حیزبه چه‌پ و مارکسییه‌کان بوون به عه‌ره‌بانه‌ی دوای ئه‌سپی ڕاپه‌ڕین و شۆرش!!
سلامه کیله له وتووێژێکی کراوه‌دا: ڕاپه‌ڕین له وڵاتانی عاره‌بییدا بۆچی ئێستا ڕوویدا؟ چی به‌ده‌ستده‌هێنێت؟ ئاراسته دووره‌کانی چییه و ئه‌رکی چه‌پ چییه؟
راپه‌ڕینه‌کان به بێ ئاگادارییه‌کی پێشوه‌خت، له پڕ ده‌ستیپێکرد. ئه‌وه‌ی به سیاسه‌ته‌وه خه‌ریکه ئه‌مه ده‌زانێت، چ له لای ڕژێمه‌کان یان ئیمپریالییهت یان حیزبه‌کان. ئه‌م له پڕ ده‌ستپێکردنه ڕاپه‌ڕینه جه‌ماوه‌رییه له‌و کاته‌وه ده‌ستیپێکردبوو که گۆڕانکارییه قوڵ و درێژخایه‌نه‌کان له ڕه‌وشی ئابورییدا دوور له ڕوخانی پڕۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ته‌واوبوونی ده‌وری ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌داریی ڕوویدابوو، وه ببوه هۆی سه‌رکه‌وتنی لیبراڵیه‌ت له کاته جیاوازه‌کاندا. له‌به‌رئه‌وه‌ی چه‌پ دورکه‌وتبوه‌وه له شیکاریی و ڕاڤاکاریی مارکسییانه بۆیه دابڕا بوو له چینه میللییه‌کان، ئه‌مه‌ش وایلێکرد که وه‌ک هه‌موو ئه‌وانیتر بکه‌وێت به‌سه‌ر کتوپڕیی ڕاپه‌ڕینه‌کاندا، واته مارکسییه‌کانیش ئاگادارییه‌کی پێشوه‌ختیان نه‌بوو بۆی.
دواتر ڕاپه‌ڕینه‌کانی تونس و میسر و لیبیا سه‌رکه‌وتنیان به‌ده‌ستهێنا، دیسان له یه‌مه‌ن و سوریا ئه‌مه ڕووده‌دات. له وڵاتانی تریشدا ململانێکان گه‌وره‌تر ده‌بن که ده‌بێته هۆکاری ڕاپه‌ڕین، وه‌ک مه‌غریب و ئه‌رده‌ن و سودان و جه‌زائیر و ته‌نانه‌ت سعودیه‌ش. به‌ڵام هێزه‌کانی ئیسلامی سیاسی جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه ده‌ست که به شێوه‌یه‌کی ڕوکه‌ش و په‌راوێز هاوبهشییانکرد له ڕاپه‌ڕینه‌کاندا، ئه‌م ئه‌نجامه‌ش ترسێکی دروستکردوه. ڕاپه‌ڕینه‌کانی لیبیا و سوریا تهمومژێکیان دروستکردوه له ده‌ستێوه‌ردانی”پیلانی ئیمپریالیزم”، له کاتێکدا که ئێمه له قۆناغی “گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندنداین” ئیمپرایلیست به پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی له هه‌وڵدایه هه‌مان هێزگه‌ل و ده‌سته‌بژێری”نه‌ته‌وه‌یی” دروستده‌کاته‌وه. لای ئه‌م هێزگه‌له و هه‌ندێک له هێزه‌کانی تریش وا ده‌رده‌که‌وێت که ئه‌نجامی هه‌ر راپه‌ڕینێک له‌م ڕۆدا ته‌نیا ئه‌وه ده‌بێت که ڕابوردو به فۆرمێکی تر دووباره بکاته‌وه!، ئه‌مه‌ش خراپتره له‌وه‌ی که له ئارادابووه، واته ئه‌گه‌ر ئه‌نجامی ڕاپه‌ڕینه‌کان به‌وشێوه‌یه بێت که به به‌رژه‌وه‌ندی ئیسلامی سیاسی و ئیمپرایالیزم بشکێته‌وه خراپتره له‌وه‌ی که هه‌بوو پێشتر چوونکه ڕاپه‌ڕین کراوه و خوێنڕیژراوه دژییان. كه‌واته هه‌مان لۆژیکی حوکم و هه‌مان هێزگه‌لی حوکمڕان وه‌ک خۆی ده‌مێنێته‌وه، ڕاپه‌ڕین ناگات به‌وه‌ی که بۆی ڕاپهڕییوه له ئه‌نجامی ئه‌و ڕووکه‌شییه‌ی که حوکمی ڕاپه‌ڕین ده‌کات، واته قوڵنابێتهوه له گۆڕینی ئه‌و واقیعه‌ی که له بنه‌ڕه‌تدا دژی ڕاپهڕییوه، به‌ڵکو گیرۆده‌ی ئه‌نجامگیرییه‌که‌ی ده‌بێت که ده‌یه‌وێت دووباره خۆی دروستبکاته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی “هه‌ستبکات” به‌وه‌ی که ڕوودادات قوڵتره و ده‌بێت قوڵتربیت له ئه‌نجامگیرییه‌که.
که‌واته ئه‌وه‌ی که ڕووده‌دات چییه؟ وه ده‌توانێت بگاته کوێ؟
ده‌رباره‌ی تێرمه‌کان(زاراوه‌کان)
ڕاپه‌ڕینه‌کان، وتووێژێکییان وروژاندوه، یان پرسیارگه‌لێکیان هێناوه‌ته ئاراوه، وه‌ک: ئایا ئه‌مانه ڕاپه‌ڕینه؟ یان شۆڕشن؟ یان بزاوتێکه و نابێت به هیچ کام له‌مانه؟! وتووێژه‌کان له‌سه‌ر جیاوازیی چه‌مکه‌کان ئاماژه‌یه بۆ جیاوازییه‌کی قوڵتر، واته بیرکردنه‌وه‌کان جیاوازن. هه‌ندێک له چه‌مکه‌کان ده‌کرێن به “سیمبولێک”، بۆ ئه‌وه‌ی ڕیکه‌وتنێک و تیگهیشتنێکییان هه‌بێت له وتووێژه‌کاندا، ئه‌م ڕێکه‌وتنه له تێکه‌ڵکردنی چه‌مک به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان جۆرێکه له “بێلایه‌نی”، ئه‌مه‌ش بۆ خۆی به‌شێکه له مێژووی فکر. له لایه‌کی تر چه‌مک، هه‌ڵگری ئایدۆلۆژییه‌ته، وه به شێوه‌یه‌ک تێڕوانینه‌کان بۆ چه‌مک ده‌ربڕی فکری تاکه یان ڕه‌وتێکه، واته چه‌مک له‌م حاڵه‌ته‌دا ڕێکه‌وتنی له‌سه‌ر نییه و نابێت به ڕه‌مزی ڕێکه‌وتنی گشتیی وه‌ک ناوی هه‌رکه‌سێک که ده‌بێت به ڕه‌مز بۆ ناسینه‌وه‌ی خودی ئه‌و که‌سه. لێره‌دا وتووێژ مه‌حاڵه چوونکه پێشینه‌ی ڕێکه‌وتن بوونی نامێنێت، واته چه‌مکه‌کان هه‌ڵگری مانای جیاواز ده‌بن. کاتێک که‌سێک چه‌مکێک به‌کارده‌هێنێت بۆ ئه‌وه‌ی تێگه‌یشتنێک بدات به بهرمابهرهکهی مه‌به‌ستی مانای خودی چه‌مکه‌که نییه، واته مه‌به‌ستی هه‌ڵگی چه‌مکه‌که نییه له ڕووی ئایدۆلۆژییه‌وه، بۆیه زۆر جار ئه‌وانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی وتووێژهکهدان تووشی جۆرێک له سه‌رسوڕمان ده‌بن که جیاوازییه‌کان نابینین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که ده‌وترێت و قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌کرێت. به مانایکیتر هه‌ر تاکێک، یان گروپێکی سیاسیی و فکری له ڕوانگه‌ی خۆیه‌وه لێکدانه‌وه‌ی هه‌یه بۆ چه‌مکه‌کان.
که‌واته چیی ڕووده‌دات؟
ئه‌وه بزاوت و ڕاپه‌ڕین و شۆڕشه له یه‌ک کاتدا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که ئه‌مانه سێ دانه چه‌مکی جیاوازن به‌ڵام ده‌رکه‌وته‌کان قبوڵی ده‌که‌ن. بزاوته، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چالاکییه‌کی جه‌ماوه‌رییه. شۆڕشه، له‌به‌رئه‌وه‌ی چالاکییه‌که به ئامانجی ڕوخانی ڕژێمێک. ڕاپه‌ڕینه، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ڵگری شێوازێکه له‌و جۆره چالاکییه‌ی که خۆپیشاندانێکی جه‌ماوه‌ریی گشتگیر له خۆ ده‌گرێت. که‌واته نیشانه‌کردنی یه‌که‌می بزاوته، به‌ڵام ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی یاخیبوونێکه دژی ده‌سه‌ڵات که خۆی له شۆڕشدا ده‌بینێته‌وه. وه به شێوه‌ی خۆپیشاندانی میللی، ئه‌مه‌ش وای لێده‌کات که چه‌مکی ڕاپه‌ڕینی بۆ به‌کاربهێنرێت.
له لایه‌کیتر مه‌رج نییه هه‌موو شۆڕشێک سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت، یان هه‌موو کۆمه‌ڵ و وڵات بگرێته‌وه. شۆڕشیش ئه‌وه‌ی نییه که ته‌نیا ئامانجه‌که‌ی گۆڕینی شێوه‌ی سه‌رمایه‌داریی بێت به به‌رژه‌وه‌ندیی سۆسیالیستی، ئالێره‌دا چه‌مکی شۆڕش هه‌ڵگری قورساییه‌کی ئایدۆلۆژیی ده‌بێت که ئه‌و فکرانه ده‌شێوێنێت که له‌سه‌ری دروستبوون. مه‌رجیش نییه که حیزبێکی ڕابه‌ر سه‌رکردایه‌تی شۆڕش بکات، تا پێیبوترێت شۆڕش، شۆڕش ده‌کرێت خۆڕسک و خۆکرد بێت یان ڕێکخراوبێت.
ڕاپه‌ڕین ئاستێکی چالاکیی میللی نزمتر نییه له شۆرش، به‌ڵکو ڕاپه‌ڕین شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کانی شۆڕشه، وه‌ک شۆڕشی چه‌کداری یان خۆپیشاندانی گشتیی یان یاخیبوونی شارستانیی. ده‌شبێت خۆکرد و خۆڕسک بێت یان ڕێکخراوبێت. بۆیه نابێت له وتووێژه‌کانماندا مهرجبهندیی بکه‌ین، ئه‌وه ده‌بێت به وتووێژێکی ئایدۆلۆژیی که ڕه‌نگه چه‌ندین ده‌روازه‌ی تری هه‌بێت، له‌وانه‌شه بگاته ئه‌نجامێکی باشتر. به تایبه‌تی له ده‌ستپێکردن به شێواندنی ئه‌و چه‌مکانه‌وه ده‌مانگه‌یه‌نێته ده‌ره‌نجامێکی سیاسیی و مه‌نهه‌جی، وه ده‌مانگه‌یه‌نێته بنه‌ماگه‌لێک که به ڕوونی په‌یوه‌ندیداره به ڕاپه‌ڕینه‌کان و چاره‌نوسیانه‌وه، وه به‌و سیاسه‌ته‌وه که پێویسته به‌کاربهێنرێت بۆ گه‌رموگوڕکردنی ده‌وری فاکته‌ری ویستی سیاسیی(حیزبه‌کان). که بنه‌ماگه‌لێکی نه‌گه‌تیڤه له زۆربه‌ی کاتدا. له‌به‌رئه‌وه‌ی له جیاتی پیشکه‌شکردنی فکرێک بۆ هاوکاریی و یارمه‌تییدانی گه‌لی ڕاپه‌ڕیو بۆ گه‌شه‌دان به ڕاپه‌ڕینه‌کانیان، نقوم ده‌بن له حوکمه ڕهشبینییهکاندا، وه له وتووێژێکدا که مانای نامێنێت. ده‌سته‌بژێره‌کان و حیزبه‌کان دوورده‌بن له بزاوتی شۆڕشگێڕیی له‌گه‌ڵ پێویستییه‌کی زۆری ڕاپهڕیینهکان پێییان.
ڕاپه‌ڕینه‌کان خۆڕسکن، ئه‌مه‌ش هه‌ر له سه‌ره‌تای دهسپێکردنییهوه دیاره. له‌به‌ر ئه‌وه پێویستی به‌و هوشیارییه هه‌یه که عه‌قڵ پێیده‌به‌خشێت، وه ڕێکخستنێکی بۆ داده‌مزرێنێت. بۆیه ده‌وری فکر ئه‌وه‌یه که به دواداچوون بکات له‌سه‌ر کێشه‌کانی، وه له ئامرازه‌کانی گه‌شه سهندنییدا هاوبه‌شی بکات، وه له ڕێکخستن و چالاکییه‌کانیدا هاوبه‌شبێت، وه له ئاشکراکردن و دیاریکردنی ئامانجه‌کانیی و ئه‌و دروشمانه‌ی که چینه میللییه‌کان ناتوانن ڕوونیبکه‌نه‌وه له پڕۆژه‌ی گۆڕان و دامه‌زراندنی ئهلتهرناتیڤهکهیدا.
بنه‌مای ئابوریی و مه‌سه‌له‌ی ئازادی
بۆچی مارکسیه‌کان چاوه‌ڕوانی ته‌قینه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕین نه‌بوون، واته پیشبینیان نه‌ده‌کر؟ چوونکه که‌وتبوونه ژێر کاریگه‌ریی حوکمی لۆژیکی”سیاسه‌ته‌وه”، هیچیترییان نه‌ده‌بینی جگه له “سیاسه‌ت”، واته ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات و چالاکی سیاسیی و په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌کان، واته ته‌نیا ده‌ستگرتن به ته‌کتیکه‌وه. به مانای ده‌ستگرتنیان به بزاوتی سیاسییه‌وه، واقیعیان له شێوه سیاسییه‌که‌یدا ده‌بینی و ده‌خوێنده‌وه. خوێندنه‌وه‌ی واقیعیش ته‌نیا له ڕووه سیاسییه‌که‌یه‌وه نه‌یده‌توانی بیانگه‌یه‌نێته چاوه‌ڕوانییکردنی “شۆرش” به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا، ئه‌ویش له ئه‌نجامی لاوازیی حیزبه‌کانه‌وه به‌رامبه‌ر به هێزی ده‌سه‌ڵات. بۆیه ئه‌وه‌ی که داوایدهکرا خۆی له چاکسازی ڕژێمدا دهبینییهو، وه داوای مافی مرۆڤ ده‌کرا، یان مه‌سه‌له‌ی نیشتیمانی. به‌مه‌ش کۆمه‌ڵ بوونی نه‌بوو، نه ده‌خوێنرایه‌وه وه‌ک ئه‌وه‌ی که کۆمه‌ڵ بریتییه له به‌شه‌ره‌کان و چینه‌کان، بارودۆخ و کێشه‌ی تایبه‌تی به خۆیان هه‌یه، داواکاری تایبه‌تی خۆیان هه‌یه. هه‌موو مه‌سه‌له‌کان له بواره سیاسییه‌که‌دا قهتیسکرابوو به‌بێ ئه‌وه‌ی بواری کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕه‌وشی کۆمه‌ڵایه‌تی بخوێنرێته‌وه و قسه‌ی له‌سه‌ر بکرێت.
جه‌ڕان و کرژیی و توندیی و ناکۆکییه‌کان له نێو بواری کۆمه‌ڵدا که‌ڵه‌که ببوو، به‌ڵام بواری سیاسی قه‌یرانێکی قوڵی به خۆوه بینیبوو له ئه‌نجامی ئه‌و قه‌یرانه‌ی که حیزبه ئۆپۆزیسوێنه‌کان تیاییدا ده‌ژیان، ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامی سته‌مکاری سیاسییه‌وه له لایه‌ک، له لایه‌کی تر له ئه‌نجامی پێکهاته لاوازه‌که‌ی خودی خۆی. ئه‌مه‌ش وایلێکردبوو که دابڕاوبێت له‌و چینانه‌ی که ده‌بوایه ده‌ربڕی هه‌ست و نه‌ست و ناڵه‌یان بوایه و نوێنه‌رایه‌تییه‌کی ڕاسته‌قینه‌ی بکردنایه. بۆیه له پڕ که‌وتن به‌سه‌ر ڕاپه‌ڕیندا، وه که‌وتنه دوای کاریگه‌ریی ڕاپه‌ڕین و ڕاپه‌ڕین بهکێشیکردن و کردنی به عه‌ره‌بانه‌ی دوای ئه‌سپی خۆی. ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئازادی و دیموکراتی شه‌پۆلێک بوو که ئه‌م دوو ده‌یه‌یی دوایی گرتبوه‌وه، ببوو به شه‌به‌نگێک بۆ “ئاوازێکی یه‌کگرتوو”ی فراوان له هێزگه‌لێک، لیبڕاڵییه‌کان و چه‌په‌کان و ئیسلامییه‌کان، وه دیموکراتییه‌ت ببوو به ده‌ستپێکی هه‌موو گۆڕانێک، به جۆرێک که ده‌ستی به‌سه‌ر چالاکی هه‌موو حیزبه‌کاندا گرتبوو، دیموکراتییه‌ت ببوو به دروشمی سه‌ره‌کی هه‌موو هێزه سیاسییه‌کان به چه‌پ و ڕاسته‌وه. ئه‌وه‌شی که واقیعی هه‌ڵکۆڵی بوو، چبووه ناو ناخی تاک و کۆمه‌ڵه‌وه و ورد ورد کاری تێده‌کردن، ئه‌و کرانه‌وه ئابورییه بوو که له ناوه‌ڕاستی حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی بیسته‌وه ده‌ستیپێکردبوو. که له لایه‌ک په‌راوێزخستن و له لایه‌ک کۆکردنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌یی له خۆگرتبوو، قه‌واره‌یه‌کی گه‌وره و فراون له میلله‌ت له ڕه‌وشێکی وه‌ڕس و تاقه‌تپڕوکێندا ده‌ژیان، له‌لایه‌کی تریشه‌وه سه‌رمایه‌دار و ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌دار سه‌رمایه‌یان کۆده‌کرده‌وه و که‌ڵه‌که‌یان ده‌کرد. ئه‌وه‌ی ڕوویدا، ئه‌وه‌ی دهشییا ڕووبدات، له به‌رواری 17/12/210 ده‌دا له (سیدی بوزید) وه و تا دواتر، ئه‌وه‌یه که بنه‌مایه‌کی ئابوریی دوور له ڕوخانی پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی بوو، کرانه‌وه به ڕووی لیىڕاڵیهت و دیومکراتیهتدا زیاتر له چه‌قبه‌ستن له‌سه‌ر دیکتاتۆریه‌ت و سته‌مکاریی هه‌ر له دوای ڕوخانی سیسته‌می سۆسیالیستییه‌وه، چوونکه شه‌پۆلی دیموکراتییه‌ت په‌یوه‌سته به به‌ده‌ستهێنانی لیبراڵیه‌تی ئابورییه‌وه، که هه‌موو په‌راوێزخستن و هه‌ژاریی و بێکارییه‌کی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنا و ئه‌مانه بوون به ڕوخسارێکی گشتی له نیشتیمانی عه‌ره‌بییدا. ئه‌و نیشتیمانه‌ی که له هه‌موو جیهان زیاتر ڕێژه‌ی بێکاریی و هه‌ژاریی تیا دروستبوو. ئه‌م شێوازه ئابورییه(لێره‌دا مه‌به‌ستم له شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنان نییه به مانا مارکسییه‌که‌ی به‌ڵکو ئه‌و پێکهاته ئابورییه‌یه که لیبراڵیه‌ت پێکیهێنا) بووه زۆربوونی به‌رهه‌م دوای ئه‌وه‌ی که ئه‌م کرانه‌وه ئابورییه، یان ئازادییه ئابورییه هه‌موو بنه‌ماکانی به‌رهه‌مهێنانی داڕوخان، نه‌ک هه‌ر پیشه‌سازی به‌ڵکو کشتوکاڵیش. ئه‌مه‌ش بووه هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی بێکاریی به شێوه‌یه‌ک که وێنه‌ی نه‌بوو زووتر، وه که‌می دانی کرێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی شێتانه نرخی که‌لوپه‌ل و خزمه‌تگوزاریی و شتومه‌کی سه‌ره‌کیی و سه‌ره‌تایی له ڕاده‌به‌ده‌ر به‌رزبووه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی بووین به به‌شێک له جیهانگیرێتیی. لێره‌وه به‌شێکی گه‌وره له میلله‌ت په‌راوێزخران و هه‌ژار که‌وتن. وه که‌مینه‌یه‌کیش به‌وپه‌ڕی خۆشگوزه‌رانییه‌وه ده‌ژیان و ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بوون. کۆمپانیا داگیرکه‌ره‌کانی ئیمپریالیزمیش که‌وتنه تاڵانی و دزینی سه‌روه‌ت و سامانی نیشتیمان. “چینێکی” سه‌رمایه‌داریی، به‌ڵام مافییایانه دروستبوو، که پشتی ده‌به‌ست به دزیی و تاڵانی سامانی ئابوریی خۆرسک(وه‌ک نه‌وت و سه‌رچاوه سروشتییه‌کانی تر)، وه به په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌و تاقمی ماڵیی ئیمپریالیی. به مانایه‌کی تر گه‌لێکی هه‌ژار و چینێکی سه‌رمایه‌داریی سامان کۆکه‌ره‌وه و خاوه‌ن ژیانێکی خۆشگوزه‌ران و خۆشبژیی. ئه‌مه ئه‌و ڕه‌وشه بوو که له ماوه‌ی دوو ده‌یه‌یی ڕابوردودا دروستبوو، وه ئه‌مه‌ش بناغه‌ی ته‌قینه‌وه‌ی میللی بوو، که نه‌یده‌توانی زیاتر به‌رگه‌ی ئه‌و ژیانه مه‌ینه‌تبارییه بگرێت.
گۆڕانکارییه‌کان کاتێک دروستده‌بێت، که چینه میللیه‌کان زیاتر توانای به‌رگرییکردنیان نه‌بێت بۆ ئه‌و ڕه‌وشه ئابورییه خراپه‌ی که تیایدا ده‌ژین، وه چینی ده‌سه‌ڵاتداریش(ڕژێمی حوکمڕانیی) نه‌توانێت ئارامیی و ئاسایش مسۆگه‌ر بکات. ئه‌مه ئه‌و ڕه‌وشه بوو که ئێمه تیاییدا ده‌ژیاین. که‌واته، ئه‌وه‌ی په‌یه‌وه‌ندی به ژیانی ئابورییه‌وه هه‌یه، وه ئه‌وه‌ی که په‌یوه‌ندی به‌و قه‌یرانه‌وه هه‌یه که توشی چینی میللی بووه. ئه‌مه پێشینه‌یه له هه‌موو ڕاڤه‌کردنێکی مارکسییانهدا، به‌لام پێشینه‌یه‌کی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یه له‌وه‌ی که ڕووده‌دات، وه ئه‌و ئاراسته‌یه‌ی که ده‌یگرێته‌به‌ر و ده‌یگاتێ.
ڕه‌وشی چینه‌کان و بابه‌تی حیزبه سیاسییه‌کان.
ڕه‌وشی چینه هه‌ژاره‌کان بووه هۆکاری به‌رزکردنه‌وه‌ی داواکارییه ساده‌و ساکارهکانییان، وه‌ک داواکاریی کار و کرێی زیاتر و خوێندن و فێرکردنی خۆڕایی و چاره‌سه‌ر و داوده‌رمانی خۆڕایی. ئه‌م داواکارییانه له‌وه‌وه هه‌ڵقوڵابوو که چینه هه‌ژاره‌کان که‌وتبوونه په‌راوێزی ژیانه‌وه و باری ئابوریان خراپ بوو. ئه‌م حاڵه‌ته‌ش به‌رده‌وامده‌بێت هه‌تا شێوه‌ی ئابوریی و دابه‌شکردنی به‌رهه‌م و ئابوریی نه‌گۆڕێت بۆ دابه‌شکردنێکی دادپه‌روه‌رییانه. له پێشیشه‌وه دابینکردنی کار و نه‌هێشتنی بێ‌کاری، هه‌روه‌ها زیادکردنی کرێی کارکردنییان به شێوه‌یه‌ک که گونجاوبێت له‌گه‌ڵ ههربهرزبوونهوهیهکی نرخی که‌لوپه‌ل و شتومه‌ک و کرێی دابینکردنی خزمه‌تگوزارییه‌کان. وه توانای ده‌وڵه‌ت له به‌دیهێنان و فه‌راهه‌مکردنی خوێندن به شێوه‌یه‌کی خۆڕایی، که به چه‌ندین شێوه ئه‌م مافه پێشێلکراوه. وه به‌هره‌مه‌ند بوون له ته‌ندروستییه‌کی خۆرایی و بێ به‌رامبه‌ر و مسۆگه‌رکردنی بیمه‌ی ته‌ندروستیی. وه گه‌شه‌ی بونیادی ژێرخانی ئابوری. وه پاشه‌که‌وت له وه‌به‌رهێنانی هێزگه‌لی به‌رهه‌مهێنانی کشتوکاڵی و پیشه‌سازی.
ئه‌مه چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی ئه‌و چینانه‌یه، به به‌دیهێنانی داواکارییه‌کانیان و توانایان بۆ ژیانێکی شایسته و شکۆمه‌ند. دیاره ڕاپهڕینهکانیشیان هه‌ر بۆ ئه‌م داواکارییانه بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نهیاندهتوانیی به ته‌واوه‌تی به دروشمگه‌لێک داواکارییه‌کانیان ده‌رببڕن و به‌رزیبکه‌نه‌وه، وه یان ڕوونیبکه‌نه‌وه له‌و وڵاتانه‌دا، به نموونه له سوریادا. ئه‌م چینانه به شێوه‌یه‌کی خۆرسک ڕاپهرینییانکرد چوونکه خاوه‌نی حیزبگه‌لێک نه‌بوون که ئه‌م داواکارییانه‌یان بۆ ده‌رببڕێت و له‌م حیزبگهلهدا بتوێنه‌وه و له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت و ئایدۆلۆژییهکهیدا هاوئاهه‌نگبن. لێره‌وه ده‌ڵێین ئه‌م چینه هه‌ژارانه ڕاپه‌ڕین به‌بێ ئه‌وه‌ی خاوه‌نی حیزبگه‌لێک بن که ببن به ڕابه‌ر و ده‌سه‌ڵاتدار دوای سه‌رکه‌وتنیان تا کێشه‌کانیان بۆ چاره‌سه‌ربکه‌ن. ئه‌م چینانه ده‌زانن که هه‌ژارن و ناتوانن چیتر به‌رگه‌ی ئه‌م ڕه‌وشه خراپه‌ی خۆیان بگرن، به‌ڵام نازانن چۆن ئه‌م ڕه‌وشه خراپه تێپه‌ڕێنن و چیتر بهردهوامنهبێت و خۆی دوباره نه‌کاته‌وه. بێکارن، به‌ڵام نازانن چۆن بواری کارکردن بدۆزنه‌وه. ئامرازی دۆزینه‌وه‌ی کار و تێپه‌ڕاندنی ڕه‌وشه خراپه‌که‌ی ئه‌م چینانه حیزبه‌کانن که دوورن له ژیانی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م چینه هه‌ژارانه‌وه، بێ ئاگان له ڕه‌وشه خراپه‌که‌یان و ئه‌گه‌ر به ئاگاشبن تێپه‌ڕاندنی ئه‌م ڕه‌وشه خراپه‌یان و چاره‌سه‌ریی ته‌واوی کێشه‌کانیان نه‌بووه به کارێکی ستراتیژیی له لایان. بۆیه کاتێک چینه هه‌ژاره‌کان ڕاده‌په‌ڕن و شۆرش ده‌که‌ن دژی سته‌م و بێدادیی و بێکاریی ده‌توانن بڕوخێنن وه‌لێ ناتوانن ده‌سه‌ڵات و حوکمێک دامه‌زرێنن که جێبه‌جێکه‌ری داخوازییه‌کانیان بێت.
ئا له‌م پارادۆکسییهوه، که چینه هه‌ژاره‌کان ڕاده‌په‌ڕن و شۆڕش ده‌که‌ن به‌ڵام ناتوانن خۆیان بێنه سه‌ر حوکم و حیزبگهلێکیش نییه که به ڕاستی ده‌ربڕی خواسته‌کانیان بێت و به‌دیهێنه‌ری خواسهتهکانیان بێت کاتێک دێنه سه‌ر حوکم ته‌نیا له بواری سیاسیی‌دا نه‌بێت، واته بواره کۆمه‌ڵایه‌تیی و چینایه‌تییه‌که پشتگوێده‌خرێت، بۆیه حیزبگه‌لێک ئه‌م ئه‌نجامی ڕاپه‌ڕینانه ده‌قۆزنه‌وه و ده‌بن به ئه‌لته‌رناتیڤی ڕژێمه ڕوخاوه‌کان که به ڕاسته‌وخۆ و به ته‌واوه‌تی به‌شدارییان نه‌کردوه له ڕاپه‌ڕین وشۆڕشهکاندا. ڕاپه‌ڕین و شۆڕش گه‌ل ده‌یکات که خوازیاری گۆڕانکارییه‌کی ڕیشه‌ییه، به‌ڵام حیزبگه‌لێک دێنه سه‌ر حوکم و جڵه‌وی حوکمی سیاسی ده‌گرنه ده‌ست که به‌رژه‌وه‌ندی و ئه‌جندای سیاسی خۆیان هه‌یه. به مانایه‌کی تر ئه‌وانه گرهودهبهنهوه که خاوه‌نی هێز و سیمبولی سه‌روه‌ت و سامانن و به‌دوای زیاتر به‌ده‌ستهێنانی پێگه‌ی سیاسیی خۆیانه‌وه‌ن. هه‌موو ئه‌م حیزب و هێزه سیاسییانه چه‌قیان به‌ستوه له‌سه‌ر گۆڕینی دیکتاتۆرییه‌ت به دیموکراتییه‌ت، (هه‌موو حیزبه ئۆپۆزیسوێنهکانی سوریی ته‌نیا ئه‌وه داواکارییهکهیانه). ئیتر ئه‌م حیزبگهله بواری ئابوریی و گه‌شه‌ی ئابوری و دادپه‌روه‌ری له دابه‌شکردنی ئابورییدا په‌راوێزده‌خه‌ن، به پێچه‌وانه‌وه پێداده‌گرن له‌سه‌ر لیبراڵیه‌تی سیسته‌می ئابوریی که ئه‌وه ده‌که‌ن به ئامانجی شۆڕش و زه‌روره‌تی شۆڕشگێڕانه. شه‌پۆلی دیموکراتییه‌ت زۆربه‌ی حیزبه‌کانی به دوای خۆیدا بهکێشکردوه، به تایبه‌تی حیزبه چه‌په‌کان(کۆمۆنیست و مارکسییه‌کان)، چ ئه‌وانه‌ی که بوون به لیبراڵیی و وازیان له کۆمۆنیستی و مارکسییه‌ت هێناوه،چ ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ستن به دیموکراتییه‌ته‌وه. بواری سیاسی مه‌ناخێکی دیموکراتیی داگیریکردوه، دیموکراتییت بووه به دروشمێکی گشتگیر و باو. به جۆرێک دیموکراتییه‌ته بووه به باو، که ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی وه‌ک ئهلهترناتیفێک بۆ ده‌سه‌ڵاتی روخاو یان داواکردن بۆ روخانی لیبراڵییه‌ته، واته وازهێنان له گۆڕانی شێوه‌ی ئابوریی نه‌ریتی. به‌م جۆره حیزبێک نییه که هه‌ڵگری داواکارییه میللیه‌کان بێت، واته داواکارییه‌کان بۆ گۆڕان له شێوه و شیوازی ئابورییدا، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش که پێداده‌گرن له‌سه‌ر دیموکراتییه‌ت، ده‌که‌ونه په‌راێزه‌وه له دوای شۆڕش.
ئه‌م گۆڕانکارییه‌ش، یان ئه‌م ئهلتهرناتیڤانهش بۆ ڕژێمه ڕوخاوه‌کان حیزبگه‌لێک ده‌بن به وێنه‌ی خۆیان، واته به وێنه‌ی حیزبگهله ڕوخاوه‌کانی که ڕژێمه تۆتالیترییهکان یان دیکتاتۆرییه‌کانیان پێکهێنابوو، نه‌ک حیزبگه‌لێک که ده‌ربڕی قوڵایی قه‌یرانه‌که بێت که بووه‌ته هۆکار بۆ به‌رپابوونی ڕاپه‌ڕین و شۆڕش، واته حیزبگهلێ نییه که بتوانێت ده‌ربڕی ناڵه‌و هاوار و داواکارییه‌کانی ئه‌و چینه هه‌ژارانه بێت که ڕاپه‌ڕیون بۆ به‌دیهێنانی ژیانێکی شایسته‌تر به خۆیان. به مانایکی تر حیزبگه‌ل و کۆمه‌ڵه که‌سانێک ده‌گۆڕێن به حیزبگه‌ل و کۆمهڵهکهسانێکی تر و هیچیتر یان گۆڕانێکی که‌م. واته کێشه چینایه‌تییه‌کان و کێشه میللییه‌کان چاره‌سه‌ر ناکرێن و به هه‌ڵواسراوی وه‌ک خۆیان ده‌مێننه‌وه، به‌ڵام ئایا دوای ئه‌م هه‌موو پالهوانێتییهی شۆڕشگێڕان و ئه‌م هه‌موو خه‌باته خوێناوییه، وه دوای شکاندنی دیواری ترس، وه که‌وتنه ناوه‌وه‌ی لاوه هه‌ژاره‌که‌ن بۆ ناو ململانێی چینایه‌تی ڕاپه‌ڕین و شۆڕش ده‌کوژێته‌وه؟ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه پێویسته تێبینیبکرێت و بپارێزرێت و به ئاگابین بۆی.
ڕه‌وشی قۆناغی ڕاگوزه‌ر
ئه‌و جیاوازییه‌ی نێوان شۆڕشگێڕێتیی چینه میللییه‌کان و لیبراڵییه‌تی حیزبه‌کان، به تایبه‌تی که بوونیان نه‌بووه له ململانێکه‌دا، ئه‌وه کێشه‌ی گۆڕان دروستده‌کات، ئه‌و گۆڕانه‌ی که دێته‌دی ئه‌و جیاوازییه دیارییده‌کات و سنورداری ده‌کات. چینه ڕاپهڕییو و شۆڕشگێڕه‌کان ناتوانن بێنه سه‌رده‌سه‌ڵات، به‌ڵکو دوای سه‌رکه‌وتنی و دروستبوونی ده‌سه‌ڵاتێک که نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و نه‌بێت هێزی بزاوته‌که‌ی و شۆڕشگێڕێتییهکهی تێکده‌شکێنێت، وای لێده‌کات سازشبکات به‌و هیوایه‌ی که ئه‌م چینانه هه‌موو شۆڕشگێڕێتییهکهیان له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنی هه‌ندێک له داواکارییه‌کانی ڕاپه‌ڕین وه‌ستابێت، واته دوربکه‌ونه‌وه له داواکارییه بنه‌ڕه‌تییه‌کان، وه‌ک گۆڕانکاریی له بونیادی کۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابورییدا، ئازادیی تاکه‌که‌ن به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی که بتوانن داهێنان بکه‌ن و ژینگه‌ی تواناسازیی و داهێنانیان بۆ بڕه‌خسێت.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سوپا ئه‌و هێزه بوو که ململانێکانی له تونس و میسردا یه‌کلاکرده‌وه، وه ڕابه‌رایه‌تی قۆناغه راگوزارییهکهی کرد به شێوه‌یه‌کی نا ڕاسته‌وخۆ له تونس‌دا(واته به پێی حکومه‌تێکی مه‌ده‌نی) و به شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ له میسردا( به پێی ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازی که ئه‌رکه‌کانی سه‌رۆکی پێسپێردرابوو). ئه‌لێره‌دا ده‌بێت ئه‌و پرسیاره بکه‌ین، ئه‌م سوپایانه ده‌ربڕ و هه‌ڵگری کام ناڵه و داواکاریی چینه‌کانن، وه له چ مه‌یدانێکدا ده‌توانن گۆڕان بکه‌ن له‌م قۆناغه ڕاگوزارییهدا؟
به‌م جۆره ده‌بینین که گۆڕانکارییه‌کان له “ڕژێمه‌کاندا” ته‌نیا ڕووکهشدهبێت، ڕه‌نگه تاکه‌کان بگۆڕدرێن وه‌لێ بونیاده بنه‌ڕه‌تییه‌که‌ی که ده‌سه‌ڵاتی له‌سه‌ر دامه‌زراوه ناگۆڕدرێت. شێوه‌و فۆرمی ئابوری وه‌ک خۆی ده‌مێنێته‌وه، ته‌نانه‌ت سیاسه‌تی ئابوریش له‌سه‌ر هه‌مان ڕێچکه ده‌مێنیته‌وه، که پشتده‌به‌ستێت به قه‌رزی ده‌ره‌که‌ی و وه‌به‌رهێنانی بێگانه، و به‌رجه‌سته‌کردن له هه‌مان که‌رتدا. وه سیاسه‌تی ده‌ره‌کی له‌سه‌ر هه‌مان ڕه‌وش ده‌مێنێته‌وه. ئه‌گه‌ر هه‌ندێک”لێپرسینه‌وه‌ش”بکرێت له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌ره‌کانی پۆلیسدا، وه‌لێ سیاسه‌ت و فه‌لسه‌فه ئاسایشییه‌که وه‌ک خۆی ده‌مێنێته‌وه، له‌گه‌ڵ هه‌ندێک گۆڕان له وه‌زیفه‌کاندا.
ئه‌مه‌ش به‌و مانایه دێت که ڕژێم دوای ڕوخانی سه‌رۆک وه‌ک خۆی ده‌مێنێته‌وه. دانانی سوپا وه‌ک لایه‌نێکی بێلایه‌ن له وههم زیاتر هیچیتر نییه، ئه‌وه‌شمان له تونس و میسر بینی، کاتێک لاوان گره‌ویان له‌سه‌ر وهتهنییهتی سوپاکرد، وه هه‌ڵویستیان وه‌رگرت و لایه‌نی گه‌لیان گرت و به‌رپه‌رچی ده‌ستێوه‌ردانی سوپایان دایه‌وه له دهستێوهردانییدا بۆ ڕاپه‌ڕین. به‌ڵام ئاشکرایه که ئه‌فسه‌ره‌کان له قورێکی تر نیین جگه له‌و قوڕه‌ی که ڕژێمی پێشوی لێدروستبوو بوو، به‌ڵکه ئه‌مانه به‌شێک بوون له ده‌سته‌بژێری زاڵ، که ده‌ربری چینێکی سه‌رمایه‌داریی مافیایی بوون، که هاوبهستبوون به تاقمێکی ماڵیی و ئیمپریالییهوه. ئه‌گه‌ر لاشه‌ی سوپا پێکهاته‌ی سوپای میللیی و نیشتیمانیی بێت چوونکه به‌شێکن له هه‌مان گه‌ل، به‌ڵام ئه‌فسه‌ره گه‌وره‌کان ئه‌وه نیین، ئه‌وانه به‌شێکن له چینی زاڵ، ئه‌وان ئه‌و به‌شه‌ن که بوون به خاوه‌نی کۆمه‌ڵێک ئیمتیازاتی تایبه‌تیی، توانیویانه سه‌روه‌ت و سامان کۆبکه‌نه‌وه به هۆی وزیفهکانیانهوه.
کاتێک ئاستی ڕاپه‌ڕین به‌رزبووه‌وه و بوو به هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک بۆ سه‌ر سڕینه‌وه‌ی ڕژێم به گشتی. واته ئاسۆیه‌ک کرایه‌وه له‌به‌رده‌م ململانێیه‌کی درێژخایه‌ن که ده‌شیا گه‌شه‌بکات و چینه میللییه‌کان له توانایاندا بێت به کرده‌یه‌کی سیاسیانه‌ی ده‌ربڕی خۆیان و داخوازییه ڕاسته‌قینه‌کانیان، بۆ ئه‌مه‌ش له‌وانه بوو ده‌ستبگرن به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی‌دا. لێره سوپا که‌وته ده‌ستێوه‌ردان بۆ دروستکردنی ئاسته‌نگ له‌سه‌ر ڕێگه‌ی گه‌یشتن به ئامانجی چینه میللییه‌کان نه‌ک له پێناوی به‌دیهێنانی داخوازییه‌کانی ڕاپهڕییواندا. له‌به‌ر ئه‌وه بینیمان که بوون به پارێزه‌ری هه‌مان بونیادی کۆن، وه له‌سه‌ر هه‌مان ئامرازگه‌ل وهه‌مان به‌رژه‌وه‌ندی چینایه‌تی کۆن به‌رده‌وامبوون. مه‌سه‌له‌که به‌وشێوه‌یه شکایه‌وه که له ڕێگه‌ی ئامرازگه‌لێکه‌وه”دیموکراتییه‌وه” ڕاپه‌ڕین و شۆڕش له‌باربران، واته له ڕێگه‌ی ههڵبژارندنهوه که فۆرمێکی سه‌ره‌کییه بۆ دیموکراتییه‌ت، ئه‌مه پێش ئه‌وه‌ی که چینه میللیه‌کان بتوانن حیزبگه‌لێک دروستبکه‌ن که ده‌ربڕی مه‌رام و ئامانجهکانیانبێت. له‌م ڕه‌وش و باره‌دا هه‌ندێک له چینه میللیه‌کان گره‌ویان له‌سه‌ر ‘گۆڕانکارییه دیموکراتییه‌کان”ده‌کرد، هه‌ندێکی تریان ده‌یانزانیی و ئیدراکیان هه‌بوو که گرتنه‌به‌ری ڕێچکه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌و خێراییه به بێ ئه‌وه‌ی زه‌وینه خۆشکرێت بۆ بونیادێکی سیاسیی له ناو کۆمه‌ڵدا به جۆرێک دابڕێژرێته‌وه که ڕێگه خۆشکه‌ر بێت بۆ ئه‌وه‌ی چینه میللییه‌کان که ئه‌رکی ڕاپه‌ڕین و شۆڕ‌شیان که‌وتۆته سه‌ر حیزبگه‌لێک دروستبکه‌ن که به ڕاستی ده‌ربڕی داخوازییه‌کانیان بێت و بتوانێت له ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی‌دا داواکارییه ئابوریی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیان دابین بکات و به‌ده‌ستبهێنێت.
ئه‌وه‌ی له واقیعی تونس و میسردا بینیمان ئه‌وه بوو. که حیزبه لیبراڵییه‌کان په‌یوه‌ستبوون به هه‌مان ئابورییه‌وه، وه به هه‌مان په‌یوه‌ندی ده‌وڵه‌تییه‌وه، دیموکراتیهتیش ڕێگه‌ی نه‌دا ده‌وه‌ڵه‌تی مه‌ده‌نی دیموکراتی دامه‌زرێنن، به‌ڵکو هه‌ندێکیان داوای دامه‌زراندنی” خه‌لافه‌تی ئیسلامی‌یان ” ده‌کرد، وه‌ک بزوتنه‌وه‌ی نه‌هزه له تونس‌دا، حیزبی عداله و حوریه‌ت(ئیخوان موسلیمین) له میسردا. ئه‌م حیزبه سه‌رکه‌وتوانه جهختیاندهکردهوه له‌سه‌ر پاراستنی هه‌مان شێوه‌ی ئابوریی کۆن و ڕێکه‌وتننامه ده‌وڵه‌تییه کۆنه‌کان(به‌وه‌شه‌وه که پارادۆکسه له‌گه‌ڵ لێدوانه‌کانی پێشویاندا، به نموونه وه‌ک هه‌ڵوێستیان له‌سه‌ر کامب دیفید، وه په‌یوه‌ندییان به ئامریکاوه).
دواتر، ئه‌و ئامرازیی”دیموکراتییه‌ته”ی که حیزبی ده‌ستوری سه‌رکه‌وتنی پێ به‌ده‌ستهێنا، وه حیزبی وه‌ته‌نی له میسر، هه‌مان ئامرازی دیموکراتیی بوو که له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ئیسلامییه‌کان پێی سه‌رکه‌وتن. هه‌ڵبژاردنێک که له بنه‌ڕه‌ته‌وه بونیادی ده‌سه‌ڵات نه‌گۆڕێت( وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ده‌ستگاکانی ئاسایش و سه‌رپه‌رشتیاره بیرۆکراتییهکه به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌وه، وه زاڵێتیی و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی ڕاگه‌یاندن به گشتی) ئه‌مانه هه‌مان ئه‌و ئامرازانه‌ن که ده‌سه‌ڵاتی کۆن و روخاو به‌کاریده‌هێنا بۆ خۆ سه‌پاندنی و خۆ زاڵبوونی.
لێره‌وه هیچ گۆڕاناکارییهک ناکرێت و نابێت هه‌تا بونیادی ده‌وڵه‌ته کۆنه‌که هه‌ڵنه‌وه‌شێته‌وه و دووباره به چینه میللییه‌کان پێکنههێنرێتهوه. هه‌روه‌ها تا زهوینهش خۆشنهکرێت بۆ ئه‌وه‌ی حیزبگه‌لێک دروستبێت که بتوانێت به ڕاستیی ده‌ربڕی ناڵه‌و داواکارییه‌کانی چینه میللییه‌کان بێت. بێگومان زه‌روره‌تی قۆناغی ڕاگوزاریی ئه‌مه‌یه نه‌ک له پێناوی فروانکردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی و حکومه‌تی بنکه فراواندا به‌و ناوه‌ی که هه‌موو حیزبه ئۆپۆزیسوێنه‌کان هاوبه‌شیی تێدابکه‌ن.
هۆکاری سه‌رکه‌وتنی ئیسلامییه‌کان
له ڕه‌وشێکی وادا سه‌رکه‌وتنی ئیسلامییه‌کان ده‌بێت به شتێکی “سروشتی”. له لایه‌ن سوپاووه ئه‌و “سه‌رکه‌وتنه” کرا به به‌خشیش، کاتێک که دانیاننا به‌وه‌ی که نوێنه‌ری گه‌لی ڕاپه‌ڕیون، به بێ ئه‌وه‌ی سه‌رۆکه‌کان راسته‌وخۆ له کاربخه‌ن. وه‌ک ئه‌وه‌ی که له میسردا له ئێستاوه ببن به ده‌سه‌ڵات. ئه‌مه‌ش به هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازییدا له میسر و وه پشتیوانیکردنی حکومه‌ت له تونس‌دا. وه‌ک ده‌ریشکه‌وت ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتوه‌کانی ئامریکا ئاسانکارییاندهکرد بۆ ئه‌وه‌ی ئیسلامییه‌کان ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست، وه بڕیاری”هاوکارییان” دان. به‌مه‌ش ڕوون و ئاشکرا بوو که به شه‌وقه‌وه پشتیوانیکردن له لایه‌ن ئامریکاوه و هه‌موو ده‌وڵه‌تانی کۆلۆنیالییه‌وه پێشوازی له ئیسلامیه‌کان ده‌کرێت بۆ وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ئاشکرا بوو که ده‌سه‌ڵات به هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئیسلامییه‌کاندا خۆیان به‌رهه‌مده‌هێنایه‌وه و پێگه‌ی سیاسی خۆیان فراوانتر ده‌کرد، واش پیشاندهدار که ده‌سه‌ڵات ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و حیزبه نارازییانهی ئه‌و ڕژێمه بووه که”ڕوخا”وه.
ئه‌مه‌ش ده‌بوو به هۆی ئه‌وه‌ی که چینی سه‌رمایه‌داری مافیایی هه‌ژموونکار، ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بهرههمبهێنهوه به هاوبه‌شیکردنی ئیسلامیه‌کان که دژ به شێوازی ئابووریی و سیاسه‌تی ئابوریی سه‌رمایه‌داری نه‌بوون( ئه‌و ئابووریهیی که هه‌موو په‌راوێزخراوان و هه‌ژارانی که ڕابه‌رایه‌تی ڕاپه‌رینیان کرد دژی)، به‌ڵکو ئازادیه‌کی ڕه‌هایان ده‌دا به خاوه‌ندارێتیی و بازرگانێتی، وه هه‌موو پراکتیزه‌یه‌کی ئابووریی”قێزه‌ونیان”ده‌کرد. هیچکات دژایه‌تی سیاسه‌تی ده‌ره‌کی ڕژێمیان نه‌ده‌کرد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ململانێیه‌کی دیماگۆگیانهیان ده‌کرد له ململانێکانیاندا دژی ڕژێم، وه دژایه‌تیی کۆلۆنیالیزم و ئیسرائیلیان به‌کارده‌برد له‌م ململانێ دیماگۆگییهدا. دواتریش په‌یوه‌ندیه‌کی مێژوویی تۆکمه‌یان هه‌بوو له‌گه‌ڵ “ڕۆژئاوادا”، له‌سه‌ر ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ی که هه‌ردوو لایان دژایه‌تی شیوعیه‌کان و نوێگه‌ریی و نه‌ته‌وه‌یی پێشکه‌وتوخواز بکه‌ن.
ئه‌وه ڕوون و ئاشکرایه که گه‌یشتنی ئیسلامیه‌کان به ده‌سه‌ڵات هیچ گۆڕانکارییه‌ک دروستنابێت له شێوازی سیسته‌می ئابوریی و سیاسه‌تی ده‌ره‌کیی و ڕێکه‌وتن نامه‌کان و هاوپه‌یمانێتیه‌کان. ئیسلامیه‌کان بوون به جێگره‌وه‌ی شۆڕشگێران و ئه‌وانه‌ی که ڕاپه‌رینیان کرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که زۆر به لاوازی خۆیان به‌شداریانکرد له ڕاپه‌ڕیندا بوون به ڕابه‌ر و پێشه‌وای ڕاپه‌ڕین و شۆڕشگێران. ئیسلامیه‌که‌ن به‌مه بوون به بابه‌تی پشتیوانیی ڕاگه‌یاندنه‌کان و دامه‌زراوه‌کان و سیاسیه‌کان له لایه‌ن ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه که سه‌رۆکایه‌تی قۆناغی گواستنه‌وه ده‌کات. ئیسلامیه‌کان کاریانکرد بۆ قبوڵکردنی به‌شێک له ئه‌ندامانی حیزبه حاکمه‌کانی پێش‌و(حیزبی ده‌ستوری و حیزبی نیشتیمانی) یان هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ هه‌ندێکیاندا. وه‌ک هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌کانی تر که ده‌گوزه‌را له چوارچێوه‌ی سیسته‌مێکدا که بێلایه‌ن نه‌بوو ئه‌وانه به‌ختی ده‌رچوونیان هه‌بوو که پشتیوانی ده‌کران له لایه‌ن ئه‌و سیسته‌می هه‌ڵبژاردنه‌وه.
به‌ڵام ئه‌مه به‌شی دوایی تابلۆکه‌یه. ئه‌مه بووه هۆی ئه‌وه‌ی که ئیسلامیه‌کان ببن به هێزێکی ڕاسته‌قینه‌ی سه‌ر شه‌قام، که کۆلۆنیالییه‌کان ده‌وره‌ێکی باڵایان بینی له‌مه‌دا، ئه‌ویش به‌وه‌ی که ئیسلامیه‌کانیان وا داده‌نا که هێزیکی بهرههڵستکاریانن، وه ترسێکن که هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌که‌ن، به‌ڵام داڕمانی ئه‌زمونه”نه‌ته‌وه‌ییه‌کان” و سۆسیالیستی، وه پوکانه‌وه‌ی چه‌پ کارێکی کرد که ئیسلامیه‌کان سیاسه‌تێکی میللیانه بگرنه‌به‌ر وه‌ک به‌رخوردی(بزوتنه‌وه‌ی حماس و حیزب الله) و دژایه‌تیکردنی “ڕۆژئاوا” و ڕژێمه‌کانی ناوخۆ ئه‌مان هه‌مووی بوونه هۆی ئه‌وه‌ی ئیسلامی بکات به هێزێکی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆن.
ئه‌مانه هه‌مووی بونیاده ڕێکخراوه‌ییه‌که‌یان و زۆری پاره و سامان له لایان له ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی سه‌روه‌تی نه‌وته‌وه هاوکارییان ده‌کات. هه‌روه‌ها پشتیوانی سعودیه و ده‌وڵه‌تانی خلیج به درێژایی چه‌ندین ده‌یه هاوکارییان ده‌کات. ئیسلامیه‌کان له کاتێکدا ده‌رده‌که‌وتن که هێزێکی گه‌وره‌ی ئۆپۆزیسوێنن که به‌ره‌ی ئۆپۆزیسوێن و هێزه ڕاسته‌قینه‌کانی ئۆپۆزیسوێن لاواز بوون. له کاتێکدا که به‌ره‌ی ئۆپۆزیسوێنی دیموکرات له ههوڵدبوون به‌ره‌یه‌کی دیموکراتی پێکبهێنن له پیناوی فه‌راهه‌مکردنی دیموکراتیی و به‌رجه‌سته‌کردنی کولتوری دیموکراتییدا. به‌ڵام ئیسلامییه‌کان به‌و هۆکارانه‌ی ئاماژه‌مان پێدا ڕێکخراوتر بوون و زووتر ده‌رده‌که‌وتن وه‌ک هێزێکی به توانا و میللی و جه‌ماوه‌ریی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که زیاتر له داواکاریی ڕیفۆرم نه‌یانتوانیوه و نه‌یانویستوه تێپه‌ڕبن، ئه‌ویش له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی داروپه‌ردوی ڕژێمی ڕوخاو که ویستویانه به جۆرێکی تر به‌رهه‌می بهێنه‌وه. ئیسلامیه‌کان وه‌ک هێزێکی دیموکراتی لای هه‌ندێک له حیزبه‌کانه‌وه به تایبه‌تی لای چه‌په‌کانه‌وه وا ناسێنران که گۆڕانکارییان به‌سه‌ردا هاتووه و له ڕووی فیکر و قبوڵکردنی دیموکراتییه‌ته‌وه گه‌شه‌یان کردوه و بوون به هێزێکی”دیموکراتیی”.
ئیسلامیه‌کان له‌گه‌ڵ ڕه‌وشه گشتییهکدان و بارودۆخی گشتیی سیسته‌می جیهانیان پێ قبوڵه، وه بارگه‌یه‌کی”شۆڕشگێریی”شیان هه‌ڵگرتوه به ناوی ڕاپه‌ڕینه‌وه قسه ده‌که‌ن و لێدوان ده‌دان. بوون به ئومێد و هیوای ئه‌و توێژه کۆمه‌ڵایه‌تییه هه‌ژارانه‌ی که داواکاری خۆ ڕزگارکردنن له هاژاریی و به‌شمه‌ینه‌تی، به تایبه‌تی ئه‌و توێژه‌ی که هیوای به سه‌رکه‌وتنی ئیسلامیه‌کانه له هه‌ڵبژاردندا بۆ به‌ده‌ستهێنانی داخوازییه‌کانیان. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ڕێژه‌ی سه‌رکه‌وتنیان له تونس‌دا پێنج یه‌ک بوو، له مه‌غریبدا به هامان شێوه، له میسردا هه‌ندێک زیاتر، ئه‌م ڕێژه‌یه‌ش لاوازه به مانا گشتییه‌که‌ی، چوونکه له به‌رامبه‌ردا چه‌ندین جاری ئه‌و ئه‌ندازه‌یه خه‌ڵک هه‌بوون که ده‌نگیان به ئیسلامی ئسوڵی نه‌دادا، به‌ڵام ئه‌مانه به‌ش به‌ش و په‌رتوبڵاو بوون.
ده‌ستێوه‌ردانی ده‌وڵه‌تان و مه‌سه‌له‌ی پیلانگێڕیی
ولایه‌ته یه‌کگرتوه‌کانی ئامریکا هه‌ر له سه‌ره‌تای ده‌ستپێکی ڕاپه‌ڕینی تونسه‌وه داوایانکرد که بن علی ده‌ست له کاربکێشێته‌وه، دوای حه‌فته‌یه‌کیش له ڕاپه‌ڕینی میسر داوای ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ی حوسنی موباره‌کیان کرد، له‌گه‌ڵ دوودڵییاندا له سه‌ر لیبیا و سوریا وه‌ک لایه‌نداریی و پشتیوانیکردنی”به‌هاری عه‌ره‌بی” کاریانکرد. ئایا ئه‌مه کرده‌ی ڕاسته‌قینه‌یان بوو؟
یه‌که‌م شت ده‌بێت ئه‌وه بزانین ئه‌وه‌ی که ڕوویدا ولایه‌ته یه‌کگرتوه‌کان و ئه‌ورپای توشی سه‌رسوڕمانکرد، بۆیه ناکرێت بڵێین ئه‌وان ڕێخه‌ر و پلانڕێژی”به‌هاری عه‌ره‌بی”بوون. بۆیه توشی شڵه‌ژان بوون له ڕۆژانی یه‌که‌می ڕوداوه‌کاندا، به تایبه‌تی له تونس و میسر، پێش ئه‌وه‌ی ستراتیژییه‌تی کارکردنی خۆیان دانێن بۆ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ڕوداوه‌کاندا.
دوه‌م بێگومان ده‌بێت جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه بکه‌ینه‌وه که ئه‌و ڕه‌وشه ئابوورییه‌ی ڕووداوه میللییه‌کانی ته‌قانده‌وه، ئه‌وه به‌رهه‌می سته‌می کۆلۆنیالیزم بوو که به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌و پیشهسازیهیی که له سه‌رده‌می “ڕزگاریی”دا هاته ئاراوه ڕوخانی، ئه‌و پیشه‌سازییه‌ی که ده‌بوو به هۆی به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆیی له جیاتی هاورده‌ی به‌رهه‌م له ده‌ره‌وه‌ڕا. کۆلۆنیالیزم بووبه هۆکاری سه‌پاندنی داڕمانی به‌روبوومی کشتوکاڵی ناوخۆ دوای ئه‌وه که به‌رهه‌مه کشتوکاڵییه گه‌شه‌کردوه جیناتییه‌کان جێگه‌ی به‌رهه‌می کشتوكاڵی سروشتییان گرته‌وه، که ده‌شیا به‌رهه‌می کهشتوکاڵی سروشتی ورده ورده گه‌شه‌ی پێبدرێت به چاکسازی زه‌وی وزار و دروستکردنی به‌نداو و کۆکردنه‌وه‌ی ئاو ئاوباره و په‌ره‌پێدانی هوشیاریی جوتیاران و کرێکاران و ئه‌ندازیارانی کشتوکاڵی به شێوازێکی هاوچه‌رخانه. زیادکردنی به‌روبوومی کشتوکاڵی له‌سه‌ر بنه‌مای گه‌شه‌ی چیناتیی بوو به هۆی پێکهێنانی ئابورییه‌کی مافییایانه که به‌روبوومی سروشتی و ناوخۆیی به تاڵاندهبرد. ئه‌م جۆره له گه‌شه‌ی چیناتی کشتوکاڵی یه‌که‌م ئامانجی”کۆکردنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌یه‌کی زۆره به ڕێگه‌ی دزین و تاڵانکردن” دوای هه‌ژموونی بواری ماڵیی به‌سه‌ر سه‌رمایه‌دا، واته هه‌ژموونی دراوی به‌رجه‌سته‌کراودا له ململانێی ئابووریی و قه‌رز و هه‌موو پێکهاته وه‌رگیرا و ده‌رهێنراوه‌کانی دراو به‌سه‌ر ئه‌و سه‌رمایه ماڵییه‌ی که به‌رجه‌سته ده‌کرا له”ئابوورییه ڕاسته‌قینه‌که‌دا”(پیشه‌سازی و کشتوکاڵ و خزمه‌تگوزاریی).
به‌م جۆره تاڵانیی و دزیی به‌روبوومی وڵات هێنده قوڵ بووه‌وه تا ئاستی ڕاماڵینی کۆمه‌ڵگا، پێکهاته‌ی ئابووری ڕیعی له خانوبه‌ره و خزمه‌تگوزاریی و سیاحه و بازرگانیی و هاورده و بانکه‌کاندا قه‌تیسماو گیرییخوارد. به‌مه‌ش قه‌واره‌یه‌کی به‌شه‌ری په‌راوێزخرا به‌وه‌ی که چوونه ده‌ره‌وه‌ی پرۆسه‌ی کشتوکاڵی. بۆ خۆڕزگارکردنیش له‌م قه‌واره گه‌وه‌ره به‌شه‌رییه که‌وته‌ن بیرکردنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له‌م “زیاده به‌شه‌رییه”ڕزگار بکه‌ن، ئه‌ویش به به‌رپاکردنی جه‌نگ و ئاژاوه‌گێریی بێسه‌روبه‌ره و بێ سود بۆ به‌شه‌ره‌کان، هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو ده‌بووه هۆی هه‌ڵگیرسانی ململانێ تایهفهگهرهیی و ڕه‌گه‌زیی و قه‌به‌لیی و ناوچه‌چێتیی.
سیاسه‌ته‌کان
ئێستا، که ڕاپه‌رینه‌کان ده‌ستیپێکردوه کۆلۆنیالیزم هه‌روا وه‌ک ته‌ماشاکه‌ر و ده‌ستبه‌ستراو ناوه‌ستێت به‌رامبه‌ر به‌وه‌ی که ڕووده‌دات. ده‌بێت سیاسه‌تێک به‌کاربهێنێت که به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی پێ بپارێزێت، یان پارێزگاری بکات له ده‌سکه‌وته‌کانی له ناوچه‌که‌دا. ئه‌مه‌ش په‌رچه‌کردارێکی سروشتییه بۆ ده‌وڵه‌تێک که بزانێت به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی هه‌ڕه‌شه‌لێکراوه، وه مه‌سه‌له‌که به جۆرێک گوزه‌رده‌کات که ڕه‌نگه کۆلۆنیالیزم و به‌رژه‌وه‌ندی کۆلۆنیالیزمی ده‌وڵه‌ته زله‌کان تێپه‌ڕێنێت. یه‌که‌م شت که ویستی، وه‌ستانی ئه‌و لێشاوه به‌شه‌رییه و گه‌مارۆدانی بوو. بۆیه پێویست بوو که بن علی و حسنی مباره‌ک و قذافی و ته‌نانه‌ت علی عبدالله صالحیش بکات به قوربانی، له‌وانه‌ش سه‌رانی تری ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌ش بگرێته‌وه، وه پێشکه‌شکردنی ئهلتارناتیڤێک له جیاتی جێبه‌جێکردنی داوکارییه میللییه‌کان. یان به‌ده‌ستهێنانی گۆڕانکارییه‌ک که نه‌بێته هۆی دواییهێنانی هه‌ژموونی سه‌رمایه‌داریی مافیایی پاشکۆ. بۆیه هه‌ندێک سازش و وازهێنان له هه‌ندێک ده‌ستکه‌وتی سنوردارکرد، که زیان نه‌دات له شێوازی ئابووریی سه‌رمایه‌داریی و هاوپه‌یمانێتییه‌کانیان و سیاسه‌ته‌کانیان. به‌ڵکو ئه‌و سازشکردن و ده‌ستهه‌ڵگرتنه له هه‌ندێک له ده‌ستکه‌وته‌کانی “دیموکراتیزه‌کردنه”، ئه‌و دروشمه‌ی که به درێژایی دوو ده‌یه بانگهێشتی بۆ ده‌کرا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌و”دیوموکراتیزکردنهش” هه‌ر له سه‌ره‌تاوه پاڵپشتێک بوو بۆ ڕژێمی باوکی و ئاینی( په‌تریارکی Patriarchate و theocracy). سیسته‌می سه‌رمایداریی و ده‌وڵه‌ته سهرمایدارییهکان هه‌وڵیاندا بۆ دووباره‌کردنه‌وه‌ی ڕژێمه ڕوخاوه‌کان له پیناوی فراوانکردنی بنکه‌یه‌کی سیاسیی هاوبه‌شدا، به جۆرێک ئه‌م هه‌وڵه‌یان خسته‌گه‌ڕ وه‌ک ئه‌وه‌ی هاوبه‌شییان کردبێت له سه‌رخستنی ڕاپه‌ڕین و میلله‌تدا، چوونکه هه‌ر له کۆنه‌وه به گوێره‌ی ڕاگه‌یاندن و مهسمیدیاکانیان به جۆرێک ڕه‌فتاریان ده‌کرد وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌وان “نوێنه‌ری گه‌ل”بن. له‌م کاتی ڕاپه‌ڕین و بزواته میللیهدا گه‌ڕانه‌وه بۆ بیرۆکه’کۆنه‌که‌یان” که له حه‌فتاکانه‌وه هاتبووه ئاراوه و مه‌به‌سته‌که‌ش ئه‌وه بوو که هاوبه‌شی به ئیسلامییه‌کان بکه‌ن له ده‌سه‌ڵاتدا. ئه‌م بیرۆکه‌یه له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو که بتوانن “جه‌نگێک بکه‌ن دژی تیرۆر” ئه‌مه له‌لایه‌ک، چوونکه ئه‌م جه‌نگه له جه‌وهه‌ریدا جه‌نگێک بوو به‌رامبه‌ر به “ئیسلام” وه ولایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ده‌یانویست، وه وه‌ک دوژمنێک ته‌ماشایان ده‌کرد که جێگره‌وه‌ی کۆمۆنیسته‌کانه و هه‌مان ترسیان هه‌یه بۆ سه‌ر سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی، ئه‌مه‌شیان بۆیه ده‌کرد تا بتوانن ململانێ راسته‌قینه‌کان، که ململانێی چینایه‌تییه بیکه‌ن به ململانێی “ڕۆشنبیریی” و مۆراڵی. هه‌ر ئه‌م ڕه‌وشه‌و ئه‌م سیاسه‌ته بوو که کارێکی کرد ده‌رگا واڵابکات بۆ سه‌رهه‌ڵدانی هه‌موو ململانێ تایه‌فه‌گه‌ریی و دینیی و ئاینزاییه‌کان. گه‌شه‌کردنی ئه‌م جۆر ململانێ و دژایه‌تییانه که ململانێ و دژایه‌تییه‌کی پله دوو له جیاتی ململانێ و دژایه‌تیه چینایه‌تییه‌کان بووه هۆی به‌رده‌وامی هه‌ژموونی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری. ولایه‌ته یه‌کگرتوه‌کانی ئامریکا و ڕۆژئاوا توانیان ڕاسته‌وخۆ ئه‌م سیاسه‌ته به‌رپا بکه‌ن به تایبه‌تی له تونس و میسردا ئه‌ویش به خۆگرێدان له‌گه‌ڵ سه‌رکرده سه‌ربازییه‌کاندا، هه‌ر سیاسه‌تی ده‌رپه‌ڕاندنی سه‌رۆکه کۆنه‌کان و جێگرتنه‌وه‌یان له لایه‌ن سه‌رکرده سه‌ربازییه‌کانه‌وه هه‌مان سیاسه‌ت و هه‌مان ڕێڕه‌وی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی بوو، له کاتێکدا که “هێزی ئه‌لته‌رناتیڤ” بوو، درێژه‌دان به ململانێ توونده‌کانی ڕاپه‌ڕین له لیبیا‌و یه‌مه‌ن و سوریادا، له‌به‌ر ئه‌وه بوو که بتوانن له ده‌رفه‌تێکی گونجاو‌دا به جۆرێک ئه‌نجامه‌کانی ئه‌م شۆڕش و ڕاپه‌ڕینانه بشکێنه‌وه تا به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان تیایدا مسۆگه‌ر و پارێزراوبێت
ده‌بێت ئه‌وه باش بزانین که له هاوکێشه‌ی ململانێکاندا ڕه‌گه‌زیکی سه‌رمایه‌داریی و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه کۆمپانیا سه‌رمایه‌دارییه‌کان هه‌یه، بۆیه ئه‌م ڕه‌گه‌زه هه‌میشه له هه‌وڵدایه که ئه‌نجامی گۆڕانکارییه‌کان گۆڕانکارییه‌کی قوڵ نه‌بێت به‌و مانایه‌ی که له به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رمایه‌داریی بدات، نه‌بوونی حیزبگه‌لێکی لێبڕاو ڕادیکال که هه‌ڵگری پرۆژه‌گه‌لێک بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامی گۆڕانکارییه‌کان به جۆرێک بشکێنێته‌وه که له به‌رژه‌وه‌ندی ته‌واوی دادی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی بێت نه‌ک له به‌رژه‌وه‌ندی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری ڕێگا خۆشکه‌ره بۆ ئه‌وه‌ی که سه‌رمایداریی بتوانێت سیاسه‌تی خۆی به‌رجه‌سته‌بکات و ئه‌جندای خۆی له ململانێکاندا بچه‌سپێنێت و بیسه‌پێنێت. سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی توانی کارلێک بکات له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رمایه‌داریی ناوخۆدا، که ئه‌وانیش ئیسلامییه‌کان ولیبراڵییهکان، که هه‌رچه‌نده ڕادیکالبن ناگاته ئه‌وه‌ی که دژایه‌تی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی بکه‌ن، بۆیه سه‌رمایداریی جیهانی توانی خۆی بگونجێنێت له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی سه‌رمایه‌داری ناوخۆییدا(ئیسلامیه‌کان و لیبراڵیه‌کان).
ڕه‌وشی چه‌پ وهۆکاری که‌ماسییان.
پێشتر ئاماژه‌م به ڕه‌وشی چه‌پدا به کورتی و به شێوه‌یه‌کی ڕاگوزه‌ر. لێره‌دا ده‌مه‌وێت ئاماژه به‌وه بده‌م که هێزی چه‌پی شیوعی له هه‌ردوو ده‌یه‌یی چله‌کان و په‌نجاکانی سه‌ده‌ی بیستدا بوو. دواتر حیزبه قه‌ومیه‌کان ده‌سه‌ڵاتیان گرته ده‌ست له ئه‌نجامی ئهفرۆزهکردن(ره‌فز)ی چه‌پی پێشکه‌وتو بۆ گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات، وه ئه‌و گۆڕانانه‌ی که له پێکهاته‌ی ئابوریی چینایه‌تییدا دروستبوو، بووه هۆی پاشه‌کشه‌ی چه‌پ و توانه‌وه‌ی. ئیتر چه‌پ نه‌یتوانی بکه‌وێته‌وه سه‌رپێی خۆی و گه‌شه‌بکاته‌وه تا وای لێهات به خێرایی زۆر په‌رتوبڵاو بووه‌وه. تا ڕوخانی یه‌کێتی سۆڤیه‌ت. وه له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵوه‌شانی سۆسیالیستی و به‌ره‌ی شیوعییه‌کان له جیهاند، تا گه‌یشته ئه‌وه‌ی که ئایدۆلۆژیه‌تی شیوعی ههرهستبهێنێت، هه‌ڵبه‌ت به هۆکاری لاوازیی و داماوی حیزبه شیوعییه‌کان و لادانیان له ڕاسته‌قینه‌یی شیوعیه‌ت. په‌رتبوونی چه‌په شیوعیه‌کان و ڕۆیشتنیان به ئاراسته‌ی لیبراڵیه‌ت ڕاسته‌وخۆ(له‌ژێر ئه‌وه‌ی که ناوده‌برا به دیموکراتیه‌ت) یان چه‌قبه‌ستن له‌سه‌ر دیموکراتییه‌ت وه‌ک تاکه داوا و گشتگیرانه، یان خۆ هه‌ڵواسین به سوریا و مغریب و عراق ه‌وه. به‌م جۆره ئایدۆلۆژیه‌تی خۆی سڕییه‌وه و ته‌نها به فۆرم مابوونه‌وه وه‌ک حیزبگه‌لێکی به ناو شیوعی و هیچیتر. بڕوایان نه‌بوو به‌وه‌ی که گه‌ل جاریكێ تر ڕاده‌په‌ڕێت و شۆرش به‌رپا ده‌کات، وه بڕوایان نه‌ده‌کرد که گه‌ل و حه‌شاماتی خه‌ڵک کێشه‌ی ئابووری و داواکارییه‌کانیان رۆژێک له ڕۆژان به‌رزده‌که‌نه‌وه و ده‌چنه‌وه به گژ سته‌مکاران و داگیرکاراندا. هه‌ر به بونیادێکی ڕێکخستنی قه‌تیسماو و به‌رته‌سک مانه‌وه، وه به ده‌وری خۆیاندا پهپکهیان خواردبوو. شیکاریی و شرۆڤه ئابوورییه چینایه‌تییه‌کانیان له ده‌ستدابوو، وه مه‌یلیان به لای کرێکاراندا نه‌مابوو، یان زۆر لاواز بوبوو، وه کاری سه‌ندیکاکان و کاری سه‌ندیکاییان پشتگوێخستبوو. له ڕاستییدا هیچ بیریان له ده‌سه‌ڵات نه‌ده‌کردوه، ته‌نانه‌ت له‌و کاتانه‌شدا که به‌هێز بوون. ستراتیژییه‌تی خۆیان له “خه‌باتی دیموکراتییدا” پیادهکردبوو، وه هاوپه‌یمانێتییان له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه‌دا ده‌کرد که هه‌مان ئامانجیان هه‌بوو(واته دیموکراتیه‌ت)، وه هه‌میشه داواکارییه‌کانیان دیموکراتیزه‌کردن بوو، وه کاریان له بواری مافی مرۆڤدا ده‌کرد. خه‌باتگێڕێکی دیموکراتیی ڕاسته‌قینه بوون. ئه‌و خه‌باتگێڕه دیموکراتییه‌ته‌ی له تێڕوانینی لیبراڵییه‌وه سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت، چوونکه هه‌موو چالاکی و داواکارییه‌کانیان له ده‌وری ئه‌م ئامانجه کۆبوبوه‌وه نه‌ک شتێکی تر. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که هه‌ژاریی، بێکاریی، که‌ماسیی له بواری فێرکاریی و ته‌ندروستییدا چینه میللیه‌کانی ته‌واو هه‌راسانکردبوو. ئه‌م هه‌راسان بوون و وهرسبوونه که‌م که‌م به ئارامی به‌رده‌وام ده‌بوو و به‌رز ده‌بوه‌وه. له کاتێكدا شیوعی و چه‌په‌کان خه‌ریکی داواکردنی ڕیفۆرمخوازیی بوون، چینه میللیه‌کان له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوون ڕژێم بڕوخێنن. بۆیه کاتێک ڕاپه‌ڕینه‌کان ته‌قییه‌وه ئه‌مان بێ ئاگا بوون، یان له‌گه‌ڵ خه‌ڵکه گشتییه‌که‌دا بوون و لایه‌ندارییان ده‌کرد وه‌ک هه‌موو خه‌ڵک به شیوازێکی خۆڕسکانه، یان هه‌ڵوێستێکی دوودڵییان هه‌بوو به ئاگاداریی و ترسه‌وه ده‌یانڕوانیه گۆڕان. یان هه‌ندێک جار دژی ده‌وه‌ستانه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ندێک له حیزبه چه‌پ و شیوعیه‌کان هاوبهشییانکرد له ڕاپه‌ریندا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که ڕاپه‌رین پێوسیستی پێی هه‌بوو، وه‌ک تێروانینێکی سیاسیانه، وه دیاریکردنی داواکارییه‌کانیان و ئامانجه‌کانیان، وه ڕێخستنی ئه‌و حه‌شاماته ڕاپه‌ڕیوه خۆڕسکه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست و گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی بکه‌ن و ده‌ره‌فه‌ت نه‌دان به شۆڕشی چه‌واشه‌کار و گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ ڕژێمه کۆنه‌کان و دوورخستنه‌وه‌ی کۆنه‌په‌رستان و سه‌له‌فییه‌کان له ده‌سه‌ڵات، شیوعیه‌کان و چه‌په‌کان نه‌یانتوانی ئه‌م که‌لێنه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌کان پڕ بکه‌نه‌وه. به کورتی ئه‌وه‌ی چه‌پی مارکسی هه‌ر به ناو چه‌پی مارکسی بوون و له ڕاستیدا مارکسی نه‌بوون، ده‌ربڕی ناڵه‌و داوکارییه ڕاسته‌قینه‌کانی جوتیاران وکرێکاران و هه‌ژاران نه‌بوون، به‌ڵكو نوێنه‌رایه‌تی ده‌سته و توێژێکی ناوه‌ڕاستیان ده‌کرد و داوای ئامانجه‌کانی ئه‌وانیان ده‌کرد. وه چه‌مک و مانای شۆڕ‌شیان له ده‌ستدابوو هه‌ر وه‌ک لیبراڵه‌کان ڕه‌فتاریان ده‌کرد، وه به‌هیچ جۆرێک له داواکردن وهه‌وڵدان بۆ گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات نزیک نه‌ده‌که‌وتنه‌وه. چوونکه له واقیع نه‌گه‌یشتبوون و نه‌یاندتوانی ستراتیژییه‌تێکی باشی ململانێی چینایه‌تی داڕێژن، وه هیچ جۆره تهکتیکێکیان نه‌بوو بۆ جوتیاران کرێکاران و هه‌ژاران و بۆ ڕێخستنه‌کانیان. به کورتی ئه‌مان له دۆڵێکی تردا بوون و بێ ئاگا بوون.
ئاسۆی ڕاپه‌ڕین .
ئێستا، ئه‌وه‌ی که ده‌یبینین له تونس و میسر و مه‌غریبدا. ئیسلامیه‌کان هاتونه‌ته سه‌ر حوکم، له‌وانه‌شه له وڵاتانی تریشدا هه‌ر وابێت. ئه‌وه‌ی که له‌مه‌و پێش قسه‌م له‌سه‌ر کرد بۆ ئه‌وه بوو که ئه‌و ڕه‌وشه شیبکه‌مه‌وه و وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌مان ده‌ستبکه‌وێت. ئایا ڕاپه‌ڕین دوایی هاتوه؟، ئایا ڕاپه‌ڕین گه‌یشتوه به ئامانجه ڕاسته‌قینه‌کانی خۆی؟ .
له ڕاستیدا نه ڕاپه‌ڕین دوایی هاتوه، نه ئامانجه‌کانی خۆشی پێکاوه، ئه‌و حیزبانه‌ی که له ڕێگه‌ی سندوقی هه‌ڵبژرادنه‌وه گه‌یشتون به ده‌سه‌ڵات، ناتوانن کێشه‌ی چینایه‌تی چاره‌سه‌بکه‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که هه‌ڵبژاردنه‌کان له ژێر سایه و سه‌رپه‌رشتیاریی ده‌وڵه‌تی به حساب روخاودا به‌ڕێوه چووه، له جیاتی ئه‌وه‌ی ڕژێمه ڕوخاوه‌کان به ته‌واوه‌تی له ڕه‌گوڕیشه ده‌ربهێنرێت و سه‌ر له نوێ ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌کان دامه‌زرێته‌وه به جۆرێک که بتوانێت کێشه‌ی چینایه‌تی چاره‌سه‌ر بکات و دادی کۆمه‌ڵایه‌تی فه‌راهه‌م بکات. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش به هۆی ئه‌وه‌وه بوو که ئه‌و چه‌په‌ی که به ڕاستی ده‌ربڕی داواکاریی و ناڵه‌ی کرێکاران و جوتیاران و هه‌ژارانه بوونی نه‌بوو هیچ ده‌ورێکی ئه‌وتۆی نه‌بینی بۆ به‌رجه‌سته‌کردنی ئامانجه سه‌ره‌کییه‌کانی ڕاپه‌ڕین که به‌رژه‌وه‌ندی چینه هه‌ژاره‌کان و کرێکاران و جوتیاران بوو، بۆیه ڕاپه‌رین توشی ئاسته‌نگ و قه‌یران بوو، ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی که حیزبه لیبراڵه‌کان و ئیسلامییه‌کان ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست و هێزی ههرژاران و جوتیارن و کرێکاران که هێزێکی سه‌ره‌کی بوون له ڕاهپهڕیندا په‌راوێزخران. گۆڕینی بنه‌ڕه‌تی ده‌بێت له ئاباوری چینایه‌تیدا بکرێت، ده‌بێت ئابوری و موڵکایه‌تی و کشتوکاڵی سه‌ره‌تایی بگۆڕێت بۆ پیشه‌سازیی و کشتوکاڵیی سه‌رده‌م و هاوچه‌رخ، وه دامه‌زراندن و سازدانی فێرکاریی له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی فه‌لسه‌فیی و هاوچه‌رخانه و دامه‌زراندنی کۆلێژی تواناسازیی تاکه‌کان و گۆڕانی کۆمه‌ڵ و داهێنانی کولتوری نوێ و نوێخوازیی و هاوچه‌رخانه و دورکهوهتنهوه له دۆگما له‌هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا. ئه‌مه‌ش ده‌بێت به ده‌روازه‌یه‌ک بۆ به‌دیهێنانی ده‌وڵه‌تی دیموکراتیی مه‌ده‌نی، مه‌حاڵه ده‌وڵه‌تی دیموکراتیی و به‌دیهێنانی دیموکراتیی ته‌نیا له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه، تا ئابووریی موڵکایه‌تیی و خۆرسکی تێنه‌په‌ڕێنرێت. هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ی که ئێستا له کایه سیاسییهکهدان و ده‌سه‌ڵاتیان گرتوه‌ته ده‌ست ناتوانن ئه‌مه بکه‌ن، بۆیه دره‌نگ یان زوو میلله‌ت و چینه‌کانی ژێره‌وه به‌ریه‌که‌وتنیان بۆ دروستده‌بێت له‌گه‌ڵیانا، جا چاکتر وایه له زوترین ده‌رفه‌ت و بواردا ده‌ستپێبکه‌ن. ته‌قینه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌کان قه‌واره‌یه‌کی گه‌وره‌ی له گه‌نجان و لاوان هێناوه‌ته سه‌ر ڕێگه‌ی خه‌بات و تێکۆشان و ئه‌م وزه‌یه ده‌بێت به‌رده‌وامبێت و هه‌میشه خۆی بهرجهستهبکاتهوه و خۆی به‌رهه‌مبهێنێته‌وه به تێکۆشانی به‌رده‌وام و پێداگرتن له‌سه‌ر داواکارییه‌کانیان، ئه‌م قه‌واره گه‌وره‌یه ڕوانین و ئامنجگهلێکی جیاوزای هه‌یه له‌گه‌ڵ دۆگماتیستهکاندا، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وه‌ێت هه‌مان ڕژێمی ڕوخاو به جۆرێکی تر و به شیواز و فۆرمێکی تر بهرههمبهێنهوه، ئه‌م قه‌واره‌یه ده‌توانێت خۆی له سه‌ندیکا و ڕێخراوه سیاسیی و مه‌ده‌نییه‌کاندا بچێنێت و به‌رده‌وامبێت له تێکۆشان‌دا.
لیبراڵیه‌ت؟
بۆچی ڕاپه‌ڕینه‌کان به‌و جۆره دیار و بریقداره به شێوه‌یه‌کی خۆرسک به‌رپابوون؟
له پڕ که‌وتین به‌سه‌ر بزاوتێکی شۆڕشگێڕییدا، ئه‌وه نه‌بوونی ئاماده باشیی خودیی بوو که بووه هۆی سه‌ر له نوێ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ڕژیمه ڕوخاوه‌کان به شێوازگه‌لێکی سیاسیی نوێوه بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه چینایه‌تییه‌کانیان. به‌ڵام واقیعه جێکه‌وته‌که ڕێگه‌نادات به دووباره بوونه‌وه‌ی هه‌مان چینی سیاسیی ڕژێمه کۆنه‌کان ئه‌گه‌ر گۆڕانکارییه‌ک نه‌که‌ن له سیاسه‌تی خۆیان و به‌ڕێوه‌بردندا. هه‌رچه‌ند خۆی دووباره بکاته‌وه ناتوانێت به هه‌مان ڕه‌وشتی کۆن وه‌ک خۆی دووباره بکاته‌وه. جارێکی تر بێده‌نگی گه‌ل دروستنابێته‌وه له ئاستی چهونساندنهوه و ژێرده‌سته‌ییدا. پێویسته له‌م بناغه‌یه تێبگه‌ین و ئیدراکمان هه‌بێت بۆ ڕه‌وشی سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تی ئێستا دوای ئه‌م ڕاپه‌ڕین و شۆڕشانه، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بناغه‌یه‌ش ده‌بێت فکر و هوشیاریی و سیاسه‌ت دابڕێژرێته‌وه، وه حیزبگه‌لێکی نوێ بێته ئاراوه که به ته‌واوه‌تی گرێدراوی کرێکاران و جوتیاران و هه‌ژاران بێت و له پێناوی به‌رژوه‌ندی چینایه‌تییاندا کار و خه‌بات بکات.
ئه‌رکی چه‌په‌کان له‌م قۆناغه‌دا
دوای هه‌موو ئه‌مانه، ئه‌رکی چه‌په‌کان چییه، به دیاریکراوی مه‌به‌ستم له مارکسییه‌کانه؟
ئه‌گه‌ر ئامانجی مارکسییه‌کان گۆڕانی جیهانه، ئه‌و هێزه‌ی که ده‌توانێت ئه‌و گۆرانه بکات که‌وتۆته کار. مه‌به‌ستم کرێکاران و جوتیاران و هه‌ژاران و چینه میللییه‌کانه. وه‌ک ئاماژه‌م پێدا کار و خه‌باتی ئه‌مانه به‌رده‌وام ده‌بێت هه‌تا ئه‌و ئه‌لته‌رناتیڤه‌ی که خۆیان ده‌یانه‌وێت ده‌یدۆزنه‌وه له ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی و به‌ڕێوه‌بردندا. ئه‌مه‌ش به زه‌روره‌ت کار و خه‌باتی مارکسییه‌کان گرێده‌دات به کرێکاران و جوتیاران و هه‌ژارانه‌وه، وه به دوای ئه‌و ئه‌لته‌رناتیڤه‌وه ده‌بیت که ئه‌وان داوای ده‌که‌ن. بۆیه ده‌بێت ئه‌و ستراتیژییه‌ته دابڕێژێت که ده‌یگه‌یه‌نێته ده‌سه‌ڵاتی سیاسی. ئه‌وه ئاشکرایه که چاره‌سه‌ری کێشه‌ی چینه میللیه‌کان له گۆڕانکاریی شێوازی ئابوورییدایه له‌و میانهیهیی که له‌گه‌ڵ شێوازی ئابوریی باوی سه‌رمایه‌دارییدا به‌ره‌و ڕوودهبنهوه و پێکداده‌ده‌ن، لێره‌شدا ده‌بێت ئاگاداری ئه‌وه بین که لیبراڵیه‌ت و هێزی لیبراڵی ناتوانێت تا سه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌م ململانێیهدابێت، واته له کوێدا زانی له به‌رژه‌وه‌ندی چینی سه‌رمایه‌داریی ده‌درێت ئه‌م هێزه پاشه‌کشه ده‌کات و ده‌بێت به لایه‌نگیریی مانه‌وه‌ی سیسته‌می ئابوریی و سیاسییه باوه‌که. ته‌نها گرێدراویی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ک که تا سه‌ر بمێنێته‌وه گرێدان و به‌رژه‌وه‌ندی چینایه‌تی نێوان مارکسییه‌کان و کرێکاران و جوتیارن و چینه میللیه‌کانه. هه‌ڵبه‌ت بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته به‌رنامه‌یه‌کی تۆکمه‌ی مارکسییانه هه‌بێت که ده‌ربڕی خواست و ئامانجی ئه‌و چینانه بێت، وه سیاسه‌ت و ئامرازگه‌لێک دارێژێت و بگرێت به ده‌سته‌وه که گه‌شه بدات به‌و ململانێیه و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی مسۆگه‌ربکات بۆ ئه‌و چینانه. واته سه‌رکه‌وتنی چینه میللیه‌کان بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات، نه‌ک ڕوخانی سه‌رۆکێک یان نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵیی. ئالێره‌وه‌یه که دروشمی ڕوخانی ده‌سه‌ڵات گرنگه به‌رزبکرێته‌وه و کاری بۆ بکرێت. واته گۆڕانی چینی ده‌سه‌ڵاتدار به چینه میللییه‌کان، که سه‌رله‌نوێ ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه ئابوورییه‌کان بونیادبنێته‌وه. که‌واته له‌سه‌ر مارکسییه‌کانه که به به‌رنامه و تێڕوانیینه‌کانی خۆیاندا بچنه‌وه، وه ستراتیژییه‌تێک داڕێژن که بیانگه‌یه‌نێته ده‌سه‌ڵات. که‌واته دروستکردنه‌وه‌ی حیزبی مارکسیی گرنگه، که گرێدراوی کرێکاران و جوتیاران و هه‌ژاران بێت و خه‌باتیان له‌م پێناوه‌دا بێت.
http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=293265
نووسینی: سلامة كيلة
الحوار المتمدن – العدد: 3622 – 2012 / 1 / 29 – 15:25
له عه‌ره‌بییه‌وه: جیهاد موحه‌مه‌د