
ڤالنتاین و.. تراویلكه‌ی خۆشه‌ویستی
ڤالانتاین ناچارمان ده‌كات بیر له خۆشه‌ویستی بكه‌ینه‌وه،به‌ڵام دوور له مانا سه‌راپاگیرییه‌كه‌ی، به‌لكو ناچارتر ده‌بین به‌وه‌ی بیر له په‌یوه‌ندی نێر‌و مێ بكه‌ینه‌وه.پرسیاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه:ئاخۆ به‌راستی له‌ناو ئێمه‌دا بایی ئه‌وه‌نده خۆشه‌ویستی به ماف و هه‌قێكی ڕه‌وای هه‌ر تاكێك له ئێمه ته‌ماشا كراوه؟ ئاخۆ سرووتی ئاهه‌نگئامێزی رۆژی ڤالانتاین وه‌ك یادی عاشقێكی شه‌هید بۆ ئێمه رووكه‌شه یان به‌راستی جۆشوخرۆشێكی راسته‌قینه‌یه؟پرسیاره‌كه به‌هیچ جۆرێك بۆ ئه‌وه نیه گومان له‌و رێوره‌سمه بكه‌ین كه‌چه‌ند ساڵێكه وه‌ڕێده‌خرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه “ڤالانتاین” له‌ته‌ك “كرسمس”دا دوو بۆنه‌ن كه چه‌نده رۆژگار بچێته پێشێ پڕ ره‌نگتر ده‌بن، خۆ گه‌ر چه‌ند كه‌سێكیش گوڵی سوور‌و دیاری بگۆڕنه‌وه شایانی ئه‌وه‌یه پێشوازی لێبكرێت. ئه‌م بۆنه‌یه بیانوویه‌كه تاوه‌كو شه‌نوكه‌وی ئه‌و فه‌زا خنكاوه بكه‌ین كه كه‌مترین بوارمان بۆ دێڵێته‌وه تاوه‌كو خۆشه‌ویستی تێدا بكه‌ین.گه‌ر ئه‌وه‌نده سهرمهستین به‌وه‌ی خۆشه‌ویست و عاشق بین،ئاهه‌نگی بۆ ساز بكه‌ین، ئاخۆ چه‌نده ئه‌و سه‌رزه‌مینه ساز‌و ئاماده‌یه؟ كه‌س ناتوانێت نكوڵی له‌وه بكات كه حه‌قیقه‌ته تاڵه‌كه ئه‌وه‌یه كه بۆ مێ و نێری ئه‌م وڵاته خۆشه‌ویستی و عه‌شق ئه‌وه‌نده زه‌حمه‌ته كه له مه‌حاڵا نزیك ده‌بێته‌وه، به‌هه‌زاره‌ها ژن و پیاوی ئێره،درۆ نیه گه‌ر بڵێین به‌ملیۆنه‌ها، له‌دایك ده‌بن و ده‌ژین و ده‌مرن بێئه‌وه‌ی به‌ختی ئه‌وه‌یان هه‌بێت خۆشه‌ویستی له ده‌رگای دڵیان بدات،به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی “كه‌وتوومه‌ته داوی خۆشه‌ویستی”یه‌وه ئاماژه‌یه به‌وه‌ی له نه‌ستی ئێمه‌دا عیشق ته‌ڵه‌و فاقهیهكه كه په‌لوپۆمان ده‌به‌ستێت. حه‌سره‌ت وئاخ وئۆف وسووتان وبرژانی دڵدارانی نێو گۆرانییه‌كان بۆ خۆی چیرۆكی ئازارێكی كوشنده ده‌گێرێته‌وه،مه‌رگ و لێكدابڕانی داستانه‌كانی ئه‌ڤینداری ئێمه لهكۆنداو كوشتنی هه‌زاره‌ها ئافره‌ت له‌سه‌ر كڕینه‌وه‌ی شه‌ره‌ف له‌دێر زه‌مانه‌وه تاوه‌كو ئه‌و بیست ساڵه‌ی دوایی: هه‌قایه‌تی ئه‌و تراژیدیا‌و جه‌هه‌ننه‌مه ده‌گێرێته‌وه كه بۆ خۆشه‌ویستی لهجۆشدایه.گه‌ر بۆ هه‌ر چیرۆكێكی ئه‌ڤینداری ئه‌و دوو كارهكتهرهمان پێویست بێت، خودی نمایشه‌كه به‌بێ ئاماده‌بوونی هه‌ر یه‌كێكیان به‌ڕێوه ناچێت.به‌بێ ژینگه‌یه‌كی ته‌ندروست بۆ نێرومێ خۆشه‌ویستی به‌ركه‌ماڵا نابێت، هه‌ردوو كاره‌كته‌ره‌كه له‌ناو ئه‌م كه‌لتووره پڕ حه‌رامه‌دا وا گۆش نه‌كراون ئازاد‌و خاوه‌ن ویست بن، به‌ر له‌وه‌ی بچینه ناو خۆشه‌ویستیی مه‌رجه مرۆڤه‌كان وه‌ك تاكێكی سه‌ربه‌خۆ په‌روه‌رده كرابن و خاوه‌نی خۆیان بن، نه‌ك كچ و كوڕی بنهماڵهوتیرهوهۆزو خێڵ بن،وا باوه كه دره‌ختی خۆشه‌ویستی له‌ژێر ئاسمانی سه‌ربه‌ستیدا سه‌وز ده‌بێت و گهڵاوگوڵا ده‌رده‌كات، لێره‌و هه‌نووكه ئه‌و رۆحه سه‌ربه‌سته نه‌ڕسكاوه.هه‌ر له بنه‌ره‌تدا وه‌ها به‌ترس و شه‌رمه‌وه په‌روه‌رده كراوین كه نه مێو نه نێرمان به‌كه‌ڵكی خۆشه‌ویستی نه‌یه‌ن، ئه‌و ترس و شه‌رمه له‌ناو شیری دایكانماندا تواوه‌ته‌وه‌و رژاوه‌ته ناو خوێنمانه‌وه، ئێمه له‌وه كۆیلهترو غهمبارترو پڕ كینهترین كه بتوانین گه‌مه‌ی خۆشه‌ویستی به‌ڕێوه‌به‌رین. هه‌مووی به‌لایه‌ك..ئه‌وه‌ی وایكردووه كه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ئه‌و گه‌مه‌یه بدۆڕێنین په‌روه‌رده‌كردنی كچان و كورانی خۆمانه به‌وه‌ی كه له یه‌كتری بترسێن و به چیرۆكی یه‌كه‌مین گوناهی “دایكه حه‌وا” گۆشیان ده‌كه‌ین، گێرانه‌وه‌ی ئه‌و چیرۆكه له ته‌مه‌نێكی ساوادا، له‌ناو ماڵه‌كان و مزگه‌وته‌كان و مه‌كته‌به‌كاندا وامان لێده‌كات كه له هه‌موو نزیكبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌و دوو ره‌گه‌زه بترسین و زه‌نده‌قمان بچێت. ئه‌وه‌یان یه‌كه‌مین هه‌وڵه بۆ كوشتنی سروشتی ئاده‌میزادانه‌ی ئێمه به‌ناوی خوداوه!
نێرینه‌ش فێر ده‌كرێت كه به ترس وقێزو بێزه‌وه یان به‌وپه‌ڕی شه‌هوه‌ته‌وه له مێینه بروانێت، كه هیچیان ئه‌و دۆخه لهباروسازه دروست ناكه‌ن وه‌ك دوو مرۆڤی یه‌كسان و هاوشان و خۆشه‌ویست یه‌كدی ببینن.ئه‌وه‌ش رۆحی په‌یوه‌ندییه‌كه پڕ ده‌كات له گومان و توندوتیژیو تۆرانێكی هه‌میشه‌یی، دڵكرمێ و هه‌میشه ئاماده به جه‌نگ، تووڕهوڕق ئه‌ستوور خوێناوی تا راده‌ی كوشتن و بڕین و كوتان. ژنی سته‌مدیده‌ش وا فێركراوه كه ره‌زامه‌ندی خودا له ره‌زامه‌ندی مێرده‌وه‌یه،شكهستهباڵا وبێچاره به‌و چاره‌نووسه ره‌شه قایله. هه‌تا گه‌ر ژماره‌یه‌ك له ئێمه هه‌ر به‌راستی به‌ختی یار بێت و خۆشه‌ویستی ببێت به میوانمان، ئه‌وه به‌هه‌زاره‌ها كه خۆیان به‌راورد ده‌كه‌ن به براوه‌كانی گۆڕه‌پانی عیشق،هه‌ستده‌كه‌ن دۆڕاوو به‌دبه‌ختن،بێ هۆ نیه”هه‌ردی” وتوویه‌تی: گه‌رچی دڵداری له خاكی ئێمه‌دا ئه‌فسانه‌یه..هه‌ر به‌ته‌نها بۆ كوڕی خاوه‌ن ته‌لارو عانه‌یه!
گرفتی خۆشه‌ویستی ئه‌وه‌یه كه هیچ كۆرس و وانه‌یه‌كی نیه تاوه‌كو كچان و كوڕان مه‌شق وراهێنانی له‌سه‌ر بكه‌ن،به‌ڵكو چالاكییه‌كی مرۆیی نه‌بڕاوه‌یه كه له‌میانه‌ی زیندهگیو ژینی خۆمانه‌وه فێری ده‌بین، كه یان تێیدا شكه‌ست دێنین یان ده‌سكه گوڵی خۆمان ده‌به‌ینه‌وه، هه‌رگیز له خودی ژیان جیا ناكرێته‌وه،تاكه گه‌مه‌یه‌كه كه‌ئه‌گه‌ر سه‌ده‌ها یاساورێسای هه‌بێت، كه‌چی له‌هه‌مان كاتدا وه‌ك گه‌وهه‌رو رۆحی ژیان له‌ده‌ره‌وه‌ی یاساكان درێژه به‌بوونی خۆی ده‌دات.هه‌ر بۆیه جار هه‌بووه باشترین یاریكه‌ری گۆڕه‌پانی خۆشه‌ویستیی، له هه‌موومان دۆڕاوتر بووه،سه‌ده‌ها راسپاردهورێنمایی پسپۆرانی عیشق گه‌ره‌نتی ئه‌وه‌ی نیه گه‌مه‌كه ببه‌ینه‌وه، له رۆژئاوا”په‌روه‌رده‌ی سۆزداری” وانه‌یه‌كه بۆ مێ و نێره‌كان و به گوێره‌ی قۆناغه جیاكان له‌ته‌ك”له‌شناسی” له مه‌كته‌به‌كان ده‌خوێندرێت،وه‌لێ وه‌ك زانستێك و ئه‌ته‌كێت و یاسا‌و رێسای چۆنییه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌به‌رامبه‌ر یه‌كدیدا زۆر به‌كه‌ڵكه كه ئێمه نیمانه و ته‌واو تێیدا كڵۆڵین،به‌ڵام هێشتا وانه‌كان به‌ته‌نیا داد ناده‌ن، چونكه ژینگه‌ی ده‌وروبه‌ر و بینینی ئه‌و ژن و پیاوانه‌ی چوارده‌وریان، بوون و ئاماده‌گی هه‌موو ئێكسسواره‌كانی پێویست به به‌ركه‌ماڵبوونی خۆشه‌ویستیی مه‌رجی یه‌كه‌مه، به‌كورتی بۆ ره‌فتاری جوان و ناشیرینی كچان و كوڕانمان له‌هه‌ر بوارێكدا بوونی”مۆدێل” گرنگه، دونیایه‌ك راسپارده‌و رێنمایی و وانه و مه‌شقی سۆزداری‌و عیشق ناگاته بوونی “مۆدێل”ێك له عیشق و خۆشه‌ویستی كه له‌منداڵییه‌وه ده‌یبینین، بۆنموونه دایكان و باوكان و مامۆستا و په‌روه‌رده‌كارانی پڕ له خۆشه‌ویستی ده‌كرێت بۆ ئێمه ببنه نموونه‌ی باڵا‌و ئایدیاڵ و جوانترین مۆدێل بۆ لاسایی كردنه‌وه، مرۆڤ بۆخۆی زیره‌كترین گیانله‌به‌ره بۆ لاسایی كردنه‌وه.
گه‌ر خۆشه‌ویستی خه‌سڵه‌تێكی مرۆیی بێت و وه‌ك هه‌نووكه سه‌لمێندراوه كه كۆرپهلهكانیش هه‌ستی پێده‌كه‌ن و ده‌یخوازن، هه‌موومان چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ین و ئومێدی پێده‌خوازین ، شیعروگۆرانیو فلیم وداستانی ئه‌ڤینداری سهرمهستمان ده‌كات،وه‌لێ زۆربه‌ی جاره‌كان سڵاوێكمان لێده‌كات و میوانێكی ده‌گمه‌ن وتیژتێپهڕه،لای ئێمه پتر له تراویلكه”سهراب”ده‌چێت،له بیابانی ژین‌دا هێماوئاماژهیهك بۆ ئاسۆی دوور ده‌كات وفریومان ده‌دات كه ئه‌وه‌نده‌مان نه‌ماوه بگه‌ینه”ئاوی حه‌یات” كه كانییه‌كه‌ی خۆشه‌ویستی-یه، كه‌چی ده‌ڕۆین و لهوشكاییدا سه‌وڵا لێده‌ده‌ین و ده‌گه‌ین و ناگه‌ین له‌ناو لمی سارای سووتاودا ده‌خنكێین، زۆربه‌ی چیرۆكه‌كانی حه‌زو خۆشه‌ویستیمان پڕه له حه‌سره‌ت وفرمێسك ودڵشكان،هه‌ربۆیه”دی,ئێچ.لۆرانس”ی رۆماننووس بڕوای وایه كه په‌یوه‌ندی مێونێر له جه‌نگێكی ژێربه‌ژێری ده‌چێت كه یه‌كێكیان گه‌ره‌كییه‌تی سه‌ربكه‌وێت.به‌س له‌گه‌ڵا ئه‌و هه‌موو قههرودهردو ناههمهتییهكانی خۆشه‌ویستیدا،هێشتا ئیره‌یی و به‌غاله‌ت به‌وانه ده‌به‌ین كه گیرۆده‌ن و عیشق ده‌بێته میوانیان، لێره خۆشه‌ویستی كوشنده‌یه به‌راده‌یه‌ك كه هه‌موو نزیكبوونه‌وه‌یه‌كی سۆزداری نێوان كچان و كوڕان، ژنان و پیاوان ڕق و ترسی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی وهئاگادێنێت،چونكه ته‌نیایی خۆمان وه‌بیر دێته‌وه،بگره هۆگربوونی كچان وكورانی مناڵكاریش ده‌یانترسێنێت،هه‌ربۆیه ژماره‌یه‌كی زۆر له كۆنه‌په‌رسته‌كان داوای جیاكردنه‌وه‌ی كچان و كوران ده‌كه‌ن له قۆناغی سه‌ره‌تاییدا،له‌ولاوه ئه‌مینداری یه‌كگرتووی ئیسلامی كه قسه بۆ گه‌نجانی حیزبه‌كه‌ی ده‌كات، زانكۆ به “ژوانگه”ی دڵداری وه‌سفده‌كات، بێئه‌وه‌ی بۆ هۆكاره‌كان بگه‌ڕێته‌وه، هه‌تا ئه‌گه‌ر واش بێت، ناپرسێت بۆچی له‌م ولاتی دوژمن به خۆشه‌ویستییه زانكۆ ده‌بێت به ژوانگه؟ له وڵاتێكدا كه شوێن و خانه‌ی بۆ هه‌موو شتێك تێدایه، بێجگه له كافیتریاو ژوانگه‌یه‌كی ئاده‌مییانه بۆ دوو كه‌س كه یه‌كدیان خۆشبوێت، هه‌تا گه‌ر دڵداره‌كانی په‌یڕه‌وی یاسا‌و رێساكانی خودا‌ش بكه‌ن.گه‌رچی خودا واتا خۆشه‌ویستی. كام خۆشه‌ویستی له وڵاتێكدا كه هه‌ر له‌سه‌ره‌تای راپه‌ڕینه‌وه موسڵمانه سیاسه‌تبازه‌كان پاسی تایبه‌ت به كچان و تایبه‌ت به كورانیان ته‌رخان كردبوو تاوه‌كو یه‌كدی نه‌بینن نه‌وه‌كو یه‌كدی بخۆن!؟
گرفتی خۆشه‌ویستی به‌ته‌نیا رۆح ناگرێته‌وه،چونكه بێ بوونی له‌ش خۆشه‌ویستی بازنه‌یه‌كی ته‌واو ره‌سم ناكات، به‌ڵام له‌ناو كه‌لتووری ئێمه‌دا “جه‌سته”هه‌ر له “گوناهی یه‌كه‌م”ه‌وه هه‌م پیسه‌و هه‌م به‌ر نه‌فرین و له‌عنه‌ت كه‌وتووه، به‌ده‌ر له‌و وێرانبوونه‌ی دووانه‌ی رۆح و له‌ش كه ته‌واو كراون به دوژمنی به‌یه‌كدی، بهكۆتوبهندی زۆر گه‌مارۆ دراون، بێ ئازادی هه‌ر یه‌كێكیان ئه‌ویدیكه ئازاد نابێت، په‌روه‌رده‌ی ئێمه وه‌ها ترسنۆكه كه هه‌ردووكیان پێكه‌وه ده‌كوژێت، هه‌ر بۆیه له دونیای ئێمه‌دا زۆر ئه‌سته‌مه كه‌سێكی ته‌ندروست له‌باری رۆحی و جه‌سته‌ییه‌وه بدۆزینه‌وه، كه‌م و زۆر هه‌ر هه‌موومان بوونه‌وه‌ری “عوسابین”، مرۆڤی ده‌مارگیر و كینهلهدڵا و ترسنۆك و شه‌رمن كه هێزی جه‌نگی خوێناوی زۆرتره تاوه‌كو خۆشه‌ویستی، هه‌ر بۆیه گومان سه‌رداری هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كی سۆزداری ئێمه‌یه. كاره‌ساتی گه‌وره له عیشقدا ئه‌وه‌یه كه ره‌نگه جاروبار بۆ پیاو گه‌مه‌كه خۆش و بێ سزا تێبپه‌ڕێت، به‌ڵام بۆ ژنان باجه‌كه‌ی خوێنی سه‌ریانه، بۆیه”جه‌سته” بۆ مێ هه‌مان مانای نیه كه له‌لای نێرینه‌كان هه‌یه،ژنان ناچارن بیر له‌دوای خۆشه‌ویستی بكه‌نه‌وه وه‌ك به‌رپرسیارییه‌تییه‌ك كه دووچاری ده‌بن، سزا‌و باجی گرانی چاوه‌روانكراو بۆ مێ له‌دوای گه‌مه‌ی خۆشه‌ویستی ته‌واو مه‌ترسیداره،كه ئه‌ویش ترسا هه‌موو گه‌مه‌كه هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه، چونكه پیاو كه “بكه‌ر” بوو، ژن-یش “به‌ركار”، كه وه‌ك بابه‌تی له‌زه‌ت ته‌ماشا كرا نه‌ك وه‌ك مرۆڤ، ئه‌وكاته‌ی ئه‌و “ئینسان”هی ناو له‌شی ژنهكهمان نهبینیو به‌ته‌نها عه‌وداڵی چێژێك بووین،ئه‌وسا هیچ جوانی و هاوسه‌نگییه‌ك له‌نێوان ئه‌و دوو كه‌سه‌دا نامێنێت كه به‌نیازن یاری خۆشه‌ویستی ببه‌نه‌وه. له كوردستان-ێك كه به‌گه‌ڕانه‌وه بۆ دوا راپۆرتی رێكخراوی”وادی” له 60% ژنان و كچانی خه‌ته‌نه كراون بۆ ئه‌وه‌ی ئاڵۆشدار نه‌بن،دیاره به بۆچوونی من له 100% خه‌ته‌نه‌ی رۆحی كراون، باس له‌كام خۆشه‌ویستی ده‌كه‌ین؟ خه‌مه‌كه لێره‌دایه كه ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یكه‌ن ئیفلیجكردنی توخمی به‌رامبه‌رمانه وه‌ك مێ كه نیازمانه خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵدا بگۆڕینه‌وه، ئه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان ده‌یبڕن هه‌م دژی خودایه‌و هه‌م ئینسان، چونكه خودا بۆ خۆی ده‌یتوانی ئه‌وه‌ی كه ئێوه به زیادی ده‌زانن له له‌شی ژنان: زاتی تهبارهكوهتهعالا بیبڕێته‌وه، ده لێیگه‌ڕێن و حیكمه‌تێكی ئیلاهی تێدایه مادامه‌كێ نهیبڕیوهتهوه! به هه‌ر دووباردا سته‌مه، چ به‌ناوی ئایینه‌وه بێت و چ به ناوی دابونه‌ریتی كورده‌وارییه‌وه،هه‌ر كامیان بێت به‌ڵگه‌ی ترس و ههترهشچوونی پیاوه له ژن، له‌دوا جاردا به‌ترس و تۆقینی ئێمه له خۆشه‌ویستی كۆتایی دێت.
په‌شێوی و شێواوییه‌كی وا كوشنده‌ی ده‌روونیی چ شوێن و زه‌مانێك ده‌دۆزێته‌وه تاوه‌كو ئه‌و دوو كاره‌كته‌ره به یه‌كدی بگه‌ن؟ ئه‌و دووانه خاوه‌نی هه‌مان نامووس نین و هه‌رگیز هه‌مان چاره‌نووس چاوه‌ڕێیان ناكات گه‌ر به‌ر له شووكردن و گواستنه‌وه گه‌مه‌ی خۆشه‌ویستی تاوه‌كو كۆتایی ببه‌ن،به‌واتا دوو بوونه‌وه‌ری جیاوازن، ره‌نگه پتر گومان وترس و ناكۆكی كۆیان بكاته‌وه نه‌ك خۆشه‌ویستی، كه‌واته كچه زاتی ئه‌وه ناكات گه‌مه به چاره‌نووسی خۆی بكات كه شه‌ره‌فی موڵكی بنه‌ماڵه‌كه‌ی بێت،بێجگه له‌وه‌ی كه ده‌ترسێت كوڕه‌ی شه‌یدا سووك سه‌یری بكات گه‌ر هه‌موو دهرگاوپهنجهرهكانی ماڵی حه‌زو ئه‌ڤینی خۆی بۆ خسته سه‌ر پشت، كه‌واته خۆته‌رخان كردنێكی عاشقانه مه‌حاڵه‌و ناچاره درۆ له‌ته‌ك سۆز‌و رۆح و له‌شی خۆیدا بكات، چونكه ئه‌و كه دۆڕاندی، هیچ كه‌سێك به‌زه‌یی پێدا نایه‌ته‌وه،هه‌تا پیاوه‌ی عاشقیش ئاماده‌یه وه‌ك نێرهكهوێك له شه‌ققه‌ی باڵا بدات و بفڕێت و ماكهوهكهی بۆ ڕاوكه‌ره‌كان به‌جێبێڵێت.له‌ناو ئێمه‌دا ئه‌و “عیسا”پێغه‌مبه‌ره په‌یدا نابێت كه “مریه‌می مه‌جده‌لی” یه‌ی زیناكاری له‌ناو به‌ردبارانی حه‌شاماتێك قورتار كرد كه وتی: كێ له ئێوه بێ گوناهه با به‌ردێكی تێبگرێت!دیاره هه‌مووان به‌رده‌كانی ناوچنگیان فرێدا.
گه‌مه‌ی خۆشه‌ویستی به‌ته‌نها سۆزداری نیه، عه‌قڵ و ویستێكی گه‌وره‌ی گه‌ره‌كه،كه له‌وه‌ها دۆخێك‌دا فه‌رهه‌نگی خۆشه‌ویستی تێیدا هه‌ژاره، فه‌راهه‌مبوونی زه‌حمه‌ته. له‌هه‌مووی خراپتر ئه‌وه‌یه كه زۆرن ئه‌و پیاوانه‌ی كه دوو شتی دژ به‌یه‌كدی له دڵدارو ده‌زگیران و ژنه‌كانی خۆیان ده‌خوازن: ئه‌وان خواستیانه كه وه‌ك مێ هه‌م فریشته بن و هه‌م سۆزانی بن وه‌ك باری ته‌كنیكی، كه خانمان به حوكمی په‌روه‌رده‌یه‌كی وا سه‌قه‌ته‌وه بۆیان زه‌حمه‌ت ده‌بێت تێكه‌ڵێك بن له‌و دوو دژه، بێجگه له ڕق و تۆران و جه‌نگ هیچی دیكه نادوورنه‌وه، به‌وه تاوانبار ده‌كرێن كه ساردومردهڵهوبێ زه‌وقن.ئێمه وه‌ها په‌روه‌رده كراوین كه دایكان و باوكانمان هه‌رگیز سێكس ناكه‌ن و ئێمه له دوای رشانه‌وه‌ی دایكانمانهوه كه‌وتینه خواره‌وه یان حاجی له‌قله‌ق به‌ده‌نووك هێنامانی و ههڵیداینه ناو حهوشهكانهوه، ئه‌م وێنه‌یه خواهانه‌یه چونكه ته‌نها خودا بێ سێكسه، له‌وه‌ها په‌روه‌رده‌یه‌كی داڕزیوو پڕ له قێزوبێزو شهرمنۆكدا چاوه‌ڕێی چی له ئێمه ده‌كرێت؟ئێمه ده‌توانین تاوه‌كو قیامه‌ت له‌به‌رچاوی یه‌كدی وای بنوێنین كه یه‌كدیمان خۆشده‌وێت، ئه‌وه‌یان تاكه نمایشێكه كه وه‌ك ئه‌كته‌ری سه‌ر شانۆ به‌بێ ده‌رهێنه‌ر تا دادانه‌وه‌ی دواهه‌مین په‌رده ته‌ماشاكه‌رانی پێ سه‌رسام ده‌كه‌ین،وه‌لێ له پشت په‌رده‌وه چ خوێناویانه شیر و تیغ له‌یه‌كدی دهسوویین و كه‌س پێی نازانێت.زینده‌گی درۆزنانه‌و ریاكارانه ده‌ستووری نه‌نووسراوی زۆرینه‌یه،له كایه‌ی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقیدا.
نێرومێ ته‌نها ئه‌وكاته ده‌توانن پێكه‌وه سۆزێكی راسته‌قینه بگۆڕنه‌وه كه هه‌ر یه‌كه‌یان بهویدیكه بڵێت: من به‌جیا له تۆ هه‌م، ئێمه گیانێك نین له دوو جه‌سته‌دا، من وتۆ دوو گیان و دوو جه‌سته‌ی جیاوازین، خاوه‌ن دوو موود و خوو و خده‌ی جیا،ئێمه به‌و جیاوازییانه‌وه جوانین و یه‌كدی ته‌واو ده‌كه‌ین، وا مه‌رج و پێویسته كه له‌سه‌ر ناكۆكییه‌كانمان رێكبكه‌وین، وا چاكتره ئه‌وه‌نده ئازا بین كه دانی پێدا بنێین هه‌ر یه‌كه‌مان بۆ ئهویدیكهمان به‌ته‌نها مایه‌ی خۆشی نیه، به‌ڵكو ده‌شێت مایه‌ی خه‌م و دۆڕان و مه‌ترسی بین.
به‌ڵام له كه‌لتووری ئێمه‌دا پیاوان له‌و خۆجیاكردنه‌وه‌ی ژنان ده‌ترسن و به تێكچوونی شیرازه‌ی خێزانی تێده‌گه‌ن، هه‌ر ئه‌و ترسه‌شه وا ده‌كات كه هه‌رچی هێزی مادی و مه‌عنه‌وی بێت پیاوان بیخه‌نه ناو چنگی خۆیانه‌وه، گه‌رچی ژنان به‌قه‌د پیاوان ره‌نج ده‌كێشن.بانگه‌شه‌كردنی نێرینه كۆنه‌خوازه‌كان به‌وه‌ی كه شوێنی شیاو بۆ ژنان كوونی ژوورهوهیهو راپه‌راندنی ئه‌ركه پیرۆزه‌كه‌ی خۆیه‌تی كه په‌روه‌رده‌ی منداڵانه، بێجگه له ترس و بێمتمانه‌یی به‌خۆیان هیچیدیكه نیه،سه‌رباری بێمتمانه‌یی به به‌رامبه‌ره‌كه‌ی.پیاوان به‌وه گره‌ویان بردۆته‌وه كه ده‌زانن ژنه‌كان وا په‌روه‌رده كراون كه ماڵدار و خۆبه‌خش و كه‌یبانووی چاك و گوێڕایهڵا بن، هه‌ر كه منداڵی بوو ئاماده‌یه خۆی بكات به قوربانی، له‌وه‌ش دڵنیایه ژنی ته‌ڵاقدراو لای ماڵه‌باوانی خۆشه‌ویست نیه.
چ ئیقاعێكی ده‌بێت ژیانی سۆزداری ئه‌وكاته‌ی داوا له خانمان ده‌كرێت رێزێكی زۆر له پیاوه‌كانیان بگرن،به‌ڵام پیاوه‌كان ناچار نین به‌هه‌مان رێزه‌وه به‌رخوردی جوانیان ببێت، نێرینه بۆ هه‌میشه به‌دوای فیزوشكۆمهندیو ناوی خۆیدا وێڵه، هه‌موو نهخێروگومان وپرسیارێكی مێینه تووڕه‌ی ده‌كات، واش په‌روه‌رده كراوه كه ئه‌گه‌ر سۆزیشی هه‌بێت، واجوانتره دوور له‌چاوانی ئاشنا‌و بێگانه ده‌ریببڕێت، ناچاره به‌وه‌ی ئه‌وه‌نده بیشارێته‌وه كه ئیتر هێزی خۆشه‌ویستی نه‌مێنێت. زۆرن ئه‌و پیاوانه‌ی كه به‌خۆیان ده‌نازن ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی كه نێرن، ئه‌وه‌ش به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی ببنه كه‌ڵه‌گا.چ پیاو و چ ژن گه‌ر رۆح زل و به‌فیزو قهڕوح بوو،زه‌حمه‌ته ئه‌و هێزه‌ی ببێت كه خۆشه‌ویستی له‌لا ئامانج بێت، خۆشه‌ویستی ره‌گ وریشه‌ی وا له‌ناو ساده‌ییدا.هه‌موو دونیا بۆ پیاوان واڵایه‌و كه‌چی هه‌ر ستهمكارو دڵته‌نگن و ئاسان شه‌ڕ به دار‌و دیوار ده‌فرۆشن، ژنان زۆربه‌ی كات لای خۆمان ناچارن له‌ناو ماڵه‌كانیان و یان له‌جیهانێكی زۆر بچكۆله‌دا گیر بخۆن، كه‌چی لێبورده‌و به‌خشنده‌و رۆحپهروهرن، ئه‌وان بۆ خۆیان ژیان ده‌به‌خشن و له‌هه‌مان كاتدا ئێمه‌ش له‌ناو ئه‌و ژیانه‌دا راگیر ده‌كه‌ن،ئه‌وان هێشتا لاقێكیان وا له‌ناو سروشتدا، بۆیه بیانه‌وێت یان نا هه‌ر به غه‌ریزه ده‌بنه كانگای زینده‌گی ، قوربانیدان رۆڵێكی سروشتی خۆیانه جا چ ئازاد بن و چ كۆیله،به به‌راورد له‌گه‌ڵا پیاو كه خۆپه‌رستی پانتاییه‌كی زۆری له رۆحی دهستهڵاتخوازانهی داگیر كردووه، ژنان مه‌حكوومن به‌وه‌ی میهرپهرهر و دوور بن له خۆپه‌رستی.له هه‌موو قۆناغه‌كانی ژیانیدا گه‌ر ئاماده نه‌بێت خۆشه‌ویستی وه‌ربگرێت یان بیبه‌خشێت،هه‌ر هه‌مووان دادگایی ده‌كه‌ن كه به ئه‌ركی سه‌رشانی خۆی هه‌ڵنه‌ستاوه‌و رۆڵی ژنانه‌ی خۆی نه‌بینیوه، بۆی نیه نه باوك و نه براو نه مێرد‌و نه منداڵه‌كانی نا‌ئومێد بكات،رۆح و له‌شی موڵكی هه‌مووانه به‌ده‌ر له خۆی،وه‌ك ئه‌وه‌ی سروشت و كه‌لتوور پێكه‌وه ئه‌م ئه‌ركه به‌ته‌نها به هی ژن بزانن، گه‌ره‌كه ئه‌م له پێناو هه‌موواندا بمرێت بێئه‌وه‌ی بۆ خۆی بژی،ئه‌وه‌ش ئاسان نیه كه خۆی بارته‌قای ئه‌و قوربانیدانه خۆشه‌ویستی به‌رنه‌كه‌وێت،ئه‌و وه‌ك رووبار وایه كه سه‌ر هه‌ردوو كه‌ناری خۆی ئاوه‌دان ده‌كاته‌وه بێئه‌وه‌ی له خۆی بخواته‌وه،ئه‌وه‌یان كوشنده‌یه كه رۆح و له‌شی خۆی فه‌رامۆش بكات تا قیامه‌ت،كه‌چی خۆشه‌ویستی به‌خشین چاره‌نووسی ئه‌و بێت.له‌به‌رامبه‌ردا له‌نێو خێڵی نێرهوزدا دابین نه‌كردنی كه‌مترین پێویستییه‌كانی رۆح و له‌شی پیاو چاوپۆشی لێناكرێت، هه‌موو یاسا‌و ده‌ستووره‌كانی ناو ئایینه‌كان داوا له ژنان ده‌كه‌ن كه بۆ هه‌میشه‌و تا ماون ئاماده‌و ساز‌و چاپووك بن له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌موو حه‌زو ئارزووهكانی پیاوان،ده‌نا به‌ر نه‌فره‌ت ده‌كه‌ون هه‌تا گه‌ر دڵسۆز‌و گوێڕایه‌ڵیش بن، هێشتاكو وه‌ك ئایینه‌كان پێمانده‌لێن كه ئه‌م دونیایه”فانی” و تیژتێپه‌ڕه و ئه‌و ژنانه‌ش كه ئێمه هه‌مانه هه‌ر هیچ نین به به‌راورد له‌گه‌ڵا حۆری و پهریزادهكانی به‌هه‌شت كه ده‌بنه ژنی راسته‌قینه‌ی ئێمه له “دار البقا‌و”. ژنان له سه‌رده‌مێكی دێریندا خوداوه‌ندی ژیان و حیكمه‌ت و پیت و فه‌ڕ و خۆشه‌ویستی و شیفا و چارهرسهركهری ده‌رد و دوو بوون، كه‌چی دینه پاتریاركی و نێرسالارییهكان ئه‌و خوداوه‌ندانه‌ی كوشت و ئه‌و رۆحه‌ی له ژنه‌كان سه‌نده‌وه، زۆر شێلگیرانه خۆی به‌سه‌ر “سروشت” و “مێ” دا زاڵ كرد‌و بوو به كه‌ڵه‌گا، له‌میانه‌ی وێرانكردنی رۆحی ژن و رۆحی سروشت وا خه‌ریكه پیاو خۆی وێران ده‌بێت و رۆحی ده‌پوكێته‌وه، ئه‌و رابردووه شكۆمه‌ندو پیرۆز‌و جوانه‌مان له ژنان دزی، كه‌چی داوایان لێده‌كه‌ین به‌یانی و ئاینده‌مان بۆ دروست بكه‌ن..وه‌لێ هه‌یهات!
*ڤالنتاین یان ڤه‌ڵه‌نتاین: كه له‌لای ئێمه به”ڤالانتاین” ناسراوه‌و رێكه‌وتی چوارده‌ی ره‌شه‌مێ ده‌كات، دڵداران و گه‌نجان به مێ و نێره‌وه له‌و رۆژه‌دا كارت و دیاری گوڵی سوور وه‌ك ره‌مزی خۆشه‌ویستی ده‌گۆڕنه‌وه.وه‌لێ لای ئێمه‌ش به شه‌رمه‌وه كه‌مینه‌یه‌ك له گه‌نجان ئه‌و رێوره‌سمه به‌ڕیوه ده‌به‌ن.
Sherzadhassan2003@yahoo.com
شێرزاد حه‌سه‌ن