لیمۆكانی نێو تابووتی باوكم
(1)
ئه‌و رۆژه‌ی جه‌نگی نه‌وره‌س ده‌ست پێده‌كا
من له به‌ره‌كانی جه‌نگ ده‌گه‌ڕێمه‌وه
جه‌نگی نێوان تابووت و مردوو
غه‌م و غه‌م
سێبووری و ههبووری بووری .
ئه‌و ده‌مه‌ی فوو ده‌كرێ به شه‌یپووردا
دره‌خته‌كان به ته‌ورداس لقه‌كانی رۆژهه‌ڵاتیان ده‌بڕدرێ
به تهورداسێك
ده‌سكه‌كه‌ی له لقهكاتی رۆژئاوایان درووست كراوه .
(2)
ته‌مه‌ن حیكمه‌تی خۆی ده‌خوارده‌وه و
میلۆدی لێده‌ڕژا
تۆم بینی
له كۆگای (مهم و زین) جل و به‌رگی مهكتهبت ده‌كڕی
بۆ به‌یانی
له‌سه‌ر ڕێگای مه‌كته‌ب بینیتمه‌وه
قردێله‌یه‌كی زه‌ردت له پرچت به‌ستبوو
كراسێكی زه‌ردت له‌به‌ر كردبوو
پێڵاوه تازه‌كانت له‌پێ كردبوون ….
به‌ڵام له جیاتی چوون بۆ قوتابخانه
چووی بۆ گۆڕستان
بۆ لای باوكت
ئه‌و باوكه‌ی قه‌ت نهیبینیبووی
هه‌رگیز نه‌تبینیبوو .
(3)
كۆڵانه گه‌رمه‌كانی بێده‌نگی گه‌رم ده‌كه‌ینه‌وه
حه‌یرانه باڵداره‌كان
په‌نجه‌ی دۆشاو مژهیان شكاوه .
رۆح كه چوو ناگه‌ڕێته‌وه
هاوشێوه‌ی تۆ كه رۆیشتی و نه‌گه‌ڕایه‌وه .
(4)
به‌د گومانم له ئاو
كه قه‌ت گله‌یی
له وشكی خۆی و ته‌ڕی دونیا نه‌بووه.
(5)
له شه‌قامی پاساریهكانهوه
كه‌ون جوانتر ده‌بینم
چینی ته‌نك بووی ئۆزۆن باشتر ده‌بینم
ئه‌رێ به ڕاست
به خۆتان خۆش بن
ببورن كه نه‌متوانی له پرسه‌ی خۆم ئاماده بم
چووبوومه پرسه‌ی (مه‌حمود زامدار) .
(6)
چه‌ند كه‌ڕه‌تی تر له خۆتم دوور بخه‌یته‌وه
ناچارم ده‌كه‌ی پتر لێت نزیك ببمه‌وه
دونیا كاول بوونی مرۆڤ بوو
به ده‌ستی په‌رده داخراوه‌كان
ژیان دڕانی په‌رده داخراوه‌كان بوو
به ده‌ستی مرۆڤه‌كان .
(7)
په‌نجه‌كانت له هی دایكت ده‌چن
نینۆكه‌كانت له هی باوكت
دایكت به سه‌رینی باوكت ده‌چێ
باوكت به خه‌ونه‌كانی دایكت
مه‌رحه‌با….مه‌رحه‌با
ببوورن كه به‌بێ پێشه‌كی
ده‌ستم كرده‌وه به درۆكردن .
(8)
له رۆژی كریسمسدا
عیسا به كڵاوه سووره‌كه‌ی بابه‌نوئێل
ئه‌شكه‌كانی ده‌سڕێته‌وه .
(9)
له هه‌نگوینی خاڵه شه‌هابه‌وه
تیشك ده‌رده‌چن
تیشكهكانیش هه‌نگوینیان له‌به‌ر ده‌ڕوا
وێنه‌یه‌كی فۆتۆگرافی ئه‌و وێنه‌گره بگرن
هه‌ر ئێستا .
(10)
ئه‌و ئاشه‌وانه پیره
له قاحپهخانهكانی دیمه‌شق
به مۆدێرنیزمان
پۆست مۆدێرنیزممی شكاند .
(11)
فیله‌كان هێرشیان بۆ رابردووی پڕ له فیلم هێناوه
منیش ئه‌م پیرییه په‌كی خستووم
قژم سپیه و كه‌لاوه‌كان ده‌كه‌م
عاشق مه‌مكی مه‌عشوقه‌كه‌ی ده‌گرێ :
نان بۆ قه‌ساب
گۆشت بۆ نانه‌وا
په‌نجه بۆ مه‌مك .
(12)
چ مامانێكه رووناكی ؟
(13)
سه‌رم ده‌خه‌مه ناو كۆشم
خه‌ون من ده‌بینێ .
(14)
– چه‌ند ساڵه لێره وه‌ستاوی ؟
+ ساڵێك و شه‌ش مانگ و هه‌شت چركه و نووزه‌یه‌ك .
_ پێم ده‌ڵێی هه‌ناره‌كه له كوێیه ؟
+ به مه‌رجێك تۆش پێم بڵێی ده‌نكه‌كانی له كوێن .
(15)
كۆتری زه‌ینم به ئاسمانی گوناهه‌كان تێده‌په‌ڕێ
گوناهه‌كانی تۆ به‌شی خۆت ناكه‌ن
چی ده‌ده‌ی به من ؟
سندوقه‌كه‌ی تۆ جێگه‌ی خۆتی تیا نابێته‌وه
چی دابهشدهكهی له‌گه‌ڵم ؟
له ڕۆژی كوژرانماندا
ئازایه‌تی تۆ له‌وه دابوو
باسی خۆت ده‌كرد
ترسنۆكی منیش له‌وه‌دابوو
باسی كریستاڵم ده‌كرد .
(16)
ده‌ریاكان ماڵئاوایی له ماسیگره‌كان ده‌كه‌ن
وێنه‌كێشی ئاو و ئاگر
دوا تابلۆی خۆی ده‌خاته مه‌زاده‌وه
ماسیه‌كانی ناخی ده‌خوا
مه‌زادخانه‌یه‌كی ترم ده‌وێ
كتێبهكانمی تیا بگۆڕمه‌وه به چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی سپی
جووجهڵهكانم به چه‌ند هێلكه‌یه‌كی كوڵاو .
(17)
نیشانه‌ی پرسی چاند
هه‌زاران نیشانه‌ی سه‌ر سووڕمانی دووریه‌وه .
ئه‌و قوتابیه‌ی له‌وانه‌ی (علم النفس) قۆپیه‌ی ده‌كرد
بووه به دكتۆری ده‌روونی .
خه‌یام لۆری خۆڵه‌كه لێ ده‌خوورێ
كه جه‌سته‌ی پیاوێكی بۆگه‌ن بووی تیایه
پیاوه‌كه رۆژانێ لۆری ئه‌نفالی لێ ده‌خوڕی .
(18)
به ده‌ستی راستی
ده‌ستی چه‌پی منداڵه‌كه‌ی گرتووه
به ده‌ستی چه‌پی
فانووسێكی هه‌ڵگرتووه .
(19)
سێوی سوور
سێوی زه‌رد ده‌خوا .
ره‌یحانه‌كان
به مسك خۆیان بۆن خۆش ده‌كه‌ن .
(20)
هۆڵه‌كه چۆڵكه‌ن
ته‌نها یه‌ك ده‌رگا بۆ چوونه ده‌ره‌وه هه‌یه
شانۆكه پێشكه‌ش ناكرێ.
تێبینی : ئه‌م شیعره له گۆڤاری ( هه‌نار ) بڵاوكراوه‌ته‌وه .
بڵند باجه‌لان
blendbajalan@ymail.com