خوێندنەوەی یەکەم رۆمانی کوردی (ماڵی رێحان) ی هۆشەنگ شێخمحەمەد
ماڵی رێحان يەكەم رۆمانه كه من به زمانی کوردی بیخوێنمەوه. نەمدەزانی كەسانێكی وەك (هۆشەنگ شێخمحەمەد) هەن كە بتوانن زمانی کوردی لە رێگای نووسينەوە بە جيهان بناسێنن، بۆ كەسێكی وەك من كە ههڵقوڵاوی كولتورێكی ترم بە خوێندنەوەی (ماڵی رێحان) شهیدای رێحان و شەيدای وشە یهك لەدوای یهكهكانی (ماڵی رێحان) بووم، ئهمهش وای كرد بگەمه ئەو جێگايەی كە دەمەوێت، يان لە راستيدا ئەوەی كە نووسەر دەيەوێت من بيگەمێ .
(ماڵی رێحان) وشە به وشە كاری له دەروونم كرد، كارێكی وا كە دەبێت هەر رۆژه و دووبارە پارچەيەكی لێبخوێنمەوه، چونكە هەست دەكەم تێكەڵی ههست و بیرم بووە.
لەگەڵ خوێندنەوەیدا، هەست دەكەم منيش لە (ماڵی رێحان) دەژيم و يەكێكم لە كارئەكتەرەكانی نێو رۆمانەكه . بۆ من گرنگی ئهم رۆمانه لهوهدایه كاتێ دهیخوێنمهوه خۆمی تێدا دەدۆزمەوه و هەست دەكەم كە هەر یەک له كارئەكتەرەكان له گەڵم دەدوێن و باسی رووداوێكی راستەقينەی ژیانی مرۆڤایهتیم بۆ دهكهن. دەكرێت بڵێین كە ئاوسبووني نێر نه رووداوێكي راستەقينەیه و نه زانستیشه، بەلام وەك (هۆشەنگ شێخمحەمەد) دەڵێت دەكرێت هەر كەسێك بە شتێك ئاوس ببێت .
(ماڵی رێحان) کۆمەڵێک رووداو و کارئەکتەری تێدایە، بۆ من هەر يەك له رووداوەكان خۆشەويستييەكی تايبەتی خۆی هەيە، کە ناكرێت بڵێم ئەو رووداوە زۆرتر كاری تێکردووم لەوەی تريان, چيرۆكی (عەتار و ژنەكەی) كه گوزارشت له بەسەرهاتێكی راستەقينە دەكات، (كوڕ و ژنی پيرەمێردەکە) كه وايان دەزانی (پيرەمێرد) نەخۆشه وەك ئەوەی كه ئێستا ئێمه دەيبينين, هەر كەسه و ئەوی تر تاوانبار دەكات. كەسيش راستيیەكان نابينێت وەك پيرەمێردەکە دەڵێت ” گومانيان نيیه كه خۆيان نەخۆش بن و خۆيان خەويان لێ ناكەوێت” ل ٤١.
وەكئەوەی (سوهرەوەردی) كردی و باسی ئازادی بۆ خەلك دەكرد . يانيش (كوتاڵفرۆش) كە دەيەوێت بگەڕێتەوه بۆ ئەو جێيەی لێوەی هاتووه، كه ئەو هەموو ماوەيە وابهسته ببوو به (سامان کۆکردنەوە) بەڵام بڕياری دەدات كه ئازاد ببێت. (گەنجه جەنگاوەرەگە) كە بە دوای ئازادی خۆیدا دەگەڕێت، لە گەڵ ئەوەی كە هەست به ئازادی دەكات له گەڵیدا.
نووسەر ئەم رۆمانەی به ئازادی و ئازايانە نووسيوە، له كۆمەلگايەگی وەك كۆمەلگای ئێمه,نووسین بەو زمان و بەو شێوازە، ئاماژەیەکە بەوەی نووسەر دەیەوێت ئازدای بە وشەكان و هەست و دەربڕينەكان ببهخشێت. کە ئەمەش یەکێکە لەو ئەرکانەی رووداو و کارئەکتەرەکان هەڵیانگرتووە. گەڕان لە هەقیقەت و لە ئازادی، بە ئیڕادەیەکی بێگەردەوە، مانای ژیان و بەختەوەری دەگەیەنێت.
ماڵی رێحان. هۆشەنگ شێخمحەمەد
چاپی یەکەم:هەولێر ٢٠١٢