چیرۆکه په‌رته‌وازه‌کان … حه‌مه مه‌نتک
که‌ره‌سته‌ی سه‌ره‌کیی ڕۆماننووس واقیعه، به‌ڵام ئه‌رکی ڕۆماننووس واقیعگێڕانه‌وه نییه. هه‌روه‌ها ئه‌و واقیعه‌ی که چاوی خه‌ڵک ده‌یبینێ، زۆر جیایه له‌و واقیعه‌ی که ڕۆماننووس ده‌یبینێ. که‌واته چاوی ڕۆماننووس چتگهلێک ده‌بینێ، که‌سێکی ئاسایی ڕه‌نگه د‌رکی پێنه‌کات. ئه‌م بینینه ده‌بێ له بهرههمهکهیشیدا ڕه‌نگ بداته‌وه. واته مادام ڕۆماننووس خاوه‌نی چاوێکی وردتر و جوانبینی تر بێ، ده‌بی ئه‌وه‌ی ده‌ینووسێ سه‌رشار به ئێستاتیکا بێ. ده‌نا وه‌کیدی به‌رهه‌مه‌که‌ی هیچ جیاوازی له‌گه‌ڵ قسه‌ی خه‌ڵکی نابێ.
گێڕانه‌وه‌ی تێمهیهک هه‌روا کارێکی هاسان نییه. چونکو ئه‌وه‌نده تێمهمان زۆره هه‌ر چرکه‌یه‌ک له ژیانمان بۆخۆی تێمهیهکه. به‌ڵام به هونه‌ریکردنی ئه‌و تێمه‌یه، به هه‌موو نووسه‌رێک ناکرێ. هه‌روه‌کو (تۆدۆرف) له ڕاڤه‌ی چیرۆکدا، گومان به پله‌ی یه‌که‌م داده‌نێ. به‌و واته‌یه‌ی نووسه‌ر ده‌بی گومان له کن خوێنه‌ر درووست بکا. هه‌رچه‌نده (تۆدۆرف) ئه‌مه بۆ ئه‌ده‌بیاتی فهنتازیک ده‌هێنێته‌وه، به‌ڵام ئایا ئه‌ده‌بیاتی گێڕانه‌وه، جگه له درووست‌کردنی جیهانێکی تر، واقیعێکی تر چیدیکه‌یه؟ بۆیه ده‌بێ خوێنه‌ر له گومانێکی به‌رده‌وامدا بێ، ئه‌گه‌ر نووسه‌ر ئه‌م ئه‌رکه‌ی به‌جێنه‌هێنا، ئه‌وا پێویست ناکا نووسه‌ر خۆی ماندوو بکا، چونکو ئه‌و جیهان و واقیعه‌مان هه‌س.
ڕۆمانی( که‌وتنی بۆره قه‌ڵا له حیکایه‌تێکی کۆندا)ی (ماردین ئیبراهیم) له کۆتایی ساڵی ڕابردوودا (2011) که‌وته به‌رده‌ستی خوێنه‌ر. ئه‌مه دووه‌م ڕۆمانی (ماردین)ه. بۆ توێژینه‌وه له‌م ڕۆمانه له چوارچێوه‌ی ده‌قه‌که ده‌رناچین، له هێندێ حاڵه‌تی پێویست نه‌بێ، هه‌روه‌کو (لۆتمه‌ن) ئاماژه‌ی پێده‌دا. (لۆتمه‌ن) یه‌کێک بوو له بونیادگه‌ره‌کان، به‌ڵام به‌وه دواتر خۆی له‌وان جوداکرده‌وه، له هێندێ حاڵه‌تی پێویست بۆ ژیان و ده‌ورووبه‌ری نووسه‌ر ده‌گه‌ڕایه‌وه. ڕۆماننووس له‌م ده‌قه‌دا پشت ئه‌ستوور به مێژووه. ئه‌مه‌یان کارێکی زۆر درووسته، به‌ڵام له ڕاستیدا گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌و مێژووه چۆن به ئه‌ده‌بی ده‌که‌یت. ئاخر ئه‌ده‌ب جگه له گه‌مه‌کردن به زمان چیدیکه‌یه؟ عه‌ره‌به‌کان له ده‌مێکی زووه‌وه گوتیان: باشترین ئه‌ده‌ب ئه‌وه‌یه، درۆ بێ. واته ئه‌ده‌ب بریتییه له سیسته‌مێکی جوانکاریانه‌ی زمان. که‌واته به هۆی ئه‌و سیسته‌مه زمانییه‌وه، واقیعی نێو ده‌قه‌که و واقیعی ده‌ره‌وه جیایه. لێره‌دا پێویسته چه‌ند پرسیارێک بورووژێنین. ئایا ڕۆماننووس چۆن کاری له‌سه‌ر ئه‌و مێژووه کردووه؟ ئایا واقیعی نێو ئه‌م ڕۆمانه و واقیعی ده‌ره‌وه جیاوازیان هه‌یه؟ ئایا له ڕۆماندا ته‌کنیکی گێڕانه‌وه گرنگتره، یان دنیابینی و مه‌عریفه‌ی ڕۆماننووس؟ ئایا توانای ڕۆماننووسین به ته‌کنیک و چۆنیه‌تی گێڕانه‌وه به‌نده، یان به دنیابینی ڕۆماننووس؟
سه‌ره‌تا ده‌موێ له پرسیاره‌کانی کۆتایی ده‌ست پێبکه‌م. ئه‌م دوو پرسیاره‌م له ستوونێکی (بڕوا به‌رزنجی)یه‌وه له کن درووستبوو.(بڕوا) ئه‌م ستوونه‌ی له باره‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌وه نووسیوه، پێیوایه ڕاسته ڕۆمانه‌کانی (ماردین) له ڕووی ته‌کنیکی گێڕانه‌وه لاوازن، به‌ڵام خاوه‌ن دنیابینی و قودره‌تێکی چاکن. ده‌ڵێت:” به پیچه‌وانه‌ی ڕه‌خنه و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی هه‌ندێ هاوڕێی تر، هه‌ندێ له‌و ڕه‌خنانه‌ی ئه‌وان ده‌رباره‌ی ئه‌م ڕۆمانه و ته‌کنیکی گێڕانه‌وه ڕاست بوون. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕاست نه‌بوو نه‌بینینی ئه‌و دنیابینی و مه‌عریفه قوڵه‌ی ڕۆماننووس و قودره‌تی ڕۆماننووسین لای ماردین بوو.” بۆیه ئه‌م چه‌ند دێره‌م هێناوه، ده‌موێ له بۆچوونی (بڕوا به‌رزنجی)یه‌وه بۆ نێو ڕۆمانه‌که بڕۆم. سه‌ره‌تا ڕۆمان جگه له ته‌کنیک و گێڕانه‌وه چیدیکه نییه. ئه‌و دنیابینی و مه‌عریفه‌یه‌ی ڕۆمانووس ئه‌گه‌ر به ته‌کنیکی گێڕانه‌وه و به شێوه‌یه‌کی هونه‌ری نه‌نووسرێ، ئه‌و چ جیاوازی له‌گه‌ڵ گوتارێکی فه‌لسه‌فی، یان ئه‌ده‌بی نابێ. هه‌موومان ده‌زانین بۆ قسه‌کردن له‌باره‌ی هه‌ر ژانرێکه‌وه کۆمه‌ڵێ پێوه‌رمان هه‌س، کاتێک ئێمه ڕۆمانه‌کانی (یوستاین گارده‌ر) ده‌خوێنینه‌وه، به‌ر هه‌مان ئه‌و بابه‌ته فه‌لسه‌فی و پرسیاره فه‌لسه‌فییانه ده‌که‌وین، که له‌لای زۆربه‌ی فه‌یله‌سووفان ئاماده‌یی هه‌بووه، به‌ڵام جیاوازی ئه‌وه‌ی (گارده‌ر) له‌گه‌ڵ بۆ نموونه گوتاره فه‌لسه‌فییه‌کانی(هایدیگه‌ر) چییه؟ بێگومان ئه‌وه‌ی (گارده‌ر) ته‌کنیک و چۆنیه‌تی گێڕانه‌وه‌یه‌تی، ئاخر دنیابینی (گارده‌ر) و (هایدیگه‌ر) دنیابینی و مه‌عریفه‌یه‌کی فه‌لسه‌فییه، به‌ڵام توانای گێڕانه‌وه و ته‌کنیک له کن (گارده‌ر) وا ده‌کات، ناوی به‌رهه‌مه‌کانی (گارده‌ر) به ڕۆمان ببه‌ین و هی (هایدیگه‌ر) به فه‌لسه‌فه. هه‌ر به‌مشێوه‌یه‌یش توانای گێڕانه‌وه‌یش هه‌ر به چۆنیه‌تی گێڕانه‌وه و توانای ڕۆماننووسه له ته‌کنیک به‌کاربردن. ئه‌وه ته‌کنیک و هونه‌ره‌کانی ڕۆمانه، ده‌قێک به رۆمان ده‌کا، با هه‌ر دنیابینی قووڵ و جوانمان هه‌بێ، ئه‌گه‌ر ته‌کنیک و هونه‌ره‌کانی گێڕانه‌وه‌مان نه‌بێ، چۆن بتوانین ئه‌و دنیابینییه به شێوه‌یه‌کی هونه‌ری و ئێستاتیکی پیشان بده‌ین.
ڕۆمانی( که‌وتنی بۆره قه‌ڵا له حیکایه‌تێکی کۆندا) شێوه‌ی گێڕانه‌وه‌که‌ی به شێوه‌یه‌ک ساده‌یه. خوێنه‌ر ههستناکا، ده‌قێکی ئه‌ده‌بی ده‌خوێنێته‌وه، به‌ڵکه گوتارێکی ساده ده‌خوێنێته‌وه. ئاخر وه‌کو گوتم ڕۆمان جگه له گێڕانه‌وه و ته‌کنیک هونه‌رێکی تری تێدا نییه. له‌م ڕۆمانه هه‌ست ده‌که‌ین، ڕۆماننووس هێنده زانیاری له باره‌ی حیکایه‌تی داگیرکردنی شام له‌لایه‌ن ته‌یموورله‌نگه‌وه نییه. زانیاریه‌کانی له‌وباره‌یه‌وه زۆر که‌مه. ئه‌و فه‌زایه‌ی که درووستیکردووه، بۆ داگیرکردنی شام ته‌نێ له حیکایه‌تێکی ساده ده‌چێت، ته‌نانه‌ت به شێوه‌یه‌ک کاری نه‌کردووه، که سیمای ئه‌و سه‌رده‌می پێوه دیاربێ، چ له قسه‌کردنی کاره‌کته‌ره‌کان، که ده‌بوایه زاراوه‌ی ئه‌و سه‌رده‌م به‌کارببا، ڕاسته ڕۆماننووس واقیع و مێژوو ناگێڕێته‌وه، به‌ڵام درووست‌کردنی فه‌زایه‌کی هونه‌ریانه جگه له خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌مێکی زۆر له‌باره‌ی ئه‌و سه‌رده‌مانه‌وه، ناتوانین ڕۆمان به‌رهه‌مبهێنین. زۆرجار (شاڵاو حه‌بیبه) گوڵشیری به‌رباس ده‌دا، نازانم ئه‌ویش له کوێی خوێندۆته‌وه، که گوڵشیری گوتوویه‌تی: بۆ نووسینی (شازده ئێحتیجاب) یه‌ک فه‌رده کتێبم له باره‌ی ڕۆژگاری قاجارییه‌کانه‌وه خوێندۆته‌وه. ته‌نانه‌ت ده‌بێ ورد و درشتی ئه‌و سه‌رده‌مه بزانێ. بۆ ئه‌وه نا که هه‌مان ئه‌و زانیاریانه پاته بگێڕێته‌وه، به‌ڵکه بۆ گێڕانه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌کی تر، خه‌لقکردنی هه‌مان سه‌رده‌م به شێوه‌یه‌کی تر. کاتێک سه‌یری (مۆزه‌خانه‌ی پاکیزه‌یی)ی (پامۆک) ده‌که‌ین، ته‌واو هه‌ست به کۆڵان و دیواره‌کانی ئه‌سته‌نبۆڵی ئه‌و سه‌رده‌م ده‌که‌ین. له‌وێڕا هه‌ست ده‌که‌ین، (پامۆک) زانیاری ته‌واوی له باره‌ی ئه‌سته‌نبوڵی ئه‌و سه‌رده‌م هه‌بووه. به‌ڵام (پامۆک) ئهستهنبۆڵێکی دی خوڵقاندووه. له ( که‌وتنی بۆره قه‌ڵا…) ڕۆماننووس ناوی شاری موسڵ به نه‌ینه‌وا ده‌هێنێت، هه‌موومان ده‌زانین له هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کی مێژوو له‌و سه‌رده‌م ناوی ئه‌م شاره (نه‌ینه‌وا) نه‌بووه، هه‌ر به ویلایه‌تی موسڵ ناوی هاتووه. وه‌گێڕ له‌م ڕۆمانه‌دا، وهگیڕی هه‌مووشتزانه، به‌ڵام توانای گێڕانه‌وه‌ی ئه‌وه‌نده لاوازه، خوێنه‌ر سه‌راسیمه ناکا، ئه‌وه‌نده به ساده‌یی وێنای چتهکانمان پێده‌ڵێت، هیچ ئێستاتیکایه‌ک له کاتی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌کان به‌دی ناکرێت، گۆشه‌نیگای وه‌گێڕ له‌سه‌ر ڕووداوێکی گشتییه، که داگیرکردنی شامه، ئه‌مه‌یش به‌هۆی لاوازی چنینی ڕووداوه‌کانه، چونکو ئه‌گه‌ر ڕۆماننووس نه‌توانێ وه‌سپی هه‌موو چتێک بکا، ئه‌وا له ڕێی چێ‌کردنی فه‌زایه‌ک، ده‌توانی خۆی له باسی گشتی و وه‌سپی درێژ بپارێزێ.
به یه‌کتری به‌ستنه‌وه‌ی دوو چیرۆکی جیاواز، له دوو کلتووری جیاواز، به‌بێ هیچ زه‌مینه‌سازییه‌ک، کارێکی نه‌کرده‌یه. له کاتی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌کانی نێو ڕۆمانه‌که هه‌ست به دوو چیرۆکی جیاواز ده‌که‌ین. چیرۆکه‌کان به شێوه‌یه‌ک له یه‌کتری دوورن، ته‌نێ به شه‌ڕ و کاولکاریهکهوه نه‌بێ. ئه‌وه‌یش تێمهیهکه ده‌کارێ چیرۆکێکی تری نزیک له کلتوور و شوێنکاتی کورده‌وه بۆ بدۆزیبایه‌وه. ته‌نانه‌ت باسی وا ده‌نێو ڕۆمانه‌که له‌نکاو سه‌رده‌ردێنن، ڕاسته باس و ڕووداوی فه‌نتازی و واقیعی سیحری ڕێیپێدراوه، به‌ڵام ئه‌م باس و ڕووداوه فه‌نتازیانه ده‌بێ به شێوه‌یه‌ک بن، قه‌ناعه‌ت به خوێنه‌ر بهێنێ. بۆ نموونه له‌م ڕۆمانه‌دا کاتێک له دیوه‌خانی ته‌یموورله‌نگ داوا له حیکایه‌تخوان ده‌کرێ، چیرۆکێک که پێشتر نه‌گێڕدرابێته‌وه بگێڕێته‌وه، حیکایه‌تخوان ناوی هێندێک چتی وه‌کو :” مین ، ته‌له‌فزیۆن، زیل، خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تی، فڕۆکه…تاد” ده‌هێنێ، به‌ڵام خوێنه‌ر نازانێ، ئه‌م ئایندهزانیهی له کوێ هێناوه؟ ڕاسته چیرۆک و ڕۆمان و هونه‌ری گێڕانه‌وه باسکردنه له ئاینده، ڕاسته مرۆڤ له ڕۆماندا ده‌توانی بفڕێ، به‌ڵام ڕۆماننووس ده‌بێ ته‌کنیک و هونه‌رێکی وای تێدا به‌کارببا، خوێنه‌ر زۆری له کن ئاسایی بێ. لێره‌دا ئه‌وه‌ی له کن منی خوێنه‌ر جێی پرسیار بوو، ئه‌و حیکاتهخوانه چۆنی هه‌واڵی له ئاینده هه‌یه؟ ته‌نانه‌ت کارهکتهرسازیشی زۆر ساده‌یه، کاره‌کته‌ره‌کان وه‌کو بوونی بێ‌گیان ده‌جووڵێنه‌وه، جووڵێنه‌ری پرسیار له کن خوێنه‌ر نین. به گوته و جووڵه‌کانیان خوێنه‌ر سه‌راسیمه ناکه‌ن. ئاخر کاره‌کته‌ر ئه‌رکی هونه‌ری به‌رزی له‌سه‌رشانه. ئه‌گه‌ر تماشای ڕۆمانی (به‌فر)ی (ماکسێنس فێرمین) بکه‌ین، به هه‌مان شێوه وه‌گێڕی هه‌مووشتزانه، به‌ڵام کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی، (یۆکۆئاکیتا) به شێوه‌یه‌کی زۆر ئێستاتیکی باسی به‌فر ده‌کا، ته‌نانه‌ت وێنه‌ی هونه‌ری وامان بۆ باس ده‌کا، خوێنه‌ر جیا له به‌فری واقیعی، به‌فرێکی تر ده‌ناسێ، ته‌نانه‌ت جوانی به‌فری واقیعیمان له‌به‌رچاو کاڵ ده‌بێته‌وه. به‌ڵام له‌م ڕۆمانه‌دا (که‌وتنی بۆره‌قه‌ڵا..) مێژوویه‌کی ڕووتمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه. کاتێک وێنه و ساته‌کانی سه‌رۆک به‌رباس ده‌دا، له واقیعدا چۆنبووه، که هه‌موومان ده‌یزانین به‌و شێوه‌یه باسی ده‌کا بۆ نموونه ” ئه‌و ده‌مه‌ی سه‌رۆک له‌سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فیزیۆن ده‌رکه‌وت و له پشت مێزێکه‌وه دانیشتبوو، به سمێڵێکی ڕه‌شی قه‌ترانییه‌وه، له‌ناو چاکه‌ت و پانتۆڵێکی ڕهساسیدا، سیگاری چرووتی هاڤانهیی ده‌کێشا، ئه‌وێ شه‌وێ ملیۆنان عێراقی، سه‌رۆکیان بینی له‌سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فیزیۆن، ڕێکه‌وتننامه‌ی جه‌زائیری دڕاند………..که سه‌رۆک هه‌رده‌مه‌ی به شێوه‌یه‌کی جیاواز له‌سه‌ر ته‌له‌فیزیۆن ده‌رده‌که‌وت، جارێک له‌سه‌ر بالکۆنی بینایه‌کی حکومییه‌وه به یه‌ک ده‌ست بڕنه‌وه‌ی ڕووه و ئاسمان ده‌ته‌قاند و هه‌زاران که‌سیش له خووار بیناکه‌وه وه‌ک کۆمه‌ڵێک بوکه‌ڵه‌ی قوڕمیشکراو، وه‌کو کۆمه‌ڵێک کۆیله هه‌ڵده‌په‌ڕین. جارێکی دی سه‌لاجه‌ی ماڵانی ده‌کرده‌وه، مه‌نجه‌ڵی خواردنی خه‌ڵکی هه‌ڵده‌دایه‌وه…….” (که‌وتنی بۆره قه‌ڵا…، ل28) ئه‌م وێنه واقیعیانه هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی له هه‌شتاکان ژیاون، دیویانه، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌نده باسکراوه، هه‌موومان به‌و شێوه‌یه‌ی، که له ڕۆمانه‌که‌دا هاتووه بینیومانه، یان بیستوومانه. ڕۆماننووس مافی خۆیه‌تی ئه‌م وێنانه بگێڕته‌وه، به‌ڵام ده‌بێ به شێوه‌یه‌ک بیگێڕێته‌وه، وێنایه‌کی دی، واقیعێکی دیمان له کن درووست بکا. ته‌کنیک و هونه‌رێکی وای تێدا به‌کارببا، جیا له‌و واقیعه‌ی هه‌یه. ئه‌گه‌ر نا واقیعێک بوونی هه‌بێ، چ پێویست به گێرانه‌وه ناکا. خوێنه‌ر له‌م وێنانه‌ی سه‌ره‌وه هه‌ست به هیچ خه‌یاڵێک ناکا، چ گه‌مه‌یه‌کی گێڕانه‌وه‌یی تێدا نییه، بۆیه‌یش گێڕانه‌وه‌که زۆر ساده و ڕووت پێشچاو دێت. نووسینه‌که له په‌خشانێک ده‌چێ، نه‌ک ڕۆمان. چونکو ڕۆمان ده‌یان کۆدی تێدایه، ڕۆماننووس ده‌بێ ئه‌و گه‌مه‌ی کۆدانه ئه‌نجامبدا، هه‌ر ئه‌م کۆدانه‌یه خوێنه‌ر په‌لکێشی نێو ڕۆمانه‌که ده‌کا، وا ده‌کا، خوێنه‌ر هه‌ڵوه‌دای کردنه‌وه و دۆزینه‌وه‌ی کلیل و پاسۆردی ئه‌و کۆدانه بێ. به‌ڵام له‌م ڕۆمانه به درێژایی چیرۆکه‌کانی نێو ڕۆمانه‌که، هه‌موو چیرۆکه‌کان به ساده‌یی خوێنه‌ر سه‌ره‌تا و ئه‌نجامیان ده‌زانێ.
حیکایه‌تخوان بۆ ته‌یموورله‌نگ، چیرۆکی گوندێکی کوردستان و کاره‌ساته‌کانی شه‌ڕی عێراق و ئێران و ئه‌نفال ده‌گێرته‌وه. چیرۆکی هه‌ر یه‌ک له (مه‌لیک که‌یکاوس، ئه‌ریوان عومه‌ر، لوقمان حه‌کیم، ته‌یران) ده‌گێڕێته‌وه. له گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکی هه‌ریه‌ک له‌مانه که به‌شدارن له شه‌ڕی عێراق – ئێران، به هه‌مان شێوه‌ی سه‌ره‌وه تووشی ساده‌یی دهگێڕانهوهدا بووه. هه‌ریه‌ک له‌و کاره‌کته‌رانه چیرۆکی سه‌ربه‌خۆی خۆی له‌م شه‌ڕه‌دا هه‌یه. ته‌نێ زه‌مینه‌ی شه‌ڕه‌که ئه‌م چیرۆکانه به یه‌کتری ده‌به‌ستێته‌وه. ده‌نا وه‌کیدی چیرۆکه‌کان ئه‌وه‌نده په‌رته‌وازه‌ن، هیچ ڕایه‌ڵێک به یه‌کیان نابه‌ستێته‌وه. وا ده‌زانین هه‌ر چیرۆکه‌ی له دنیایه‌کی تر ڕووده‌ده‌ن. پاشوپێشکردنی چیرۆکی هه‌ریه‌ک له‌م کاره‌کته‌رانه کاری نه‌کردۆته سه‌ر بههونهریکردنی ڕۆمانه‌که، ئه‌گه‌ر تماشای ڕۆمانی (غه‌زه‌لنووس و باخه‌کانی خه‌یاڵ)ی (به‌ختیار عه‌لی) بکه‌ین، به هه‌مان شێوه ئه‌م گه‌مه‌ی پاشوپێشکردنی چیرۆکی کاره‌کته‌ره‌کان هه‌س. به‌ڵام هه‌موو چیرۆکه‌کان ڕایه‌ڵێک به یه‌کیان ده‌به‌ستێته‌وه، کاره‌کته‌ر و چیرۆکی کاره‌کته‌ره‌کان په‌یوه‌ندی ده‌نێوانیاندا هه‌یه، بیری خوێنه‌ر ناپچڕێ. به‌ڵام له‌م ڕۆمانه کاتێ چیرۆکی (مه‌لیک که‌یکاوس) له ناندینی سه‌ربازی ده‌گێڕته‌وه، ده‌وه‌ستێ دوای ئه‌و چیرۆکی ئه‌ریوان له به‌ره‌کانی شه‌ڕدا ده‌ستپێده‌کات. ساده‌یی گێڕانه‌وه‌که له‌وه‌دایه، ئه‌م چیرۆکانه ئه‌وه‌نده سه‌ربه‌خۆن، کاری کردۆته سه‌ر په‌رته‌وازه‌بوونی چیرۆکه‌کان، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر چیرۆکی (مه‌لیک که‌یکاوس) له ڕۆمانه‌که لاببه‌ین، چ کار له بونیادی ڕۆمانه‌که ناکات. ڕه‌وتی گێڕانه‌وه‌که، یان بیری خوێنه‌ر تووشی هیچ کێماسییه‌ک نابێ. به‌هه‌مان شێوه گێڕانه‌وه‌که، گێڕانه‌وه‌یه‌کی ئه‌وه‌نده ڕووته، ئه‌مه‌یش بۆ لاوازی زمانی ئه‌ده‌بی و گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمانه‌که ده‌گه‌ڕێته‌وه. له هه‌ریه‌ک له‌م چیرۆکانه مێژوویه‌کی ڕووتمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه. ئه‌و ڕووداوانه‌ی ده‌یگێڕێته‌وه هه‌موومان به‌و شێوه ساده بیستوومانه.
له ڕه‌وتی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکی هه‌ریه‌ک له‌و کاره‌کته‌رانه له به‌ره‌کانی شه‌ڕدا، هێندێکجار، له چیرۆکی هێندێکیان جه‌نگ کۆتایی هاتووه، به‌ڵام له چیرۆکی ئه‌وانیتر جه‌نگ هه‌ر به‌رده‌وامه. ئه‌گه‌ر تێیدا قووڵ بینه‌وه، تێمه‌ی هه‌موو چیرۆکه‌کان جه‌نگی عێراق- ئێرانه، زه‌مه‌نیش له هه‌موو چیرۆکه‌کان یه‌ک زه‌مه‌نه، ساڵانی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو. بۆ نموونه له چیرۆکی (ئه‌ریوان) جه‌نگ هێشتا به‌رده‌وامی هه‌یه، ئه‌مه‌یش به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که په‌یوه‌ندی و ڕایه‌ڵ ده‌نێوان چیرۆکه‌کان نییه. که‌واته وه‌کو گوتم ئه‌گه‌ر چیرۆکی یه‌ک له‌وانه ده‌نێو ڕۆمانه‌که لاببه‌ین، کار له بونیادی ڕۆمانه‌که ناکات. ئه‌مه‌یش وه‌کو ئه‌وه وایه هه‌ر چیرۆکه‌ی له زه‌مه‌نێکدا ڕوویدابێ. چۆن له سه‌ره‌تای ڕۆمانه‌که له چیرۆکی داگیردنی شام له‌لایه‌ن ته‌یموورله‌نگه‌وه، زه‌مه‌ن له‌گه‌ڵ زه‌مه‌نی چیرۆکه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م جیایه، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌یش جیا بێ، چ په‌یوه‌ندییه‌کی هونه‌ری و ئێستاتیکی ئه‌م دوو چیرۆکه و چیرۆکه‌کانی جه‌نگی ههشتساڵه به‌یه‌که‌وه نابه‌ستێته‌وه.
له نێو هه‌ر ده‌قێکی ئه‌ده‌بیدا، ده‌بێ هه‌ر فرازێکی، ڕسته‌یه‌کی ئه‌و ده‌قه تووشی سهراسیمهییمان بکات. پشت هه‌ر وشه‌یه‌ک، ڕسته‌یه‌ک رازێک و کۆدێک خۆی حه‌شاردابێ. ده‌بێ خوێنه‌ر ده‌نێو ده‌قدا چتگه‌لی پشت ڕسته‌کان ئاشکرا بکا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕۆماننووس هیچی له پشت وشه‌کان به‌هۆی ته‌کنیکه‌وه حهشارنهدابێ، خوێنه‌ر ماندوونهبێ، ئه‌وا ئێستاتیکا و داهێنان له کوێدایه؟