Skip to Content

Friday, December 6th, 2024
تاڵانكردنی  بانكه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتوانی

تاڵانكردنی بانكه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتوانی

Closed
by March 16, 2012 گشتی

 

مرۆڤ كه‌ بیركردنه‌وه‌ی باشی هه‌بوو بۆ كرداره‌كانی ,كرداری خراپ ناكات ,چونكه‌ ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ ده‌گۆڕێت بۆ هه‌ست و كاریگه‌ری له‌ سه‌ر كرداره‌ خودییه‌كان داده‌نێت, به‌ڵام شه‌ڕی هه‌ڵه‌بجه‌ یه‌كێك له‌ بیركردنه‌وه‌ سه‌قه‌ته‌كانی سیاسییه‌كانی ئه‌وسای كورد بوو كه‌ كرا,بۆیه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی باشی لێناكرا, له‌ زۆر لاوه‌ كه‌ ده‌یخوێنیته‌وه‌ شوێن په‌نجه‌ی شه‌یتانانه‌ به‌ تاوانه‌كه‌وه‌ دیاره‌و ناشرینییه‌كانی به‌ عه‌بای دڕاوی ئه‌م سیاسییانه‌ ناشاردرێته‌وه‌.مێژووی تاوانی هه‌ڵه‌بجه‌ مێژوویه‌كه‌ له‌ ناو گازو ئێسك و پروسك و تاواندا غه‌رق  بووه‌.
ئه‌وانه‌ی تاوانیان ئه‌نجامدا له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ,له‌ به‌عسه‌وه‌ بۆ ئێران و بۆ تاكی لایه‌نه‌ كوردییه‌كان (( چونكه‌ تاوانی دزی ده‌خرێته‌ ئه‌ستۆی تاكه‌كان , به‌ڵام لێپرسینه‌وه‌و سزا دان له‌ ئه‌ستۆی لایه‌نه‌كانه‌ , كه‌ نه‌یانكرد ئه‌وجا ده‌بنه‌ شه‌ریكه‌ به‌ش )) مرۆڤایه‌تیان  له‌ ناخی خۆیان كوشت,بۆیه‌ هه‌ر  هه‌وڵێك  بۆ سووككردنی تۆمه‌ته‌كه‌یان  بدرێت و داكۆكیان لێبكرێت  ده‌چێته‌ چوار چێوه‌ی خیانه‌ت له‌ قوربانیانی تاوانه‌كه‌.
تاوانی هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ نغرۆ بوونی شار له‌ گازی كیمیاوی  و  ڕوی دڕنده‌یی ڕژێمی به‌عس ده‌ربخات,  ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ قازانجیان بینیوه‌ له‌ ڕوخاندنی سه‌دام بێن له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ , له‌سه‌ر مۆنمێنتی قوربانیان  و  كه‌لاوه‌كانی نه‌عله‌تی رژێمی به‌عس  بكه‌ن و شه‌رعیه‌ت به‌ ده‌سه‌ڵات و كرداره‌كانیان و  جه‌نگه‌كانیان بده‌ن, سیاسیه‌كانی كورد هه‌میشه‌ قازانج و  تام له‌ بینینی  ڕۆڵی قوربانیه‌وه‌ ده‌بینن,تۆمه‌تبارانی  16-3ش   كه‌ دزیان كرد و هه‌ڵه‌بجه‌یان به‌ هه‌ڵه‌كانیان بۆ ئه‌و مه‌رگه‌ ساته‌ برد به‌ هێنانی ئێران, خۆیان به‌ به‌شێك  له‌و قوربانیانه‌ ده‌ناسێنن,بۆ ئه‌وه‌ی چیاووكی سیاسیان پێ بدرێت.
ئه‌و جه‌نگاوه‌رانه‌ی له‌ په‌لاماری هه‌ڵه‌بجه‌دا ,ڕزگار كردنی دراوی ناو بانكه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌یان  به‌ به‌هاتر ده‌زانی له‌ ڕزگار كردنی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ ,ئه‌مه‌ كه‌سایه‌تی راسته‌قینه‌ی  ئه‌و فه‌رماندارانه‌ دیاری ده‌كات, واتا له‌ پله‌ به‌ندی به‌هاكاندا لای ئه‌وان پاره‌ گرنگتره‌ له‌ مرۆڤ, پاره‌یه‌ك  هه‌میشه‌ تاقیكردنه‌وه‌ی باڵا بووه‌ بۆ فه‌رماندارانی كورد و هه‌میشه‌ به‌ره‌و بێباوه‌ڕی و خیانه‌تیانی بردووه‌ وه‌ك عه‌لی وه‌ردی ده‌ڵێت :تا به‌رژه‌وه‌ندی زیاتر بێت باوه‌ڕ  لاواز تر ده‌بێت .چیرۆكی تاڵانكردنی  بانكه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌, تاكو دنیا دنیایه‌,  له‌ پاڵ وێنه‌كه‌ی عومه‌ر خاوه‌ر, ده‌ربڕی مه‌زڵومیه‌تی خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌یه‌, كه‌ له‌ چركه‌ ساتێكدا  روح و ماڵ و سه‌رمایه‌كانیان هه‌موو پێكه‌وه‌دزران, بڕینی بانكی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ دیرۆكی تاوانه‌كاندا  بوو به‌  سومبولی تاڵان و بڕۆی شار, هه‌روه‌ك چۆن عومه‌ر خاوه‌ر بووه‌  به‌ سومبولی 5000 شه‌هید .
تاوانی  هه‌ڵه‌بجه‌ پڕه‌ له‌ چیرۆكی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ ,چ  له‌ لایه‌ن به‌عس و ئێرانه‌وه‌ , یان له‌ لایه‌ن لایه‌نه‌كانی كوردییه‌وه‌ ,به‌مه‌ش  هه‌ندێك پێشمه‌رگه‌ی تاوانكار بوونه‌ جه‌لاد جه‌ماوه‌ریش بووه‌ قوربانی ده‌ست قوربانی وه‌ك ئێدوارد سه‌عید  ده‌ڵێت بوونه‌ قوربانی قوربانی , جیهانی غه‌ریب و عه‌جائیب , ناشرینی بێ وێنه‌. ناشرینیه‌كانی ئه‌و كات , به‌ ده‌سه‌ڵات و هێزو ده‌وڵه‌مه‌ندی  ئه‌مڕۆی تۆمه‌تباران هه‌رگیزاو هه‌رگیز  ناشاردرێته‌وه‌ و جوان ناكرێت , به‌ زه‌بروزه‌نگیش پرسیاره‌كان  له‌ قوڕگی جه‌ماوه‌ر خه‌فه‌ ناكرێن, هه‌ر ده‌بێت لاپه‌ڕه‌كانی هه‌ڵبدرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك خۆی چۆن بووه‌ ئاوا  بچێته‌ مێژوه‌وه‌.
ئه‌زموونی سه‌رنه‌كه‌وتوو پێویستی به‌ شیكردنه‌وه‌ی قول  هه‌یه‌ نه‌ك شاردنه‌وه‌,پێویسته‌ لێكدانه‌وه‌ی  له‌سه‌ر بكرێت, پێویسته‌ به‌ بۆچوونی نوێوه‌ سه‌یری ئه‌و ئه‌زموونه‌ بكردرێت ,هه‌موو ئه‌زموونێك به‌ نرخه‌ ئه‌نجامگیری لێكدانه‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ سه‌ری بكرێت, شیكردنه‌وه‌ی ئه‌زمونه‌كان باشتر كه‌سه‌ سه‌ركه‌وتوو و شكست خواردووه‌كان له‌ قۆناغه‌ مێژووییه‌كاندا ده‌ناسێنێت, له‌ ئه‌زموونه‌ تاڵه‌كان مرۆڤه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ن ده‌ناسرێن و قیناعه‌كان هه‌ڵده‌ماڵرێن. هه‌ڵسوكه‌وت پێچه‌وانه‌ی بیروباوه‌ڕ ,لایه‌ن توشی قه‌یرانی ناسنامه‌ ده‌كات .ئه‌مه‌ش وایكرد  هه‌موو بیروباوه‌ڕه‌كانی بكه‌وێته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌,گومان له‌ سه‌ر هه‌موو رابردووی درووست بكات, هه‌ڵه‌بجه‌ به‌م ئه‌ركه‌ هه‌ڵستا و ئه‌م په‌یامه‌ی گه‌یاند, ته‌واوی بیروباوه‌ڕی ئه‌و شۆرشگێڕه‌ ئه‌فسونیانه‌ی برده‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ .
سه‌ركرده‌كانی ئه‌وكات كه‌ بڕیاری ئه‌م كرده‌ سه‌ربازییه‌یان دا هیچ كات نایانه‌وێت باس له‌م تاوانه‌ بكرێت و به‌ره‌و روی ره‌خنه‌ ببنه‌وه‌ ,چونكه‌ له‌ نیه‌تیاندا نییه‌ دووباره‌ی نه‌كه‌نه‌وه‌ ,جۆرج سانتیانا ده‌ڵێت :ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ناتوانن ڕابردوو وه‌بیر خۆیان بهێننه‌وه‌, تاوانبارن به‌ دووباره‌ كردنه‌وه‌ی(( ل132, نهێنی سه‌ركه‌وتن له‌ ژیاندا-برایان ترێسی ,و.محه‌مه‌د شه‌هدی ,ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵات 2009)).
یه‌كه‌م كاری هێزه‌ داگیر كه‌ره‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ دوای 15ی ئازار, نه‌ پاكسازی شار بووه‌ له‌ هێزه‌ سه‌ركوتكه‌ره‌كان, نه‌ رێكخستن و هوشیار كردنه‌وه‌ی خه‌ڵك بوو له‌ هه‌موو ئه‌گه‌رێك , نه‌ سه‌ردانی رێكخستنه‌كان و ماڵی شه‌هیدان بووه‌, به‌ڵكه‌ تاڵان بووه‌:پاش شكستی چاوه‌ڕوانكراوی هێزه‌كانی به‌عس و دابه‌زینی هێزه‌ كوردی و ئێرانییه‌كان و مه‌جلیسی ئه‌علا, كاره‌ دزێوه‌كانی تاڵان و دزی و فه‌رهودی فه‌رمانگه‌كان له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی نوێوه‌ ده‌ستیپێكرد كه‌وتنه‌ فڕاندنی سه‌یاره‌و مومته‌له‌كاتی دائیره‌كان,پاشان بووه‌ كێشه‌ و كێبڕكێ بۆ داگیر كردنی بیناكان بۆ كردنیان به‌ باره‌گای حیزبی (لڤین- ئه‌و هه‌ڵه‌ ستراتیژییه‌ی كیمیابارای لێكه‌وته‌وه‌- یاسین ره‌سول عوسمان – ژماره‌ 87  به‌رواری 15ی مارتی 2009 ل12).
ئه‌وه‌نده‌ی له‌ شه‌ڕی هه‌ڵه‌بجه‌ گرنگی به‌ پاراستنی بانكی شار و  پاره‌ی ناو قاسه‌كه‌ی   درا له‌ لایه‌ن فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانی پێشمه‌رگه‌و ئێرانه‌وه‌, به‌ ئه‌ندازه‌ی زه‌ڕه‌یه‌كی  ئه‌وه‌نده‌ گرنگی به‌ سه‌لامه‌تی خه‌ڵكی شار بدرایا,  ئه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی  زۆر كه‌متر له‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌ قوربانی ده‌درا, ئه‌وانه‌ی ئێستا من ده‌یاننووسمه‌وه‌, وته‌ی من نین , به‌ڵكه‌ شایه‌دی و وته‌ی خودی فه‌رمانده‌كانی هێرشه‌كانن بۆ سه‌ر شاری هه‌ڵه‌بجه‌, وه‌ك ده‌بینیین  له‌ ناخۆشترین هه‌ل و مه‌رجی سه‌ربازیدا , له‌سه‌رده‌می مه‌رگی به‌ كۆمه‌ڵی گه‌لدا , فه‌رمانده‌كان  هه‌موو بیر و هۆشیان لای ده‌سكه‌وته‌ و  ژیانی چه‌ندین هاوڕێی خۆیان ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌ له‌ پێناو  پاراستنی پارووی چه‌وری  ناو قاسه‌كه‌ : ئێواره‌ی یه‌كه‌می گرتنی هه‌ڵه‌بجه‌ , یه‌كێك له‌و شوێنانه‌ی بایه‌خی زۆرمان پێ دا (( بانقی ))  هه‌ڵه‌بجه‌ بوو – كاره‌ساتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌هاری 1988- شه‌وكه‌ت حاجی مشیر ل  52 .
دوای گرتنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ ینك  ئه‌ركی پاراستنی بانكه‌كه‌ی گرتۆته‌ ئه‌ستۆ ,بۆیه‌ هه‌موو  تۆمه‌ته‌كان به‌ره‌و رووی ئه‌و ده‌كرێته‌وه‌ له‌ بڕینی بانكه‌كه‌ ((چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كی ینك كه‌ ژماره‌یان 15 كه‌س ده‌بوو به‌ سه‌رپه‌رشتی م,ح,ع  ماوه‌تی  به‌ فه‌رمانی به‌رپرسه‌كه‌یان بانكیان گرته‌ ئه‌ستۆ ,له‌و ماوه‌یه‌دا دووجار به‌ كۆسته‌ره‌و له‌حیم هه‌وڵیان دا قاسه‌ی بانكه‌كه‌ بشكێنن , به‌ڵام به‌ هۆی تۆكمه‌یی قاسه‌كه‌وه‌ كه‌ له‌ ناو دیواردا بوو ,بۆیان نه‌شكێنرا (لڤین – ژماره‌ 87-ل15).
قادری سه‌عید سۆفی به‌ڕێوه‌به‌ری بانكی هه‌ڵه‌بجه‌ بڕی پاره‌ی ناو بانكه‌كه‌ دیاریده‌كات  ((  بانكی هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وكات بڕی 780000 دیناری خه‌ڵكی تێدا بوو هه‌موی دزرا ))  (كێ بانكه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی  بڕی – لڤین  ژماره‌ 87 –  ل  16  –  هونه‌ر حه‌مه‌ ڕه‌شید  – عیرفان ئه‌حمه‌د-بژار ناشاد ) .
قادر سۆفی سه‌عید: بانك دوو كلیلی هه‌بوو, یه‌كێكیان لای من بو, یه‌كێكیشیان لای به‌رپرسی سندووق بوو,ئه‌وانه‌ی بانكه‌كه‌یان بڕی كلیلیان نه‌بوو ,به‌ڵكه‌ به‌ تی ئێن تی  ده‌رگاكه‌یان ته‌قاندبوه‌وه‌و شكاندبویان,دواتر هه‌موویان دزیبوو ,كه‌ ئێمه‌ دوایی گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ ,بۆمان ده‌ركه‌وت به‌م شێوه‌یه‌ دزراوه‌  ( لڤین ژ 87 –ل17).
به‌ڵام  پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئه‌وكاتی ینك  رای جیاوازیان له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌ : فایه‌ق گوڵپی (بانقی هه‌ڵه‌بجه‌ پێش ته‌قاندنه‌وه‌ی كلیله‌كه‌ی وه‌رگیرابوو له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری بانقه‌كه‌ ,پێش ته‌قاندنه‌وه‌ی پاره‌كه‌ دزرابوو,من وامبیستووه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری بانقه‌كه‌ كلیله‌كانی داوه‌ته‌ شه‌وكه‌تی حاج مشیر و ئه‌و پاره‌كه‌ی دزیووه‌ ,یه‌كێتی و پارتیش دواتر هه‌ندێك له‌ كادیره‌كانی خۆیان سزا دا له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ,هه‌ندێك له‌و كه‌سانه‌یان گرت وه‌ك  كه‌ماڵ شاكیر له‌ سنه‌ ,به‌ڵام دوایی  حكوومه‌تی ئێران ده‌ستیخسته‌ ناو كاره‌كه‌و سوڵحیانكرد له‌ نێوان خۆیاندا, به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌ڵێم كه‌ مامۆستا شاهۆو حه‌مه‌ی حه‌مه‌ سه‌عید  یه‌ك شتیان نه‌دزیووه‌,كه‌ ئه‌وان زۆر دژایه‌تی منیش ده‌كه‌ن له‌ ناوچه‌كه‌ ,ناكۆكی نێوان نه‌وزاد نۆرۆڵی و شه‌وكه‌تی حاجی مشیر له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ بوو ,كه‌ شه‌وكه‌ت هه‌ندێك شتی هێنابوو ,به‌ڵام نه‌وزاد شكاندبووی ( لڤین -87 –ل17), به‌مجۆره‌ ده‌بینین به‌ 870000 دیناری ئه‌وكاته‌ دڵیان ئاوی نه‌خواردۆته‌وه‌ به‌ڵكه‌ په‌لاماری شتی بچوكیشیان داوه‌.
له‌ كاتێكدا هه‌ڵه‌بجه‌ بۆنی سێۆو سیره‌ بۆگه‌نی خه‌رده‌ل دای گرتبوو, قوربانیان به‌ لۆری ته‌رمه‌كانیان بار ده‌كرا  و به‌ كۆمه‌ڵ ده‌نێژران به‌ بان یه‌كتره‌وه‌  به‌ به‌رچاوی كامیراكانی جیهانه‌وه‌, عومه‌ر خاوه‌ر خه‌وی ئه‌به‌دی  به‌ ڕزگاركردنی كوڕه‌ تاقانه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌بینی, مردن به‌ موو  له‌ هه‌مووانه‌وه‌  دوور بوو, كه‌س باوه‌ڕی به‌ چاوی خۆی ناكرد  له‌و شه‌وه‌ چاره‌نووس سازه‌دا  فه‌رمانده‌ی گشتی ڕزگاركردنی هه‌ڵه‌بجه‌ خه‌وی په‌مبه‌یی  به‌ ڕزگاركردنی قاسه‌كه‌وه‌ ده‌بینی,ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ وته‌ی من نییه‌, به‌ڵكه‌ دانپێنانی خودی فه‌رمانده‌ی هێرشه‌كه‌یه‌ بۆ سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌, وڵات به‌ وڵات خه‌ڵك ده‌نێرێت له‌ بری داو ده‌رمان بۆ كۆسره‌و مه‌كینه‌ی له‌حیم و موجازه‌فه‌ به‌ روحی هاوڕێكانییه‌وه‌ ده‌كات بۆ دراو  : بۆ شه‌وی 16-17-3-1988 چه‌ند به‌ ئامێری هۆكی تۆكی هه‌وڵم  دا تاوه‌كو (( كاك مه‌جیدی حاجی علی )) م په‌یدا كرد و لێم پرسی كێ لای بانقه‌كه‌یه‌ ئایا ئێوه‌ ئێستا له‌ كوێن , وه‌ڵامی دامه‌وه‌  ئێمه‌ وه‌ هه‌موو پێشمه‌رگه‌كان له‌ شار نه‌ماوین  و كه‌س خۆی له‌ناو شاردا ناگرێت له‌ ترسی كیمیاباران , كه‌س خۆی نادا به‌ كوشت بۆ پاسه‌وانی كردنی بانق. ووتی خه‌مت نه‌بێ نه‌ك هه‌ر ئێمه‌ هیچ كه‌س له‌و گه‌ڕه‌كه‌دا نه‌ماوه‌ له‌ ترسی كیمیاوی, بۆ ڕۆژی 18-3-1988 تۆزێك بارودۆخه‌كه‌ هێور بوویه‌وه‌و بۆردومانی ناو شار كزبوو , دوباره‌ داوام له‌(( كاك مه‌جید حاجی علی )) كرد كه‌ به‌ خۆی پێشمه‌رگه‌كانی بڕۆنه‌وه‌ ناو شار  بۆ پاراستنی بانقه‌كه‌ كه‌ تا بزانیین چی لێ بكه‌ین هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ به‌ هه‌زار حاڵ توانیمان پێشمه‌رگه‌كانی ڕازی بكه‌ین بڕۆنه‌وه‌ ناو شار ئاگایان له‌ بانقه‌كه‌ بێت هه‌رچه‌نده‌ هه‌موو ئه‌یان ووت (( كاك شه‌وكه‌ت )) پێشمه‌رگه‌ ناتوانێ له‌ناو شاردا بمێنێ , هه‌ندێكیان بریندار بووبوون ڕۆیشتبونه‌وه‌  به‌ره‌و ووڵاتی خۆیان له‌ دیوی ئێرانه‌وه‌ , ئه‌وه‌شی كه‌ ماوه‌ خۆیان ناخه‌نه‌ به‌ر مه‌ترسی مردن له‌به‌ر قاصه‌یه‌ك كه‌ نازانرێ چی تێدایه‌- كاره‌ساتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌هاری 1988- شه‌وكه‌ت حاجی مشیر   ل53 .
ته‌نها به‌ نیگابانیكردن له‌سه‌ر پاراستنی  قاسه‌كه‌ نه‌وه‌ستان , به‌ڵكه‌ كۆمه‌ڵێك پێشمه‌رگه‌ی بێچاره‌ , جه‌سته‌ی خۆیان خسته‌ به‌ر  مه‌ترسی بڕیاری چاوچنۆكانه‌ی  فه‌رمانده‌كانیان, له‌و ڕۆژانه‌دا  نه‌ك ته‌نها مرۆڤ, بگره‌ به‌رد و شاخ  زه‌وییش خۆی له‌به‌رده‌م شوێنه‌واری ژه‌هر بارانه‌كه‌ ناگرت, كه‌چی نیگابانی و پاراستنی بانكه‌كه‌ به‌رده‌وام بوو به‌ چركه‌ش لێی جیانابنه‌وه‌, ئه‌گه‌ر هه‌موو خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ گیانه‌ڵایان بدایا بۆ تۆزێك داوو ده‌رمان, ڕزگاركه‌رانی شار  گوێیان لێیان نه‌بوو وه‌ك بینیمان و خوێندمانه‌وه‌ له‌ زمانی خۆیانه‌وه‌, مێش نابوو به‌ میوانیان چونكه‌ ماسكی دژ گاز و ده‌رزی دژه‌ كیمیاویان پێبوو , به‌ڵام بۆ شكاندنی قاسه‌كه‌و پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان ناوی له‌ هه‌وڵی بێوچاندا بوون و به‌ دوای حه‌تمییه‌ته‌وه‌ بوون بۆی ,  وڵاتان ده‌گه‌ڕان بۆ په‌یداكردنی ئامێر و ده‌زگایه‌ك تا نێچیره‌كه‌یان بۆ ئازاد بكات و ده‌رگاكه‌یان بۆ بكاته‌وه‌ .
هێشتا تارمایی كیمیاوییه‌كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی نه‌نیشتبوه‌وه‌, ته‌رمی قوربانیان  له‌ گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان نه‌نرابوون, به‌رپرسانی پێشمه‌رگه‌  بۆ شاری پاوه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌چن بۆ هێنانی كۆسره‌ و له‌حیم  تا قاسه‌كه‌ی پێ  بشكێنن , بۆ ئه‌وه‌ی  ده‌ستیان به‌ ده‌سكه‌وته‌كانی ناوی بگات و غه‌نیمه‌كه‌ی ناوی حه‌ڵاڵ بكه‌ن : بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ (( كاك حامید و مامۆستا صاڵح )) ڕۆیشتن بۆ پاوه‌ له‌وێ (( دینه‌مۆو كۆسره‌كه‌یان هێنا )) چونكه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كاره‌با نه‌مابوو به‌هۆی بوردومانه‌كه‌وه‌ . ڕۆیشتبوون زۆر هه‌وڵیان دابوو بۆ بڕینه‌وه‌ی قاصه‌كه‌ به‌ڵام بێ سوود بوو هیچی لێ نه‌بڕی بوییه‌وه‌  چونكه‌ پۆڵایه‌كی زۆر قایم بوو . بۆ ڕۆژی 19-3 هاتنه‌وه‌ لام ووتیان هیچ سوودی نی یه‌ و ناكرێته‌وه‌  – كاره‌ساتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌هاری 1988- شه‌وكه‌ت حاجی مشیرل   54 .
له‌ 16-3 به‌ دواوه‌ شار بۆته‌  وێرانه‌, نغرۆ بووه‌ به‌سه‌ر یه‌كدا , به‌ڵام به‌رپرسان  به‌ بست له‌ قاسه‌كه‌  دوورناكه‌ونه‌وه‌, له‌و كاته‌ی هه‌زاران كه‌س له‌ خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌  كوێر ده‌بن به‌ گازی كیمیاوی, ئه‌مان نیگابانی چڕتر ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌سه‌ر قاسه‌كه‌, چاوه‌كانیان زه‌قتر ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ پاراستنی تاڵانییه‌كه‌ی ناوی. له‌ كاتێكدا  سه‌دان منداڵ به‌بێ سه‌رپه‌رشتیار ده‌مێننه‌وه‌ له‌ په‌ناگه‌و ناو شیوو دۆڵه‌كان خۆیان گرمۆڵه‌ ده‌كه‌ن و له‌ برسان فرمێسكه‌كانیان ده‌خۆنه‌وه‌ و ده‌بنه‌ نیچیری ئێرانییه‌كان و تا ئێستا نابینرێنه‌وه‌, هه‌زارانیان به‌ده‌م سوتانه‌وه‌ خۆزگه‌یان به‌ مه‌رگ ده‌خواست, كه‌چی  ڕزگاركه‌رانی هه‌ڵه‌بجه‌, ده‌ورو پشتی قاسه‌كه‌ چۆڵ ناكه‌ن له‌ پێناو گه‌یشتن  ده‌سكه‌وته‌كه‌ی ناوی , په‌له‌یانه‌ زوو بیشكێنن و پاره‌كه‌ی ناوی فریای ئه‌وخه‌ڵكه‌ بخه‌ن و گه‌رمیان بكه‌نه‌وه‌ , كه‌ له‌و دیوو سنووره‌وه‌ له‌ برسان و له‌ سه‌رما یه‌ك له‌ دوای یه‌ك به‌ده‌م ئازاره‌وه‌ سه‌ر ده‌نێنه‌وه‌ !! , ئه‌مه‌یه‌ درۆزنی و دوڕویی سیاسه‌ته‌, كه‌چی گوایا له‌ ناكاودا زرمه‌ی ناخۆشتر له‌ كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌بیستن , خه‌ونه‌كانیان ده‌بێت به‌ سه‌راب, هه‌رچه‌نده‌ جه‌ماوه‌ر ئه‌وه‌نده‌ درۆی بۆ كراوه‌ باوه‌ڕی به‌م سیناریۆیه‌ی خواره‌وه‌ش  نییه‌(( بۆ ئاگاداری ئه‌م نوسینه‌ی كاك شه‌وكه‌ت له‌ وه‌ڵامه‌ به‌ تۆمه‌تباركردنه‌كان بۆیه‌ وه‌ك داكۆكینامه‌یه‌ك نوسراوه‌ تا تۆمه‌ته‌كان له‌سه‌ر خۆی بڕه‌وێنێته‌وه‌ , بۆیه‌ پێویسته‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد بكرێت ئه‌وجا بڕیاری تۆمه‌تباركردن بدرێت )) : شه‌وی 21-22-3-1988 له‌ كاتێكدا من و مامۆستا صاڵح قادر و كاك حامیدی حاج خالید و كاك قادر كۆكۆیی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێكی تر له‌ لێپرسراوه‌كانی ((ی ن ك )) له‌ عه‌بابه‌یلێ بووین سه‌عات ((10)) شه‌و گوێمان له‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ بوو له‌ ناو شاری هه‌ڵه‌بجه‌دا – كاره‌ساتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌هاری 1988- شه‌وكه‌ت حاجی مشیرل5 5 .
كه‌ ئه‌م هه‌واڵه‌ جه‌رگبڕه‌ ناخۆشه‌ ده‌بیستن, بێشك به‌لایانه‌وه‌ له‌ بۆردومانكردنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ جه‌رگبڕتر بوو, ئێشی له‌ 5000 ته‌رمی شار گه‌وره‌تر بوو, بۆیه‌ به‌ په‌له‌ خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه‌ بانقه‌كه‌ , به‌ بان ته‌رمه‌كانا ده‌ڕۆن و ئاوڕ له‌ نوزه‌ی برینداره‌كان ناده‌نه‌وه‌ , كه‌چی به‌ وته‌ی خۆیان به‌بێ ئومێدی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌, هه‌رچه‌نده‌ به‌شێكی زۆر  له‌ خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ گومانیان له‌ ڕاستی ئه‌م وته‌یه‌  هه‌یه‌ : هه‌ر شه‌و سه‌عات ((12)) كاك حامیدی حاجی خالید  و مامۆستا صاڵح كه‌ ئه‌و هه‌واڵه‌یان بیست یه‌كسه‌ر ڕۆیشتین بۆ هه‌ڵه‌بجه‌, سه‌ردانی بانقه‌كه‌یان كردبوو كه‌ دیبوویان به‌ ته‌واوی دیواره‌كانی ڕووخاون  و (( قاصه‌كه‌ی )) ته‌قی بوویه‌وه‌ … كاره‌ساتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌هاری 1988- شه‌وكه‌ت حاجی مشیر  ل 56 .
((سه‌ر له‌ به‌یانی من و مامۆستا صاڵح ڕۆیشتین یۆ هه‌ڵه‌بجه‌ و سه‌ردانی لای بانقه‌كه‌مان كرد هیچ پاسه‌وانێكی لێ نی یه‌و قاصه‌ و بیناكه‌ هه‌موی ته‌قێنراوه‌ته‌وه‌ له‌ ناو به‌رد و ئاسن و دیواره‌ ڕوخاوه‌كانیدا ته‌نها دوو نیوه‌ توره‌كه‌ی بچووك پاره‌ی ئاسنمان دۆزییوه‌وه‌ له‌ (( 10 فلس +25 فلس +50 فلس+100 فلس+250 فلس)) كه‌ هه‌مووی نه‌ی ئه‌كرده‌ شه‌ش هه‌زار دینار . سه‌یر له‌وه‌دابوو كه‌ هه‌موو ماندووبووین ته‌نها یه‌ك له‌ت دیناری كاغه‌ز یان 10 دیناری یان 25 دیناریمان نه‌دۆزییه‌وه‌ كه‌ بیسه‌لمێنێ كه‌ قاصه‌كه‌ به‌ پاره‌وه‌ ته‌قێنراوه‌ته‌وه‌ , ئه‌گه‌ر چه‌ند نموونه‌یه‌كمان ده‌ست كه‌وتایه‌ ده‌رئه‌كه‌وت قاصه‌كه‌ به‌ پاره‌وه‌ ته‌قێنراوه‌ته‌وه‌- كاره‌ساتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌هاری 1988- شه‌وكه‌ت حاجی مشیر ل  57 .
دوای ته‌قاندنه‌وه‌ی قاسه‌كه‌ش  له‌ خوێنی به‌ ناهه‌ق ڕشاوی  پاره‌كه‌ی ناوی  خۆش نابن و لێپرسینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن , كه‌چی خوێنی 5000 هاووڵاتی  كه‌س نییه‌ لێی بپرسێته‌وه‌ و ته‌رمه‌كانی بژمێرێت و خاوه‌ندارییه‌تیان لێ بكات , جگه‌ له‌ وێنه‌كانیان نه‌بێت:   پێش نیوه‌ڕۆی 23-3-1988 له‌وێ كۆبوینه‌وه‌ كه‌ لێپرسراوی یه‌كه‌می حیزبه‌كان هاتبوون له‌ ناوچه‌كه‌دا , چونكه‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر داوای من بوو , له‌ پێشدا من قسه‌م كرد پێم ووتن ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌م بانقه‌ نابێت هه‌روا به‌ ئاسانی بڕوات به‌ تایبه‌ت ئێمه‌ وه‌ك (( ی ن ك)) لێپرسراوی یه‌كه‌م بووین له‌ سه‌ره‌تای شه‌ڕدا كه‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ گیراوه‌ 58 .گرنگ نییه‌ بانكه‌كه‌ و پاره‌كه‌ی ناوی  كه‌وتبێته‌ ده‌ست كێ, كه‌ زۆر ڕیوایه‌ت و  چیرۆكی جۆراوجۆری  له‌سه‌ر ده‌گێڕنه‌وه‌, گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ی دزیوییه‌تی به‌شێك بووه‌ له‌ هێزی به‌ناو ڕزگاركه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌ ” سه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان بۆ به‌عس ماڵه‌كه‌شیان بۆ هێرشبه‌ران ” .
ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌ بۆ ئێمه‌, ئه‌وه‌نده‌ی گرنگی به‌ بانكه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌  دراوه‌, هه‌زاریه‌كی  ئه‌وه‌نده‌ گرنگی به‌ چاره‌نووسی خاوه‌ند پاره‌ی ناو بانقه‌كه‌ نه‌دراوه‌!, دیاره‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببن به‌ خاوه‌ندی شه‌رعی پاره‌ی بانقه‌كه‌ تاكه‌ ڕێگا ئه‌وه‌یه‌ له‌ خاوه‌نه‌كه‌ی ڕزگاریان بێت .
بینیمان   هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان پێكه‌وه‌  بۆ مه‌رگ بردراون, شه‌ریشِ له‌سه‌ر میراته‌كانیان سازكراوه‌, هه‌موو كات له‌ مێژووی نوێی كورددا شه‌ڕ بۆ ده‌سكه‌وتی شوێنه‌كانه‌ نه‌ك خه‌ڵكه‌كه‌ی  .

قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌و داوای لێبوردنكردن

پشیله‌ هه‌ر پشیله‌یه‌ و تاوانیش كێ بیكات  هه‌ر تاوانه‌ پێویسته‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌ بكه‌رانی بكرێت, ئه‌و لایه‌نانه‌ی ( ینك , پدك, سۆسیالست ,بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی,مه‌جلیس ئه‌علا- كۆماری ئیسلامی ئێران) كه‌ بڕیاری ئه‌م جه‌نگه‌ نه‌گریسه‌یان داو هه‌ڵه‌بجه‌یان بۆ چالاكییه‌كه‌یان هه‌ڵبژارد و ده‌ستیان كرد  به‌ تاڵان و رێگه‌ گرتن له‌ خه‌ڵك و به‌ بارمته‌ گرتنیان تاوانیان ئه‌نجامداوه‌ به‌ تایبه‌تی بڕیار به‌ ده‌ستانی ئه‌وكاتی ئه‌و لایه‌نانه‌ كه‌ تا ئێستا بێده‌نگیان هه‌ڵبژاردووه‌, هه‌موو ئه‌وانه‌ی گلاونه‌ته‌ تاوانه‌كه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت رابه‌ره‌ ده‌ستڕۆیشتوه‌كانیان له‌ بڕیاردان, رابه‌رایه‌تیكردن, زانینی جه‌نگه‌كه‌و ئاگادارنه‌كردنه‌وه‌ی خه‌ڵك و لایه‌نه‌كانی رۆژهه‌ڵات,دزیكردن  و رێگه‌ گرتن له‌ هاووڵاتیان به‌رپرسن له‌ به‌شێك  له‌ تاوانه‌كه‌ و پێویسته‌ داوای لێبوردن  بكه‌ن له‌ قوربانیان و بنه‌ماڵه‌كانیان, هاوكات لایه‌نه‌كانیان پێویسته‌ له‌ بودجه‌ی حیزبه‌كانیان به‌شێك له‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ تایبه‌ت بانكی هه‌ڵه‌بجه‌ و دزینی ماڵی هاووڵاتیان بگرنه‌ ئه‌ستۆ .
كۆمه‌ڵگاكان كاتێك سه‌ركه‌وتوو ده‌بن كه‌ ڕێبه‌ره‌كانیان پرسیاری به‌جێ و باش له‌ خۆیان بكه‌ن و دان به‌ هه‌ڵه‌كانیان بنێن, ئه‌وان نه‌یان زانیووه‌ كه‌ كونی بچوك ده‌بێته‌ هۆی نقوم بونی كه‌شتی گه‌وره‌, بڕیارێكی هه‌ڵه‌ی سه‌ربازی بچووك (( هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ بوو )) له‌وانه‌یه‌ كاره‌ساتی مه‌زنی وه‌ك هه‌ڵه‌بجه‌ی لێبكه‌وێته‌وه‌  .
ئه‌و چه‌كدارانه‌ی ئه‌و رۆژه‌ هه‌ڵه‌بجه‌یان كرد به‌ شاڕێگای سه‌فه‌ری پاسداران بۆ كه‌ربه‌لا ,هیچ گرنگیان به‌ هاووڵاتیان نه‌دا ومرۆڤایه‌تیان له‌ ناخی خۆیان كوشت:سام لابود یه‌كێ له‌ كرێكاره‌كانی كه‌شتی ماریا لوئیزا گیانی خۆی بۆ تۆمار كردنی فلیمێك له‌ بریندار بوونی دوولفین به‌هۆی ڕاوه‌ ماسی له‌ مه‌ترسی هاویشت  ل242- هه‌نگاوی بچووك بۆ سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌  -ئانتۆنی ڕابینز ,و.محه‌مه‌د شه‌هدی  -ده‌زگای چاپ و بڵاوكراوه‌ی ڕۆژهه‌ڵات 2010
پێویسته‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی به‌شدار بوو له‌ شه‌ڕی هه‌ڵه‌بجه‌  قه‌ره‌بووی ئه‌وانه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ نه‌یتوانیووه‌ گره‌نتی پاراستنی ژیانیان  بكه‌ن به‌ تایبه‌تی له‌ تاوانه‌كانی جینۆساید, ده‌بوایا لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان گره‌نتی پاراستنی ژیانی هاووڵاتیانیان بكردایه‌ له‌ بری دزینی ماڵیان و رێگه‌ گرتن له‌ رزگاركردنی خۆیان.
بۆیه‌ ئه‌وان هه‌موویان له‌ تاوانێكدا هاوبه‌شن,ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ نه‌یانتوانی هاوكاری و كۆمه‌كی ئه‌و خه‌ڵكه‌ بكه‌ن كه‌ ژیانیان خسته‌  مه‌ترسییه‌وه‌ .
له‌ كاتێكدا لایه‌نه‌ كوردییه‌كان هیچ كه‌سێكیان سزا نه‌دا به‌رامبه‌ر به‌و هه‌موو كاره‌ دزێوانه‌ی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال ئه‌نجامدران كه‌چی ده‌بینین :ژه‌نه‌رال یاماشیتا له‌ گه‌ڵ 900 یابانی دیكه‌ له‌ دوای جه‌نگ به‌ تاوانی جه‌نگ ئیعدامكران ,به‌ تاوانی ئه‌وه‌ ئیعدام كران له‌ كۆتایی جه‌نگدا سه‌ربازه‌كانی تاوانیان ئه‌نجام دابوو ,له‌و كاته‌ی كۆنترۆڵی به‌سه‌ریانا نه‌مابوو ((ژه‌نه‌راڵ یاماشیتا)) 501  سنه‌ الغزو مستمر –نعوم تشومسكی,المدی ,گبعه‌ الپانیه‌ 1999ص386.
به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ زۆر جار  له‌ مێژوودا له‌ ژێر په‌ردی ڕزگار كردندا تاوان ئه‌نجام دراوه‌ و كه‌چی  له‌ تاوانبار نه‌پرسراوه‌ته‌وه‌:ساڵی 1965 زانكۆی  ئۆكسفۆرد  دكتۆرای  شه‌ره‌فی به‌خشی به‌ ترۆمان كه‌ فه‌رمانی  بۆردومانی  هیرۆشیماو ناكازاكی  دا , له‌ كوردستانیش به‌ هه‌مان شێوه‌  زۆر جار ده‌بینین  خه‌ڵات ده‌به‌خشرێته‌ ئه‌و تاوانبار و تۆمه‌تبارانه‌ی پرسی جینۆسایدی گه‌لی كورد.
له‌ كاتێكدا خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌هۆی ده‌به‌نگی بڕیارده‌رانی شه‌ڕی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ سه‌رو ماڵیان چوو , ئه‌و پاره‌یه‌ی دایان نابوو بۆ رۆژی ره‌ش بووه‌ پاروی چه‌وری دزه‌كان ,هاووڵاتیه‌ك ئاوا چیرۆكی هاووڵاتییه‌كی داماو ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ هه‌ولی وه‌رگرتنه‌وه‌ی پاره‌كه‌ی بووه‌ له‌ بانكی هه‌ڵه‌بجه‌ :بانكی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوه‌ندی شار و بانكێكی كۆن و تۆكمه‌ بوو, له‌و كاته‌دا پیاوێكی دراوسێمان به‌ڕێوه‌به‌ری بوو , زۆر باش له‌ یادمه‌ له‌ حه‌وشه‌كه‌ماندا باوكم و به‌ڕێوه‌به‌ری بانك و چه‌ند پیاوێكی دراوسێمان گفتوگۆیان ده‌كرد ده‌رباره‌ی هێرشه‌كه‌  و ئاینده‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ و كاردانه‌وه‌ی ,پیاوێی هه‌ورامی هات و داوای 16000  دیناری سویسری ده‌كرد, به‌ڕێوه‌به‌ری بانك سوێندی خوارد كلیله‌كانی لێسه‌ندراون و ئاگای له‌ بانك نه‌ماوه‌, له‌ راستیدا نازانم  ئایا پیاوانی رژێم كلیله‌كانیان لێسه‌ندبوو یان پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ كوردییه‌كان (لڤین –ژ87 –ل15).
ئه‌م كاره‌ دزێوانه‌ی  له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌نجامدران هه‌موو ده‌چنه‌ چوارچێوه‌ی تاوانه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌وه‌ كه‌ زۆربه‌یان ئێران ئه‌نجامی داون ((  تاوانه‌ گه‌وره‌كه‌ كه‌ كیمیا باران و ئه‌نفالكردنی خه‌ڵكه‌كه‌یه‌تی به‌عس ئه‌نجامی داوه‌ ))  ,به‌پێی ماده‌ی 8  خاڵی د,فه‌قه‌ره‌ی ئه‌لف له‌ ئه‌ركانه‌كانی تاوان به‌ پێی په‌یمانامه‌ی رۆما  “پێشێلی  گه‌وره‌ به‌رامبه‌ربه‌ په‌یمانه‌ی جنێف 12-8-1949 كرا له‌ :”له‌ ڕوخاندن و ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنی  مومته‌له‌كاتی نا سه‌ربازی چ حكوومی یان سڤیل”قوتابخانه‌,كارخانه‌,كتێبخانه‌,نه‌خۆشخانه‌,بانك…. “.ئیعدامی  بێ دادگایی  دیله‌كانی كۆمه‌ڵه‌ و ناچار كردنی  یه‌كیان بۆ كاركردن له‌ ڕیزه‌كانی به‌رامبه‌ر ,په‌لاماری  ناوچه‌ی سڤیل نشین, ده‌ركردن و گواستنه‌وه‌ی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ دوای  داگیركردنی … .
الماده‌8(2)(هه)5
جریمه‌ الحرب المتمپله‌ فی النهب
الاركان
1-ان یقوم مرتكب الجریمه‌ بالاستیلا‌و علی الممتلكات معینه‌.
2-ان یتعمد مرتكب الجریمه‌ حرمان المالك من هژه الممتلكات والاستیلا‌و علیها للاستعمال الخاص او الشخصی.
3-ان یكون الاستیلا‌و بدون الموافقه‌ المالك.
4- ان یصدر السلوك فی السیاق نزاع مسلح غیر دولی او یكون مقترنا به.
5-ان یكون مرتكب الجریمه‌ علی علم بالڤروف الواقعیه‌ التی تپبت وجود نزاع مسلح (( ص309وپائق اساسیه‌ مختاره‌ ژات صله‌ بالمحكمه‌ الجنائیه‌ الدولیه‌ “منشورات محكمه‌ الجنائیه‌ الدولیه‌”,گبعه‌ الپانیه‌ 2009 )).
ده‌بوایه‌ دوای راپه‌ڕینی خه‌ڵكی كوردستان, به‌رپرسانی ده‌ستڕۆیشتووی لایه‌نه‌كانی جه‌نگی هه‌ڵه‌بجه‌ بچونایه‌ته‌ سه‌ر مه‌زاری شه‌هیدان و داوای لێبوردنیان له‌ هاووڵاتیان بكردایه‌, له‌ بودجه‌ی حیزب و حكوومه‌ت رێژه‌یه‌كی  زۆریان بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ ببڕدایه‌ته‌وه‌, هاوكات به‌ نرخی رۆژ و به‌ خستنه‌ سه‌ری قازانج به‌ پێی هێزی كڕینی ئه‌و 870000 دیناره‌ له‌وكاته‌ قه‌ره‌بووی زه‌ره‌رمه‌ندانی بانكی هه‌ڵه‌بجه‌یان بكردایه‌ته‌وه‌, هه‌رچه‌نده‌ هه‌نگاوێكی زۆر بچووكی ناته‌واو له‌م بواره‌دا نراوه‌ وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری بانكی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ دانی پێدا ده‌نێت,ئه‌وه‌ش لام روونه‌ زۆربه‌ی به‌ر ده‌ستڕۆیشتووانی ناو حیزب كه‌وتووه‌:
قادر سۆفی سه‌عید : ئێمه‌ تا ماوه‌یه‌كی زۆر پاره‌كانمان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌گێڕایه‌وه‌ كه‌ داوایانده‌كرد, به‌ڵام دواتر وه‌ستێنرا ,به‌هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵك زۆر درۆیانكرد,له‌وه‌ی كه‌ چه‌ندێك پاره‌یان له‌ بانقدا بووه‌ (لڤین –ژماره‌ 87 – ل 17).
له‌ كۆتاییدا ده‌ڵێم كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ سیاسییه‌ بڕیار به‌ ده‌سته‌كانی ئه‌وكاتی لایه‌نه‌كانی شه‌ڕی هه‌ڵه‌بجه‌ با  له‌ 16ی ئادار بچنه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و داوای لێبوردن له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی بكه‌ن و له‌ مومته‌له‌كات و بودجه‌ی حیزبه‌كانیان قه‌ره‌بووی زیانلێكه‌وتوان و هه‌موو دانیشاوانه‌كه‌ی  بكه‌نه‌وه‌ .

تێبینی :ئه‌م  بابه‌ته‌ درێژكراوه‌ی به‌شێكه‌ له‌ په‌رتووكێك له‌ ساڵی 2005  به‌ ناوی چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی شاراوه‌ له‌ جینۆسایدی گه‌لی  كورد  بڵاوم كردۆته‌وه‌ .

Previous
Next