Skip to Content

Thursday, May 23rd, 2024
لە وەرانی چەند هەزار دارێکی(هەڵەبجە)دا چەند تابلۆیەک لە پەلکەدارێکی وەریو…

لە وەرانی چەند هەزار دارێکی(هەڵەبجە)دا چەند تابلۆیەک لە پەلکەدارێکی وەریو…

Closed
by March 18, 2012 چیرۆک

(١)
لە لاپەرگەی وڵاتێکی پڕ لە دێوەزمەی عەمامەو جوبەو عەبای رەش وتاراو سێبەرو تارمایی رەشدا، لە شارێکی سەرتاپا رەش داگەڕاو بە خەمی رەش وحیجابی رەش وتەسبێحی رەش و ریشی سپیورەشی (کۆمارێکی رەش وترس )دا، لە بازاڕێکی رەش کە هەموو شتێکی رەش، لەو گۆڕەپانە بە سپی هەراج و بە رەش ساخ ئەکرایەوە، تەنانەت تاکە بنەوشێکیش ناتوانێت بە هەوەسی خۆی لێرەدا شین بێت، بە چارۆگێکی رەش رەنگی ئەگۆڕن، هەریەکە لە گۆشەنیگای بازاڕی خۆیدا، بە فانتازیایەکی جوان بە سەر سەرو باڵای کەرەستەکانی خۆی هەڵئەدا :
” وەرە ئەوەیە برنجی سپی ئەمەریکی… برنجی سپی بە بۆن تا نەیخۆی نازانی چیە بۆن…”
” وەرە ئەوەیە کەرەی تورکی..کەرە بە مرەبا خەمت لەناو ئەبا.. “.. “
” ئەوەتا رۆن رۆنی بەتام.. رۆنی بولغاری..ئەگەر یەکجار تامی کەی.. هەرگیز دەستی لێ بەر نادەی… “
” وەرە تامی کە.. تا تامی نەکەی نازانی شیرینی چیە..ئەوەیە شەکر.. شەکری کوبی… “
لە کونجێکی رووبەر بەرتەسکی ئەو حەشاماتە پڕ جەنجاڵەش (زەردەشت) منداڵێکی رەنگ زەردو لاواز چاو دەرپۆقیو، بە نرکەی دەنگێکی کزو نوساو، بەربەرەکانی دەنگ و هەڵلای هەڕاجخانەکەی ئەکرد، تا چەند تمەنێک بۆ نانی ئەمرۆکەی خۆی ودایکە کلۆلەکەی مسۆگەر بکات، ئەو دایکەی دوابەدوای ئەوەی هەوری گازە سپیەکەی ئاسمانی سەر شارەکەی بەرچاو ئەکەوێت، جارێکی دیکە نە ئاسمان وئاوو خاک ونە شاری خنکاو ونە دوا هەناسەی پیاوەکەی لە کاتی ئاوزینگدان ئەبینێتەوە، ئەوجارەش دواجار بوو کە چاوی گەشی کوڕەی (زەردەشت) ببینێت، ئیتر نابینا ئەبێت ولەوساوە هیچ شتیک نابینێت، لەوکاتەوە ئیتر (زەردەشت)یش بۆ ئەو ئەبێتە هەموو شتێک مێردو کوڕو گوزەران وچرای ماڵ وچاویش ..
” وەرە ئەوەیە رەسم ..تازەترین رەسم ببینە..رەسمی وێران بوونی شارێک …خەمناکترین رەسمی منداڵ ودایک ببینە..وەرن رەسمی تازە ببینن..بزانن کیمیا چ حەشرێک بە شارێک ئەکا..وەرن ئەوەتا رەسمی شارەکەم…رەسمی خاڵ ومامۆژن وباپیرو پوورەکانم ببینن..وەرن ئەو رەسمە گرانانەم لێ بکڕن..بە پولێکی هەرزانتان ئەدەمێ..تا نانێک بە دەست بێنم..لە دەست خۆتانی مەدەن ئەو رەسمانە..من هەموو شتێکم لە دەست چوو..با ئەو رەسمانەش لە دەست بچن..تازە نە باوکم دێتەوە نە چاوی دایکم.. دە وەرن ئەو رەسمانەم لێ بکڕن..تا ئێستا کەس چاوی بەو شتانەدا نەکەوتووە..لێرە نەبێت لە هیچ شوێنێکی دیکەش نایبینن… “
دەنگەگە چەند کز بوو، تا دەهات کزتریش ئەبوو..لەبەرئەوەی گریان وردەوردە لە قوڕگیدا پەنگی ئەدا، بە دیتنی وێنەیەک لە ناو وێنەکان کە کابرایەکی پیر لە بن دیوارێکی رووخاودا زۆر بە کلۆلی وغەریبی راکشا بوو..لە بەدبەختی ئەوو چاوی ئەویشدا ئەمڕۆکە کەسێک نەبوو دەست بۆ رەسمێک ببات تا بە گەرمایی پارەیەک، تنۆکە گەرمەکانی چاوی سارد ببێتەوە..
بۆیە ناچار بوو لە بڕی دەنگ هەڵبڕێ بۆ مەزاتی رەسمەکان، لە پڕمەی گریانێکی زیاتری داو هاواری کرد :
” ئای باپیرە تۆش منت وا بە جێهێشت… “

(٢)
لەبەرامبەر دەنگی زرمەکە، کۆلیتە شڕەکەش خۆی نەگرت ولەرزێکی گرت، وەکو ئەوەی لەرزوتایەکی ناوەخت روویتێکرد بێت، ئایشەگوڵ لە بنەبانی ژوورەوە کە خەریکی خەونی رەنگاورەنگ بوو، جارجار لەسەرخۆو بە سۆزێکی نەرم دەستی بە سەر سكە ئاوساوەکەی ئەهێناو ئەبرد تا بزانێت قەبارەی کۆرپەلەکەی گەیشتۆتە چ ئاستێک، وەک ئەوەی دەست بە سەر سەرو لەشی منداڵەکەی دابێنێت، هەناسەیەکی هەڵکێشا، لە پڕ راچەنی وبەدەم وڕێنەیەکی ناوەخت وپرتەو بۆڵەیەکی بێسەروبەردا رووی لە مێردەکەی کرد وئەیگووت :
” ها پیاوەکە چیم پێوتی..خەونەکەم هاتە دی..یان نا..باوەرت ناکرد..ئێستا ئەلێی چی..دیارە (حەمە)و (عەلی) فێڵی خۆیان لێکردی.. بەدزی تۆو بە بێ تۆوە چوونە راوە ماسی.. تۆیان لەگەل خۆیان نەبرد.. “
(هەناسەیەکی قووڵی دیکەی هەڵمژی) ئنجا کەوتەوە وڕێنەو بۆڵە بۆڵێکی ژنانەوە :
” چەند رۆژ بوو حەزم لە سێو بوو..ئای بۆ سێوێک..هەر بۆمت نەهێنا..ئەتووت کوا سێو لە بازاڕدا هەیە.. پەیدا نابێت.. ئەی ئەوە چیە ئەو بۆنی سێوە خۆشە..لەودیو مالی میرزاوە دێت..سێوە یان نا..لەگەل تۆمە پیاوەکە..بۆ جوابت نیە.. خۆتم لێ کەڕ مەکە..کە ئەزانیت راست ئەکەم متەق لە خۆت ئەبڕی..ها ئەتوانیت رێ لەو بۆنە بگریت..هەستە تەماشا کە..بەلکو بزانیت لە کوێیان هێناوە..لەگەل تۆمە ئەوە چیتە بۆ دەنگ ناکەی..”
ژنەکە لە بێدەنگی پیاوەکەی سەری سوڕما بوو، بەڵام تامی سێوو خەیاڵی بۆنەکە هاوشانی باری قورسی سکەکەشی، شپرزەیان کرد بوو، بەڵام چیتر نەیتوانی چاوەڕێ بکات، لە بێدەنگی پیاوەکەشی بێهوودە ببوو، بۆیە بڕیاریدا بە خۆی هەستێت لەو بۆنەوە دڵنیا بێت، لەگەل هەولی هەستانەوەیدا، سەری سوڕاو خۆی پێ رانەگیرا، بە نیگایەکی کزو مەلوولەوە، کەوت وتەپەی هات  لە بن کەوشەکانی پیاوەکەی خۆی دیتەوە…
ئەویش دەمێک بوو نە هەستی هەبوو نە خوستێک بۆیە ورتەی لێوە نەئەهات، هەروەکو تەرمێک وابوو ساردو سڕ رۆحی تێدا نەما بوو لەگەل ژنەکە هەردووکیان بوونە تەرمێک وتاهەتا پێکەوە نوسان، بەڵام داخ ئەوە بوو کە هیچ یەکێکیان تا ئێستاش نەیانزانی ئەو بۆنەی کە ئەو ناوەی پڕ کرد بوو ، نە بۆنی ماسی بوو نەبۆنی سێو بوو..بۆنی گازی (خەردەل) بوو کەسیشیان وکەسیشمان نەمانزانی، چونکە کەس (خەردەل)ی تا ئەو کاتە بە چاوی خۆی نەدیتبوو…
 
(٣)
سواڵکەرە مێردمنداڵەکە پاش گەڕانێکی زۆر بۆ کارێک کە بیکات، وەکو رۆژان نابەدڵ دەرچوو، هیچی دەستی نەکەوت، ناچار دەستی پان کردەوە، بەڵکو خێرومەندێک یارمەتیەکی بدات، لەبەردەم وێنەفرۆشەکەی سەر شۆستی خیابانی شارەکە، هەڵوێستێکی کردو هەنگاوەکانی لەوێ خاو کردەوە، لەبەردەم وێنەکانی(هەڵەبجە)، نەیتوانی لە سواڵ بەردەوام بێت ، کوڵانەوەی برینەکان نانی لە بیر بردەوە، هەنگاوەکانی لەخۆرا رەق بوون ،قیت قیت وەستا، بە چاوێکی زەق ونەختێک خەواڵوو، لەسەرەخۆ بە نیگاکانی کەوتە هەڵدانەوەی وێنەکان، ئەو وێنانەی بریتین لە رابردووی ئەوو هەرگیز لە ناو زاکیرەیدا لاناچن، هەر بە نیگا تەڕەکانی پەنگری ناوەوەی دانەئەمرکایەوە، حەزی کرد بە پێستی دەستی هەستیان پێ بکات، پەلی بۆ دەستە رەسمێک برد، یەکبینە لە نێوان هەردوو لەپیدا ئەمسەرو ئەوسەریان ئەکرد، وا خزابووە ناو وێنەکان وەکو ئەوەی خۆی کەسێکی ناو رەسمەکان بێت وتازە هاتبێتەوە، حالەتی هەنیەو دەموچاوی بە گوێرەی حالەتی رەسمەکان ئەگۆڕا، بە دەم حالەتەکانیشەوە بەردەوام لە ناو حالەتی خەمناک وگرژ وتووڕەیی خۆی رەنگی ئەگۆڕا، هەر کەسێک سەرنجی لە روخساری ئەوی بدابایە، یەکاویەک ئەیزانی چی لە ناو  وێنەکان روو ئەدات ..
لە پڕ رەنگی زیاتر گۆڕا، بۆ تاوێک چاوەکانی بە دەستی هەلگلۆفتن، وەکو ئەوەی بیەوێت لە راستی شتێک دڵنیا بێت، چەند تنۆکێک بەر بیناییان تەنی وسۆمایان تاریک کرد، دوو جۆگەلەی باریک رێچکەیان گرت وبە سەر روومەتە زەردو لاوازەکانی بریسکەیان هات، بە دەم هەنسکێکی تەزیو وهەناسەیەکی تەنگ، خۆی راپسکاند وهاتەوە ناو حالەتی واقیعی خۆی، پێی وابوو خەیاڵە یان خەون، بەڵام کە تەماشای کرد، هیچیان نیە راستیە، هەولیداو زۆری لە خۆ کرد تا بتوانێت ورتەیەک بکات :
” خاڵە گیان …ئەم عەکسە بای چەندە.. “
” ١٥٠ تومەنە رۆلە.. “
تەماشای گیرفانی کرد لە ١٠٠ تومەنی زیاتر پێنەبوو، بۆیە بە دەم هەنسکەوە رووی تێکرد :
” خاڵە گیان هەر ئەوەندە پارەم هەیە.. ئەتوانم دوایی ئەوەی دیکەت بۆ بێنم .. “
کابرای وێنەفرۆش لەو حالەتە مرۆڤ بوو نەک بازرگان کە فرمێسکی بێدەنگی مێردمنداڵەکەی دیت زانی یەکێکە لە دلسۆزەکانی ئەو رەسمە بۆیە گووتی :
” بیبە کوڕم گەردنت ئازا بێت تۆ پارەش نەدەی مشکلە نیە… ” مێردمنداڵەکەش لە دڵخۆشیان دەمی بۆ دەستی کابرا بردو پێی گوت :
” سوپاس خاڵە گیان تۆ نازانی ئەو عەکسە بۆ من چیە..هەرچەندێکت داوا کردبا من هەر ئەمکڕی… ”
کە لە ئاوادانیەکە دوور کەوتەوە، هەر بە دەم رێگاوە دوای تاوێک هەڵگێڕو وەرگێرانی رەسمەکەی ناو لەپی، ئنجا بە تەماشا کردنێکی قووڵ وماچێکی کردو بۆن کرد، ئنجا هاوارێکی لێ هەستاو لە پڕمەی گریانی دا بەو هاوارەشئەو دەنگەی لێوە هاتە دە :
” ئای باوە گیان..چەند بە دوات گەڕام..بە سۆراغێکت نەگەیشتم.. دوای ٥ ساڵ بزر بوون…ئەمڕۆکە لە سەر جادەی ئەو شارە بە رەسمێک ئەتبینمەوە…”
لەو رۆژەوە رەسمەکە بۆ مێردمنداڵەکە، بووە وەفاتنامەو شۆستەش بووە گۆڕستانیکی غەریبان…
 (٤)

دوای ئەوەی هەریەکە لە ماڵی خۆی بێماڵ بوو، لە خاکی خۆی ئاوارە بوو، لە نیشتمانی خۆی دەبەدەر بوو، دوای ئەوەی ناوێکی گەورەو شارێکی ئاوەدان بە مێژوویەکی دەوڵەمەند وماڵێکی مێوانپەروەری شاعیران، لە سەر نەخشەی جوگرافیاو زاکیرەو یادەوەری خەڵکی (هەڵەبجە) وەکو هەوارێکی وێرانی لێهات، ئەوانەی زیندوو مانەوەو نەمردن ژیانیان بەو مەمرەو مەژیە لەو دویو سنوور دەستی پێکرد..
بە سێوو هەنار رنینەوە بەرامبەر پولێکی قەلپ، موجازەفە کردن بە رۆح وجەستە بە قاچاغ وبازرگانی سەر سنوور، بە سواڵ وپێڵاو بۆیاغ کردن، بە قاپ شۆرین وجڵشۆرین، بە قوڕ شێلان وسوغرەکاری لە پێناو نانێکی گران ودابین کردنی ژیانێکی مەردانە بە پارەیەکی هەرزان، بەردەوام بووە پیشەو کاری گوزەرانی ئەو خەڵکە…
لە هەمان کاتدا لە مەزاتخانەیەکی تابلۆی هونەری وڵاتێکی دوورو پڕ لە چاوی گریاوی مرۆڤایەتی، رەسمی (عومەری خاوەر)و کۆرپەلە تاقانەکەی دەچێتە گرانترین نرخ وپارەوە، دەوڵەمەندێکی گەورەو دڵ گەورە بە گرانترین چەکی بانک، تابلۆکە ئەکڕێت ولە هۆڵە پانوپۆڕەکەی ماڵەوەی خۆی هەر لە تەنیشت تابلۆکەی (مۆنالیزا) هەلئەواسێت، بەلام کە (مۆنالیزا) تابلۆی (منداڵەکەی عومەری خاوەر)ی لە تەنیشت خۆی دیت، یەکاویەک گۆڕا لەو رۆژەوە بزە جوانەکەی لە سەر لێودا نەماو بۆ تاهەتایە دەموچاوی تێکناو تووڕە بوو..
 (٥)
چەند جوان لە بن دیوارەکەدا راکشا بوو، وەکو ئەوەی لە خەوێکی خۆش دابێت وبۆ سەرخەوێکی خۆش لای دابێتە بن دیوارە رووخاوەکە، تا تاوێک لەو ژیانە سەختەو خەمی چارەنووسی نادیاری خێزانەکەی دوور کەوێتەوەو پشوویەک بدات، بەڵام بە بێ ئەوەی ئەمڕۆکە بڕیار لە دەست ئەودا بێت کە لێرە ئەبێت باری خۆی دابنێت، مردن ناچاری کرد پەنا بۆ ئێرە بێنێ و لەگەل تەرمی (کاروان)ی کوڕەکەی راکشێت، هەنگاوەکانیان لێرەوە تەواو بوون وبۆ ئەبەدیش چاوەکانیان کوژانەوەو لەگەل یەکتریش بۆ تاهەتایە دەست لەملانی یەکتر بوون…
 ئەبێت رۆژانە چەندجار بە بەردەم ئەو دیوارەدا رەت بوو بیت کێ ئەیزانی ئەوجارەت دواجار ئەبێت، جارێکی دیکە ناتوانیت بێرەدا تێپەڕیت وبگەرێیتەوە، ئەبێت رۆژانە چەندجار منداڵەکەت بە سەر ئەو دیوارەدا پازی دابێت ویاری لە بن کرد بێت وخۆی لە پەنا شارد بێتەوە، کێ ئەیزانی ئەو بن دیوارە ئەبێتە گۆڕێک  وهەردووکتان لە باوەش ئەگرێت ولێرەدا دەستتان لە یەکتر بەر نابێت…
لەوەش ناخۆشتر هەیە، کاتێک ژنە هاوسەرەکەت بە سەرتەوە ئەبێت وبە چاوێکی پڕ گریان وترس ولەرز، تەماشات ئەکات تۆش ناتوانیت لەگەلیان هەستیت ودووبەدوویان بڕۆیت وهاوسەفەریان بیت تا لە گەڕانیان بۆ پەنایەک مانەوەتان سەلامەت بکات، ئای لەو رۆژە چ رۆژێکە کەس ناتوانیت تا سەر لەگەل یەکتر بمێنیتەوەو ناچاریت دەست لە پارچەکانی خۆت بەر دەیت، هاوسەرەکەت رەق رائەوەستێت نازانێت چ بکات…
 لە ترسی دووبارە بوونەوەی کارەساتێکی دیکەو مردنی منداڵەکانی دیکەی نازانێت چ بڕیارێک بدات، بمێنتەوە لەگەل تەرمەکانتان شین بکات ولە بستەخاکێک بگەڕێت تا بتانشارێتەوە، یان بە جێتان بێلێت بۆ ئەوەی ئەوانیش بە دەردی ئێوە نەچن، بڕیارێکی سەختەو هەموو کەس ناتوانێت بە ئاسانی بڕیار بدات، ئەگەر ئەویش بڕیار بدات بە جێتان بێلێت ودڵی خۆی بکوژێت،  ئەی دڵی (کارزان)ی کوڕرکەی چۆن رازی بکات، بە چی باوەری بێنێت تا دەستی لە ملت هەڵگرێت کە دەست هەڵناگرێت ونایەوێت بەجێتان بێلیت…
بۆیە هەمووتان بڕیارتان دا سەفەر بە بێ یەکتر نەکەن یەکتر بەجێنەهێلن ولەگەل یەکتر بمێننەوە تا هەمووتان بە یەک چارەنووس بژین وبمرن ….. 
 

 
شوان عوسمان-١٩٩٢
(کوردستان-هۆلەندە)

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.