
پێکه‌نینی کیژێک …. حه‌مه مه‌نتک
دڵم شێتانه خۆشه
شنۆ ئه‌حمه‌د غه‌فوور
له منداڵییه‌وه پێده‌که‌نم
پێده‌که‌نم
نازانم بۆ!!
ته‌نانه‌ت ئێواره‌یه‌ک ژنه دراوسێکه‌مان توڕه بوو گوتی:
بۆ هه‌میشه ده‌خه‌نی کیژێ؟
له تاکه کیژی دنیا ده‌چی!
ئااااای خودا
ئه‌مه کۆتا خه‌نده‌کانی پێش ئه‌م سه‌فه‌ره‌مه
له‌م گه‌ڕانه، ناپڕژێمه هه‌ناسه‌ی ژیان
پێکه‌نین، خه‌نده
سبه‌ی گیانه، به خۆم و کۆڵێل چڵه ڕێحانه‌وه
به‌دواتدا ده‌گه‌ڕێم
ده‌گه‌ڕێم، تا سنووری شه‌و و ده‌رکه‌ی ڕۆژ
ده‌گه‌ڕێم به ڕووتی
وه‌نه‌وزه‌کانی نێو ڕۆحت داخه
ه‌بادا شه‌رمی جه‌سته دامگرێ!!
خۆ من هه‌ر منداله‌که‌ی جارانم
کۆڵانه‌کانی منداڵی ته‌نگ بۆته‌وه!!
ده‌زانی نه‌ک من،
ته‌نانه‌ت بوونیش
ئه‌و هه‌یبه‌ته‌ی جارانی نه‌ماوه!!
تۆ، ئه‌ی یار
سه‌ده‌یه‌ک له‌مه‌و پێش، خه‌نده‌ت لا شکۆمه‌ند بوو
ڕه‌نگی زه‌یتوونت ده‌به‌خشییه ده‌ریا
خه‌نده به دارهه‌ناره ته‌نیاکان
ژیان به کتێبه مردۆکان
شیعر، له جوانیته‌وه فێری سه‌ما ده‌بوو
شه‌کر له لێوانته‌وه
ئێستا وه‌ک(با)
ده‌چیته باوه‌شی ئێواره غه‌مگینه‌کانی شار!!!
ده‌حیلێنی له یه‌که‌م نوقرچ!!!
ته‌نانه‌ت جوانیییه‌که‌ی باوه‌شت
له مێژه‌وه داوه‌ته به کۆڵی سه‌راب!!!
ده‌خیلتم یارۆ
تاکه‌ی خیانه‌ت له جوانی ده‌که‌ی
ته‌نیایی به ژیان هه‌ڵده‌چنی
خۆ له دایکبوون و مردن
له جوانترین نزمایی دایه!!!!
ئااای که دڵم خۆشه
ئه‌و پاسپۆرته‌ی بۆ ژیانی تۆ پێمه
له‌وه‌ته‌ی په‌نجه‌کانی ناسیووم
ڕامووسان له‌گه‌ڵ خه‌یاڵ ده‌گۆڕێته‌وه
له‌م گه‌ڕانه…
ده‌ڕشێمه‌وه
لاقی پاساری له گه‌رووم دێته ده‌ر
خۆ له گه‌رووی زۆربه‌ماندا
لاقی پاساری هه‌یه
له ناخی گشتماندا
سه‌دان دیوه‌زمه سه‌وزه
بۆیه دایم، شیعری تاریک ده‌خوێنینه‌وه
ئاوی ڕه‌ش ده‌خۆینه‌وه
جنێو به ژیان ده‌ده‌ین،
بۆی ده‌ژین
خۆمان به ئابووری‌زان ده‌زانین
به‌ڵام هیچ
ناخمان له بۆ عیشق، له مه‌حشه‌ری سۆفییه‌کان قه‌ره‌باڵه‌غتره
که‌چی هیچی تر
هه‌ر که پیاسه‌یه‌ک به نێو ماڵه باجێنه‌که‌مدا ده‌که‌م
به نێو به‌رده گۆشتینه‌که‌مدا
هێنده‌ی تر دڵخۆش ده‌بم
دڵنیام ئه‌ی یار
ئه‌م گه‌ڕانه له دایکبوونێکی تری پێیه!!!
له قووڵایی ڕۆژ دێته ده‌ر
دوێنێ بوو
نا ڕه‌نگه سبه‌ی بێت
له‌م گه‌ڕیانه
سه‌وزه‌ژنێکم به‌ڕێکه‌وێ و پێم بڵێ:
کچه تۆخه‌که‌ی ئه‌م زه‌مه‌نه
بۆ دڵت شێتانه خۆشه!!؟؟
کاتێک به‌ر ده‌قێک ده‌که‌وین، له هه‌مان کاتدا به‌ر کۆمه‌ڵێک ته‌کنیک و ڕه‌گه‌زی نێو ئه‌و ده‌قه ده‌که‌وین. هه‌ر جوانی و ئێستاتیکای ئه‌و ته‌کنیک و ڕه‌گه‌زانه‌یه ئه‌م ده‌قه به‌ره‌و داهێنان ده‌به‌ن. من ڕاموایه تێمه‌ی هه‌ر ده‌قێک هه‌رچییه‌ک بێ به قه‌د ته‌کنیک گرنگی نییه. ئه‌وه‌یش مانای ئه‌وه نییه تێمه بایه‌خی نه‌بێت، نه‌خێر، هه‌یه‌تی، به‌ڵام ئێمه له ژیان و واقیعدا تێمه‌مان ئه‌وه‌نده زۆره نه‌بێته‌وه، گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌م تێمه‌یه چۆن ده‌که‌ین به ده‌قێک، واته به ئه‌ده‌بیکردنی تێمه گرنگه. له شیعرێکدا ئه‌وه‌ی سرنجمان ده‌با، زمانی شیعریی، وێنه‌ی هونه‌ری، مێتافۆڕ، ئالیگۆریا(خوازه)، سیمبوله…تاد. نه‌ک تێمه‌که‌ی، پرسێارێک دێته پێش، ئایا توانای شاعیر چه‌نده بۆ به‌کاربردنی ئه‌م ڕه‌گه‌ز و هونه‌رانه، به شێوه‌یه‌کی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری؟ لێره‌وه ئه‌زموون، پاشخانی ڕۆشنبیری شاعیر ڕۆڵیان له به ئه‌ده‌بیکردنی ده‌قه ده‌بێ.
(شنۆ ئه‌حمه‌د غه‌فوور) یه‌کێکه له کیژه شاعیره‌کانی که‌رکووک. له‌گه‌ڵ چه‌ند کیژه شاعیرێکی تر وه‌کوو(هێرۆ کورده) و چه‌ندێکی تر، له ئێستادا چه‌ند ده‌نگێکی شیعری چاکن. به سه‌لیقه‌وه، به هونه‌رییه‌وه شیعر ده‌نووسن. هه‌میشه هه‌وڵیانداوه خۆیان بن، نه‌ک له یه‌کتری و له که‌سانی تر بچن. هه‌رچه‌نده ئه‌مانه چه‌ند ده‌نگێکی مێیینه‌ی شیعرین، به‌ڵام کاتێک به‌ر ده‌قه‌کانیان ده‌که‌وین، به‌ر شیعر ده‌که‌وین، واته هه‌ست ناکه‌ین ئه‌وه مێیینه‌یه‌ک،یان نێرینه‌یه‌ک نووسیویه‌تی، به‌ڵکه هه‌ست به شیعر ده‌که‌ین. زۆر که‌س باوه‌ڕیان به ئه‌ده‌بی ژنانه و پیاوانه هه‌یه، که من خۆم باوه‌ڕم پێی نییه، چونکو ئه‌وه‌ی ده‌نووسرێت ئه‌ده‌به. بێگومان ئه‌ده‌بیش کۆمه‌ڵێ پێوه‌ری خۆی هه‌یه، ئه‌و پێوه‌رانه‌یش بۆ نووسه‌ری ژن و پیاو یه‌ک تشتن. پێوه‌رێکی ئه‌ده‌بی نییه تایبه‌ت به نووسه‌ری ژن، یان به نووسه‌ری پیاو.(ناتالی سارووت) ژنه ڕۆمانووس و یه‌کێک له داهێنه‌رانی ڕه‌وتی ڕۆمانی نوێ ده‌ڵێ: ” من لام وایه ئه‌ده‌بی ژنانه به مانا ته‌واوه‌که‌ی بوونی نییه، وه‌ک چۆن ناکرێت باس له مۆسیقای ژنانه یان فه‌لسه‌فه‌ی ژنانه بکرێت، من لام وایه ئه‌وه‌ی هه‌یه، ئه‌ده‌به”. 1
شیعری(دڵم شیتانه خۆشه)ی (شنۆ ئه‌حمه‌د غه‌فوور) یه‌کێکه له‌و ده‌قانه‌ی سه‌رشاره به وێنه‌ی هونه‌ری، هه‌روه‌ها زمانه‌که‌ی، زمانێکی دیالۆگ ئامێزانه‌ی له‌گه‌ڵ که‌سی به‌رانبه‌ر که نائاماده‌ییه هه‌یه. شاعیر هه‌وڵیداوه له ڕێی وێنه هونه‌رییه‌کانه‌وه بونیادی ئه‌و ده‌قه دابمه‌زرێنێت.
وێنه‌ی هونه‌ری:
ئه‌م چه‌مکه، به یه‌کێک له ڕه‌گه‌زه ئێستاتیکییه‌کانی شیعر داده‌نرێ. وێنه‌ی هونه‌ری له ڕێی هونه‌ره‌کانی ڕه‌وانبێژی وه‌کوو: مێتافۆڕ، ئالیگۆڕیا، هه‌روه‌ها میتۆنۆمی(درکه)، خوازه‌ی به‌ڕه‌ڵا…تاد دێته به‌رهه‌م. شاعیر له‌م ڕێیه‌وه هه‌وڵده‌دا تابلۆیه‌کی هونه‌ری به‌رهه‌م بێنێ، یان له نێو یه‌ک ده‌قدا چه‌ند ورده وێنه‌یه‌ک درووست بکا. وێنه‌ی هونه‌ری به‌هۆی پێوه‌ندی نێوان زمان و هه‌سته‌کانمان جێگر ده‌بێ، واته واقیع که‌ره‌سه‌یه‌کی خاوی چاکه، هه‌روه‌ها خه‌یاڵیش ئه‌و ڕۆڵه‌ی هه‌یه. که‌واته “وێنه‌ی هونه‌ری له شیعری نوێ‌دا ڕه‌گه‌زێکی گرنگه، که ته‌نها بۆ ڕازاندنه‌وه و جوانیی شیعره‌که داناهێنرێت، به‌ڵکو شاعیر به هۆی ئه‌ندێشه‌ی به هێز و خه‌یاڵی داهێنه‌رانه‌یه‌وه، وێنه‌یه‌کی به‌رجه‌سته‌کراوی هه‌ست و نه‌ست و باری ده‌روونی ده‌خولقێنێت”.2 له‌ڕێی وێنه هونه‌رییه‌کانه‌وه خوێنه‌ر ده‌توانێ دنیابینی شاعیر، کلیله‌کانی ئه‌و ده‌قه بدۆزێته‌وه.
له منداڵییه‌وه پێده‌که‌نم
پێده‌که‌نم
نازانم بۆ!!
ته‌نانه‌ت ئێواره‌یه‌ک ژنه دراوسێکه‌مان توڕه بوو گوتی:
بۆ هه‌میشه ده‌خه‌نی کیژێ؟
له تاکه کیژی دنیا ده‌چی!
پێکه‌نینی کیژێک، سرنجی ژنێکی ڕاکێشاوه، درووست‌کردنی ئه‌و وێنه‌یه، ئه‌وه‌مان بیر ده‌خاته‌وه پێکه‌نین بۆ ژن ، کچ له نێو کۆمه‌ڵی کورده‌واری عه‌یبه بووه. ئه‌و ژنه‌ی نه‌رم و شه‌رمن بووبێ، ئه‌وه په‌سنبووه. په‌ندێکی کوردی هه‌یه: پیاوی شه‌رمن شانه‌یه‌ک ناهێنێ، به‌ڵام ژنی شه‌رمن شارێک ده‌هێنێ. ئه‌م په‌نده سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌یه که پێکه‌نینی ژن جێی شه‌رمه، کاتێک کیژێک له نێو هه‌موو کیژان ده‌خه‌نێ، ده‌بێته دیارده‌یه‌کی سه‌یر. به‌م پێکه‌نینه، ته‌وقی نه‌ریتێک ده‌شکێنێ، ئه‌و مافه سرووشتییه‌ی که هی ژنه وه‌رگرێته‌وه. بۆیه پێکه‌نینی کیژێک ده‌بێته جێی پرسیار، هه‌روه‌ها، ئه‌و کیژه‌ی پێده‌که‌نێ نامۆ دیارده‌که‌وێ، پێکه‌نین نیشانه‌ی ئه‌وپه‌ڕی خۆشییه. لێره‌وه پێکه‌نینی کیژێک پرسیارێکی له کن خه‌ڵک درووستکردوه، ورووژاندنی پرسیار، کارێکی جوانیناسانه‌یه، پڕ بایه‌خه.
وشه که‌ره‌سه‌یه‌کی سه‌ره‌کی شاعیره.” ژیان هیچی دیکه نییه، وشه نه‌بێت، ئه‌وه ته‌نیا وشه‌یه، بڕیار ده‌دات، ژیانی ئێمه به‌ره‌و کوێ ده‌روات. ئه‌وه ته‌نیا وشه‌یه ده‌رگای ژیان به ڕووی ئێمه‌دا ده‌کاته‌وه یان داده‌خات. ئێمه ته‌نیا به هۆی وشه‌ی جوانه‌وه هه‌ست به دڵنیایی، شادی و هێور ده‌که‌ین”.3 ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی شاعیر به وشه، ئه‌رکێکه ده‌بێ هه‌موو شاعیرێک بیخاته ئه‌ستۆی خۆی. پاشخانی شاعیر له ڕووی وشه فه‌رهه‌نگی و زاراوه‌کانه‌وه ده‌بێ ده‌وڵه‌مه‌ند بێ. زۆر شاعیرمان هه‌ن، ده‌توانن له ڕێی زمانی شیعرییه‌وه، ستایلی تایبه‌ت به خۆیان دابهێنن. ئه‌مه‌یش له ڕێی هه‌ڵبژاردنی وشه‌کانه‌وه ده‌بێ. شاعیر بۆ درووست‌کردنی وێنه‌ی هونه‌ری، په‌نا بۆ وشه ده‌با.
تۆ، ئه‌ی یار
سه‌ده‌یه‌ک له‌مه‌و پێش، خه‌نده‌ت لا شکۆمه‌ند بوو
ڕه‌نگی زه‌یتوونت ده‌به‌خشییه ده‌ریا
خه‌نده به دارهه‌ناره ته‌نیاکان
ژیان به کتێبه مردۆکان
شیعر، له جوانیته‌وه فێری سه‌ما ده‌بوو
شه‌کر له لێوانته‌وه
ئه‌گه‌ر سه‌یری هێندێک له وشه‌کانی نێو ئه‌م چه‌ند دێره بکه‌ین. ده‌بینین شاعیر به شێوه‌یه‌کی ورد وشه‌کانی هه‌ڵبژاردوون. هه‌روه‌ها ئه‌و وێنانه‌ی له ڕێی ئه‌م وشانه‌وه درووستیکردون تووشی سه‌رسوڕمانمان ده‌کا. وێنه‌کانی ( ڕه‌نگی زه‌یتوونت ده‌به‌خشیه ده‌ریا، خه‌نده به دار هه‌ناره‌کان، ژیان به مردۆکان) ئه‌م وێنانه له ئه‌نجامی لێکدانی وشه‌کانی هاتووه، به‌ڵام چۆن لێکدانێک؟ ئه‌مه‌یان خاڵی گرنگه، چونکو دانانی وشه له ته‌نیشت یه‌کتری و ڕیزکردنیان وردی ده‌وێت. هه‌موو قورسی و هێزی ده‌نگه‌کان له‌سه‌ر وشه‌ی(خه‌نده)یه، له ڕێی خه‌نده‌وه ده‌ریا ڕه‌نگی ده‌گۆڕا، ژیان به‌به‌ر کتێبه مردووه‌کانه‌وه ده‌کرا. واته له ڕێی خه‌نده و پێکه‌نینه‌وه ژیان ده‌که‌وێته جووڵه. ژیان مانا و ڕه‌نگێکی تر وه‌رده‌گرێت.
بیر و ئه‌ندێشه و واقیع، پێکهاته‌ی وێنه‌ی هونه‌رین. له ڕێی ئه‌مانه‌وه شاعیر هه‌وڵده‌دا وێنه‌کان درووست بکا. کاتێک شاعیر بیرێکی به مێشک‌دا دێ، یان له واقیع دیارده‌یه‌ک ده‌بینێ و کاری تێده‌کا، ئه‌مانه ده‌بنه هه‌وێنی وێنه و شاعیر به‌کارین ده‌با.
له‌م گه‌ڕانه…
ده‌ڕشێمه‌وه
لاقی پاساری له گه‌رووم دێته ده‌ر
خۆ له گه‌رووی زۆربه‌ماندا
لاقی پاساری هه‌یه
له ناخی گشتماندا
سه‌دان دیوه‌زمه سه‌وزه
بۆیه دایم، شیعری تاریک ده‌خوێنینه‌وه
ئاوی ڕه‌ش ده‌خۆینه‌وه
جنێو به ژیان ده‌ده‌ین،
بۆی ده‌ژین
خۆمان به ئابووری‌زان ده‌زانین
به‌ڵام هیچ
ئه‌و وێنه‌یه‌ی شاعیر، لێره به‌رباسی ده‌دات، له واقیعه‌وه وه‌ریگرتووه. ده‌بینین هه‌ر یه‌که‌مان له ژیانی ڕۆژانه‌ماندا زۆر ڕه‌شبینین. ته‌نانه‌ت له ژیانمان ناڕازین، که چی هیچ هه‌وڵێکیش له‌لایه‌ن خۆمانه‌وه بۆ باشترکردن و جوانکردنی ئه‌و ژیانه له ئارادا نییه. ئه‌مه‌یش خه‌تای ژیان نییه، به‌ڵکه بێده‌سه‌ڵاتی خۆمانه له به‌رانبه‌ر ژیان. هه‌ریه‌ک له ئێمه خه‌نده و پێکه‌نین له ژیانیدا بوونی نییه. هه‌میشه په‌نا بۆ ئه‌و دیارده و تشتانه ده‌به‌ین، که ڕه‌شبینترمان ده‌که‌ن. بۆیه‌یش شاعیر به پێکه‌نین و خه‌نده ڕووبه‌ڕووی هه‌موو ئه‌م دیاردانه ده‌بێته‌وه، هه‌وڵده‌دا تا سه‌ر ئێسک پێبکه‌نێ، چونکو هه‌ر تاکێک له ئێمه خۆی له بوارێک به پسپۆر و لێزان ده‌زانێت، که‌واته جوانکردنی به شێکی ژیانی ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ، به‌ڵام به‌رده‌وام خه‌ریکی گله‌کردنین، به‌بێ ئه‌وه‌ی گچکه‌ترین هه‌وڵ بوونی هه‌بێت. بێگومان ئه‌نجامی هه‌موو ئه‌و گله‌کردنانه‌یش، یه‌کسانه به هیچ. هه‌میشه هه‌وڵدان بۆ ڕه‌شکردنی ژیان و کوشتنی جوانی، هه‌وڵی به‌رده‌وامی تاکی کورده. به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م ڕه‌شبینییه، وێنه‌یه‌که، دیارده‌یه‌که له‌نێو کۆمه‌ڵی کوردی بوونی هه‌یه، شاعیر، ئه‌م دیارده‌یه‌ی کردۆته هه‌وێنی به‌شێک له‌م شیعره، تاکوو پێمان بێژێت، ئه‌وه به‌ڕووی ژیان خه‌نینه، ئه‌وه پێکه‌نینه وامان لێده‌کات دڵمان شێتانه خۆش بێ.
دوێنێ بوو
نا ڕه‌نگه سبه‌ی بێت
له‌م گه‌ڕیانه
سه‌وزه‌ژنێکم به‌ڕێکه‌وێ و پێم بڵێ:
کچه تۆخه‌که‌ی ئه‌م زه‌مانه
بۆ دڵت شێتانه خۆشه!!؟؟
له دووتوێی ئه‌م شیعره‌دا ئێمه به‌ر چه‌ندین وێنه‌ی هونه‌ری ده‌که‌وین. هه‌موو ئه‌و وێنانه‌یش بۆ نیشاندانی جوانی و کاریگه‌ری پێکه‌نینه. پێکه‌نین تشتێکی ئه‌وه‌نده گران نییه، که له ده‌سه‌ڵاتی مرۆڤدا نه‌بێت، ئه‌نجامی بدات. به‌ڵکه تشتێکی ئه‌وه‌نده سانایه، مرۆڤ له توانایدایه ژیان به پێکه‌نین جوان بکات. گه‌ڕانێکی به‌رده‌وام له‌کن شاعیر بوونی هه‌یه، بۆ جاڕدانی ئه‌وه‌ی پێکه‌نین و خه‌نده یه‌کێکه له ئامرازه‌کانی خۆشکردنی ژیان. به‌مه‌یش ده‌بێته جێی پرسیار و چاوتێبڕین، چونکو پێکه‌نینی کیژێک به نێره‌کان نامۆیه، ئه‌م کێژه‌یه‌ش تاکه ئامراز بۆ جواننیشاندانی ژیان پێکه‌نینه له کنی.
ئه‌وه‌ی له کن من گرنگی هه‌یه، شێوازی نووسینه. هه‌ر شاعیرێک نووسه‌رێک له کۆتاییدا ده‌بێ ببێ به خاوه‌ن شێوازێک له نووسین. شێوازی نووسین به‌شێکه له ته‌کنیک. ئێمه ته‌کنیکه‌کانمان له‌به‌ر ده‌ستن، به‌ڵام هه‌ر شاعیر و نووسه‌رێک چۆن به شێوازی خۆی به‌کاریان ده‌با. (شنۆ ئه‌حمه‌د) یه‌کێکه له‌و شاعیره گه‌نجانه‌ی له ڕێی ئه‌وه‌یه شێوازی خۆی بدۆزێته‌وه. هه‌ر له هه‌ڵبژاردنی وشه‌کان و به‌خشینی ڕیتم پێان، به‌کاربردنی ته‌کنیک، که ئه‌مه خاڵێکی جوانی (شنۆ)یه، هه‌موو ئه‌مانه ده‌بێ به وردی ئه‌نجام بدرێت.
په‌راوێزه‌کان:
1. من به‌لزاکم کوشت،گوتوبێژ،وه‌رگێڕانی: مسته‌فا زاهیدی،به‌ڕێوه‌به‌رێتیی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی سلێمانی، سلێمانی،2011، ل176.
2. فه‌رهه‌نگی زاراوه‌ی ئه‌ده‌بی و ڕه‌خنه‌یی، نه‌وزاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رێتیی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی سلێمانی، سلێمانی،2011، ل195.
3. خوێندنه‌وه‌ی شیعرێک، حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن،ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر، ژماره:1225، ڕێکه‌وتی 2/1/2012،ل 17.