ده‌ڵێی خه‌ڵووز ده‌شۆینه‌وه
ژیان له کن من، بووگه به ئه‌ده‌ب و بێجگه له ئه‌ده‌ب،
هیچ شتێکی دیکه ئاسووده‌م ناکات.
که باس دێته سه‌ر سیاسه‌ت، هێلنج ده‌ده‌م.
سوپاس بۆ ئه‌وانه‌ی پێم ده‌ڵێن،
تۆ بۆ ئه‌ده‌ب خوڵقاویت و
حه‌یفه لێ بگه‌ڕێیت سیاسه‌ت،
گوڵی وشه‌ی گه‌شت، سیس بکات.
بۆچی موباره‌ک ڕووخا؟ چونکه پێش ئه‌وه‌ی وه‌ک ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بڕووخێت، وه‌ک ڕه‌وشت هه‌ره‌سی هێنابوو، چونکه له قه‌ڵایه‌کدا ده‌ژیا، له وههم ڕۆی نابوو، چونکه به ڕۆژی نیوه‌ڕۆ، له‌ناو جه‌رگه‌ی قاهیره‌دا، (ڕه‌زا هیلال)ی ڕۆژنامه‌نووس ڕفێنرا و شوێن‌بزر کرا، چونکه که هه‌زار و چوارسه‌د میسری له زه‌ریای سووردا خنکان، ئه‌و خۆی و کوڕه‌کانی، به خۆشییه‌وه له یاریگه‌ی قاهیره، سه‌یری دوا یاریی تۆپی پێی جامی ئهفریکایان ده‌کرد، که‌چی که کوڕه‌زایه‌کی مرد، خه‌مێک دایگرت، وه‌ک میسر تووشی گه‌وره‌ترین کاره‌سات بووبێت و نیشتمانی بۆ خسته پرسه‌وه، چونکه پیاوێکی ئاسایشی په‌روه‌رده‌ی ده‌ستی ڕژێمه‌که‌ی، چوو له دوبه‌ی (سۆزان ته‌میم)ی که ژنه‌گۆرانیبێژێکی لوبنانی بوو، کوشت، چونکه پیاوه‌کانی له ئه‌سکه‌نده‌رییه (خالید سه‌عید)یان تیرۆر کرد و ئیدی میلله‌ت هاواری کرد: هه‌موومان خالید سه‌عیدین.
بۆچی موباره‌ک ڕووخا؟ چونکه جه‌مالی کوڕی، خه‌دیجه‌ی کچی ده‌وڵه‌مه‌ندترین پیاوی میسری هێنا، ئیدی خه‌ڵک ده‌یانگوت: ئه‌و هاوسه‌رگیریی نێوان پاوه‌ر و پاره‌یه، چونکه پیاوه‌کانی، عه‌بدولحه‌مید قه‌ندیلی ڕۆژنامه‌نووسیان ڕفاند و به ڕووت‌وقووتی، وه‌ک زبڵ بێت، له بیاباندا فڕێیان دا، چونکه له دوا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌ماندا، ساخته‌کاریی گه‌یانده لوتکه.(1) ڕه‌وشی هه‌ر شوێنێک له‌وه‌ی میسر بچێت، له‌وێش ده‌سه‌ڵات وه‌ک ڕه‌وشت تووشی نسکۆ هاتووه و هاکا وه‌ک ده‌سه‌ڵاتی سیاسییش هه‌ره‌سی هێنا. بۆچی شۆڕش له میسر، وا زوو سه‌رکه‌وتنی به ده‌ست هێنا؟ چونکه نه هیچ فیکرێکی له دواوه بوو، نه هیچ حیزبێک هه‌ڵیگیرساند. له هه‌ر وڵاتێک ڕابوون، فیکری تاریک و حیزبی دڕنده‌ی له دواوه بێت، هه‌ره‌س ده‌هێنێت.
ئه‌و لاوانه‌ی دژی موباره‌ک ڕژانه سه‌ر شه‌قام، هانده‌ریان فیکرێک یان حیزبێکی دیاریکراو نه‌بوو، ئه‌وه‌ی بۆ ڕابوون هانی دان، نه‌بوونی ئازادی و هه‌بوونی هه‌ژاری بوو. له هه‌ر جێییه‌ک ده‌زگای دادوه‌ری له نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵکدا بێ لایه‌ن نه‌بێت، سه‌ر به یه‌که‌میان بێت، ئیدی قسه‌کردن له هه‌بوونی دیمۆکراسی، له باشترین حاڵه‌تیدا، جۆرێکه له خۆفریودان. یه‌کێک له جیاوازییه‌کانی نێوان وڵاتانی دیموکرات و نادیموکرات ئه‌وه‌یه، له یه‌که‌میاندا یاسا بۆیه داده‌ڕێژرێت تا پێڕه‌و بکرێت، وه‌لێ له دووه‌میاندا بۆ ئه‌وه‌ی پێشێل بکرێت.
شه‌ڕی نێوان (برایانی موسڵمان)* و ڕژێمه‌که‌ی موباره‌ک، شه‌ڕ بوو له نێوان جه‌هلی موقه‌دده‌س و جه‌هلی موسهللهحدا. با هه‌نووکه خۆرئاوا پشتی ئیسلامییه‌کانیش بگرێت، وه‌لێ چونکه چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی خه‌ڵکی میسر، لای ئیسلام نییه، هێنده نابات، لاوان ده‌ڕژێنه‌وه سه‌ر شه‌قام و داهاتووی جه‌هلی موقهددهسیش، له چاره‌نووسی جه‌هلی موسه‌لله‌ح، ڕۆشنتر نابێت. شه‌عراوی و قه‌رزاوی بۆچی به‌رده‌وام ڕووناکییان له‌سه‌ر بوو؟ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک به باسی غه‌یب، سڕ و وڕ بکه‌ن. له هه‌ر شوێنێک له‌شکری واعیز و خوتبه‌خوێن، بوارێکی به‌رینیان بۆ ڕه‌خسێندرا، ئه‌وه بۆ گه‌مژاندنی خه‌ڵکه و بۆ ئه‌وه‌یه، به‌ر له دره‌وشانه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌ی دیمۆکراسی و ده‌رکه‌وتنی تیشکی ئازادی بگیرێت. په‌یامی واعیز و گوتارخوێنی له ژماره نه‌هاتوو، له ئامۆژگاریدا چڕ ده‌بێته‌وه، ئامۆژگارییش جۆرێکه له جۆره‌کانی زه‌بروزه‌نگ نواندن. ئه‌گه‌ر عه‌قڵی خۆمان بده‌ینه ده‌ست جه‌هلی موسه‌لله‌ح، هه‌قی جه‌سته‌مانی نابێت، وه‌لێ جه‌هلی موقه‌دده‌س، هه‌ر به داگیرکردنی عه‌قڵمان لێمان ڕازی نابێت، هه‌وڵی ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنی جه‌سته‌یشمان ده‌دات. (بۆچی میسر گه‌ڕایه‌وه بۆ لای ئیسلام؟ چونکه دنیای ئیسلام، هێشتا به قۆناغی ڕێنیسانسدا ڕه‌ت نه‌بووه.)(2)
ستانسلاڤ جیرۆزیلیک ده‌ڵێت: (به‌شی خودا بۆ خودا، به‌شی قه‌یسه‌ریش بۆ قه‌یسه‌ر، ئه‌دی به‌شی هاووڵاتی!) به درێژایی مێژوو، ئه‌و ڕژێمه‌ی ڕێزی له شکۆی هاووڵاتی نه‌گرتبێت، مافه‌کانی پێشێل کردبێت و داخوازییه ڕه‌واکانی پشتگوێ خستبێت، دره‌نگ یان زوو، به‌ر ڕێژنه‌ی غه‌زه‌بی میلله‌ت که‌وتووه. ڤیسلاڤا شیمبۆرسکا ده‌بێژێت: (که له دایک ده‌بین، هیچ ئه‌زموونێکمان له باره‌ی ژیانه‌وه نییه، که ده‌مرین، پێشتر قه‌ت مردنمان تاقی نه‌کردووه‌ته‌وه.) با هیچ دیکتاتۆرێکیش، پێشبینیی ئاینده و ڕۆژانی کۆتاییی خۆی نه‌کات، به‌ڵام دیرۆک، له سه‌روه‌ختی نیرۆنه‌وه تا موباره‌ک، هه‌ر ئه‌وه پاته ده‌کاته‌وه، دوا جار دیکتاتۆر، به‌ر بروسکه‌ی تووڕه‌ییی خه‌ڵک ده‌که‌وێت و ته‌نانه‌ت گومان له خه‌باتی دێرینی ماڵباته‌که‌شی ده‌کرێت، با خانه‌واده‌که‌ی مێژوویه‌کی زێڕینیشی هه‌بووبێت.
31ی ئاداری 2012
(1) مأمون فندي، السقوط الأخلاقي یأتی أولا، الأهرام 4/9/2011 القاهرة.
(2) هاشم صالح، الربیع العربي، الشرق الأوسط 18/12/2012 لندن.
* إخوان المسلمین.
یه‌کی ئه‌پریلی 2012 له ڕۆژنامه‌ی (هه‌ولێر)دا بڵاو بووه‌ته‌وه.
حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن