زامه‌كانی من‌و جاكلین‌و سه‌گه‌كه‌ی … سه‌مه‌د ئه‌حمه‌د
له‌سه‌ر یه‌كێك له كورسییه‌كانی كه‌ناری روباره‌كه دانیشتم ، ساباتێكی مه‌حكه‌م به‌سه‌ر سه‌ری كورسیه‌كه‌وه هه‌ڵكرابوو ، دارستانێكی شاش كه‌وتبووه پشتی من‌و كورسییه‌كه‌مه‌وه ، جارجاره شنه‌بایه‌كی فێنك هه‌ڵیده‌كردو گه‌ڵای داره‌كانی ده‌هێنایه سه‌ماو به‌له‌نجه‌وه ده‌شنانه‌وه ، له‌وكاته‌دا تیشكی زێڕینی هه‌تاوه‌كه دزه‌ی دهكردو له‌درزو كۆڵانی گه‌ڵای داره‌كانه‌وه خۆی ده‌خزانده سه‌ر سنگی روباره‌كه‌وه تا قوڵاییان رۆده‌چوو ، ئیتر ناخی ده‌ریاكه به‌ته‌واوی رووناك ده‌بووه‌وه.. ده‌وروبه‌رم هێنده به‌له‌نجه‌و جوان بوو هه‌ر ده‌تگوت گه‌ڕه‌كێكه له‌به‌هه‌شت ، هه‌وایه‌كی پاك‌و فێنێكی ئێجگار سیحراوی‌و خۆش له‌ناخی گوڵه ره‌نگاو ره‌نگه‌كانه‌وه په‌خشانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره بوو ، سه‌رباری هه‌موو ئه‌م دیمه‌نانه ناخی من تاده‌هات بچووكتر ده‌بۆوه‌و ده‌گوشرا‌و ره‌شتر ده‌بوو ، كه‌یفم به‌هیچێك له‌م دیمه‌نانه نه‌ده‌هات ، بۆتاوێك چییه نه‌ده‌حه‌وامه‌وه.
(نامۆیی تێكه‌ڵاوی خوێنم بووه‌و به‌جۆگه‌له‌و ده‌ماره‌كانی له‌شمدا دێت‌و ده‌چێت ، یه‌كیه‌كی خانه‌كانی له‌شمی كردۆته وێرانه‌و … ئای نامۆیی چ په‌تایه‌كی كوشنده‌یه ، ئاوێنه‌یه‌كه‌و رۆژانه به زیندویی چه‌ند جارێك گیانكێشانی خۆمی تیا به‌یده‌كه‌م ..).
له‌سه‌ر كورسیه‌كه راست بوومه‌وه‌و چه‌ند هه‌نگاوێك به‌ره‌و رووی روباره‌كه رۆیشتم ، به‌ردێك هه‌ر هێنده‌ی نۆكێك ده‌بوو ، یان نا ، به‌بێ مه‌به‌ست فڕێمدایه ناو ئاوه‌كه‌وه ، له جێی وی بڵقێكی كرد‌و به‌رده‌كه نقووم بوو ، بڵقه‌كه بوو به‌چه‌قی بازنه‌یه‌كی بچووك‌و پاشان تاده‌هات گه‌وره‌تر ده‌بووه‌وه ، به‌جۆرێك بازنه‌كان سنوری خۆیان ونكرد‌و ئاوێته‌ی شه‌پۆله‌كانی تری ئاوه‌كه بوونه‌وه ، ئه‌م دیمه‌نه به‌گیانم خۆش‌بوو ، چه‌ند جارێكیدی دووباره‌م كرده‌وه.. سه‌رنجم بۆبڵق‌و بازنه‌و ئاوه‌كان ئاسایی نه‌بوو ، زیاد له‌پێویست ته‌ماشام ده‌كرد ، به‌جارێك خه‌یاڵمی ئاڵۆسكاند‌و په‌رش‌و بڵاوی كرده‌وه ، بێڕه‌حمانه دای به‌هه‌موو كه‌ند‌و له‌ندێكدا.. ده‌یناردم بۆهه‌موو سوچ‌و قوژبنێكی ئه‌م دونیایه ، وه‌كو مێخ پرسیاری له‌كه‌له‌م ده‌چه‌قاند:
به‌ردێكی بچكۆله‌ی بێ‌گیان ، ئاوێكی گه‌وره ده‌شه‌ڵه‌قێنێت !
منیش‌وه‌كو به‌رده‌كه چه‌ند ساڵێكه ده‌ستی بێڕه‌حمی زه‌مانه فڕێی داومه‌ته ناو قوڵایی ئه‌م ده‌ڤه‌ره ، به‌ڵام چ بازنه‌یه‌كم دروستنه‌كرد ، به‌ئه‌ندازه‌ی به‌ردێكی بچكۆله‌ش كه‌متر سه‌نگم هه‌یه ، وه‌لێ وه‌كو به‌رده‌كه ره‌ق‌و ته‌ق بێ‌ناز له سوچێكدا فڕێ دراوم بۆ خۆشم نازانم چ ده‌كه‌م‌و چ ناكه‌م ، هه‌تاكه‌ی له‌م ژێره‌دا ده‌مێنمه‌وه؟
له‌ئاقار ئه‌م پرسیارانه‌دا ئه‌قڵم گرمۆڵه ده‌بوو وه‌كو ئیفلیجێك هه‌نگاوم بۆنه‌ده‌نرا‌و به‌چۆكدا هاتم ، ئیتر له‌وێدا هه‌موو هۆش‌و ژیریم له ده‌ستده‌دا‌و به ته‌واوی ته‌سلیمی ئه‌و ساته زاڵمانه ده‌بووم..
دوو هه‌نگاو گه‌ڕامه دواوه‌و به‌هۆشێكی شه‌كه‌ت‌و خه‌یاڵێكی هه‌ڵبزڕكاوه‌وه له‌سه‌ر كورسییه‌كه له‌نگه‌رم گرته‌وه.
ئێستا كه‌ناخی من له‌ئاوێكی راوه‌ستاو‌و مه‌نگ ده‌چێت ، زۆر عاشقی به‌ردێكم ئه‌م مه‌نگیه‌م بشڵه‌قێنێت ، به‌ڵكو تاوێك ئاسوده بم..
ژیان به‌مشێوه‌یه مانایه‌كی نه‌ده‌به‌خشی ، ته‌نیایی ئێسك‌و پروسكی تێكهاریم ، له‌پیاوه‌تی خستم ، زۆرجار ته‌نیایی ده‌بێته مایه‌ی ئه‌فراندنی هزر‌و زۆر ده‌سكه‌وتی چاوه‌ڕوان نه‌كراوی لێ هه‌ڵده‌گوێزرێت ، به‌ڵام هه‌ندێ جاریش ده‌بێته مایه‌ی سه‌ره‌گێژكه‌و خۆخواردنه‌وه ، له‌وه‌ش ئه‌سته‌م تر نییه كه‌مرۆڤ خۆی له خۆی نامۆ بێت.
هێواش هێواش خه‌یاڵم‌وه‌كو جوجه‌ڵه‌یه‌كی زیته‌ڵه ده‌ستی كرده جووكه جووك‌و جوونه‌كردن.. پاشانیش راسته‌و راست هه‌ڵفڕی به‌ئاسماندا بردمی له‌ناو ته‌متومانی هه‌وره‌كاندا ونی كردم ، ئینجا له چاو تروكانێكدا سه‌دان كیلۆمه‌تری رێگای پێ بڕیم‌و له ژوره بچكۆله‌كه‌ی زیندان وه‌كو تڵته فڕێیدام ، هێشتا چاوم به‌چوار ده‌وری دیواری ژووره بچكۆله‌كه‌دا نه‌گێڕابوو ده‌رگام له‌سه‌ر كرایه‌وه ، كابرایه‌كی تێكمسڕاوی كه‌ڵه‌گه‌ت له‌پشته‌وه توند هه‌ردوو مه‌چه‌كی شه‌ته‌كدام ، ئینجا به‌په‌ڕۆیه‌كی زبر ته‌وێڵ‌و چاوه‌كانمی به‌سته‌وه ، وه‌كو ره‌شه‌وڵاخ پێش خۆی دام ، تا ئه‌وكاته هیچ وشه‌یه‌ك نه له‌من‌و نه له‌وه‌وه ده‌رنه‌بڕا ، وه‌ك بڵێی ئه‌م كاره ده‌بێـت وابڕوات ، هه‌ردوولامان به‌بێ سه‌ركێشی هاوكاری یه‌كدیمان ده‌كرد ، هێنده‌م زانی قاچی راستم كه‌وته بۆشی‌و به‌ده‌مدا كه‌وتم ، هه‌ر یه‌كسه‌ر هه‌ردوو ددانی پێشه‌وه‌م كه‌وته سه‌ر زمانم‌و ناو ده‌مم پڕ بوو له‌خوێن ، ئه‌ویش به‌له‌قه‌یه‌ك ته‌واوی له‌نگه‌ری گۆڕیم‌و هاوسه‌نگی خۆمم له ده‌ستدا ، تا دوا پلیكانه به‌ته‌قڵه هاتمه خوارێ.. به مێكۆتێك بێهۆشیانكردم ، ئیتر نازانم چیتریشیان لێكردم.. به‌ڵام دوایی كه‌چاوم كرده‌وه‌و به‌ئاگا هاتمه‌وه وه‌كو تازه له‌دایك بووبم وابوو ، جه‌سته‌یه‌كی رووت‌و قووت‌و شین‌و كه‌وه هه‌ڵگه‌ڕاو ، هه‌ندێ شوێنیش تك تك خوێنی لێده‌چۆڕا‌و چه‌ند شوێنی تریش په‌ڵه په‌ڵه خوێنی تیازابوو.. سه‌رم هه‌ڵبڕییه ئاسمان به‌ته‌وقی سه‌رمه‌وه هه‌ردوو مه‌چه‌كی خۆم بینی به‌كشته‌كێكی ئه‌ستور‌و زبر جه‌ڕه‌با درابوو‌و به‌قولابی بنمیچه‌كه‌وه هه‌ڵواسرابوو.. نازانم چه‌ند وه‌خت‌و زه‌مان له‌وێدا مامه‌وه ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له چركه‌یه‌كدا چه‌ند جارێك رۆحی ده‌كێشام (ته‌نیایی) بوو..
خه‌یاڵی چۆله‌كه ئاسام به ماندویی‌و شه‌كه‌تی گه‌ڕایه‌وه خزمه‌تم..
له پاش ئه‌م یاده‌وه‌رییه تاڵه هه‌ر به‌جارێك ئارامم لێبڕاو كاس بووم..
ته‌نیایی ئه‌م به‌هه‌شته‌ش هێنده‌ی ته‌نیایی ژووره بچكۆله‌كه‌ی زیندان به‌ئازاره..
خه‌ڵكی ئه‌م ده‌ڤه‌ره خوێنیان له ئاو‌و هه‌واكه‌یان سارد تره! رۆژێك به‌یه‌كێكیانم گوت: ئێمه نه‌ك ژیانمان به‌ڵكو مردن‌و گۆڕه‌كانیشمان هه‌ر به‌كۆمه‌ڵه! ئه‌و له‌م زمانه عاجباتییه‌ی من حاڵی نه‌بوو.. هیوای ته‌مه‌ندرێژی بۆ خواستم..!!
چی له‌و ته‌مه‌نه بكه‌م كه هه‌ر كه‌ڵه‌كه‌كردنی زه‌مه‌ن بێت له‌سه‌ر یه‌كتری؟
ئاوڕی دواوه‌م دایه‌وه ، بینیم كیژۆڵه‌یه‌كی ناسك‌و شۆخ‌و شه‌نگ توته‌ڵه سه‌گێكی كردبووه قه‌ڵادۆشكان ، له‌نێوان داره‌كانه‌وه بۆلای من ده‌هات.. هات‌و له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ی به‌رامبه‌رم له‌نگه‌ری گرت.. كراسێكی سوری كاڵی له‌به‌ردابوو ، كه جارجاره تیشكی هه‌تاوه‌كه‌ی به‌رده‌كه‌وت جه‌سته سپییه‌كه‌ی نارنجی‌و هه‌ندێ جار په‌مه‌یی ده‌چووه‌وه ، ئه‌و تیلماسكه په‌ڕۆیه‌ی كه جه‌سته‌ی نیوه رووتی داپۆشیبوو هێنده‌ی تر جوانی به‌خشیبووه كیژۆڵه‌كه..
سه‌گه‌كه‌ی له‌سه‌ر هه‌ردوو رانیدا خه‌واندبوو ، منداڵ ئاسا ده‌یلاواند‌و به‌په‌نجه‌ی بلورینی ختوكه‌ی ژێر سك‌و بن باڵه‌كانی ده‌دا ، ده‌ستی له‌ناو توكه‌كانیدا كه‌ده‌تگوت ئاوریشمی خاوه ، ون ده‌بووو ده‌رده‌كه‌وته‌وه ، سه‌گه‌كه‌ش جارجاره به‌نازه‌وه چاوی لێكده‌ناو له‌دوای تاوێك به‌نازێكی قورس‌و گه‌وره‌تره‌وه چاوانی هه‌ڵده‌بڕییه‌وه‌و سه‌رنجی ده‌گرته روخساری كیژۆڵه‌كه كه‌ده‌تگوت ڤینۆسه.. سه‌گه‌كه به‌م نمایشه‌ی ده‌یویست ئاسوده‌یی‌و خۆشه‌ویستی‌و سوپاسگوزاری خۆی بۆ خانمه‌كه‌ی ده‌ربڕێت..
دیمه‌نی ئه‌م دوو هاوڕێ عه‌زیزه تا قوڵایی ناخی خۆیان رایان‌كێشام..
(كیژۆڵه‌یه‌كی تازه فه‌ریك‌و ناسك.. سه‌گێكی پاك‌و خاوێن‌و به‌خته‌وه‌ر..)
نیگام بڕییه ئه‌م دوو عاشقه شه‌نگه‌و ویستم بۆ تاوێك له‌په‌نایاندا پشوویه‌ك بده‌م.. چاوم نه‌ده‌تروكاند‌و هه‌موو هۆش‌و خه‌یاڵم له‌لای ده‌ست‌و په‌نجه‌ی كیژۆڵكه بوو كه‌ده‌تگوت بلورییه‌و له‌ناو مێرگێكی لۆكه‌دایه..
ئیغرایانه یاری به‌پشت‌و تووكی سه‌گه‌كه ده‌كرد من لێره‌وه هه‌ستم به ئۆخ ژن‌و ره‌حه‌تبوونی جه‌سته‌ی هه‌ردووكیان ده‌كرد ، قژه زێڕینه خاوه‌كه‌ی لایه‌ك له‌ڕوخساری شاردبوه‌وه‌و به‌سه‌ر مه‌مكۆڵه نیوه روته‌كه‌یدا شۆڕ ببۆوه‌و تێكه‌ڵاوی تووكی سه‌گه‌كه بووبوو ، ئه‌م دیمه‌نه زیاتر هه‌ڵوه‌دای روخساری كردم‌و كه‌وتمه مله قوتێ‌و چه‌ند جارێك ره‌فتاری نائاساییم نواند ، سه‌ركێشیم كرد ئه‌ویش وه‌ك بڵێیت له‌ڕاز‌و نیازی من گه‌یشتبێت ، وه‌كو منداڵ ژیركاته‌وه وابوو ، په‌نجه‌كانی ده‌سته‌ڕاستی وه‌كو شانه نوقمی ناو قژه خاوه شۆڕبووه‌كه‌ی سه‌رسنگ‌و به‌رۆك‌و روخساری كرد‌و به‌پشتا په‌خشانی كرد ، ئینجا سه‌ری هه‌ڵبڕی به‌نیگایه‌ك ته‌واوی جه‌سته‌ی منی سڕكرد ، هه‌ردوو چاوی بریسكه‌ی دا‌و بینیم ئاسمانێك بوو له سه‌وزایی‌و ده‌ریایه‌ك بوو له‌نهێنی ، من گه‌ره‌كم بوو له‌جاران قوڵتر لێی بڕوانم ، به‌ڵام دیده‌م به‌ر شه‌واره‌ی روخساری كه‌وت ، به‌ری چاوانم تاریك داهات ، تاریك وه‌كو ئاسمانی شه‌وێكی تاریك‌و ئه‌نگوسته‌چاو ، دوای تاوێك هێواش هێواش مانگ هێنده‌ی داسولكه‌یه‌ك هه‌ڵهات ، سیمای تاریكه شه‌وه‌كه كاڵتربووه‌وه ، تاده‌هات مانگه‌كه زێڕین‌و گه‌وره‌تر ده‌بووه‌وه ، لێمده‌هاته پێشێ ، هات..هات.. تا‌وای لێهات به‌و هه‌موو شه‌وق‌و گه‌وره‌ییه‌وه له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ی به‌رانبه‌رم جێگای خۆی كرده‌وه‌و قنج دانیشت ، به‌هه‌موو هێزی تێیده‌ڕوانیم ده‌وروبه‌ری بۆكردم به‌چراخانێكی رووت ، هه‌موو شته‌كان زێڕینانه نمایشی خۆیان دهكردو زه‌رد ده‌چوونه‌وه ، ئینجا مانگه‌شه‌وه‌كه له‌جێی خۆی جوڵاو چه‌ند جارێك به‌ده‌وری خۆیدا خولایه‌وه.. پاشان روخساری دابه‌یه‌كدا‌و هه‌ندێ گرژی‌و لێڵی تیا ده‌ركه‌وت ، هێدی هێدی هێڵ‌و تارماییه‌كانی ناو ده‌روونی مانگه‌شه‌وه‌كه به‌یه‌كدا ده‌هات‌و هه‌ندێ جار له‌شێوه‌ی روخسارێك ده‌رده‌كه‌وت‌و پاشانیش وه‌كو تراویلكه ون ده‌بووه‌وه ، له‌مكاته‌دا جه‌سته‌ی منیش سات به‌سات‌و چركه به‌چركه ده‌گۆڕا‌و شێوه‌ی راستی خۆی ونده‌كرد.. په‌نجه‌كانم .. كه‌مه‌ر‌و نێو هه‌ردوو رانم سه‌رو سه‌كوت‌و روخسارم.. هێواش هێواش لاو ده‌بوومه‌وه.. ئه‌وكات ته‌مه‌نی جه‌سته‌م هه‌ر هه‌ژده ، نۆزده ساڵێك ده‌بوو ، به‌ڵام دڵ‌و ده‌روونم هه‌روه‌كو خۆی چه‌ق به‌ستوو مایه‌وه..
له‌چه‌ق‌و ناوه‌ڕاستی مانگه‌شه‌وه‌كه‌وه كه‌فێكی شیری سپی‌و جوان هه‌ڵقوڵاو بوو به‌بووكێكی فریشته‌یی.. فریشته‌كه دوو باڵی شه‌فافی دابه‌یه‌كدا‌و له‌جێی خۆی هه‌ڵزناو لێم هاته پێشێ ، تا ته‌واو لێم نزیك بووه ، ئینجا باڵه‌كانی له‌جێی خۆی پوكایه‌وه ، منیش زیاتر سه‌رنجم خڕكرده‌وه ، روخساره ئێسك سوكه‌كه‌ی (شه‌ونم) به‌ته‌واوی‌و به‌ڕوونی ده‌ركه‌وت‌و ناسیمه‌وه ، گه‌ره‌كم بوو له‌سه‌ر كورسییه‌كه هه‌ستمه سه‌رپێ‌و له‌ئامێزی بگرم‌و تێر ماچی بكه‌م ، به‌ڵام قاچه‌كانم گرمۆڵه بوون‌و له‌دووم نه‌هاتن ، بۆیه ناچار هه‌ر له‌جێگای خۆمه‌وه هه‌ردوو ده‌ستم بۆی درێژ كرد.. به‌ڵام نه‌یگه‌یشتێ ، هه‌رچه‌ندم كرد‌و كۆشام ئه‌ویش له‌جێی خۆی نه‌جوڵا ، به زمانێكی لاڵه‌وه له‌م دووره‌وه پێم گوت: لێم ببوره شه‌ونم گیان كه‌وه‌ڵامم نه‌دایته‌وه ، ده‌زانم چه‌نده منت خۆشده‌ویست ، باوه‌ڕبكه منیش چه‌ن هێنده‌ی تۆ خۆشمده‌ویستی ، ئاگام لێ‌بوو چه‌ند لێزانانه مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌كردم.. ده‌زانی شه‌ونم گیان هه‌ندێ جاریش كافرانه ده‌تكوشتم ، ئه‌وكاتانه‌ی كه داده‌نوایته‌وه‌و له‌درزی كراسه‌كه‌ته‌وه مه‌مكۆڵه به‌فرینه قوته‌كانت پیشان ده‌دام من له‌جێی خۆم ده‌مردم ، حه‌زم ده‌كرد هه‌موو جه‌سته‌م ببێت به‌چاوو ته‌ماشای خانه به‌خانه‌ی جه‌سته‌ت بكه‌م ، به‌ڵام ئاخ (شه‌رم) نه‌یهێشت ، شه‌رم كوشتمی شه‌ونم گیان ، ئه‌وكاته‌ی ده‌فته‌ره‌كه‌ت به‌ده‌ستی حه‌مه‌ی برا بچكۆله‌كه‌تدا بۆڕه‌وانه كردمه‌وه ، ته‌واوی راز‌و نهێنی دڵی تۆم خوێنده‌وه ، به‌ڵام لێمببوره شه‌ونم گیان منی شه‌رمن نه‌متوانی نه‌ك هه‌ر وه‌ڵامت بده‌مه‌وه ، به‌ڵكو چیدی زاتم نه‌كرد خۆم نیشانی روخساری شه‌نگت بده‌م.. له‌بیرته شه‌ونم گیان له‌دوای ئه‌مه هه‌موو شه‌وێك به‌خه‌یاڵ‌و به‌چرپه ده‌مهێنایته ژێر لێفه‌كه‌م‌و تادره‌نگانێك بۆنم به‌سنگ‌و به‌رۆكته‌وه ده‌كرد ، تۆش لێزانانه هه‌ناسه بڕكێت به‌خۆت ده‌خست؟ .. پاشان تا به‌رده‌رگای ماڵی خۆتان به‌ڕێم ده‌خستی؟ هه‌ركه ده‌شگه‌ڕامه‌وه به‌نیازی خه‌و چاوم لێكده‌نا هه‌ریه‌كسه‌ر تابه‌یانی ده‌بویته میوانی خه‌ونه‌كانم.. لێمببوره شه‌ونم گیان شه‌رم نه‌یهێشت من‌و تۆ بۆیه‌ك ببین ، من نه‌ك هه‌ر له‌تۆ ، وایان فێركرم شه‌رم له‌جه‌سته‌ی خۆشم بكه‌م ، چه‌ند به‌شه‌رمه‌وه ده‌مڕوانییه جه‌سته‌و روخساری تۆ ، چه‌ند هێنده‌ی تریش به‌شه‌رمه‌وه له‌جه‌سته‌ی خۆم راده‌مام ، ئێستا ئه‌و كوڕه‌ی جاران نیم شه‌ونم گیان ، وه‌ره خۆت ده‌ستله‌ملانم به‌و له‌ئامێزم بگره ، له‌م ته‌نیاییه ببه به‌میوانم ، رزگارم كه شه‌ونم گیان وا ته‌نیایی رۆژی چه‌ندجار ده‌متاسێنێت ، دڵنیابه ئێستا وه‌كو جاران ناپیاو‌و ترسنۆك‌و شه‌رمن نیم..وه‌ر بزانه..
هێشتا قسه‌كانم ته‌واو نه‌كردبوو روخساری شه‌ونم له ناو دیده‌و گلێنه‌مدا تاده‌هات كاڵتر‌و بچووكتر ده‌بووه‌وه ، ویستم تا له‌چاو ون نه‌بووه فریای خۆم بكه‌وم ، هه‌ركه له‌جێی خۆم راپه‌ڕیم ، ته‌واوی خه‌یاڵه‌كه‌م به‌تاڵ بووه‌وه‌و هاتمه‌وه ژێر سفره‌وه.. ئاره‌قێكی زۆرم ده‌ردابوو ، هه‌ناسه‌یه‌كی قوڵم هه‌ڵكیشا‌و جارێكی دی خێسه‌م له كیژۆڵه ناسكۆڵه‌كه‌و سه‌گه به‌خته‌وه‌ره‌كه گرته‌وه ، گوێم لێ‌بوو به‌ده‌نگێكی ئێجگار ناسك توته‌ڵه‌كه‌ی ده‌لاوانده‌وه ، سه‌گه‌كه‌ش له‌ژێره‌وه جار جاره مڕه‌یه‌كی بۆده‌كرد ، ئه‌و ئاوازه جگه له‌سه‌گه توكنه‌كه بۆمنیش بوو ئیحا‌و ته‌ڵقین‌و خه‌وی لێخستم..
خه‌وه‌كه تا قوڵایی خۆی كه‌مه‌ندكێشی كردم ، له‌و خه‌ونه‌مدا له دوره‌وه چاوم له‌چه‌ڕه دوكه‌ڵی گونده‌كه بوو نێڵه نێڵ ده‌سوتا.. جگه له (بۆره) چ كه‌سێك له‌و مه‌مله‌كه‌ته‌دا نه‌مابووه‌وه.. سه‌رباز‌و جاشه‌كانیش به‌ناو كه‌لاوه‌كاندا ده‌سوڕانه‌وه ، له‌مكاته‌دا بۆره‌م به‌رچاوكه‌وت كه‌له‌ژێر دار قه‌ڵه‌متۆزه سوتاوه‌كه وه‌ك پاسه‌وانێكی كارامه‌و به‌وه‌فا ده‌هات‌و ده‌چوو.. (بۆره) خۆی خاوه‌نی ماڵ بوو ، هه‌ر كه‌چاوی به‌خه‌ڵكه نامۆكه كه‌وت لێیان چووه پێشێ‌و چه‌ند جارێك له‌سه‌ر یه‌ك وه‌ڕی‌و ده‌حه‌پی ، به‌ئاشكرا جنێوی ده‌دا‌و تف‌و نه‌فره‌تی لێده‌كردن ، ئه‌وانیش به‌سه‌ر سوڕمان‌و رقێكی زۆره‌وه ده‌یانڕوانییه ره‌فتار‌و گفت‌و گۆی (بۆره) زیاتر لێی چوونه پێشه‌وه (بۆره) به‌چوار چه‌نه‌ڵه خۆی كوتایه سه‌ر سنگی (ئه‌بو عه‌بود)و ئه‌ستێره‌كانی سه‌رشانی هێنایه خواره‌وه ، به‌ڵام (شه‌فیق) ئاغا ده‌مانچه ئیستله‌كه‌ی له‌كه‌مه‌ر هه‌ڵكێشا‌و چوارده‌خۆره‌كه‌ی له ده‌می (بۆره)دا خاڵی كرده‌وه ، چۆڕاوگه‌ی خوێنی (بۆره) پۆستاڵه‌كه‌ی (ئه‌بو عه‌بود)ی سور كرد.. به‌ڵام تا به‌ته‌واوی گیانی ده‌رچوو هه‌ر نه‌فره‌تی لێده‌كردن.. گریام بۆ چاره‌نوسی (بۆره) زۆر گریام ، له‌ده‌روونی خۆمدا پرسه‌یه‌كی گه‌وره‌م ساز كرد..
له هه‌نیسك‌و هه‌ناسه سواری خۆم دا به‌ئاگا هاتمه‌وه ، هه‌ركه توته‌ڵه‌كه‌م له‌كۆشی كیژۆڵه‌كه‌دا بینیه‌وه بۆمه‌رگی(بۆره) زیاتر به‌زه‌ییم لێده‌چۆڕا..
تائه‌م كاته كیژۆڵه‌كه به‌په‌نجه‌ی ناسكی پشتی سه‌گه به‌خته‌وه‌ره‌كه‌ی ده‌خوراند ، من‌و ئه‌و به بێده‌نگی یه‌كتریمان ده‌دواند‌و زۆرشتمان به‌یه‌ك ده‌وت ، به‌ڵام به‌مه‌نده كوڵی دڵم دانه‌مركایه‌وه‌و چیتر خۆم پێڕانه‌گیراو به‌زمانی پاراوی خۆیان بێده‌نگییه‌كه‌ی نێوانمان كوشت‌و پێم گوت:
وا دیاره سه‌گه‌كه‌ت به‌خته‌وه‌ره..پێده‌چێت زۆرت خۆش بوێت؟
ده‌ركه‌وت ئه‌ویش له مێژبوو جاڕسی ئه‌م بێده‌نگییه بوو ، به‌ڵام چونكه ئولفه‌تیان به‌بێده‌نگی‌و ته‌نیاییه‌وه گرتووه ، نه‌ده‌بوو قسه بكات ، وه‌گه‌ر نا ئه‌و زۆر له‌من زیاتر تامه‌زرۆی گفتوگۆ بوو ، به‌تایبه‌ت گفتوگۆی له‌مه‌ڕ خۆشه‌ویستی‌و په‌یوه‌ندی خۆی‌و سه‌گه‌كه‌ی بێت ، بۆیه به‌تاسوقه‌وه له‌جێی خۆی هه‌ستاو بزه‌یه‌ك كه‌وته سه‌ر په‌ڕه‌ی لێوی كه‌ده‌تگوت شكۆفه‌ی گوڵێكی سووره.. لێم نزیك بووه‌وه‌و هات له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ی ده‌سته‌ڕاستم جێگیر بوو.. ئینجا كه‌وته باسكردنی په‌یوه‌ندی خۆی‌و سه‌گه‌كه‌ی ، كه‌چه‌ند په‌یوه‌ندییه‌كی رۆمانسی‌و عاتیفانه‌یان هه‌یه ، رۆژانه له‌هه‌موو هه‌ڵوێستێكیاندا دڵنه‌وایی یه‌كدی ده‌كه‌ن ، له‌حه‌مام له‌ناو یه‌ك بانیوێدا خۆیان ده‌شۆن‌و به‌یه‌ك خاولیش خۆیان وشك ده‌كه‌نه‌وه.. له‌سه‌ر یه‌ك سفره‌و خوان پێكه‌وه نان ده‌خۆن.. شه‌وانه‌ش له‌سه‌ر یه‌ك سه‌رین‌و له‌ژێر یه‌ك به‌تانی تابه‌یانی له ئامێزی یه‌ك ده‌نوون..
منیش جارجاره ره‌زامه‌ندیم بۆ ده‌رده‌بڕی‌و له‌گه‌ڵ قسه‌كانیدا ده‌ڕۆیشتم.. ئه‌و له‌سه‌ر حه‌كایه‌تی خۆشه‌ویستی خۆیی‌و سه‌گه‌كه‌ی به‌رده‌وام بوو‌وتی:
(سه‌گه‌كه‌م ده‌به‌مه پێشانگا ، پێكه‌وه كۆگاكان به‌سه‌ر ده‌كه‌ینه‌وه ، هه‌فتانه‌ش له‌گه‌ڵ خۆمدا ده‌یبه‌مه سینه‌ما‌و تائێستاش نمایشی چه‌ندین شانۆگه‌ری بینیوه ، بۆزاخاوی مێشكیش چه‌ند جارێك بردوومه‌ته ئاهه‌نگه‌كانی ئۆركێسترا‌و ئاشنای سه‌مفۆنیا جیهانییه‌كانم كردووه ، سه‌گه‌كه‌م ئه‌ندامی یه‌كێك له‌یانه وه‌رزشییه‌كانی گیاندارانه‌و رۆژانه پێكه‌وه له‌ماڵ راهێنان ده‌كه‌ین ، وه‌رزشه‌وانێكی تابڵێی چاكه..).
زۆر له‌سه‌رخۆ قسه‌ی دهكردو مه‌به‌ستی بوو زیاتر له‌م ته‌رزه باسانه بدوێت ، منیش زۆر به‌ڕێزه‌وه گوێم بۆ یه‌كه‌كه‌ی قسه‌كانی شل كردبوو.. ئینجا گوتی: – من ناوم (جاكلین)ه‌و ئێستا له‌م دنیایه‌دا ته‌نیا ئه‌م سه‌گه شك ده‌به‌م ، هه‌موو هیواو ئاواتێكم به‌خته‌وه‌ری ئه‌م سه‌گه‌یه ، به‌ڵێ من بۆیه به‌ختیارم چونكه خاوه‌نی ئه‌م سه‌گه‌م!!
تا دواجار‌وتی:
من سه‌گه‌كه‌مم‌و سه‌گه‌كه منم!!
منیش تا دوا وشه‌ی له‌خزمه‌تیدا هه‌ڵتروشكا بووم ، دڵسۆزانه له‌خزمه‌تی یه‌ك به یه‌كی وشه‌كانیدا مامه‌وه‌و گوێبیستی هه‌موویان بووم ، له‌پاش ئه‌مانه خۆشحاڵی خۆمم بۆ په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستییه‌كه‌یان ده‌ربڕی‌و هیوای ژیانێكی به‌خته‌وه‌رترم بۆ (جاكلین‌و سه‌گه‌كه‌ی)خواست..
پێش ئه‌وه‌ی جارێكی دی بێده‌نگی ببێته په‌رژین‌و دیواری نێوانمان ، ئه‌مجاره‌یان من هه‌ستامه سه‌رپێ‌و به‌ڕێزه‌وه زیاتر لێی نزیك بوومه‌وه‌و به‌هه‌لم زانی منیش راز‌و نهێنی دڵی خۆمم پێشكه‌ش كرد‌و گوتم:
من كوردم‌و وڵاتێكی چوارله‌تكراو‌و تیكه تیكه‌م هه‌یه ، چه‌ند ساڵێكه له نیشتیمان‌و كه‌س‌و كاری خۆشه‌ویستی خۆم دابڕاوم ، ژیانی ئاواره‌یی‌و ته‌نیایی به‌سه‌ر ده‌به‌م واخه‌ریكه…
هێَشتا زۆرێك له‌وشه‌كان له‌ناخ‌و ده‌رونما په‌نگیان خواردبۆوه ، بۆ ده‌ربڕین په‌له‌یان له‌یه‌كدی ده‌كرد ، (جاكلین) هه‌ستایه سه‌رپێ‌و وشه‌كانی له‌گه‌رومدا تاساند ، داوای یارمه‌تی له‌من كرد كه‌تاقه‌تی گوێبیستی ئه‌م جۆره ته‌رزه باسانه‌ی نییه ، چونكه ده‌بێته هۆی ئاڵۆزبوونی باری ده‌روونی‌و سه‌رئه‌نجام كاریگه‌ری خراپی ده‌بێت به‌سه‌ر په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی خۆیی‌و سه‌گه‌كه‌یه‌وه ، ئینجا توته‌ڵه‌كه‌ی كرده‌وه قه‌ڵادۆشكان‌و ده‌ستی راستی به‌رزكرده‌وه‌و له‌سه‌رخۆ په‌نجه‌كانی جوڵانده‌وه‌و گوتی (بایی).
هه‌تا لێم وون بوون سه‌گه به‌خته‌وه‌ره‌كه‌ی (جاكلین) هه‌ر سه‌رنجی ده‌دام … ئیتر من به‌هه‌موو پێكهاته‌و پێگه‌ی خۆمه‌وه ، به‌ڕۆح‌و جه‌سته‌وه ، به‌ئازارو زام‌و خه‌ونه ره‌نگاڵییه‌كانمه‌وه بووم به‌به‌ردێكی بچكۆله ، هه‌ر هێنده‌ی نۆكێك ده‌بووم یان نا ، له‌نێوان به‌رده‌ڵانه‌كه‌ی ژێر پێم‌دا بزربووم ، ئینجا بۆم ده‌ركه‌وه‌ت لێره‌وه چ ئاوێكم پێناشڵقێنرێت..
سه‌مه‌د ئه‌حمه‌د