چه‌ند مینیماڵێك
ئه‌ی باوكی ئێمه كه له ئاسمانی
لیاندرۆ ئۆرڤینا
كه گروبان لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خوشك و دایكی مناڵه‌كه ده‌كرد، مولازم ده‌ستی مناڵه‌كه‌ی گرت و له‌گه‌ڵ خۆی بردی بۆ ژوورێكی تر.
وتی: باوكت له كوێیه؟
مناڵه‌كه له‌ژێر لێوه‌وه وتی: چووه بۆ ئاسمان.
مولازم به سه‌راسیمه‌ییه‌وه وتی: چی؟! مردووه؟
مناڵه‌كه وتی: نا، هه‌موو شه‌وێ له ئاسمانه‌وه دێته خوارێ و نانمان له‌گه‌ڵ ده‌خوات.
مولازم سه‌رێكی هه‌ڵبڕی و ده‌رگایه‌كی چكۆله‌ی له بنمیچه‌كه‌دا بینی.
حه‌یاچوون
ماریان بك
(خێراكه جزدانه‌كه‌تم به‌رێ!) نه‌مده‌ویست بیده‌م، به‌ڵام یارۆ هێند تووڕه‌و تڕ‌ۆ بوو كه‌مێك گومانم كرد.
خێراكه بزانم.
گه‌ر ده‌مانچه‌كه‌ی له‌سه‌ر ته‌ختی سنگم دانه‌نایه، ره‌نگه له‌گه‌ڵی بڕۆشتمایه. له‌بری ئه‌وه ده‌ستم بۆ پشتم برد و ئه‌و ده‌مانچه بارتاییه پۆلیسییه‌م راكێشا، كه به لاقه‌دما ده‌كرد. ته‌نها كارێك كه كردم ئه‌وه بوو گولله‌یه‌كم نا به قونی خۆمه‌وه‌و دواتر كه‌وتمه سه‌ر ئه‌ژنۆ. وه‌ختبوو له پێكه‌نینا رۆخۆڵه‌ی بێته ده‌رێ و جزدانه‌كه‌می له گیرفانی دواوه‌م ده‌ركێشاو په‌نجا دۆلاری هه‌ڵگرت. ئێستا ئارام بگره كوڕانی بنكه‌ی پۆلیسه‌كه بیژنه‌ون. چی بووه.
قاره‌مان
ئه‌ندره كۆدرسكۆ
هێشتا قاره‌مان له دایك نه‌بووه، هه‌موو ئاگایان له كاره‌كانییه‌تی. له دلاوه‌ری و ئه‌ویندارییه تاك و جووته‌كانی. سه‌ره‌نجام رۆژێك له دایك ده‌بێت. هه‌موو بیریان ده‌چێت چی‌یان له باره‌ی ئه‌وه‌وه زانیوه. به ناو خه‌ڵكدا ده‌گه‌ڕێ تا بیریان بخاته‌وه. له نائومێدیدا نیوه گیان ده‌بێت بێئه‌وه‌ی كه‌سێك بدۆزێته‌وه گوێ له باسی دلاوه‌رییه‌كانی بگرێت، هه‌واڵی كاره‌كانی و هه‌روابێته‌وه ئه‌ویندارییه تاك و جووته‌كانی وه‌ربگرێت.
قاره‌مان ده‌مرێت و دواتر هه‌موو بیریان ده‌كه‌وێته‌وه. مه‌گه‌ر ده‌كرێ ئێستا فه‌رامۆشی بكه‌یت.
وشه‌یه‌كیش له شوالییه ئه‌ژدیها كوژ
جكی فهمی
شوالییه‌یه‌كی زرێپۆش كه زرێیه‌كی خاوێن و بریقاوه‌ی له‌به‌ر كردبوو، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌شكه‌وتی ئه‌ژدیها وه‌ستاو هاواری كرد: (هێی ئه‌ژدیها وه‌ره ده‌رێ، ده‌بێت بتكه‌مه دوو له‌ته‌وه!)
ئه‌ژدیها وه‌ڵامی دایه‌وه: (مه‌گه‌ر من چیم لێكردووی؟)
(گه‌ر تۆ نه‌كه‌مه دوو له‌ته‌وه ناتوانم له‌گه‌ڵ شازاده خانم هاوسه‌رگیری بكه‌م.)
ئه‌ژدیها رێگه‌یه‌كی خسته به‌رده‌م: (باشه گرفتێك نییه. نامه‌یه‌ك ده‌نووسم و مۆر و واژۆی ده‌كه‌م كه تۆ هاتووی و منت كردۆته دوو له‌ته‌وه‌و نامه‌كه ده‌نێرم بۆ قه‌ڵا. تا له‌م رێوڕه‌سمی گاڵته‌بازاڕی ئه‌ژدیها كوشتن ئاسووده بین.)
شوالییه بیرێكی كرده‌وه‌و وتی: (زۆریش باشه.)
به چوارناڵه دووركه‌وته‌وه.
ئه‌ژدیها له‌ژێر لێوه‌وه وتی: (ئامان له ده‌ست ئه‌م شوالییانه! له‌م هه‌موو زه‌رق و به‌رقی زرێیه‌دا، به هێنده‌ی ده‌نكه نۆكێك مۆخ ده‌ست ناكه‌وێت!)
سه‌رچاوه:
گلوله
مجموعه داستان های مینی‌ماڵ
برگردان: اسدالله امرایی
چاپ، سوم
نشر مشكی، تهران، 1384
بۆ فارسی: ئه‌سه‌دوڵڵا ئیمرایی
له فارسییه‌وه: جه‌بار سابیر