژاردایە، نەک ئەم بەیاننامەیەی دەربکردایە، کەبێگومان تەنها خزمەت بەڕستەیەک دەکات ئەویش ئەو ڕستەیە کەدەسەڵات دەیەوێت بەوەی، حەڤدەی لەچرکە ساتێکی مێژووییەوە بکات بەڕووداویکی ئاژاوەی سیاسی. بیرتان نەچێت هەموو ئاژاوە سیاسیەکان بەڕێوشوینی ئەمنی چارەسەر دەبێت ، بەڵام ڕووداوی مێژوویی وەک نەخۆشی سەرەتانی پیس وەهایە لەشوێنێکدا گومدەبێت و لەشوێنێکی دیکەدا سەرهەڵدەدات، کە لەوانەیە هەر بڕینەوە و چارەسەری بنەڕەتی تاکە ڕێگەی چارەبێت .
لەم بەیاننامەیەوە بۆمان دەرکەوت کەگۆڕان لەگرنگی ئەم یادە تێنەگەیشتووە، وەک لەگوتارێکی رۆژنامەی (هاوڵاتی)دا ئاماژەم پێدا، کە هیزە سیاسیەکان دەبێت توانای ڕووداو دروستکردنیان هەبیت، یاخود کار لەسەر ڕووداوە مێژووییەکان بکەن…بەداخەوە نەک کار لەسەر ئەم چرکە ساتە نەکراوە، بەڵکو دەکرا چەند مانگێک لەمەوبەر ئۆپۆزیسێۆن بەرنامەی کاری بۆ ئەم ڕۆژە هەبوایە، ئەمە یادکردنەوە نییە، بەڵکو ڕۆژیکی مێژووییە…ئەم بیرکردنەوەیە بەخەیاڵی گۆڕاندا نایەت، دەکرا هەر ناوی خۆپیشاندانتان نەبردایە، باسیشتان لەبەشداربون یان نەبوون نەکردایە.
من چاوەڕوانی ئەوەم دەکرد لەم ڕۆژەدا ئۆپۆزیسیۆنەکان، چ نەبێت گۆڕان، لەم چرکە ساتەمێژوویەدا لەپەڕلەمان بکشێنەوە. بائەو پەڕلەمانە ناکارایە بەتەعبیری ئۆپۆزیسیۆن خۆی، بەتەنها بۆ پارتی و یەکێتی بەجێبهێڵن، بەئارەزووی خۆیان گەمەی سەرۆک و جێگرەکەی بکەن، ئەمە کەمترین شت بوو. گۆڕان ساڵێک لەمەوبەر و پێش حەڤدەی شوبات لەبەیاننامە حەوت خاڵیەکەیاندا جەختیان لەناکارایی پەڕلەمان و هەڕەشەی کشانەوەیان کردووە، کەچی ساڵێک زیاترە هێشتا هەر لەسەر کورسیەکانی پەڕلەمان وەک کۆمەڵێک منداڵی زیزبوو گەمەی چوونە دەرەوە و هاتنە ژوورەوە لەگەڵ دەسەڵاتدا دەکەن .
دەکرا ئەمساڵ ناوبنێین (ساڵی حەڤدەی شوبات) کەلەحەڤدەی شوباتەوە دەستپێدەکات تاحەڤدەی شوباتێکی دیکە، بیکەن بەپێوەر بۆ حزبەکانی دەسەڵاتیش بۆ ئەوەی چاکسازی لەخۆیان و دنیای دەرەوەی خۆیاندا بکەن.شانسیک بێت بۆ پارتی و یەکێتی بۆ یەکلایکردنەوەی بریندارییەکانی حەڤدەی شوبات..دەکرا و دەکراو.. بەڵام پێدەچێت ئۆپۆزیسیۆن بەزیزی وەنەوز بیباتەوە لەسەر کورسیەکانی پەڕلەمان. من پێموایە بەم بەیاننامەیەی چ نەبێت هەناسەی ساڵێکی دیکەی بەخشیەوە بەدەسەڵات، بۆ ئەوەی گەمەی چاوشارێکرد و دیقەدیقە و چاوسوورکردنەوە لەگەڵ کۆمەلگەی مەدەنیدا بکات، لەحکومەتێکی کارتۆنیدا ولەسەر تەختەی شانۆیەکی کۆمیدیانتی هەرزانی وەک پەڕلەمان ئەم نمایشە هەرزانە بەردەام بێت، بێگومان ئەکتەرەکانیشی تەنها هەر هی دەسەڵات نین، بەڵکو ئۆپۆزیسیۆنیشە..
سوپاس
ئیسماعیل حەمەئەمین
شازدەی شوباتی 2012