جه‌هل و لاسایی كردنه‌وه‌ی داهێنان
كاتێ كه ڤۆڵده‌ری نمایشی (من كێم) مان به‌ده‌ست ده‌كه‌وێت و ده‌یخوێنینه‌وه ڕووبه‌روی چه‌ند چه‌مكێكی ریزكراو ده‌بینه‌وه كه كاركردن تێیاندا تاراده‌یه‌ك قورسه و پێویستی به كه‌سی به‌ئاگا و داهێنه‌ر هه‌یه تا ڕێگا به‌خۆی بدات و ناوی له پاڵ ئه‌و چه‌مكانه‌د دابنرێت، ئه‌وانیش چه‌مكه‌كانی (ئاماده‌كرن و ده‌رهێنان) و (سینۆگرافیا)ن. ده‌رهێنه‌ر ئه‌و بونه‌وه‌ره عه‌زیمه‌یه له پرۆسه‌ی شانۆییدا كه ته‌واوی هێڵه‌كانی نمایشی له ده‌ست دایه و خوڵقێنه‌ری كۆی پڕۆسه‌كه‌یه هه‌ر له دیاریكردنی بابه‌ت و ئه‌كته‌ر و شوێن و چاره‌سه‌ر و گوتار و ئاڕاسته و سه‌ركردایه‌تی كردنی گروپه‌وه تا دوا هه‌نگاو، ده‌رهێنه‌ر هه‌ڵگری ته‌واوی تێز و بنه‌ما و تیۆره‌كانی ئاراسته جیاوازه‌كانی شانۆیه. شانۆكاری عێراقی (حسێن تكمه‌چی) له‌باره‌ی ده‌رهێنانه‌وه ئه‌ڵێ” ده‌رهێنانی شانۆیی به یه‌كێك له بنه‌ما هه‌ره ئه‌ساسیه‌كانی نمایشی شانۆیی داده‌نرێت، به‌و پێیه‌ی پرۆسه‌یه‌كی رێككاری و ستاتیكی و شێوه‌كارییه بۆ بنیاتنانی وێنه‌ی نمایشی بینراو هه‌روه‌ك دیمه‌نه‌كان و كۆی پرۆسه‌كه‌ش بارگاوی ده‌كات به دیدگای تایبه‌ت”1
هه‌روه‌ها (بدری حسون فرید) و (سامی عبدالحمیدش) له باره‌ی داهێنه‌ریی و باڵاده‌ستی ده‌هێنه‌ره‌وه ده‌ڵێن”ئه‌و ته‌نها شیكه‌ره‌وه‌یه‌ك نیه به‌ڵكو دروستكه‌ر و رێكخه‌ریشه”2
له باره‌ی ئاماده‌كرنی ده‌قیشه‌وه بێگومان قسه و بۆچونی زۆر هه‌ن به‌ڵام به‌گشتی كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ئاماده‌كردنی ده‌ق له ساده‌ترین پێناسه‌یدا بریتییه له تێكشكاندنی ته‌واوی هه‌یكه‌لیه‌تی تێكست و دووباره بنیاتنانه‌وه‌ی تێكستێكی نوێ و گۆڕینی مانا و ده‌لاله‌ته‌كانی ده‌قه كۆنه‌كه چونكه ئه‌گه‌ر ده‌رهێنه‌ر باوه‌ری به گۆڕانێكی ڕیشه‌یی نه‌بێت له‌و تێكسته‌دا ئه‌وا هانا بۆ ئاماده‌كردن نابات.
ئێستا دوای خستنه ڕووی ئه‌و بۆچوونانه‌ی سه‌ره‌وه با بزانین نه‌ژاد نه‌جمی ده‌رهێنه‌ری ئه‌م نمایشه له كوێدا ده‌رهێنه‌ره و له كوێشدا ئاماده‌كاری ده‌قه؟ئه‌بێ ده‌رهیًنه‌ریی نه‌ژاد نه‌جم له كوێدا بێت له كاتێكدا كه (ستاتیكا) و (ڕێكخه‌ری) به‌ته‌واوی له نمایشه‌كه‌یدا وونه و ئه‌وه‌ی كه ده‌بینرێت بریتیه له كۆمه‌ڵێك ده‌نگه ده‌نگی بێسه‌روبه‌ر؟! به‌بێ ئه‌وه‌ی كه ئیشه‌كه وا بخوازێت نه‌خشه‌یه‌كی تازه‌یه‌ی بۆ ته‌خته‌ی شانۆ داڕشتووه‌ته‌وه و شێوه‌یه‌كی هێند غه‌ریب و سه‌یره كه ته‌نانه‌ت به روونی هه‌ست به‌وه ده‌كرێت له‌به‌ر به‌رته‌سكی و كه‌م مه‌ودایی ته‌خته‌ی شانۆ زۆرجار ئه‌كته‌ره‌كان به‌ریه‌ك ده‌كه‌ون و لێكده‌خشێن!وه‌ك ئاشكرایه به‌پێی مه‌نهه‌ج توانای ده‌رهێنه‌ر له پانتاییه‌كی فراوان و كراوه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت و هه‌میشه‌ش ده‌هێنه‌ری لاواز و بێ‌توانا هه‌وڵی به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی ئه‌و ستێجه فراوانه ئه‌دات كه بۆ ئه‌كته‌ر ته‌رخان كراوه تا به ئازادانه مامه‌ڵه‌ی له ته‌كدا بكات و باڵاده‌ستی خۆی تێدا ده‌ربخات هه‌ڵبه‌ته ئه‌م قسه‌یه ئه‌و ده‌رهێنه‌رانه ناگرێته‌وه كه زه‌روره‌تی ئیش و ئه‌زموونكاریه‌تیان وا ده‌كات كه ته‌خته‌ی شانۆ و شوێنی نمایش ده‌سكاری ده‌كه‌ن ده‌یگۆڕن بۆ فه‌زایه‌كی جیاوازتر. جه‌وهه‌ریترین خاڵێك كه له هه‌موو ئیشه‌كانی نه‌ژاددا ئاماده‌یی نیه بریتیه له گوتار و شوناس و جێده‌ست! هه‌ڵبه‌ت ده‌رهیًنه‌ری به ئاگا كه ئیشێك ده‌كات به‌ر له هه‌موو شتێك بیر له دانانی ئاراسته‌یه‌ك ده‌كاته‌وه بۆ بنه‌مای كاره‌كه‌ی و گوتارێكی ڕوون و ئاشكرا دیاریده‌كات و به ئامانجی ئه‌و گوتاره سیاقی نمایشه‌كه‌ی به‌رێده‌كات، هه‌روه‌كو چۆن جێده‌ستی (بصمه)ده‌رهێنه‌ر ڕوویه‌كی گرنگی تره له نمایشی شانۆییدا، به‌ڵام ئه‌سه‌ف ئه‌م ده‌رهێنه‌ره به‌ڕێزه به‌بێ بیركردنه‌وه له‌و ڕه‌كیزه ئه‌ساسیانه‌ی نمایش تاكو ئێستا چه‌ند كارێكی شانۆیی ئیخراج كردووه و له‌مه‌ش كاره‌ساتتر ئه‌وه‌یه ئه‌و كارانه به‌هۆی موجامه‌له‌ی شه‌خسی و (هه‌ندێ جار) له غیابی شانۆكاره جدیه‌كانه‌وه ده‌برێت بۆ شاره‌كانی تری كودستان و هێنده‌ی تر وێنه‌ی شانۆی كه‌ركووك ده‌شێوێنرێت و كه ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌وڵه ترسناكانه به‌رده‌وام بن ئه‌وا ئه‌بێ شانۆكاره جدییه‌كانی شاره‌كه چه‌ندین پڕۆژه‌ی گه‌وره و گرنگ ئاماده‌بكه‌ن تا ئه‌و وێنه شێواوه‌ی شانۆی كه‌ركوك له‌لای شانۆكارانی ده‌ره‌وه‌ی كه‌ركوك چاك بكه‌نه‌وه، سه‌یری كاره‌سات بكه‌ن ئه‌وكاته له بری ئه‌وه‌ی شانۆكاران له هه‌وڵی پڕۆژه‌ی جیاواز و داهێنه‌رانه بن ده‌بێ خه‌ریكی چاككردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی مناڵه عه‌جوله‌كان بن كه شانۆیان له‌وتاندووه!!
چه‌مكێكی تر كه له ڤۆڵده‌ره‌كه‌دا نوسراوه(سینۆگرافیا)یه و له پاڵیدا ناوی خاتونێكی خوێندكاری په‌یمانگا دانراوه كه خوێندكاری قۆناغی سێیه!!كاره‌سات و جه‌هله خوێندكاری سه‌ره‌تای شانۆ كاری سینۆگرافه‌ری بكات جه‌هله جه‌هل!! من ئاماده‌م خوێنی خۆم بكه‌مه گره‌وه‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌و خاتونه (سینۆگرافه‌ره‌كه) توانی پێناسه‌یه‌كی زانستیانه ته‌نها و ته‌نها بۆ ووشه‌ی سینۆگرافیا بكات، ئه‌م دڵنیاییه‌م له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه خاتونی سینۆگرافه‌ر له نزیكه‌وه ده‌ناسم و ده‌زانم ئاستی مه‌عریفه‌ی چیه، پاشان خودی خۆم و هاوڕێ جدیه‌كان ڕۆژانێك له‌و په‌یمانگایه ئه‌و مامۆستایانه‌مان به پرسیاركردن له باره‌ی سینۆگرافیاوه ئیحراج ده‌كرد كه ئێستاش هه‌مان ئه‌و مامۆستایانه وانه به‌و به‌رێزه ده‌ڵێنه‌وه كه سینۆگرافیای بۆ نمایشه‌كه‌ی نه‌ژاد نه‌جم داناوه!!!
“سینۆگرافه‌ر كه‌سێكه به‌سروشتی خۆی رۆشنبیره و به‌خته‌وه‌ریی خۆی له‌و گه‌ڕانه هه‌میشه‌ییه‌دا ده‌بینێ كه به دوایی ئه‌و دیاردانه‌وه‌یه كه به‌خێراییه‌كی توند به ناو مێژوو و كۆمه‌ڵناسیدا بڵاوه‌یان كردووه و هه‌مه‌ڕه‌نگی له كاره‌كانیدا به به‌شێكی دانه‌بڕاوی ئه‌فسونی بابه‌ته‌كان داده‌نێت. هه‌روه‌ك نایه‌وێت ته‌نها ڕووداوه گه‌وره‌كانی مێژوو بزانێت به‌ڵكو وورده‌كاری و ناوه‌ڕۆكشیانی بۆ گرنگه له‌گه‌ڵ هه‌بوونی زانیاری ته‌واوه‌تی له‌سه‌ر چۆنیه‌تی ژیان و نانخواردن و جلپۆشین و مامه‌ڵه‌كردنی خه‌ڵك، كێشه‌ی گه‌وره كه ڕووبه‌ڕووی سینۆگرافه‌ر ده‌بێته‌وه چۆنیه‌تی وه‌رگرتنی كرۆكی بابه‌ته و پاشان یه‌كانگیركردنیه‌تی ئینجا له دوای ئه‌وه‌وه بڕیاری به‌كارهێنان یان ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌دات”3. هه‌ر له ڕووانینی یه‌كه‌مه‌وه بۆت ده‌رده‌كه‌وێت كه سینۆگرافیای نمایشی (من كێم؟) ته‌واو خاڵیه له‌م تێگه‌یشتنه به‌وه‌ی كه هه‌ڵواسینی جه‌ند مه‌تر نایلۆنێك و پاشان دروستكردنی (پۆز)ێك به‌و نایلۆنه و مامه‌ڵه‌كردنێكی سارد و ئاساییانه‌ی ئه‌كته‌ر و بینه‌ر له‌گه‌ڵیدا و نه‌بوونی بچووكترین ته‌ماس و په‌یوه‌ندی له نێوان سینۆگرافیا و ره‌گه‌زه‌كانی تر نامانگه‌یه‌نێته ئه‌و بڕوایه‌ی كه ئه‌م ته‌نانه‌ی سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ ناوبنێین (سینۆگرافیا) چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌و ناوه‌مان لێنا ئه‌وا بێ ئینسافی له‌گه‌ڵ بینین و مه‌عریفه‌ی خۆماندا ده‌كه‌ین، من له ده‌رهێنه‌ر یاخود سینۆگرافه‌ر ده‌پرسم ئایا ئه‌گه‌ر له بری ئه‌و نایلۆنه قۆماش به كاربهێنرایه چی له هاوكێشه‌كان ده‌گۆڕا؟ بێگومان هیچ چونكه ئه‌و نایلۆنه له‌و نمایشه‌دا رۆڵی نایلۆنی نه‌بینی به‌ڵكو ته‌نها وه‌ك پارچه‌یه‌كی به‌ربه‌ستێك (حاجز) له نێوان ئه‌مدو و ئه‌ودیوی شانۆدا دانرابوو ئه‌مه‌ش ئه‌مانگه‌یه‌نێته ئه‌و باوه‌ڕه یه‌قینه‌ی كه ده‌سبردنی ده‌رهێنه‌ر بۆ دیاریكردنی بابه‌ت و موفره‌ده و ته‌نه‌كانی سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ ته‌نها حه‌زی و ویستَیكی له‌حزه‌یی و هه‌رزه‌ییه و كه‌مترین مه‌عریفه‌ت له پشتیه‌وه نیه!!هه‌روه‌ك له په‌یوه‌ندی ئه‌كته‌ر و سینۆگرافیا و نامۆبوونیان به یه‌كتر كاڵفامی و ناتێگه‌یشتنی سینۆگرافه‌ر و ده‌رهێنه‌رمان زیاتر بۆ ده‌رده‌كه‌وێت به‌وه‌ی كه كاتێ هێزی شه‌ر و ئه‌هریمه‌ن ده‌رده‌كه‌وێت و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌ندێ ئه‌كته‌ره‌كاندا ده‌كات و ده‌روات پاشان كه كاره‌كته‌ری ئاشتی ده‌رده‌كه‌وێ هه‌مان مامه‌ڵه له فه‌زا و سینۆگرافیاكه‌دا ده‌كات به‌بێ ئه‌وه‌ی جه‌نابی ده‌رهێنه‌ر بیر له لایه‌نی ده‌لالی ئه‌و ده‌ركه‌وتن و له‌مساتانه بكاته‌وه!هه‌موو ئه‌مانه‌ش ته‌نها كه‌می مه‌عریفه‌ی پێویست و حه‌زی ده‌ركه‌وتنی ناو خه‌ڵكه ئه‌گینا ئاسایی نیه كه‌سێك به‌و هه‌ژاری مه‌عریفه‌یه‌وه ئه‌و هه‌موو كاری ده‌رهێنانه بكات!
هه‌ر هه‌مان توێژه‌ر له باره‌ی په‌یوه‌ندی سینۆگرافیا و ئه‌كته‌ره‌وه ئه‌ڵێ “ئاماده‌ییه‌كی حه‌تمی ئه‌كته‌ر له فه‌زادا په‌یوه‌ندییه‌كی توند و تۆڵتر دێنێته كایه‌وه و به نسبه‌تی دیزاینه‌ره‌وه فه‌زا بریتییه له شوێنگه‌یه‌كی درامی و دینامیكی ناوخۆیی له‌گه‌ڵ گونجاندن و وه‌رگرتنی راسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ بیناسازی(معماری) رووكه‌شدا له پێناو خوڵقاندنی وێنه‌ی شانۆیی كه گوزارشت له نمایش بكات”(4) ئایا سینۆگرافیای شانۆیی (من كێم) له‌گه‌ڵ ئه‌م پێناسه‌یه‌دا یه‌كده‌گرێته‌وه و كاری پێكردووه؟ كه یه‌كێكه له تێگه‌یشتنه تازه‌كان بۆ سینۆگرافیا چونكه كتێبه‌كه له دوای ساڵی دوو هه‌زاره‌وه نوسراوه.
داهێنانه‌كانی تیپی شانۆی ئه‌زمونگه‌ری بۆ كه‌سانی تر لاساییكردنه‌وه‌یه
ئه‌گه‌ر ڕۆژێك له ڕۆژان و له هه‌ر كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هونه‌ری و شانۆییدا تیپی شانۆیی ئه‌زموونگه‌ری كه‌ركوك باس له ده‌سكه‌وت و داهێنانه‌كانی خۆی بكات له‌سه‌ر ئاستی شانۆی كه‌ركوك و شانۆی كوردیشدا هه‌ر له به‌كارهێنانی ده‌نگ و كاركردن له پانتایی ناته‌با وگۆڕینی شوێنی ناشانۆیی بۆ شوێنی نمایش و كاركردنی لابۆریانه و خستنه‌ڕووی ڕێبورتواری ساڵانه‌ی ئیشكردن و ده‌ركردنی گۆڤاری شانۆیی و ……هتد ئه‌وا ئاساییه و مافێكی سروشتی خۆیه‌تی چونكه داهێنان و به‌رهه‌می ئه‌قڵی ئه‌و گروپه‌یه به‌ڵام ئێستا رٍاسته‌خۆ و ناڕاسته‌خۆ كه‌سانی تر دێن و لاساییه‌كی خراپی ئه‌و تیپه ده‌كه‌نه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ی پێ بكه‌ن، بێگومان ئه‌و كاره نه داهێنانه و نه‌ده‌شچێته قاڵبی ئه‌زموونكارییه‌ته‌وه، چونكه كارێكی قورسه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ چه‌مك و بابه‌تێكدا بكرێت كه زاده و به‌رهه‌می ئه‌قڵێكی تر بێت، دروست به مانای ووشه له نمایشه‌ی (من كێم) دا ئه‌م حاڵه‌ته‌مان بینی كه به شێوه‌یه‌كی زۆر خراپ و نا پێگه‌یشتوو هه‌ندێ (ده‌نگ ) له ئیشه‌كه‌دا به‌كارهێنرابووكه به هیچ شێوه‌یه‌ك زه‌روره‌ت ئه‌و ده‌نگانه‌ی نه‌هێنابووه ئاراوه به‌قه‌د ئه‌وه‌ی كه خواستنێكی شاخداری نا ڕێك بوو و ده‌رهێنه‌ر توشی هه‌ڵه‌ی كوشنده بووه ئه‌گه‌ر پێی وابووبێ به به‌كارهێنانی ئه‌و ده‌نگ(نوزه نوز)ه بیه‌وێ لافی ئه‌زمونكاریه‌ت لێبدات!چونكه تۆ كاتێك ئه‌زموونكار ده‌بیت كه باوه‌ر به‌خۆت بهێنیت شانۆ بریتیه له خوێندنه‌وه ئینجا پراكتیك و دواتر له ئه‌نجامی زۆری و چربوونی مه‌عریفه‌وه پڕۆژه‌ی لابۆریانه بهێنیته به‌رهه‌م ئه‌وكات هه‌نگاو به‌ره‌و ئه‌زموونكاری ده‌نێیت.
ئه‌گه‌ر به‌شێكی قسه‌كان له‌سه‌ر ئه‌كته‌ر و نواندن چڕ بكه‌ینه‌وه ئه‌وا ده‌بێ ده‌سپێك پبرسین له‌م نمایشه‌دا ده‌رهێنه‌ر كاری له‌سه‌ر كاره‌كته‌ر كردبوو یاخود پشتی به فیگۆر به‌ستبوو؟ چونكه هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه ده‌بینرا كه ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كی مه‌نهه‌جی گه‌وره‌یه مه‌گه‌ر ده‌رهێنه‌رێكی زۆر سه‌ره‌تایی ئه‌گه‌رنا نابێ به‌سه‌ریدا تێپه‌رێت! هه‌روه‌ها ئه‌كته‌ره‌كان له ڕووی ده‌نگ و دربڕین و ئه‌داوه له‌وپه‌ڕی لاوازی‌دا بوون به جۆرێك كه له دیمه‌نی هه‌ناسكه‌بڕكێكه(شهیق و زفیر)دا به ته‌واوی هه‌ستی پێده‌كرا كه ئه‌و ئه‌كته‌رانه چه‌نده ماندوو بوونه و هه‌موو ساتێ ئاماده‌ن بۆ به‌ربوونه‌وه. (بدری حسون فرید) و (سامی عبدالحمید) له كتێبی (هونه‌ری ده‌ربڕین)دا به‌م شێوه‌یه باسی ده‌نگ ده‌كه‌ن”سیفه‌ته‌كانی ده‌نگ بریتین له (هێز و توندی و تۆن) و ئه‌م سفاته‌ش له فراوانی له‌رینه‌وه‌ی ئامێری ده‌نگییه‌وه ده‌رده‌چێت كه ئه‌نجامی ئه‌و هێزه‌یه كاتێ له سییه‌كانی به توندی ده‌رده‌چێت ڕێك وه‌ك ئه‌و ژه‌نینه‌یه كه له هێزی عودژه‌نێك ئامێره‌كه‌ی ده‌ژه‌نێت ڕاسته كه هێزه‌كه پشت به ده‌ركردنی هه‌وای سیه‌كان ده‌به‌ستێت به‌ڵام فراوانی له‌رینه‌وه كارده‌كاته سه‌ر سروشتی ده‌نگه‌كه”(5). بێگومان ده‌رهێنه‌ر خه‌به‌ری له‌م تیۆر و ڕاهێنانانه نیه ئه‌گه‌ر نا ده‌بوو سوودیان لێوه‌رگرێت بۆ په‌روه‌رده‌كردنی قورگ و ده‌نگی ئه‌كته‌ره‌كانی تا توشی ئه‌و دۆخه نه‌بن كه توشی بوون له نمایشه‌كه‌یاندا.
كۆمیدیا و گاڵته‌جاڕییه‌كی تری ئه‌و نمایشه حزوری جه‌سته‌یی (ده‌رهێنه‌ر و جیبه‌جێكاری و ڕووناكی و مۆسیقییه‌كان) بوو له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ و ته‌نانه‌ت هه‌ندێجار به‌شدارییه‌كی خراپیشیان له نمایشه‌كه‌دا ده‌كرد!!
من كێم؟ئێمه كێین؟ئێمه بوونمان هه‌یه؟ئێمه مرۆڤین؟ئه‌مانه ئه‌و چه‌ند برسیاره ئه‌زه‌لیه‌ن كه هه‌ر له‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ژیاره‌كانی مرۆڤه‌وه بیرمه‌نده‌كان و نوخبه‌ی كۆمه‌ڵگایان به‌خۆیانه‌وه سه‌رقاڵ كردووه. با زۆر نه‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ مێژووی ئه‌م پرسیارانه له‌و كایه‌ی فه‌لسه‌فه و هزری مرۆڤدا به‌ڵكو ته‌نها له فه‌لسه‌فه‌كه‌ی (جان پول سارته‌ر)دا باسه‌كه چڕ ده‌كه‌ینه‌وه له باره‌ی بوونه‌وه سارته‌ر ده‌لێت”بوونی مرۆڤ پێش ماهیه‌تی ده‌كه‌وێت”(6) لێره‌دا سارته‌ر ووجودی مرۆڤ پێش ماهیه‌ت و گرنگی و ناوه‌ڕۆكی مرۆڤ ده‌كات و پێیوایه كه ئه‌وه مرۆڤه له دوای بوونیه‌وه ماهیه‌ت بۆ خۆی دیاریده‌كات، هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه بیرمه‌ندی خۆرئاوایی (جۆن ماكواری) ده‌ڵێت”شته‌كان هه‌موویان بوونیان هه‌یه و بوونیش ده‌كه‌وێته پێش ماهیه‌ته‌وه بۆ نمونه ته‌نێك كه له به‌رده‌مماندایه ده‌یبینین و هه‌ستی پێده‌كه‌ین، ئێمه ناتوانین ده‌سكاری ئه‌و بوونه‌ی بكه‌ین به‌ڵام ده‌توانین ئه‌و شێوه‌یه‌ی كه تێیدایه‌تی بیگۆڕین واته بوون هه‌ر وه‌كو خۆی ده‌مێنێته‌وه به‌ڵام ئه‌وه ماهیه‌ته كه ده‌گۆڕێ”(7) . هه‌ڵبه‌ته به‌درێژایی مێژووی فه‌لسه‌فه ململانێیه‌كی توند له‌سه‌ر له نێوان ئه‌م چه‌مكه‌دا هه‌یه بۆ زاڵبوونیان به‌سه‌ر ئه‌ویتردا به‌ڵام وه‌كو ووتمان ئێمه ته‌نها له ڕووانگه‌ی سارته‌ره‌وه وه‌ریده‌گرین.
دوایی خستنه‌ڕووی بۆچوونی سارته‌ر له‌وباره‌یه‌وه بابزانین ده‌رهێنه‌ری ئه‌م شانۆییه كه هه‌ر له ناونیشانه‌كه‌یه‌وه به پرسیار له‌باره‌ی بوونه‌وه ده‌ستپێده‌كات چۆن و له چ ڕووانگه‌یه‌كه‌وه ئه‌م پرسیارانه ئه‌كات؟ كامانه‌ن ئه‌و ته‌ئویلاته قوڵانه‌ی كه وای له ده‌رهێنه‌ر كردووه بپرسێت (من كێم؟) ئایا سارته‌رییانه ئه‌م پرسیاره ئه‌كات یاخود به دیدێكی كیركاگۆرانه‌وه پرسیار له بوون و ماهیه‌ت ده‌كات؟ چونكه كیركاگور پێیووایه كه (بوون) مانای بوونی به‌رچاوی دانسقه‌یی كه‌سێتیی بوونه‌وه‌ری مرۆیی ده‌به‌خشێت.(8) كاتێ ده‌رهێنه‌ر له زاری ئه‌كته‌ره‌وه ده‌پرسێت: (من كێم؟ ئێمه كێین؟) و دواتریش ده‌پرسێت: (ئایا بوونمان هه‌یه؟) ئه‌مه دوو پرسیاری ته‌واو دژبه‌یه‌كن وتێكه‌ڵ پێكه‌ڵی دروست ده‌كات چونكه تۆ سه‌ره‌تا ده‌پرسیت من كێم واته تۆ بوونت هه‌یه به‌ڵام ده‌ته‌وێ له ناسراوی و (معریفه)ی خۆت بپرسیت به‌ڵام دواتر ده‌پرسیت ئایا بوونمان هه‌یه؟ ئه‌مجاره‌یان هه‌ر خۆت دێیت و له تێگه‌یشتنی یه‌كه‌مت ده‌ده‌یته‌وه به‌وه‌ی كه پێتووایه بوون هه‌یه به‌ڵام ناسراو نیه كه‌چی ئه‌مجاره‌یان ئه‌سڵه‌ن گوومان له ته‌واوی (بوون) ده‌كه‌یت و ده‌پرسیت ئایا بونمان هه‌یه؟ به‌ڵام له‌ونه‌یه من لێره‌دا كه‌مێك زیاده‌ڕۆیی بكه‌م بكه‌م كه به مه‌نهه‌جی فه‌لسه‌فی ئه‌م شیكردنه‌وانه بۆ ده‌رهێنه‌ر ده‌كه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گومان ده‌كه‌م كه ئه‌سڵه‌ن ئه‌و له‌و ڕووه‌وه ئه‌و پرسیارانه‌ی كردبێ چونكه ئه‌گه‌ر وابوایا ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه نه‌ده‌كه‌وته نێو ئه‌و هه‌موو هه‌ڵه‌یه‌وه له پرسیاركردنه‌كانی بۆیه ئه‌گه‌ر بێ‌ئینسافی نه‌بێ هه‌سته‌كه‌م ئه‌و پرسیارانه زیاتر ڕیزكردنی ڕسته‌ی ڕزمانییه به‌قه‌د ئه‌وه‌ی كه هه‌ڵگری ده‌لاله‌ت و ته‌ئویلی فه‌لسه‌فی بێت.
له كۆتاییدا ئیلیانۆرا دیوز بۆ ئیسڵاح و چاكسازی له شانۆدا ئه‌ڵیت”ئه‌گه‌ر ویستمان شانۆ ڕزگار بكه‌ین، ئه‌بێ شانۆ داڕوخێنین، ئه‌بێ تاعون به نێو هه‌موو ئه‌كته‌ره‌كاندا تێپه‌ڕێت، چونكه به هه‌وا ژه‌هراوی ده‌بن و هونه‌ریش ده‌كه‌نه مه‌حاڵ”(9)
*یه‌كێك بوو له‌و به‌رهه‌مه شانۆییانه‌ی كه له رۆژی جیهانی شانۆی ساڵی 2012 له شاری كه‌ركوك نمایش كرا، ده‌رهێنانی نه‌ژاد نه‌جم، به‌رهه‌می تیپی شانۆی سێكانی بوو.
بۆ زانستی بوونی نوسینه‌كه سوود له‌م كتێب و سه‌رچاوانه وه‌رگیراوه:
(1) نڤریات اخراج المسرحی/ د.حسین تكمه‌جی
(2) مبادئ الاخراج المسرحی/ بدری حسون فرید و سامی عبدالحمید
(3) ماهی السینوغرافیا/بامیلا هارود ترجمه د.محمود كامل
(4) هه‌مان سه‌رچاوه
(5) فن الالقا‌و/ بدری حسون فرید و سامی عبدالحمید
(6) فه‌لسه‌فه‌ی بونگه‌رایی/جۆن ماكواری وه‌رگێرانی/ ئازاد به‌رزنجی
(7) هه‌مان سه‌رچاوه
(8) هه‌مان سه‌رچاوه
(9) فن المسرحی ادوارد جردون كریج / ترجمه درینی خشبه
شـــكۆ عـومــه‌ر