Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
داره‌مه‌یتی بۆندار … یاسین برایم

داره‌مه‌یتی بۆندار … یاسین برایم

Closed
by March 18, 2012 چیرۆک

_ ته‌واو ده‌بێ !
_ ته‌واو نابێ !
_ده‌زانم ، ته‌واو ده‌بێ!
_ نا ، نا ، ته‌واو نابێ !
_ ئێستا ، ته‌واو ده‌بێت ، برۆ .
_ بۆكێ ؟
_ ته‌واو ده‌بێت ، من له‌ خه‌ونمدا ، ددانی پێشه‌وه‌م كه‌وت!
_ بچینه‌ لای دكتۆر!!
_ دكتۆری چی !
_ ئه‌ی …. !
_ من له‌ خه‌ونمدا ددانم كه‌وت ، ئیدی دایكم ته‌واو ده‌بێ!
_ نانا ته‌او نابی!
_ ته‌واو ده‌بێ ته‌واوووووووو!
له‌ وه‌ته‌ی ددان كه‌وتنی خۆی له‌ خه‌ون بینی بوو ، شله‌ژا بوو ، خه‌م به‌ روخساریه‌وه‌ دیار بوو ،جگه‌ره‌ له‌ جگه‌ره‌ی پێده‌كرده‌وه‌ . پێشتر ئه‌م قسه‌یه‌ی له‌ به‌ ساڵاچوان گوێ لێببوو، كه‌وتنی ددانی پێشه‌وه‌ی مرۆڤ به‌ مانای مردنی كه‌سێكی وه‌ك دایك و باوك.ئه‌ویش شرۆڤه‌كردنی ئه‌م خه‌ونه‌ی له‌ مێشكی چه‌سپابوو، به‌تایبه‌تی له‌ به‌یانیه‌وه‌ ، دایكی زمانی له‌ گۆ كه‌وت و ئاگای له‌ دونیا نه‌ما ،دوو سێ رۆژیش پیسایی به‌ خۆی داده‌كردو خواردنیش نه‌ده‌خوارد. دكتۆریش له‌ نه‌خۆشخانه‌ پێی وتبوو (ئه‌م نه‌خۆشه‌ ، ببه‌نه‌وه‌).هه‌موو كوڕو كچ و نه‌وه‌كانی له‌ ده‌وری كۆببونه‌وه‌ ، چاوه‌ڕێ ئه‌وه‌یان ده‌كرد ، كه‌ی گیانی ده‌سپێرێت .
جارێكی تر ، رووی كرده‌ كوڕه‌ گه‌وره‌كه‌ی :
_برۆ داره‌مه‌یته‌كه‌ بێنه‌ تا شه‌و دانه‌هاتووه‌ .
_ خۆ ته‌واو نه‌بووه‌!
_ ته‌واو ده‌بێ!
_ نابێ ته‌واو بێ !
_ كوڕم ته‌واو ده‌بێ ته‌واو!!
به‌ ناچاری به‌ فه‌رمانی باوكی خۆی ئاماده‌كرد ، له‌ گه‌ڵ برا بچووكه‌كه‌ی خۆی بریاریان دا بچن داره‌ مه‌یته‌كه‌ بهێنن ، له‌ ماڵ هاتنه‌ ده‌ر ، له‌ یه‌كه‌م كۆڵان له‌ نێو خۆیان قسه‌یان كرد بۆ چونیان بۆ نزیكترین مزگه‌وت .دواتر له‌ نێوان مزگه‌وتی (باویل ئاغا ) و( ته‌كیه‌) كه‌ هه‌ردووكیان له‌ نێو بازاری شار بوون ، مزگه‌وتی ته‌كیه‌یان هه‌ڵبژارد. زۆری نه‌برد گه‌یشتنه‌ مزگه‌وت ، داره‌مه‌یته‌كه‌ش له‌ سه‌ر ئاوده‌سته‌كان داندرابوو ، زۆربه‌ی مزگه‌وته‌كانی شار، هه‌میشه‌ داره‌مه‌یته‌كانیان له‌ سه‌ر ئاوده‌سته‌كان درێژده‌كردن و یاخود له‌ نزیك ئاوده‌سته‌كان شوێنكیان بۆ ده‌ستنیشان ده‌كردن، به‌م هاوینه‌ بۆنی پیسایی و بۆگه‌نی ئاوده‌سته‌كان ، له‌ مێشكی مرۆڤی ده‌دا و ، لای خواره‌وه‌ی ئاوده‌سته‌كانیش ، له‌ به‌ر بۆنی میزمرۆڤی گێژ ده‌كرد .به‌ زۆری پیره‌مێرده‌كان و كه‌سانی نه‌خۆش له‌وێ میزیان ده‌كرد.به‌شی خواره‌وه‌ی ده‌رگای ئاوده‌سته‌كان له‌ به‌ر میز شه‌نگاویان گرت بوو ، كون وكه‌ڵێنی گه‌وره‌یان تێكه‌وت بوو . به‌شی زۆری خه‌ڵكیش روویان له‌م مزگه‌وته‌ ده‌كرد .قه‌ڵه‌باڵخترین مزگه‌وت بوو ، كاتی نوێژه‌كان ئاوده‌سته‌كان به‌رنه‌ده‌كه‌وتن ، دڕوشم و جنێوو قسه‌ ناشیرینه‌كانی سه‌ر ده‌رگاو دیواری ئاو ده‌سته‌كان له‌ لاپه‌ڕه‌كانی رۆژنامه‌یه‌كی گاڵته‌و گه‌پ ده‌چوو .هه‌رچۆنی هه‌بێت داره‌مه‌یته‌كه‌یان له‌ سه‌ر ئاوده‌سته‌ سه‌ر به‌ره‌لایه‌كان هێنا خوار، هه‌ڵیان گرت . (محه‌مه‌د جه‌رجیس) به‌رده‌وام خزمه‌تی ئه‌م مزگه‌وته‌ی ده‌كرد ، كاتێ له‌ پێش هه‌یوانه‌كه‌ی مزگه‌وت ، چاوی به‌م دوو برایه‌ كه‌وت ، داره‌مه‌یتیان پێ بوو ، وتی :
_ كێ مردییه‌؟
_كه‌س!
_ ئه‌ی ئه‌م داره‌مه‌یته‌ چی لێده‌كه‌ن !
_ بۆ بابمان ده‌به‌ین .
_ بابتان مردووه‌!
_ نه‌وه‌للا!
_ ئه‌ی بۆكێ ده‌به‌ن !
_ بۆ داپیره‌مان !
_كه‌ی مردییه‌ !
_ هێشتا نه‌مردیه‌ !!
خه‌ریك بوو به‌م قسانه‌ محه‌مه‌د حه‌رجیس توره‌ بێت ، به‌ڵام ئه‌وان زوو فریای خۆیان كه‌وتن و هاتنه‌كه‌یان وبردنی داره‌مه‌یته‌كه‌یان بۆ روونكرده‌وه‌ .ئه‌ویش به‌ سه‌ر بادانێك و به‌ قسه‌ی ( هه‌تا مرۆڤ نه‌مرێت داره‌مه‌یتی بۆ چییه‌!) ئاراسته‌ی كردن .ئه‌وانیش له‌ مزگه‌وت هاتنه‌ ده‌ر ، برا گه‌وره‌ له‌ پێشه‌وه‌ ده‌رۆیشت وبرابچووكیش له‌ دوای ، داره‌مه‌یته‌كه‌یان خستبووه‌ سه‌ر شانیان ، هێشتا به‌ ته‌واوی نه‌گه‌یشتبوونه‌ هه‌ورازه‌كه‌ی نزیك ماڵیان ، برا گه‌وره‌ وتی :
_ ئه‌م داره‌مه‌یته‌ بۆنی لێ دێ!
_ بۆنی چی!
_ بۆنی گوو!
_ بۆنی ئاوده‌سته‌كانی گرتووه‌ !
كه‌مێكی تر ، سه‌ركه‌وتن ، برا گه‌وره‌ به‌ توره‌یی داره‌مه‌یته‌كه‌ی دانا (هێربووم!). شوێنه‌كه‌یان ئالوگوڕ كرد، برا بچووكیش هه‌ستی به‌م بۆنه‌ كرد ، به‌ڵام به‌ بێده‌نگی داره‌مه‌یته‌كه‌ی هه‌ڵگرت ، تا گه‌یشتنه‌ ماڵه‌وه‌ ، له‌وێ له‌ ژێر دارتوه‌كه‌ی ناو حه‌وشه‌كه‌یان دانا . باوكیان به‌ بینینی داره‌مه‌یته‌كه‌ ، زیاتر خه‌مبار بوو ، ژنه‌كان له‌ ژووره‌وه‌و پیاو كوڕه‌ گه‌نجه‌كانیش له‌ هه‌یوان له‌ سه‌ر كورسیه‌كان دانیشت بوون ، هه‌ندێكیش به‌ پێوه‌ وه‌ستا بوون ، ئه‌مشه‌و هه‌موویان به‌م شێوه‌ ،له‌ چاوه‌ڕوانی گیان سپاردنی نه‌خۆشه‌كه‌یان بوون ، به‌ڵام ته‌واو نه‌بوو .
به‌یانی هه‌ركه‌سه‌كی چاو به‌ داره‌مه‌یته‌كه‌ ده‌كه‌وت ، ترس دایده‌گرت ، براگه‌وره‌ چووه‌ لای دار مه‌یته‌كه‌و ، بۆ ئه‌وه‌ی به‌تانیه‌كی به‌ سه‌ر دابدات و له‌ پێش چاوی خه‌ڵك بشارێته‌وه‌ . كاتێ سه‌یری نێو داره‌مه‌یته‌كه‌ی كرد ، په‌ڕۆیه‌كی سپی به‌ كۆكراوه‌ی بینی ، كه‌لێكیكرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانیت چییه‌ ، بێجامه‌یه‌كی به‌ گوو بوو . هه‌ر له‌ به‌ر خۆیه‌وه‌ ده‌دواوگومانه‌كانی لێكده‌دایه‌وه‌، پێده‌چێت له‌لای كه‌سێكه‌وه‌ فرێ درابێته‌وه‌ نێو ئه‌و داره‌مه‌یته‌ ، كه‌ فریای ئاوده‌سته‌كان نه‌كه‌وت بێت و خۆی پیسكرد بێت ، هه‌ر له‌ ئاوده‌ستیش بێجامه‌كه‌ی له‌ به‌ر كردبێت وبه‌ نهێنی خستبێته‌ نێو داره‌مه‌یته‌كه‌ ، شه‌وی رابردووش هه‌ر ئه‌و بێجامه‌ بوو ، وای له‌ برا گه‌وره‌ كرد له‌ به‌ربۆنی گوو له‌ داره‌مه‌یته‌كه‌ بێزار بێت ، له‌ لایه‌كی تریش چۆله‌كه‌كانی سه‌ر دارتووه‌كه‌ش تا به‌یانی داره‌مه‌یته‌كه‌یان جێقنه‌باران كرد بوو . به‌ بێده‌نگی بێجامه‌كه‌ی فڕێداو داره‌مه‌یته‌كه‌ی جوان به‌ سابوون و تایت شووشت و هه‌ندێك گوڵاوی لێدا. دوای چوار رۆژ داره‌مه‌یته‌كه‌ به‌ به‌تاڵی مێوانی ئه‌م ماڵه‌ بوو. تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌جه‌ل هات و سڵاوێكی كرد وماڵه‌كه‌ی پڕكرد له‌ شین و گریان.
•   
R_xarand@yahoo.com
رواندز

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.