گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی …. الدكتور فهمی سلیم الغزوی
چهمكو پێناسه:
گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی پرۆسه‌یه‌كی درێژخایه‌نی مێژووكردی لهسهربهخۆیه. بریتییه له‌گواستنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا لهدۆخێكهوه بۆ دۆخێكی تر لهكاتو شوێنێكی دیاریكراودا.
مه‌رج نییه هه‌میشه گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی پێشكه‌وتن‌و به‌ره‌وپێشچوونی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌دوادابێت. ئه‌گه‌ر ئهوگۆرانه بوو به‌ماوه‌ی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگا، ئه‌وا بهگۆڕانێكی باش‌و شیاو داده‌نرێت، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌وا بهگۆڕانێكی خراپ‌و نه‌شیاو داده‌نرێت.
گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی ئاماژه‌یه بۆگۆڕان له‌بونیادی دامودهزگاو دامه‌زراوه كۆمهڵایهتیهكانیوهك خێزان, داموده‌زگاكانی په‌روه‌رده‌و فێركردن, سیستمی سیاسی, سیستمی كارگێڕی‌و…هتد. مه‌به‌ستیش له‌گۆڕانی بونیادی كۆمه‌ڵایه‌تی كارلێكی نێوان تاكهكانو په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه كه پێوه‌ره كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان زاڵه به‌سه‌ریانداو ده‌یانبات به‌ڕێوه بۆئه‌وه‌ی بزانرێت ئه‌و گۆڕان له‌چ ئاستێكدایه؟ به‌ڵام گۆڕان له‌داموده‌زگاكانی كۆمه‌ڵگادا بهگشتیوهك ئامانجێكی تایبه‌تی بریتیه له‌گۆڕین له‌سه‌ر ئاستی ده‌زگا كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسیی‌و ئابوری‌و ….هتد یه‌كانه. به‌كورتی بڵێین گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌مانا فراوانه‌كه‌ی بریتیه له‌پرۆسه‌ی نوێبوونه‌وه‌ی بونیادی كۆمه‌ڵگه له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی‌و كه‌لتوری‌و ڕۆشنبیری..
هۆكاره‌كانی گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی
چه‌ندین هۆكار هه‌ن كهرۆڵیان هه‌یه له‌پرۆسه‌ی گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، دیارترینیان ئه‌مانه‌ن
1- ژینگه‌ی سروشتیی:
ژینگه كاریكه‌ری ڕاسته‌وخۆی هه‌یه له‌سه‌ر بونیاد‌و سروشت‌و پێكهاته‌ی هه‌ركۆمه‌ڵگه‌یه‌ك, له‌ڕوی كه‌لتوری‌و رۆشنبیری‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه.
توێژینه‌وه‌كان ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه كه هه‌ڵكه‌وته‌و ژینگه‌ی جوگرافی رۆڵی هه‌یه له‌پێگه‌یاندنی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی‌دا. ئه‌وه سه‌لمێنراوه كه دانیشتوانی ناوچه گه‌رمه‌كان ژیرترو چالاكترن له‌كارو ره‌فتاری رۆژانه‌دا. له‌لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌ووڵاته‌ی كه سنوری ده‌ریایی هه‌یه, پرۆسه‌ی بازرگانی‌و چالاكی ئابووری زیاتر‌و باشتر‌و ئاسانتر تیایدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.. ئه‌مانه ده‌بنه‌مایه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه ئه‌گه‌ری پێشكه‌وتن‌و كرانه‌وه‌ی به‌ڕوی دنیای ده‌ره‌وه‌دا زیاتر بێت له‌ووڵاتانه‌ی كه‌سنوری ئاوییان نییه‌و پرۆسه‌ی بازرگانی‌و چالاكی ئابووری تیایدا قورس‌و گرانه, كه ده‌بێته مایه‌ی ئه‌وه‌ی دابڕاوبن له‌وڵاتانی تر‌و به‌داخراوی بمێننه‌وه، دواجاریش ئه‌مه ده‌بێته مایه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه به‌ئاسانی گۆڕانیان بهسهردانهیهت, یان پرۆسه‌ی گۆڕان تیایاندا دوابكه‌وێت.
جگه له‌مانه, هه‌ندێجار دیارده سروشتیهكانیوهك لافاوو بومه‌له‌رزه‌و بوركان ده‌بنه مایه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌دانیشتوانی ئه‌وناوچانه به‌ناچاری زێد‌و ماڵ‌و شاری خۆیان بهجێبهێڵنو كۆچ بكه‌ن بۆ ناوچه‌یه‌كی تر . ههندێجاریشوشكهساڵیو بێ‌بارانی, هاوڵاتیانی ناوچه‌یه‌ك ناچار ده‌كه‌ن كه ئه‌وشوێنه جێبهێڵنو به‌ره‌و ناوچه‌یه‌كی ئاوه‌دان كۆچ بكه‌ن. له‌ڕێگه‌ی ئه‌م كۆچه‌وه تێكه‌ڵاوی كه‌لتوره‌كان دروستده‌بێت كه‌ده‌بێته مایه‌ی گۆڕانی بونیادی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه جیاجیاكانی دنیا.
2- دانیشتوان:
كه سێ بوار له‌خۆ ده‌گرێت:-
أ- قه‌باره‌ی گشتی ژماره‌ی دنیشتوان لهكاتو شوێنێكی دیاریكراودا.
ب- پێكهاته‌ی دانیشتوان له‌ڕوی رۆشنبیری‌و خه‌سڵه‌تی كه‌سێتی‌و تهمهنو ره‌گه‌زو ئاستی خوێندهواریو پێكهاته‌ی ئاینی‌و مهزههبیو چالاكی سیاسی‌و ئابووری‌و سروشتی‌و پێكهاته‌ی ژن‌و ژنخوازی‌و …هتد.
ج – بڕی زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتوان, كه سێ فاكته‌ر رۆڵی تیادا هه‌یه، كه بریتین له:
1 – رێژه‌ی لهدیكبوون.
2- رێژه‌ی مردن.
3- رێژه‌ی (كۆچ) كردن.
توێژینه‌وه‌كان ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه كه زۆری‌و كه‌می له‌ڕاده‌به‌ده‌ری ژماره‌ی دانیشتوان ده‌بێته مایه‌ی تێكچوونی ژیانی كۆمه‌یه‌تی. ئه‌و گه‌لانه‌ی كه ناهاوسه‌نگییان هه‌یه له‌نێوان زۆری ژماره‌ی دانیشتوان‌و كه‌می دهرامهتو پێداویستی رۆژانه‌دا, دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تییان ناجێگرو دواكه‌وتووه.
گۆڕان له‌مجۆره كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا زۆر سست‌و له‌سه‌رخۆیه . هه‌روه‌ها ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی كه‌به‌هۆی كه‌می دهرامهتو خراپی خۆراك‌و نه‌بوونی پێداویستی رۆژانه‌و نزمی ئاستی بژێوی به‌هۆی نهخۆشیو ده‌ردو په‌تاو شهڕوشۆڕو جه‌نگه كاولكارییهكانهوه ژماره‌ی دانیشتوانیان رۆژ به‌ڕۆژ كه‌م ده‌بێته‌وه, پرۆسه‌ی گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تیش بهخاویو سستی به‌ڕێوه‌ده‌چێت. به‌ڵام پرۆسه‌ی گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه‌ژماره‌ی دانیشتوانیان هاوسه‌نگه له‌گه‌ڵ پێداویستی ژیانی رۆژانه‌ی هاوڵاتییهكانیاندا, پرۆسه‌ی گۆڕان به‌باشی به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
3- فاكته‌ری ئایدیۆلۆژیا‌و بیر‌و باوه‌ڕ:
ئایا گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رئه‌نجامی بیركردنه‌وه‌و هۆشیاری مرۆڤه, یان هۆشیاریو بیركردنه‌وه به‌رئه‌نجامی گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تییه, ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه كه هه‌ریه‌كه له ماركس‌و هیگڵ, به‌شێوه‌ی جیاجیا هه‌وڵیان داوهوهڵامی بده‌نه‌وه. ماركس پێیوایه كه گۆڕان به‌رئه‌نجامی ململانێی چینایه‌تییه له‌كۆمه‌ڵگادا, له‌ئه‌نجامی ململانێی چینی چه‌وساوه‌و چینی چه‌وسێنه‌ردا, هۆشیاری چینایه‌تی له كۆمه‌ڵدا دروستده‌بێت, ئه‌مه‌ش ده‌بێته مایه‌ی گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی. به‌پێچه‌وانه‌ی ماركسه‌وه, هێگڵ پێیوایه كه گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رئه‌نجامی بیركردنه‌وه‌و تێفكرین‌و هۆشیاری مرۆڤه, گۆڕانیش جگه له‌بیركردنه‌وه‌یه‌كی دروستی مرۆڤ هیچی دی نییه. سه‌باره‌ت به‌م مه‌سه‌له‌یه , ناكرێت ڕۆڵی ئاینه ئاسمانییه‌كان به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیرێت, چونكه هه‌ریه‌ك له‌ئاینی یه‌هودی‌و مهسیحیو ئیسلام , رۆڵی دیار‌و كاریگه‌ریان هه‌بووه له‌سه‌ر گۆڕان‌و نوێبوونه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕی مرۆڤه‌كان, كه‌دواجار ئه‌م گۆڕانانه بوونه به‌هه‌وێنی گۆڕان له‌سه‌ر ئاستی بونیادی كۆمه‌ڵایه‌تی.
4- رووداوه سیاسییه گه‌وره‌كان:
روداوه سیاسیه گه‌وره‌كان هۆكارێكی تری گۆڕٍانی كۆمه‌ڵایه‌تین، ناهێڵن كۆمه‌ڵگه‌كان له‌دۆخی وه‌ستاودا بمێننه‌وه. بۆنموونه, هه‌ردوو جه‌نگی جیهانیی یهكهمو دووه‌م, ئه‌گه‌رچی دوو كاره‌ساتی ماڵوێرانكه‌ری جیهانیی گه‌وره‌بوون, به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا, له‌سه‌رئاستی كۆمه‌ڵگه‌كانی جیهان گۆڕانی گه‌وره‌یان دروستكرد, چونكه هه‌ریه‌ك له‌و جه‌نگانه نه‌خشه‌ی سیاسی جیهانیان گۆڕی‌و به‌شێوه‌یه‌كی نوێ داڕێژرایهوهو بووه مایه‌ی دهركهوتنو دروستبوون‌و سه‌ربه‌خۆیی چه‌ندین وڵات له‌جیهاندا، كه دواجار ئه‌و سه‌ربه‌خۆییانه گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌وره‌یان دروستكردووه. بۆ نموونه , له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مداو له‌گه‌ڵا داگیركردنی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا له‌لایه‌ن ئینگلیزه‌كانه‌وه , چاپخانه‌و كه‌شتی دهریاییو فڕۆكه‌و ئۆتۆمبێل‌و زۆر داهێنراوی نوێی تر گه‌یه‌نرانه ئه‌وناوچانه ، كه بوونه مایه‌ی گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی. هه‌روه‌ها هه‌ره‌س‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت له‌ساڵی 1990 بووه مایه‌ی چه‌ندین گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسیی له‌ناوچه‌ی قه‌فقازو جیهاندا، چه‌ندین كۆمار كه سه‌ر به‌یه‌كێتی سۆڤییه‌ت بوون, سه‌ربه‌خۆیی خۆیان به‌ده‌ستهێنا.. جگه له‌مانه له‌گه‌ڵ رووخانی رژێمی به‌عس له‌عیراق له‌ساڵی 2003 دا گۆڕانێكی دیار له بونیادی سیاسیی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقیدا رویدا.
5- داهێنانی رۆشنبیری:
كه سێ لایه‌ن له‌خۆده‌گرێت :
أ- دۆزینه‌وه‌و ئاشكراكردن (الاكتشاف):
وه‌ك دۆزینه‌وه‌و ئاشكراكردنی كیشوه‌ری ئه‌مریكا له‌لایه‌ن (كۆڵۆمبس)ه‌وه كه‌بووه مایه‌ی ئه‌وه‌ی زۆرێك له‌هاوڵاتیانی گه‌لانی ئه‌وروپا كۆچ بكه‌ن بۆ ئه‌و كیشوه‌ره, لێره‌وه كه‌لتوره‌كان تێكه‌ڵاوی یه‌ك بوون‌و كه‌لتورێكی نوێیان دروستكرد كه بریتییه له‌كه‌لتوری كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریكی. ئه‌مه گۆڕانێكی گه‌وره بوو به‌سه‌ر زۆرێك له كۆمه‌ڵگاكاندا هات.
ب-داهێنان:
مه‌به‌ست له‌دروستكردنی هه‌موو ئه‌و ئامێر‌و كه‌ره‌ستانه‌یه كه ئاسانكراری بۆ مرۆڤ ده‌كه‌ن لهكاربهڕێوهبردنی ژیانی رۆژانه‌دا. بۆنموونه, فرۆكه, ئۆتۆمبیل, كه‌شتی ئاسمانی‌و ده‌ریایی, شه‌مه‌نه‌فه‌رو…هتد. هه‌موو ئه‌مانه گۆڕانێكی بنه‌ڕه‌تییان له‌ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌كاندا دروستكرد, كه بوونه‌مایه‌ی ئه‌وه‌ی هیچ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك وه‌كو خۆی نه‌مێنێته‌وه.
ج- بڵاوبوونه‌وه:
مه‌به‌ست له‌بڵاوبوونه‌وه‌ی بیروبۆچوونه فكری‌و فهلسهفیو روناكبیری‌و زانستییه‌كانی زانایان‌و فهیلهسوفانو بیرمه‌ندانی جیهانه. بۆنموونه, نووسینه‌كانی ژانژاك رۆسۆو مۆنتسكیۆو ڤۆلتێر هۆكاری سه‌ره‌كی سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی فه‌ره‌نسا بوون كه گۆڕانێكی گه‌وره‌یان به‌سه‌ر بونیادی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی فه‌ره‌نساو هه‌موو جیهاندا هێنا. ئه‌مه سه‌باره‌ت به داهێنانه زانستییه‌كانی ئهدیسۆنو ئهنشتاینو فرۆید‌و …هتدیش هه‌ر راسته.
6- ته‌كنه‌لۆژیا:
ته‌كنه‌لۆژیا كه به‌رئه‌نجامی شۆڕشی زانیارییه‌كانه, رۆڵی كاریگه‌ری هه‌بووه له‌گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگاكاندا. ئه‌مڕۆ كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی له‌سایه‌ی ته‌كنه‌لۆژیای نوێ‌و كۆمپانیای فره‌ڕه‌گه‌زدا گۆڕانی گه‌وره‌ی به‌سه‌رداهاتووه, به‌شێوه‌یه‌كه كه ده‌گورێت جیهان بووه بهگوندێكی بچكۆله!
كۆمه‌ڵگاكان له‌سایه‌ی ته‌كنه‌لۆژیاو ئامێره‌كانی گه‌یاندنه‌وه, كه‌مه‌به‌ست له (مۆبایل‌و سهتهلایتو ئینته‌رنێته) هیچ شتێك به‌شاراوه‌یی نه‌ماوه‌ته‌وه، چونكه رۆڵی كاریگه‌ریان هه‌بووه لهسڕینهوهو تێكشكاندنی سنوربه‌ندی كه‌لتوره‌كانی دنیادا.
7- سیستمی سیاسیی:
یه‌كێكی تر له‌و فاكته‌رانه‌ی كه‌توانای گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه, بریتییه له سیستمی سیاسیی. مه‌به‌ست له‌سیستمی سیاسیی, دهسهڵاتدارانو كاربه‌ده‌ستان‌و بڕیاربه‌ده‌ستانه له‌وڵاتدا. سیستمی سیاسیی له‌هه‌موو كۆمه‌ڵه‌یه‌كدا ئه‌ركه له‌سه‌ری كه كه‌شێكی دیموكراتی سیاسیی له‌بار بڕه‌خسێنێت بۆ ململانێی سیاسیی له‌نێوان حزب‌و گروپه جیاجیاكانی كۆمه‌ڵگادا, بۆئه‌وه‌ی له‌ڕێگه‌ی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه بتوانن نوێنه‌ری خۆیان دیاری بكه‌ن، دواجار ئه‌مانیش له‌ڕێگه‌ی پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌وه داخوازییه‌كانی كۆمه‌ڵگه بهێننه‌دی. سیستمی سیاسیی رۆڵی هه‌یه له به‌رقه‌راركردنی یاسا‌و وه‌كیه‌كی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه بۆلێپرسینه‌وه لهسهرپێچیو كاری نایاسایی هاوڵاتییان. هه‌روه‌ها گیانی لێبوردهییو برایهتیو خۆشهویستیو ئینتیما بۆ وڵات‌و كۆمه‌ڵگه زیاد ده‌كات.
سیستمی سیاسیی رۆڵی گرنگی هه‌یه له‌ئاراسته‌كردنی تاكه‌كان بۆبه‌شداریكردن له‌پرۆسه‌ی سیاسی‌و پێگه‌یاندنی سیاسی‌دا. لێره‌شه‌وه هۆشیاری سیاسیی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ململانێی دیموكراتی له‌وڵاتدا به‌رقه‌رار دهبێتو كۆمه‌ڵگه‌ش به‌ره‌و گۆڕان‌و نوێبوونه‌وه‌و كرانه‌وه دهچێتو لهداخراویو دواكه‌وتوویی رزگاری ده‌بێت.
ئه‌و هۆكارانه‌ی كه‌ڕێگرن له‌به‌رده‌م گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا
ئه‌گه‌رچی گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی پێویستییه‌كی حه‌یاتی هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه, به‌ڵام ئه‌م گۆڕانه له‌هه‌موو كۆمهڵگهیهكداوهكو یه‌ك روونادات. له‌هه‌ندێ كۆمه‌ڵگه‌دا بهباشیو بهخێراییو له‌هه‌ندێكی تردا بهسستیو ناڕێكی روودهداتو ده‌چێته پێشێ. دیارترین ئه‌و هۆكارانه‌ی كه‌ڕێگرن له‌به‌رده‌م گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا بریتین له:
1- ئاره‌زووی مانه‌وه‌ی دابونه‌ریتی دواكه‌وتوویی كۆمه‌ڵایه‌تی:
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌كۆمه‌ڵگه‌دا چه‌ندین پێكهاته‌و ده‌سته‌و گروپی جیاجیا هه‌یه, كه هه‌ریه‌كه‌یان خاوه‌نی جۆرێك لهبهرژهوهندیو كه‌لتورو دابونه‌ریتی تایبه‌ت بهخۆیاننو هه‌وڵی پاراستنیان ده‌ده‌ن. زۆرجار ئه‌م بهرژهوهندیو كهلتورانه به‌ریه‌ك ده‌كه‌ون‌و ناكۆكی ده‌كه‌وێته نێوان پێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه. هه‌ندێك له‌ده‌سته‌و گروپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌وڵی گۆڕان‌و نوێبونه‌وه‌ی بونیادی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه ده‌ده‌ن، به‌ڵام هه‌ندێجار ئه‌م گۆڕانانه پێچه‌وانه‌ی بهرژهوهندیو كه‌لتوری گروپه‌كانی تر ده‌بێت, بۆیه ئه‌و ده‌سته‌و گروپانه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌هه‌وڵی مانه‌وه‌و پاراستنی نهریتو بارودۆخی باوی كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌بن, چونكه مانه‌وه‌یان به‌نده به‌پاراستنی دابونهریتو كه‌لتوری باوی كۆمه‌ڵگه‌وه, به‌له‌ده‌ستدانی ئه‌و كه‌لتوره, ئه‌مانیش له‌ناوده‌چن . لێره‌وه دژایهتیو ناكۆكی له‌نێوان دوو كه‌لتوری جیاوازدا دێته ئاراوه. یه‌كێكیان ده‌یه‌وێت بیگۆڕێت, ئه‌وه‌یتریان ده‌یه‌وێت وه‌كو خۆی بمێنێته‌وه. راده‌ی سهركهوتنو زاڵبوونی هه‌ریه‌ك له‌و گروپانه به‌ندی به:
أ- زۆری‌و كه‌می ژماره‌ی لایه‌نگرانی ئه‌و گروپه‌وه له‌كۆمه‌ڵدا..
واتا چه‌نده ژماره‌ی لایه‌نگرانی ئه‌و گروپه‌ی كه‌هه‌وڵی پاراستنی كه‌لتوری باو ده‌دات له‌كۆمه‌ڵدا زۆربێت, ئه‌وا ئه‌گه‌ری زاڵبوونی ئه‌ولایه‌نه به‌سه‌ر لایه‌نه‌كه‌ی تردا زیاتر ده‌بێت. بۆیه گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی بهقورسیو سستی‌و ناڕێكی روودهداتو ده‌چێته پێشێ. بهپپێچهوانهوهشهوه هه‌ر راسته.
ب- جۆری ئه‌و كه‌لتورو بابه‌ته‌ی كه‌سه‌رچاوه‌ی ناكۆكییه‌كانه.
ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌لتورو بابه‌ته‌ی كه‌ڕه‌خنه‌ی لێدهگرێتو هه‌وڵی له‌ناوبردنی ده‌درێت پێچه‌وانه‌ی ئادابی گشتیی كۆمه‌ڵگه بێت, واتا ته‌نها په‌یوه‌ست نه‌بێت به به‌رژه‌وه‌ندی به‌شێك له‌گروپه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه, ئه‌وا به‌ئاسانی ناتوانرێت گۆڕان دروستبكرێت, به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه هه‌ر راسته.
2- دابڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی:
مه‌به‌ست له‌دابڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی, دورهپهرێزیو گۆشه‌گیریی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیاریكراوه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌كانی تردا. گۆڕانكاری‌و پێشكه‌وتنه‌كانی سه‌رده‌م هه‌یشه كۆمه‌ڵگاكان ناچار ده‌كات كهتێكهڵاوی یه‌ك ببن، لهئاڵۆگۆڕو په‌یوه‌ندی ئابووری‌و بازرگانی‌و سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و كه‌لتوری به‌رده‌وامدابن له‌گه‌ڵ یه‌كدا, ئه‌م تێكه‌ڵاوبوونه ئه‌گه‌ر له‌ڕابردووی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی‌دا زۆر كێشه نه‌بووبێت, ئه‌وا له‌ئه‌مڕۆدا نه‌ك هه‌ركێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه, به‌ڵكو ده‌توانین بڵێین: مه‌حاڵه هیچ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك به‌دابڕاوی دوره‌په‌رێزی بژی، بۆیه دابڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌كێكه له‌دیارترین ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م گۆڕان‌و نوێبوونه‌وه‌ی بونیادی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ركۆمه‌ڵگه‌یه‌ك . كاتێك ئه‌مانه ده‌ڵێین, ده‌بێت ئه‌وه‌ش بخه‌ینه‌ڕوو كه هه‌ندێجار دابڕانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك له‌كۆمه‌ڵگه‌كانی تر هۆكاری جوگرافییه. واتا پێگه‌و هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی ئه‌و وڵاته به‌شێوه‌یه‌كه كه رێگه نادات به‌ئاسانی تێكه‌ڵاوی كۆمه‌ڵگه‌كانی ترببێت.
بۆنموونه ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌سنوری ئاوییان نه‌بێت, قورس‌تر ده‌توانن تێكه‌ڵاوی كۆمه‌ڵگه‌كانی تر ببن. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه هه‌ر راسته. ئه‌م جۆره دابڕانه, دابڕانێكی سهپێنراووناچارییه, بۆیه به‌ئاسانی ناتوانرێت ئه‌م رێگرییه له‌ناو ببرێت. به‌ڵام هه‌ندێجار دابڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی, دابڕانێكی ده‌ستكرده‌و په‌یوه‌ندی به نه‌گونجانی سیستمی سیاسیی‌و ئاینی‌و مه‌زهه‌بی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌وه هه‌یه كه نایه‌وێت, یان ناتوانێت تێكه‌ڵاوی كۆمه‌ڵگه‌كانی تربێت. له‌سایه‌ی ره‌وشێكی ئاوهادا, گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌گه‌ر نه‌بێته مه‌حاڵ, ئه‌وا بهسستیو ناته‌واوی هه‌نگاو ده‌نێت.
3- قهیرانو شكستی هه‌وڵی داهێنه‌ران:
داهێنان له‌بواری ته‌كنه‌لۆژیاو زانست‌و ئهدهبو فكر‌و رۆشنبیری‌دا كۆمه‌ڵێ فاكته‌ری سه‌ره‌كین بۆ نوێبوونه‌وه‌و گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا, پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ش هۆكاره بۆ دواكه‌وتویی كۆمه‌ڵگه. به‌ڵام ده‌بێت بزانین كه داهێنان به‌گشتی له‌بواره جیاجیاكاندا په‌یوه‌سته به‌ڕاده‌ی رۆشنبیری‌و زانستی‌و ئاستی بژێوی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه. ئه‌گه‌ر بژێوی خه‌ڵكی له‌ئاستێكی نزمدا بوو, هه‌روه‌ها راده‌ی رۆشنبیری‌و زانستی تاكه‌كان له‌حاڵێكی خراپ‌دا بوو, ئه‌وا داهێنان ده‌بێته مهحاڵو هه‌رگیز روونادهدات.
هه‌ندێجار ههژاریو لاوازی باری ئابووری‌و كه‌می سهروهتو سامانی سروشتیی له‌وڵاتدا رێگره له‌به‌رده‌م تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا كه‌بتوانن داهێنانی زانستیی‌و ته‌كنه‌لۆژیای پێشكه‌وتوو ئه‌نجام بده‌ن. به‌ڵام هه‌ندێجاریش خراپ به‌كارهێنانی سهروهتو سامانی وڵات له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه هۆكاری قهیرانو شكستی داهێنانه زانستیی‌و ته‌كنه‌لۆژی‌و فكری‌و ڕۆشنبیرییهكانن. دیارترین نموونه‌ی ئه‌م حاڵه‌ته بریتییه له عێراق‌و وڵاتانی عهرهبیو زۆرێك له‌وڵاتانی ئه‌فریقاو ئه‌مریكای خواروو.
4- قه‌یرانی سیاسیی:
ئارامی سیاسیی‌و دابینكردنی ئاسایش له‌وڵاتدا, كۆمه‌ڵگه به‌ره‌و پێشكه‌وتن ده‌بات, به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه, واتا ناجێگیرییو په‌شێوی سیاسی‌و نه‌مانی ئاسایش له‌وڵاتدا, كۆمه‌ڵگه به‌ره‌و هه‌ڵدێرو دواكه‌وتوویی ده‌بات. هه‌میشه جهنگو شه‌ڕه ناوخۆیی‌و ههرێمایهتیو نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بوونه‌ته مایه‌ی ئه‌وه‌ی سهروهتو سامانێكی زۆری مادی‌و مرۆیی به‌فیڕۆ بچێت, كه سه‌رئه‌نجام ماڵوێرانی‌و دواكه‌وتوویی كۆمه‌ڵگه‌كانی لێكه‌وتۆته‌وه. جگه‌له‌مانه زۆرجار جهنگو نائارامی‌و قه‌یرانی سیاسیی‌و نه‌مانی ئاسایش له‌كۆمه‌ڵگه‌دا بووه‌ته مایه‌ی ئه‌وه‌ی كه زۆرترین كه‌سه شاره‌زاو پسپۆر‌و بهرههمهێنو خزمه‌تگوزاره‌كان وڵات بهجێبهێڵنو كۆچ بكه‌ن بۆوڵاتێكی تر. ئهوكۆمهڵگهیهی كه قه‌یرانی سیاسیی تیادایه، گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی به ئاسانی تیایدا دروست نابێت.
5- نه‌گونجانی پێكهاته نهتهوهییو ئاینی‌و مه‌زهه‌بییه‌كان:
هه‌ندێجار نائارامی‌و په‌شێوی سیاسیی‌و نه‌مانی ئاسایش له‌وڵاتدا بۆ نه‌گونجانی پێكهاته نهتهوهییو ئاینی‌و مه‌زهه‌بییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه له‌وڵاتدا. واتا ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌ییه‌ی كه فره‌نه‌ته‌وه‌و ئاین‌و فره مه‌زهه‌بن، ئه‌گه‌ری ئه‌وه دێته‌ئاراوه كه نهگونجاوو ناكۆكبن له‌گه‌ڵ یه‌كدا. لێره‌وه كۆمه‌ڵگه دابه‌شده‌بێت به‌سه‌ر چه‌ندین ناسنامه‌ی نهتهوهییو ئاینی‌و مه‌زهه‌بیدا, هه‌ریه‌كه‌ش داكۆكی‌و به‌رگری له‌نه‌ته‌وه‌و ئاین‌و مه‌زهه‌بی تایبه‌تی خۆی ده‌كات.
له‌حاڵێكی ئاوهادا ئینتماو په‌یوه‌ستبوون‌و دلسۆزی بۆخاكو نیشتمان‌و كۆمه‌ڵگه له‌نزمترین ئاستدا ده‌بێت, له‌بری ئه‌مه گروپه نه‌ته‌وه‌یی ئاینی‌و مهزههبیو ئیتنییه‌كان ئینتیماو دڵسۆزییان بۆگروپهكانی خۆیان ده‌بێت. بۆیه گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌سایه‌ی پێكهاته‌یه‌كی له‌مجۆره‌دا بهسستیو ناڕێكی روودهداتو رووبه‌ڕووی چه‌ندین ئاستهنگو له‌مپه‌ر ده‌بێته‌وه. عێراق‌و ئێران‌و توركیا‌و سوریا‌و چیكۆسلۆفاكیای جاران‌و بۆسناوههرسكو…هتد. نموونه‌ی ئه‌م جۆره كۆمه‌ڵگه‌یه‌ن..
سه‌رچاوه:
المدخل الی علم الاجتماع ، الدكتور فهمی سلیم الغزوی ، عمان، دار الشروق ، 2006، ص289-302.