ته‌نزه‌کانی که‌ری بۆریدان
ئه‌گه‌ر بۆ تێگه‌یشتن له چه‌مک و زمانی شیعر بۆ ئه‌فلاتوون و ئه‌رستۆ بگه‌ڕێینه‌وه. هه‌ریه‌که‌یان جوایه‌زیان له نێوان تراژیدیا و کۆمیدیا کردووه. هه‌ریه‌که‌یان له کن وان ده‌ستوور و یاسای خۆی هه‌بووه. بۆ نموونه ئه‌رستۆ له کتێبه‌که‌ی (پۆیه‌تیکا) ده‌ستوور و یاساکانی تراژیدیا به‌رباس داوه، یه‌کێ له‌وانه‌یش هونه‌ری لاساییکردنه‌وه‌یه. واته ئه‌وه ئه‌و ده‌ستوور و یاسانه‌ن که ده‌قێک به ده‌قێکی شیعری ده‌که‌ن. ته‌نانه‌ت له کن ئه‌رستۆ ئه‌رکی شیعر پاکبوونه‌وه‌یه، واته کاتێک خوێنه‌ر(بینه‌ر) شیعرێکی تراژیدی، درامایه‌کی تراژیدی، ده‌خوێنێته‌وه، ده‌بینێ ئه‌وا کار له ده‌روونی ده‌کات و ده‌یخاته گریانه‌وه، لێره‌وه ئه‌و که‌سه له ڕێی گریانه‌وه خۆی پاکده‌کاته‌وه. به‌رانبه‌ر ئه‌مه کۆمیدیامان هه‌یه. ئه‌مه‌یان زێتر پشتی به پێکه‌نین و گاڵته‌جاری به‌ستووه. ته‌نانه‌ت جوایه‌زی نێوانیان زۆره، تراژیدیا پاشا و خانه‌دانه‌کان ڕۆڵی تێدا ده‌گێڕن، به‌لام له کۆمیدیادا چینی خواره‌وه و خه‌ڵکی ئاسایی ڕۆڵی تێدا ده‌گێڕن. لێره‌وه خاڵێکی زۆر گرنگمان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه، ئه‌ویش زمانه. زمانی تراژیدیا زمانی باڵایه، هی کۆمیدیا زمانی ئاخاوتن و ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکی ئاساییه.
له شیعری ته‌نزئامێزدا شاعیر ڕاسته‌وخۆ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ زمان دا ده‌کات. لێره‌دا ئێمه ده‌زانین هه‌موو شیعرێک له ڕێی زمانه‌وه گه‌مه‌کانی ئه‌نجامده‌دات. ئه‌وه‌ی مه‌به‌سته له شیعری ته‌نزئامێزدا ئه‌و زمانه‌ی که مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت، زۆر له زمانی ئاخاوتن نزیکه ، ئه‌و زمانه‌ی که خه‌ڵکی ڕۆژانه پێی ده‌په‌یڤن، ئه‌م زمانه زۆر زوو تووشی گۆڕان ده‌بێت. ئێمه ده‌زانین جاری واهه‌یه، له یه‌ک شاردا زمانی ئاخاوتنی گه‌ڕه‌کێک له‌گه‌ڵ گه‌ڕه‌کێکی تر جوایه‌زی هه‌یه. شاعیری ته‌نزنووس، بۆ زێتر نزیکبوونه‌وه و ڕۆچوون به‌نێو کێشه و گرفته‌کانی خه‌ڵک ده‌هه‌وڵدا ده‌بێ بچێته قوڵایی زمانه‌که‌یانه‌وه، بۆ ده‌بڕینیش په‌نا وه‌به‌ر ئه‌و زمانه ده‌بات. لێره‌وه پرسیارێک خۆی قیت ده‌کاته‌وه: ئایا ده‌کارێت له شیعردا وێنه‌ی هونه‌ریی ئێستاتیکی به‌م زمانه بئافرێنین؟ ئێژین به‌ڵێ، شاعیر ده‌توانێ وێنه‌ی هونه‌ری به‌م زمانه بئافرێنێ، نموونه‌ی ئه‌م شاعیرانه‌یشمان زۆرن، هێندێکجار شاعیری ته‌نزنووس به دێرێک، چه‌ند وشه‌یه‌ک بیرێکی قووڵ ده‌رده‌بڕێ. که زۆرجار به(برووسکه شیعر، هه‌ناسه شیعر، ساتیر…تاد) ناوده‌بردرێت. ئه‌م هه‌موو زاراوانه ته‌نێ ده‌نێو نووسه‌رانی کورد بوونی هه‌یه، چونکو له نێو هه‌ر زمانێک بۆ هه‌ر زاراوه‌یه‌ک، چه‌مکێك یه‌ک ناوی هه‌یه، به‌ڵام ده‌نێو نووسه‌رانی کورد به هۆی نه‌بوونی فه‌رهه‌نگێکی زانستی ئێمه تووشی ئه‌م گرفته بین.
(که‌ری بۆریدان) نوێترین به‌رهه‌می شاعیر(عه‌باس عه‌بدوڵڵا یووسف)ه. ئه‌م به‌رهه‌مه له‌لایه‌ن ده‌زگه‌ی ئاراسه‌وه له چاپدراوه. ئه‌م شاعیره شێوازی تایبه‌ت به خۆی له شیعرنووسین هه‌یه. ئه‌مه‌یش بۆ هه‌ر نووسه‌ر و شاعیرێک گرنگه. بوون به ده‌نگێک که بناسرێته‌وه، مانای ئه‌وه‌یه، ئه‌و که‌سه خاڵێکی بۆ خۆی داناوه که پێی ده‌ناسرێته‌وه.(عه‌باس عه‌بدوڵڵا یووسف) به چه‌ند خاسیه‌تێک ده‌ناسرێته‌وه. یه‌کێ له‌وانه ته‌نزه، شاعیر له شیعره‌کانی هه‌میشه له قه‌شمه‌ریکردنێکی به‌رده‌وامه به دیارده‌کان، به‌ڵام ئه‌مه‌یشی هه‌ر له خوتووخۆڕایی نییه، به‌ڵکه ئێستاتیکایه‌ک، فیکرێک له پشت ئه‌مه‌وه خۆی حه‌شارداوه. یه‌کێکی تر له خاسیه‌تی شیعری ئه‌م شاعیره که پێی ده‌ناسرێته‌وه، زمانی شیعرییه‌تی. زمانی شاعیر تا سه‌رئێسقان زمانێکی ڕۆژانه‌ییه. ئه‌و زمانه‌ی که ڕۆژانه خه‌ڵکی گه‌ڕه‌که‌کانی مه‌نتکاوه و کوران و سه‌یداو و سێتاقان…تاد شاری هه‌ولێر پێی ده‌په‌یڤن. ئه‌مه‌یشی بۆ جۆری شیعره‌کانی ده‌گه‌ڕێته‌وه، چونکو شیعره‌کانی زێتر ته‌نزن، ساتیرن، زمانی ته‌نزیش نزیکه له زمانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵک. هه‌روه‌ها شاعیر له‌هه‌موو به‌رهه‌مێکی وشه‌ی نوێ داده‌تاشێ، له کۆتایی دا فه‌رهه‌نگۆکه‌یه‌کی بۆ درووست ده‌کا، ڕه‌نگه ئه‌م وشانه له نێو خه‌ڵکدا نه‌ڕۆن، شاعیر زێتر بۆ مه‌به‌ستی شیعری، یان ڕیتمی شیعریی و شیعرییه‌ت ئه‌م وشانه داده‌تاشێ، به‌ڵام بۆ ئه‌و وشانه‌ی بۆ نموونه تایبه‌تن به ناوچه‌ی هه‌ولێر له فه‌رهه‌نگۆکه‌که‌دا ما‌نایان ده‌نووسێ.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی که شاعیر کاریان له‌سه‌ر ده‌کا، زۆرن. وێنه شیعرییه‌کانی به‌و زمانه ڕۆژانه‌ییه، زۆر قوڵن. ئێمه ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌ده‌بیات و شاعیرانی نه‌ته‌وه‌کانی تر بکه‌ین، ئه‌وانیش زۆر کار له‌م بابه‌ته ده‌که‌ن. ته‌نانه‌ت بڵاڤۆگ و چاپکراوی ڕۆژانه و هه‌فتانه‌یان تایبه‌ت به بابه‌تی ته‌نز و ساتیر هه‌س. ته‌نانه‌ت شاعیرێکی وه‌کو(فیسلاڤا شیمبۆرسکا) هه‌ڵگری خه‌ڵاتی نۆبڵی ئه‌ده‌بیات 1996 له سه‌ره‌تاکانی ئه‌زموونی شیعری دا ته‌نزی نووسیوه. له نێو فارسان(په‌روێزی شاپوور) به یه‌کێک له شاعیره ته‌نزئامێزه گه‌وره‌کان داده‌نرێت.(محه‌مه‌د ماغوت)یش له‌نێو عه‌ره‌بان.
شاعیر له شیعری(سیبه‌ر و مێبه‌ر) فیکرێکی قووڵ ده‌رباره‌ی ڕێژه‌یی بوونی هه‌موو دیارده‌یه‌ک و چه‌مکێک ده‌رده‌بڕێت. هه‌ر له ناوونیشانی شیعره‌که‌وه ته‌نزی ئه‌و شیعره‌مان بۆ به‌دیار ده‌که‌وێت. له هه‌ولێر زۆرجار له‌کاتی په‌یڤین که ناوی چتێک ده‌هێنرێت، ناوه‌که پاته ده‌کرێته‌وه، به کرتاندنی تیپی یه‌که‌می وشه‌که و دانانی تیپی(م) له جێی وه‌کو: (پاره و ماره، جاده و ماده، پاشا و ماشا…تاد) ئه‌م ناوونیشانه‌یش به‌هه‌ما شێوه‌یه، سیبه‌ر لێره‌دا مۆتیڤێکه، مانای کاتی، ڕێژه‌یی ده‌گه‌یه‌نێ، هه‌روه‌ها ده‌گۆڕێ، له یه‌کجێ نامێنێته‌وه. ئیتر لێره‌وه، له ڕێی سێبه‌ری دیارده‌کان بیرکه ده‌رده‌بڕێ، به‌ڵام به شێوه‌یه‌کی ته‌نزئامێز وێنه‌که درووست ده‌کا و هێندێکجار ده‌پێناو بیره‌که وێنه‌که پێچه‌وانه ده‌رده‌بڕێ:
سێبه‌ری قه‌ڵا:دوو ده‌نکه مێوژ و دوو مێرووله‌ش له‌وی ده‌له‌وه‌ڕێن.
سێبه‌ری هه‌ناو:ئاسنگه‌رێک له کوره‌وه، گاسنێکی سوور هه‌ڵگه‌ڕاوه ده‌ردێنێ و له‌سه‌ر سمدان ده‌یکوتێته‌وه.
سێبه‌ری توغرا:سه‌ره‌خۆره‌یه‌ک،پورته‌قاڵی براکانی ده‌خوات.
سێبه‌ری ئاش:به‌رمۆدا به درۆکانییه‌وه له ڕۆژنامه‌یه‌کی خۆماڵیدا
هه‌ر چتێک له دنیا سێبه‌رێکی هه‌یه، پاشکۆیه‌ک و جێیه‌کی هه‌یه، داگیریکردووه. ئه‌و چتانه‌ی شاعیر لێره کاری له‌سه‌ر کردوون وه‌کو قه‌ڵا بوونێکه، به‌ڵام له‌به‌رانبه‌ری دا چه‌ند وشه‌یه‌کی هێناوه وه‌کو میتافۆڕ کاری له‌سه‌ر کردوون. هه‌ناو، لێره‌دا به‌رانبه‌ر کوره هاتووه، کوره‌ی ئاسن هه‌میشه له‌کاتی کارکردن‌دا ئاگری تێدا ده‌سووتێ، هه‌ناوی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یش به‌هه‌مان شێوه‌ی کوره‌ی ئاسنگه‌رییه. وشه‌ی ئاشی هێناوه، ئاش و سێگۆشه‌ی به‌رمۆدا دوو ئه‌رکه‌ی وه‌کو یه‌کدی ده‌بینن، هه‌ردوکیان هه‌ر چتێ بکه‌وێته ناویان ده‌یهاڕن و بوونی بزر ده‌که‌ن. ڕۆژنامه خۆماڵییه‌کان وه‌کو ئاشن، له هاڕینی بیر و مێشکی خوێنه‌ر. له بری بابه‌تی به‌سوود و فیکری قووڵ، هه‌میشه خه‌ریکی سیاسه‌تن. هه‌میشه خه‌ریکی چه‌له‌حانێی سیاسین. ئه‌مه‌یش چێژی خوێنه‌ر ده‌کوژێ. لێره‌دا ده‌بینین شاعیر به شێوه‌یه‌کی ته‌نزئامێز وێنه‌کانی درووستکردوه. بۆ وێنه درووستکردنیش په‌نای وه‌به‌ر هونه‌ره‌کانی میتافۆڕ و ئالیگۆریا ده‌با. ده‌بینین وێنه‌کان پێکه‌نیناوین، به‌ڵام فیکرێک و مانایه‌کی قووڵیان له پشت خۆیان حه‌شارداوه. وێنه‌کان له ڕێی ئه‌و زمانه ساده‌وه ده‌ربڕی واقیعێکن، له ڕێی گاڵته و پێکه‌نینه‌وه. بۆیه‌یش ئێمه بۆ کردنه‌وه‌ی کۆده‌کانی هه‌ر وێنه شیعریه‌ک، ده‌بێ له‌ودیو وشه‌کان بڕوانین.
زۆرجار شاعیر جۆره فۆڕمێکی شیعریی سوریالییه‌کان تاقیده‌کاته‌وه. ئه‌و فۆڕمه‌یش شیعری ئۆتۆماتیکییه. شاعیر ئه‌زموونی تریشی له‌م جۆره فۆڕمه هه‌بووه.له دوای ساڵی(1994)ه‌وه، له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵی شاعیری تر ئه‌م ئه‌زموونه‌ی تاقیکردۆته‌وه. شیعری(له خۆڕا…) شیعرێکی ئۆتۆماتیکییه، واته به ئاگایی و نائاگایی کاری له‌سه‌ر کراوه. له‌م شیعره‌دا له ڕێی وشه و وێنه گاڵته‌ئامێزه‌کان دڕنده‌یی مرۆڤه‌کان پیشان ده‌دا. ئه‌و بوونه‌ی که ناوی مرۆڤه، بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی ئاماده‌یه هه‌موو بوونێکی تر له نێوببات، سه‌یر ئه‌وه‌یشه به‌رژه‌وه‌ندی و حه‌زه‌کانی له‌بننه‌هاتووه. ئاماده‌یه ره‌گه‌زی خۆیشی بفه‌وتێنێت.
نووکی قه‌ڵه‌می چه‌مووش
مۆسیقای بۆنداری ناو هه‌یوولا به‌ڕه‌ڵڵا ده‌کا
کیلۆپاترا له‌وساوه و تا ئێستاش ده‌زرنگێنێ
ژیانم به‌رخۆر و بایه، به هه‌موو ده‌م ئاشکرایه
هه‌گبه‌شم بێ ماره، بێ بۆمبایه
پۆلیسی فیتفیته‌دار گمه‌گمی کوکوختیی سه‌ر به‌یتونه‌که‌ی بڕی
کوکوختی حه‌سره‌تکێشی دڵشکاویش گازانده‌ی ده‌کرد و هه‌ر ده‌یگۆته‌وه:
ئه‌وه به‌شه‌ره یا واشه‌ره.
شاعیر نووکی قه‌ڵه‌مه‌که‌ی به یاخی داده‌نێت. ئه‌م یاخیبوونه‌یش به شێوه‌ی گاڵته‌پێکردنه. شاعیر له ڕێی گاڵته و ته‌نزه‌وه دڕنده‌یی مرۆڤ به‌رانبه‌ر سرووشت ده‌رده‌بڕێ. کیلۆپاترا شاژنی میسر، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته گه‌وره‌یه‌ی هه‌بوو، به‌ڵام ژیانێکی ئاشکرای هه‌بوو. به‌ڵام بۆمبای به‌کارنه‌هێناوه(شاعیر لێره خوازی به‌کارهێناوه). ده‌نگی فیتفیته‌ی پۆلیسی هاتووچۆ، ده‌نگی باڵنده‌کانی بڕیوه. به‌هۆی ئه‌و جه‌نجاڵی و ژاوه‌ژاوه‌ی مرۆڤه‌کان ڕه‌نگ و ده‌نگی سرووشت نه‌ماوه. بۆیه کوکوختی ده‌پرسێ: ئه‌وه به‌شه‌ره یا واشه‌ره. لێره‌دا ته‌نزێکی تێدایه، گاڵته‌کردنه به مرۆڤ له ڕێی ئه‌و فرێزه‌ی که له نێو خه‌ڵکی(تۆ به‌شه‌ری، یان واشه‌ری) به‌کارده‌هێندرێت، به‌رانبه‌ر ئه‌و مرۆڤانه به‌کاردبرێت، که هه‌میشه هه‌ڵه ده‌که‌ن، هه‌میشه کاره‌سات ده‌نێنه‌وه، مرۆڤگه‌لێک گوێ به هیچ چتێ ناده‌ن، ته‌نێ خۆیان نه‌بێ. بۆیه‌یش ئه‌و سرووشته‌ی ئێستا هه‌یه، هه‌زاران ساڵه له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه ڕووبه‌ڕووی وێرانبوون ده‌بێته‌وه.ئه‌گه‌ر سه‌یری زمانی ئه‌م ده‌قه بکه‌ین ته‌واو پێکه‌نیناوی و ته‌نزئامێزه بۆ نموونه ده‌ڵێ:”دڵۆپه نه‌وتێک یه‌کانی دڵۆپه خوێنێکه، من له قۆناخی فامین به ساڵگارێکی دژوار وه‌ک ساڵی مه‌یموون و ساڵی خه‌مه‌گڕو و ساڵی سکراپ و ساڵی بێ که‌نگری پڕ که‌نغڕ چوومه قۆناخی زه‌لامی…” ،ئه‌م هه‌موو داگیرکارییه‌ی ئێستا هه‌یه، ئه‌و هه‌موو شه‌ڕه‌ی ئیستا ده‌ئارادایه، هه‌مووی له پێناو نه‌وته. ئه‌گه‌ر سه‌یر بکه‌ین له‌م چه‌ند دێره به‌ر چه‌ندین وشه‌ی گاڵته‌ئامێز ده‌که‌وین، به‌ر چه‌ندین وشه‌ی ڕۆژانه ده‌که‌وین. هه‌روه‌ها به‌کاربردنی ڕیتم له‌سه‌ر ئاستی تیپ، بۆ نموونه تیپی(س) له وشه‌کانی(ساڵ، سکراپ) و (که‌نگر ، که‌نغر) ئه‌مانه وایکردووه ڕیتمێکی خێرا و جوان به شیعره‌که بدات. ئه‌مانه هونه‌رکاری ده‌وێت، زۆرجار ئه‌و ڕایه هه‌یه، که به‌کاربردنی وشه‌ی قه‌به و زل شیعرییه‌تی شیعر و ڕۆشنبیری شاعیر به دیارده‌خا، به‌ڵام که‌ره‌سه‌ی شیعر و هه‌ر ژانرێکی تر زمانه، گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌و زمانه چۆن ده‌که‌ی به شیعر، چۆن هونه‌رکاری تێدا به‌کارده‌به‌ی.
دێوه‌کان له ساڵی 2000وه
به وشه قه‌ڵه‌می غه‌زرۆکی عه‌رز و حاڵنووسێک، که‌وا ده‌زانێ کونه‌کانی
واسیته و به‌رتیل له کوێن. به ڕه‌سمیاتێکی ئاده‌میانه و زیاتریش
ده‌چن نێو هه‌زاره‌ی سێیه‌مه‌وه
دێوه‌کان.ده‌بنه مرۆڤی شارستانی
نامانگه‌زن، په‌نجه‌مان به خوێن دا ناینن
ئیتۆمۆلۆجیای خۆیان ده‌به‌نه سه ڕه‌سه‌نێکی سپی و چاوشین و ده‌ریاوی
بێ چاره‌پۆش ڕه‌فتار ده‌که‌ن و ده‌خه‌نن
شاعیر به شێوه‌ی ته‌نزئامێز ئه‌و دێوانه‌ی دوای ساڵی دووهه‌زاره‌وه درووستبوون، به‌رباس ده‌دا. ئێمه له واقیع دا ئیستا نموونه‌ی ئه‌و دێوانه‌مان زۆره. دوای ساڵی دووهه‌زار سه‌تان دێ‌و له نکاو درووستبوون. به‌ڵام ده‌ربڕینی ئه‌و وێنانه به شیویه‌کی ئه‌ده‌بی و له‌نێویشیدا به ته‌نز، هونه‌رکاری ده‌وێت. ئه‌و دێوانه به‌هۆی ئه‌وه‌ی شاره‌زای به‌رتیل و واسیته‌ن، توانیان خۆیان له به‌رگی مرۆڤ خۆیان پیشان بده‌ن. شاعیر په‌یڤه‌کانی ئه‌وه‌نده ئاڵۆز ناکا، به‌ڵکه په‌یامه‌که‌ی یه‌کسه‌ر ئاراسته ده‌کا. به‌بی ئه‌وه‌ی سلبکاته‌وه له هه‌رچی عه‌یبه‌یه‌ک. په‌یامه‌که‌یشی ئاراسته‌ی ئه‌و که‌سانه‌یه.له‌م جۆره‌یاندا شاعیر ئه‌وپه‌ڕی ڕاستگۆیی به‌کارده‌با. ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی(عه‌باس عه‌بدوڵڵا یووسف) هه‌ر له‌یه‌که‌م شیعره‌وه تا کۆتایی ده‌یان وێنه‌ی هونه‌ری به شێوه‌ی ته‌نز درووستکراون، شاعیر ئه‌وه‌نده ڕوونه له په‌یامه‌کانی، هه‌روه‌ها هونه‌رییه له ده‌ربڕیندا، چونکو به‌و زمانه ساده‌یه ده‌بێ ئه‌وه‌نده هونه‌ری تێدا به‌کار ببا، خوێنه‌ر له قسه‌ی تر و هونه‌ری تری شیعری جوایه‌زی بکاته‌وه.
حه‌مه مه‌نتک