Skip to Content

Wednesday, September 11th, 2024
ئه‌و فرمێسكه‌ وشانه‌ی له‌دوای دیدارت هه‌ڵده‌وه‌رێن

ئه‌و فرمێسكه‌ وشانه‌ی له‌دوای دیدارت هه‌ڵده‌وه‌رێن

Closed
by March 12, 2012 ئەدەب

1 – بۆنی سێو
له‌دوای كیمیابارانه‌كان
كه‌پووم له‌بۆنی سێو تۆرا
كه‌چی ئه‌مڕۆ “مانی” شكاند،
كه‌ له‌باخی سینه‌ی یاردا كه‌وتبووه‌ نێوانی زیێك
تك تك بۆنی سێوی ده‌تكاند.

2- دووشه‌ممان ته‌نكده‌بمه‌وه‌
– ژماره‌ له‌شه‌ممه‌كان ده‌كه‌مه‌وه‌
تا نه‌گه‌مه‌وه‌ دووشه‌ممه‌
گوتی: نا…نا له‌وڕۆژه‌دا باڵده‌ڕوێنم
وه‌ك په‌پوله‌ی باخچه‌كه‌تان، به‌ڕه‌نگێكی دی دێمه‌وه‌.
 – هێشتا نه‌هاتووی ده‌تبینم
ئاخر ” تۆ ” له‌نێو تیشكه‌كانی رۆحمدای!!.

3- كورته‌ نامه‌

* مه‌مكوژه‌ به‌ خه‌نجه‌ری نێو دێڕه‌كانت،
بمبوژێنه‌وه‌ به‌و كورته‌ نامانه‌ی
كاریگه‌رترن له‌ وتووێژه‌كانت.

* له‌ نووسینی كورته‌ نامه‌دا
ئه‌وه‌ت بیرنه‌چێ‌ كات بنووسه‌…كات
كات له‌ باتی خاڵ
كات تا پێت نه‌ڵێم بۆ كه‌ی؟
كات، بۆ گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ لای تۆ.
كات ، بۆ جێكردنه‌وه‌ی په‌نجه‌یه‌ك له‌سه‌ر دوگمه‌ی سه‌وزی ئۆكه‌ی.

4- كاتژمێر سفر
وه‌ره‌و له‌پارچه‌ شكاوه‌كانی شه‌و
كات له‌ به‌یانیێكی نوێ‌ بخوازه‌.
وه‌ره‌و جامی چاوه‌ڕوانیم  وردوخاشكه‌،
كه‌ ره‌نگڕێژه‌ له‌جادووی زه‌رده‌خه‌نه‌ت.
وه‌ره‌و توند ده‌ست له‌كات گیركه‌.
وه‌ره‌و وه‌ك ژه‌نه‌ڕالێكی سه‌ركه‌وتوو
له‌كاتژمێری سفردا ، نیشتمانی دڵم داگیركه‌.

                             5- گوڵه‌ مێخه‌ك
ئه‌گه‌ر هاتی به‌كراسێكی ره‌نگ مۆری كاڵه‌وه‌ وه‌ره‌
منیش ئه‌و به‌رگه‌ سه‌وزه‌ ده‌پۆشم
كه‌ بۆم هاتووه‌ له‌ وڵاتی چین،
تا ئه‌و ده‌مه‌ی له‌جێژوواندا، كه‌ ئاوێته‌ی یه‌كتر ده‌بین
له‌دووره‌وه‌ له‌گوڵێكی مێخه‌ك بچین.

6- باوه‌ش

لاجانگی شۆڕه‌بی ‌و ده‌می جۆبار
كه‌ بای شه‌ماڵ لێكیان ده‌خشێنێ‌ جاروبار
له‌وه‌ده‌چێ‌، كه‌ ده‌چینه‌ باوه‌شی یه‌ك
ده‌بین خومار.

7- هاككردن
په‌نجه‌ره‌كان ئاوه‌ڵان‌و به‌ڕووی شنه‌ كراونه‌ته‌وه‌
“با” په‌رده‌كان دێنێ‌‌و ده‌با… بۆ بینینی سه‌مای ئێمه‌ دزه‌ ده‌كات.
تۆ ترسایت “با”بمانبینێ‌ ‌وته‌واوی شار تێگه‌یه‌نێ‌.
من ده‌ترسام بمانبینێ‌ ‌و هاكمان بكات.

8- مه‌رگ‌و ژین
ئاخ! ئه‌وه‌ مه‌رگه‌
له‌ناو جه‌رگه‌ی كۆڵانه‌ په‌رته‌كانی خه‌یاڵ
خه‌یاڵ، بۆ له‌بیربردنه‌وه‌ی توڕه‌یی رۆژێك
كه‌ تۆ لێم یاخی ده‌بیت…
دێته‌ سه‌رڕێم!
ئاخر ئه‌وه‌ ژیان بوو
كه‌ به‌ده‌م گوڵه‌كانی پێكه‌نینته‌وه‌
رۆحی ده‌ئاخنیم له‌بۆن ‌و
باڵی پڕ ده‌كردم له‌سه‌ما.

9- ئه‌شك
له‌ ترسی هه‌ڵوه‌رینی ئه‌شكه‌ چاوم سووربوونه‌ته‌وه‌
له‌ داخی پێكنه‌گه‌یشتنه‌ ئه‌شكم سه‌ره‌كا.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.