
خێرایی وه‌ك كه‌لتور … عه‌زیز ڕه‌ئووف
فه‌زایه‌ك بۆ خێرایی له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا به‌دی ده‌كرێت، فه‌زایه‌ك كه وه‌ستانی بۆ نیه و به جۆرێك كه هه‌ندێ جار ئه‌م خێراییه ده‌گاته ئاستی مردن و هه‌ندێ جاریش شێوه‌ی مرۆڤه‌كان ده‌گۆڕێت و له زۆر جاریشدا مرۆڤ به‌هۆی خێراییه‌وه ڕابردووی خۆی فه‌رامۆش ده‌كات. ئه‌م خێراییه له كۆمه‌ڵگه‌دا كه من ئه‌گه‌ر دروست بێت به كه‌لتوری خێرایی ناوزه‌دی ده‌كه‌م، خێراییه‌كه سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی ژیانی ئێمه‌ی داگیر كردووه و بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ بكه‌ین كۆمه‌ڵگه‌ی كردۆته كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی جوڵاوی بێ بیركردنه‌وه و به‌بێ ڕۆچوون به ناو نهێنیه‌كانی ئارامی ڕۆح‌دا.
ئۆتۆمبیله‌كان به خێرایی ده‌ڕۆن، سه‌رنشینان و لێخوڕ ده‌یانه‌وێت بگه‌نه شوێنێك، ئهشگهن كه‌چی هه‌ر نه‌گه‌یشتوون. خێرایی ئۆتۆمبیل وه‌ك به‌رهه‌مێكی مۆدێرنه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی كردۆته مهخلوقگهلێك كه ئاهزووی گه‌یشتن به شوێن ده‌كه‌ن و ناگه‌ن.
خێراییه‌ك هه‌یه له‌سه‌ر ئاستی هونه‌ر و گۆرانی. ئه‌وه‌ی له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا به‌دی ده‌كرێت له یادكرتهوه و سه‌ریران و كوچه و كۆڵان و ته‌نانه‌ت ناو ئۆتۆمبیلهكانیش، گۆرانییه به ڕیتمی خێرا، كه ده‌ستی هه‌یه له كوشتنی ڕۆحیه‌تێكی هێمن و ئارام. ئه‌وه‌ی له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا به‌دی ده‌كرێت ئاره‌زووی زۆرێك له خه‌ڵكه بۆ گوێگرتن له گۆرانی ڕیتمی خێرا و كه‌س گوێ له مۆسیقایه‌كی هێمن ناگرێت كه ده‌روون ئارام ده‌كاته‌وه.
ههڵپهڕكییهكی خێرا ده‌بینین. به ههڵپهڕكێكهوه دیاره كه ده‌روونی خه‌ڵك نائارامه و ده‌یانه‌وێت به هه‌ڵپه‌ڕین ده‌روون ئارام بكه‌نه‌وه و ناتوانن. جوڵه‌ی به‌رده‌وامی جه‌سته بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئارامییه بۆ ڕۆح، به‌ڵام بێ هووده له ڕوخسارماندا دیاره كه به هه‌ڵپه‌ڕكێ ده‌مانه‌وێت دڵمان خۆش بكه‌ین. كه‌س به هێمنی له‌گه‌ڵ ڕۆحی خۆیدا سه‌ما ناكات. ئه‌وه‌ی هه‌یه جوڵه‌یه‌كی خێرایه له‌گه‌ڵ میلۆدییه‌كی خێراتر كه ته‌واو ده‌ستی له كوشتنی سۆزدا هه‌یه.
ئه‌وه‌ی له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ده‌بینرێت خێرایی به‌رزبوونه‌وه‌ی بیناكان و نزمبوونه‌وه‌ی ڕۆحی چێژوه‌رگرتنه له ژیان. خێراییه‌ك هه‌یه بۆ فراوانبوونی شاره‌كان و سڕینه‌وه‌ی سروشت و مه‌رگی یاده‌وه‌رییه‌كان. ئێستا فه‌زایه‌ك هه‌یه بۆ له‌بیركردنی یاده‌وه‌ری. ڕووداوه‌كان هێنده به خێرایی تێده‌په‌ڕن، زۆرێكمان ڕابردوو یان یاده‌وه‌رییه‌كانمان به ئاسانی فه‌رامۆش ده‌كه‌ین. ئێمه له ئێستادا ماڵئاواییمان له ته‌ماشاكردنی ئه‌لبوومی وێنه‌كان كردووه، وێنه‌كان له‌ناو فۆڵده‌ری كۆمپیوتهرهكانماندان و ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه ڤایرۆسێك سه‌رجه‌م وێنه‌كان بسڕێته‌وه و بمانكاته مه‌خلوقگه‌لێكی بێ ئه‌لبوومی وێنه و بێ یاده‌وه‌ری.
به خێرایی ئه‌وه‌ی ده‌مانه‌وێت به‌ده‌ستمان ده‌گات. ئه‌مه‌ش ههڵكهنین و فڕێدانی مرۆڤه له قۆناغێك كه پشتی به هێز و ده‌ست و بازووی خۆی ده‌به‌ست به‌ره‌و قۆناغێك كه بۆته مرۆڤێكی بێ به‌رهه‌می به‌رخۆر. فراوانبوونی شاره‌كان به خێرایی و فه‌رامۆشكردنی یادهورهییهكان فه‌زایه‌كه بۆ پشتكردنه جوانییه‌كان و ڕاكردن به‌دوای مۆدێلهكاندا و ڕاكێشانی حه‌زمان بۆ شته‌كان له سه‌رده‌می مۆدێرنه‌دا، ده‌مانه‌وێت ده‌روونمان ئارام بكه‌ین، به‌ڵام به نائارامی ده‌مێنینه‌وه ڕۆحمان تا دێت تێكشكاوتر و بێزهوقتر ده‌مێنێته‌وه.
خێرا ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی نوخبه‌یه‌ك له سیاسه‌كان و پیاوانی شۆڕش، ده‌ستی هه‌یه له خێرا فه‌رامۆشكردن و قێزه‌ونكردنی ڕابردووی شۆڕش. ئه‌و كاره‌كته‌ره سیاسیه‌ی ده‌یه‌وێت خێرا ده‌وڵه‌مه‌ند بێت، بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به خۆی بكات ده‌یه‌وێت به خێرایی ده‌رباز بێت له‌و چركه‌ساته جوانانه‌ی كه سیمبوڵی به‌رخۆدانی میلله‌تێك بوو.
له ئێستادا به خێرایی عومر تێده‌په‌ڕێت. له مرۆڤی باریك و به‌ژن ڕێكه‌وه ده‌بینه كارهكتهرگهلێكی قه‌ڵه‌و كه وه‌ك سوهرابی سهپهیری ده‌ڵێت ده‌بێت دره‌ختێك له ته‌نیشتمانه‌وه بنێژین تاكو ژینگه خاوێن بكه‌ینه‌وه. خێراییه‌ك هه‌یه بۆ تێپه‌ڕینی ته‌مه‌ن و بازدان به‌سه‌ر جوانییه‌كانی ژیاندا. خێراییه‌ك هه‌یه له خواردندا بێ ئه‌وه‌ی چێژ له خواردن ببینین.
خێراییه‌كان به هه‌موو شتێكمان ئاشنا ده‌كه‌ن، جوانیه‌كانی ژیان نه‌بێت. ئه‌م هه‌موو خێراییه كۆمه‌ڵگه‌ی كردۆته شوێنێك بۆ جوڵه‌ی بێ به‌رهه‌م و مهخلوقگهلی نائارام كه ده‌یه‌وێت به ئامێره‌كانی ته‌كنه‌لۆژیا خۆی دڵخۆش بكات، به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به خۆی بكات، تا دێت ڕۆحی ماندوتر ده‌بێت.
خێراییه‌ك هه‌یه نایه‌ڵێت چێژ له ژیان ببینین. ئه‌گه‌ر ئه‌م خێراییه كه‌م نه‌كه‌ینه‌وه و نه‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ ڕۆحی خۆمان، ئه‌وا بێشك خێرایی ده‌مانكوژێت.
azizrauf75@yahoo.com