
خه‌دیجه …. ماردین ئیبراهیم
تۆش فریوی دنیات خووارد
دنیا وایه خه‌دیجه، یه‌که‌مجار په‌پوسلێمانه‌کانت پیشانده‌دات، ئینجا ئه‌بابیله‌کان
یه‌که‌مجار مانگ به تریفه‌کانییه‌وه ده‌نێرێت، ئینجا دووپشکه‌کان
که دڵبه‌سته‌ی بوویت وه‌ک ناپاکێک پشتت تێده‌کات، وه‌ک فاحیشه‌یه‌ک ڕووت لێوهردهگێڕێت
دنیا وایه خه‌دیجه، دنیا وایه
…….
پێم ده‌ڵێی غه‌ریبه‌کان خه‌ون نابینن؟
به‌ڵام من، له‌ڕۆما، ئه‌و ڕۆژانه‌ی وه‌ک سه‌گ له چاره‌نووسی خۆم هه‌ڵده‌هاتم تۆم له‌یاد بوو
تۆم له‌یاد بوو، ئه‌و کاتانه‌ی له یه‌خته‌کاندا ده‌ڕشامه‌وه
له‌سه‌ر کۆنکریتی ساردی به‌نده‌ره‌کان ده‌خه‌وتم و تۆم له‌یاد بوو
……
که‌نگێ وای لێهات به‌ینی من و تۆ، خه‌دیجه؟
به بیرت نایات ژیژکێکمان هه‌بوو له ترسی فڕۆکه‌کان خۆی ده‌شارده‌وه
ژیژکێکمان هه‌بوو به گه‌نجی قاررونمان نه‌ده‌دا
به بیرت نایات له “وه‌رانگه”
شیری بزنه‌کانت ده‌خوارده‌وه، چونکه دایکت نه‌مابوو
حه‌ز ناکه‌م وه‌ک شاعیرانی دی بڵێـم دنیا ته‌م بوو، به‌ڵام دنیا ته‌م بوو
کچۆڵه‌یه‌ک بوویت له ماشێن ده‌ترسایت؛ له‌تۆ وایه مانگایه و خوا کردوویه‌تی به ئاسن
………..
پێم ده‌ڵێی کوڕه‌کان ڕه‌حم له دڵیان‌دا نییه؟
به‌ڵام من، له کۆرنسۆس، ئه‌و شه‌وانه‌ی لای ماسیگره‌کان خۆم گه‌رمده‌کرده‌وه تۆم له‌یاد بوو
تۆم له‌یاد بوو ئه‌و ده‌مه‌و عه‌سرانه‌ی له‌ناو به‌له‌مه‌کاندا قورعانم ده‌خوێند
له ئیجه‌دا قرشه‌کان ڕاویان ده‌نام و تۆم له‌یاد بوو
….
دنیا وایه خه‌دیجه، یه‌که‌مجار زهردهپهڕت بۆ ده‌ڕازێنێته‌وه تا فریوی تاڵه زیوینه‌کانی بخۆیت
کازیوه دێنێته سه‌ر ڕێگه‌ت، تا بکه‌ویته داوی نه‌سیمی سبه‌ینانی
که جووانیه‌کانی هه‌ڵیانخه‌ڵه‌تاندیت، که به‌ختیاریه ورده‌کانی له خشته‌یان بردیت، که دڵشادیه که‌مخایه‌نه‌کانی زه‌فه‌ریان پێبردیت، ئینجا وه‌ک هاوڕێیه‌کی خائین پاشقولت لێده‌گرێت، وه‌ک دۆستێکی دووڕوو چه‌مۆڵه‌ت لێده‌نێت
………
پێش ئه‌وه‌ی به به‌له‌مێکی شین هه‌ڵبێت، داوه‌تمان ده‌کرد بۆ سه‌ر سفره‌ی عه‌زابه‌کانمان
پێی ده‌گووتم غه‌ریبه‌کان خه‌ون نابینن
ئێستاش دووای ئه‌وه‌ی به به‌له‌مێکی شین هه‌ڵات، هه‌ر شه‌وه‌ی دێته خه‌ونێکمه‌وه
شه‌وێکیان کاروانچییهو قورعان ده‌بات بۆ ته‌لئه‌بیب، ته‌ورات ده‌بات بۆ مه‌دینه
شه‌وێکیان له‌گه‌ڵ زه‌ندیقه‌کان له‌په‌نای ئاگرێک داده‌نیشێت
که به‌خه‌به‌ریش دێم
یان له ئوتێلێکی کپم له له‌نده‌ن، یان له گه‌وڕێکدام له وان، یان له زیندانێکدام له ته‌ورێز
……
له ده‌شتی که‌نعانیش نه‌بێت ڕۆژێک گورگێک هه‌ر ده‌مانخوات
عاشوراش نه‌بێت هه‌ر شیوه‌ن زۆره بیکه‌ین
قسه‌ی ڕه‌قی خزمانم له دڵ ناگرم، وه‌ک گه‌دایه‌کی ده‌رکراو دێمه‌وه به‌ر ده‌رگاکه‌تان
گوێم له بۆڵه‌بۆڵی دراوسێ که‌ڕ ده‌که‌م، له‌گه‌ڵ په‌ڕه‌سێلکه‌کان دێمه‌وه حه‌وشه‌که‌تان
چش له‌و سوکایه‌تیه‌ی پێم ده‌کرێت، وه‌ک پشیله دێمه‌وه به‌ر په‌نجه‌ره‌تان
…..
ئه‌و ڕۆژه‌ی خه‌دیجه به به‌له‌مێکی شین هه‌ڵات،
مانگ ده‌فێکی دڕا‌و بوو به ئاسماندا خلۆر ده‌بۆوه
زه‌وی مزراحێکی ماندوو بوو له فه‌زادا ده‌خولایه‌وه
خه‌دیجه به گالیسکه‌یه‌کی شین به ناو هه‌وره په‌رێشانه‌کاندا ڕۆیشت
به‌جێی هێشت ئه‌م هه‌موو حوسه‌ینه، ئه‌م هه‌موو که‌ربه‌لایه
ئه‌م هه‌موو مه‌سیحه، ئه‌م هه‌موو جه‌لجه‌تایه
…….
به بیرت نایات کیسه‌ڵێکمان هه‌بوو له گرمه‌ی تۆپه‌کان ده‌ترسا؟
کیسه‌ڵێکمان هه‌بوو نه‌یده‌زانی ڕابکات
یاریت به سیسرکه‌کان ده‌کرد
که مێرووله‌کان ئاوی وه‌ستاوی جێ سمی ئه‌سپێکیان لێ ده‌بوو به ده‌ریا، تۆ ده‌تگووت: ئای مه‌ڕه‌کانی خوا ئای مه‌ڕه‌کانی خوا
بیرت نه‌ماوه یه‌که‌مجار هاتیته شار؟ حه‌ز ناکه‌م وه‌ک شاعیرانی دی بڵێم ئێواره بوو، به‌ڵام ئێواره بوو
ڕوناکی گڵۆپه‌کان به شه‌واره‌یان خستیت
کچۆڵه‌یه‌ک بوویت به دزی خاڵته‌وه جگه‌ره‌ت ده‌کێشا
…….
له خه‌ونمدا خه‌دیجه خۆشی نه‌ده‌ویستم، یاره‌ببی به‌ڕاست نه‌گه‌ڕێت ئه‌و خه‌ونه
له‌ناو دڵی شه‌ودا ئه‌ستێره‌کان لێده‌ده‌ن، ئه‌دی ئه‌ستێره‌که‌ی من کووا؟
له ناو دڵی شه‌ودا ترپه‌ی ئه‌ستێره‌کانم گوێ لێیه،
کێ دزیویه‌تی ئه‌ستێره‌ی من؟
….
که بارانه‌که خۆشی کرده‌وه مانگ به‌سه‌ر دره‌خته‌کاندا هه‌ڵده‌خه‌ین
خه‌دیجه و به‌هه‌شتییه‌کان جۆگای شیر هه‌ڵده‌به‌ستن، ئاگری دۆزه‌خی پێ ده‌کوژێننه‌وه
دۆزه‌خی و به‌هه‌شتییه‌کان پێکه‌وه له‌و شه‌هده یه‌زدانییه ده‌نۆشن
خه‌دیجه پێیان ده‌ڵێت ژیانی سه‌رمه‌دی چه‌ند خۆشه، تخووا چاکم نه‌کرد به‌جێم هێشت ئه‌و هه‌موو بێڕه‌حمییه، ئه‌و هه‌موو جه‌فایه، ئه‌و هه‌موو یه‌زیده، ئه‌و هه‌موو یههوودایه؟
……
دنیا تۆفان با ئه‌و نوامان بوو
ئاگرباران با ماڵه‌که‌ی ئه‌و په‌نامان بوو
که نائومێدی دهیچهماندینهوه ئه‌و کۆڵه‌که‌یه‌ک بوو پشتمان پێده‌دا
ئه‌و چرامان بوو
که‌چی ئێمه پهنجهرهکانیمان ده‌شکاند
تفمان ده‌کرده کانیهکانییهوه
ئێستاش دووای ئه‌وه‌ی به به‌له‌مێکی شین هه‌ڵات، زمانمان ئاوسا هێنده‌ی ناوی بێنین
ڕۆژێک تهوتهمێکه په‌نای بۆ ده‌به‌ین، ڕۆژێک په‌یکه‌رێکه پاکیده‌که‌ینه‌وه
….
تازه ئه‌وه‌ی چوو، چوو…. خه‌دیجه
شه‌رت بێت له‌تاوت پشت بکه‌مه به‌له‌مه‌کان
پشت بکه‌مه ماسیگران و تۆڕه‌کانیان
باجگران و مۆره‌کانیان
قه‌شه‌کان و کتێبه‌کانیان
تاوانکاران و گوناهه‌کانی ناو دڵیان
ده‌موچاوم بخه‌مه ده‌ستمه‌وه و بڵێم: تخووا دنیا چییه؟
منداڵێک بم مشکه‌کانی ماڵه‌که‌ت ڕاوبنێم، خۆشتره له‌وه‌ی ئیمپراتۆرێک بم
پشیله‌یه‌ک بم له موبه‌قه‌که‌تدا بخه‌وم، خۆشتره له‌وه‌ی حاکمی شارێک بم