
سه‌رنجێك له‌وه‌رگێرانی رۆمانی_ئه‌وین له‌وڵاتێكی له‌تله‌تكراو_دا
یه‌كێك له‌و گرفتانه‌ی له نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی كوردیدا,رووبه‌روی وهرگێری كورد ده‌بێته‌وه, له‌وه‌رگێرانی به‌رهه‌مه‌كاندا, گرفتی هاوواتاییه له نێوان وشه‌و ده‌ربرینه‌كان.له زمانێكه‌وه بۆ زمانێكی تر.ئه‌م دیارده‌یه ده‌ره‌نجامی ئه‌و جیاوازیه زمانه‌وانیانه‌یه, كه له نێوان دوو زمان ده‌بینرێت. به ومانایه‌ی كه ره‌نگه ده‌سته‌واژه‌یه‌ك یاخود دهربرینێك وه‌كوخۆی به شێوه‌یه‌كی راستودروست, له دوو زماندا بوونی نه‌بێت.بۆیه مه‌رج نییه هه‌موو وهرگێرانێك وه‌ك بابه‌تی نووسراوبێت, له رووی ئاماژه‌و گه‌یاندنه‌وه. بێگومان گرفتێكی له‌و شێوه‌یه به شێكی په‌یوه‌ندی به نه‌بوونی زمانێكی ستانداری یه‌كگرتوو هه‌یه, كه له نێوه‌ندی رۆشنبیری كوردیدا په‌یره‌و بكرێت له رووی رێنووسونووسینهوه,به شێكی تریشی په‌یوه‌ندی به پاشخانی زمانهوانیورۆشنبیری وه‌رگێره‌وه هه‌یه. به‌و مانایه‌ی وه‌رگێر ده‌بێ توانایه‌كی زمانه‌وانی وای هه‌بێت, كه بتوانێت شاره‌زایی له هه‌ردوو زمانه‌كه, له رووی ده‌سته‌واژه‌و چهمكودهربرینهكان هه‌بێت. بۆ ئه‌وه‌ی كاتێ به‌رهه‌مێك وه‌رده‌گێرێت, رووبه‌روی ئه‌و گرفته نه‌بێته‌وه كه ئاماژه‌مان پێدا. له‌و روانگه‌یه‌وه زۆرجار له بابه‌تێكی وهرگێردراودا, ئێمه وه‌ك خوێنه‌ر چه‌ندین ده‌سته‌واژه‌و چهمكودهربرین ده‌بینین, كه له زمانی كوردیدا بوونیان نییه, یاخود به شێوه‌یه‌كی تر هاوواتادهكرێن, كه له‌رووی ماناوه نزێك بێت له هه‌مان ئه‌و ده‌ربرینانه‌ی له زمانی به‌رهه‌مه‌كه‌دا بوونی هه‌یه, كه چی ده‌بێته هۆی شێواندنی مانای وشه‌كان..واته له‌وه‌رگێرانی به‌رهه‌مێكدا وهرگێری كورد,گه‌لێك جار به هۆی نه‌بوونی هاوواتاوه, یاخود شاره‌زانه‌بوونی له مانای ده‌سته‌واژه‌كان, هه‌وڵده‌دات وه‌كو خۆی ده‌ربرینه‌كان بنووسێته‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی له زمانی به‌رهه‌مه‌كه‌دا بوونی هه‌یه, به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی كه ئاخۆ ئه‌م ده‌ربرینه, مانا ده‌گه‌یه نێت یاخود نا یاخود له فه‌رهه‌نگی زمانی كوردیدا بوونی هه‌یه یان نا.هه‌رئه‌مه‌شه واده‌كات كه خوێنه‌ر له خوێنه‌وه‌ی هه‌ندێك بابه‌تی وهرگێردرودا, هه‌ست به ماندووبونوبێزاری بكات. چونكه وه‌رگێرانی هه‌ربابه‌تێك به‌و شێوه‌یه ره‌نگه مانا‌و ناوه‌رۆكی بابه‌ته‌كه,ون بكات لای خوێنه‌ر. له‌و روانگه‌یه‌وه, له‌وه‌رگێرانی رۆمانی( ئه‌وین له وڵاتێكی له‌ت له‌تكراودا) ئێمه وه‌ك خوێنه‌ر, چه‌ندین دهربرینو ده‌سته‌واژه ده‌بینین, كه ماناكانیان به‌و شێوه‌یه نییه كه وه‌رگێر ئاماژه‌ی پێداون. وه‌رگێر چونكه مه‌به‌ستی بوه, ناوه‌رۆكی رۆمانه‌كه وه‌كو خۆی وه‌ربگێرێته سه‌ر زمانی كوردی, ئیدی ئه‌و لایه‌نه‌ی ره‌چاو نه‌كردوه, كه ئاخۆ مانای ده‌ربرینه‌كان, له ده‌ره‌نجامی ئه‌و وه‌رگێرانه‌وه گۆڕانیان به سه‌ر دادێت یاخود نا.ناوه‌رۆكی ئه‌و رۆمانه باس له سه‌رگوزشته‌ی خێزانێكی كورد ده‌كات, كه له به‌غدا ژیاونوبه هۆی كوردبوونیانه‌وه هه‌میشه,رووبه‌رووی سته‌م بوونه‌ته‌وه. ئه‌و رۆمانه بابه‌ته‌كه‌ی له چیرۆكێكی واقیعی وه‌رگیراوه,دواجار به‌زمانی ئینگلیزی كراوه‌ته رۆمان.پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه ژنێكه به ناوی(جوانه) كه له دایكێكی كوردوباوكێكی عه‌ره‌ب, له به‌غدا له دایك بوه‌و ئه‌وان وه‌ك خێزانێكی كورد, به هۆی كوردبوونیانه‌وه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه, ده‌كه‌ونه به رقی دوژمنانی كورد‌و ئیدی جوانه وه‌ك پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی رووداوه‌كان, درێژه به گێرانه‌وه‌ی چیرۆكی ژیانی ده‌دات, هه‌ر له سه‌ره‌تای له دایك بوونیه‌وه, تاكو گه‌وره بوونیوژیانی زانكۆ‌و پێشمهرگایهتیو ئاوارهییو خۆشه‌ویستی.له په‌راوێزی رووادوه تایبه تیهكانی ژیانی خۆشی, باس له ململانێ سیاسیه‌كانی نێوان هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌ی كورد‌و عه‌ره‌ب دهكاتوبه شێكی مێژووی سیاسی ئه‌و وڵا ته‌مان بۆ ده‌گێرێته‌وه,له په‌یوه‌ندیان به كێشه‌ی كوردوستهموچهوسانهوهی نه‌ته‌وه‌ییمان.له رێی ئه‌و رۆمانه‌وه, خوێنه‌ر ئاشنای هه‌موو ئه‌و سته‌مانه ده‌بێت, كه كورد له‌لایه‌ن دوژمنانیه‌وه بینیویه‌تی به تایبه‌تیش عه‌ره‌به‌كان. له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه چه‌ندین دیمه‌ن له رۆمانه‌كه‌دا هه‌ن, كه گوزارشت له كوێرهوهریوتراژیدیاكانی خێزانی جوانهوجوانه ده‌كه‌ن, كه به هۆی كوردبوونیانه‌وه رووبه‌رووی بونه‌ته‌وه. واته رۆماننووس ره‌هه‌ندێكی مێژووی به رووداوه‌كان دهداتوله پاڵ بابه‌تی سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه, كه ژیانامه‌ی جوانه‌یه, ئاماژه به‌و لایه‌نه كۆمه‌ڵایه‌تی پهروهردهییو خێزانیهش ده‌كات, كه خێزانی جوانه وه‌ك كوردێ له به‌غدا, به درێژایی مانه‌وه‌یان بینیویانه. به تایبه‌تیش كه ئه‌وان وه‌ك خێزانێك, به هۆی ناسنامه‌ی كوردبوونیانه‌وه, هه‌میشه وه‌ك هاوڵاتی پله دوو له لایه‌ن دهسهڵاتو بگره خودی عهرهبهكانیشهوه سه‌یریان كراوه. بێگومان له‌م وتاره‌دا ئێمه مه‌به‌ستمان ئه‌وه نییه, ناوهرۆكوبابهتو لایه‌نی ته‌كنیكی ئه‌و رۆمانه, شرۆڤه بكه‌ین. به ڵكو ته‌نها ده‌مانه‌وه‌ێ به كورتی ئاماژه به زمانی وه‌رگێرانی ئه‌و رۆمانه بده‌ین, بۆسه‌ر زمانی كوردی, له‌و روانگه‌یه‌وه‌ش هه‌مووئه‌و ده‌سته‌واژانه ئاماژه پێ بده‌ین, كه له‌رووی هاووتایهوه گرفت بۆ خوێنه‌ر دروست ده‌كه‌ن له رووی تێگه‌یشتنه‌وه. ئه‌گه‌رچی رۆمانه‌كه, به‌زمانێكی ساده‌و ره‌وان وه‌رگێردراوه, كه خوێنه‌ر به ئاسانی له مانا‌و ناوه‌رۆكی رۆمانه‌كه, له كاتی خوێنه‌وه‌ی ده‌گات. وه‌لێ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا, به هه‌ر هۆیه‌كه‌وه بێت, وه‌رگێر له چه‌ندین شوێندا, چه‌ندین چهمكودهستهواژهو ده‌ربرینی رۆمانه‌كه‌ی وه‌رگێراوه, كه ماناكانیان به ئاسانی بۆ خوێنه‌ر لێك نادرێنه‌وه. یاخود هاوواتای ده‌ربرینه‌كان نین. به مانایه‌كی تر خوێنه‌ر له ناوه‌رۆكی رۆمانه‌كه‌دا,چه‌ندین ده‌سته‌واژه‌و ده‌ربرینی ده‌كه‌وێته به‌رچاو, كه له زمانی كوردیدا به وشێوه‌یه نانووسرێن, وه‌ك ئه‌وه‌ی وه‌رگێر ئاماژه‌ی پێداون. ئه‌مه‌ش وایكردوه كه خوێنه‌ر له كاتێ خوێنه‌وه‌ی رۆمانه‌كه‌دا, له هه‌ندێك شوێندا, رووبه‌رووی گرفتی مانا‌و هاوتای وشه‌كان ببێته‌وه. بۆیه ده‌بوایه وه‌رگێر ئه‌وه‌ندی مه به ستی ئه‌وه بوایه, كه له رووی ماناوه ناوه‌رۆكی رۆمانه‌كه, بگه‌یه‌نێته خوێنه‌ر, ئه‌وه‌نده گرنگی به وه‌رگێرانی ده‌سته‌واژه‌كان وهكۆخۆی نه‌دابایه, كه له‌رۆمانه‌كه‌دا بوونیان هه‌یه.لێره‌وه‌ش ئێمه وه‌ك خوێنه‌رێك ئاماژه به‌و ده‌ربرینانه ده‌ده‌ین, كه وه‌رگێر له رۆمانه‌كه‌دا وه‌ریگێراون, به‌ڵام نووسین‌و ده‌ربرینیان له زمانی كوردیدا به شێوه‌یه‌كی تره.بۆنموونه:_
*وه‌رگێر نووسیویه‌تی(كاتێك چاوم برییوه پانه شه‌قامه‌كه..لا47) كورد ناڵێت پانه شه‌قامه‌كه, به‌ڵكو ده‌لێت( شه‌قامێكی پان, یاخود شه‌قامێكی راست).
*وه‌رگێر نووسیویه‌تی(گالیسكه‌كان, له ناو جاده‌كانی به غدا فركوهۆریان بوو….لا40) ئێمه ده‌ڵێین ته‌پوو هۆریان بوو, به‌تایبه‌تیش, كه فڕك زیاتر بۆ خواردنه‌وه به كاردێت.
*وه‌رگێر نووسیویه‌تی؛_(بزه یه‌كی پڕ ئومێد كه‌وته سه‌ر روخساری…لا48) له راستیدا, بزه ده‌كه‌وێته سه‌ر لێو, نه‌ك روخسار. لێویش به شێكه له‌روخسار نه‌ك هه‌موو روخساربێت.
*وهرگێرنووسیویهتی:_(من له ده‌موچاوه قاوهیهكهی كابرایه‌كه وردبومه‌وه كه چورچوداچهكاوبوون…لا52) ئێمه ده‌ڵێین( چرچولۆچ) نه‌ك داچه‌كاو..
*وه‌رگێر نووسیویه‌تی:_(دایكم رشت بێت له سه‌ر به‌رێكردنی ته‌كسیه‌كه…لا52) وشه‌ی(رشت) له‌م رسته‌یه‌دا به مانای پێداگیریوسووربوون دێت, له سه‌ر شتێك. به‌ڵام له بنه‌ره‌تدا(رژد)ه نه‌ك(رشت)..
*وه‌رگێر نووسیویه‌تی:_(تاروخساریم له نێو په‌نجه‌ره‌ی ئوتومبێله‌كه بۆ ده‌ركه‌وت…لا53) ئێمه ده‌ڵێین, جامی ئوتومبێل نه‌ك په‌نجه‌ره‌ی ئوتومبێل.
*وه‌رگێر نووسیویه‌تی:_(ههركهلهشار ده‌رچووین, رێبواره‌كان سهرخهوێكیان شكاند…لا50) بێگومان بۆ ئه‌وانه‌ی به ئوتومبێل سه‌فه‌ر ده‌كه‌ن, زیاتر وشه‌ی( سه‌رنشینه‌كان) به كاردێت, رێبوار بۆ ئه‌وانه‌یه , كه به پان..
*وه‌رگێر نووسیویه‌تی؛_(من به شانازیه‌وه ملم هه‌ڵبری…لا60) به بۆچوونی من شیاوتره, بنووسرێت سه‌رم هه‌ڵبری,چونكه مل جێگیره..
*وه‌رگێر نووسیویه‌تی:_(مانگی ته‌ممووز هه‌تاوبوو,بۆیه تێنوه‌تی خێراپهیدابوو زمانم ئه‌ستووربوو…لا61)..بێگومان ,له تێنوهتیدا زمان وشك ده‌بێت نه‌ك ئه‌ستوور. نازانم وه‌رگێر ئه‌و ده‌سته‌واژه‌ی له كوێ هێناوه…
*وه‌رگێر نووسیویه‌تی:_(تامه‌زرۆی تاقه یه‌ك پاروه نان…لا69) وشه‌ی پاروو, خۆی به مانای یه‌ك دێت, ئیدی تاقه‌و یه‌ك زیاده‌یه…
*وه‌رگێر نووسیویه‌تی_(سلێمانی له لایه‌ن سلێمان پاشای بابان, له ساڵی 1780دروستكرا…لا69) له راستیدا سلێمانی ساڵی 1784دروستكراوه. ئه‌گه‌ر رۆماننووس ئه‌و به‌رواره‌ی نه‌زانیبێت, به‌و پێیه‌ی كورد نییه, به‌ڵام خۆ وه‌رگێر ده‌زانێت! ته‌نانه‌ت له‌م رۆژانه یادی(227) ساڵه‌ی سلێمانی كرایه‌وه.
*وه‌رگێر نووسیویه‌تی:_(تانكه‌كه به سه‌ر سه‌ری گه‌نجه‌كان بكهوێتووردوخاشیان بكات…لا78) دیاره‌بۆ مرۆڤ ئێمه ناڵێین, سه‌ری وردوخاش بكات! به ڵكو ده‌ڵێین, سه‌ری پانكاتهوه, یانیش قلیچاندنهوه.
*وه‌رگێر نووسیویه‌تی:_(لاشه‌ی نیشانه‌ی ئازاری پێوه دیاربوو…لا80) لاشه , بۆ ئه‌و مرۆڤه‌یه كه له سه‌روبه‌ندی ئاوزینگدانومردن بێت, واته جه ستهیهك هێشتا روحی بهبهرماوه. كه مرد ده‌بێته ته‌رم!. بۆیه به بۆچوونی من شیاوتر بوو بنووسێت, جه سته نه‌ك لاشه..
*وه‌رگێر نووسیویه‌تی:_( سه‌عد دهرپهریه سه‌رپێ…لا100, شایه‌نی ئاماژه‌یه له چه‌ندین شوێنی تریش وای نووسیوه) بێگومان كورد هه‌رگیز ناڵێ دهرپهریه سه‌رپێ. بهلكودهڵێ(هه‌ستایه سه‌رپێ)..
*وه‌رگێر نووسیویه‌تی(من له رقان ده‌له‌رزیم…لا102) مرۆڤ له سهرمانوترسان یاخود له كاتی توورهبوندا ده‌له‌رزیت, نه‌ك له ئه‌نجامی رق لێبوونه‌وه له كه‌سێك, كهوهرگێر مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه.
*وه‌رگێر نووسیویه‌تی:_(من رۆژ به‌رۆژ پتر دهبنێسام..لا125) نازانم مه‌به‌ستی وه‌رگێر له‌وشه‌ی سه‌یروسه‌مه‌ره‌ی(دهبنێسام)چییه؟
*وهرگێرنووسیویهتی:_(ده‌ستی له‌ملی داوگوتی مردوه…لا125) بۆئه‌وه‌ی دڵنیابین, له‌وه كه سێك مردوه یاخودنا,ده‌ستی له سه‌ر دڵی دائه‌نێین, كه ئاخۆ دلی له لێدان وه‌ستاوه یاخودنانهك مل.
*وه‌رگێر نووسیویه‌تی:_(ئامرازێكی بێ تهلت پێ بوو….لا128) له راستیدا بێ ته‌ل, ئامێره نه‌ك ئامراز, بۆیه ده‌بێ بنووسێت( ئامێرێكی بێ تهلت پێ بوو..)
*وه‌رگێر نووسیویه‌تی:_(دكتۆرلێنۆرینێكی چاكی بۆ كردم…لا131)هه‌ڵبه‌ته ئێمه ده‌ڵێین, پشكنینی بۆ كردین. بۆیه وشه‌ی پشكنین شیاوتروگونجاوتره, له‌رووی ده‌ربرینه‌وه.
*وه‌رگێر نووسیویه‌تی:_(چه‌ند ته‌ڵێك, قژی په‌رشوبڵاوی ئه‌وم به‌رزكرده‌وه…لا178) له راستیدا, ده‌بێ بنووسێت(تاڵه)قژ نه‌ك ته‌ڵێك.چونكه ته‌ڵ به‌مانای, ته‌ڵی ئاسن,بۆنموونه ته‌ڵی كاره‌با.
*وهرگێرنووسیویهتی:_(گه‌نجێكی بیستوسێ ساڵانی ته‌ندروست نایاب بوو…لا201) نایاب, كه به‌مانای دهگمهنودانسقه دێت یاخود شتێك هاوشێوه‌ی نه‌بێت,نادرێته پاڵ ته‌ندروستی. ئه‌گه‌ر مرۆڤێك جه‌سته‌یه‌كی ساغله‌می هه‌بێت,ده‌ڵێین:_ ته‌ندروستیه‌كی باشوبههێزی هه‌یه.له‌لایه‌كی تره‌وه هیچ مرۆڤێك نییه,به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان, له ژیانیدا نه خۆش نه‌بێت كه‌واته نایاب نییه.
*وه‌رگێر نووسیویه‌تی:_(جانتاوپریاسكهی قورسی ده‌گواسته‌وه…لا218) پریاسكه, زۆر بچوكتره له جانتاوله ههگبهش! بۆیه قورساییوقهبارهیهكی گه‌وره‌ی نییه. ده‌كرا له بری پریاسكه, وه‌رگێر هه‌گبه بنووسێت.
*وهرگێرنووسیویهتی:_(پێش ئه‌وه‌ی بخزێمه نێوجلی خه‌وه‌وه…لا224)ئێمه ناڵێین جلی خه‌و, به‌لكو(نوێن)ی خه‌وی پێده‌ڵێین. ئه‌گه‌ریش وه‌رگێر مه‌به‌ستی, ئه‌و جلانه بێت, كه له كاتی خه‌ودا, له بهریدهكهین, ئه‌وا ده‌بێ بنووسێت,جله‌كانم پۆشی یا له‌به‌ر كرد..
*وه‌رگێر نووسیویه‌تی:_(به چاوی لێلووێڵهوهچهرچهفهكهی تێ هه‌ڵدا…لا260) مه‌به‌ست له‌وه‌یه, كاتێ مرۆڤ له گه‌رمه‌ی خه‌وێكی خۆش ههڵدهستێتوبه ئاگا دێته‌وه. به‌ڵام ئێمه ده‌ڵێین, به چاوی (خه‌واڵوه‌وه)نه‌ك لێلووێل, كه به‌مانای سهرگهردانیوبهدواگهران دێت, بۆ شتێك.
*وه‌رگێر نووسیویه‌تی:_(تاكه نه‌علێكی بلاستیكی هه‌ڵگرت….لا260)به بۆچوونی من, ده‌بێ نه عله‌ی لاستیك بێت, نه‌ك بلاستیك. چونكه ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان زیاتر به كاردێتوباوه, له كۆمه‌ڵی كورده‌واریدا..
*وه‌رگێر نووسیویه‌تی:_(ره‌نگدانه‌وه‌ی مانگی رابردوو,له مێشمكدا چه‌خماخه‌ی ده‌دا….لا263)چه‌خماخه, به مانای پروسكوبریسكانهوه دێت. بۆیه له بڕی ئه‌م وشه‌یه شیاوتر بوو بنووسێت,(گینگڵ)ی ده‌دا, كه ئێمه زۆرتر له كاتی ئه‌و گوزارشتكردنه,ئه‌و ده‌ربرینه به كار دێنین.
*وه‌رگێر نووسیویه‌تی:_(هه‌ردووكیان ده‌ستبه جێ كوژران, من خه‌فه‌تخان بووم كه جه‌سته كه‌ڵه‌كه بووهكانیانم بینی….لا285) ئێمه ناڵێین خه‌فه‌تخان, به‌ڵكو ده‌ڵێین خه‌فه‌تبار ئه‌مه له‌لایه‌ك, له‌لایه‌كی تره‌وه, مادام له ژیان نه‌ماون, نابێ بنووسرێت, جه سته كهڵهكهبوهكانیان, به لكودهبێ بنووسرێت ته‌رمه كه‌ڵه‌كه بووه‌كانیان. چونكه جه‌سته, مانای وایه هێشتا زیندوون, له كاتێكدا خۆی ده‌ڵێ ده‌ست به جێ كوژران…
*وه‌رگێر نووسیویه‌تی_:(ئه‌م گولله تۆپانه جیاوازبوون, كاتێك له ئاسمانه‌وه به‌رده‌درانه‌وه…لا298) ئه‌وه‌ی له ئاسمانه‌وه به‌رده‌درێته‌وه, بۆمبه یاخود موشه‌كه.نه‌ك گولله تۆپ. چونكه ئه‌مه‌یان به هۆی تۆپه‌وه ده‌هاویشترێت…
*وه‌رگێر نووسیویه‌تی؛_(به‌ناوی سوككراوی به چكه كه‌ر…لا370) به چكه, بۆگیانهوهرهكانی تربه كاردێت,به‌ڵام بۆ گوێدرێژ(جاش كۆكه)یاخود(جاشكه كه‌ر) به كاردێت…
*وهرگێرنووسیویهتی:_(شه‌نگه كه ناوی ئێسترهكهیه,ددانه‌كانی دهرخستوزهری(حا…حا…حا.ڵا391)بیًگومان زه‌رین ته‌نها, بۆ ئاژه‌ڵی گوێدرێژه, ئاژهلهكانی تر له شێوه‌ی ئهسپومایین ده‌حیلێنن.
ئه‌مانه چه‌ند سه‌رنجێك بوون, كه له كاتی خوێنه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه‌دا, لای ئێمه وه‌ك خوێنه‌رێك گه‌ڵاله بوون.ئه‌گه‌رچی ره‌نگه رۆماننووس خۆی به‌و شێوه‌یه, گوزارشتی له ده‌ربرینه‌كان كردبێت. به‌ڵام ده‌كرا وهرگێری كوردی به شێوه‌یه‌ك,ئه‌و ده‌سته‌واژانه وه‌ربگێرێت,كه‌له رووی واتایه‌وه بگونجێن, له‌گه‌ڵ زمانی كوردیمان.بۆ ئه‌وه‌ی باشتر ماناكانیان رونبێته‌وه. وێرای ئه‌مه‌ناش له رۆمانه‌كه‌دا, هێنێدك زانیاری به هه‌ڵه هاتوون.بۆ نموونه نووسراوه,شاخی قه‌ندیل به‌رزترین شاخه له‌كوردستاندا, له كاتێكدا حه‌سارۆست به‌رزرترین شاخه له هه‌رێمی كوردستاندا.
په‌راوێز/ئه‌وین له‌وڵاتێكی لهتلهتكراودا/بابه‌ت رۆمان/ نووسینی:_جین ساسۆن/ وه‌رگێرانی:_د_ئازاد حه‌مه شریف/له‌بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپوبلاوكردنهوهی به‌درخان/2011..
*ئه‌م بابه‌ته‌له ژماره (238) و (239) هه‌فته‌نامه‌ی پاڵه بلاوكراوه‌ته‌وه.
sadiqrwandze@yahoo.com
سه‌دیق سه‌عید رواندزی