
چه‌ند ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك دەربارەی وه‌ڵامه‌كه‌ی كاك جیهاد حەمە كەریم
له ڕێكەوتی (16.01.2012)دا بابه‌تێكم له‌ژێر ناوی بۆچی دروستكردنی گروپه لۆكاڵییه‌كان زه‌روریه، بڵاوكرده‌وه. هه‌ر به بە یەك دوو ڕۆژێك دوای ئەوە كاك (جیهاد حه‌مه كه‌ریم) لە نامه‌یه‌كدا بۆمن، ڕاوبۆچونی خۆی له‌سه‌ر بابهتهكەم ده‌ربڕی، پاشانیش بۆ بڵاوكردنەوە ناردی بۆ ڕۆژنامەی هاوڵاتی و هه‌ندێك له‌ماڵپه‌ڕه كوردییه‌كان. بۆ خوێندنه‌وه‌ی سه‌رنجه‌کانی کاک جیهاد، تکایه کرته له‌سه‌ر ئه‌م لینکه بکهhttp://www.emrrow.com/cendsernceklep.htm
پێشه‌كی من سوپاسی كاك جیهاد ده‌كەم، كه لە وەڵامدانەوەمدا خۆی ماندوو كرده‌وه به‌وه‌ی بایەخێكی زۆری بە بابەتەكەم داوه و داواش له كه‌سانی تر ده‌كات كه مشت‌ومڕ له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه بكه‌ن.
هه‌ڵبه‌ته لای من ئه‌وه‌نده‌ی به‌شداریكردنی خه‌ڵكی گرنگه له كردنی دایه‌لۆگدا، ئه‌وه‌نده باری سه‌رنجه‌كانیان كه كێ ڕاسته‌و كێ هه‌ڵه‌یه گرنگ نییه، چونكه من ڕام وایە كە ڕه‌نگه ڕاستییه‌كان له‌لای كه‌سمان نه‌بن هه‌تا پلانه‌كه ده‌خرێته فۆڕمی كاركردنه‌وه ئه‌و كاته خودی كاركردنه‌كه به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك ده‌بێت بۆ دروستی و نادروستی كارەكە، هه‌ر بۆیه من لێره‌دا ڕه‌خنه له وه‌ڵامه‌كه‌ی كاك جیهاد ناگرم، به‌ڵكو له ڕوانگه‌ی بۆچونه‌كه‌ی كاك جیهاده‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌م تاكو چه‌ند ڕونكردنهوەیەك بده‌م به‌و مه‌به‌سته‌ی گه‌ر كه‌لێنێك له نووسینه‌كه‌مدا هەبووبێت یا تهموومژێكی له‌سه‌ر بووبێت نه‌یهێڵم و لایبه‌رم.
1- من باسم له دروستكردنی گروپی لۆكاڵی كردوه، كه به‌ڕای من ئه‌و گروپه لۆكاڵیانهی كه من وێنام کردوون تەنانەت له ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا و ئه‌مه‌ریكای لاتینی و شوێنه‌كانی تریشدا به ده‌گمه‌ن هه‌ن – دیارە ئه‌مه‌ش ئەوە ناگه‌یێنێت كه ئه‌مه بیرۆكه و ئایدیای منه- به‌ڵام له كوردستاندا نه پێشتریش و نه ئێستاش بوونیان نه‌بووە و نییە. ئه‌وه‌ی كه من ده‌یڵێم نه‌ك هه‌ر گروپ و ڕێكخراوە مه‌ده‌نییه‌كان نین كه ئێستا له زۆربه‌ی وڵاتانی جیهاندا به كوردستانیشه‌وه، ده‌ستبه‌كارن، به‌ڵكو گروپه فشاریهكانیش نین كه له به‌ریتانیا و سه‌رجه‌می وڵاته ئه‌وروپییه‌كان و ئهمهریكاو گەلێك شوێنی تریشدا ده‌ورێكی گه‌لێك گرنگیان هه‌یه.
ئه‌وه‌ی كه له نووسینه‌كه‌ی كاك جیهادا هاتووه لای من زیاتر دوو لایه‌ن دەگرێتەوە. یه‌كه‌م: گروپ و ڕێكخراوه جهماوهریهكانن، كه هه‌مه ڕه‌نگه‌ن و پارتێك یا ڕێكخراوێكی سیاسی‌یان له پشته‌وه‌یه. دووهه‌میان گروپه مه‌ده‌نییه‌كانن كه ئه‌مانه‌ش پشتوپه‌نای خۆیانیان هه‌یه. من له‌و دیمانه‌یه‌ی كه ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی له هاوینی ساڵی پاردا له‌گه‌ڵیا كردم، بار و سه‌رنجی خۆمم سه‌باره‌ت بەو گروپه مه‌ده‌نیانە ڕونكردۆته‌وه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مە لێره‌دا خۆم له دووباره‌كردنه‌وه‌ی ده‌پارێزم.
بەڵام بەپێویستی دەزانم كە هه‌ر زۆر به‌كورتی به‌راوردێك له نێوانی ئه‌و جۆره گروپانه‌ی كه من لە نوسینەكەمدا باسم كردوون له‌گه‌ڵ گروپه فشارییهكاندا بكه‌م، چونكە وەكو پێشتر وتم گروپه فشارییهكان له ئه‌وروپاو هەندێك شوێنی تردا زۆر كاران و گه‌ڵیك جاریش ئامانجه‌كانیان به‌ده‌ستده‌هێنن.
گروپە فشارییهكان وه‌ختین، بۆ گیرۆگرفتێك، داخوازییه‌كی كۆمۆنێتیهكه دروستدەكرێن، زۆربه‌ی وه‌خت هیچ جۆره په‌یوه‌ندییه‌كیان له‌گه‌ڵ گروپه‌كانی تر چ له ناو خه‌ڵكانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌دا، خودی شارهوانییهكهدا، چ له‌گه‌ڵ گروپه‌كانی ناو گه‌ڕه‌ك و شاره‌وانییه‌كانی تردا، نییە. ئه‌م گروپانه ڕیفۆرمیست و ڕیفۆرمخوازن. ئه‌مان پانتایی بۆچوون و چالاكییه‌كانیان ته‌سكه و بەربڵاو نییه، هەر لەبەر ئەمەش بزنس و بزنسمانه‌كان، ده‌سه‌ڵاتداران، به مه‌ترسیداریان نازانن له‌سه‌ر خۆیان و وروژاندنی كۆمۆنێتییهكەش، كە لە كاتێكدا بزنس و دەسەڵاتداران هیچ وه‌ختێك و له هیچ شوێنێكی ئه‌م جیهانه‌دا له‌گه‌ڵ سێ پرسی گرنگدا نایه‌نه‌وه: مافی مرۆڤ، پاراستنی ژینگه و ته‌ندروستی كرێكاران و كارمەندان و كۆمۆنێتییەكەش، وە دەسەڵاتیش هەمیشە پشتگیری لە بزنس کردووه‌و له‌م سه‌رده‌مه‌دا پشتگیری زیاتریشی لێدەكات. بازاڕی ئازاد و ئازادی بزنس، كاریگەرییان لەسەر ملیاردێك زیاتر لە خەڵكی داناوە و ژینگەشیان وێرانكردوە. گەر بەتایبەتیش تەماشای دەوریان بكەین، ئەوە بۆ نموونە بڕواننە دەوری كۆمپانیای شێڵ لە نەیجیریا، كۆكەكۆلا لە هیند، بریتش پیترۆڵ لە ئەمەریكا و مەكسیكۆ، نەوتوقیر لە ئەلبێرتای كەنەدا،ڕۆڵی سوپەرماركێتە گەورەكانی ئەمەریكا و ئەوروپا لەو شوێنانەی كە بوونیان هەیە بەتایبەت ئەمەریكای لاتین. ئەمە جگە لەوەی هەر لە بریتانیادا دەسەڵات هەتا بتوانێت ناهێڵێت مانگرتن و خۆپیشاندان و چالاكی ڕاستەوخۆ بكرێت. ساڵانەش هەزارەها كرێكار و كارمەند سکاڵای یاسایی لەسەر خاوەن كارەكانیان تۆمار دەكەن لە زیانپێگەیشتنی تەندروستییاندا. لێرەدا دەبێت ئەوەش بڵێم كه ده‌سه‌ڵات و دەوڵەت و بزنس زیاتر له سه‌رده‌مه‌کانی پێشتر تێكەڵاون بەیەكدی بوونەتە بەشێك لەیەكتری و بەرژەوندییەكانیان لەیەكتری جیاناكرێتەوە. تەنانەت لە كوردستانیشدا كە زوربەی كاربەدەستان و بەرپرسەكان یا هەر خۆیان بزنسمانن یا نیوە بزنسمان و نیوە سییاسیین. لە مەسەلەی پشتگیریكردنیشیان لە بزنس، تەنها ئەوە بەیاد دەهێنمەوە : لە كاتی مانگرتنەكەی كرێكارانی كارگەكەی چیمەنتۆ لە تاسڵوجە، دەسسەڵات چۆن چوو بەهانای فاروقی مەلاموستەفاوە و دەستی چوو بە خوێنی كرێكارەكاندا.
وەكو وتم گروپە فشارییەكان بەو دەورەی دەیگێڕن مه‌ترسی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و بزنس، دروستناكەن، به‌ڵكو ده‌یانه‌وێت بزنس و ده‌سه‌ڵات به‌ئاگابێننه‌وه كه ئه‌وان خه‌ریكن هێڵی سوور دەبەزێنن. ئه‌مان باوه‌ڕیان به هاوپشتی و كاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ گروپه‌كانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی خۆیان و ده‌ره‌وی وڵاتیش نییە هه‌ر بۆیه ئه‌مان بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری یا خه‌ڵكی دروستناكه‌ن و نه نیەتی ئه‌وه‌شیان هه‌یه و نه هانی خه‌ڵكیش بۆ ئەوە ده‌ده‌ن.
هه‌رچیش ئه‌و گروپه لۆكاڵیانهن كه من باسم كردوون، ڕاسته گروپی فشارین به‌ڵام ئه‌وه ته‌نها خاڵی ده‌ستپێكردنی چالاكییهكانیانە بۆیه نه كاتیین و نه ئامانجه‌كانیشیان له‌ته‌واوبووندایه و نه ڕیفۆرمخوازیشن به‌و مانایه‌ی كه خۆیان لەگەڵ دەسەڵات و بزنسدا بسازێنن یا بگونجێنن، بۆیه هه‌وڵی كۆتایی ئه‌وان بۆ كۆتاییهێنانه به‌و ئیدارانه و ده‌سه‌ڵاتانه له‌پاڵ ده‌سه‌ڵاته‌كانی تردا. له بابهتهكەمدا من له‌سه‌ر ئه‌مه به‌درێژی دوواوم، لەبەر ئەوە پێویستی بە ڕونكردنەوەی زیاتر نییە، تەنها ئەوەندە دەڵێم كە گروپە لۆكاڵییەكان لە كوردستاندا نە لە دێرزەمانەوە هەن و نە خۆشیان سەپاندووە و نە هەمیشەییشن، هەر لەبەر ئەمەش ئەو تایتڵەی كە هەڵم بژاردوە بۆ باباتەكەم، لای خۆم، پڕ بە پێستی بابەتەكەیە.
من لێره‌دا خۆم له باسی گروپ و ڕێكخراوه جه‌ماوه‌رییه‌كان كه هێزی حیزبی و حیزبی ده‌سه‌ڵاتیان له پشته‌وه‌یە، لادەدەم چونكه هه‌موومان ئه‌و كاره‌ساته ده‌بینین كه چ فێل و چاوبهستكردنێك له خه‌ڵكی له‌ژێر ئه‌و ناوه‌دا دەكرێت.
پێش ئه‌وەشی بچمه سه‌ر خاڵی دووهه‌م ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم پێموایه جفات و كۆمۆنیتی و كهمهنهتهوایهت و هۆز و تیره و تایه‌فه و رەگەز، جیاوازن له گروپی لۆكاڵی. من تێنه‌گه‌یشتم كه چۆن كاك جیهاد ئه‌و دووانه‌ی به‌یه‌ك چواندووه و كردوونی به‌یه‌ك.
2- من ئاوا تێدەگه‌م كه چاوچنۆكی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ یا هۆز و تیره و لایه‌نه‌كانی، له‌وكاته‌وه دروستبووه كه كۆمه‌ڵگه له قۆناغی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌شاعه‌ی سه‌ره‌تاییه‌وە گوێزرایه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگەی چینایه‌تی، واته له كۆمه‌ڵگەیه‌كه‌وه كه موڵكیه‌تی تایبه‌تی تیادا نه‌بووه و هه‌موو شتێك، هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانه سروشتیه‌کان موڵكی كه‌س نه‌بوون بۆیه تاكه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه هه‌موویان به‌پێی پێویستی خۆیان به‌كاریان هێناوه. به‌ڵام هه‌ر به پێنانه قۆناغی كۆمه‌ڵگەی چینایه‌تییه‌وه، كه موڵكیه‌تی تایبه‌تی تێیدا وجودی پەیاكردووە و سەقامگیر بووە، ئیتر نه‌ك هه‌ر ژیانی خه‌ڵكی گۆڕی سه‌باره‌ت به بەده‌ستهێنان وبەكارهێنانی پێویستییه‌كانی ڕۆژانه‌یان، به‌ڵكو ئه‌و په‌یوه‌ندییه به‌رهه‌مهێنانە نوێیەی كه دروستیشی كرد كاریگه‌ری ته‌واوی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوانی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ش دانا‌و دیاری كرد، ئیتر له‌مه‌وه ژیانی خه‌ڵك و ڕێڕه‌وی ئەو ژیانە به‌ته‌واوی گۆڕرا، واته تا ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كه چین نه‌بوو، موڵكییه‌ت و بەرههمهێنانی تایبه‌تی نه‌بوو، نه‌هجی ژیانی خه‌ڵك له سه‌ر پێداویستییه‌كانی ڕۆژانەی دیاری ده‌كرا و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌شی ده‌ویست، به‌ڵام له كۆمه‌ڵگەی چینایه‌تیدا، له قۆناغی موڵكیهت و به‌رهه‌مهێنانی تایبه‌تیدا، خه‌ڵكانێك، توێژاڵێك، چینێك دروستبوون له‌سه‌ر پێداویستییه‌کان یا ئه‌وه‌ی كه پێویستیان بوو بۆ ژیانیان، نه‌وه‌ستان، به‌ڵكو ئه‌م سونه‌تی ژیانه له پێداویستییه‌وه یا پێوویستییه‌وه گۆڕرا بۆ ده‌مه‌وێت، یا ده‌بێت هه‌م بێت. واته وه‌ك بە ئینگلیزی دەڵێن له Need وه گۆڕرا بۆ Want، كه جیاوازییه‌كی گه‌وره‌ش له نێوانی ئه‌م دوو وشه‌یه‌دا هەیە. كه كۆمه‌ڵگەی به‌شه‌ری گه‌یشته قۆناغی سه‌رمایه‌داری و چڕ بوونه‌وه و پۆلینه‌بوونی چینه‌كان، ئەم كێشەیە زیاتر و باشتر ده‌بینرێت، مرۆڤ تێیدا ده‌بێته ئامێرێكی كاركردن و هه‌میشه‌ش له دڵه‌ڕاوكێی له ده‌ستدانی كاره‌كه‌یی و خێزانەكەیی و سەرپەناكەشیدا ( جێگا‌و مه‌سکه‌نه‌که‌ی) ده‌بێت، فشاری سەختی كاروباری ژیان و زیادكردنی داخوازییه‌كانی، ژیانی هەرە زۆرینەكەی مرۆڤی كردۆتە دۆزەخ. بەتێپەڕبوونی ڕۆژگاریش ئەم بارودۆخەش سه‌ختتر دەبێت بۆیە مرۆڤ زیاتر خۆپه‌رست ده‌كات، بێته‌حه‌مولی دەكات، به‌رهه‌ڵستی به‌رامبه‌ر ژیان و كێشه‌كانی كه‌متر ده‌كاتەوە، توشی نائومێدی و بێهوده‌یی و سه‌رسامی ده‌كات، بەژیانی خۆی، به ژیانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی نامۆی ده‌كات، به‌ڕاده‌یه‌ك هه‌ندێك جار ژماره‌یه‌ك له تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگە به‌رەو كردنی كارێكی ناشیاو ده‌بات وه‌كو له ده‌ستدانی ژیانی خۆی یا كوشتنی سه‌رجه‌می ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی یا خەڵكی تر.
من ڕام وایه سیسته‌مه‌كه، كۆمه‌ڵگەكه خه‌ڵكی دروست ده‌كات، ماركس وته‌نی مرۆڤه‌كان ڕۆڵه‌ی یا بوونه‌وه‌ری سه‌رده‌می خۆیانن. هه‌ر ئه‌م سیسته‌مه كاراكته‌ر و كه‌سایه‌تی و لێوه‌شاوه‌یی و به‌توانایی و لاوازی و به‌هێزی تاكەكان دروستدەكات. له زۆربه‌ی زۆریشماندا هه‌ر ئه‌م سیسته‌مە و كۆمهڵگهكەی فهشهلبوونی تاكه‌كانی یا سه‌ركه‌وتنیان له ژیانیاندا بۆ دیاری ده‌كات. تاكه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه له ڕێگه‌ی ئه‌و هه‌له‌وه كه كۆمەڵگە و سیسته‌مه‌كه بۆیان ده‌ڕه‌خسێنێت، پێدەگەن، یا خێزانه‌كانیان، كه به‌شێكن له سیسته‌مه‌كه ده‌یانداتێ، ئیدی هه‌ر له سه‌ره‌تای ژیانی فهردهكهوه ده‌توانیت دواڕۆژهكهی بخوێنیته‌وه مەگەر ( قەزاو قەدەر) بە ئاقارێكی تردا بیبات، بۆیه زۆر ڕاسته گه‌ر هه‌ندێك جار بڵێین كه تۆ سیسته‌مه‌كه یا كۆمەڵگەكە هەڵنابژێریت به‌ڵكو ئەو تۆ هه‌ڵده‌بژێرێت. بۆ نموونە له زۆربەی بوارەكانی ژیاندا وه‌كو: بێ‌ئیشی، ته‌ندروستی خراپ، منداڵی خراپ، لانه‌وازەیی و بێجێگەوڕێگەیی، بەشداری و ئاڵان لە جەنگەوە، تۆ هه‌ڵیان نابژێریت به‌ڵكو سیستەمەكە بۆت هه‌ڵده‌بژێرێت.
بێگومان هه‌موو ئه‌مانه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نن كه ئیتر تاك له كۆمه‌ڵدا، گروپ، ڕیكخراوبوونی خه‌ڵكی ڕۆڵی نییه له گۆڕینی كۆمه‌ڵگه و سیسته‌مه‌كه‌دا. دیاره ئه‌مه‌ش بۆخۆی بابه‌تێكی تره‌و هه‌ر له‌وێدا ده‌توانرێت وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه بدرێته‌وه كه بۆ هه‌ندێك خه‌ڵك له‌گه‌ڵ هه‌موو خراپی و زوڵم و زۆر و ناڕێكی و نادادپه‌روه‌رێتی سیستهمهكەدا ده‌ڕۆن؟ بۆچیش هه‌ندێك به‌ره‌نگاری ده‌بنه‌وه؟ وه بۆچی كۆمه‌ڵێكیش به‌بێبایەخ كێشه‌كان وەرده‌گرن و خۆیان ناكه‌ن به‌خاوه‌نی؟ هه‌روه‌ها بۆچی كۆمه‌ڵێكی تریشمان هه‌لی دەربازبوونی لەم سیستەمە نییە و چی تر خۆی لە بەرامبەریدا بۆ ناگیرێ و سەرئەنجام تێكوپێك دەشكێت و ناچاری له ده‌ستدانی ژیانی خۆیشی و خێزانیشی دەكات ؟
وەڵامی ئەو پرسیارانە كاری ئه‌م بابه‌ته نییه به‌ڵام تەنها ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم هۆكاری بناغه‌یی بۆ به‌شدارینه‌كردنی خەڵكی له چالاكییه‌كاندا، لە دژایهتینەكردنی زوڵم و زۆر و نادادپه‌روه‌رێتی كۆمه‌ڵایتیدا، هەرگیز مه‌سه‌له‌ی خۆپه‌رستی و هەستنەكردن بە بەرژەوەندییەكانی و كه‌م بایەخدان به ژیان نییه.
3- منیش وه‌كو گه‌لێكی ترمان ده‌زانم كه سیسته‌می سه‌رمایه‌داری له سیسته‌مه‌كانی پێشتری خۆی پیشكه‌وتوو تره، مرۆڤیش له هه‌ندێك ڕوه‌وه تێیدا ئازادتره،( به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانین که کۆنترۆڵکردنی مرۆڤ و فشارخستنه‌سه‌ری له‌م سیسته‌مه‌دا به‌هۆی ته‌کنه‌لۆجیای نوێوه زۆر به ئاسانی ده‌کرێت، بۆ نموونه گه‌ر ئه‌مه‌ریکا که‌سێکی بوێت له هه‌ر شوێنێکی ئه‌م وڵاتانه‌دا، ده‌توانێت بیهێنێته‌وه ژێر ڕکێفی خۆی، که 30 ساڵ له‌مه‌و پێش ئه‌مه مه‌حاڵ بوو) ، ژیانی زۆربه‌شیان له چاو ژیانی ژێرده‌سه‌ڵاتی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و كۆیله‌یه‌تی، له ڕوی خۆراک و پۆشینه‌وه، گه‌لێك باشتره. ئه‌م ئازادیبوونه‌ی مرۆڤ، ئەم باشێتی ژیانه‌شیان له‌هه‌موو ڕویه‌كه‌وه، عهتایهك یا خه‌ڵاتێك نه‌بووه كه سیسته‌می سه‌رمایه‌داری به‌خه‌ڵكی بەخشیبێت. سیسته‌می سه‌رمایه‌داری له‌پێناوی مانه‌وە و گه‌شه‌پێدان به‌خۆیی و زیادكردنی بڕی سوود و قازانج ناچار بووه كه ده‌ستبه‌رداری ئه‌و كۆتانه‌ی كه لە سیستەمەكانی پێش خۆیدا ئاڵابووونه گه‌ردنی كرێكاران و ڕه‌رنجه‌داران و خه‌ڵكانی تره‌وه، ببێت، بە داماڵینیان یا بە شلكردنیان. لەم سیستەمەدا ده‌بێت خه‌ڵك له‌ماڵ بێته ده‌ره‌وه بۆسه‌ر كارگه و به كۆمه‌ڵ و گروپ ده‌ست به‌كاربن، ده‌بێت ئه‌وه‌نده‌شیان كرێ بدرێتێ تاكو هه‌م هێزی ئه‌وه‌شیان تیابێت كه بێنه‌وه بۆ ئیش و هه‌م توانای ئەوەشیان هەبێت لە كڕینی ئه‌و كاڵایانه‌ی كه له‌لایه‌ن خۆیان و هاوكارەكانیانەوە دهخرێنە بازاڕه‌وه، بکڕرێت، بۆیه سیسته‌می سه‌رمایه‌داری بۆ بەردەوامبوونی ژیانی، پێویستی به بهندومهرجێكی نوێی كاركردن، شوێنێكی نوێ، ژینگه‌یه‌كی نوێ، ئیداره‌یه‌كی نوێ هەتا هەبوونی نیقابەی كرێكاران، نقابه‌یه‌کی گۆشت خۆر به‌ڵام نه‌ک ئێسقان شکێن، هه‌بووە و هەیە.
هه‌ر نمونه‌یه‌كی بچوكی ئاسایی ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌ر ئیمهیل و فه‌یسبوك و تیوێته بتوانرایه یاساخ بكرایه به دڵنیاییه‌وه سه‌رمایه‌داری ده‌یكرد چونكه ئه‌م سێ ڕێگەیه‌ی كۆمینیكه‌یشن بوونه‌ته چه‌كێكی گرنگ و كاریگەر له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه كه له خودی سیسته‌مه‌كه خۆی، پێده‌درێته‌وه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی كه بونه‌ته به‌شێكی گه‌وره‌ی ژیانی خه‌ڵك و كارئاسانی بۆ ئەمانیش و بۆ سیستەمەكەش دەكات چ لە ڕێكخستنی ژیانی تایبه‌تی خەڵكی خۆیاند، لە خوێندنیاندا، ئیش و كاریاندا، له ڕاپه‌ڕینی ئیشوكاری ڕۆژانه‌ی خۆیاندا وه‌كو مامه‌ڵه كردن له گه‌ڵ بانقهكاندا، دوكانه‌كاندا، ئۆفیسه‌كاندا، زانكۆ و قوتابخانه‌كاندا، خەستەخانەكاندا، له‌گه‌ڵ ناوه‌نده‌كانی هاتوچۆكردن و گهشتوگوزاركردندا، گه‌لێكی تریش، كە بۆ خودی سیستەمەكەش بە سوودبەخش دەگەڕێتەوەو کارئاسانی بۆ ده‌کات، دەبێت ئەو سێ ڕێگەیەی كۆمینەكەیشن بەردەوام بن تاكو ئەو كاتەی كە مەترسی تەواو لەسەر دەسەڵات و بزنس پەیدا دەكەن. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا ژیان له سای سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا ژیانێكی گه‌لێك گه‌لێك قورسه، سیسته‌مێكی به‌ڕبه‌ڕیانەیە و ئێسك و پروسسكی مرۆڤ دەشكێنێت و شیرازەی كۆمەڵگە و پەیوەندی كۆمەڵایەتی دەبچڕێنێت. ئه‌م سیسته‌مه‌یه كه جه‌نگی دروستكردوه، نادادپه‌روه‌ری و هه‌ژاری و نەبوونی و نامۆیی و خۆكوشتن و ڕه‌وكردن و ژینگە وێرانكردنی، گه‌لێك زیاتر كرده‌وه، نه‌ك بهپێچهوانەكەیەوە. هه‌ر ئه‌م سیسته‌مه‌یه كه له ڕێگەی دهسگهكانی وه‌كو ڕاگه‌یاندن و پارت و رێكخراوه‌كان و پێگەیاندن و په‌روه‌رده‌كردن و دەسگە چاراتییەكان( ده‌سگه یا کۆمه‌ڵه خێرخواییه‌کان) و هه‌تا دین و مه‌زهه‌بیشه‌وه، كاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر سه‌رجه‌می تاكه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه داناوه كه ئه‌مانه‌ش له خۆیاندا ئاستی ڕوناكبیری و هۆشمه‌ندی و هه‌تا په‌یوه‌ندی نێوان تاكەكانی كۆمەڵ و چالاكییەكانیشیان دیاری دەكات.
منیش وه‌ک كاك جیهاد كێشه‌م له‌گه‌ڵ مرۆڤدا هه‌یه، به‌ڵام من له خلالی سیسته‌مه‌كه‌وه، كۆمه‌ڵگه‌كه‌وه ئه‌م كێشه‌یه‌م هه‌یه، واته ڕه‌گوڕیشه‌ی مرۆڤه‌كانی، تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه ده‌گێڕمه‌وه بۆ سیسته‌مه‌كه بۆ كۆمه‌ڵگه‌كه، ئه‌وه سیسته‌مه‌كه‌یه، كۆمه‌ڵگه‌كه‌یه كه مرۆڤه‌كانی دروستكردوه، هه‌ر ئه‌ویشه وای لێكردوه، وەكو پێشتر باسم كرد، كه هه‌موو بەهایەكی مرۆڤانه‌ی لایان هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه، نامۆی كردون به‌خۆشیان و به‌هه‌موو شتێكی ده‌وروبه‌ریشیان، خۆپه‌رست و دڕنده‌ی كردوون.
ئێمه هه‌مانه و نیمانه هه‌ر ئه‌م مرۆڤانه‌مان هه‌یه، خۆ له گه‌ردونێكی تره‌وه مرۆڤ ناهێنین، هه‌ر بۆیه‌ش ده‌بێت كار له‌سه‌ر ئه‌م مرۆڤانه بكه‌ین، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی خۆ گه‌ر ئێمه كێشه‌مان له‌گه‌ڵ مرۆڤەكاندا نه‌بێت بۆچی ده‌مانه‌وێت كۆمه‌ڵگه بگۆڕین؟ خۆ ئەگه‌ر ئێمه كێشه‌مان له‌گه‌ڵ ئاسماندا هه‌بووایه ئه‌وه ده‌بووایه له ئاسمانه‌وه ده‌ستمان پێبكردایه، هه‌ربۆیه‌ش گۆڕینی مرۆڤه‌كان ده‌بێت له‌گۆڕینی كۆمه‌ڵگه و سیسته‌مه‌كه‌وه ده‌ستپێبكات. له‌ناو خێزانه‌وه له قوتابخانه‌وه ده‌ستپێبكات، گەرچی ئه‌م گۆڕانكارییه لەناو خێزاندا یاقوتابخانه‌دا تاڕادەیەك كارێكی ئاسان نییه و نابێت چونكه بە ئاشكرا دەبینین ئه‌م دوو یه‌كه كۆمه‌ڵایه‌تییه ملكه‌چی یاسا و ڕێسكانی ئابووری سه‌رده‌من، ملكه‌چی پێوه‌ندی ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی هەنوكەن، ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو یه‌كه‌یه‌ش كه بۆ سیسته‌مه‌كه زۆر زه‌رورن گەر له هاوشانی سیسته‌مه‌كه‌وه نه‌ڕۆن ئه‌وه یا سه‌رئه‌نجام تێده‌شكێن یا ئه‌وه‌تا شتێكی نه‌شاز ده‌رده‌چن.
من به‌شبه‌حاڵی خۆم گله‌یی له خه‌ڵكی ناكه‌م كه ئەگه‌ر وه‌لا به‌رن بۆ لایه‌ك یاخود شوێنێك بۆ یارمه‌تی، یا به‌شانوباڵی كه‌سان و لایه‌نی یارمه‌تیده‌ردا هەڵبدەن وه‌كو نموونه‌كه‌ی كه كاك جیهاد هێناویەتییه‌وه سەبارەت بەوەی كە خەڵكی بڕێك دۆلار وه‌ربگرێت له ئه‌مه‌ریكیه‌كان. بێگومان ئەمە هەڵوێستی خەڵكانی بار لارن، بەشێكن لە خەڵكانێك كە سیستەمەكە خستونیەتە پەراوێزی ژیانەوە، پەراوێزی كۆمەڵگەوە، خۆ خەڵكی لەم حاڵەتەدا كە زەرورە بەوە، داوای دەوڵەتی سەربەخۆ ناكات، جا ئەمە ڕاستە یا هەڵەیە ئەوە مەسەلەیەكی ترە. خۆ له ڕاستیشدا گه‌ر هەركەسێك به وردی ته‌ماشای بابەته‌كه‌ی من بكات جه‌وهه‌ری باسه‌كه‌ی من ئه‌وه‌یه كه خه‌ڵكی لە پێداویستییەكانی خۆیەوە دەڕوانێتە كێشەكان. بێگومان من باس لەوە ناكەم كە خەڵكی دەبێت دەست لە ئەمەریكییەكان پان بكاتەوە بۆ دۆلارێك، یا كارێكی نادروست بكات بۆ بەدەستهێنانی پارەو پلەو سامان. من لە بابەتەكەمدا دەڵێم خەڵكی ده‌بێت كار بۆ به‌دیهێنانی پێداویستیه‌كانی ژیانی بكات، خه‌بات و چالاكی بۆ ئه‌وه بكات، چونكه ئه‌و پێداویستیانه‌یه كه ده‌سته‌به‌ری ژیان و مانه‌وه‌یان ده‌كات، ئه‌مانه‌ن كه ته‌ماسی ته‌واو ڕاسته‌وخۆیان به ژیانیانه‌وه هه‌یه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه خه‌ڵكی هوشیارن به به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیان و پێویستیان به ڕابه‌ر و سه‌كرده و كادیری به‌توانا و بە ئەزمون نییه تاكو پێیان بڵێن ئه‌وه مه‌كه‌ن و ئه‌وه بكەن. هه‌موو ئه‌و داخوازیانه‌ش له ڕێگای گروپه لۆكاڵییه‌كانه‌وه دێته دی نه‌ك له ڕیگەی په‌ڕله‌مان و سیاسییه‌كانه‌وه.
من لێره‌دا به‌راوردی ئه‌م كۆمه‌ڵگەیه‌ی ژیر سیسته‌می سه‌رمایه‌داری به كۆمه‌ڵگه‌كانی پێشتر ناكه‌م، چونكه بەراورد كردن لای من یەكەم : وادەگەیەنێت كە ئێمە دەبێت خۆمان بە بەختەوەر بزانین و سوپاسگوزار و مەمەمنوون بین كە لە سایەی سیستەمێكی ئاوا بەڕبەریدا دەژین، كە بەهیچ شێوەیەك خۆمان هەڵمان نەبژاردووە. دووهەمیش: له زۆر وه‌ختتدا به‌راوردكردن كارێكی هه‌ڵه‌یه چونكه هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك جوودایه له‌وانی تر چ له‌ڕووی پێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌یه‌وه، له‌ڕووی موسته‌لزه‌ماتی ژیانی تاكه‌كانییه‌وه، له‌ڕووی كاراكته‌ری تاكه‌كانییه‌وه چ له ڕووی پێداویستیه‌كانی ژیانیشیانه‌وە.
من لێرەدا ئەوە دووپات دەكەمەوە كه له بابه‌ته‌كه‌مدا باسم له‌وه كردوه كه ئەگەر چه‌په‌كان، كۆمۆنیسته‌كان ده‌ورێكی كاریگهرتریان له‌سه‌ر به‌رده‌وام پێدان و پته‌و كردنی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری زیاتر له ڕاستڕه‌وه‌كان نه‌بوبێت، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێم كه كەمتر نەبووە . هه‌ر بۆ نموونه ته‌ماشای بزوتنه‌وه چه‌پ و كۆمۆنیسته‌كانی چه‌رخی ڕابوردوو بكه، ته‌ماشای ڕۆڵیان له ئه‌وروپا و بزوتنەوەكانی ئه‌م دواییه‌ی جیهان بكە.
لە هەمان كاتیش‌دا من سنوور و ئایدیا ناسه‌پێنم به‌سه‌ر خه‌ڵكدا، من له‌گه‌ڵ ئایدۆلۆجیه‌تدا نیم . من باوه‌ڕم به‌وه هه‌یه كه ئێمه ده‌بێت به مێشكێكی كراوه‌وه، له شێوه‌ی دایەلۆگدا به هێنانەوهی به‌ڵگه و به‌ڵگه‌نامه قسه له‌سه‌ر سه‌رجه‌می شته‌كان بكه‌ین، بۆیه لای من هیچ شتێك نه هه‌میشه‌ییه و نه ئه‌زه‌لییشه، ده‌بێت هه‌موو شتێك قابیل به لێكؤڵینهوه و شیكردنه‌وه و ئاڵ‌وگۆڕكردن بێت، به‌ڵام هه‌رچی ئایدۆلۆجیا و ئایدیای سه‌پاو هه‌یه، هیچ هەلێك بۆ ئەوانەی كە لە سەرەوە وتم ناهێڵێتەوە.
زاهیر باهیر
له‌نده‌ن 29/02/12