
تۆم هه‌بیت*… داستان به‌رزان
تۆم هه‌بیت پوش و په‌ڵاشی حه‌وشه‌كه‌م گوڵ ده‌گرێت
پیره‌مێردی ناو تابلۆی ژووره‌كه‌م دێته گۆرانی
دار نارنجی به‌ر په‌نجه‌ره‌كه ده‌بێته گۆزه‌یه‌ك عه‌تر
ده‌ستشۆری هه‌یوان شه‌ربه‌تی پیا دێته خوارێ.
تۆم هه‌بیت ناسك ده‌بمه‌وه
زۆرشت كارم تێده‌كات و
ده‌مخاته سه‌ما.
تۆم هه‌بیت كێشه‌م نامێنێت
ناخۆشییهكانیش ئاسایی وه‌رده‌گرم.
تۆم هه‌بیت بارانێكی نه‌رم به سه‌رمدا ده‌بارێت
شۆسته له ژێر پێم‌دا پێده‌كه‌نێت
بۆ هه‌ر شوێنێك بمه‌وێت بچم، به‌ره‌وڕووم دێت
چیم بوێت بۆم ده‌بێت.
تۆم هه‌بیت به دیار عهلادینێكهوه داده‌نیشم
قاچه‌كانم ڕاده‌كێشم
دڵ به گوڵه نایلۆنه‌كانی به‌رامبه‌رم خۆش ده‌كه‌م.
تۆم هه‌بیت شه‌قامه‌كان به دوای خۆمدا ڕاده‌كێشم
ئاراسته‌یان ده‌گۆڕم
ڕووه‌و لای تۆ.
تۆم هه‌بیت كه‌شم تێك ناچێت
ڕه‌فتارم باش ده‌بێت
وه‌ك كه‌سێكی ئاسایی ئه‌ژیم
دوعا ئه‌كه‌م خوایه ژیانم نه‌شێوێت.
تۆم هه‌بیت له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ده‌گونجێنم
له‌گه‌ڵ كه‌س ناكۆك نابم
ڕێز له بۆچوونی جیاواز ئه‌گرم
هه‌ركه‌س توڕه‌بێت
هێمنی ئه‌كه‌مه‌وه و پێی ده‌ڵێم:
ئارامبه ئازیز ئارامبه.
تۆم هه‌بیت له گۆگڵ ده‌گه‌ڕێم
بۆ تازه‌ترین مۆدێله‌كانی جل و به‌رگ
بۆ نوێترین شێوازی قژبڕین
بۆ دوایین دیزاینه‌كانی ئۆتۆمبێل
چۆن بخوازیت وه‌ها ڕیش و سمێڵم ده‌تاشم
سه‌رقاڵی ئه‌و شتانه ده‌بم، ئاماژه‌ن بۆ خۆشبه‌ختی.
ده‌بمه كوڕی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆم.
تۆم هه‌بیت كاتژمێره‌كه‌م پڕ ده‌بێته‌وه له كات
كاتم بۆ هه‌موو شت ده‌بێت
توڕه‌بوون و بێزاری نه‌بێت.
تۆم هه‌بیت پابه‌ندی یاسا ده‌بم
له پاركه خێزانییه‌كاندا كهول ناخۆمه‌وه
به‌سه‌ر هێڵه‌كانی په‌ڕینه‌وه‌دا ده‌ڕۆم
پیسی فڕێنادهمه سه‌ر شه‌قامه‌كان
بۆ پۆلیسێك داده‌نه‌ومه‌وه و
پێیده‌ڵێم:
بمبوره له هه‌ر سه‌رپێچییه‌ك كردبێتم.
ئاسان نییه تۆم هه‌بیت و
دڵخۆش نه‌بم
ئاسان نییه تۆم هه‌بیت و
نه‌فڕم.
ئاسان نییه تۆم هه‌بیت و
به ههرچوارلامدا به‌خته‌وه‌ری نهبهخشمهوه.
تۆم هه‌بیت دونیا خۆش ده‌بێت
تۆم هه‌بیت ژیان چاك ده‌بێت.
*به‌شێكه له شیعرێكی درێژ كه له دوو توێی كتێبێكی به‌رباخه‌ڵدا و له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌یه‌كی (ئارام سدیق)داله لایه‌ن( یانه‌ی قه‌ڵه‌م)ه‌وه چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه.