ئه‌کره‌می مام عه‌لی
ئه‌وی هه‌ر بۆ خۆی بژی، ته‌نیا یه‌ک جار ده‌ژی،
ئه‌وی بۆ خۆی و بۆ خه‌ڵک بژی، چه‌ندان جار ده‌ژی.
ئه‌کره‌می مام عه‌لی ئه‌گه‌ر هه‌ر بۆ خۆی ژیابا،
هه‌نووکه له دڵی ئێمه‌دا نه‌ده‌ژیا.
ته‌نیا به خوێندنه‌وه، ده‌ق بوونی خۆی وه‌ک کارێکی ئه‌ده‌بی ده‌سه‌لمێنێت، ئه‌گه‌ر نا پێش ئه‌وه‌ی به دیداری خوێنه‌ر شاد بووبێت، ناتوانێت بانگه‌شه بۆ هه‌بوونی خۆی بکات. هه‌ر کتێبێک با هه‌زاران دانه‌یشی لێ چاپ کرابێت، گه‌ر که‌س نه‌یخوێندبێته‌وه، کتێب نییه. کاری ئه‌ده‌بی به دوو باڵ ده‌فڕێت، باڵی یه‌که‌میان نووسه‌ری ده‌قه‌که‌یه و باڵی دووه‌میش خوێنه‌ر. (کانت) پێی وایه ته‌نیا که‌سانی بلیمه‌ت ده‌توانن کارێکی هونه‌ری نه‌مر به‌رهه‌م بهێنن و هه‌رگیز که‌سانی ئاسایی ناتوانن لاسایی ئه‌و بلیمه‌تانه بکه‌نه‌وه. ئه‌گه‌ر نووسین به گشتی و نووسینی کاری ئه‌ده‌بی به تایبه‌تی، کارێکی ئاسان بووایه، هه‌موو که‌س ده‌بووه نووسه‌ر.
ئه‌و نووسه‌ره‌ی ڕێزی خوێنه‌ری خۆی بگرێت، هه‌موو شتێک ناڵێت، هه‌میشه شتێک یان چه‌ند شتێک بۆ خه‌یاڵی خوێنه‌ر جێ ده‌هێڵێت. هه‌میشه هه‌ندێک بۆشایی ده‌هێڵێته‌وه و ئه‌رکی پڕکردنه‌وه‌یان به خوێنه‌ر ده‌سپێرێت. بۆیه ده‌ق کۆمه‌ڵێک خوێندنه‌وه هه‌ڵده‌گرێت، چونکه هه‌ر خوێنه‌ره و به شێوازی خۆی و به گوێره‌ی پاشخانه ڕۆشنبیرییه‌که‌ی، بۆشایییه‌کان پڕ ده‌کاته‌وه. نووسه‌ر ده‌بێت بوار به خوێنه‌ریش بدات، خه‌یاڵی بخاته گه‌ڕ، نابێت ته‌واوی وێنه‌که بکێشێت، پێویسته لێ بگه‌ڕێت، خوێنه‌ر ته‌واوی بکات.
هه‌مزه عه‌لی ساڵح، فوئاد محه‌ممه‌د ئه‌مین و ئه‌کره‌م عه‌لی ساڵی 1977 به سێقۆڵی، کتێبێک به ناونیشانی (کۆمه‌ڵێ چیرۆکی ئاوس)ه‌وه(1) بڵاو ده‌که‌نه‌وه که بریتی ده‌بێت له سێزده کورته‌چیرۆک. کورته‌چیرۆکه‌کان سێیان هی فوئاد ده‌بێت، پێنجیان هی هه‌مزه و پێنجیان هی ئه‌کره‌م. ئه‌کره‌م ناوی (چیرۆکه ئاوسه‌کان) له کورته‌چیرۆکه‌کانی خۆی ده‌نێت. ئه‌کره‌م ساڵی 1955 له دایک بووه، که یه‌که‌مین چیرۆکی بڵاو کردووه‌ته‌وه: (ڕووبارێک له سه‌هۆڵ، ژماره 22 ی ڕۆشنبیری نوێ 01. 10. 1974) ته‌مه‌نی نۆزده ساڵ بووه. ئه‌کره‌م ساڵی 1977 به بیست و دوو ساڵی بیری له‌وه کردووه‌ته‌وه، چیرۆکی ئاوس، نه‌ک ئاسایی بنووسێت. (ڕووبارێک له سه‌هۆل) که ناونیشانێکی نائاسایییه و ده‌ربرینێکی نوێیه، به‌ڵگه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی، ئه‌و هه‌ر له ده‌ستپێکه‌وه بیری لای ئه‌وه بووه، له ئه‌ده‌بی باو یاخیی ببێت.
(چه‌قۆیه‌کی تیژ دڵی ئه‌و شه‌وه‌ی شه‌قار ده‌کرد و دڵۆپ دلۆپ خوێن کۆ ده‌بووه‌وه، تا ده‌بوو به ڕووبارێ، ڕووباره‌که‌ش ده‌ستی لێ ده‌ڕووا و قاچی لێ په‌یدا ده‌بوو و هه‌ڵده‌ستایه سه‌ر پێ.)(2) ئه‌وه یه‌که‌مین په‌ڕه‌گرافی یه‌که‌مین چیرۆکی ئه‌کره‌مه که بریتییه له چه‌ند وێنه‌یه‌کی سوریالی، ئه‌گه‌ر چی ئه‌و ساڵی 1974 به‌و شێوازه سه‌رسووڕهێنه ده‌ستی به نووسین کردووه، وه‌لێ دواتر، به تایبه‌تی وه‌ک به چیرۆکه‌کانی کۆچیرۆکی (بازنه‌ی خۆر)ه‌وه دیاره،(3) له هه‌واری ڕیالیزمدا بارگه ده‌خات و ئیدی تا چیرۆکی (ده‌سه‌ڵاتی گه‌سک)(4) که له ئایاری 1995 دا نووسیویه‌تی و پێ ده‌چێت دوا چیرۆکی بێت، ئه‌و هه‌واره جێ ناهێڵیت. ئه‌کره‌م 1993 (بازنه‌ی خۆر) که له شه‌ش کورته‌چیرۆک پێک هاتووه، بڵاو ده‌کاته‌وه. ئه‌و نامیلکه‌یه هیچ ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی نابێت و هیچ قه‌ڵه‌مێک به سه‌ری ناکاته‌وه.
(ددانپێدانانه‌کان)ی ڕۆسۆ، (بیره‌وه‌رییه‌کانی ئه‌ودیوی گڵکۆ)ی شاتوبریان، (ئه‌گه‌ر تۆوه‌که نه‌مردبا)ی ئه‌ندرێیه گید، (ڕۆژه‌کان)ی ته‌ها حسێن، (وه‌رزی کۆچی به‌ره‌و باکوور)ی ئه‌لته‌ییب ساڵح و (زه‌لکاو)ی حه‌ننا مینه، نموونه‌ی باڵای ئه‌ده‌بی ژیاننامه‌ن. ده‌شێت له‌بارترین ژانر بۆ گێڕانه‌وه‌ی ژیاننامه، چیرۆک بێت، وه‌لێ داهێنه‌ر ده‌توانێت له ڕێی شیعر و گێڕانه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆی بیره‌وه‌رییه‌کانیشییه‌وه، ڕووناکی بخاته سه‌ر لایه‌نه نهێنییه‌کانی ژیانی. کلیف جیمس پێی وایه: یه‌که‌مین ڕۆمانی هه‌موو نووسه‌رێک، گێڕانه‌وه‌ی ژیانی خۆیه‌تی له‌ودیو ده‌مامكێکه‌وه. ئه‌گه‌ر چی چیرۆکبێژ له هه‌موو چیرۆکه‌کانی (بازنه‌ی خۆر)دا، هه‌موو شتێک ده‌زانێت، به‌رده‌وام ئاماده‌یه، ئاگای له هه‌موو ورد و درشتێکه و چاوی له هه‌موو گرته‌یه‌که، وه‌لێ چیرۆک‌نووس نییه، ده‌مامکێکه نووسه‌ر خۆی له‌ودیوییه‌وه شاردووه‌ته‌وه. چیرۆک با به ڕاناوی که‌سی یه‌که‌می بگۆیش بگێڕدرێته‌وه، نابێت ته‌نیا به‌وه فریو بخۆین و وای بۆ بچین، چیرۆکبێژ خودی چیرۆکنووسه.
له کن من چیرۆکی (نامه به‌ده‌کان)(5) که ساڵی 1992 نووسیویه‌تی و پێ ده‌چیت ناوه‌که‌ی له کۆمه‌ڵه‌شیعره‌که‌ی بۆدلێر، (گوڵه به‌ده‌کان)ه‌وه وه‌رگیرابێت، یه‌کێکه له به‌رهه‌مه هه‌ره به‌پێزه‌کانی ئه‌کره‌م. له‌و چیرۆکه‌دا خوێنه‌ر هه‌ست به فره‌ده‌نگی ده‌کات و هه‌ر کاره‌کته‌ره و ناسنامه‌ی خۆی هه‌یه. هه‌ست ناکه‌ین نووسه‌ر هه‌وڵی ده‌ستتیوه‌ردانی ده‌قه‌که و سه‌پاندنی بۆچوونی خۆی دابێت. دوو کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌که‌ی چیرۆکه‌که، دوو که‌سی ته‌واو جیاوازن و له یادی خوێنه‌ردا ده‌مێننه‌وه. ئه‌کره‌م خوازیاره له ڕێی ئه‌و چیرۆکه‌وه پێمان بڵێت: خۆقه‌تیسکردن له‌ناو چوارچێوه‌یه‌کی دیاریکراودا، به‌ره‌و مه‌رگمان ده‌بات، ئاخر ژیان که به‌رده‌وام له گه‌شه‌کردندایه، دژی خۆ له قاڵبدانه، ئاخر خۆ له قاڵبدان، دۆگما به‌رهه‌م ده‌هێنێت و توانای دووربینین و پێشبینی کردنمان لێ زه‌وت ده‌کات. (نامه به‌ده‌کان) ئه‌وه جه‌خت ده‌کات، زمان که فیکر به‌رجه‌سته ده‌کات، سه‌رومڕ گۆڕانی به سه‌ردا دێت، بۆیه ئاسایییه فیکریش له‌گه‌ڵ گۆڕانی زمان و زه‌ماندا گۆڕانی به سه‌ردا بێت.
جاک درێدا ده‌بێژێت: (که نه‌توانین ده‌رک به بایه‌خی ناوه‌ڕۆک بکه‌ین، که توانای داهێنانمان نه‌بێت، خۆ به ده‌ست شه‌پۆلی فۆرمه‌وه ده‌ده‌ین.) ئه‌کرم سوودی له گه‌لێک له ته‌کنیکه نوێیه‌کانی چیرۆکنووسین بینیوه، وه‌لێ زیده‌ڕۆیی له هانا بۆ بردنیاندا نه‌کردووه. ده‌زانێت که‌نگێ و چۆن که‌ڵک له فڵان ته‌کنیک وه‌رده‌گرێت، ده‌زانێت چیرۆک‌نووس به‌ر له هه‌موو شتێک، پێویسته شاره‌زای هونه‌ری گێڕانه‌وه بێت، بۆیه له پێناوی هونه‌رییانه گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌کاندا، هانا بۆ ئه‌م یان ئه‌و ته‌کنیک ده‌بات.
(ئینسان بۆ هه‌ناردنی نامه‌ی خۆشه‌ویستی بۆ خودا، پێویستی به نامه‌به‌ر نییه.) حه‌للاج له‌سه‌ر ئه‌و وشه جوانانه، ساڵی 922 به زینوویی سووتێنندرا. هه‌ر به زه‌بری په‌یڤی جوان، ده‌شێت قه‌ڵه‌م جێ به شمشێر له‌ق بکات، شه‌هره‌زاد گره‌و له شه‌هریار بباته‌وه، ئه‌وه نه‌بوو شه‌هرده‌زاد به هۆی وشه‌وه، نه‌ک هێزی بازوویه‌وه، مه‌رگی خۆی دوا خست. هه‌بوونی چیرۆک به هه‌بوونی دێمۆکراسییه‌وه به‌نده و چیرۆک دێمۆکراسی ده‌سه‌پێنێت. مۆدێرنیزم په‌ڕینه‌وه‌یه له تاکده‌نگییه‌وه بۆ فره‌ده‌نگی، چونکه شیعر ده‌نگی تاکێکه بۆیه چیرۆک دیوانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه. ئێستا شیعر هه‌واری دێرینی خۆی جێ هێشتووه و به دوای هه‌واری نوێ‌دا ده‌گه‌ڕێت، پشووی تێدا بدات.
جیاوازیی نێوان دیوی ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی زمانی ده‌ق که له ڕێی به‌گه‌ڕخستنی ڕه‌مزه‌وه به‌دی دێت، ده‌وڵه‌مه‌ندیی ده‌ق نیشان ده‌دات و کارێک ده‌کات، خوێندنه‌وه‌ی جیاوازمان بۆی هه‌بێت و فه‌زایه‌کی شیعریی به تێکسته‌که ده‌به‌خشێت. ئه‌کره‌م گه‌لێک جار به زمانێک که له زمانی شیعره‌وه نزیکه، ئه‌و (ڕووداوانه‌مان) بۆ ده‌گێڕێته‌وه که زاده‌ی خه‌یاڵن، ئاخر چیرۆکێک که پشت به فه‌نتازیا نه‌به‌ستێت، له ڕیپۆرتاژ نزیک ده‌بێته‌وه. نووسه‌ر له باسی خۆرئابووندا ده‌ڵێت: (ئاسمان سووراوێکی کاڵی کردووه.)(6) گۆران له باسی خانووه‌کانی گونده‌کانی هه‌وراماندا ده‌بێژێت:
یه‌ک له‌سه‌ر یه‌کتر به‌ره‌و لوتکه‌ی کێو
بۆ ئاسمان ده‌چن وه‌ک پێپیلکه‌ی دێ‌و.
ئه‌کره‌میش شاعیرانه وێنه‌ی گوندێکی کوردستان ده‌کێشێت: (گوند سه‌ری کردووه‌ته سه‌ر سه‌رینی چیا و قاچه‌کانی ڕاکێشاوه‌ته ناو چه‌م.)(7) یان ده‌ڵێت: (شاتوویه‌کی ڕووتوقووت شانی دادابووه سه‌ر سه‌رینی ڕه‌شی شه‌و.)(8) که نامه به‌ده‌کان ده‌خاته‌وه نێو زه‌رفه‌که: (زه‌رف وه‌ک دیواری ده‌ره‌وه‌ی دیواری گڵ ورگ ده‌دات.)(9)
فیردۆسی و جامی هه‌ردووکیان (یوسف و زوله‌یخا)یان نووسیوه، ئه‌میان له ساڵی 1010 دا و له ساڵی 1483 دا. فاتیمه مه‌رنیسی ده‌بێژێت: (ده‌قی پیرۆز که ئه‌و چیرۆکه به سه‌ر ده‌کاته‌وه، هه‌ر به‌وه‌وه ناوه‌ستێت، ژن وه‌ک ناپاک نیشان بدات، به‌ڵکوو هێنده سووک سه‌رنجی مێ ده‌دات، ناوی زوله‌یخا ناهێنێت و ته‌نیا ڕاناوی ئه‌و له‌بری ناوه‌که‌ی به‌کار ده‌هێنێت.)(10) تۆ بڵێیت سه‌روه‌ربوونی یاسای ده‌قی پیرۆز تا هه‌نووکه، له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه بێت که مێردی تا ئێستا هه‌ر سالار، له به‌رژه‌وه‌ندی پیاو نووسیویه‌تی؟ ئه‌کره‌م دژی ئه‌و سووکایه‌تییه بوو که به ژن ده‌کرا و به ڕه‌وتار نه‌ک هه‌ر به نووسین، ئینسانێک بوو بڕوای به یه‌کسانیی ژن و پیاو هه‌بوو. ئیبن حه‌مزه (994 _ 1064) ده‌ڵێت: (بۆ ئه‌وه‌ی پیاو له ده‌رگای چاوته‌وه نه‌گاته ڕۆحت، هه‌رگیز له ئاستی پیاودا چاو هه‌ڵمه‌بڕه ئه‌ی ژن!) ئه‌کره‌م دژی ئه‌و بۆچوونه نائینسانییه بوو، هه‌وڵێ بۆ ئه‌وه ده‌دا، ژن ئینسانێکی ئازادی سه‌ربڵند بێت، نه‌ک کۆیله‌یه‌کی چاوشۆڕ. ئه‌و بروای وابوو، (ئه‌و ژنه‌ی سه‌رمایه‌ی ته‌نیا له‌شولاری بێت، ژنێکه هه‌ژار، ئه‌و پیاوه‌ی سه‌رمایه تاقه لایه‌نی گه‌شی بێت، پیاوێکه نابووت.)
ئه‌کره‌م مێژوو ده‌کاته سه‌رچاوه، وه‌لێ مێژوو ناگێڕێته‌وه، دیالۆگی له‌ته‌کدا ده‌کات. له چیرۆکی (زیانه‌کانی مچه‌ی که‌مال کولانه)دا(11) که ئاوڕ له شه‌ڕی نێوان عێراق و ئێران ده‌داته‌وه، ده‌یه‌وێت به‌شتبوونی ئینسان و به‌بتبوونی شمه‌ک به‌رجه‌سته بکات. خه‌باتی خه‌ڵکی کوردیش له پێناوی مافی ڕه‌وای خۆیدا، لای ئه‌کره‌م ده‌بێته هه‌وێنی چیرۆکی (گومرگ)(12) که یه‌کێکی دیکه‌یه له ده‌قه جوانه‌کانی.
گوستاڤ فلوبیر ده‌بێژێت: (به هۆی پلارهاویشتنه‌وه نه‌بووایه، نه‌مده‌توانی به کێوی سه‌ختی ژیاندا هه‌ڵزنێم.) ئه‌کره‌م وێڕای چیرۆک، ستوونی ته‌نزئامێز و ساتیریشی ده‌نووسی. زۆربه‌ی خوێنه‌ران که (په‌یام)یان پێ ده‌گه‌ییشت، یه‌که‌م جار ستوونه‌که‌ی ئه‌کره‌میان ده‌خوێنده‌وه و که (چراخان)یان ده‌بینی، له (بۆ بزه‌ی لێو)ی وییه‌وه ده‌ستیان به خوێندنه‌وه‌ی ده‌کرد.(13)
فۆکۆ ده‌ڵێت: (که سه‌رنجی تابلۆیه‌ک ده‌ده‌ین، پێویسته ئه‌وه‌مان له یاد بێت، له‌نێو تابلۆکه‌یشدا نیگارکێشێک هه‌یه لێمان ڕاده‌مێنێت.)(14) جیاکردنه‌وه‌ی ده‌ق له نووسه‌ر، وه‌ک جیاکردنه‌وه‌ی ڕه‌نگی سه‌وزه له گه‌ڵای زیندوو، له جه‌سته‌ی هه‌موو به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بیدا، گیانی نووسه‌رێک هه‌یه. که چیرۆکه‌کانی (بازنه‌ی خۆر)یم ده‌خوێنده‌وه، که سه‌رنجی ته‌نزه‌کانی (چراخان)یم ده‌دا، که له ستوونه‌کانی (په‌یام)ی ورد ده‌بوومه‌وه، ئه‌کره‌می مام عه‌لیم ده‌بینی، بزه‌یه‌کی له‌وه‌ی مونالیزای له‌سه‌ر لێوه، نه‌مده‌زانی به ده‌م ژیانه‌وه پێده‌که‌نێت، یان پێکه‌نینی به ژیان دێت.(15)
*
(1) هه‌مزه عه‌لی ساڵح، فوئاد محه‌ممه‌د ئه‌مین و ئه‌کره‌م عه‌لی محێدین، کۆمه‌ڵێ چیرۆکی ئاوس، چاپخانه‌ی ڕاپه‌ڕین 1997 سلێمانی.
(2) هه‌مان سه‌رچاوه ل44
(3) ئه‌کره‌م عه‌لی، بازنه‌ی خۆر، کورته‌چیرۆک 1993 سوێد.
(4) ئه‌کره‌م عه‌لی، ده‌سه‌ڵاتی گه‌سک، په‌یام، ژماره 16 یولی 1999 له‌نده‌ن.
(5) ئه‌کره‌م عه‌لی، بازنه‌ی خۆر، ل33
(6) بازنه‌ی خۆر، ل4
(7) بازنه‌ی خۆر، ل5
(8) بازنه‌ی خۆر، 29
(9) بازنه‌ی خۆر ل54
(11) بازنه‌ی خۆر، 56
(12) بازنه‌ی خۆر، 23
(13) په‌یام و چراخان، دوو مانگنامه بوون، ئه‌میان له له‌نده‌ن و ئه‌ویان له لوند (شارێکه له باشووری سوێد) ده‌رده‌چوو.
(14) میشیل فوکو، الکلمات و الأشیاء، ترجمه: مطاع صفدی، ص30 مرکز الإنماء القومی 1989 بیروت.
(15) محمد الماغوط، سأخون وطنی، ص19 دار المدی 2001 دمشق.
(10) Fatima Mernissi, Shahrazad reser västerut, översättning va: Lena Melin, Norsted förlag 2002 Stockholm.
حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن