
یاخیبوون … بەرهەم خالید
١
دەگەرێمەوە بۆ ڕابردوو
نیشانەی هەڵە
لەهەموو ئەو ڕستانە ئەدەم
کە مامۆستا دەیوت ڕاستن
٢
ئەوە ئێمە بووین
هیچ بۆشاییەکمان
بە وشەی گونجاو پڕ نەکردەوە
٣
لەناو هەریەکێ لە ئێمەدا
بتێک هەیە
لەخۆمان زەلیلتر
وای لە ئێمە
٤
با خەمەکانمان هەڵبڕێژین
هەریەکەو تەورێکی لێ دروست بکەین
بۆ شکاندنی بتەکان
٥
لێرە درۆ
هێندە قەڵەو بووە
فویەک بکات
ڕاستی با دەیبات
٦
ئەوەی وەک سۆکرات ژەهر نەنۆشێ
هەر زوو دەمرێ
٧
با ڕقەکانمان کۆ بکەینەوە
بیانکەین بە ڕستە
ڕستەکان ببن بە پرد
تا ئەوانی دی
نەکەونە نێو چاڵەکەوە
٨
ئێسکی شەهیدەکان کۆ دەکەمەوە
دابەشی خیانەتەکانی ئێوەی دەکەم
هیچ نامێنێتەوە !
ئای لەو بەدبەختییە !
٩
ببورە سوهراب
لە تەنیشت هەر دەسەڵاتدارێکی وڵاتی ئێمەوە
چاندنی داریک بەس نییە
بۆ پاکبوونەوەی ژینگە،
پێویستە دارستانێک دروست بکەین *
١٠
نیشتیمانەکەم پڕە لە ڕۆمیۆ
شکسپیرێک نییە
بیان نوسێتەوە
……………………….
* لەتەیشت هەر سیاسییەکەوە
داڕێک بڕوێنن
تا ژینگە پاک بببێتەوە…. سوهراب