Skip to Content

Tuesday, October 8th, 2024
دوای (5) ساڵ لەدادگایی كردنی فرانس ڤان ئانرات ئەمیر قادر وردەكارییەكان بڵاودەكاتەوە

دوای (5) ساڵ لەدادگایی كردنی فرانس ڤان ئانرات ئەمیر قادر وردەكارییەكان بڵاودەكاتەوە

Closed

سازدانی: نامق هەورامی…..

 كوردستان راپۆرت: ئەگەر سەرەتای كاركردنت لە كەیسی ئانرات باس بكەیت، چۆن ئەم كارەتان كرد؟
ئەمیر قادر: پاش روخانی رژێمی بەعس، ئانرات خۆی لە بەغدا دەربازكردو گەیشتە سوریا، لە باڵوێزخانەی هۆڵەندا لە سوریا پاسپۆرتێكی كاتیان دایێ بۆ یەكجار سەفەر، چونكە پاسپۆرتە هۆڵەندییەكەی بەسەر چوو بوو، دواتر گەشتەوە هۆڵەنداو دوای ماوەیەك لە میدیاكانەوە دەركەوت، لە گۆڤاری (ریفیو) لەلایەن رۆژنامەنووسی هۆڵەندی (ئارنۆ كراتەرسە) كە نوسەری كتێبی ( پەشیمان نیم)ە یە، سەبارەت بە ئانرات، ئارنۆ ساڵی (1991) لە كاتی (گەردەلولی بیاباندا) لە بەغدا بووە، لەوێ ئانراتی دیوە، فرانس ڤان ئانرات وەك كەسێكی ئەڵمانی خۆی ناساندووە، دواتر كە بارودۆخەكە ئاڵۆز بووە، داوای لە ئارنۆ كردووە كە پەیوەندی بە خێزانەكەیەوە بكات و ژمارە تەلەفۆنێكی دەداتێ گوایە ژمارەی سویسرایە، بەڵام ئارنۆ هەر زوو بۆی دەردەكەوێت كە ئەم قسەیەی ئانرات دوورە لە راستییەوە، دواتر ئانرات دێتەوە بۆ هۆڵەندا. هەر چۆن بێت ماڵی باوكی ئانرات دەدۆزێتەوەو بۆ دڵنیابوون لەوەی كە ئەمە خۆیانن، هەندێك دیاری دەبات و دەڵێت”ئەمە فرانس ناردوونی”، دواتر وێنەیەكی سەردەمی منداڵی ئانرات لەو ماڵە وەردەگرێت كە ئێستا لە كتێبەكەیدایەو وێنەكەی ئانرات هی كاتێكە كە لە تیپێكی فوتباڵدا یاری دەكات.
لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو دیمانەیەی ئانرات لەگۆڤاری (ریفیو)، لەو كاتەدا كۆنفرانسێك هەبوو لەسەر ملهوڕییەكانی ئەمریكا، من وەك تاكە كورد بەشداریم كرد، لەوێدا لەگەڵ (هاری بۆمبل) لەسەر مەسەلەی ئانرات قسەم كرد. ئەو راستەوخۆ ئامادەیی مادی و مەعنەوی دەربڕی. هەر لەو كۆنفرانسەدا كە بیرۆیەك هەیە پارێزەری تێدایە، ئەوانە كاتی خۆشی پارێزەری ئۆجەلان بوون، لەگەڵ یەكێك لە پارێزەرەكان كە ئێستا ئەندامی پەرلەمانە لەسەر لیستی پارتی چەپ قسەمان كرد، پێشتریش لێكۆڵینەوەم لەسەنتەری (پارێزەرەكان بۆ ئازادی) كردبوو، هەروەها لەگەڵ (پارێزەرانی بێسنور)یش قسەم كردبوو، ئەو نوسینگەیە كاری نێودەوڵەتی دەكات و شارەزاییان لەسەر كێشەی كورد هەیە.
دواتر پارتی سۆسیالیستی هۆڵەندە ئامادەییان دەربڕی كە هاوكاریمان بكەن و لەوكاتەدا كۆمیتەیەكمان بەناوی(كۆمیتەی بەدادگایی گەیاندنی فرانس ڤان ئانرات) پێكهێنا، لەو كۆمیتەیەدا من وەك هەڵسوڕاوی (CHAK) تەنیا كورد بووم لەگەڵ هاریمان بومبڵ و كوردناسێك و مارتن پێرلاخە لەرێكخراوی بزوتنەوەی دژی شەڕ كە یەكەمین كەسە فیلمی دیكۆمێناری لەسەر رووداوی هەڵەبجە دروست كردووە. لەو كۆمیتەیەدا راگەیاندنێكمان بۆ میدیاكان راگەیاند، كارەكانمان دابەشكردو پارێزەرەكەش لەكۆمیتەكە بووە ئەندام و ئامانجەكانمان سێ شت بوون.
1- كردنەوەی دۆسیەیەك بە ماتریاڵ و دیكۆمێنتەوە لەسەر ئانرات.
2- كۆكردنەوەی دیكۆمێنت.
3- پشتیوانی ماددی، چونكە بەلای كەمەوە دە هەزار ئیرۆی تێدەچوو.
دیارە زۆر زوو دەستمان بە كارەكان كردو هاوڕێیانی چاك هیمەتیان كردو یەكەم كەس كوڕێكی كاك دلێر بوو لە دانیماركەوە دەخیلەكەی خۆی شكاندو پێشكەش بەكۆمیتەكەی كرد بۆ گرتنی پارێزەر.
دۆسیەیەكی هەشتا لاپەڕەیمان ئامادەكرد كە بریتی بوون لە راپۆرتەكانی (UN) و گۆڤارەكان و رۆژنامەكان و ئەرشیفی بزوتنەوەی دژی چەك.
من و مارتن پیلاخە دۆسیەكەمان بۆ داواكاری گشتی برد، كە دۆسیەكەی بینی زۆری پێ جدی بوو، گوتی”ئێمە وەك ئیدیعای عام ئەو كار لەسەر ئەو دۆسیەیە دەكەین”، ژمارەیەكی زۆر شایەتمان ئامادەكرد، لەوانە (داین محەمەد) خەڵكی هەڵەبجەو (رێباز قادر)، كە لەكاتی كیمیابارانكردنەكەدا تەمەنی (3) ساڵ بووە، (عەلی رەحیمی) وەك قوربانی شاری سەردەشت و زۆری دیكە. هەر ئەوكات لەگەڵ (عومەر محەمەد)و (ئیبراهیم هەورامانی) كە بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی هەڵەبجە بوو، نزیكەی سێ هەزار ناوی قوربانیانی هەڵەبجەیان بۆ ناردین و ئەوەش گرنگی هەبوو. ئانرات پێشتر لە دادگایی هۆڵەندا دۆسیەی هەبوو، چونكە لە ئیتاڵیا لە عەدالەت رایكرد بوو، چوو بووە عێراق، لە 7/12/2004 كاتێك خەریكی خۆپێچانەوە بوو بۆ راكردن، لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیركرا.
كوردستان راپۆرت: دەگوترێت ئەو شوێنەی كە فرانس ڤان ئانرات تێدا دەستگیركراوە شوقەی موخابەراتی هۆڵەندی بووە، ئەمە راستە؟
ئەمیر قادر: بەڵێ، شوقەی دەزگای هەواڵگری هۆڵەندا بووە، هەندێك شتی بنەڕەتی هەیە، لەوانەش ئانرات لەلای دەزگای هەواڵگری هۆڵەندە فەرمانی گرتنی هەبووە، بەڵام لە دوای ساڵی نەوەدەوە ئەمریكا لەو داوایەی بۆ گرتنی ئانرات بێدەنگی كرد. بەپێی كاسێتێك كە دەستمان كەوت، سابیر دوری باسی ئانرات دەكات و دەڵێت”كاری بۆ هەواڵگری عێراق كردووە”. بەپێی ئەو زانیاریانەی هەیە ئەمریكا بۆیە بێدەنگی لە گرتنی ئانرات كردووە، چونكە لە رێگەی دەزگای هەواڵگری هۆڵەندەوە زانیاری داوەتە ئەمریكا. پێشتریش لە نێوان هەر دوو وەزارەتی دەرەوەو بازرگانی هۆڵەندە كێشە هەبووە لەسەر فرۆشتنی چەك بە عێراق. وەزارەتی بازرگانی تەنیا ویستوویەتی چەك بفرۆشێت، وەزارەتی دەرەوەش ویستوویەتی رەچاوی مەرجە ئینسانییەكان لە بەر چاو بگرن و ئەوەش كێشەیەو دەكرێت بگوترێت شتەكان پەیوەستن بەیەكەوە. دەزگای هەواڵگری هۆڵەندە بەرامبەر گرتنی ئانرات سست بووە، لە یەكێك لە شوقەكانی ئەواندا بێدەنگی لێ كرا، چونكە بۆ ئەوان بەگران دەوەستا ئەگەر دەخالەت بكەت.
كوردستان راپۆرت: لە رووی یاساییەوە ناتوانن داوا لە سەر دەزگای هەواڵگری هۆڵەندا تۆمار بكەن تا حكومەت ناچار بكەن قەرەبووی كورد بكاتەوە؟
ئەمیر قادر: لە هۆڵەندا مەسەلەیەك هەیە، دەڵێن”بە تەنها عاقڵییە بچیتە شەڕی شێرێكەوە، بێ عەقڵی ئەوەیە بچیتە شەڕی چوار شێرەوە”. ئێمە ئاگاداری ئەوەین، بەڵام لە قۆناغی یەكەمدا ئانراتمان بەداداگا گەیاند بە پشتیوانی وەزارەتی دادو پەرلەمانی هۆڵەندا. لەقۆناغی یەكەم سەركەوتین و ئەوەمان ساغ كردەوە، لە قۆناغی دووەمدا كار لە سەر كۆمپانیای كەسایەتییە هۆڵەندییەكان دەكەین، بۆ نموونە وەزارەتی پیشەسازی لە هەنگاوی داهاتوودایەو دۆسیەمان لە سەر كردۆتەوە. ئەگەر ئاگاداربن دەوڵەتی هۆڵەندا لەبەشێك لەو قەرزانە خۆش بوو لە سەر عیراق، پارەكەش پارەی ئەو چەكانەیە كە دژی كورد بە كارهاتووە، واە هۆڵەندە بە قەرز چەكی بە عیراق فرۆشتووە.
كوردستان راپۆرت: لە پرۆسەی بەدادگایی گەیاندنەكەدا، حكومەتی هەرێم چەند هاوكارتان بوو؟
ئەمیر قادر: ئێمە ناوی رەسمیمان نارد بۆ بەڕێزان بارزانی و تاڵەبانی و حكومەتی كوردستان و فراكسۆنەكانی پەرلەمان و حزبە كوردییەكان، نامەكان لە ئەرشیفی ئێمەدا ماون و داوای هاوكاریمان كرد، بەڵام بەداخەوە نەك هاوكاریان نەكردین، نەوەڵامیان داینەوەو نەدیكۆمێنتێكیان داینێ. بەڵام لە پیاچوونەوەكەدا وەك شەخس هاوكاری كراوین و ئەو هاوكارییە یەك لە سەر پێنجی تێچوونەكەیە. بۆ كەیسەكە منداڵێك دەخیلەی خۆی شكاند، كەچی حكومەتی هەرێم وەڵامی نەداینەوە، سەرباری ئەوەی زۆر بەڵێنیاندا. بۆ نموونە باڵیۆزی عێراق لە هۆڵەندا بە پارێزەرەكەی گوت بوو”چەندی تێ دەچێت، ئێمە چەند بەرامبەر دەیدەینەوە”، بەڵام ئەمەش هەر قسە بوو.
كوردستان راپۆرت: بڕیارەكەی دادگای لاهای نێردرایەوە بۆ دادگای باڵای تاوانەكان و لەدادگای باڵای تاوانەكانی عێراق ئەنفال بەكۆمەڵكوژی ناسرا، ئەو كەیسەی ئانرات و بڕیاری دادگا پەیوەندی بەم بڕیارەوە هەبوو؟
ئەمیر قادر: بێگومان پەیوەندی هەبوو، ئیدیعای عام چەند جارێك لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری هۆڵەندا پەیوەندیان كردووە، لەگەڵ حاكم رزگارو مونقد ئال فیرعەوندا قسەیان كردووە، ئەنجامێكی حوكمی ئانرات لە هۆڵەندا بە فەرمی نێردراوە بۆ دادگای عیراق. دادگای هۆڵەندا یاساكانی جینۆساید لە یوگسلافیایان لە بەرچاوگرت لەو حكومەدا لە “لاهای”، كەواتە دادگاكە وەك نێودەوڵەتی تەماشا دەكرێت و بڕیارەكان بە هەند وەردەگیرێت.
كوردستان راپۆرت: هۆڵەندا هاوڵاتییەكی خۆی بە (17) ساڵ سزا دەدات، لە بەر ئەوەی دەستی هەبووە لە جینۆسایدی كوردا، كەچی تا ئێستا تاوانباران لەعێراق بەسزاكانیان نەگەیشتوون، ئەمە چۆن دەبینی؟
ئەمیر قادر: ئێمە خوازیاری تریبوونێكی نێودەوڵەتی بووین بۆ ئەو كێشەیە، گەر دادگا ئەو كارەی نەكرد، ئێمە لە هۆڵەندا كار بۆ ئەوە دەكەین كە كێشەكە بكەینە تریبووناڵی نێودەوڵەتی و هۆڵەندییەكان پەیمانێكیانداوە كە چەند وڵاتێكی تریش بەشداری پێ بكەین، چونكە بۆ تریبووناڵی نێودەوڵەتی دەبێت لە دوو وڵات زیاتر بەشدار بن. لێرە ئیعتباری سیاسی لە دادگا هەیەو دەستێوەردانی سیاسیش و وەك دەبینین لە ئاستی باڵای كورد ئەو ئەفسەرانە بە نایاب دەزانین و حەز ناكەن لە سێدارە بدرێن، ئەمەش لە قسەكانی سەرۆك كۆماردا دەركەوت. ئێمە ئەوانە بە ئەفسەری نایاب دەزانین لە جینۆسایدی كورددا.
كوردستان راپۆرت: ئەو ئەفسەرە نایابە كچەكەی ناو ناوە “ئەنفال”، ئەی كورد بۆ وا دەكات، ئایا شیعەكان لەمە سوودمەندنابن؟
ئەمیر قادر: خەریكە راستییەكان دەردەكەون، لە سێدارەدانی سەدام لە سەر دوجەیل وەك ئەوەی داواكاری گشتی هۆڵەندا گووتی: ئەم مەسەلەیە مایەی پێكەنینە، چۆن دەبێت لە سەر جینۆسایدی كورد بێدەنگی بكرێت، بەڵام لە سەر كوشتنی چەند كەسێك لە دوجەیل سەدام لە سێدارە دەدەن. ئەوان ئەو كارەیان بە هەڵە ناوبردو بە لاوازی دیپلۆماسییەتی كورد ناویان برد. لەسێدارەدانی سەدام رێكەوتنێكی “ئەمریكی-شیعی”بوو لە بەرامبەر كوردداو لەكاتی هێنانەوەی رووفاتی(300) لە ئەنفالەكاندا بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم بەڕاشكاوی ئەوەی باسكرد. كورد هەمیشە دوای شتەكان قسەدەكات، نەوشیروان مستەفا لە ئەنجوومەنی حوكم بوو، دواتر هەڵەكان دەنووسێتەوە، ئەی ئەوكات بۆ باسی نەكرد، بۆ بێدەنگ بوون لەوكاتەدا. لە مەسەلەی لە سێدارەدانی سوڵتان هاشم و كێ و كێ، زۆر گرنگ نییە، بە بارتەقای ئەوەی دەبووایە لە كاتی پێویست قسە بكەین و زیاتر دیكۆمێنت لەو باریەوە وەربگرن. بەداخەوە كورد لە دادگای باڵای تاوانەكان لە بەغدا دۆڕاو كاریان پێ ناكرێت و نموونەكەش بەرچاوە. ئەگەر تەماشای بكەین، ئەنفال دەخرێتە دوای دوجەیلەوە، هەڵەبجە دەخەنە دوای راپەڕینی شەعبانی و شتی تریش ماوە دەربكەوێت، بۆیە پێویستە ئێمە كار لە سەر تریبووناڵێكی كوردستانی و نێودەوڵەتی بكەین، بەجۆرێك لە بەردەم كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا سەر بەرزبین و دیموكراسییەت و مەدەنییەتی كورد دەربخەین.
كوردستان راپۆرت: دوا وتەت؟
ئەمیر قادر: ئێمە سەیر لە داواكانی خۆمان تێدەگەین و چاوەڕێین خەڵك شتمان بۆ بكات، ئەگەر ئەو عەقڵە نەگۆڕین. بێگومان كارتەكانمان لە دەست دەچێت، بگرە هەموومان دەدۆڕێین، ئەمەی ئەمڕۆ لە كوردستان هەیە، وەك كەشتییەك وایە، ئەگەر نغرۆ بوو هەموومان دەخنكێین. بۆیە با هەموومان ئەم كەشتییە بپارێزین. دەبێت لۆبی جیهانیمان هەبێت، بۆ ئەوەی لە ئاستی دونیادا كێشەی خۆمان بناسێنین

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.