پیلانی پیاوسالاریی تا دێ فروانتر ده‌بێته‌وه!
بە داخەوە ئه‌وه چه‌ند ساڵێکه له به‌رامبه‌ر هۆشیاربوونه‌وه‌ی زیاتری ژنان و قورسایی خه‌باتی یه‌کسانیخوازانه‌یان، پیاوسالارانی ناو ده‌سه‌ڵات و حیزبه‌کان که‌وتوونه‌ته‌خۆ و ده‌یانه‌وێ به چه‌ند پیلانێکی چه‌وسێنه‌رانه‌یان رێڕه‌وی تێکۆشانی ژنان بشێوێنن، هێندێک له‌و پیلانانه‌ش که چه‌ند ساڵێکه من هه‌ستیان پێ ده‌که‌م و خه‌ریکه له ناو چالاکییه‌کان و بۆنه‌کانی ژنان به تایبه‌تیش له رۆژی جیهانی ژنان به شێوه‌یه‌کی خراپ له‌سه‌ر ژنان ده‌شکێنه‌وه ئه‌مانه‌ن:
یه‌که‌م: هێز و حیزبه ئیسلامیه‌کان به هۆی ئه‌و زه‌مینه له‌باره‌ی بۆیان ره‌خساوه که زۆرینه‌ی کوردان موسڵمانن زۆر به گه‌رموگوڕیی په‌روه‌رده‌ی دینیی بڵاوده‌که‌نه‌وه به تایبه‌تیش له ناو ژنان.. چونکه ده‌زانن دین باشترین هۆیه بۆ رێگرتن له پێشکه‌وتنی ژنان و وه‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانیان، دیاره هه‌ردوو حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌که‌ش که خۆیان به عه‌لمانیی ده‌زانن ته‌نها کاتێک دژیان ده‌وه‌ستنه‌وه که هه‌ست بکه‌ن ده‌بنه مه‌ترسی بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان ده‌نا وه‌کو تر له مه‌سه‌له‌ی سه‌رکوتی ژنان و قووڵکردنه‌وه‌ی تێڕوانینی کۆنه‌په‌رستی و پیاوسالاریی هاوکاریانن و زۆر کات وه‌ک ئه‌وان ژنان به دین و ده‌رنه‌چوون له دابونه‌ریتی باو ده‌ترسێنن، ئه‌وه له کاتێکدا هه‌موو که‌سێک ده‌زانێ دین ته‌نها هی پیاوانه و ساه‌ترین ماف و ئازادییه‌کانی ژنان ناسه‌لمێنن.
دووه‌م: پیاوانی ده‌سه‌ڵات له ژێر پاڵه‌په‌ستۆی دنیای پێشکه‌وتوو و ده‌ستکه‌وته‌کانی خه‌باتی ژنان له‌سه‌ر ئاستی جیهان ناوه ناوه بۆ جوانکردنی رووی خۆیان هێندێک پڕۆژه‌ی نیوه‌ناچل ده‌خه‌نه نێو په‌رله‌مان، له‌وانه‌ش پڕۆژه یاسای فره‌ژنیی که سه‌رئه‌نجام به پشتگیریی چه‌ند ژنێکی پیاوسالاری ناو حیزبه‌کانی ناو په‌رله‌مان فره‌ژنییان به یاسا به‌سه‌ر ژناندا سه‌پاند، که یاسای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندوتیژیشیان ده‌رکرد به بێ ئه‌وه‌ی هیچ بنچینه‌یه‌کی وای بۆ بڕه‌خسێنن که بتواندرێ ئه‌و یاسایه جێبه‌جێ بکرێ و نه‌بێته یاسایه‌کی رۆتینی.. وه‌ک هه‌موو یاسایه‌کانی دیکه‌یان که تۆزێک پێشکه‌وتووخوازانه‌ن له کرده‌وه‌دا جێبه‌جێ ناکرێ، به‌ڵگه‌شمان بۆ ئه‌وه ئه‌وه‌یه که له‌وه‌ته‌ی ئه‌و یاسایه ده‌رچووه جگه له هێندێک شتی رووکه‌ش بارودۆخی ژنان هیچ به‌ره‌و چاکبوون نه‌چووه و به‌پێ ئه‌و ئامارانه‌ی له کوردستانیش هه‌ن کوشتن و سوتان و لێدان و سووکایه‌تیکردن به ژنان که‌می نه‌کردووه و بگره له رووی به‌کارهێنانی ته‌کنه‌لۆژیایه تازه‌کانی وه‌ک مۆبایل و ئینته‌رێت و… هتد گرفت و چه‌وسانه‌وه‌یان زیاتر بووه.
سێیه‌م: رێکخراوه‌کانی ژنان، هیچ رێکخراوه‌یه‌کی ژنان نییه له کوردستان له لایه‌ن بیرۆکه‌ی پیاوسالارانی حیزبه‌کانه‌وه دانه‌مه‌زرابێ، به تایبه‌تییش له ئێستادا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی ئه‌و رێکخراوانه پڕوپاگه‌نده‌ی سه‌ربه‌خۆیی و بێلایه‌نی ده‌که‌ن که‌چی له‌بنه‌وه به پێی به‌رنامه‌ی حیزبه‌کان کار ده‌که‌ن و ئه‌ندامگیریی بۆ حیزبه‌کانیان ده‌که‌ن، رۆژانه هه‌ر حیزبه‌و ده‌ڵێ ئێمه هه‌موو ده‌رگایه‌کانمان کراوه‌ن بۆ ژنان، که‌چی له راستییدا ئه‌و ده‌رگایانه‌یان بۆ ئه‌وه‌یه ژنان له خه‌باتی خۆیان دوور بخه‌نه‌وه و به ئامانجه ته‌سک و نێرسالاریه‌کانیانه‌وه خه‌ریک بکه‌ن، باشترین نموونه‌ش ئه‌و بڕیاره‌ی (کۆتا)ی نێو په‌رله‌مانه که کۆمه‌ڵێک ژنیان برده نێو په‌رله‌مان و به ناوی ئه‌وه‌ی که ژنانیش به‌شداریی سیاسه‌ت و به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵ بکه‌ن، که‌چی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌و ژنانه نه‌ک هیچ ده‌ستکه‌وتێکیان بۆ ژنان نه‌بووه به‌ڵکه بوونه‌ته رێگریش له‌به‌رده‌م ژنانی سه‌ربه‌خۆ و یه‌کسانیخواز.
چواره‌م: له‌م ساڵدا له ٨ی مارس، رۆژی جیهانیی ژنان پڕوپاگه‌نده‌یه‌کی زۆریان بۆ جلکی کوردی کرد و بڕیاریاندا له قوتابخانه و فه‌رمانگه‌کان ژنان جڵکی کوردی له‌به‌ر بکه‌ن، به تێڕوانینی من ئه‌و بڕیاره جگه له‌وه‌ی بڕیاری ژنان خۆیان نه‌بوو به‌ڵکه بڕیاری ده‌سه‌ڵاتداران بوو، دیاره ده‌سه‌ڵاتیش له کوردستان هه‌ر هی پیاوانه، که‌واته بڕیارێکی پیاوسالارانه بوو، دوایش نازانین ئه‌و بڕیاره‌ی رازاندنه‌وه‌ی ژنان به جلکی کوردی چ په‌یوه‌ندییه‌کی به‌و رۆژه‌وه هه‌یه که رۆژێکی هه‌موو ژنانی جیهانه، له راستییدا ژنان پێویستییان به بڕیارێکی ئه‌وهای پیاوان نییه، چونکه ژنانی کورد له دێرزه‌مانه‌وه ئه‌و جلکه‌یان هه‌بووه و ئێستاش هه‌ر هه‌یانه و ئه‌گه‌ر خۆیان بیانه‌وێ له‌به‌ری ده‌که‌ن و هیچ پێویستییان به بڕیاری پیاوسالارانه‌وه نییه که به سه‌دان ساڵه ژنانی کورد هه‌ر له ناو ئه‌و جڵکوبه‌رگه ده‌چه‌وسێننه‌وه و ئه‌گه‌ر بۆیان بکرێ له‌نێو هه‌ر جلوبه‌رگێکی دیکه‌ش بێ هه‌ر ماف و ئازادییه‌کانییان پێشێل ده‌که‌ن.. هیوادارین پیاوانی کورد چیدیکه ئازادیی ژنان له جلوبه‌رگه‌وه نه‌بیننه‌وه.. چونکه ئازادیی ژنان به‌نده به‌وه‌ی که خۆیان خاوه‌نی خۆیان بن و خۆ‌یا بڕیار بده‌ن چی له‌به‌رده‌که‌ن و چی ده‌ڵێن و چی ده‌که‌ن.
ئه‌گه‌ر به پیلانی ئه‌و پیاوسالارانه‌ی خۆمان دابچین که بارودۆخێکی وایان هێناوه‌ته ئارا ته‌نانه‌ت ژنانێکی زۆر به پیکی پیاوسالاری هه‌ڵبپه‌ڕن ئه‌وه هه‌ر ته‌واو نابێ، بۆیه با لێره ئه‌وه‌نده به‌س بێ و هیوادارین ئیدی ژنانی کورد زیاتر چاویان بکه‌نه‌وه و نه‌هێلن چیدی ئه‌و فرتوفێل و له‌خشته‌بردنانه‌ی پیاوسالاران به‌سه‌رماندا بڕوا و ئێمه‌ش وه‌ک ژنانی زۆرێک له وڵاتان له ماف و ئازادییه‌کانی خۆمان به‌هره‌مه‌ند بین.
پایزه ئه‌حمه‌د
payzeehmed@hotmail.co.uk