![به ئاره‌زووی زه‌وی ناو له دره‌خته‌كان نرا به ئاره‌زووی زه‌وی ناو له دره‌خته‌كان نرا](https://dengekan.ca/wp-content/uploads/gcMigration/sabahRanjdar_531861828.jpg)
به ئاره‌زووی زه‌وی ناو له دره‌خته‌كان نرا
نیگای باڵنده له ڕوخساری ڕاوچی نێژرا
له دواییدا ئه‌م نیگایه چپه‌ی بۆ هاوڕێكانی كرد
من باوه‌ڕم به‌و چپه‌یه هه‌یه كه نیگا ده‌یكاته گۆرانی
گۆرانی ئێسكی له‌شی ئه‌و مرۆڤه ده‌توێنێته‌وه كه چاوی دڵی ناسیوه
ده‌موچاوی زه‌ویش وه‌ك بڕووشی ته‌ڕكراو ده‌كاته‌وه
فێنكایی ئێواره به‌ناز به‌ناز ده‌ست و په‌نجه‌ی هه‌ولێری له خه‌نه ده‌نا
په‌نجه‌ره‌ی ماڵم لێوی په‌ری به‌خشنده‌یه
له پشت ئینجانه‌یه‌كی غه‌مگین و وریا دانیشتبووم
مێوانێكی خۆشبه‌خت و ده‌م به مژده و ده‌ست به میوه‌ی كێوییه‌وه
سه‌ری كێشایه ژووره‌وه
منداڵ پێی له چیای بێ كانی و به‌ردی داخبوو ده‌پارێزێ
له ژێر ئاویش له یاقووتی خلیسك و به قه‌وزه داپۆشراو
سێبه‌ری منداڵ شكایه‌وه ناو ئاوێكی مهلهوانناس
خوداوه‌ند ده‌سته‌كانی وه‌ك باڵی ئۆكۆردیۆن كردوونه‌ته‌وه
له ئاسمان ژیانی پیت و فه‌ڕ ده‌گرێ و له خاكدا ده‌نێژرێ
خاك كسپهیهكی داخكهر نییه
هه‌موو شتێكی لێیه به گله‌یی و مردنیشه‌وه
زه‌وی زه‌یستانه و چوار منداڵی
له‌سه‌ر بێژینگ له ته‌نیشت خۆی درێژ كردووه
كێ ناوكی بڕین و ناوی لێ نان
سروشت یان سرووش
نیازی سروشت و سرووش به‌رانبه‌رن
خوداوه‌ند ده‌سته‌كانی وه‌ك تای ته‌رازوو بێ باك ڕاگرتووه
دوو داوه برژانگی چاوی ڕاست و چه‌پ سه‌نگی ڕاگرتوون
چاوترێی تێرئاو ئاسووده‌ییم تێك مه‌ده
ده‌ڵێی پێ له‌سه‌ر ئاسنی سووربووه‌وه داده‌نێم
له ناسینی خودا و له ناسینی تۆدا
په‌نام بۆ توانه‌وه برد
تۆ كێیت ئه‌ی دڵ و گیان
له كراسی سه‌ما سه‌یر ده‌كرێیت و چاو داده‌خورپێ
له هه‌وای ڕووندا مردم و نازم كێشرا
كتێبه‌كانم شانیان دایه به‌ر تابووتم
گالیسكه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كان و بازاڕ به‌دوامدا ڕۆیشتن
چاویلكه‌م له چاڵایی برۆم ڕاگرتووه
له‌ناو كتێبخانه‌كه‌مدا كتێب شوێنگۆڕكێ پێ ده‌كه‌م
ده‌مه‌وێ بۆ شوێنێك بڕۆم
شوێنه‌كه تۆی ئه‌ی شیعر
ئه‌ی شیری ناو گوانی سروشت و به‌ش و به‌ختی من
خودا ئایه‌تی یه‌كدڵی شیعری به سینگه‌وه هه‌ڵواسیم
هه‌تاو خه‌ریكی دزینی پارچه قوماشه‌كانی پرسه‌یه
سینگم كتێبخانه‌ی ئاشكرابوونی هێماكانی دوو دنیایه
چاوی ناحه‌ز وه‌ك مار له قاچم ئاڵاون
پیت بوو به وشه
ماره‌كانی بڕی و لاشه‌یان له‌دوای پێم جێ‌مان
له كه‌لووی زۆر جێگه‌ی داخه له‌دایك بوون
میری كلیلسازی گه‌نجینه
ناونیشانێكی ڕه‌سه‌نی پێدان
عه‌زیای ناو حهكایهتان
شیعر نازی نهكێشاوم
هه‌واڵی لاڕه‌شه‌ی ئه‌و داربه‌ڕووه‌ی دامێ
كۆڵهپشتهكهم له سێبه‌ری دانابوو بۆ پشوو
كێش و سه‌روا بینییان زۆر بێڕه‌نگم
جۆگه‌له‌یان كێشایه كۆڵانی غه‌ریبی
ڕه‌نگیان له‌گه‌ڵ ئاو به‌راورد كردم
شیعر تاسه‌ی جوانی و كۆچی كردووه
كیسه‌ڵ له پێشبڕكێدا چی ده‌وێ
ههزارپێیهكی فریوخواردووم بینی
دڵی خۆش بوو له پێستی خۆیدا جێی نه‌ده‌بووه‌وه
چهنهلێدانێكی به‌لاشی بوو له‌گه‌ڵ شیعردا
میوه چه‌ند بێ باك و شێتانه به‌سه‌ر و سینگی دره‌خته‌وه پێده‌گات
خودایه خۆ به خۆت ئاگاداری
ئاڵای شیعر چه‌ندین جه‌نگاوه‌ری به‌جه‌رگی له‌ناودا نێژراوه
پاشان دووباڵ له شانیان ڕوا
خوێنێكی غه‌مگین و وریا
له دڵ و گیانی پاراوی شیعردا ده‌بێته‌وه كانی و ئاو
دنیا بێ خوێنی غه‌مگین و وریا ته‌واو ده‌بێ و ده‌چێته‌وه ناو كراسی مار
یاری نهێنی ڕه‌نگت نابزڕكێ
له یه‌ك شێوه‌دا لێت ورد ده‌بمه‌وه
كاتێك باوك و دایك خواردنیان له ده‌ستی به‌خشنده‌ی خودا ته‌واو ده‌بێ
منداڵی خۆیانت به میرات بۆ به‌جێ ده‌هێڵن
له كه‌لووی دووپشك له‌دایك بووم
هه‌وری خه‌مڵیوی سه‌ر پشتی ئه‌سپی ڕاو و پنجه گیا
ناونیشانی ڕازی دركاوی هه‌قیقه‌تی پێدام
نه‌مریی له دوو دنیا
هه‌وری سه‌رئاو بێ په‌روا و سه‌رگه‌رمانه ده‌گرمێنێ
بێده‌نگییه‌كی ترسناكی دروست كرد
باران وه‌ك منداڵێكی هاروهاج
له جامی ئۆتۆمبیلی ده‌داین
ئاوێنه‌یه‌كم له‌به‌ر مانگ دانا
مانگی ناو ئاوێنه و ئاسمانم ڕاهێنا
چۆن ته‌ماشای یه‌كتر بكه‌ن و پێوانه‌ی نادیاریم بۆ بێنن
مانگ به‌و چه‌شنه‌ی ته‌ماشای یه‌كتری ده‌كه‌ن
ڕوخساری نه‌كراوه‌ته‌وه و سهرزهمینڕۆی خۆش نه‌ویستووه
ئه‌و هه‌موو شتانه‌ی بۆ هێنامه‌وه سه‌ر ته‌خته‌ی شه‌تره‌نج
كه مه‌ودای نادیاری لێمی شێواندبوو
تهماشاكان بوون به گۆرانیبێژ
ده‌فی خودایی لێده‌ده‌ن
ده‌ف له دڵم گه‌ڕا و دۆزییه‌وه
ده‌ست بهدهفهكهتهوه بگره ته‌ڵه‌زگه سامی ده‌شكێ
دڵت به بینینی هیچ دیمه‌نێك توند نابێ
ته‌نانه‌ت به دیمه‌نی شه‌ڕی مار و ژووژكیش
دڵی له‌ناو بڵێسه‌ی گشت ده‌سه‌ڵاته‌كان ماندوو
چاره‌نووسی به‌رد دیوار نییه
به ته‌نیاش له‌ودا نیشته‌جێ نییه
له ڕوخساری خۆرێكی زه‌مینی هه‌یه
خۆری زه‌مینی ببه به هه‌موو شتێك
به ده‌فه‌وه به‌ندم
له‌م ژیانه پڕ ئاجڕ و باجڕهدا بێ نیازی كردووم
له سێبه‌ری به‌نازی پهلكهزێڕینهیهكدا ده‌ستم به‌ژیانه‌وه گرتووه
هه‌موو كه‌سێك یه‌كتری تێدا ده‌بینن و حوكمی هێلكه ترووكان ده‌كه‌ن
به زمانی به‌هره و سرووشی ئه‌وان شانم گه‌رم دادێ
ده‌فلێدان نابێته گوناهـ
پیتم ده‌بێته وشه
مانگ ئای چه‌ندت غه‌ریبی ده‌كه‌م
بگه‌ڕێیته‌وه ناو ده‌فی ده‌ستم
خۆر له قووڵایی ده‌ریادا خاو نابێته‌وه
به‌ردی بن لم ماندوو ناژی و له درێژبوونه‌وه‌ی ڕۆژگار یاقووت نازی ده‌كێشن
وێنه‌ی ڕوخساری ساوایه‌كی له شیربڕاوه و به‌ردێكم كێشا
زمان له‌ناو بڵێسه‌ی گشت ده‌سه‌ڵاته‌كان داگیرسا
ئه‌ی نه‌مریی له دوو دنیا
ئاگری ژیانمت له دڵێكی ئه‌فسانه‌ییدا كردووه‌ته‌وه
مه‌لی كۆچیار له دره‌ختێكی گۆڕاو بۆ دره‌ختێكی نه‌گۆڕاو
دوودڵی شوێنی هه‌یه
ئێمه له دۆزه‌خێكدا ده‌ژین
هه‌موومان یه‌كتری ده‌ناسین و هه‌ستی یه‌كتری ئاگادارین
چاوی ئاگر له دۆزه‌خدا چی ده‌ڵێ
تابووت ته‌نیا جێگای یه‌ك كه‌سی تێدا ده‌بێته‌وه
له نێوان هه‌ردوو دره‌خته‌كه‌دا بانگی كردم
ئه‌رێ چ ڕووی داوه
پتر له جارێك ته‌ماشای زه‌وی بكه
فریو به هه‌موو شێوه‌یه‌ك خۆی ده‌نوێنێ
ده‌مه‌وێ بۆ شوێنێك بڕۆم
شوێنه‌كه تۆی ئه‌ی شیعر
ئه‌ی شیری ناو گوانی سروشت و به‌ش و به‌ختی من
خودا ئایه‌تی یه‌كدڵی شیعری به سینگه‌وه هه‌ڵواسیم
په‌ری به‌خشنده له دڵ و گیانی مندا تیشكی چنی و پشووی دا
دڵ و گیانم به هێز بوون
تیشك خۆراك له‌و مرۆڤه وه‌رده‌گرێت چاوی دڵی ناسیوه
ڕه‌گێك كه‌وتووه‌ته سه‌ر به‌ردێك
خۆڵ نێوانیمان ده‌كات
له شه‌ڕی ڕه‌گدا
سه‌مای ئه‌شق ده‌بیندرێ
خولیای ڕه‌گ بۆ ئاشكراكردنی وێنه‌یه
ڕۆژ و ڕۆژگار خولیایه و پێویسته ئه‌شق و سه‌مای له‌گه‌ڵدا بكه‌ین
شۆڕه‌بییه‌ك چاوی بڕیوه‌ته چاوی مێوانه‌كانی كه‌نار
پرچ و ئه‌گریجه‌ی له ڕووی ئاو ده‌خشێنێ
له ژێر سێبه‌ری به‌نازی دره‌ختێك پشوویه‌ك وه‌رگره
باڵنده‌یه‌كی به‌سه‌ره‌وه‌یه
به ده‌نووك و په‌ڕ و باڵ
ئاو به‌سه‌ر چرۆكانیدا ده‌ڕژێ
له‌سه‌ر تاوێرێكی ئارامی گوێی ئاو دانیشتووم
پێم بۆ ناو ئاو شۆڕ كردووه‌ته‌وه
ئێستا نا ئێستا ماسی ده‌م له پێم ده‌ده‌ن
مێوانه‌كانی كه‌نار شێی سه‌ر ده‌ریایان هه‌ڵمژیوه
ده‌ست گۆدبوون و ترس و لێوه‌له‌ره‌ی دۆڕانیان نییه
شوێنپێی مێوانه‌كانی كه‌نار پڕن له ئومێد
بابۆڵه‌یه‌ك خورما به ئاردم خوارد
ئاگری به دووكه‌ڵم له‌ناو تهپۆیاندا كرده‌وه
كێكی له‌دایكبووی شیعرم بڕی و مۆمی سه‌ریم پێكرد
ژه‌نه‌ڕاڵه خانه‌نشینه‌كانی دوای جه‌نگ
بووكه‌شووشه له‌ناو بازاڕی گه‌وره و باخچه گشتییه‌كان ده‌فرۆشن
بووكه‌شووشه فرۆش به‌جۆری لێدانی دڵی بووكه‌شووشه ڕاهاتووه
به نه‌رمی ده‌نگی به‌رز ده‌كاته‌وه
ئه‌رێ باڵنده هێلكه‌ی هه‌بێ یان بێچوو
شاد ده‌فڕێت
باڵنده له دۆزه‌خ ڕای نه‌كردووه و له چاوزهردبوونی گیاندان نییه
خانه‌كانی دره‌ختێكم ته‌ماشا كرد
ماڵی په‌یمان بوون
لك و پۆپیان پڕی ئه‌و باڵندانه‌ن
ناوچه‌وانیان خولگه و هه‌ساره‌ن
یاری نهێنی له ناخی دره‌ختی به‌ردار خۆی ئاشكرا كرد
به‌هار به پێكه‌نین و گه‌رم و گوڕییه‌وه هات
هه‌ست ده‌كات له دڵمانه‌وه نزیكه و خولیای ئێمه‌ی له‌سه‌ر ده‌رناچێت
گزینگ به‌و شێوه ڕوونه‌ی هه‌ڵدێ
به دوای چاره‌نووسی كێیهوهیه
ئامانجی هه‌یه یان نا
له چ دڵێكیشهوه نزیكه و خولیای كێی له‌سه‌ره
زه‌وی ڕووی گرژ كرد و ده‌موچاوی به‌یه‌كدا دا
باڵنده‌ی شایه‌دی هه‌قیقه‌تی سهرگهردانكراو
به‌ردی چله‌می هێلانه‌ی دانا
ئاوازێكی بۆ خوێند و به غه‌مگینی و وریایییه‌وه جێی هێشت
ماری تووكن به خێرایییه‌كی سه‌یر
چاوی له‌م به‌ری ڕێگا بۆ ئه‌وبه‌ری ده‌گوازێته‌وه
ورچ له بنی ئه‌شكه‌وت دانیشتووه و گۆرانی بۆ هه‌نگوینی كێوی ده‌ڵێ
ڕێوی دووڕهگیش ئاو ده‌ڕژێنێته خواردنی كوڵاومان
بێچووه مامز كاتێك فێره له‌وه‌ڕ ده‌بێ
له گوانی دایكی دوور ده‌كه‌وێته‌وه
ژیان له نه‌مری و ڕه‌نگی قاوه‌یی و گیادا
ڕه‌نگی قاوه‌یی گوانی دایك و ڕه‌نگی سه‌وزه‌گیای سروشت
هه‌نگاوی به ئامانج هه‌ڵده‌هێنم و یه‌كه‌م كه‌سم له‌سه‌ر ڕێگا
گوڵی خه‌مڵیوی ڕوومه‌ت و چاو به شه‌ونم دیاری بهدهستهاتوومه
له گوڵی خه‌مڵیوی ڕوومه‌ت و چاو بهشهونمدا هه‌موو شت هه‌یه
یاری نهێنی شكۆمه‌ندی دڵواڵایی و چاوتێری تێگه‌یاندم
ده‌بێ هه‌موو سبه‌ینه‌یه‌ك سێبه‌رمان بچێته ناو ڕێگا
له كاردا گه‌رمترین هه‌تاو وهفادارمانه
ده‌شبێته ئاواز و گۆرانیمان
ئاواز و گۆرانی دێته سه‌ر خوانمان
ده‌ست به سه‌ری به‌هره و سرووش و نهێنی ڕووناكی داده‌هێنێ
ئاوی چاو له كتێبخانه‌ی ئاشكرابوونی هێماكانی دوو دنیا
به‌سه‌ر ده‌فته‌ری شیعرمدا ده‌بارێت
زه‌وییه‌كی دانه‌چێندراو نه‌یتوانی بزه بهێنێته سه‌ر لێوان
هه‌ڵمی هۆشمه‌ند پێی ڕاگه‌یاندم
به‌رز ببمه‌وه تا ئاستی ده‌سته كراوه‌كانی خوداوه‌ند
چاوه‌ڕوانی باران بم
باران بۆ ئه‌وه ده‌بارێ خۆی ون بكات
بۆ ئه‌وه‌ی نییه خۆی بدۆزێته‌وه
له داباریندا لێك جیاده‌بێته‌وه
له خاكدا یه‌ك ده‌گرێته‌وه و ده‌بێته‌وه كانی و ئاو
گرد له‌سه‌ر سینگ
له‌یه‌كنزیك ده‌بنه‌وه و زه‌رده‌په‌ڕ دایانده‌پۆشێ
مردن ژیان و خۆشه‌ویستی ده‌ناسێ
شوێنێكیشی نییه بیلاوێنێته‌وه
دڵی نزا و پهشیمانییهكانمانی به‌ده‌ست نه‌هێناوه
شه‌قام بۆ په‌یكه‌ر چاڵێكی گه‌وره و قووڵ و شێداره
ئای به‌ده‌ستییه‌وه نا‌ئومێد و گرفتاره
بێزارییه‌كی كوشنده سڕی كردووه و ڕاناپه‌ڕێ
مانگ ده‌توانێ ده‌رگای زیندان بشكێنێ
كه‌سێكی تا بڵێی سه‌رنجڕاكێشه
دارده‌ست و كرێگرته‌ی كه‌س نییه
بكه‌وینه ڕێ و له‌و نزیكانه پشوویه‌ك بده‌ین
ده‌گه‌ین
ماڵی مانگ حه‌ڵوای شه‌كر و بابۆڵه‌ی خورما به ئارد
پێشكێش به‌و مرۆڤه ده‌كات چاوی دڵی ناسیوه
له ماڵی تۆدا ڕاده‌كشێم و ده‌ڕوانمه جوانیت ئه‌ی خودا
من گۆڕم به دڵه
تیر له ناوله‌پی ده‌شكێ و نان ده‌برژێ
سه‌رزه‌مینی ناته‌واوی دڵبڕ و دڵ‌پڕ
پێویستی به دڵخۆشی ئێمه هه‌یه
یاداشتی له ئه‌لفه‌وه تا یا بكه‌ین به تابلۆیه‌ك
له به‌رگی ده‌فته‌ری منداڵه‌كانمانی بده‌ین
سروشت وازی له پاڵه‌وانبازی هێناوه
له خودا و خودی جوامێرێك ورد بووه‌ته‌وه
ئێواره‌ی هه‌موو ڕۆژێك به ناو فریزی لێوار شه‌قامه‌كان
نه‌رم نه‌رم ده‌ڕوات و چاوی هاڵاو دێنێ و هۆگری گریانه
خۆزگه ده‌خوازێت سێبه‌ر یاده‌وه‌ری هه‌بوایه و دوا هه‌نگاوی بێته‌وه یاد
پشت له چاوه‌ڕوانی ڕووناكی ده‌چه‌مێته‌وه
ده‌ركه‌وت گۆچان یارییه‌كی به‌تاڵه
له سێركدا گایه‌ك قۆچی له سینگی یاریكه‌رێك دا
ئاسووده‌یی گۆڕه‌پانی تێك دا
پیری بۆ گا كۆتایییه‌كی خۆشه
بریقه‌ی چه‌قۆی له چاوی نهترووسكابێتهوه
مردن جارێكه و شیوه‌ن حه‌فته‌ی حه‌فت ڕۆژ و شه‌وێك
ڕێوییه‌كی نه‌دیوبدی
ڕك و كینه به‌سه‌ر ددانی ده‌هات و ده‌چوو
مریشكێكی له‌سه‌ر لكی دره‌خت برد و خواردی
ڕیخۆڵه‌ی مریشك له قاچ و قولی ئاڵا
ده‌سته‌یه‌ك منداڵی چه‌قاوه‌سوو
له‌سه‌ر گردی بن ماڵان یارییان ده‌كرد
داوی كۆلارهیان له كلك و گوێی گرێ دا
ڕێوی خۆی بێره و به‌وێدا ده‌دا و پهلهكوتێیهتی
په‌ڵه‌یه‌ك خوێن له عاردی جێ‌ما
نزیك په‌ڵه خوێنه‌كه جووجكهی مریشكه‌كه باڵیان پشوو پێده‌ده‌ن و چینه ده‌كه‌ن
به‌هار زوو هات و له ئاوێنه‌یه‌كی تاریك و لێڵه‌وه
هێلكه‌ی ماری پێشان داین
ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی له مار جێ ده‌مێنن به‌س هێلكه نین
دره‌خت سایه‌ی ته‌وری له‌سه‌ره
به ترسی سبه‌ینێش ناژی
لك و پۆپی دره‌ختی دڵ
ڕه‌گی خۆی له ناوچه‌وانی یاری نهێنی به‌ستا
كاتێك فرمێسكی سووری خۆم له‌ناوچه‌وانی
سووپه‌ری سه‌نگه‌رێكی چۆڵكراو و سه‌كۆی په‌یكه‌رێك كۆكرده‌وه
زانیم له‌ناو ڕه‌گ گه‌شه و ڕووهكناسم
پێڵووشم به‌تۆزی نیشتووی شه‌قامه‌كانی شار گران بووه
چاوی دره‌خت ده‌رگای سندووقی خه‌زێنه‌یه
ساباتی به‌هره و سرووش
خێزانێكی به‌ختیار خه‌ریكی به‌رچایی ئاماده‌كردنن
منداڵه پرچ خاو و چاو قاوهیییهكهیان پڕ به هه‌سته‌كانی
ده‌نووسێ و ده‌سڕێته‌وه و سێوه‌كه‌ی ئاده‌می كردووه‌ته ڕووداو
ده‌ستی بردووه‌ته ناو به‌یانییه‌كی ڕوو له خێر
شه‌ڕیش له‌گه‌ڵ مێشی شه‌ڕفرۆش ده‌كات
قاپ و
كه‌وچك و
چه‌قۆ و
چه‌نگاڵی نایلۆنم كڕی
قاپی سفر و زیوی باپیرانیش
له تاق و
په‌نجه‌ره و
ڕه‌فی ماڵ ده‌دره‌وشێته‌وه و ته‌ماشای به‌رز ده‌كاته‌وه بۆ دیده‌نی
له گریانی خۆشییهكدا گیان دانا و مه‌زن
له‌سه‌ریان ڕێ ده‌كات
ده‌ماری پڕده‌بێ له خوێن و سڵاوی گه‌رم
ژێیه‌كانی سازیش سه‌رڕێژن له ئاوازی دێرین
دره‌ختی خانه‌خوێی باڵندان
مێش و مێرووستان هێشووی ناگهچڵێنن
مراوی له ئاو ده‌رهاتووه
له‌سه‌ر به‌ردێكی گه‌رمی به‌رخۆر
په‌ڕ و باڵی هه‌ڵخستوون
ده‌نووكیان تێدا ده‌گێڕێ
له بن ئه‌و به‌رده‌دا جوامێرێك نێژراوه
ته‌م به‌سه‌ر قه‌ڵادا ڕه‌ت بوو
چاوه كهمحوكمهكانی ڕوون كرده‌وه
دێ‌و و درنجی چیرۆك و ئه‌فسانه‌ی
بێره و به‌وێدا بڵاو كرده‌وه
لێره شه‌وه
شه‌وی به‌رات
ئاوازی پیتم بۆ ده‌كاته وشه
وشه ببه به هه‌موو شتێك
ژووره نیوه ڕووناكهكهم
ئه‌و ژووره هه‌ر به نیوه ڕووناكی جوانه و خه‌رمانه ده‌دا
بڕیاری گه‌شتم نه‌دابوو
به‌ڵام كاتێك وێنه‌ی به‌له‌مم له تابلۆی ژووره‌كه‌م بینی
بیرم له باڵی مێشهه‌نگ و مێشهكهرانه كرده‌وه
بچمه سه‌ر باڵی كامیان
به‌ش و به‌ختی خۆم ببه‌مه گه‌شت
ڕابردوو و داهاتوو له‌ناویه‌كدا مردوون
قاچی ئێستاشیان له‌ناودا سڕه
خۆر له ناوه‌ڕاستی ئاسمانه و مێشك ده‌كوڵێنێ
سیسركی هاركراو له‌ناو شووشه‌یه‌كی به‌تاڵ
چاوی مۆڕ كردووه‌ته‌وه
گای قۆچوهشێنیش چزووی دووپشكی له كلكی ماوه‌ته‌وه
وه‌خت و ناوه‌خت په‌لامار ده‌دا
بابهنوئێلم بینی ڕدێن وه‌ك دڕك و داڵ
ده‌م و چاوی شاردبووه‌وه و ناوچه‌وانی ترشابوو
هه‌ردوو گوێچكه‌ی گوجیلهیهكی بڕی
له سه‌ر له‌پی دانا
به خوێنی گوێچكهشی كلكی سوور كرد
سه‌گی كلك سوور وه‌فای زۆره
دڵیشی لای خاوه‌نه‌كه‌یه‌تی و هه‌میشه بۆنی شوێنپێیه‌كانی ده‌كات
زۆرت خه‌ون پێوه ده‌بینم ئه‌ی سه‌گی كلك سوور
له ڕوخسارت خۆرێكی زه‌مینی هه‌یه
خۆری زه‌مینی ببه به هه‌موو شتێك
ته‌نیا خوداوه‌ند زه‌مین ناپارێزێ
سه‌گی كلك سوور سوێند به ناوچه‌وان و ناوله‌پی خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌خوات
شاعیرێك لاله‌ی ده‌ستی سه‌رانسه‌ری سه‌رزه‌مینی ناته‌واوه
به ده‌موچاوه سروشتییهكهیهوه
دێته ناومان
هه‌ردوو ده‌ستی پڕ سۆزن
له ده‌ستی پڕ سۆزدا هیچ گوناهێك له‌دایك نابێ و نان ده‌برژێ
شاعیرێكی ده‌ست و پێش
فریزی حه‌وشه‌ی كۆشكه و كیفی زێڕی له ددانی گرتووه
قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی له‌ناو كراسی مار داناوه
بێ هووده خۆشحاڵه
یاری نهێنی ڕه‌نگت نابزڕكێ
له یه‌ك شێوه‌دا لێت ورد ده‌بمه‌وه
كۆڵهپشتهكهم له سێبه‌ری داربه‌ڕوویه‌ك دانابوو بۆ پشوودان و بۆی ناگه‌ڕێمه‌وه
ڕێگای ڕێزلێگیراو ته‌واوبوو
یادگاری پێڵووی خاو كردوومه‌ته‌وه و ده‌ماره‌كانی به توندی لێده‌دا
له ناكاودا بوو به به‌یانی
هاوڕێیه باشه‌كه‌م كۆڵه‌پشت
دڵی گه‌لیان له كفنێكی ڕه‌شدا به خاك سپارد
دڵی گ له كفنێكی ڕه‌شدا به خاك سپارد
دڵی ه له كفنێكی ڕه‌شدا به خاك سپارد
دڵی ل له كفنێكی ڕه‌شدا به خاك سپارد
دڵی ی له كفنێكی ڕه‌شدا به خاك سپارد
دڵی ا له كفنێكی ڕه‌شدا به خاك سپارد
دڵی ن له كفنێكی ڕه‌شدا به خاك سپارد
فڕینێكی وه‌ستاو زیاتر له بیست ساڵ
تریفه جل و به‌رگی مانگی فڕاند و له‌سه‌ر كه‌پری سهپانانی دانا
كۆترهباریكهش بهدرهختهوه ده‌نیشێته‌وه
بۆنی خۆی له‌سه‌ر جێ ده‌هێڵێ
قازهكێوی باڵنده‌ی ناوماڵ و حه‌وشه و بان نییه
له ده‌وره‌ی چراش كۆنابێته‌وه
خاك بۆنی خه‌نه‌ی خۆی
ته‌نیا له مرۆڤه پیرۆزه‌كان ده‌دا
بۆنی خه‌نه ده‌بێت به هه‌موو شتێك
ماچی سه‌رپه‌نجه‌ت
دڵی ئه‌و دره‌خته گه‌رم ده‌كاته‌وه كه له ڕۆژی له‌دایكبوونی من ڕوێندرا
هه‌وای گهرماییت به چی بزانم
ڕۆژبه‌ڕۆژ هه‌واڵی په‌ری به‌خشنده دوور ده‌كه‌وێته‌وه
پرخه پرخی مانگی پیر له‌ژێر ئاودا به‌رز و نزم ده‌بێته‌وه
له ژێر ئاودا وه‌ره ده‌ره‌وه
شتێكی مه‌ترسیدار له ئارادا نییه
هه‌تاو خه‌ریكی دزینی پارچه قوماشه‌كانی پرسه‌یه
داوای كرد له دزییه‌كه‌یدا یاوه‌ری بین
ئه‌م داوایه تایبه‌ته به‌و مرۆڤه‌ی چاوی دڵی ناسیوه
چرا ئه‌وكاته جوانه كه داده‌گیرسێت
یاری نهێنی ڕه‌نگه جوانكردنی چرا و ناسینی دڵ زۆری بوێ
كانوونی دووه‌می 2012 هه‌ولێر
سه‌باح ره‌نجده‌ر