
ئازادی پڕۆژه‌یه‌كی له‌بیرنه‌كراو….ماركه‌یه‌ك كه به‌سه‌رناچێ
له‌وه‌ته‌ی مرۆڤ هه‌یه هه‌ڵوه‌دای ئازادییه، ئازادی به‌ومانایه‌ی كه له بیركردنه‌وه و گوفتارو ره‌فتاردا به‌ده‌ستی بێنێ، نه‌وه‌ك له‌مانه‌دا كۆتكرابێ. ئه‌گه‌ر ژیان په‌یامێكی بۆ ئازادی بیركردنه‌وه پێنه‌بێ ئه‌وا بوونی كه‌سه‌كه ده‌كه‌وێته ژێر هه‌ڕه‌شه‌و پرسیاری له‌ناوچوون، بێهۆنییه رێنییه دیكارت له كۆجیتۆبهناوبانگهكهیدا ده‌ڵێ: من بیرده‌كه‌مه‌وه كه‌واته من هه‌م، ئه‌و ده‌یه‌وێ له‌ڕێی بیركردنه‌وه‌وه بوونی خۆی بسه‌لمێنێ…سه‌لماندنی بوون له‌ڕێی بیركردنه‌وه‌وه ئازادیێكی ناوه‌كی ره‌هایه، كه له ئازادییه‌كانی دیكه بهرقهرارتره. مرۆڤ‌و بیركردنه‌وه ته‌واوكه‌ری یه‌كترین، ئه‌مه‌ش له‌و راستییه هه‌ربووه( حتمیه) سه‌رچاوه‌ی گرتووه، كه مرۆڤ بوونهروهرێكی بیركه‌ره‌وه‌یه، مرۆڤ به بیركردنه‌وه له بوونه‌وه‌ره‌كانی دیكه جیاده‌كرێته‌وه. بیركردنه‌وه له “ئازادی” ساغلهمترین بیركردنه‌وه‌یه..پڕ بهرههمترینیشیان بووه، تائێستا هه‌رچی ئه‌وانه‌ی بۆ ئه‌وانی دی خۆیان خستۆته خزمه‌تی بیركردنه‌وه، دواجار ویستویانه ئه‌و رێچكه‌و رێبازه دیاریبكه‌ن كه مرۆڤه‌كان ئاسووده‌و ئازادده‌كه‌ن…لهكۆیلایهتیی و به‌ندێتی هۆشیاریان بكه‌نه‌وه.
هاتنه مه‌یدانی ركابه‌ری له‌گه‌ڵ كۆیلایه‌تی هێزو گوڕوتین و بیركردنه‌وه‌و گوفتارو ره‌فتاری ته‌ندروستی گه‌ره‌كه، مرۆڤێك ناتوانێ لهكۆیلایهتی راكات ئه‌گه‌ر له‌ڕووی بیركردنه‌وه‌وه بڕیاری ئازادانه‌و رێوشوێنی ئازادانه‌ی نه‌بێت. كۆیلایه‌تی له‌ڕووی جۆره‌وه ته‌واو گۆڕانی به‌سه‌رداهاتووه، به‌ڵام له‌ڕووی ناوه‌رۆكه‌وه پارێزگاری له‌هه‌مان ئه‌و ناوه‌رۆكه كۆنه‌ی خۆی ده‌كات، كه سپارتاكۆس و ئه‌وانی دی لهدژییدا راپه‌ڕین. جاران كه خاوه‌ن سه‌رمایه‌یه‌ك یان مرۆڤێكی ئازاد خۆی به خاوه‌نی كۆیلهدهزانی، ئه‌مڕۆ ده‌یان ده‌زگاو دامه‌زراوه و حزب هه‌ن كه مرۆڤ كۆیلهدهكهن.. ده‌یان بیركردنه‌وه‌ی پڕ لهڕیسك هه‌ن كه مرۆڤ به‌كۆیله ده‌گرن…بێگومان مرۆڤه لاوازه‌كان ده‌كه‌ونه ئه‌م داوانه‌وه، ئه‌وانه‌ی راست‌و چه‌پی خۆیان نازانن، ئه‌وانه‌ی هه‌ر ئه‌وه‌نده له‌مانای ژیان گه‌یشتوون كه ژیان سێ ( خائهكهیه) خواردن و خواردنه‌وه و خه‌وتن…ئه‌و كه‌سانه‌ی ئازادی له‌مانه‌وه ده‌بینن، مه‌ودای بیركردنه‌وه‌یان كورته…ته‌سكه، گوفتاریان چهوتو پڕ له هه‌ڵه‌یه، ره‌فتارییان ناجورو هه‌ڕه‌شه‌ئامێزه بۆ ده‌وروبه‌ر، بۆیه ئه‌وانه ده‌رك به‌ئازادی ناكه‌ن، ئه‌وان كۆیله‌ی خائهكانن و به‌دوای حه‌زێكی كاتییهوهن…ئه‌وان ناتوانن له‌ماناكانی ژان‌و ئازار تێبگه‌ن. ئه‌توانین بڵێین ئه‌وان خه‌ریكی بیرنهكردنهوهن، ئه‌گه‌ر بیركردنه‌وه وه‌زیفه‌یه‌ك بێت مرۆڤه‌كان پێی راببن، ئه‌وا له‌به‌رامبه‌ردا بیرنه‌كردنه‌وه سه‌رفنه‌كردنی وزه‌یه…وزه بۆ تێگه‌یشتن له‌وه‌ی له‌ده‌وروبه‌ردا چ ده‌گوزه‌رێ، وزه بۆ توانای سه‌رفكردنی سوته‌مه‌نی بیر، ئه‌و سوته‌مه‌نییه‌ی هه‌موو كه‌سێكی ساغ ههیهتیو ده‌توانێ له‌پێناو رۆشنكرنهوه به‌كاری بێنێ، چونكه ژیان لهرۆشناییدا ماناكانی دره‌وشاوه‌ترن.
چه‌مكێكی دیكه كه هه‌میشه ده‌یه‌وێ له‌گه‌ڵ چه‌مكی ئازادی شانبه‌شان بڕوات‌و ئۆكسجینی لێوه‌ربگرێت، چه‌مكی دیموكراسییه. ئه‌مانه دووڕووی دراوێكنو یهكترتهواودهكهن. هیچ كامێك ناتوانێ بێ ئه‌وه‌ی دیكه هه‌ڵكات. ئێستا كهباو باوی دیموكراسییه،هه‌رچی هێزی دنیا هه‌یه لهراستڕهوهكانهوه تا ئه‌وپه‌ڕی چه‌په‌كان ناتوانن دیموكراسی نادیدهبگرنو وه‌ك چه‌مكێك بۆ ئازادیی و خۆشگوزه‌رانی لێینهڕوانن. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا هۆشیاریێكی زۆر به‌رامبه‌ر ئازادی له‌ئارادایه، كه بێشك ئه‌م ئازادی بیركردنه‌وه‌یه‌و هۆشیاری مامه‌ڵه‌كردنه كۆمه‌ڵگا بهرهوپێشدهبهن لهلایهكو دامه‌زراوه‌ی سیاسی‌و ئابوری‌و یاسایش پێشده‌خه‌ن. مۆنتسكیۆ له رسته‌یه‌كی پڕمانادا ده‌ڵێ: “لهدهوڵهتێكدا كه‌له‌سه‌ر بنه‌مای ئازادی دامه‌زرابێت، هه‌ر هێزێك رێگه له ره‌هابوونی هێزه‌كه‌ی تر ده‌گرێت”، ئه‌مه ده‌لاله‌تێكی روونه كه‌وا هیچ هێزێك ناتوانێ له‌نێو چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێكدا،كه ئازادی‌و دیموكراسی به‌بنه‌ماده‌گرێت هێزه‌كه‌ی دیكه كۆنترۆڵ بكات،مه‌گه‌ر دیموكراسی بۆ مه‌رامی سیاسی ته‌نها له‌وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی هاوڵاتیان كورتبكرێته‌وه،كه له‌م باره‌دا گرفتێكی گه‌وره به‌دوای خۆیدا دێنێ و ره‌نگبێ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌ڕێی شۆڕشی چه‌كدارییه‌وه به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوون یان به ئینقیلابی عه‌سكه‌ر ییه‌وه گه‌یشتوونه‌ته ده‌سه‌ڵات و له‌ماوه‌ی مانه‌وه‌یان له‌ده‌سه‌ڵاتدا سامانێكی زۆریان بهسهریهكهوهناوه تا بتوانن درێژه به‌مانه‌وه‌ی خۆیان بده‌ن و ده‌نگی خه‌ڵك بۆخۆیان مسۆگه‌ربكه‌ن و ته‌مه‌نێكی درێژ له‌ده‌سه‌ڵات بهڕێبكهنو بواری ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات به‌وانی دیكه نهدهنو رۆژ به‌ڕۆژ گه‌نده‌ڵی كهڵهكهبكات و هه‌ژاری بكه‌وێته ژێر هێڵی نائاسایی، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌رابردوودا له‌زۆر وڵات‌و سیسته‌می حوكمڕانێتیدا بینیمان‌و دواجار له‌ڕێی شۆڕشی جه‌ماوه‌رییه‌وه یان شكستی ئابوری _سیاسییه‌وه كۆتاییان پێهات. ئه‌مه بۆ ئێستا‌و ئاینده‌ش ره‌وایه‌تی هه‌یه، ئه‌گه‌ر ئه‌م رێچكه‌یه به‌وشێوه‌یه‌ی روونكرایه‌وه به‌رده‌وامی هه‌بێت. كه‌واته لهڕێڕهو لادانی دیموكراسیی لهلایهكو فرۆشتنه‌وه‌ی ئازادی به‌وانی دی پرسێكی خهتهرناكهو مێژووش هه‌میشه لهرهحمدانی خۆی ئه‌و تۆمارانه هه‌ڵده‌گرێ كه سكێچی ئازادیی دهكهنو چوارچێوه‌یه‌كیش بۆخۆیان هه‌ڵده‌بژێرن، كه به‌شۆڕش ناوزه‌دده‌كرێت. كه‌واته شۆڕشه‌كان بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئازادین، بۆ به‌رقه‌راربوونی سیسته‌مێكی حوكمڕانیی عادیلانهن، به‌ڵام كه ئازادی له‌ده‌ستی ئازادیخوازان رادهپسكێنرێتو ده‌بێته كایه‌ی بهرژهوهندیخوازنو حازرخۆرانی به‌رسێبه‌ر، ئه‌وا دیسان له‌هه‌ناوی خۆیدا چاوه‌ڕوانی جاڕدانێكی دیكه ده‌كرێت، چونكه له‌ماوه‌ی رابردوودا ئه‌وه‌ی تێبینیمانكرد به‌و ده‌ره‌نجامه ترسناكه گهیشتینو ئه‌و پرۆسانهمان بینیون، كه شۆڕش له هه‌ندێك هه‌رێمدا لهناوبازنهیهكدا ده‌خولێته‌وه، به‌و مانایه‌ی ئه‌وانه‌ی دوێنێ ئازادیخوازبوون ئیمڕۆ ده‌بێت به‌كوته‌ك له‌ده‌ستی ئازادیخوازه نوێیه‌كان ده‌ستبه‌رداری ده‌سه‌ڵاته‌كانیان ببن‌و تا ئه‌م دۆخه‌ش واتا دۆخی دوای شۆڕشیش تاده‌گاته قۆناغێكی دامه‌زراو ره‌نگبێ چه‌ندین گۆڕانكاری دی به‌خۆیه‌وه ببینێ.
یه‌كێكی دیكه له‌و ئارێشانه‌ی به‌هه‌میشه‌یی رووبه‌ڕووی ئازادی ده‌بێته‌وه‌و به‌داخه‌وه وه‌ك مۆدێلێكیشی لێهاتووه فێڵكردنه له‌ئازادی…ئه‌مه‌ش له‌ڕێی دروستكردنی گروپ‌و رێكخراوی ساختهوهدهبێت، كه ئه‌ركیان پیاهه‌ڵدانه به‌شانوباڵی ئه‌و ناوه‌نده‌ی دروستیان دهكهنو پاڵپشتیان ده‌كه‌ن.ئه‌مه ئه‌گه‌ر به‌دیوێك قازانج بێت له‌ڕووی چه‌ندایه‌تییه‌وه،ئه‌وا به‌دیوه‌كه‌ی دیكه ئه‌م رێكخراوانه دهبنهكۆسپو ته‌گه‌ره‌ی گه‌وره له‌به‌رده‌م ئازادی،چونكه ئه‌وه‌نده‌ی ده‌یانه‌وێ خه‌ڵكی ههڵخلیسكێنن نایانه‌وێ كۆشش بۆ ئازادی بكه‌ن،نایانه‌وێ ده‌ریچه‌ی هۆشیاری بكه‌نه‌وه و ئه‌وان ده‌یانه‌وێ هه‌میشه مكیاژی ئهوناوهندانه بكه‌ن،ههمووناشیرینی و پۆخهڵییهكانیان بشێرنهوهو ئه‌وه‌ی ده‌شیكه‌ن زۆر رووكه‌ش و ماوه كورته بۆیه هه‌ر زوو ماسكه‌كان ده‌كه‌ون و رووی راسته‌قینه به‌دیارده‌كه‌وێت .بێهۆنهبوو “خانم رۆڵان ژنه شۆڕشگێڕی فه‌ره‌نسا ئه‌و كاته‌ی ده‌یانبرد به‌ره‌و په‌تی سێداره رووی له‌په‌یكه‌ری ئازادی كرد و گوتی: ئه‌ی ئازادی چ تاوانگه‌لێك به‌ناوی تۆوه ده‌كرێت”.
حه‌سه‌ن مسته‌فا