با 8 مارس بکه‌ینه ڕۆژی به‌هێزکردنی ئیراده‌ی ژنان
ئێمه وه‌ک کۆمه‌ڵه‌ی ڕێکخروه‌کانی ( نا بۆ که‌لتوری توند وتیژی دژی ژنان) ڕۆژی 8 مارس که ڕۆژی چه‌ژنی ژنانی جیهانه، ئه‌م ڕۆژه له هه‌موو ژنانی جیهان و کوردستان و عێراق پیرۆز ده‌که‌ین وه له هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی که بڕوایان به ئازادی ژن هه‌یه. وه‌سه‌ری ڕێز ونه‌وازش دائه‌نوێنین به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ی که له پێناو ئازادی‌دا تێکۆشاون و گیانی خۆیان به‌خت کردوه‌و مێژوو ئه‌یسه‌ڵمێنی که ژنان ڕۆڵی کارێگه‌ریان هه‌بوو له ئافراندنی شاراستانیه‌تی مرۆڤایه‌تیدا. هه‌رده‌م تێکۆشاوه بۆ پاراستنی به‌ها مرۆیه‌کانی کۆمه‌ڵگادا. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هاتنی سیسته‌می شومی ده‌سه‌ڵادرێتی ئیتر ژنان له سایه‌ی سیسته‌می باڵاده‌ستی پیاوسالاری خزێنرانه ناو چواردیواره‌وه و کران به ناموس وشه‌ره‌ف و موڵکی پیاو خێڵ وخێزان. بێگومان هیچ کات ژن ئه‌م سیسته‌مه‌ی قبوڵ نه‌کردوه. بۆیه به‌رده‌وام له تێکۆشان‌دا بووه بۆ به‌ده‌ست خستنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی ڕه‌گه‌زی خۆی. له‌و پێناوه‌شدا قوربانی زۆری داوه نمونه‌ش چالاکی ژنانی کارگه‌ی ڕستن وچنینی ( شاری نیوێورک)ه که له 8مارسی 1857 که له‌و شاره‌دا کۆمه‌ڵێک له ژنانی کرێکار ئه‌و کارگه‌یه به دروشمی یه‌کسانی له ماف وئه‌رکدا و که‌م کردنه‌وه‌ی ماوه‌ی کار هاتنه‌مه‌یدان. به‌ڵام سیسته‌می بۆرژوازی پیاوسالاری ئاگریان تێبه‌ردان و هه‌موویان سوتاندن ئه‌و چالاکیه‌ی ئه‌وان هه‌ست وسۆزی هه‌موو ژنانی جیهانی هه‌ژاند و وشیاریکردنه‌وه. ئیتر له‌وه به‌دوا ئه‌و ڕۆژه له‌لایه‌ن ژنانه‌وه به‌رز ڕاهگیرا، ئه‌وه بوو له ساڵی 1910 دا له‌سه‌ر پێشنیاری ژنه شۆڕش گێڕ ( کلارا زتکین ) 8 مارس وه‌کو ڕۆژی جیهانی ژن ناسێنرا.
وه‌ک ئاگادارن له کوردستان وعێراق به‌گشتی ژنان له بارودۆخێکی زۆر خراپ‌دا ده‌ژین، به‌شێوه‌کی زۆر دڕندانه ئه‌چه‌وسێنرێنه‌وه، له ژێر ناوی ناموس و شه‌ره‌فدا به نامرۆڤانه‌ترین شێوه له‌ناو ئه‌برێن یان ناچاری خۆ کوشتن وخۆ سوتاندن ئه‌کرێن. ئێستاش که‌له‌سه‌ده‌ی 21 یه‌کم داین له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و گۆڕانکاری و پێشکه‌وتنانه‌دا ڕه‌وشی ژن خراپتر ده‌بێت. داب و نه‌ریته باوه‌کان ڕێگه ناده‌ن به ژن که جێگه‌ی خۆیان بگرن له‌ناو چالاکیه جۆر به جۆره‌کاندا. با هه‌شتی مارس بکه‌ین به ڕۆژی به هێزکردنی ئیراده‌ی ژنان.
ژنان و پیاوانی یه‌کسانی خواز و پێشکه‌وتنخواز !
ئێمه کۆمه‌ڵێک له ڕێکخراوه‌کانی یه‌کسانی خوازی ژن و ڕێکخراوه جه‌ماوه‌ری و مه‌ده‌نیه‌کان و که‌سایه‌تیه ئازادیخوازه‌کانی شاری که‌رکوک بڕێارمان داوه ڕۆژی 8 مارس ڕۆژی جیهانی ژن، شان به شانی سه‌دان هه‌زار ئینسانی یه‌کسانی خواز له سه‌راسه‌ری جیهان بێینه مه‌یدان بۆ دیفاع له که‌رامه‌ت و ئینسانیه‌تی ژن و به ده‌ستهێنانی مافه ره‌واکانمان. له‌عێراق و کوردستان ژنان ده‌ناڵێنن به‌ده‌ست بێ مافی و پێشێل کردنی هه‌موو مافه‌کانی ژنانه‌وه، ڕۆژانه ژن خوێنیان ده‌ڕژێنرێت و ئیهانه ده‌کرێن و سه‌رکوتده‌کرێن له با‌ری ئابوریه‌وه له با‌ری کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه له نێو کۆمه‌ڵگه و له نێو دام ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت له شه‌قامه‌کانی شاردا ، ئێمه ئه‌مڕۆ دێینه مه یدان بۆ گێڕانه‌وه‌ی مافی زه‌وتکراوی ژنان و بۆ داسه‌پاندنی یه‌کسانی ژن و پیاو.
ئێمه ئه‌وه بۆ زیاتر له دوو ساڵه بزوتنه‌وه‌یه‌کمان به‌ڕێ خستوه، چه‌ندان داواکاریمان خستوه‌ته به‌رده‌ست لێپرسراوان، ئێمه ئه‌مڕۆ جارێکی تر له‌م ڕۆژه جیهانیه‌ی خۆماندا ڕاده‌گه‌ینین ئێمه مه‌یدان چۆڵ ناکه‌ین و داواکانی خۆمان زۆر به ڕاشکاوی به‌رزده‌که‌ینه‌وه.
خه‌ڵکی شاری که‌رکوک بانگه‌و‌از ده‌که‌ین به‌بێ له‌به‌ر چاوگرتنی ئاین و نه‌ته‌وه ولایه‌نگری سیاسیه‌وه به گردبونه‌وه‌ی ڕۆژی هه‌شتی مارسه‌وه په‌یوست بن و دنگتان بخه‌نه پاڵ ده‌نگمان ، ئێمه ئازادی و یه‌کسانی و که‌رامه‌تی ئینسانیمان ده‌وێ که شایه‌سته‌ی هه‌موو ئینسانێکه. به ئازاد بوونی ئێمه کۆمه‌ڵگه‌ش نزیک ده‌بێته‌وه له ئازادی ” ئاستی ئازادی کۆمه‌ڵگه به ئازادی ژن له کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌پێورێت”.
ئه‌مانه خواره‌وه داواکاریه‌کانی ئێمه‌ن:
1- دان پێدانان به ڕۆژی جیهانی ژن که ده‌کاته 8 مارس به پشوی فه‌رمی له‌سه‌راسه‌ری عێراقدا.
2- دابێن کردنی یه‌کسانی ژن پیاو له هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا، کارکردن به یاسای نه‌هێشتنی توند‌و تیژی خێزانی به هه‌رێمی کوردستانیشه‌وه.
3- ته‌رخانکردنی به‌شێک له بودجه‌ی ده‌وڵه‌ت بۆ ژنان، بۆ ئه‌وه‌ی بتونن خۆیان ڕابهێنن و توانایه‌کانی ژنان ببرێته سه‌ره‌وه تا ڕۆڵی خۆیان بگێڕن له کۆمه‌ڵگه‌دا، داواده‌که‌ین دامه‌زراندنی یه‌کسان بێت له‌نێوان ژن وپیاودا بۆ هه‌رڕشته‌یه‌ک و بواری کارکردن.
4- ناونوسکردنی ژنان له ریزه‌کانی سوپا وپۆلیسدا
5- به‌شداریکردنی ژنان له هه‌موو ئه‌نجومه‌نی قه‌زاو ناحیه‌کان که که‌متر نه‌بێ له ڕێژه‌ی کۆتای ژنان.
6- دامه‌زراندنی په‌ناگای ئارام له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه له‌سه‌ر ئه‌ساسی ئستانداردی جیهانی به سه‌رپه‌رشتی ڕێکخراوه‌کانی ژنان و له ژێر پارێزگاری ده‌زگای پۆلیسی تایبه‌تدا بۆ ئه‌م ئه‌رکه.
7- دامه‌زراندنی به‌شی نه‌هێشتنی توند‌و تیژی خێزانی له هه‌موو بنکه‌کانی پۆلیس و له‌لایان ژنانی پسپۆره‌وه به‌ڕێوه ببرێن.
8- زیادکردنی بیمه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی به ڕاده‌یه‌ک که ژیانێکی ئینسانی بۆ خێزانێکی پێنج که‌سی بڕه‌خسێنی وتا ڕاده‌یه‌ک بۆ دیارده‌ی سواڵکردن و له‌شفرۆشی دابنرێ.
9- به‌شداریکردنی ژنان له هه‌موو لێژنه‌کانی حکومی و کۆمه‌ڵایه‌تی که ڕێژه‌که‌ی له کۆتای ژنان که‌متر نه‌بێ.
10- بوژانه‌وه‌ی با‌ری ئابوری ژنان له ڕێگای پرۆژه‌ی قه‌رزی بچوک ودامه‌زراندنی کارگه بۆ ئه‌وه‌ی هێزی کار له خۆ بگرێ، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و ژنانه‌ی خێزانیان به‌سه‌ره‌و‌یه.
11- جیاکردنه‌وی دین له ده‌وڵه‌ت و په‌روه‌رده‌و فێرکردن
12- هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یاسای چه‌ند ژنه، قه‌ده‌غه‌کردنی پیاوانی ئاینی له له ماره‌بڕین و ته‌ڵاق دان له‌ده‌ره‌وه‌ی دادگا له‌به‌رئه‌وه‌ی مافی ژنان پێشێل ده‌کات، کێشه‌ی زیان به‌خشی لێده‌که‌وێته‌وه.
13- پشتگیری سه‌روه‌ری یاسا و به‌بێ په‌نا بردنه به‌ر شێوه‌ی عه‌شیره‌تی و داب نه‌ریتی پیاو سالاری.
14- هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یاسای ژماره 409 ی ( غه‌سلی عار) که به‌ناوی پاکردنه‌وه‌ی ناموسه‌وه کوشتنی ژنان ڕه‌وا ده‌کرێت هه‌روه‌ها کوشتنی ژنان به‌هه‌ر بیانویه‌که‌وه بێت، ده‌بێت بکوژ به تاوانی کوشتن سزا بدرێت.
15- ده‌بێ ئیبتهال گاصد وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ کاروباری ژنان ده‌ست له پۆسته‌که‌ی بکێشێته‌وه و ئه‌م وه‌زاره ته هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، چونکه ئه‌م وه‌زیره و ئه‌م وه‌زاره‌ته به هیچ شێوه‌یه‌ک نوێنه‌رایه‌تی مافه‌کان ژنان ناکه‌ن.
شوێنی گردبونه‌وه‌که: پێش پارێزگای که‌رکوک ده‌رگای سه‌ره‌کی چونه‌ژووه‌ره‌وه‌ی پارێزگا. کات: ڕۆژی پێنج شه‌ممه 8 مارس کاتژمێر 10:00ی سه‌رله‌به‌یانی
لێژنه‌ی به‌رز ڕاگرتنی 8 ی مارس
– که‌مپینی نا بۆ که‌لتوری توند تیژی له دژی ژنان که پێک هاتوه له‌م ڕێکخراوانه ( کۆمه‌ڵه‌ی هیوای عێراقی، سه‌نته‌ری ڕۆژ، یه‌کێتی ژنانی تورکمان، ئه‌نجونه‌نی ژنی ئازاد، رێخراوی رزگاری ژن له عێراق، سه‌نته‌ری که‌رکوک بۆ خانمانی پیشه‌دار، سه‌نته‌ری په‌نا، ئه‌نجومه‌نی هاوڵاتی ئازاد و یه‌کسان، یه‌کێتی ئافره‌تانی کوردستان، یه‌کێتی ئه‌فره‌تانی پارێزگارانی کوردستان\که‌رکوک، ڕێکخراوی ئازادی خویندکاران و لاوانی عێراق، ناوه‌ندی ژنی ئازاد، سه‌نته‌ری به‌رگری ژنان، ڕێکخراوی قه‌ندیل پاک، ڕێکخراوی ژنی رزگاریخوازی کوردستان، ناوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی ڕێکخراوی چاک، ئه‌نجومه‌نی هاوڵاتی ئازاد ویه‌کسان، ئافره‌تانی بزوتنه‌وی گه‌لی کوردستان، ناوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌ت به‌شی ژنان، یه‌کێتی ئافره‌تانی بزوتنه‌وی دیموکراتی، ئافره‌تانی دیموکراتی کوردستان، ڕادیۆی سه‌رده‌م، ناوه‌ندی به‌هێزکردنی توانیی ژنان، ناوه‌ندی مرۆڤ بۆ گه‌شه‌پێدانی بیری تاک)
– ڕێکخرای یه‌کێتی دژی بێ‌کاری
– یه‌کیتی کۆمۆنیسته‌کانی عێراق
– ڕێکخراوی دیفاع له سکۆلاریزم و مافه مه‌دنیه‌کان خه‌ڵکی عێراق
– بزوتنه‌وه‌ی دیموکراتی گه‌لی کوردستان
1 شوبات \2012