
ڕۆمانێك له قووڵایی گێڕانه‌وه‌دا
كه‌ناڵی مه‌یموونه چه‌كداره‌كان، كه‌ناڵی پۆسته‌ی چیرۆكه‌كان
(زۆریی خه‌یاڵیش به ئه‌ندازه‌ی نه‌بوونی خه‌یاڵ بۆ نووسینی چیرۆك، كێشه‌یه) له ڕۆمانه‌كه‌وه
ئارام شێخ وه‌سانی
هه‌ولێر
خوێنه‌ر ئه‌و مه‌خلووقه‌ی له‌ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه‌وه و گه‌شت ده‌كات به جیهاندا، گه‌شت بۆ دوور و نزیك. ڕه‌نگه به جۆرێك له جۆره‌كان شتی هاوشێوه وترابێت له‌باره‌ی خوێنه‌ره‌وه، به‌ڵام من پێم وایه وێناكردنه‌كان جیاوازن. هه‌ست ده‌كه‌م خوێنه‌ری ڕۆمان و چیرۆك و ئه‌ده‌ب به‌گشتی جیاوازه له هه‌ر خوێنه‌رێكی دیكه، ده‌مه‌وێت خوێنه‌رانی ئه‌ده‌بی گیڕانه‌وه بخه‌مه چوارچێوه‌ی ئاراسته‌ی قسه‌كانم. خوێنه‌رانی قوتابخانه‌ی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه به فرۆكه گه‌شت ده‌كه‌ن… من ئه‌و خوازه‌یه به‌كارده‌هێنم بۆ گه‌یاندنی مه‌به‌ستی قسه‌كانم. خوێنه‌ری ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه به چه‌ندین فرۆكه‌ی جیاواز گه‌شت ده‌كه‌ن…به‌شێك له گه‌شتیاران چێژێكی فراوان له دانیشتنی ناو فرۆكه‌كه وه‌رده‌گرن، به‌شێكیان بێتاقه‌ت ده‌بن له دانیشتن و له په‌نجه‌ره‌كانی فرۆكه‌كه‌وه سه‌یری شته نه‌بینراوه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌و شتانه‌ی كه له‌سه‌رو فرۆكهكهوهیه و ئه‌و شتانه‌ی له‌خوار فرۆكهكهوهیه، گرینگ ئه‌وه‌یه ته‌ماشای شته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی فرۆكه‌كه ده‌كه‌ن، به‌شێكی دیكه‌یان زوو بێتاقه‌ت ده‌بن له گه‌شته‌كه و داوای دابه‌زین ده‌كه‌ن…به‌شێك له شڕۆڤهكان ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه بێتاقه‌تبوونی گه‌شتیاران و دابه‌زینیان و په‌شیمانبوونه‌وه‌یان له گه‌شت په‌یوه‌ندی به ئاماده‌كاری و ڕیكخستنه‌كانی ناو فرۆكه‌كه‌وه هه‌یه… ناوه‌وه‌ی فرۆكه‌كه زۆر گرینگه بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شتیار بێتاقه‌ت و وه‌ڕه‌ز نه‌بێت و هۆكاری جیاواز و جۆراو جۆر له‌به‌رده‌ست بن بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شتیار له گه‌شته‌كه به‌رده‌وام بێت. زۆرینه‌ی بۆچوونه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان خاوهنفرۆكهی شاره‌زا و لێهاتوو هه‌رگیز گه‌شتیاره‌كانی دووچاری بیتاقه‌تی و په‌شیمانبوونه‌وه له گه‌شت نابن. لێره‌وه ڕوونتر قسه‌ده‌كه‌ین، گه‌شیار خوێنه‌ره‌و فرۆكه‌ش ڕۆمانه یاخود چیڕۆكه…
زۆرجار خۆم كه به‌رهه‌مێك ده‌خوێنمه‌وه كه سه‌ر به ڕه‌چه‌ڵه‌كی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌یه و ئه‌و به‌رهه‌مه ناتوانێت قه‌ناعه‌تی ئه‌وه‌م پێبكات تا كۆتایی لهگهشتهكه به‌رده‌وام بم، واتا: خۆم ئه‌زموونی ئه‌وه‌م كردووه كاتێ له‌نیوه‌ی گه‌شته‌كه داوای هاتنه‌خواره‌وه و دابه‌زین بكه‌م…لێره‌وه ده‌مه‌ویت قسه‌كانم چڕ بكه‌مه‌وه له‌باره‌ی ڕۆمانه‌وه، ڕۆمان زۆر جۆری هه‌یه، یابڵین به زۆر شێوه‌و و جۆر خۆی نیشانده‌دات. خه‌ڵكانێك ئه‌و شێوهگۆڕییهی ڕۆمان به‌ته‌كنیك ناو ده‌به‌ن، خه‌ڵكانێكیش بڕوایان وایه ڕۆمان به‌گشتی ده‌بێت له بازنه‌ی هونه‌ری و زمان و ناوه‌رۆك و مانا به‌گشتی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی بپارێزیت، واتا: ناكرێت له‌ژێر ناوی ته‌كنیكی جیاوازه له بناغه و كۆڵه‌كه بنه‌ڕه‌تیه‌كان ڕۆمان لابده‌ین…ئه‌گه‌ر ئه‌ده‌بی گێرانه‌وه به باوك دابنێین ئه‌وا ڕۆمان وه‌ك كوڕه گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه سه‌یر ده‌كرێت.
ڕۆمان و ڕابردوو
ئه‌گه‌ر سه‌یری وشه‌ی (ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه) بكه‌ین، ئه‌وه ڕوونده‌بێته‌وه كه كاری ئه‌و توخمه‌ی ئه‌ده‌ب گێڕانه‌وه‌یه… له گێڕانه‌وه‌دا ته‌نها یه‌ك كۆگا هه‌یه بۆ ده‌ست بۆ بردن و به‌كارهێنان ئه‌ویش كۆگای (ڕابردوو)ه. ڕۆماننووس ئه‌و كه‌سه‌یه كه له بازرگانێكی شاره‌زاو بوێر و لیهاتوو ده‌چێت، كه له ئاستێكی باڵادا توانای به‌كار بردنی كه‌رسته‌كانی ئه‌و كۆگایهیی هه‌یه. ئه‌و كۆگایه ته‌واو كراوه‌یه، واتا: هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت له‌گه‌ڵ كۆگای( ڕابردوو ) مامه‌ڵه‌ی هه‌بێت، به‌ڵام به هۆی هه‌ستیاری كه‌لوپه‌ل و شێوه‌ی به‌كارهێنانی كه‌لووپه‌له‌كانی ناو كۆگاكه، كه‌م و ده‌گمه‌نن ئه‌و كه‌سانه‌ی به سه‌ركه‌وتووی ده‌ست به بازرگانی ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ كۆگای ڕابردوو. ئه‌م خوازهیهش ته‌واو جیاوازه له خوودی وشه‌كان، چونكه له بازرگانی وشه‌دا ته‌نها كه‌سی شیاو ده‌توانێت بارزگانی بكات و ئامانج و مه‌به‌ست بگه‌یه‌نێت. له‌م ڕۆمانه‌دا قووڵبوونهیهكی ته‌واو هه‌یه كه نووسه‌ر مه‌به‌ستیه‌تی وێنه‌ی ساڵانی حه‌فتاكان بخاته به‌ردیده‌ی نه‌وه‌ی تازه. له‌م ڕۆمانه‌دا كاروان زۆر به‌وردی ڕۆده‌چێت به‌ناو ڕووداوه‌كانی مێژوو، به‌شێوه‌یه‌كی شه‌فاف و ئامانجدار له‌ڕێگه‌ی گێڕانه‌وه جیاوازه‌كان خوێنه‌ر ده‌خاته سه‌ر چه‌ندان ڕێگه‌ی بیركردنه‌وه…بۆیه ده‌كرێت بڵێن ئه‌م ڕۆمانه قسه‌ده‌كات له‌سه‌ر زه‌مه‌نێكی دیاریكراو به‌ڵام ئه‌و زه‌مه‌نه نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه به كۆڵه‌كه‌كانی مێژووه‌وه چونكو ئه‌و زه‌مه‌نه‌ی نووسه‌ر به مه‌بست به‌كاری هێناوه زه‌مه‌نێكی جێگر نییه، به‌ڵكو زه‌مه‌نێكه له‌دووباره بوونه‌وه‌دایه.ئه‌وه‌ی ڕامان ده‌كێشێت ته‌نها ئه‌و پرسه گرینگه‌یه كه ئێمه‌ی كورد خاوه‌نی میتۆدێك نین كه گۆران و گۆڕانكاری و نوێبوونه‌وه‌ی له‌سه‌ر بنیات ده‌نرێ…كۆی ئه‌و پرسانه‌ی كه كاروان له‌م ڕۆمانه‌دا وه‌ك كێشه و گرفتی تاكی حه‌فتاكان باسی ده‌كات تائێستاش به‌رده‌وامن…زیاد له سی ساڵه ئێمه كێشه‌ی ژن كوشتن و كێشه‌ی شه‌ڕو خیانه‌ت و خورافیات و ئایین و چه‌ندان كێشه‌ی دیكه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی و سیاسین كه‌چی تا ئه‌م ساته‌ی ئه‌م وشانه ده‌نووسم ئه‌و كێشانه به‌رده‌وام له ئهبدهیتدان، ئه‌م گرفتانه هاوشان له‌گه‌ڵ ڕۆیشتنی زه‌مه‌ن و گه‌وره‌بوونی مرۆڤیش به‌رده‌وامیان هه‌یه…له‌م ڕۆمانه‌ی كاروانه‌وه تێده‌گه‌ین ئه‌مه سه‌ره‌تایه به‌شێوه‌یه‌كی ترسناك دروست بووه، تائێستا درێژه به‌مانه‌وه‌ی خۆی ده‌دات. كاروان هاوكێشه‌كه ده‌خاته‌ڕوو، ئیتر كاتی ئه‌وه هاتووه ئه‌و هاوسهنگكردنه ساخته‌یه تێكبشكێنین و له‌سه‌ره‌تاوه ده‌ست بههاوسهنگكردنهوهی هاوكێشه‌كه بكه‌ین.
گۆڕستان و ژیان
یه‌كێك له‌و شتانه‌ی له‌م رۆمانه‌دا جێگه‌ی سه‌رنجه گۆڕانی شوێنه‌كانه. شوێن له لای ڕۆماننووس بناغه‌ی داڕشتنی فیكر و مانایه. یه‌كێك له‌و گۆڕانانه‌ی كه كاروان به ئامانج و مه‌به‌ستێكی دیاریكراو به‌كاری هێناوه (گۆڕستان)ه، به‌ده‌ر له‌هه‌ر خوازه و مانایه‌كی دووه‌می گۆڕستان وه‌ك شوێن جێگای مردووه‌كانه…كاتێك ڕۆماننووس ژیان ده‌خاته‌وه گۆڕستان و ده‌یه‌وێت به چه‌ندین ڕه‌هه‌ندی جۆراو جۆر ئه‌ركی مانا و فیكری ئیشه‌كه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند بكات. ژیان له‌گه‌ڵ مردووه‌كان، نه‌مانی ئه‌و ترسه سایكۆلۆجییهی له‌ناخی زۆرینه‌ی تاكه‌كان هه‌یه به‌رامبه‌ر گۆڕستان، بینینی دیمه‌نی مه‌رگ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام…تێكه‌ڵبوون له‌گه‌ڵ سامناكی شه‌و سامناكی گۆڕستان، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه شتێكی هێنده ده‌گمه‌ن نییه، چونكه له بارودۆخی ئێستادا ده‌كرێت حاڵه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی له‌و جۆره هه‌بێت.. هه‌روه‌ك ئه‌و كورته فیلمه دۆكیومینێتارییهی ساڵی پار له‌لایه‌ن ئه‌یوب لهۆنییهوه كاری ئاماده‌كردن و ده‌رهێنانی بۆكرا… كاتێك من ئه‌و كورته فیلمه دۆكیومێنتیهم بینی شڵه‌ژام به ڕه‌هه‌نده‌كانی پشت ئه‌و دیمه‌نه ڕاسته‌قینه‌یه، كه له هه‌ولێری پایته‌خت خه‌ڵكانێك هه‌بێت له‌م سه‌رده‌مه‌دا له‌به‌ر خراپی بژێوی ژیان گۆڕستان به باشترین شوێن دابنێن بۆ ژیان…كاتێك زیندوه‌كان له‌خۆمان ناگرن ده‌بێت په‌نا بۆ مردووه‌كان و جیهانی بی ئیره‌ی و بێ ململانێ مردووه‌كان ببه‌ین..ده‌كرێت به زیندوویی ڕاهێنانی دۆخێك بكه‌ین له‌گه‌ڵ مردووه‌كان…ئه‌وه‌ی كاروان باسی ده‌كات ساڵانی حهفتاوپێنجه، ئه‌وه‌ی ئێستاش ده‌بینرێت هه‌مان شته، زیاد له سی ساڵ زه‌مه‌ن تێپه‌ڕیوه كه‌چی بونیادی ڕه‌هه‌نده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه نه‌گۆڕاوه..بناغه‌ی فشۆڵی ناعه‌داله‌تی و بازرگانی نامرۆیی بوار به زه‌مه‌ن نادات شتێكی تازه‌مان پێشكه‌ش بكات..ئه‌وه خودی مرۆڤه‌كانن ئه‌م كه‌شه‌یان خوڵقاندووه، هه‌ر خۆشیان درێژه‌یی پێده‌ده‌ن..بابگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ماناكانی گۆڕستان لای كاروان..ئێمه ته‌نها دیوێكی ماناكانی گۆڕستان ده‌بینین، ڕۆماننووس هه‌وڵی داوه دیوه بزرو شاراوه‌كانی ئه‌م بابه‌ته لهرێكهی ئه‌ده‌بی گێرانه‌وه بداته به‌ر باس و بڵێت مردن ته‌نها كرده‌یه‌كی ڕووت نییه بۆ كۆتایهاتنی ژیان به‌ڵكوو له‌پاڵ مردن‌دا چه‌ندان مانای جیاواز هه‌یه..ئه‌وه‌ی ده‌كرێت وابه‌سته بكرێت به‌م بابه‌ته‌وه، مه‌سه‌له‌ی ویژدانه..كاتێك مرۆڤ ناعه‌داله‌تی و زوڵم و سته‌مكاری ئه‌نجامدا ئه‌وا ویژدانی ده‌بێته دڕنده، به‌ڵام ویژدان لای مردووه‌كان ده‌گه‌ڕیته‌وه سه‌ر بنه‌ره‌تێكی خاوێن و ته‌ندروست، بۆیه كاروان ئێمه هانده‌دات له‌به‌رده‌م سته‌م و زوڵم و زۆرداری ویژدانی زیندووهكان ڕابكه‌ین و بگه‌ڕینه‌وه بۆ ویژدانی مرۆڤی مردوو.
ئه‌ركی ئه‌خلاق له ناخی مرڤهكاندا
مۆڕاڵی تاك شتێكی جێگیره، ئێمه مرۆڤێكمان نییه بێ مۆڕاڵ بێت،به‌ڵام مرۆڤمان زۆره له مۆڕاڵ دابڕاوه، هه‌روه‌ها گرینگه تا چه‌ند هاوسه‌نگی و كار به ئاراسته‌ی راسته‌قینه‌ی ئه‌خلاق ده‌كه‌ین… كرده‌ی كوشتن به‌گشتی له ڕوانگه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاقه‌وه كرده‌یه‌كی نا ئه‌خلاقییه…ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ دایه‌لۆگێكی درێژ سه‌باره‌ت به ئه‌ركی ئه‌خلاق..له ڕوانگه‌ی هێزی ئیمان و دین و فه‌لسه‌فه‌ش كوشتن به هه‌موو جۆره‌كان كرده‌یه‌كه كه پاڵنه‌رێكی به‌هێزی نائه‌خلاقی ده‌بیته هۆی ئه‌و كاره، ڕه‌گوڕیشه‌ی كۆشتن ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و كرده‌یه‌ی كه له‌نێوان هابیل و قابیل دا ڕوویدا، ئه‌م كرده‌یه له‌وكاته‌وه تائێستا به فۆرمی جیاواز به‌رده‌وامه، قسه كردن له‌سه‌ر كۆشتن و ماناكانی پشت كرده‌ی كوشتن بابه‌تێكی فراوانی ههمهجهمسهره..به‌ڵام كاتێك ئه‌و كرده‌یه ڕووده‌دات، گرینگ ئه‌وه‌یه چۆن ڕووبه‌رووی ئه‌و ئه‌خلاقه سروشتیه‌ی خود ببینه‌وه؟. له‌م ڕۆمانه‌ی كارواندا له‌چه‌ند شوێنك هه‌ست به كرده‌ی كوشتن ده‌كرێت، من سێ حاڵه‌ت وه‌رده‌گرم شڕۆڤه‌یان ده‌كه‌م. یه‌كه‌م كرده‌ی كوشتن له ڕووداوی خۆكێشانی تراكتۆره‌كه به‌دیواره‌كه‌دا… ئه‌م ڕووداوه یه‌كێكه له گرێیه هه‌ره جوانه‌كانی ڕۆمانه‌كه…ئامانج و شۆڕش دووچاری حاڵه‌تێكی ده‌روونی ده‌بنه‌وه سه‌باره‌ت به‌و كوشته..ئه‌گه‌رچی كرده‌كه به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌نقه‌ست و ئامانجدار نه‌بووه، به‌ڵكوو زیاتر ڕووداوێك بووه كه تووشی هاتوون. ئه‌م ڕووداوه‌و كاردانه‌وه‌كانی بكه‌ری كوشتنه‌كه زۆر شتی جوانمان پێده‌ڵین..به هه‌مان شێوه‌ی ڕووداوی كوشتنی پیره‌ژنه سووخۆرهكه له‌لایه‌ن ڕاسكۆلینكۆفهوه له ڕۆمانی (تاوان و سزا) ی دیستۆفیسكی، كرده‌ی كوشتنی قه‌شه گریگۆریوس له‌لایه‌ن دكتۆر گلاسه‌وه له ڕۆمانی (دكتۆر گلاس) ی یه‌ڵمار سۆدێرباری، هه‌روه‌ها كرده‌ی كوشتی پیاوه گه‌شتیاره‌كه له‌كه‌ناری ڕووباره‌كه له‌لایه‌ن (مۆرسۆ)وه له ڕۆمانی نامۆی كامۆدا…
كۆی ئه‌و ڕووداوانه ئامانجدارن و به جۆرێك له جۆره‌كان شڕۆڤهن بۆ ڕووداوی كوشتنه‌كان. ئه‌م ڕوودای كوشتنه‌ی ڕۆمانه‌كه‌ی كاروان جۆرایه‌تی هه‌ستكردن و بیركردنه‌وه‌ی تاكی كورد ده‌رده‌خات له وه‌ها دۆخێك‌دا..كۆكردنه‌وه‌ی پاره له‌لایه‌ن ئامانج و شۆڕشه‌وه بۆ ماڵی كوژراو له‌لایه‌ن ئه‌و دوو هه‌رزه‌كاره‌وه زۆر بابه‌ت ده‌وروژێنیت، یه‌كێك له‌وانه بیرۆكه‌ی ماددیهته، تاكی ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ره‌بووی كوشتن بداته‌وه به‌پله‌ی یه‌كه‌م بیر له به‌رامبه‌ری ماددی ده‌كاته‌وه، كه ئه‌وه له كۆمه‌ڵگاكانی دیكه‌دا به‌جۆرێكی دیكه‌یه بۆنموونه لای دیستۆفیسكی حاڵه‌تێكی ئیمانییه و لای تاكێكی كۆمه‌ڵگای سویدی بابه‌تێكی ویژدانییه…به‌گشتی من بڕوام وایه له حاڵه‌تی كوشتندا مرۆڤی كورد كه‌متر بیر له‌جه‌وهه‌ری ڕووداوه‌كه ده‌كاته‌وه به‌ڵكوو به توێكڵی ڕووداوه‌كانه‌وه دهگیرسیتهوه و ڕووكه‌شانه ڕووبه‌ڕووی دۆخه‌كان ده‌بێته‌وه، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به‌و فشاره دینی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كهلتووریهوه هه‌یه كه تاكی له‌سه‌ر په‌روه‌رده ده‌بێت… ڕووداوی دووه‌می كوشت بریتیه له كوشتنی كچه‌كه‌ی مه‌لا دوای ئه‌وه‌ی ڕه‌دوو ده‌كه‌وێت، له‌م ڕووداوه‌دا به‌ڕوونی دیاره كه به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان ئێمه له‌ژێر ڕووپۆشی پاراستی ئه‌خلاق كارێكی نا ئه‌خلاقی ئه‌نجامده‌ده‌ین، كێشه‌كه له‌وه‌دایه له‌م پرۆسه‌ی كوشتنه‌دا كه تائێستاش له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا درێژه‌ی هه‌یه نه‌بووه‌ته بابه‌تێكی ئایینی و ویژدانی و ئیمانی، به‌ڵكوو به‌دیوه‌كه‌ی تردا بابه‌تی كوشتن له‌سه‌ر شه‌ڕه‌ف بۆوه‌ته هۆكارێك بۆ نیشاندانی ماسكێكی ئه‌خلاقی…به بڕوای من بابه‌تی كوشتن له‌بازنه‌ی بیركردنه‌وه له كرده‌كه چووه‌ته ده‌روه‌وه به‌تایبه‌ت به‌رامبه‌ر ئافره‌ت. كرده‌ی سێهه‌می كوشتن له‌م ڕۆمانه‌دا كوشتی (سابیر) ه، له‌لایه‌ن (سۆزان)ه‌وه. ئه‌و كوشتنه‌ش به‌هه‌مان شێوه‌ی كوشتنه‌كه‌ی ئامانج و شۆڕش و به‌ئه‌نقه‌ست نه‌بووه به‌ڵام كاردانه‌وه‌كانی تاكی كورد و تاكێكی بیانی جیاوازه، دوای ئه‌وه‌ی سۆزان ئه‌و كاره ده‌كات ناكه‌وێته حاڵه‌تێكی ئێمانی و ویژدانی گه‌وره‌وه، جگه له‌وه‌ی مه‌به‌ستیه‌تی هاوڕیه‌تی خۆی بپارێزێت و ئه‌و نهێنیه‌ش هه‌ڵبگرێت، من له‌كاتی خوێندنه‌وه‌دا هه‌ست به زه‌حمه‌تی و قورسی هه‌ڵگرتنی ئه‌و نهێنیه‌م ده‌كرد كه سۆزان ئاشكرا نه‌كرد. ده‌رخستنی كاردانه‌وه‌كانی ڕووداوێكی له‌وجۆره لای سۆزان كارێكی زه‌حمه‌ت بووه بۆ نووسه‌ر، سۆزان وێڕای ئه‌وه‌ی له توخمی حه‌وایه و كه‌متر له‌بازنه‌ی كرده‌ی كوشتن و كرده نائه‌خلاقییه ڕووته‌كان به‌شداره كه‌چی له‌وه‌ها دۆخێك‌دا شپرزهییهكانی نابێته پڕۆژه‌یه‌كی ویژدانی و بابه‌تی…ئه‌وه‌ی من هه‌ستم پێكرد هه‌موو ئه‌و شڵه‌ژانه جۆرییه‌ی سۆزان تووشی بوو دوای كرده‌ی كوشتنه‌كه ته‌نها بریتی‌بوو له بیركردنه‌وه له پاراستنی نهێنیه‌كه، چونكه ئه‌و جورئه‌ت و ئازایه‌تییه لای ئافره‌ت ده‌گمه‌نه كه وه‌ك پێویست ڕووبه‌ری ڕووداوه‌كان نه‌ویسته‌كان ببێته‌وه. لێره‌دا مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه كه كاردانه‌وه‌كانی سۆزان نمونه‌ی ئافره‌تی كورده و ئه‌و ڕه‌فتارانه‌ش له دۆخێكی له‌و جۆره‌دا پێشبینی كراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه سه‌رنجڕاكێشه ئه‌و دۆخه پارێزكارییهیه كه سۆزان هه‌یه‌تی له هه‌ڵگرتن و پاراستنی نهێنیهكهدا كه ئافره‌ت به‌گشتی به‌رگری لاوازه له هه‌ڵگرتنی نهێنیدا، یان بڵێن به‌هۆی زۆری شه‌پۆلی سۆزه‌وه كه‌متر ده‌توانێت ڕووبه‌ڕووی ئه‌و جۆره حاڵه‌تانه ببێته‌وه.به‌گشتی حه‌قه ئه‌وه بڵین كه مرۆڤ له سنوری مرۆڤبوونی خۆی لایدا له‌بازنه‌ی مرۆڤبوون ده‌چێته ده‌روه، هه‌ست ده‌كه‌م كاروان مه‌به‌ستیه‌تی بڵێت:كاتێك مرۆڤ په‌نا بۆچه‌ك ده‌بات یان په‌نا بۆ كوشتن ده‌بات له‌ئه‌خلاقی مرۆیی داده‌بڕێت و ده‌كرێت به‌و مرۆڤانه بڵێن مه‌یموون…
قووڵایی گێڕانه‌وه
له‌م ڕۆمانه‌دا گێڕانه‌وه به‌جۆرێك بهقووڵیدا ده‌چێت كه خوێنه‌ر پێویستی به ئۆكسجینی پشوودرێژی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌خنكێت…قسه‌كردن و گێڕانه‌وه له‌م ڕۆمانه‌دا موعجیزهیهكه و هیچی تر…زۆر سه‌یره مرۆ بتوانێت ئه‌وه‌نده قسه بكات. من له‌م ڕۆمانه‌وه هه‌یبه‌ت و هه‌یمه‌نه‌ی مر‌ۆڤم له‌خه‌یاڵدا گۆڕا…ئێستا زۆر سه‌رسامم به توانای مرۆڤ، هایدگه‌ر كه وتوویه‌تی (زمان ماڵی بوونه)، بێ هۆكار نه‌بووه، ئه‌و زمانه‌ی كاروان سه‌دان چیرۆكی پێ ده‌ئافرێنێ جگه له‌ماڵ بۆ دره‌وشانه‌وه‌ی ماناكانی بوون، مانایه‌كی دیكه هه‌ڵناگرێت…له‌م كاره‌دا نووسه‌ر هه‌م پرسیار ده‌كات و هه‌م وه‌ڵامده‌داته‌وه و هه‌م چیرۆك ده‌بێژێت و هه‌م حیكایه‌ت ده‌كاته گێڕانه‌وه‌ی بێ بن.((نووسه‌ر باس له خه‌م و ئازاری خۆی ناكات، به‌ڵكوو خه‌م و ئازاری دیكه ده‌خوڵقێنێت)).لا180
درووستكردنی ئازار له‌ڕێگه‌ی گێڕانهوهوهی چیرۆكه‌وه پێویستی به‌كارامه‌یی و لێهاتووی هه‌یه، ئه‌وه‌ی ڕێك له‌م قسه‌یه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت په‌یامی كاروانه له‌پشت ده‌قه‌كه‌وه بۆ خوێنه‌ران. ئێمه كه‌باس له قووڵایی گێڕانه‌وه ده‌كه‌ین مه‌به‌ستمانه ئاماژه به‌وه بده‌ین ئه‌م چیرۆكانه بهمووعجیزه به‌یه‌كه‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه و تێكه‌ڵكراون…له گفتووگۆكانی (ئازاد و شێرزاد) ته‌واو هه‌ست به‌و موعجیزه‌یه ده‌كه‌ین…له‌كاتی گێڕانه‌وه‌و قسه‌كردنی (هه‌تاو و دلارام )به‌توركمانی خوێنه‌ر حه‌زده‌كات به په‌نهانی و به‌دزییه‌وه ئه‌و لاپه‌ره‌یه بخوینیته‌وه…من كه گه‌یشتمه لاپه‌ره (161) ئیتر به‌دزییه‌وه خوێندمه‌وه و وتم نه‌كا (دلارام و هه‌تاو) هه‌ست بكه‌ن كه‌سێك گوێیان لێ ده‌گرێت و هێشتا نه‌خه‌وتووه…ئه‌وه موعجیزه‌ی گێڕانه‌وه‌یه. نامه‌وێت له‌باره‌ی ته‌كنیك و ستایله‌وه قسه‌بكه‌م به‌ڵام ناچارم ئه‌وه بڵێم له‌م ده‌قه‌دا شێوازێك ده‌بینرێت كه شتێكی تازه نییه به‌ڵام ئه‌وه‌ی تازه‌یه و به نوێگه‌ری ده‌زانم شێوازی گواستنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كانه له كاره‌كته‌رێكه‌وه بۆكارهكتهرێكی دیكه، نووسه‌ر به‌شێوه‌یه‌ك زاڵ بووه به‌سه‌ر ته‌كنیكی گێڕانه‌وه‌دا هه‌روه‌ك سه‌رپه‌رشتیاری تیپێكی وه‌رزشی گۆڕه‌پان و مه‌یدان، من هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌و شێوه ته‌كنیكه وه‌ك یاری پۆسته(به‌رید) وایه، له‌یاری پۆسته‌دا ڕاكه‌ره‌كان به‌چه‌ند قۆناغێك پێشبركێكه ته‌واو ده‌كه‌ن، له‌م ڕۆمانه‌ی كاروانیشدا هاوشێوه‌ی ئه‌و یارییه كاره‌كته‌ره‌كان چیرۆك له‌یه‌كتر وه‌رده‌گرن و ڕۆمانه‌كه به‌ره‌و كۆتای ده‌به‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جیاوازه له‌م به‌راورده‌دا ئه‌وه‌یه ئه‌و یاریه‌ی كاروان بهكارهكتهرهكانی ده‌كات كۆتایی نییه، كاروان سه‌ره‌تاكه‌ی له‌ژێر كۆنتڕۆڵدایه به‌ڵام دواتر نووسه‌ر بێچاره ده‌مێنێته‌وه و یاریه‌كه به‌كراوه‌ی جێ ده‌هێڵێت، هه‌روه‌ك ئه‌و قسه‌یه‌ی كه لهپێشینیانهوه له‌باره‌ی سه‌فه‌ره‌وه وتراوه:((چوونم به‌ده‌ست خۆمه، به‌س هاتنه‌وه‌م له ده‌ست خۆم نییه)…له‌باره‌ی زمانه‌وه ته‌نها ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم كه هاوشێوه‌ی قووڵایی گێرانه‌وه هه‌ست به قووڵایی پاكی و خاوێنی زمان ده‌كه‌ین…كاتێك ئه‌م ڕۆمانه‌م خوێنده‌وه ته‌واو بۆچوونم گۆڕا سه‌باره‌ت به‌زمان و ڕێنووسی كوردی…زۆر دڵخۆشبووم كه زمانی كوردیم به‌و هێزه‌وه بینی كه بتوانێ سه‌دان چیرۆك له زمانی بازاڕی تێپه‌ڕێنێت به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست بهمهلهل بكه‌ین. من هه‌میشه بڕوام وایه ده‌بێت ئێمه له‌زمانی نووسیندا ئه‌و دۆخه به‌رجه‌سته بكه‌ین كه خودی نووسین پێویستیه‌تی…زۆرینه‌ی نووسه‌رانمان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌بواری ئه‌ده‌بدا كارده‌كه‌ن به‌و شێوه‌یه‌ی كاروان نه‌یانتوانیوه خۆیان هه‌ڵاوێر بكه‌ن له‌نێوان زمانی ڕۆژانه‌ی كۆمه‌ڵگا و تاك و زمانی نووسین…كاروان له دانیشتنێكدا به‌منی وت: ((زمانی نووسین ده‌بێت زمانی بازاڕی تێپه‌ڕێنێت))، ڕێك بڕوام وایه كاروان توانیویه‌تی ئهوكارهبكات…له‌م ده‌قه‌دا هه‌ست به سه‌نگی زمان ده‌كه‌ین، هه‌ستده‌كه‌ین ئێمه ده‌خوێنینه‌وه، له‌خوێندنه‌وه‌ی ده‌قێكی خاوێندا هه‌ست به له‌زه‌تێكی به ئازار ده‌كه‌ین، ماندوو ده‌بین و حه‌ز به‌و ماندووبوونه ده‌كه‌ین…
پێگه‌ی فیكری كاره‌كته‌ره‌كان
كاروان له‌م به‌رهه‌مه‌یدا جیاوازتر له‌به‌رهه‌مه‌كانی پێشووتری ئیشی له‌سه‌ر لایه‌نی فیكری فه‌لسه‌فی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی كردووه… له‌م ده‌قه‌دا چه‌ندان ڕسته‌و په‌ره‌گراف هه‌ن كه خاوه‌نی پانتاییه‌كی فراوانن بۆ قسه‌كردنی فیكری… هه‌روه‌ها چه‌ندان چیرۆك له‌ناو ڕۆمانه‌كه‌دا نووێنه‌ری گه‌یاندنی چه‌ندین بابه‌تی فیكرین. به بۆچوونی من وه‌ك خوێنه‌رێك كاره‌كته‌ری شێرزاد و شێوه‌ی ئیشكردنی فیكریكی قووڵی له‌پشته‌و و ئه‌رك و پێگه‌ی شێرزدایش ڕووكه‌شانه نییه. هه‌روه‌ها بابه‌تی شه‌ڕ و ئاشتی و ماهیه‌تی مرۆڤ و چه‌ندان ته‌وه‌ری دیكه له هه‌گبه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانی كاروان ده‌بینرێن. كاروان سه‌باره‌ت به فیكری شه‌ڕو خراپه‌كاری له‌سه‌رتاسه‌ری دنیا ڕه‌خنه‌ی هه‌یه و ده‌نگی خۆی به‌رزده‌كاته‌وه دژی ئه‌و دۆخه ده‌وه‌ستێته‌وه كه ته‌كنه‌لۆجیاو شه‌ڕ به‌مرۆڤی كردووه، وه‌ك ئه‌وه‌ی نووسه‌ر له‌سه‌ر زاری (جاوید)ه‌وه ده‌ڵێت((هه‌میشه بیرت بێت، كه مرۆڤ له‌وه‌ته‌ی هه‌یه شه‌ڕ ئاراسته‌ی ده‌كات و چێژ له خراپه ده‌بینێت…ئه‌گه‌ر جارجار به‌لای چاكه‌دا ده‌چێت ئه‌وه ته‌نیا په‌یوه‌ندی به‌پشوویه‌كی كورته‌وه هه‌یه، تا له‌وێوه وردتر بیر له خراپه‌ی دیكه بكاته‌وه و پلانی تۆكمه‌تر دابنێت)). قسه‌كردن له‌سه‌ر شه‌ڕ و بونیادی مرۆڤ و هه‌روه‌ها بابه‌تی چاكه و خراپه له‌ئاوێنه‌ی تاكی كوردی به ڕوونی دیار نییه. به‌گشتی ئه‌و ڕۆمانه خاوه‌نی یه‌ك بابه‌تی دیاریكراو نییه به‌ڵام خاوه‌نی یه‌ك خاڵی جه‌وهه‌رییه كه هه‌موو بابهتهكان ده‌چنه‌وه سه‌ری ئه‌ویش(مرۆڤی كورده)، تاكی كورد به هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌وه له‌م ڕۆمانه‌دا بووه‌ته جه‌وهه‌ری قسه‌كردن، له‌پاڵ بابه‌تی مرۆڤبوون و مرۆڤنهبوون ده‌كه‌وینه گومان، ئه‌وكاته‌ی كه له‌مرۆڤبوون دوورده‌كه‌وینه‌وه ده‌چینه ڕێزی مه‌یمونه‌وه. ئه‌م تێكسته‌ی كاروان له‌پاڵ لایه‌نه ناشیرنه‌كان ، لایه‌نه جوانه‌كانیشی خستۆته‌ڕوو. بابه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ئافره‌ت و شێوه‌ی ژیانی كوردهواری و سێكس و كاردانه‌وه‌كان په‌رچه‌كرداری نه‌شیاو و نه‌گونجاون، به‌ڵام شێوه‌ی كاركردن و بیركردنه‌وه‌ی چه‌ند كاره‌كته‌رێك نموونه‌ی زیندوویی و جوانی ناخی تاكی كورده… كاره‌كته‌ره‌كانی كاروان به‌گشتی كاره‌كته‌ری سه‌خت و ئاڵۆزن، ئه‌وه‌ی زۆر به‌لای منه‌وه جوان بوو ئیشكردنی كاروان بوو له‌سه‌ر ته‌مه‌نی ههرزكاری…به‌شی زۆری كاره‌كته‌ره‌كان له‌ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریدا ده‌چنه قووڵایی ڕووداوه‌كانه‌وه، بێگومان كارێكی ئاسان نییه كاردانهوهوه و بیركردنه‌وه‌كانی هه‌رزه‌كارێكی كورد بخه‌یته‌ڕوو. من هه‌ستم ده‌كرد له‌بابه‌تی نه‌خشاندنی ژیانی هه‌رزه‌كارێكی كورد كاروان به‌هه‌مان شێوه‌ی (محمد شوكری ) سه‌ركه‌وتوو بووه، وه‌ك چۆن پاڵه‌وانی( نانی ڕووت) هه‌رزه‌كارێك سه‌رگوشته‌ی حاڵی وڵاتێك شی ده‌كاته‌وه.