لەکوێدا هەموو رەوەندی کورد دەبێتە ژن کوژ؟
کێشهی پیاو مهزنی . کێشهیهکی گشتگیر و جیهانیه هەر میللەتێک بەپێی کراوەیی و داخراوی و پێشەکەوتن و چەقبەستنی نەریت و سیستەمی وڵاتەکەی بەشی خۆی بەردەکەوێت، بەواتایک میللەت و وڵاتێک نییە کە کەم تازۆر ژنانی گرفتاری کێشەی پیاو مەزنی نەبن و پیاوانیان له حەوڵی بهردهوام بۆ سالار بوون بوهستن.
بەداخەوە نەتەوەی ئێمەش وەک کورد لەم گرفتارییەی ژنان، بەشی هەرەگەورەی بۆخۆی بردووە و پیاوانی خەریکە دەبنە سەرمەشقی ناوبانگی زوڵم و زۆر له ژنان!.
لەمەڕ پرس و کێشەو گرفتی ژن قسەگەلێکی زۆر کراون، زۆر ژنی چالاک و بگرە پیاوی ئینساندۆستیش رای خۆیان هەبووە، بۆیە نامهەوێ لەم کورتە بابەتەدا ورد بوونەوەی زیاتر لەسەر ئەو باسە بکەم، ئەوەی من لێرەدا مەبەستمە ئیشارهی پێ پکهم، دهکرێ بلێی قسەکردنە لەسەر ئەو گرفتە کە لە پرسە ئینسانییەکەوە سەر دەکات و دەبێتە گرفتێکی نهتهوهیی و نەتەوەیەک دەکاتە ژنکوژ، قسەکردنە لە کێشەکە لەو مەوقیعەی کە دیاردەی قیزەونی توندوتیژی بەرانبەر بەژنان و ژنکوژی دەکاتە ناسنامەی کولی کورد و وەک مۆرکێک لەنێوچاوانی کوردستانی دەدات و وەک ناسنامەیەک دەیخاتە گیرفانی هەموو کورد.
بەهۆی ئەوەی کورد تاکو ئێستا خاوەنی کیان و خۆ بەڕێوەبردنێکی سەربەخۆ نەبووە و دهوڵهتانی داپلوسێنهر و زاڵم له لایهک و، له لایهکی تریش تاکوئێستا شوێنکەوتەی مەزهەب و دینە بۆ بەڕێوەبردنی ژیان رۆژانهو رێساکانی، نەریتی کورد توشی کوێرەوەری و داخران و چەق بەستنێک بووە، کە ژن تێیدا نەک ئینسان نییە، بەڵکو کۆیلەیەکی دەستی پیاوو نێچیرێکە بۆ سەربڕین و قوربانی، لەبارێکی تریشەوە هەمان نەریت دیسان پیاوان دەکاتەوە کۆیلەو هەرچی سەروەری ئینسان و وجودی پیاو هەیە وابەستەی دەکات بە بچوکترین کرداری ژنەوە، بەشێوەیەک کەمترین و بچوکترین ئازادی فیزیکی ژن، لای پیاوە کەمفکرەکان یەکسان دەکات بە هەرەشە لەسەر وجودی پیاو، ئەم نەریتە بۆتە قوتابخانەی پێگەیاندنی نەوەی کورد، نەوە لەدوای نەوە گۆش دەکات و بەردەوامی پێدەدرێت، بەشێوەیەک پیاوانێک توش بەچەقبەستووی مێشک و بیرکردنەوەیەک دەکات، کە لەهیچ جێیەکی دنیا توانای کرانەوەیان بەرووی ئینسان بووندا نییەو هەزمی هاوبەشی ژن لەژیان و وەک ئینسان مامەڵەکردنیان لەگەڵ ژندا پێناکرێت، بۆیە ههر ئهو جۆرهی لەناوخۆی وڵاتەکەی خۆیان پیاو گەلێک هەن کە دەستیان سوورە بەخوێنی ژنانی دەوروبەری خۆیان ناوچاوانی وڵاتەکەشیان رەشکردووە بەکردارەکانیان، لەدەرەوە و لەناو وڵاتە پێشکەوتووەکانی دنیاشدا پیاو گەلێکی کورد هەن، کە لەهەمان دۆخی چەقبەستووی ئەوێدا گوزەر دەکەن و توانای تێپەڕبونیان نییە بەسەریدا، ئەمانه بەکردە نامرۆڤانەکانیان دەرحەق بەژن، نە تهنیا ناوی وڵاتەکەیان لەژن کوشتن رەشتر دەکەن، بگرە ناسنامەی ژنکوژیش دەخەنە گیرفانی هەرچی تاکی کورد هەیە بە مرۆڤ دۆستەکانیشەوە.
کە خاڵی جەوهەری ئەو باسەی من دەمهەوێ هەندێ لەسەری بدوێم، کە پێمان دەڵێ لەکوێدا هەموو رەوەندی کورد دەبێتە ژن کوژ، کردارو ئاکامی کرداری ئەو پیاوانەیە؟.
بەڵام کاتێک باس لەوە دەکەم که کورد بەهۆی ئەوەی نەبۆتە خاوەنی کیانی خۆی و له لایەن نهیهرانی ههلومهرجی گهشه کردنی لێ زهوت کراوه، ئەوەشم لەیاد ناچێت کە نزیک بە ٢٠ ساڵە لەباشوری کوردستان کورد ئیدارەیی خۆبەڕێوەبەری هەیە، بەڵام نەیتوانیوە پلان و رێچارەی پێویست بۆ گرفتی بەکەم سەیرکردنی ژن و توندوتیژی دەرەهەق بەژن بخاتەروو و ئەو دیاردەیە بنبڕبکات، یا لانی کهم رێژێی ئهو دیاردهیه تا حهدێکی بهرچاو کهم بکاتهوه!!.
لەکاتێکدا کە ژنکوژی و ژن کوشتن تاکو ئەمرۆشی لەگەڵدا بێت، گەورەترین کاریگەری نێگەتیوی لەسەر ناوبانگی کورد داناوە.
لەناو خۆی کوردستان پلانی ورد و کاریگەر نییە، بۆ رێگری لەژن کوژی و کەمبینینی ژن، رێکخراوەکانی ژنان چالاکن، پیاوی ژن دۆست و مرۆڤدۆستیش بونی هەیە، بەڵام مادام لە سیستمی پەرەوەدە و روئیای سیاسی وڵاتدا کار نییە بۆ ناسینی ئینسان وەک ئینسان و ژن وەک هاوبەشی پیاو لەژیان و وڵاتدا، ئەنجامی کارەکان بە قازانجی ئینسان و ژن ناچنە پێش. لەهەموو ئەوانەش خراپتر، تاکو ئێستاش یاساکانی ئەو وڵاتە لەسەر بنەمای دین و تەفسیراتی دین دادەنرێت، لەوەها یاسایەکیشدا بێگومان کرانەوە نه تهنیا ئاسان نییە، بەڵکو دەبێتە کاری ئەستەم.
بەڵام کێشهی ههره مهترسیدار، که گرفتی ژنکوژی گەورەتر و نامۆتر و بێ پەردەو وەک خۆی پیشاندەدات، ئەوەی که زەنگی مەترسی بەکەمزانی ژن لەناوکورددا کاریگەرتر لێدەدات و ئاشکراتری دەکات، ئەوەی پێمان دەڵێت نەریتی وڵاتی ئێمە ئینسان گەلێک باردێنێ کە لەئەنجامدا کرانەوەی بەرویی ئینسان بووندا ئاسان نییە، کاری پیاوە کوردە ژن کوژەکانی تاراوگەن، ئەوانەی لەوڵاتە پێشکەوتووەکاندا دەژین، کە لەناو میللەتانی دنیا سەسوڕمان دەخولقێنن بۆ هەموو دەوروبەرە بێگانەکانیان، کە ئاخۆ ئەمانە لەکوێ هاتوون؟ کام نەریت باری هێناون؟ کە لەناو ئەم وڵاتانەی ژن تێیدا وەک ئینسان دەژی، کوشتن تێیدا یاساغ و بەدرەفتاری له گهڵ ژن لەمرۆڤ دەرچوونە، ئەمان خەریک بەژن کوشتنن؟!.
لە ئەورپا خێزانگەلێکی کورد هەن کە ئەو جۆره پیاوانە خاوەندارێتیان دەکەن و لەم وڵاتە پێشکەوتوانەش ماڵەکانیان وەک زیندانێکی لێهاتووە بۆ کچە گەنجەکانیان، توش بەدەیان گرفتی دەرونیان دەکەن و لەئەگەری یاخی بوونی کچەکش ئامادەن تا ئەوپەڕی توندوتیژی دەهەمبەر بنوێنن. کەم نین ئەو پیاوە کوردانەش دەبنە سەردێڕی رۆژنامە گەورەو جیهانییەکان کە لەوڵاتانی پێشکەوتوو پەنا دەبەنە بەر ژنکوشتن و توندوتیژی بەرانبەر کچ و ژنەکانیان، ئەوانە رێژەکانیان گەشتۆتە ئاستێک کە خەریکە دەگاتە ئەوەی ئەم ئینسان کوژییە بکەنە ناسنامەیەک بۆ کورد لای بیانیەکان و بیخەنە گیرفانی هەرکوردێکەوە، کێشەکە لێرەوە دەستپێدەکات کە بەهۆی کردەوەی نامرۆڤانەی هەندێ پیاوی کورد بەرانبەر بەژن، که حهقیقهتهن کهمیش نین، خەریکە ناسنامەی ژنکوژی بەحەموو تاکی کۆمەڵی کوردی دەدرێت و هەموو پیاوی کورد وهک ژن کوژ و حهمو ژنی کورد به ژێر چهپۆکه و بێ ئیراده و قوربانی دەناسرێن، لەهەمانکاتیشدا دەزگاو تاکەکانی کۆمەڵی کورد له ناو خۆ و دهرهوهی وڵات، بێ جم و جۆڵێکی ئهوتۆ و دانیشتوون بەدیار هەندێ بەرنامەو شێوازی چالاکی سواو لەدژی ئەو کردەوە نا ئینسانیانە که هیچ تناسب و سنخییهتێکی دهگهڵ رێژهی کێشهکه نییه، خودی کێشەکە بەردەوامی پێدەدرێت و گەورەتریشی دەکات!.
ئەوەی لێرە وا دەکات هەرتاکێکی کورد لەئەورپا هەست بەلێپرسراوی بکات، بەرانبەر ئەم دیاردەیە، بەدەرەجەی یەک ئینسان بونیەتی، چونکە ناکرێ ئێمە بێ دەنگ بین بەرانبەر ئەم کردارە نائینسانیانە، ئەوەش بزانین لەکاتی بێدەنگ بونمان لە کوشتنی ئینسانێک، لە رشتنی خوێنی ژنێک، لەکۆت و بەند کردنی کچێکی گەنج، لە بێ بەشکردنی کچێکی تازە پێگەشتووی کورد لەئەورپا لەو ئازادیانەی کە هاوڕێکانی وەک ئینسان هەیانە، دەبێت گومان لە ئینسان بونی خۆمان بکەین.
حهتا ئەگەر لە ئەرکە هەرە گەورەکهش، کە دژایەتی ئەو دیاردانەیه وەک ئەرکی ئینسان بوون دهرپجین و بچینە سەر ئەرکە لاوەکیەکانی تر کە هاوبەشبوونە لەتاوانەکە، دیسان بەرپرسیارەتی دەخاتە ئەستۆی هەر تاکێکی کورد لەکۆمەڵی کوردیدا لە وڵاتانی دەرەوە، کە هەوڵ بدات تا جێ دەستی هەبێت چالاک بێت بۆ بنڕکردنی دیاردەی ژنکوژی، چونکە هەوڵ نەدان بۆ وەستاندنی ئەم خەتەرە لە لەسەر ئینسان و ژنی کورد، به نهوعێک بەشداربوونە لەتاوانەکە، رەنگە زۆربەمان وابیر بکەینەوە کە نەخێر ئێمە بەهۆی ئەوەی چالاک لەبواری مافی ئینسانین، ڕێزدەگرین لە خێزانی خۆمان و لەکچەکانی خۆمان، بەشداری ئەم تاوانەنین، بێ ئاگا لەوەی ئەوە پیاوە داخراوەکانن تاوان دەکەن و لە ئەنجامیشدا بەهۆی بڵاوبونەوەی ناوی وەک کوردێکی ژن کوژ، هەموو کورد بە ژن کوژ دەناسرێت، هەموو تاکی کوردیش بەو هۆیە ناسنامە ژنکوژی دەخرێتە گیرفانی، لایەکی تر ئەگەر زۆرێک لەخەڵکی کورد لەکوردستاندا بە بیانوی ئەوەی کە ئەوەی روویداوە ئەو ژن کوژییە لەخێزانی ئەوان نییە و بەوهۆیەوە چاوپۆشی لە تاوانێکی گەورەی ئینسانی بکەن و چاو لە ئەرکی ئینسانی خۆیان بپۆشن، لە وڵاتانی دەرەوە کورد ئەم بیانوەشی دەستناکەوێت، چونکە کۆمەڵی هەر نەتەوەیەکی کۆچبەر یان پەنابەر لەوڵاتانی بیانیدا، ئەگەرچی پڕش و بڵاویش بن ناسنامەکەیان وەک ناسنامەیەکی خێزانی لێ دێت، کاتێک کوردێک تاوانێک دەکات، دەوروبەرە بێگانەکەت وەک کوردێک لەبارەیەوە پرسیارت لێ دەکەن و ئەگەر نەشپرسن روانینان بۆت هەمان پرسیاری تێدایە، بۆیە لێرەوە بۆ ئەوەی کوردانی دەرەوە هەموو ئینساندۆستانە مامەڵەبکەین پیویستە تاک بەتاکمان بەئەرکی ئینسانی خۆمان هەستین و هاوکاربین بۆ بنبڕکردنی دیاردەی ژن کوژی، دیاردەی توندوتیژی خێزانی، دیاردەی سنوردارکردنی ئازادی کچەکانمان و بێ بەشکردنیان لەو ئازادیانەی هاوڕێکانیان هەیانه، لەپێناو دروستکردنی ژیانی بەرابەرو و یهکسان وسەلماندنی بڕوامان بەوەی کە باوهڕمان بە پیرۆزی ئینسان و یەکسانی ژن و پیاو هەیە، پێویستە بەتوندی رەتی ئەو ناسنامەی ژن کوژی بکەینەوە کە ژن کوژەکان دەیخنە جانتای شان و گیرفانی هەموو تاکێکی کۆمەڵی کوردی، ئەویش بەدروستکردنی کاری هاوبەش و گەران بەدوای رێگاچارەی پێویست بۆ ئەو گرفت و دیاردە قیزەونە.
ناهید موکری / سوید