
نیو په‌ڕه کاغه‌ز … ئاوگوست ستریندبێری
دوایین عه‌ره‌بانه‌ی ماڵگواستنه‌وه چووبوو، کرێچی، پیاوێکی گه‌نج که مێزه‌رێکی تازیه‌داریی له ده‌وری کڵاوه‌که‌ی پێچابوو، جارێکی دیکه‌یش به نهۆمه‌که‌دا خولێکی خوارد تا بزانێ شتێکی له بیر نه‌چووه– نا، هیچی له بیر نه‌چووبوو، هیچ شتێک؛ به‌م شێوه‌یه بۆ ده‌ره‌وه چوو، له هه‌یوانه‌که‌دا، ئیدی له‌سه‌ر ئه‌وه سوور بوو چیی دی بیر له‌و ژیانه که له‌م نهۆمه‌دا تێی په‌ڕاندبوو، نه‌کاته‌وه. به‌ڵام تۆ سه‌یر، له هه‌یوانه‌که‌دا، له په‌نای ته‌له‌فۆنه‌که‌دا، کوته‌کاغه‌زێک له دیواره‌که درابوو، کاغه‌زه‌که هه‌مووی به خه‌تی جۆراوجۆر نووسرابوو، هێندێکی ڕوون بوو و به مه‌ره‌که‌ب نووسرابوو، هێندێکیشی به می‌داد یان به قه‌ڵه‌می سوور و تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵ نووسرابوو. ته‌واوی ئه‌م داستانه جوانه، که له‌م ماوه کورته‌ی دوو ساڵه‌دا ڕووی دابوو، له‌وێ هه‌بوو؛ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ئه‌و ده‌یویست فه‌رامۆشیان بکا، له‌وێ هه‌بوو؛ به‌شێک له ژیانی ئینسانێک له‌سه‌ر نیو په‌ڕه کاغه‌ز.
کاغه‌زه‌که‌ی داگرت؛ جۆره کاغه‌زێکی پێشنووسی ئاڵتوونی بوو که بریقه‌ی ده‌هات. له‌سه‌ر که‌مه‌ی کووره‌که‌ی دانا و به‌سه‌ریدا چه‌مایه‌وه و خوێندیه‌وه. سه‌ره‌تا ناوی ئه‌و نووسرابوو: ئالیس ، جوانترین ناوێک که ئه‌وکات ناسیبووی، ئاخر ئه‌وه ده‌زگیرانی بوو. دواتر ژماره‌ی 151,1یش. وه‌ک ژماره‌ی سروودی کڵێسا وه پێش چاو ده‌هات. له دوای ئه‌وه نووسرابوو: بانک. ئه‌وه کاره‌که‌ی بوو، ئه‌و کاره پیرۆزه که نان، ماڵ و هاوسه‌ری پێ به‌خشی؛ بناغه‌یه‌ک بۆ بوون. به‌ڵام خه‌تی به‌سه‌ردا کێشرابوو! چونکه بانکه‌که شکستی هێنابوو، به‌ڵام ئه‌و له سۆنگه‌ی بانکێکی دیکه‌وه ڕزگاری بووبوو، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ک په‌ژاره‌ی زۆر.
به‌م شێوه‌یه بوو: دوکانی گوڵفرۆشییه‌که و درووشکهوانهکه. سه‌رده‌می ده‌زگیرانی بوو، سه‌رده‌مانێک که به پووڵ قهمچانی ده‌کرد.
دوای ئه‌وه: کڕینی که‌ره‌سته‌ی نێوماڵ، کاغه‌زدیواری: ئه‌و ماڵ ساز ده‌کا. ده‌فته‌ری هه‌ڵگرتن و گواستنه‌وه: ئه‌وان ده‌گوازنه‌وه.
ده‌فته‌ری بلیتفرۆشیی ئۆپێرا: 50.50. تازه زه‌ماوه‌ندیان کردووه و ڕۆژانی یه‌کشه‌ممه بۆ ئۆپێرا ده‌چن. باشترین ساته‌کانیان ئه‌و ساتانه‌یه که بۆ خۆیان به بێده‌نگی داده‌نیشن و وه‌ختێک په‌رده هه‌ڵده‌درێته‌وه، له وڵاتی ئه‌فسانه‌دا، له‌گه‌ڵ جوانی و هاوئاهه‌نگیدا ڕووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه.
لێره‌دا ناوی پیاوێک دێ که خه‌تی به‌سه‌ردا کێشراوه. دۆستێک بوو که له کۆمه‌ڵگادا پله و پایه‌یه‌کی به‌رزی به ده‌ست هێنابوو، به‌ڵام نه‌یتوانی به‌خته‌وه‌ر ببێ، به پێچه‌وانه‌وه، که‌وت، زه‌لیلانه، ناچار بوو سه‌ری خۆی هه‌ڵبگرێ. ژیان زۆر بێ ڕه‌حمه!
لێره‌دا شتێکی تازه، که هاتووه‌ته نێو ژیانی ژنومێردهکهوه، ده‌بینرێ. به ده‌ستخه‌تێکی ژنانه و به قه‌ڵه‌می ڕه‌ش نووسراوه: “خاتوو”. کام خاتوو؟– ئه‌ها، ئه‌و ژنه‌ی که پاڵتۆیه‌کی گه‌وره‌ی له به‌ر دایه و ڕوخسارێکی میهره‌بان و به‌سۆزی هه‌یه، ئه‌وه‌ی که به هێمنی دێ و هه‌رگیز به ساڵۆنه‌که‌دا گوزه‌ر ناکا، به‌ڵکوو له داڵانه‌که‌وه بۆ ژووری نووستن ده‌چێ.
له‌ژێر ناوه‌که‌یدا نووسراوه: دوکتۆر ل.
بۆ ئه‌وه‌ڵجار ناوی خزمێک لێره سه‌ر ده‌ردێنێ. نووسراوه: “دایه”. ئه‌وه خه‌سووه که ئارام ئارام خۆی دوور ڕاگرتووه تا ئه‌و دوو تازه بووک و زاوایه تووشی سه‌رئێشه نه‌کا، به‌ڵام ئێستا له کات و ساتی ته‌نگانه‌دا هانای بۆ ده‌برێ و ئه‌ویش به خۆشحاڵییه‌وه دێ، چونکه پێویستیان پێیه‌تی.
لێره‌دا تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵییه‌کی گه‌وره به خه‌تی شین و سوور ده‌ست پێ ده‌کا. ده‌فته‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی: ژنه کرێکاره‌که باری کردووه، یان که‌سێکی تازه له‌سه‌ر کار داده‌مه‌زرێ. ده‌رمانخانه. په‌کوو! تاریکایی دادێ! کۆمپانیای شیره‌مه‌نی. لێره شیر سه‌فارش ده‌درێ، به بێ ئازاره‌باریکه.
داودهرمانفرۆشی، قه‌سابی و هتد! کاروباری نێوماڵ له ڕێگای ته‌له‌فۆنه‌وه ئیداره ده‌کرێ؛ ئه‌و ده‌مه‌ی که‌یبانووی ماڵ له شوێنی خۆیدا نییه. نا. چونکه ئه‌و له جێ‌دا که‌وتووه.
نه‌یتوانی ئه‌وه‌ی دوایی بخوێنێته‌وه، چونکه چاوی که‌وتنه ڕێچکه و پێچکه، وه‌ک که‌سێک که خه‌ریک بێ له ده‌ریادا بخنکێ و له‌نێو ئاوی سوێردا ته‌ماشا بکا. به‌ڵام له‌وێ نووسرابوو: ده‌فته‌ری کفن و دفن.
مه‌سه‌له‌که وه‌ک ڕۆژ ڕوونه!— یه‌کێکی گه‌وره و یه‌کێکی بچووک، ڕوونه، تابووت. له پهرانتێزیشدا نووسرابوو: له خۆڵه‌مێش.
دوای ئه‌وه شتی زیاتر نه‌نووسرابوو! به خۆڵه‌مێش ته‌واو بووبوو؛ هه‌ر وایشه.
به‌ڵام ئه‌و کاغه‌زه ئاڵتوونییه‌که‌ی برد، ماچی کرد و خستیه گیرفانه‌که‌ی سه‌ر سینگی.
له ماوه‌ی دوو ده‌قیقه‌دا به دوو ساڵ له ژیانی خۆیدا چووبووه‌وه.
وه‌ختێک چووه ده‌ره‌وه، پشتچهماو نه‌بوو؛ به پێچه‌وانه‌وه، سه‌ری به‌رز ڕاگرتبوو، وه‌ک ئینسانێکی به‌خته‌وه‌ر و سه‌ربه‌رز، چونکه هه‌ستی ده‌کرد، هه‌رچۆن بێ خاوه‌نی جوانترین شته‌کان بووه. چه‌نێک هه‌ژار و فه‌قیر که هه‌رگیز شتی ئاوایان نه‌بووه!
1916
وه‌رگێڕان له سوێدییه‌وه: که‌ریم تاقانه
سه‌رچاوه:
Ett Halvt Ark Papper, August Strindberg, sidan 6-7
له ژماره 87 ی گۆڤاری “نه‌وشه‌فه‌ق”دا بڵاو بۆته‌وه. که‌ریم