ئاماده‌یی گرۆتۆفسكی له لابۆره ئه‌زموونكارییه‌كه‌ی…
ئاماده‌یی گرۆتۆفسكی له لابۆره ئه‌زموونكارییه‌كه‌ی تیپی ئه‌زموونگه‌ری كه‌ركووك
“ته‌واو بێتاقه‌ت ده‌بم كاتێ یه‌كێك لێم ده‌پرسێت: ڕه‌سه‌نایه‌تی له كوێی نمایشه ئهزموونكارییهكانی شانۆی تۆدایه؟ ئه‌م جۆره پرسیارانه پێشوه‌خت گریمانی ئه‌وه دروست ده‌كات كه پێویسته له كاری شانۆی ئهزموونكاریدا هه‌موو جارێك ته‌كنیكێكی تازه به‌كار بهێنرێت، ئه‌وه‌ش لقێكه نه‌ك ره‌سه‌نایه‌تی، هه‌روه‌ك ده‌یسه‌پێنێ كه پێویسته ئه‌نجامی هه‌موو كارێكی ئه‌زموونكاری پشكێكی تازه‌ی هه‌بێ له شانۆی هاوچه‌رخدا وه‌ك دیكۆرێكی شانۆیی كاتێك ده‌رهێنه‌ر له دیزاینه‌كه‌یدا هه‌ندێ بیرۆكه له هونه‌ری په‌یكه‌رتاشی و هه‌ندێكی تریش له توانا ئه‌لیكترۆنیه‌كان وه‌رده‌گرێت، یاخود كاتێ كه ئه‌كته‌ره‌كان به‌شێوه‌ی كه‌ساییه‌تیه كابارییه باوه‌كان یان موههریجهكانی سێرك ڕۆڵه‌كانیان به‌رجه‌سته ده‌كه‌ن كه خۆم پێشتر به‌شێك بووم له‌و جۆره. به‌لام نمایشه‌كانی ئێمه له ( لابۆری شانۆیی) به ئاراسته‌یه‌كی تردا هه‌نگاو ده‌نێت ئێمه له وێستگه‌ی یه‌كه‌مدا هه‌وڵ ده‌ده‌ین كه خۆمان له شوێنكه‌وتنی یه‌ك ئسلوبیی لاده‌ین به‌ڵكو ئه‌وه‌ی كه هه‌ڵیده‌بژێرین پێمانوایه له نێوان ئسلوبهكاندا باشترینیانه، له‌وه‌وه له هه‌وڵی خوڵقاندنی (بیركردنه‌وه)ین له شانۆدا، هه‌روه‌ها ئامانجی ئێمه دیاریكردنی سروشتی شانۆیه كه جیاوازتره له ته‌واوی هونه‌ره‌كان، ئه‌وه‌شی كه جیای ده‌كاته‌وه (نمایش و ده‌ربڕین) ه. پاشان نمایشه‌كانی ئێمه بریتیه له گه‌ڕانێكی هه‌ڵهێنجراو و پوخته له په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌كته‌ر و بینه‌ر.. به‌مانایه‌كیتر ئێمه پێمانووایه ته‌كنیكی ئه‌كته‌ر جه‌وهه‌ر و ناوه‌رۆكی شانۆیه”
ئێمه پێمانووایه ته‌كنیكی ئه‌كته‌ر جه‌وهه‌ر و ناوه‌رۆكی شانۆیه….ئێمه‌ش وه‌ك گرۆتۆفسكی ئه‌م دێڕه‌مان كرد به ده‌سپێكی ئیشه‌كانمان، به‌م دێڕه شه‌مه‌نده‌فه‌ری ئه‌زموونه‌كانمان به‌گه‌رخست، شانۆمان خاڵی كرده‌وه له هه‌موو ره‌گه‌زه زیاد و بێكه‌ڵكه‌كان ئینجا كارمان كرد، ئه‌كته‌ر له لابۆرهكهی تیپی شانۆی ئه‌زمونگه‌ری كه‌ركووكدا هاوشێوه‌ی ئه‌و قه‌دیسه بوو كه گرۆتۆفسكی به ئه‌كته‌ره‌كانی خۆی ده‌ووت، چونكه لای ئێمه‌ش ئه‌كته‌ر به‌ویستێكی قوڵ و پته‌وه‌وه هاتبوو بۆ كار كه ته‌نها ویستی داهێنان و شانۆكردن پاڵنه‌ری بوو، له رووی جه‌سته‌وه ته‌واو ئاماده‌باش بوو بۆ ته‌واوی راهێنانه جه‌سته‌یی و ده‌روونیه‌كان، دواتر ئه‌كته‌ری ئه‌م لابۆرهی ئێمه له ئه‌نجامی بیركردنه‌وه‌و له سه‌ر بنه‌مای تێگه‌یشتن و وه‌رگرتن ده‌جوڵایه‌وه، دیمه‌ن و رووداوی بۆ نمایش زیاد ده‌كرد به مه‌رجێك له هێڵی گشتی نمایش لا نه‌دات له‌مه‌دا سه‌ركه‌وتین و دهسكهوتهكانیشمان له‌شانۆی شاره‌كه‌دا هه‌ر ده‌مێنێته‌وه.
هێدی هێدی و به پێی پێویست ئه‌و ره‌گه‌زانه خۆیان خزانده‌وه ناو نمایشه‌كان وه‌كو جل و به‌رگ كه له زۆربه‌ی ئه‌زموونه‌كانی تیپدا(هاملیت_ئۆدیبی زه‌رده‌شت _ یاده‌وه‌ری ده‌نگ_ ئه‌نتیگۆنای قه‌ڵا……هتد) ماتریالێكی سه‌ره‌كی بوو بۆ ته‌وزیفكردنی فیگور و ڕووداو وبابه‌ت و كولتوره‌كان، له ئه‌نجامی بیركردنه‌وه‌ی قوڵمان له‌و ماتریاله وامان كرد كه جۆره جلێكی تایبه‌ت به ئه‌زموونه‌كانی تیپی ئه‌زموونگه‌ری دروست بكه‌ین و ببیكهینه یه‌كێك له ده‌سكه‌وته‌كانی گه‌ڕانه شانۆییه‌كه‌مان.
ئێمه‌ش وه‌ك رێبه‌رمان (جێرزی گرۆتۆفسكی) ڕووبه‌رووی ئه‌و ڕه‌خنه‌یه بووینه‌ته‌وه كه كاری ئێمه ره‌سه‌ن نیه و داهێنانی نه‌كردووه و …..هتد، به‌ڵام وه‌ڵامی ئێمه هه‌ر خودی ئه‌زموونه‌كانن كه ئه‌گه‌ر لێكۆڵه‌رێكی شانۆیی به ئاگا كار له‌سه‌ر ئه‌زمونه‌كانی (هاملیتی كه‌ركوك و و ئه‌نتیگۆنای قه‌ڵا و ئۆدیبی زه‌رده‌شت) بكات بۆی ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و به‌رهه‌مانه له كوێی ئهزموونكارییهتی دونیادان و تا چه‌ند ئه‌ساڵه‌ت و ره‌سه‌نایه‌تی تێدایه چۆن توانیویانه پشكیان هه‌بێ له شانۆی ئه‌زموونگه‌ری دونیادا وه‌ك ئه‌وه‌ی كه گرۆتۆفسكی ده‌ڵێ، چونكه به تایبه‌ت له‌و سێ ئه‌زموونه‌دا به مه‌به‌سته‌وه كارێكی زۆر و چڕ كرا له‌سه‌ر بابه‌تی ره‌سه‌نایه‌تی، بۆ نمونه له ئه‌زموونی (هاملیتی كه‌ركوك)دا خود و تاكی كه‌ركوكی كرایه ماتریال بۆ ئیشكردن به‌بێ ئه‌وه‌ی به جل و به‌رگ یاخود به دیالۆگ ئاماژه به‌و بهماتریالكردنه بدرێت. هه‌روه‌ها له ئه‌زموونی(ئۆدیبی زه‌رده‌شتی) شدا زۆر به ده‌گمه‌ن كارمان له‌سه‌ر ئۆدیبه یۆنانییه‌كه كرد، هه‌موو ته‌ركیزمان له‌سه‌ر ئه‌و گریمانه‌یه كۆكرده‌وه كه ئه‌گه‌ر ئۆدیبی سۆفۆكلیسی یۆنانی وه‌ك كه‌سایه‌تی وه‌ر بگرین و بیكه‌ین به تاكێكی كوردی و كولتوری زه‌رده‌شتی به قه‌دیدا ببڕین چی ڕوو ده‌دات؟! وه كردمان و ئۆدیبێكی ته‌واو كوردیمان خسته ڕوو كه بارگاوییه به ته‌واوی كلتور و دابونهریتهكانی كۆمه‌ڵگای كوردی و چه‌ند ماتریالێكی شانۆییه‌كه‌ش یارمه‌تیده‌ر بوون بۆ ته‌وزیف كردنی ئه‌و كورداندن و ره‌سه‌نایه‌تییه، وه‌ك ئاماده‌یی (ئاگر و گه‌نم) له به‌شێكی ئه‌زمونه‌كاندا.
“بۆمان ده‌ركه‌وت كه زۆر ره‌گه‌ز هه‌ن له شانۆدا زیادن و پێویست نین و ئه‌كرێت لاببرێن، بۆ نمونه شانۆ ئه‌كرێت به بێ ماكیاج و جلوبه‌رگ و دیكۆر و رووناكی و كارتێكه‌ره ده‌نگییه‌كان و شوێنێكی تایبه‌تی نواندن كه جیاواز بێت له شوێنی بینه‌ر (ته‌خته‌ی شانۆ)….هتد به‌ڵام ناكرێت به بێ بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی روحی و ئیدراكی راستهوخۆَ ـــ په‌یوه‌ندی گه‌یاندنی (زیندوو) له نێوان بینه‌ر و ئه‌كته‌ر”
ئا له‌م چه‌ند دێڕه‌ی خودی گرۆتۆفسكییهوه بۆمان روونده‌بێته‌وه كه كاركردنی تیپی ئه‌زموونگه‌ری كه‌ركووك چه‌نده قووڵ بووه و چ مه‌عریفه‌یه‌كی شانۆیی وورد له پشت ئیشهكانهوه ئاماده‌یی هه‌بووه به‌وه‌ی كه له ته‌واوی ئه‌زموونه‌كاندا زۆربه‌ی ئه‌و ره‌گه‌زه باوانه وه‌لاوه نراوه و زیاتر ئیش له‌سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییه ڕوحی و ئیدراكیه راسته‌وخۆیه كراوه كه له شانۆی هه‌ژاردا ئاماژه‌ی بۆَ ده‌ركێت. بۆ نمونه له ئه‌زموونی (سه‌گ و ده‌ف)دا ئه‌و په‌یوه‌ندییه له‌و دیمه‌نه‌دا ته‌وزیف ده‌بێت كاتێك یه‌كێك له بینه‌ران به مه‌سینه‌یه‌كی ئاسنین ئاوده‌كات به ده‌موچاوی ئه‌كته‌رێكدا بۆَ پاكبونه‌وه‌ی له دوای تۆبه كردن و له ئه‌زموونی (خاچ) دا ده‌رهێنه‌ر به هۆی تۆڕێكی گه‌وره‌ی ماسیگرییه‌وه بینه‌ر و ئه‌كته‌ران پێكڕا داده‌پۆشێ و به ته‌واوی له بۆته‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌دا ده‌یانتوێنێته‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر به‌شێكی قسه‌كان له ئه‌زموونی (زولێخا له خه‌ونی یوسف‌دا) دا چڕ بكه‌ینه‌وه ئه‌وه به ته‌واوی ئه‌و ووته‌یه‌ی گرۆتۆفسكی ده‌چه‌سپێته سه‌ری به‌وه‌ی بۆ نمونه له ناوه‌راستی نمایشدا یه‌كێك له ئه‌كته‌ره‌كان به هۆی ئاگرهكهكهوه “كه یه‌كێك بوو له ماتریاله‌كانی ئیشه‌كه” ئاگر له جه‌سته‌ی به‌رده‌بێت به‌ڵام به هۆی كارلێكه توند و ڕوحانییهكهی نێوانیان هه‌ر زوو به بێ پچرانی نمایش یه‌كێك له بینه‌ران ئاگره‌كه‌ی كوژانده‌وه هه‌ر وه‌كو ئه‌وه‌ی كه ئه‌و بینه‌ره ته‌نها بۆَ ئه‌وه له‌و شوێنه بوبێت كه به‌و ئه‌ركه هه‌ڵسێت، به‌ڵام واش نه‌بوو چونكه ئه‌و ته‌نها بینه‌رێكی ئاسایی بوو و پێشتریش نه‌یده‌زانی كه ئاگر له‌و ئه‌كته‌ره به‌رده‌بێت تا ئه‌م خۆی بۆَ كوژاندنه‌وه ئاماده بكات…ئه‌م باره بۆَ ئه‌زموونه‌كانی تریش درێژ ده‌بێته‌وه و له (هاملێتی كه‌ركوكدا) هێنده‌ی تر به‌رجه‌سته ده‌بێت به‌وه‌ی كه له دیمه‌نی كۆتاییدا كاتێك كه هاملێت ده‌مرێت و ئه‌كته‌ره‌كان له‌سه‌ر شانیانی داده‌نێن و به‌ره‌و گۆڕستان به‌رێده‌كه‌ون بینه‌رانیش به‌بێ ئه‌وه‌ی به خۆیان بزانن ده‌كه‌ونه ڕێ له‌گه‌ڵیاندا و ئه‌گه‌ر بۆ ئێستێك لێیان ڕوون بیته‌وه وا هه‌ست ده‌كه‌ی كه ئه‌مه پرۆڤه‌یه‌كی شانۆییه و ده‌رهێنه‌ره‌كه‌ی زیاتر له سه‌د ئه‌كته‌ری هه‌یه چونكه هه‌مووان له‌م ئه‌زموونه‌دا (هاملیت) یان به‌یه‌كه‌وه ناشت، دواتر به هۆی ئه‌و گوڵانه‌وه كه له ئهكتهرهكانیان وه‌رگرتبوو ماڵئاواییان لێ‌كرد و دواتر به جووڵه خۆنه‌ویست و عهفهویهكانیان سه‌ره‌خۆشییان ئاراسته‌ی (ئۆڤیلیا)ی خۆشه‌ویستی هاملێت كرد.
“گرنگ نیه دابران له نیوان ته‌خته‌ی شانۆ وهۆڵ (شوێنی بینه‌ر) دا دروست بكرێت ته‌نها له بارێكدا ئه‌گه‌ر دیمه‌نێك ئه‌وه بخوازێ بۆ ئه‌زموونكردن، به‌ڵكو ئامانجی جه‌وهه‌ری گه‌رانه به دوای په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌ندروست له نێوان بینه‌ر و ئه‌كته‌ر له هه‌موو نمایشێكی شانۆییدا و دواتریش وه‌رگێڕانی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌یه بۆ وێنه‌ی بینراو”
خۆ ئه‌گه‌ر بێینه سه‌ر ئه‌وه‌ی كه له ئه‌زموونه‌كانی ئه‌م گروپه‌دا چۆن و تا چه‌ند به جدی و به قوڵی كار له‌سه‌ر هاوئاستكردنی بینه‌ر و ئه‌كته‌ر كردووه به هه‌موو ره‌هه‌نده‌كانه‌وه ئه‌وه ده‌بێ بڵێین كه ئه‌مان به‌مه‌به‌سته‌وه و له ئه‌نجامی بیركردنه‌وه كاریان له‌سه‌ر ئه‌و چه‌مكه كردووه دروست وه‌ك ئه‌وه‌ی كه (ئه‌نتوان ئارتۆ) له (شانۆی توندوتیژیدا) باسی گرنگی هاوتابوونی شوێنی بینه‌ر و ئه‌كته‌ر ده‌كات بۆ خوڵقاندنی ئه‌تمۆسفێری نمایش و هاتنه‌ئارای پرۆسه‌ی پاكبونه‌وه، ئه‌م حاڵه‌ته‌ش له زۆربه‌ی ئهمونهكاندا هه‌ست پێكراوه بۆ نمونه له (سه‌گ وده‌ف) و(خاچ) و (زولێخا) و (هاملێت) و (ئۆدیبی زه‌رده‌شت) و (یاده‌وه‌ری ده‌نگ) كه له ته‌واویاندا بینه‌ر و ئه‌كته‌ر به ته‌واوی هاوئاست بوونه‌وه و هه‌ردوو كائینهكهش هه‌ستیان به یه‌كتر كردووه و هاومیحنهت بوونه و یه‌كتریان ته‌واو كردووه، بوونه به‌و دوالیزمه‌ی كه هه‌رگیز ناكرێ به بێ یه‌كتر بێنه مه‌یدانه‌كه، هاوكات له سه‌روبه‌ندی چڕی و زۆری ئه‌زموونه‌كانی ئه‌و تیپه‌دا قسه‌یه‌كی وا بڵاو بووه‌وه كه ” تیپی شانۆی ئه‌زموونگه‌ری كه‌ركوك گرنگی به بینه‌ر نادات و هه‌میشه ده‌ڵێن: با كه‌مترین بینه‌ر بێن بۆ بینینی نمایشه‌كانمان….”
هه‌ڵبه‌ته ئه‌وه‌ی كه‌مێك ئاگاداری تێز و تیۆریه‌كانی شانۆی هاوچه‌رخی جیهان بێت له‌وه تێده‌گات كه ئه‌م دێره چه‌نده هه‌ڵه‌یه و چ بێ ئینسافییهكیشه به‌رامبه‌ر به‌و گروپه ده‌كرێت به‌وه‌ی كه هه‌میشه بینه‌رانی ئه‌و تیپه به ئاگاترین و ووریاترین و ڕێزلێنراوترین بینه‌ر بوون له مێژووی شانۆی ئه‌و شاره چونكه ئه‌و كارلێكهرهی له نێوان ئه‌وان وئهزموونهكانی تیپه‌كه‌دا هه‌بووه حاڵه‌تێكی زۆر ده‌گمه‌ن بووه!
له‌م چه‌ند وێستگه كورته‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه ئێمه هه‌میشه گرۆتۆفسكی و شانۆ ههژارهكهیمان له پێشه‌وه‌ی ڕێبۆتوارهكهمان داناوه و پێمانووایه كه ده‌بێته ئیلهام به‌خش بۆ ته‌واوی كاره‌كانمان له داهاتووشدا هه‌روه‌ك ئه‌مه‌ش نابێته‌وه ئه‌وه‌ی كه ئێمه ئیدی بیركردنه‌وه‌ی خۆمان بوه‌ستێنین و ته‌نها كار له‌سه‌ر تیۆره‌كانی ئه‌و بكه‌ین به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه ئه‌و تیۆرانه‌ی ئه‌و وهاوشێوه‌كانی له شانۆدا كلیلی كردنه‌وه‌ی خه‌یاڵ و ڕوئیاكانمانن بۆ ئێستا و ئاینده.
* ئه‌و دێرانه‌ی ناو كه‌وانه‌كان ووته‌ی گرۆتۆفسكین
شكۆ عومه‌ر