
راگەیاندنی چاک لە بیست و چوارەمین ساڵیادی ئەنفالدا
ناوەندی هەڵەبجە
دژبەئەنفالكـردنوجینۆســـــــــــــایدكردنی گەلی كــــــورد – چاك
The centre of Halabja against Anfalization and genocide of the Kurds – CHAK
خەڵكی بەشەرەفی كوردستان
كەسوكاری قوربانیانی تاوانی ئەنفال
رێكخراوەكانی مافی مرۆڤو تێكرای رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیو تایبەت بە دژایەتی كردنی تاوانی جینۆساید.
14/4/2012 بیستوچوارهەمین یادی تاوانێكی تری جینۆسایدە كەلەسەدەی رابوردودا دژ بەخەڵكی كوردستان ئەنجامدرا، تاوانێك كە نەك هەرئابروی بەعسی برد، بەڵكو ئابروی كۆمكاری عەرەبیو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشی لەكەداركردووە . كەچی هەتا ئێستا كەوا پێدەنێتەچارەكە سەدەیەكەوە ئەوان وەك چۆن لەرابوردودا لە ئەنجامدانی بێدەنگ بوون، ئێستاش لەئاستی بەفەرمی ناسینی وەكو تاوانی جینۆساید لەپەرلەمانی ولاتەكانیانو لەسەر ئاستی جیهان بێهەڵوێستن ..! لە ناوخۆشدا حكومەتی عێراق سەرباری ئەوەی دادگای باڵای تاوانەكان بریارەكانی بە جینۆساید یەكلایی كردووەتەوەو تاوانبارانی ئەنفالی بەتاوانی جینۆسایدو تاوانی دژی مرۆڤایەتی سزا داوەو پەرلەمانی عێراق بەفەرمی تاوانەكەی بەجینۆساید ناساندووە، كەچی هێشتا حكومەتی عێراق نەك داوای لێبوردنی نەكردووە بەڵكو تاوانبارانیش سزاكانیان جێبەجێنەكراوە.
ئەفسوس .. لەناوخۆی هەرێمی كوردستانیشدا هێشتا تۆمەتبارانو گومانلێكراوانی تاوانی ئەنفال بێباك لەهەستومافی قوربانیانو بێباك لەیاساو دەسەڵاتی دادوەری بەپشتیوانی حزبە سیاسیە دەسەڵاتدارەكان بەپێشچاوی كەسوكاری قوربانیانەوە دەسورێنەوەو لەوەش خراپتر چەندین كەسوكاری قوربانیانی ئەنفال لەناو ریزەكانی سوپاو پێشمەرگەو هێزەكانی ناوخۆ بندەستەوپاسەوانی ئەو گۆمانلێكراوانەن ..!!
هەموو ئەوانەی لەسەرەوە ئاماژەیان بۆكرا بێڕیزین بە قوربانیانو بەهەستی خەڵكی كوردستانو بەخودی دادگاو یاساكانو ئەزمونی حومكرانی كوردستان .
بۆیە داوا لەخەڵكی كوردستان دەكەین كە بە ویژدانو راستگۆییەوە بەرەوپیری یادی ئەنفال بچنوبەكردەوە رێز لە قوربانیانی ئەنفال بگرنو هاوسۆزی لەگەڵ كەسوكاریان پیشانبدەن.. لە یادی ئەنفالدا بەدابونەریتی نوێ پێشوازی لە رۆژی 14/4/ بكەن خۆتان لەو چێشتخانەو هۆتیڵانە بەدوربگرن كەموڵكی جاشوموستەشارو كۆنە بەعسیەكاننو بایكۆتیان بكەن، با یادی ئەنفال بەكردەوە رۆژی بەرپەرچدانەوەی بەعسیزمو ڕەفتارەكانی بێت ڕۆژی كۆتایی هێنان بێت بەبێباكیوتوند ڕەفتاری هەتا یادی ئەنفال لە ئایندەدا ببێتە رۆژی خۆشەویستیو بنیاتنانەوەو ژیاندۆستی ..خۆتان لە سەربرینی ئاژەلو پەلەوەرو هەر زیندەوەریكی تربپارێزن وەكو پەرچەكرداری كۆمەڵكوژیو خوێن رشتن لەو رۆژەدا گۆشتی هیچ جۆرە زیندەوەرێك مەكەنە سفرەی ماڵەكانتانو لەچێشتخانەو كەبابخانەكان وەك پەرچەكردارێكی كۆمەڵكوژیو خوێنڕشتن گۆشت مەخۆن .
خۆتان لە سفرەی رازاوەی هۆتیلەكان بپارێزن كەبۆ میوانەكانی یادی ئەنفال رازینراونەتەوە چونكە ئەو شێوە یادكردنەوانە برینی ئەو مرۆڤە ئەنفالكراوانە دەكولێنێتەوە كەهیشتا كاریگەری برسی كردنی ناو زیندانەكانی دوبزو تۆپزاواو نوگرەسەلمانو قەڵاكانی نزاركێو سەلامیە بەسەر جەستەو رۆحیانەوە ماوە، ئەوسفرە رازاندنەوەیە سوكایەتیە بە هەستی ئەو دایكانەی منداڵەكانیان لەبرساو لەكۆشی خۆیاندا مردن، سوكایەتیە بەشارۆی منداڵ كە لەسوێی خەیارێك تاكە نەعلێكی سەوزی خستبووە دەمیو بەدەم جونیەوە گیانی دەرچوو، سوكایەتیە بەنەبات فایەقی دایكی شارۆ ئەو ژنەی لەدوای مردنی شارۆوە ئیتر خەیاری نەخواردووە.. سوكایەتیە بە (خانم یوسف محمد) كە هەتا مرد برنجو گۆشتی نەخوارد چوونكە لەزیندان داوای برنجو گۆشتیان لێكردبوو بەڵام بەو ئاواتەوە رۆیشتنو بێسەرو شوێنكرد. ..
یادی ئەنفالو رێزگرتنی قوربانیانی ئەنفال پابەندە بە شكۆی زیندەوەكانو هاولاتیانی كوردستانەوە، بۆیە جوانترینو باشترین رێزگرتن لەقوربانیانی ئەو تاوانەپاراستنی مافی مرۆڤو سەروەری یاساو رادەستكردنی تۆمەتبارانی ئەنفالە بۆ بەبەردەمی دادگا.
ئێمە یەكەبەیەكەی ئەندمانی ناوەندی چاك سەری رێز بۆ قوربانیانی ئەنفال دادەنەوێنینو بەكردەوە رێز لەكەسوكاریان دەگرینو بەلێن دەدەین تێبكۆشین بۆ بەفەرمی ناساندنی تاوانی ئەنفال لەسەر ئاستی جیهان
ناوەندی هەلەبجە دژبە ئەنفالكردنو جینۆسایدی گەلی كورد – چاك
ساڵنامەی ئەنفالستان
14/4/2012
———————————————————————————————————————————
ناوەندی هەڵەبجە- دژ بەئەنفالكردنو جینۆسایدكردنی گەلی كورد – چاك
E: chak.kurdistan@yahoo.com
www.chak.info
TL: 07701520287
07501223421