Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024
چه‌ند شیعرێكی غوڵام ره‌زا برۆسان 3

چه‌ند شیعرێكی غوڵام ره‌زا برۆسان 3

Closed
by March 30, 2012 ئەدەب

 

1
پێكه‌نینه‌كه‌ی ده‌ورووبه‌ری كاتژمێر نۆی پیشان ده‌دا
كه‌ قسه‌ی ده‌كرد
ئاسمان شین ده‌بوو
ئه‌وه‌نده‌ شین ده‌ستی مرۆڤ ره‌نگی ده‌گرت.

نه‌ڕه‌یه‌كی وه‌ها، تێنه‌گه‌یشتم
له‌ ده‌مییه‌وه‌ بوو
یا یه‌خه‌كه‌ی؟

گوڵه‌به‌ڕۆژه‌!
هه‌رگیز ده‌متم
به‌وجۆره‌ ره‌ش نه‌بینی بوو.

2
ناوت
له‌ پووزه‌كانمه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات
له‌ دڵمه‌وه‌ تێپه‌ڕده‌بێ و
ئاگر له‌ زارم به‌ر ده‌دات.

مه‌رگ چۆن ده‌توانێ
له‌ تۆ
تاقه‌ چاڵێك پڕكاته‌وه‌.

3
تۆ نامری
هه‌ر وه‌ك ئاڵایه‌ك سه‌ربازانێكی زۆر
دابێتیانه‌ به‌ر ده‌ستڕێژ.
هه‌موو شه‌وێ ئه‌و ده‌مانه‌ی با هه‌ڵده‌كات
مانگ له‌ خۆت ده‌په‌ڕێینییه‌وه‌.

سه‌ری كه‌ڵه‌كێوییه‌كم له‌ تۆدا بینی
كه‌ هێشتا
شاخه‌كانی به‌ره‌و كوێستان
خواربوو و
زنه‌یه‌ك
كه‌ پۆلێك باڵنده‌ ئاوی لێده‌خۆنه‌وه‌.

مه‌رگ چۆن ده‌توانێ
له‌ تۆ
تاقه‌ چاڵێك پڕكاته‌وه‌.

4
هه‌موو شتێك به‌وجۆره‌ ده‌ڕوا
كه‌ تۆ هه‌بووی
هێشتا زستانان له‌ شان و كۆڵی ئه‌سپه‌كان
هه‌ڵم هه‌ڵده‌ستێ
هێشتا با
قوتووی زه‌هر له‌ مه‌زراكان دوور ده‌خاته‌وه‌
هێشتا میوه‌ كاڵه‌كان بۆ داره‌كان دڵسۆزترن

دار هه‌رمێ
جوانی گه‌وره‌ ژنێكی هه‌یه‌
مانگ به‌ دامێنی ده‌گرێت و
گه‌ڵاكانی رووناك ده‌كاته‌وه‌.

هێشتا چیلكه‌ی خه‌یاڵم گه‌رمه‌
هێشتا زیندووه‌و ده‌چنێ
كه‌ یه‌خه‌م به‌رز ده‌كه‌مه‌وه‌
باران
به‌سه‌ر كڵاوی لێوارداردا ده‌بارێ.
تێپه‌ڕینی مێروویه‌كی چكۆله‌
شه‌قارێكی باریك له‌ زه‌یندا دروست ده‌كات و
زیندانی جۆرێك
سه‌یری زیندانه‌وان ده‌كات
كه‌ چما ده‌یه‌وێ گرێیه‌كی چكۆله‌ بكاته‌وه‌.
مرۆڤ ده‌ست به‌ ده‌ست ده‌گه‌ڕێ و زنجیر
شێوه‌ی دێرینه‌ی خۆی ده‌پارێزێ
هه‌موو شتێك به‌وجۆره‌ ده‌ڕوا
كه‌ تۆ هه‌بووی.

به‌ڵام من فه‌رقم كردووه‌
ده‌بێ لێره‌ بی و ببینی
جیاوازی سه‌ر و ده‌سته‌كانم
شه‌ڕی ناوچه‌وان و مشت
ده‌بێ لێره‌ بی و ببینی
هه‌ر قۆپچه‌یه‌ك كه‌ ده‌كه‌وێ
ده‌رزییه‌ك له‌ فكری كراسه‌كه‌م رۆده‌چێ

به‌م ئاگره‌ی هه‌ڵمگیرساندووه‌
ئه‌ی خۆزگه‌
رووبارێك به‌ ناومدا تێده‌په‌ڕی.

5
بڵێ چ بكه‌م؟
به‌ بیبه‌رێكه‌وه‌ كه‌ تامی جیابوونه‌وه‌ ده‌دات
به‌ ئازارێكه‌وه‌ كه‌ وه‌رزه‌كان ناناسێ
به‌ خوێنێك كه‌ ناگیرسێته‌وه‌.

بڵێ چ بكه‌م؟
گاڤێك شادی به‌ كلكی كۆللاره‌یه‌كه‌وه‌ به‌نده‌ و
خه‌م چوون به‌ردێك
له‌ سه‌ره‌ولێژیی دۆڵێكه‌وه‌ دوام ده‌كه‌وێ.

دڵم لقه‌ شاتوویه‌كه‌.
كه‌ با
خوێنی به‌ ده‌ر و دیواردا پڕژاندووه‌.

                                  پاییز 86
   
سه‌رچاوه‌:
مرپیه‌ برای درختی كه به پهلو افتاده‌ است
انتشارات فرهنگ تارا
چاپ دوم، 1390


له‌ فارسییه‌وه‌: جه‌بار سابیر

  

Previous
Next