
سه‌رگوشته‌ی ڕۆمانی ده‌ربازبوون
( هه‌ڵاتنی ژن له‌ده‌ست كولتووری نه‌خۆش و پێغه‌مبه‌ری پیاوسالاری )
ژیانی هه‌ر مرۆڤێك هه‌رچه‌ند هیچیش بێت ،ئه‌گه‌ر به ڕاستگۆیی بیگێڕێته‌وه خۆشه .
(( كۆلریدج ))
غه‌مگین بۆڵی –هه‌ولێر
پێش باس :
سه‌رگوشته‌ی ژیانی هه‌موو تاكێك شیاوی ئه‌وه‌یه بكرێته ڕۆمان ،ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه په‌یوه‌سته به‌چۆنیه‌تی ئه‌زموونكردنی خودی ئه‌و كه‌سه .یاخود ده‌شێت له رۆمانێكدا ده‌لاقه‌یه‌كی ڕۆشنگه‌ریی به‌ربكه‌وێت ،وه‌لێ خاڵی بنه‌ڕه‌تی به‌رباسی نووسینه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كانی ڕۆژانی ڕابردوو چۆنیه‌تی هونه‌ری نووسینه‌وه‌ی سه‌رگوشته‌ی ئه‌و كه‌سه‌یه ،كه‌وا ده‌یه‌وێت بینووسێت .ئاخر ڕۆماننووس هه‌یه ته‌نیا به‌هۆی پاراوی زمان و هونه‌ر به‌رزی له جوانگێڕانهوه و ڕاستنووسییهوه ،كۆتری داهێنانی هێنده به‌رز ههڵفریوه ته‌واوی ئاسمانه‌كانی ئه‌ده‌بیاتی تهی كردووه .هه‌شه به‌هۆی بوێریوی له‌نووسینه‌وه‌ی سهرگوشتهكهی شاكارێكی به‌رزی دروستكردووه .ئه‌گه‌ر رۆمانی ( نانی ڕووت ) ی محه‌مه‌د شوكری بخه‌ینه به‌ر رۆشنایی ئه‌و وشانه‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و راسته‌قینه‌یه‌ی نووسین .ده‌شێت له رۆمانی سه‌رگوشته ئامێزدا رۆماننووس به زمانێكی ساده وساكار بنووسێت ،ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌نده‌ی له هه‌وڵی گه‌یاندنی مه‌به‌سته‌كه‌ی بێت ( مانای نووسینه‌كه ) هێنده بیر له ته‌كنیكی جوانیناسی و هونه‌ری رۆمان‌نووسین نه‌كاته‌وه .كه‌واته گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌كانی هه‌موو تاكێك ده‌شێت بكرێته ڕۆمان و هه‌موو سه‌ر گوشتهیهكیش شیاوی گێڕانه‌وه‌یه .
كارۆلین جیسوب له‌ڕێگه‌ی گێڕانه‌وه‌ی بهسهرهاتییهوه توانیویه‌تی به‌شێكی هه‌ستیاری ژیانی خۆی بنووسێته‌وه له‌ناو تایفه‌یه‌كی باوه‌ڕدار به ئایینی كڵێسه‌یه‌كی دووره په‌رێزی لاچه‌پ ،كه له‌ناو وڵاتێكی پڕ ته‌كنه‌لۆژیا و ئازادی خوازی وه‌ك ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكادا ژیاوه ،كه ناوچه‌كه‌یان كه‌وتۆته نێوان هه‌ردوو ویلایه‌تی ئریزونا و یوتا .ئه‌م ژنه یاخییه به‌هۆی گێڕانه‌وه‌ی سه‌رگوشته‌ی خۆی ته‌واوی داب و نه‌ریت و یاسایی كڵێسه‌ی ئه‌و تایفه‌یه به‌یان ده‌كات .{{ گێڕانه‌وه‌ی باسی ده‌وروبه‌ر ،خۆی له‌ناو كرۆكدا .واته گێڕانه‌وه‌ی باسی خۆت .كه‌باسی ژیان ده‌گێڕییه‌وه .واته باسی خۆت ده‌گێڕییه‌وه .}}(1) .ده‌لوێت به‌هۆی گێڕانه‌وه‌ی ده‌وروبه‌ر خۆت بگێڕییه‌وه .به‌پێچه‌وانه‌وه‌ش هه‌مان ئاڕاسته‌ی فیكر وه‌رده‌گرێت .نووسه‌ر له (ده‌ربازبوون ) ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت كه داب و نه‌ریته‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه جیاوازه له خه‌ڵكی جیهان وخۆیان پێ میلله‌تی هه‌ڵبژێردراوی خودایه .خۆدووخستنهوهی ئه‌و تایفه‌یه به‌هۆی داب ونهریتهوهیه ،كه‌لایان وایه ژیان جگه له‌ناویان به‌و لاوه ،بریتییه له گوناهكاری و تاوان .كۆمه‌ڵێك یاسا و ڕێسای سه‌یر ده‌ركراوه له‌لایه‌ن له‌لایه‌ن ( دارین جیڤس) ی سه‌رۆكی خێلهكهوه ،كه‌بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات رۆحی مه‌سیحی تێدایه و باوكی ئه‌و خودایی تایبه‌تی ئه‌و خێلهبووه .واته دارین جیڤس (پێغه‌مبه‌ره ).(2)
كرۆكی باس :
كلیلی كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی به‌سه‌ر هاتی كتێبی ( ده‌رباز بوون ) بریتییه له هه‌ڵاتن له داب و نه‌ریتی تایفه‌گه‌ریی .هه‌ڵاتنه له‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی كه هه‌موو شتێك له‌پیاوه‌وه ده‌ست پێده‌كات و لهپیاویشهوه كۆتایی‌یان دێت .ئایینی ئه‌و میلله‌ته هیچ به‌هایه‌كی شایسته‌ی بۆ ژن دانه‌ناوه .ئه‌م كتێبه له‌لایه‌ن وه‌رگێڕی هه‌میشه پڕ كار و پرۆژه شێرزاد هه‌ینی له زمانی عه‌ره‌بییه‌وه كراوه‌ته كوردی .دیاره نه‌وه‌ی ئێمه كه نه‌وه‌ی دوایی ڕاپه‌رینه پێویستی به پرۆسه‌ی وه‌رگێڕانی جددی و جوان هه‌یه ،ئه‌مه‌ش له‌به‌ر گرفتی زمان نه‌زانینه‌وه .
ده‌ربازبوون هه‌ڵاتنه ،هه‌ڵاتن له‌وه‌ی كه ناكرێت ژنێك پیاوێكی خۆشنه‌وێت و ته‌مه‌نیشی سێ به‌قه‌د ته‌مه‌نی ئه‌و بێت .چونكه له‌ناو ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا كچ له‌دوایی ته‌مه‌نی چوارده‌ساڵییه‌وه له‌لایه‌ن جیڤس ده‌كرایه دیاری بۆ پیاوان خاوه‌ن هێز و ده‌سه‌ڵات .واته پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری له‌سه‌ر بنه‌مای نزیكایه‌تییه له خودی جیڤسی سه‌رۆك هۆز ،خۆشه‌ویستی ئه‌و هێزی زیاتر به‌كه‌سی به‌رامبه‌ر ده‌به‌خشی و پله‌و پایه‌شی به‌رز تر ده‌بۆوه ،ئه‌وه‌ش گرینگ نییه كه پیاوه‌كه ته‌مه‌نی چه‌نده و چه‌ند ژنی هه‌یه ،یاخود كچه‌كه ڕازییه .ته‌نانه‌ت پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری وا هه‌بووه كه كچه‌ی قوربانی ده‌ست ئه‌م كولتووره نه‌خۆشه ته‌نیا ناوی پیاوه‌كه‌ی له خوێندنگه ئایینییه‌كه‌یان له كچه‌كانییه‌وه بیستووه .ئاخر زۆر جار یاساكانی ئایینی پیاوه پێغه‌مبه‌ره‌كان بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌تی خۆیان و پیاوسالارییه‌وه به‌كارییان هێناوه .ئه‌وه‌ته كارۆلین جیسوب له‌به سه‌رهاتی خۆیدا پێمان ده‌ڵێت :{{جیڤس نزیكه‌ی حه‌فتا ژنی هه‌بوو ،هه‌میشه حه‌زی ده‌كرد كیژه ته‌مه‌ن گچكه‌كان بكاته هاوسه‌ری خۆی .ته‌نانه‌ت من كه ژنی ئه‌و بووم ته‌نیا بۆ هه‌وه‌سی شه‌وه‌كانی }}(3)
كۆمه‌ڵگه‌ی نه‌خۆش به‌ده‌ست كولتووری پیاو سالارییه‌وه
كۆمه‌ڵگه ئه‌و كاته نه‌خۆش ده‌بێت كه مرۆڤه‌كان تێیدا هه‌ست به یه‌كسانی و خۆشگوزه‌رانی نه‌كه‌ن .ئێمه لێره‌دا باس له جۆر و چۆنیه‌تی نه‌خۆشییه‌كانی كۆمه‌ڵگه به‌شێوه‌یه‌كی گشتگیر ناكه‌ین ،گهڕهكمانه له گۆشه‌نیگای كولتووری پیاوسالارییه‌وه لێی ورد ببینه‌وه ،كه ئه‌مه په‌یوه‌سته به كرۆكهكهمانهوه .كۆمه‌ڵگه‌ی پیاو سالاری ته‌واوی پیرۆزییه‌كانی ژن‌بوون داگیر ده‌كات و ژن وه‌ك كۆیله سه‌یر ده‌كات .ژن ته‌نیا ده‌بێته پێویستییه‌ك بۆ هێنانه دنیای منداڵ .ژن ته‌نیا جه‌سته‌یه‌ك ده‌بێت بۆ سێكسی شه‌وان له تاریكی‌دا .ئاخر له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا هێز و ده‌سه‌ڵاتی پیاو به‌نده به فره‌ژنییه‌وه ،كومه‌ڵگه‌ی نه‌خۆش هه‌میشه له هه‌وڵی بڵاو بوونه‌وه‌ی ئامانجی نه‌خۆشییه‌كه‌یدا ده‌بێت .ئه‌وه‌ته منداڵ بۆی نییه بچێته خوێندنگاكانی ده‌وڵه‌ت و له‌وێدا بخوێنێت .به‌مه‌زه‌نده‌ی پێغه‌مبه‌ره‌كه‌یان ( جیڤس ) مامۆستاكانی ده‌وڵه‌ت به‌كرێ گیراون و گڵاوبوونه و له‌دین لایان داوه .بۆیه له‌لایه‌ن كڵێسه‌وه خوێندنگا ده‌كرێته‌وه و بیر و ڕاكانی خۆیان تێدا ده‌ڵێنه‌وه و مێشكی منداڵه‌كان ده‌شۆنه‌وه به یاسا و داب و نه‌ریته‌كانیان .لێره‌دا مرۆڤه‌كان خودی خۆیان ون ده‌كه‌ن له‌ناو داب و نه‌ریته‌كان و ده‌بنه كۆیله‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه نه‌خۆشه .كڵێسه به‌ئاراسته‌ی هه‌وه‌سه‌كانی خۆی چاره‌نووسی مرۆڤه‌كان ده‌سوڕێنێت ،هه‌موو شتێك له‌ژێر كۆنترۆڵی ئه‌و دایه ،قسه‌كردن و ره‌خنه گرتن له‌و باره‌یه‌وه به‌پێی یاساكان لادانه له‌دین و داب و نه‌ریته پیرۆزه‌كانیان .بۆیه كارۆلین جیسوب له‌هه‌موو ئه‌مانه یاخی ده‌بێت و ڕه‌تیان ده‌كاته‌وه .ئاخر مرۆڤگهڵی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه داخراوه جگه له كولتووری ئایینی پیاوسالاییه هه‌ست به‌هیچیتر ناكه‌ن .زاتیان به‌ندی ڕێساكانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه نه‌خۆشه ده‌بێت .وه‌لێ له‌په‌یامی رۆماننووسدا ئه‌وه‌مان بۆ ڕاڤه ده‌بێت : {{ ناسینی جیهان بۆ زات كێشه‌یه‌كی گران ،یان مه‌حاڵ نییه .زات چۆن خۆی ده‌ناسێت به‌وشێوه‌یه‌ش جیهانی ده‌ره‌كی ده‌ناسێت .چونكه جیهانی ده‌ره‌كی دیوی ده‌ره‌وه‌ی خۆیه‌تی و بۆ ئه‌و بێگانه نییه .}} (4) به‌و واتایه‌ی مرۆڤه‌كان ده‌توانن له‌ڕێگه‌ی ناسینی زاتی خۆیانه‌وه هه‌ست به جیهانی ده‌ره‌كی بكه‌ن و په‌ی بهنهێنییهكانی كه‌ون به‌رن .چۆن ناشێت ڕۆماننووس و نووسه‌ران زاتی خۆیان نه‌ناسن ، نه‌ناسینی زاتی خۆت به‌واتای نهناسنی جیهان دێت ،ته‌نانه‌ت ئه‌و جۆره رۆماننووسانه ده‌لاقه‌ی جیهانبینییان وێران بووه .هه‌ڵبه‌ته خوڕه‌وشته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و كولتووری كۆمه‌ڵگه نه‌خۆشه‌كان كاریگه‌ریی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه له‌سه‌ر ناسینی زات ،چۆن له‌م جۆره ڕۆماننانهدا هه‌ڵسوكه‌وت و نه‌ریته‌كانی ڕۆژان ده‌بنه به‌شێكی هه‌ستیاری یاساكانی رۆژانه‌یان و به‌و هۆیه‌وه ئازادی زاتیان ته‌سلیمی كۆمه‌ڵگه ده‌بێت .{{ له‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا كه‌ئازادی كۆمه‌ڵایه‌تی تێدا نییه و پێوه‌ندی و شێوه‌ی قسه‌كردنی خه‌ڵكه‌كه وشك و ڕسمییه و پێوه‌ندی قووڵی نێوان خه‌ڵكان بوونی نییه ،كه‌سه‌كان – كه‌له‌و كۆمه‌ڵگه‌یه ڕه‌چاو بكه‌ن – ساده و وشك و ڕسمی ده‌رده‌چن . ڕۆمانی “خۆبه‌زلزانی و ده‌مارگیری ” ی جین ئۆستن یه‌كێكه له چاكترین نموونه‌كانی ڕۆمانی هه‌ڵسوكه‌وت و نه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی .}}(5)
به‌شێك له‌و داب و نه‌ریتانه بوونه‌ته یاسای ڕۆژانه‌ی خه‌ڵكی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه ، ئه‌مانه چه‌ند نموونه‌یه‌كی زیندووی ناو ڕۆمانه‌كه‌ن .
* قه‌ده‌غه بوونی خوێندنه‌وه‌ی ده‌ره‌كی .واته ته‌نیا ئه‌و كتێبابه ده‌خوێندرانه‌وه كه له‌سێبه‌ری ئایینه‌كه‌یاندا بوون .
* توند وتیژی له‌لایه‌ن گه‌وره‌ی بنه‌ماڵه‌كان هه‌م له‌ڕووی جستهییهوه ،هه‌میش له‌ڕووی ویژدانییه‌وه .
* لێدانی منداڵان بوو بووه كولتوورێكی ڕۆژانه‌ی زۆر ئاسایی .
* چوون بۆ سه‌ر ده‌ریا و گه‌شت وگوزار به‌پێی داب و نه‌ریتی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه حه‌رامه و ته‌نانه‌ت ژماره‌ی تابلۆی ئوتومبێلهكانیش ته‌نیا له سنووری ئه‌و ناوچه‌یه كاری پێده‌كرا ،هه‌ندێك له ئوتومبێلهكانیش تابلۆی ژماره‌یان نه‌بوو ،ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی هیچ ژنێك ده‌رفه‌تی هه‌ڵاتنی نه‌بێت .
* ته‌له‌ڤزیۆن به‌یه‌كێك له‌ئامێره قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان ده‌ژمێردرێت .
* ده‌كرا یه‌ك پیاو دوو خۆشك بهێنێت و له‌یه‌ك كاتیش‌دا هه‌ردووك ژنی بن .
* فره‌ژنی به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر .
* زۆرێك له ژنان هیچ زانیارییه‌كییان له‌باره‌ی سێكسه‌وه نه‌بووه ،وایانزانیوه ژن به‌ماچ كردن ئاوس ده‌بێت .
ده‌رئه‌نجامی باس :
ئه‌وه‌ی منی به‌خۆیه‌وه خه‌ریك كردووه ئه‌وه‌یه كه ژنێكی ئاسایی له دواكه‌وتووترین تایفه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكادا توانیویه‌تی به‌زمانێكی ساده‌ی رۆژانه‌ی خه‌ڵك ،ڕۆداو گه‌ل و به‌سه‌رهاتی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه به‌جوانترین شێوه بنووسێته‌وه و شاكارێكی وه‌ها جوان پێشكه‌ش به مرۆڤایه‌تی بكات .كه‌چی ڕۆمانووسانی ئێمه‌ی كورد دنیایه‌ك كاره‌سات و زیندوه به‌چاڵ كاری تێناكات ، جینۆساید وكیمیابارانكردن و ده‌ربه‌ده‌ری نابێته هه‌وێنی شاكارێَكی مه‌زن ،ئه‌وه‌ی هه‌شه و كراویشه ده‌كرا زۆر له‌وه باڵاتر بوایه و شاكاری ناوازه‌ی زۆر ئاست به‌رزتری لێ به‌رهه‌م هێنرابوایه .ئاخر برتراندراسلی باشی پێكاوه كاتێك نووسیویه‌تی : {{بۆئه‌وه‌ی سه‌رده‌مێك تێبگه‌ی ،یاخود میلله‌تێك بناسی . پێویسته له فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌و سه‌رده‌م و میلله‌ته تێبگه‌یت .}} ته‌نانه‌ت له‌ڕێگه‌ی به‌سه‌رهاتی ئه‌و ڕۆمانه‌وه له‌وه تێده‌گه‌ین له‌سه‌رده‌مه‌دا له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئهمهریكیدا ئایینی كڵێسه و پێغهمبهرهپیاو سالارییهكهیان په‌یامی ئه‌و دینه بۆ مه‌رامه‌كانی پیاو بوونه ،ده‌شێت ناوی بنێین دینی پیاو .ژن هیچ به‌هایه‌كی بنه‌ڕه‌تیشی بۆ دانه‌نراوه و سێبه‌ری پیاو بووه ،ته‌نانه‌ت له یه‌كێك له دیالۆكهكانی نێوان كاره‌كته‌ره‌كاندا ژن به ئاژه‌ڵ ڕاڤه ده‌كرێت :{{ سه‌گ له‌ژنی تازه به وه‌فاتره .}}(6) ڕێسا و یاساكانی ئه‌و دینه به‌ئاره‌زووی جیفسی پێغه‌مبه‌ریان ده‌بێت ،پیاو چۆنی ویستووه وه‌ها به‌كاریان هێناوه ،وه‌ك ئه‌و نموونه‌یه :{{ لیندا ده‌سته خوشكێكی به‌ناوی كلۆدیل هه‌بوو .ئه‌و ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بوو بكرێته هاوسه‌ری مێردی دایكی .}}(7) هه‌روه‌ها له‌یاسای ئه‌و دینه‌دا ژنی ئاوس له نۆ مانگییه‌وه بۆی نه‌بووه پرۆسه‌ی سێكسی ئه‌نجامبدات ته‌نیا ئه‌و كاته نه‌بێت كه پیاوه‌كه مۆڵه‌تی له ئاسمانی ئه‌و دینه وه‌رنه‌گرتبێت .واته پیاو سهربهستبووه له جووتبوونیش .ئاخر پیاوانی ئه‌م تایفه‌یه پیرۆزییان له‌لایه‌ن دینی كڵێسه و ئاسمانهكانیان به‌ند بووه به‌ڕێژه‌ی زۆری فه‌ره ژنییه‌وه .واته پیاو هه‌رچه‌ند كچی تازه بكاته به‌ژنی خۆی ئه‌وه زیاتر پیرۆز ده‌بێت و رۆحی زیاتر لهئاسمانهكهیان نزیكتر ده‌بێته‌وه .هه‌ربۆیه‌ش میریل جیسوب حه‌وت ژنی هه‌بووه و ژماره‌ی منداڵه‌كانیشی ده‌گه‌یشته په‌نجاو چوار منداڵ .
په‌راوێز و سه‌رچاوه‌كان:
(1) نووسه‌رانی بوێر و ئازا/ نازم حیكمه‌ت ،یه‌شار كه‌مال ، عه‌زیز نه‌سین /وه‌رگێڕانی له‌توركییه‌وه : شوكور مسته‌فا .له‌بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای ئاراس ژماره( 199)ی ساڵی 2010 چاپی یه‌كه‌م .ل75
(2) ده‌ربازبوون /كارۆلین جیسوب / وه‌رگێڕانی له‌عه‌ره‌بییه‌وه : شێرزاد هه‌ینی .له‌بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای ئاراس ژماره( 1133)ی ساڵی 2011 چاپی یه‌كه‌م .
(3) بڕوانه هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو. ل 106
(4) فه‌لسه‌فه‌ی هیگڵ / د.محه‌مه‌د كه‌مال / فه‌لسه‌فی .له‌بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م ژماره(523)ی ساڵی 2009 چاپی دووه‌م .ل24
(5) ڕۆمان چییه ؟ /كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر /وه‌رگێڕانی له‌فارسییه‌وه : جه‌واد مسته‌فا – پێداچوونه‌وه‌ی : هه‌ژار ڕه‌حیمی .له‌بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای توێژنه‌وه و بڵاوكردنه‌وه‌ی موكریان ،ژماره (236)ی ساڵی 2008 چاپی یه‌كه‌م .ل39
(6) بڕوانه هه‌مان سه‌رچاوه‌ی دووه‌م .ل87
(7) بڕوانه هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو. ل49