Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
فیلمی دەسەڵاتی چوارەم لە کوردستانی  – عێراق

فیلمی دەسەڵاتی چوارەم لە کوردستانی – عێراق

Closed
by February 17, 2012 دەنگ و ڕەنگ

“دەسەڵاتی چوارەم لە کوردستانی – عێراق”  فیلمێکی دۆکومێنتەرییە دەربارەی ڕەوشی ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان و چۆن پێشێلکاریان بەرامبەر ئەنجامدەدرێت لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمدا.
سەرەتای فیلمەکە  بە کورتی مێژووی  ڕۆژنامەگەری کوردی لە هەرێمی کوردستاندا شرۆڤە دەکات ,لەگەڵ ئەو کەلتوورەی کە مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی بۆ ئەمڕۆی بەجێهێشتووە، ئەو رۆژنامەگەرییەی  لەگەڵ وێرانکاریەکانی عێراقی مۆدێرندا هەنگاوی ناوە و گەشەی سەندووە.
 دیمانەکانیش لەگەڵ ڕۆژنامەنووسە خۆماڵییەکانی هەرێمی کوردستاندا زیاتر ئەو کەشە ترسناکەی ئەمڕۆی کوردستان شرۆڤە دەکەن، کە ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ تیایدا هەڵدەسوڕێن و کاری تیادا دەکەن، ئەو ترس و دژواریانەی کە درووست بوون و  ڕووبەڕویان بونەتەوە تەنها لەبەرئەوەی سەربەخۆن لە هێڵی سیاسی حزبە فەرمانڕەواکان. 
خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات تەوەرێکی سەرەکی تری ئەم فیلمە دۆکومێنتەریەن. لە ١٧ی شوباتی ٢٠١١دا ئەو خەڵکەی ڕژانە سەر شەقامەکانی شاری سلێمانی, داوای سەرەکیان گٶڕانکاری بوو لە سیستەمی  حکومڕانی ئەو حکومەتە کوردییە “هاوپەیمانییەی” کە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە  ئەمڕۆ بەڕێوە دەبرێت. ئەو دوو پارتە سەرەکییە پۆپۆلیستەی کە  دۆستی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکان لە ناوچەکەدا.
 فیلمەکە دەریدەخات چۆن هێزەکانی ئاسایش بێ دەستپاراستن دەستڕێژیان لەو رۆژنامەنووسانە کردووە کە ڕووداوەکانیان ڕووماڵ دەکرد، ئەو ڕووداوانەی کە ئیلهامیان لە “بەهاری عەرەبی”ەوە  وەرگرتبوو.
 هەرچەندە ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانەی شەقامی کوردی بەشێکی لێنەبڕاوە بوون لە “بەهاری عەرەبی” ، کەچی لە بری گەیاندن و ڕوماڵکردنی زانیاریەکان بۆ خوێنەرانی دەرەوەی کوردستان و میدیای باوی جیهانی بە گشتی  بێدەنگییان هەڵبژارد.
ئەم فیلمە لەلایەن هەر سێ قوتابی کورد لە بەریتانیا (ڕۆژ ئەحمەد، ڕێبین ئەحمەد، هاڤی ئیبراهیم)ەوە بەرهەمهێنراوە و هەرسێکیان لە  سێ بواری جیاوازی میدیادا دەخوێنن و کار دەکەن. ئەم فیلمە پێشکەشە بە هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانەی هەرێمی کورستان کە سەربەخۆ لە هێڵی سەرەکی پارتە فەرمانڕەواکان  ڕووماڵی هەواڵ و زانیاریەکانی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتیان کرد، سەرباری ئەوەی کە لەو کارەیاندا ساڵێک لەمەوبەر رۆژانە ڕووبەڕووی لولەی تفەنگی هێزەکانی ئاسایش ببوونەوە.  بەڕاستی  ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەریانخست کە هەوڵدان بۆ ” تامکردنی  ڕاستی ،” وەک ئەلبێرت  کامۆ دەڵێت،” ئارەزویەکە وێنەی نییە.”

ڕۆژ ئەحمەد
rozh.ahmadmedia@gmail.com
دەرهێنەری “دەسەڵاتی چوارەم لە کوردستانی – عێراق”
تێبینیەکان

•    “دەسەڵاتی چوارەم” لە زمانەوانی رۆژنامەگەری بەریتانیەکەی وەرگیراوە، ماناکەی ڕۆژنامەگەری رۆژنامەی چاپکراو دەگرێتەوە مەبەست لە هەموو میدیاکان نییە وەک پەخش و ئەلکترۆنی هتد.

•    بەر لە بڵاوبونەوەی لە سەر تۆڕی ئینتەرنێت، ئەم فیلمە لە هەندێك بۆنەی نمایشکردنی سەربەخۆدا بەشداری کردووە لە چەند شارێکی باکوری ئینگلتەرە.

 

•    بەشی یەکەم http://www.youtube.com/watch?v=zpje-E7yxzQ

•    بەشی دووەم http://www.youtube.com/watch?v=dY-0bEyVu3U

•    بەشی سێهەم http://www.youtube.com/watch?v=RdW1Tnw1udI

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.