Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
بەپێی تێزێکی ئالان بادیو بێت ڤیتگنشتاین ئەنتی فەلسەفەیە…3

بەپێی تێزێکی ئالان بادیو بێت ڤیتگنشتاین ئەنتی فەلسەفەیە…3

Closed
by April 17, 2012 فەلسەفە


       
 ((بەشی سێهەمی باسی “”گرینگە ڕوناکبیرانی کورد خۆیان لەسەر خوێندنەوەی ڤیتگنشتاین و پۆست ڤیتگنشتاینیەکان ڕابێنن!
– فەلسەفەکردن لەسەر شێوازی نەرێتی فەلسەفەی شیکردنەوەی””))

گەشتی فەلسەفی ئێمە بەنێو بیرکردنەوە فەلسەفیەکانی ڤیتگنشتاین و پۆست ڤیتگنشتاینیەکان و هەروەها فەلسەفەکردن لەسەر شێوازی نەرێتی فەلسەفەی شیکردنەوەی دەگاتە ئەو ناوچانەی ئەم جۆرە بیرکردنەوە فەلسەفیانە دەخاتە ژێرپرسیارەوە. بۆئەوەی ئەو خستنەژێرپرسیارە فەلسەفییە ئەنجامدەین یەکێ لەو بۆچوونە زێدە گفتووگۆئامێزانە بەرباسدەخەین لەم ساڵانەی دوایدا لە نێوەندە فەلسەفیەکانی ڕۆژئاوا دا جێیباسە و بۆ ئەو مەبەستەش بەپێویستیدەزانین کارلەسەر تێگەیشتنی فەلسەفی فەیلەسوفێ کۆنتنێنتالی فەڕەنسی ،لەبارەی بیرکردنەوەی فەلسەفیانەی ڤیتگنشتاینەوە ، بکەین کە ئاگای لە گەشەی فەلسەفەی شیکردنەوەی ئەنگلۆ-ئەمەریکی هەیە و بایەخێ زۆریش بە ماتماتیک (بیرکاری) دەدات و ، وەک بواری لە هزری دەزانێت و وەک یەکێ لە ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی ڕاستی فەلسەفیشی لەقەڵەمدەدات. کەواتە، لەم  بەشەی نووسینەکەمان دا ئاوڕ لە تێزێکی فەلسەفی بیرمەندی هاوچەرخی فەڕەنسی ئالان بادیو تایبەت بە بیری فەلسەفی ڤیتگنشتاین دەدەینەوە. تێزەکەی ئەم بیرمەندە فەڕەنسیە خۆی لەو تێگەیشتنە فەلسەفیە دا کورتدەکاتەوە کە فەیلەسوفی ئینگلیزی- نەمساوی لودڤیگ ڤیتگنشتاین ئەنتی فەلسەفەیە. پرسیارگەلێکی وەک ئەنتی(دژە) Anti  فەلسەفە کێ یە؟ و بۆ ئەنتی فەلسەفە بۆ ئالان بادیو بابەتێ فەلسەفیە ؟ هەروەها پێوەندی نێوان تێزی ئەنتی  فەلسەفە و دۆزی فەلسەفە لە ئێستا، لە ڕۆژئاوا ،چ جۆرە سیما و خەسلەتێک بەو گفتووگۆیانە دەدات بادیو تایبەت بە ئەنتی فەیلەسوفی ڤیتگنشتاین دەیانووروژێنێ؟ دەبن بە بناغە بۆ ئەو چەند دێڕەی لایخوارەوە کە تایبەت بە تێزی فەلسەفی ناوبراوی بادیو بەرباسیدەخەین.
بەپێی سێستەمی فەلسەفی ئالان بادیو بێت ئەم هزرەڤانە فەڕەنسییە ئەنتی ئەنتی فەلسەفەیە. واتە دژی ئەو فەیلەسوفانەیە خاوەنی ئاڕاستەێ ئەنتی فەلسەفین. لێرەشەوە گفتووگۆ فەلسەفیەکانی بادیو دژ بە فەیلەسوفە ئەنتی فەلسەفە و بەوانەش قسە لە کۆتای فەلسەفە دەکەن دەستپێدەکات. وەکیتریش ئێمە باوەڕمان بەوەیە قسەکردنی بادیو لە ئەنتی فەلسەفەی ڤیتگنشتاین قسەکردنیشیەتی لە دۆزێ فەلسەفی کە ناشێ لێیبێدەنگبێت. چونکە بیرکردنەوەی فەلسەفی ڤیتگنشتاین لە نێوەندی فەلسەفی ئەنگلۆ- ئەمەریکی دۆزێ تایبەتی بۆخۆی پێکهێناوە و کاریگەری گەورەشی لەسەر فەلسەفەی ناوبراو بە فەلسەفەی شیکردنەوەی ئەنگلۆ-ئەمەریکی داناوە. هەڵەشناکەین گەر بڵێین قسەکردنی بادیو لە دیاردەی ئەنتی فەلسەفە بەگشتی و ئەمجار ئەنتی فەلسەفەی ڤیتگنشتاین بەتایبەت پێوەندیێ زۆری بە بینینی فەلسەفیانەی بادیوەوە هەیە تایبەت بەوەی پێیدەڵێن کێشەی فەلسەفی. بەواتاێتر، بادیو دیاردەی بە ئەنتی فەلسەفەبوون و هەروەها هەوڵدان بۆ کۆتایهێنان بە فەلسەفە وەک کێشە دەبینێ و لەداکۆکیشدایە لە واتای فەلسەفە و ئەرکەکانی ئەو واتایە. لێرە ناچارین بگەڕێینەوە لای خودی بادیو و لەسەر زاری خۆیەوە قسە لەم لایەنە بکەین. بادیو لە کتێبی “”فەلسەفە لە ئێستادا””، ساڵی چاپ 2004، پێیوایە فەلسەفە دۆزەرەوەی کێشەیە. لەڕێگای ئەم قسەیەوە بادیو ڕەخنەی ئەو فەیلەسوفانە دەکات شەوانە دێنە سەر شاشەکانی تەلەفزیۆن و قسە لەسەر ئەو کێشانە دەکەن پرسیاریان لەبارەوە لێدەکرێت. واتە کێشەکانی کۆمەڵگە. بادیو ئەوە ڕەتدەکاتەوە فەیلەسوف ئەمە بکات و پێیوایە ئەوە ئیدیاێکی هەڵەیە فەیلەسوف قسەلەسەر گشت شتێک بکات. بەس بۆ ئەمە هەڵەیە؟ لەدیدی بادیو ئەمە لەبەرئەوە هەڵەیە چونکە فەیلەسوف دەبێت بەخۆی کێشەکان دروستکات و هەر خۆشی ئیکتیشافی کێشەکان بکات. پێیشیوایە فەیلەسوفە بێلایەنەکان بەخۆیان کێشە تازەکان دەدۆزنەوە و باسیان دەکەن(1). بادیو لەوباوەڕەدایە فەیلەسوفەکان هەمیشە لە حاڵەتی دۆزینەوەی، ئیکتیشافی، کێشەی (سیاسی، مێژووی، هونەری، عیشقی، زانستی) نوێدان. تەنیا بادیو پێیوایە گشت ئەوی لە جیهانا ڕوودەدات بۆ فەلسەفە بە دۆز ناژمێردرێت. واتە دۆزی فەلسەفی نیین(2). بۆیە بادیو پرسیاردەکات ئەو شتەی کە دۆزە ، دۆزێ فیعلی فەلسەفیە، بۆ هزری فەلسەفی چ جۆرە دۆزێکە؟ لەمبارەیەوە نموونە لەسەر دیالۆگی “”گۆرگیاس”” Gorgias ی ئەفڵاتوون دێنێتەوە لە پێوەندی بە دۆزی فەلسەفییەوە. شتێتریش کە لێرە قابیلە بە ووتن تایبەت بەو فەیلەسوفانەی شەوانە دێنە سەر شاشەکانی تەلەفزیۆن و چەنە لێدەدەن و سەفسەتەگەری دەکەن بە پیشە و خۆیان دەکەن بە موریدی گۆرگیاسەکان، گەر تێگەیشتنێ لە بادیووە قەرزکەین بەو ئەستێرانەی سەر شاشەکان دەڵێین، فەلسەفە بریتی نییە لە لێکدانەوە بەگشتی. ئەمەو ئێمە پێمانواشە درێژداڕی و زۆربڵێیی و چەنەبازی فەلسەفەکرنی لێوەبەرناێ و ناششێ ئەوە ناشێ بە گوزارەی وەک دانای (حیکمەت)، زانین و بیرەوە تێکەڵکرێت. چونکە دانای، زانین و بیر لە چەنەبازی و سەفسەتەگەری Sophistry خۆیان جیادەکەنەوە و نایاناوێت وەک شتی گشتی و سەرپێی ببینرێن. هەربۆیە لەدیدی بادیو فەلسەفە کە خۆی لە ئاین جیادەکاتەوە چونکە خۆی لە هێرمینۆتیک جیادەکاتەوە (3). بادیو کە ئەنتی فەلسەفە ڕەتدەکاتەوە لەهەمانکاتدا سەفسەتەگەری و ئاینیش ڕەتدەکاتەوە (4). هەربۆیشە ئاین بۆ بادیو خۆی وەک شتێ ئەنتی فەلسەفی نیشاندەدات و نەشکراوە بە یەکێ لە چوار هەلومەرجەکانی فەلسەفە یان بەرهەمهێنانی ڕاستی (سیاسەت، خۆشەویستی، زانست یان بیرکاری ، هەروەها شیعر یان هونەر). واتە، ئاین لە هزری فەلسەفی بادیو دا بە یەکێ لە بوارەکانی بەرهەمهێنانی ڕاستی، ڕاستی فەلسەفی، ناژمێردرێت.   
ئەوی پێوەندی بە بیرکردنەوەی فەلسەفی یان بیری ڤیتگنشتاینە لەدیدی فەیلەسوفی فەڕەنسی ئالان بادیو ئەوەیە، ئەم بیرکردنەوە فەلسەفییە ئەنتی فەلسەفەیە، ئەمە بەو مانایەش دێت ڤیتگنشتاین ئەنتی فەیلەسوفیشە. بادیو ئەم لایەنە لە کتێبێکیا بەناوی””ئەنتی فەلسەفەی ڤیتگنشتاین “” (5)، کە دوو ساڵێک بەرلەئێستا چاپیکردووە ، گفتووگۆدەکات. لێ بادیو پێشتر ، لە نووسینی””مانیفێستی فەلسەفە”” (6) کە لە ساڵی 1989 دا چاپکراوە، چ ڤیتگنشتاین  و چ چەند فەیلەسوفێکی پۆست مۆدێرنیش (وەک: لیوتار، دێریدا، ڤاتیمۆ Vattimo) وەک ئەنتی فەیلەسوف ناوزەددەکات. خوێنەرانی کتێبی “”مانیفێستی فەلسەفە”” ش لەوە بەئاگان بادیو لەو نووسینەیدا باس لە “سۆفیستە مودێرنە مەزنەکان” دەکات (7) و هێرشێ زۆریش دەکاتە سەر پۆستمۆدێرنە فەڕەنسیەکان، یان بیرمەندەکانی نەوەی خۆی، بەتایبەت لیوتار و دێریدا و ، ئەلبەتە وەک سۆفیست Sophist ە نوێکانیش دەیانناسێنێ و پێشیوایە ئەو فەلسەفەیەی خۆی وەک فەلسەفەێ هاوچەرخ نیشاندەدات فەلسەفەێ سۆفیستانەیە (8). بۆ ئەوانەش “”مانیفێستی فەلسەفە”” ی بادیویان خوێندۆتەوە دەزانن ڤیتگنشتاین لەوێڕا وەک “گۆرگیاس” Gorgias (گەورە بیرمەندی سۆفیستەکان)ی ئەمڕۆمان دێتەناساندن(9).  
بادیو لەو شیکردنەوەیەیدا کە بە ئەنتی فەلسەفیەتی ڤیتگنشتاین تایبەتی کردووە تەنیا سەرنجدەخاتەسەر یەکەم بەرهەمە فەلسەفیەکەی ڤیتگنشتاین، واتە نووسینی “” تراکتاتۆس لۆژیکۆ- فیلۆسۆفیکۆس””، ئەو بەرهەمەی کە تاکە کارێکە ڤیتگنشتاین تا لەژیانا بووە چاپیکردووە،. ئەگەرچی بادیو “”تراکتاتۆس””ی ڤیتگنشتاین وەک نموونەێک لەسەر ئەنتی فەلسەفە بەرباسدەخات و وەک مەزنترین تێکستی ئەنتی فەلسەفەش دەیبینێ (10) لێ بادیو لە “”تراکتاتۆس”” دا جوانکاریێ تەلارسازی “میعماری”  archiaesthetic ش دەبینێتەوە. ڤیتگنشتاینەکەی بادیو لە کتێبی”” ئەنتی فەلسەفەی ڤیتگنشتاین”” دا ڤیتگنشتاینێ ئەنتی فەلسەفەیە کە دواتر و لەکارەکانی دواتریدا ، بەقەولی بادیو، ئەم ڤیتگنشتاینە دەبێ بە ڤیتگنشتاینێ سۆفیست (سەفسەتەگەرا)  Sophist. واتە بادیو پێیوایە ڤیتگنشتاین لە دوا کارەکانیدا لە ئەنتی فەلسەفەوە هەنگاو بەرەو سۆفیستی دەنێت (11). کەچی فەیلەسوفێکی ئەمەریکی بەناوی ستانلی کاڤێل Stanley Cavell لە نووسینێ بەناوی””نیو ڤیتگنشتاین New Wittgenstein “” ، لەسەر بزووتنەوەی ڤیتگنشتاینیەت ، بادیوئاسا قسە لە ئەنتی فەیلەسوف دەکات و نموونەکانیشی هەمانشتن بەس ئەوکاتەی قسەلە ئەنتی فەیلەسوفی لای ڤیتگنشتاین دەکات جەغت لە “”لێکۆڵینەوە فەلسەفیەکان”” (12) دەکات کە بادیو لە مەسەلەی ئەنتی فەیلەسوفی ڤیتگنشتاین دا ئەو بەهایەی بۆ دانانێت. نەک هەرئەوە بەڵکو بادیو بەگشتی کتێبی””لێکۆڵینەوە فەلسەفیەکان””ی ڤیتگنشتاینی پێخۆشنییە(13).
سەرەتا دەمانەوێت سەرنجی خوێنەر بۆ ئەو لایەنە ڕاکێشین ئەوی ئەنتی فەلسەفەیە (یان ئەنتی فەیلەسوفە) لەدیدی بادیو تەنیا ڤیتگنشتاین نییە بەڵکو فەیلەسوفگەلێ وەک ڕۆسۆ، سانت پۆل Saint Paul،  لاکان Lacan، دێریدا، نیچە، پاسکال Pascal، کیێرکەگۆرد Kierkegaard یش ئەنتی فەلسەفەن. بادیو پێیوایە هەر ئەنتی فەیلەسوفێک فەیلەسوفهاێک هەڵدەبژێرێ تا لەڕێگای ئەوەوە هێرشکاتە سەر فەلسەفە بۆنموونە هێرشی هێراکلیتۆس بۆسەر پارمێنێدس، هێرشی پاسکال بۆسەر دێکارت، ڕۆسۆ بۆسەر ئەنسکلۆپیدیستەکان، کیێرکەگۆرد بۆسەر هیگڵ، نیچە بۆسەر ئەفڵاتوون، لاکان بۆسەر ئەلتیسێر (14). بیریشماننەچێت، ئەنتی فەلسەفەی هێراکلیتۆس دژ بە پارمێنیدس، سانت پۆل دژبە یۆنانیەکان، پاسکال دژبە دێکارت، کێرکەگۆرد دژبە هیگڵ و سڵاڤۆی ژیژک Slavoj Žižek یش دژبە بادیو (15) گشت ئەم دژایەتیکردنانە لە زەینی بادیو کردەێ ئەنتی فەلسەفەیە. لێ بادیو لە سەرەتای شیکردنەوەکەی تایبەت بە “”ئەنتی فەلسەفەی ڤیتگنشتاین”” سەرنجدەخاتەسەر ئەو لایەنەی لەڕیزی ئەو فەیلەسوفانەی ئەنتی فەلسەفەن لە “لاکان” ەوە دەستپێدەکات (16). بەقەولی بادیو واتای ئەنتی فەلسەفە لەگەڵ لاکان زیندوودەبێتەوە. هەرلەبەرئەوە بادیو دەڵێ ئەوە بە فەیلەسوفی هاوچەرخ ناودەنێم جورئەتبکات بەناو ئەنتی فەلسەفەی لاکان دا تێپەڕێت (17). بەس لای بادیو بیرمەندێ ئەنتی ئەفڵاتوونی وەک نیچە بەرچاویترین ئەنتی فەلسەفەیە لە فەلسەفەی ڕۆژئاوا دا. ئەمەو بۆ بادیو بیرمەندێ وەک نیچە ئەمیری ئەنتی فەلسەفەی هاوچەرخیشە(18). هەر تایبەت بەم لایەنە دەکرێ ئەوەش بڵێین بادیو پێیوایە نیچە نموونەی مەزنی ڤیتگنشتاین بووە وەک ئەنتی فەلسەفە. لەوبارەیەشەوە بادیو لە کتێبی “”ئەنتی فەلسەفەی ڤیتگنشتاین”” دا بەمجۆرە دێتەگۆ: بۆ نیچە میتافیزیک بریتیە لە ویست بۆ هیچی Nothingness ، بۆ ڤیتگنشتاین میتافیزیک بریتیە لە هیچی مانا کە وەک مانا خۆیدەردەخات. نەخۆشی بۆ نیچە هەڵگری ناوێکە بریتیە لە هیچگەرای  Nihilism، بۆ ڤیتگنشتاین ڕەنگە نەخۆشی لەوە خراپتر بگەێنێت، واتە بریتیە لە چەنە (19). بادیو سڵاڤۆی ژیژکیش بە ئەنتی فەلسەفە دەزانێت (20). ئەڵبەتە بادیو بیرمەندگەلێ وەک مارکس و فرۆید و ئەلتێسیریش دەخاتە ڕیزی ئەنتی فەلسەفەوە(21). هەروەها بیرمەندی پۆست مارکسیستی ئەمەریکیش فرێدریک جێمسۆن Fredric Jameson:یش بە ئەنتی فەلسەفە دەناسێنێت. لەناو فەرەنساش مەهدی بیلحاج قاسم Mehdi Belhaj Kacem یش بە ئەنتی فەلسەفە لەقەڵەمدەدات (22). لێ نیچە و ڤیتگنشتاین و لاکان لە زەینی فەلسەفی بادیو دا سێ سۆفیستە مۆدێرنە مەزنەکەن (23). هەرچی بە هایدیگەریشەوە تایبەتە بادیو هایدیگەر بە ئەنتی فەلسەفە ناوزەدناکات بەڵکو پێتەر هالوارد Peter Hallward ، کە یەکێکە لە شیکەرەوەکانی بیری بادیو و وەرگێڕی نووسینەکانیشیەتی بۆ سەر زمانی ئینگلیزی، هایدیگەر وەک ئەنتی فەلسەفە دەبینێ (24).
ئێمە دەشتوانین هێڵێ فەلسەفی هاوبەش لەنێوان کتێبی “”ئەنتی فەلسەفەی ڤیتگنشتاین “” و کارەکانی پێشتریشی بینینەوە. بۆ نموونە، بادیو  لە کتێبی “”مانیفێستی فەلسەفەی دووەم”” دا ، کە چاپە فەڕەنسیکەی لە 2009 دا دەرچووە، باس لەوەدەکات ئەو دەمەی “”مانیفێستی فەلسەفە””ی یەکەمی لە 1989 دا چاپکردووە حاڵەتی فەلسەفی لە فەڕەنسا لە حاڵەتێ هایدگەریانە Heideggerian دا بووە و، گەلێ فەیلەسوفی فەڕەنسی ئەو دەمە بەو حاڵەتەوە گلاون، لەوانە دێریدا، فیلیپ لاکۆ- لابارت Philippe Lacoue-Labarthe، ژاک – لۆک نانسی Jean-Luc Nancy، ئەڵبەتە لیوتار Lyotard یش (25). ئەم قۆناغە بادیو بە قۆناغێ چارەسەرنەکراوی کۆتای فەلسەفە لە فۆڕمی میتافیزیکی و کرانەوە بەڕووی هونەر، شیعر ، وێنەکێشان و شانۆ دا ناودەنێت (26). گەڕانەوەی تووندی بادیو لەم کارەشیدا(واتە، مانیفێستی فەلسەفە، 1989) بۆ ئەفڵاتوونیەت ئاماژەێ بووە بەمەبەستی سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی فەلسەفە. لێرە دەکرێ قسەلەوەش بکەین بادیو ئەمەی وەک هەوڵێک بۆ پاراستنی فەلسەفە یان دەربازکردنی فەلسەفە لە توانەوە و ئاوابوون کردووە. بادیو پێیشیوایە لێرەوە فەلسەفە ، دوای ئەو هەوڵە بۆ دەربازکردنی لە کۆتایبوون، کەوتەسەرپێیخۆی و لە سۆزی کۆتایهاتن ڕزگاریبوو و ، ئەمەش وەک چرکەێ دراماتیک لە مێژووی فەلسەفە دەبینێ. ئەڵبەتە ئەمەش قۆناغی سازدانی ڕاستی یان ڕاستیەکانی بەدووهات. بۆ ڕاستیەکان؟ چونکە بادیو چوار هەلومەرج (سیاسی، هونەری، بیرکاری و خۆشەویستی) دەکات بە بناغە بۆ بەرهەمهێنانی ڕاستی فەلسەفی. ئەمەشوایکردووە بادیو خۆیبخاتە حاڵەتێ لە دژە هەڵوەشانەوەگەریەوە (27) . ئاشکرایە بادیو لە نووسینی مانیفێستی یەکەم دا دژایەتیێ زۆری پۆستمۆدێرنەکان لە پێش هەمووشیانەوە دێریدا، لیوتار و ڤاتیمۆ دەکات و دێریداش بە “پرۆتاگۆراس” ی سەردەم ناودەبات کەچی لە کۆتای کتێبی مانیفێستی دووەمدا کە لە ساڵی 2009 دا چاپکراوە دانبەوەدادێنێ ئێستا حاڵەتەکە وەک جاران نەماوەتەوە. چونکە بادیو دەڵێت: دێریدا لەیەکتربینینێکدا پێیووتووم “”ئێمە ئەمڕۆ هەمان دووژمنمان هەیە””. بادیوش لەم دوا مانیفێستەیدا ئەوە نیشاندەدات ئەوی دێریدا ووتویەتی تەواو دروستە (28). ئەڵبەتە بادیو بەپێچەوانەی کتێبی مانیفێستی یەکەمەوە لەم مانیفێستە تازەیەدا بایەخ بە تێپەڕاندنی میتافیزیک یان کۆتای فەلسەفە بەجۆرە کراوە نادات بەڵکو بایەخ بە هەژاری دۆگماتیزم لەڕێگای فەلسەفەی شیکردنەوەیەوە، زانستی مەعریفی، مافی مرۆڤ، ئیدیلۆژیای دیموکراتیەت.
بەمجۆرەبێت پێویستە بزانین ئەنتی فەلسەفە ( یان ئەنتی فەیلەسوف) لەدیدی بادیو کێیە؟ و چیش دەگەێنێت؟ بەبۆچوونی بادیو ئەنتی فەلسەفە بریتیە لەوەی ئەنتی فەیلەسوف خودی فەلسەفە بۆ نەهیکردنی فەلسەفە بەکاردەبات. ئەنتی فەیلەسوف لەدیدی بادیو ئەو فەیلەسوفەیە توانای فەلسەفە لەگەڕان بەدووی ڕاستیدا لاوازدەکات. ئەمە وادەکات ئەمجۆرە فەیلەسوفانە ڕاستی بخەنە دەرەوەی فەلسەفەوە. یان فەلسەفە والێکەن توانای ئەوەی نەبێت شتێ لەبارەی ڕاستیەوە بلێت. شەڕی فەلسەفەش بۆ بادیو شەڕێکە لەپێناو بەرهەمهێنانی ڕاستی. ئەم ڕاستیەش لەڕێگای ئەو چوار هەلومەرجەوە پێکدێت کە بادیو بۆ سازدانی ڕاستی فەلسەفی بە بناغەی دەزانێت. هەرچی پێتەر هالواردە لەسەر شێوازی بادیو ئاماژە بەوەدەکات ئەنتی فەلسەفە بانگەشەکردنە بۆ نەووتراوئامێز، ماناێ ترانسندێنت، و ڕوونەکردنی فەلسەفە لە ڕاستی. بۆ ئەو مەبەستەش هالوارد باس لە یەکێ لە ئەنتی فەلسەفەکان دەکات کە لای بادیوش جێیباسە ئەویش پاسکالە. پاسکال Pascal پێیوایە ڕەتکردنەوە یان گاڵتەکردن بە فەلسەفە بۆئەوەیە ببیت بە فەیلەسوفێ ڕاستەقینە (29).  
بەپێی تێگەیشتنی پێتەر هالوارد پێشگری ئەنتی (دژ) Anti لوغزی تیانییە و ڕوخێنەریش نییە(30) هەرچی بادیوە وایدەبینێ فەلسەفە هێندەی شیاوە پێویستە بیر لە ئەنتی فەلسەفە بکاتەوە(31). ئەمەش ئەو سێرکردنە فەلسەفیەمان لای دروستدەکات دیاردەی ئەنتی فەلسەفە بۆ فەلسەفە پێویستە. واتە فەلسەفە کە بە تونێلی ئەنتی فەلسەفەدا تێدەپەڕێت خۆیپاکدەکاتەوە. بۆیشە بادیو ئەوە بە فەیلەسوفێ هاوچەرخ دەزانێت کە جورئەتبکات بەناو ئەنتی فەلسەفەی لاکان دا تێپەڕێت (32). کردەی ئەنتی فەلسەفە بۆ بادیو بریتیشە لەوەی لێگەرێین ئەوی دەیەوێت خۆی دەرخات لەو شوێنەی ئەوی دەردەکەوێت ناتوانێ شتێ بڵێت (33). بەڵام گشت ئەنتی فەلسەفەێک لە موڕالی تیۆلۆژی(لاهوتی) یان جوانکاری دا خۆیکورتدەکاتەوە (34). بۆیە ڕاستی ئەنتی فەلسەفی ڕاستیێ ئەپۆکالیپتیکە Apocalyptic یان میتامێژووییە(35). 
کەوابێت، بەکورتی ئەنتی فەلسەفە بریتییە لە دوژمنایەتیکردنی فەلسەفە(36). لێ بەقەولی بادیو لەگشت ئەنتی فەلسەفەێکی مۆدێرندا گەلێ ئامرازی سۆفیستی Sophistic هەیە (37) و، ڕەفتاری بادیوش لەتەک ئەنتی فەلسەفە دا لەخودیخۆیدا ڕەفتارە لەتەک کردەی فەلسەفیدا (38). بەپێیئەوەی لاکان فەلسەفە وەک فۆڕمێ لە پسیکۆس Psychosis (تێکچوونی زەینی یان عەقلی) دەبینێ (39 ) ئەمە بۆ ئێمە ئەوە دەگەێنێت کردەی فەلسەفی کردەێ نەخۆشە. واتە ئێمە فەلسەفەدەکەین چونکە نەخۆشین و لەئاکامی پێوەبوونی نەخۆشیێکی ڕەوانیەوە کردەی فەلسەفی خۆمان بنیاتدەنێین. ئەم تێگەیشتنە لاکانیە بۆ فەلسەفە  تێگەیشتنێ پسیکۆلۆژیە و بەنێو بەشێ لە بیرمەندانی ڕۆژئاواشا بڵاوبۆتەوە ، بۆنموونە یەکێ لە موریدەکانی لاکان کە سڵاڤۆی ژیژکە بەم دەردەوە گلاوە. بۆیە، هەروەک لایسەرەوەش ئاماژەمانپێدا، بادیو سڵاڤۆی ژیژکیش بە ئەنتی فەلسەفە دەزانێت (40). لەگەڵ گەلێ جیاوازی لەنێوان بادیو و ژیژکیش دا لێ پاش چاپبوونی کتێبی”” ئەنتی فەلسەفەی ڤیتگنشتاین “” ی بادیو سڵاڤۆی ژیژک تەعلیقی لەسەر ئەو کتێبە بەمجۆرەبووە :” فیگۆرێ لە جۆری ئەفڵاتوون یان هیگڵ لەناومانا دەخولێتەوە”.
بۆ پتر ڕوونکردنەوەی ئەو چەند دێڕەی لایسەرەوە بەباشی دەزانین بپرسین: ئایا فەلسەفە شتێ نا-هزرە؟ گەر بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە و لەسنووری گفتووگۆکانمان لەسەر ئەنتی فەلسەفەی ڤیتگنشتاین بگەڕێینەوە سەر نووسینی “”تراکتاتۆس “” دەڵێین: فەلسەفە لە تراکتاتۆس دا و بەپێی تێگەیشتنی ڤیتگنشتاین نا- هزرێ نەخۆش و تێکشاوە چونکە نوێنەرایەتی بێمانای دەکات (41). لێ لەو جیاوازیەی ڤیتگنشتاین لەنێوان مانا و بێمانای دەیکات فەلسەفە دەکەوێتە بەری بێمانایەوە و ئەمەش بادیوی بێئەندازە قەڵسکردووە. هەرلەبەرئەوە فەلسەفە و بێمانای  Nonsense لە “”تراکتاتۆس”” دا یەکدەگرنەوە. بەڵام جەغتی بادیو لەسەرئەوەی فەلسەفە شتێ تیۆری نییە بەڵکو کردەیە (42) ئەمە ئەوەشی تیابەدیدەکەین ئەم کردەیە شتێ هزرییە. ئەوەی لێرە بادیو لە ڤیتگنشتاین جیادەکاتەوە ئەوەیە بۆ بادیو فەلسەفە هزرە هەرچی ڤیتگنشتاینیشە پێیوایە فەلسەفە شتێ نا-هزریە و بادیویانەش لێرە بدوێین دەڵێین فەلسەفە لای ڤیتگنشتاین کردەێکە لە ئاخاوتنی نا-تیۆری (43). هەرلێرەدا و تایبەت بەم لایەنە بێبەها نییە ئەوەش بیرخەینەوە فەلسەفە لای ڤیتگنشتاین لە “”تراکتاتۆس””دا بریتیە لە چالاکی نەوەک جەستەی دۆکترین (44) هەرچی بادیووە وایبۆدەچێت فەلسەفە کردەیە لێ ئەم کردەیە لای ڤیتگنشتاین چالاکیە. واتە واتای فەلسەفە بەپێی ڤیتگنشتاین چالاکییە نەک شتێ هزری.
گرینگە لێرە ئەوەش باسکەین، بەپێی سێرکردنی ئالان بادیو ئەنتی فەیلەسوف فەیلەسوفێکی سۆفیستە  Sophist(45). بادیو دەیەوێت ئەو بینینە فەلسەفیەشمان لادروستدەکات بۆ سۆفیستەکان ئەوە گرینگە نیە ڕاستیمان بۆ ئاشکراکەن بەڵکو ئەوی بۆ ئەوان زۆر مەرجە سەرنجیبخەنەسەر ئەوەیە ئەوی ئەوان دەخوازن بیڵێن باوەڕئامێزە و ئەوی دەشووترێت دەکرێ بووترێت. بەقەولی بادیو زمان هەمان ئەو وەزیفەیەی بۆ سۆفیستەکان هەیە کە کڵیسە بۆ بیرمەندانی سەدەکانی ناوەڕاست یان خود بۆ ڕۆشنگەریی هەیبووە (46). ئەوی بۆ بادیو لێرە شوێنی تێڕامانە ئەوەیە کە سۆفیستەکان بەئامانجەوە هێرشدەکەنەسەر مانای فەلسەفە (47).
ئەڵبەتە ئێمە لەژێرکاریگەری ئەم تێزە فەلسەفیەی بادیو دەشمانەوێت بپرسین ئایا سۆفیستەکان بۆ فەلسەفە پێویستبوونە؟ گەر سۆفیستەکان بۆ فەلسەفە پێویستیش نەبووبێتن خۆ سۆفیستەکان وایان لە فەلسەفە کرد زۆرتر بەتەنگ ڕاستیەوەبێت. هەروەها فەلسەفە لەپاش سۆفیستەکان بەولاوە کاریخۆیلەسەر ڕاستیکرد تا هێزی شارەوەی ڕاستی ئاشکراکات. ئەوەتا سەرچاوەکانی ڕاستی لای بادیو بریتین لە سیاسەت، خۆشەویستی، بیرکاری و شیعر. واتە خودی گەڕانەوەی زۆری بادیو بۆ سەر ڕاستی و ئەمجار داکۆکیشی لە واتای فەلسەفە لەگەڵ یەکەم کارە مەزنەکەی””بوون و ڕووداو””،1988، هەوڵێکبووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ نەوەی خۆی، لەگەڵ ئەوانەی ڕاستی مرێنبوون (بکوژبوون). ئەو دەمەی بادیو “”بوون و ڕووداو””ی نووسی پاریس بە نیچەگەرا و پاش بنەماخواز و ئەنتی مۆدێرنەکان گەمارۆدرابوو. بۆیە قسەی بادیو لەبارەی ئەنتی فەلسەفە و سۆفیستەکان و کاریگەری وانیش بەسەر واتای ڕاستی، خود و بوونەوە مانای خۆی هەیە. بێماناش نییە بادیو لەو باوەڕەدایە سۆفیستە مۆدێرنەکان (دێریدا: ڤاتیمۆ، لیوتار) جیاوازی فەلسەفی نێوان ڕاستی و هەڵە بە جیاوازی نێوان قسەکردن و بێدەنگی بەلەجیاتیدەکەن.
پێویستە لێرە ئاماژە بەوەش بکەین ئەو نووسینەی بادیو لەسەر “”ئەنتی فەلسەفەی ڤیتگنشتاین”” ئەو گفتووگۆ فەلسەفییەشمان بیردەخاتەوە ئەفڵاتوون لە دیالۆگە ناسراوەکانی بە پرۆتاگۆراس  Protagoras ، سۆفیست  Sophist ، گۆرگیاس  Gorgias تایبەت بە سۆفیستەکان بناغەی بۆ قسەکردن لەبارەیانەوە لەناو فەلسەفەی ڕۆژئاوا سازاندووە. گومانیشی ناوێت، ئەفڵاتوون بە ڕەخنەکانی لە سۆفیستەکان جەوهەریانی لە سەردەمی خۆشیدا ئاشکراکردوە. بۆیە هەڵەناکەین بڵێین، گەر فەلسەفە ئامۆژگاریە فەلسەفیەکانی ئەفڵاتوون تایبەت بە سۆفیستەکان لەبەرچاوبگرێت پێمانوایە لەسەردەمی ئێستادا بادیو لەوبارەیەوە پشکی شێری بەردەکەوێت سەبارەت بەوەی تایبەت بە “سۆفیستە مودێرنە مەزنەکان” ووتوویەتی، جا ئەوە نیچە و ڤیتگنشتاین بێت یان دێریدا و ڤاتیمۆ  و ڕۆرتی. 
بۆئەوەی گفتووگۆکەمان تایبەت بە ئەنتی فەلسەفەی ڤیتگنشتاین ڕەوتێ دیار وەرگرێت تاوێک لەسەر نەرێتی فەلسەفی سەفسەتەگەری Sophistry  دەوەستین و ناواخنی دەخەینە ژێرپرسیارەوە. بۆئەو مەبەستەش لەو پرسیارەوە دەستپێدەکەین سۆفیستەکان (سەفسەتەگەراکان) کیێن؟ سۆفیستەکان لە یۆنانی کۆن لە کۆتای سەدەی شەشدا و لە سەرەتای سەدەی پێنج دا لەگەڵ کەوتنی دەسەڵاتی ئۆلیگارشیەکان (حوکمی کەمیینە) ڕوویان لەدەرکەوتن کرد و بیرمەندانی ئەم ئاڕاستە هزریە خۆیان وەک نوێنەری گەل نیشاندەدا. بۆیە پاش داکەوتنی دەسەڵاتی ئۆلیگارشیەکان دەسەڵاتی گەل (بەواتا یۆنانیەکەی دیموکراتیەت یان حوکمی زۆرینە) سەریدەرهێنا و ئەمەش شیاوی لەبەردەم گەشەی بیری سۆفیستەکانا کردەوە. بەواتاێتر، سۆفیستەکان ئەو مامۆستا هزرەڤانانەبوون لاوانی یۆنانی کۆنیان لەسەر بەدەستهێنانی دانای ڕادەهێنا و گەلێ لە بیرمەندانی ئەم ئاڕاستە فەلسەفیە خۆیان وەک مامۆستای بیری لاوانی شار نیشاندەدا. کەوابێت، سۆفیستەکان بیریارەکانی دەمووەختی دروستبوونی دەسەڵاتی گەل بوون هەرلەبەرئەوە پشتگیریێ زۆریان لە ڕەووشتی ئازاد دەکرد و، پیاوانی دەوڵەتیشیان لەسەر هونەری ڕەوانبێژی ڕادەهێنا. سۆفیستەکان ئەمەیان بۆیەدەکرد چونکە لەناو خەڵکدا خۆیان بە حەکیم دەناساند. بەواتاێ ڕوونتر، کەسی سۆفیست (سەفسەتەگەرا) ئەو کەسەیە خۆی بە حەکیم wise دەزانێت. ئەم کەسە بە زمانی خۆی بەخۆی دەڵێت: من حەکیمم  I am wise. خۆ بە حەکیمزانین ئەمە پیشەی سەفسەتەگەراکانی یۆنانی کۆن بووە. بەمجۆرە، سۆفیستەکان وەکیتر مامۆستاکانی حیکمەتیشیان پێدەووترا.چونکە کاری سۆفیستەکان لەدەمووەختی دەرکەوتنیان ئەوەبوو چۆن لاوان، هاوڵاتیان، لەسەرئەوەڕابێنن باوەڕبەخۆبن و داکۆکی لە مافەکانیان بکەن. ئەم مامۆستایانە لەکاتێکا دەرکەوتن شارە یۆنانیەکان هەنگاویان بەرەو ژیانێ سیاسی تازە، ژیانێ سیاسی دیموکراتیانە، دەبرد.
سۆفیستەکان ،کە بە مامۆستاکانی دانای سەردەمی پێش سوکرات ناسراون، ئارەزووی ووتنەوەی ڕەوانبێژی و هونەری وتارسازییان (گفتووگۆ) دەکرد و، لاوانی شاریان لەدەوروخولی خۆیانا کۆدەکردەوە تا زانینیان بە پارە پێبلێنەوە، بەس ئەو زانینەی سۆفیستەکان بە لاوانیان دەووتەوە لە هونەری لۆژیک و بیرکاری (ڕیازیات)ەوە دووربوو و لێوانلێویشبوو لە ڕەوانبێژی. ئەو لاوانەش سۆفیستەکان بە وانە و زانینەکانیان پەروەردەیانیاندەکردن دواتر ئەمانە دەبوون بە کارمەندانی ئەو دەسەڵاتە نوێیە سیاسیەی ئەوکاتە لە یۆنانی کۆندا لەسەرەتای پێکهێنانیدابوو. سەمەرەیی سۆفیستەکان لەوەدابوو خۆیان وەک پیاوانی دانای لە کۆمەڵگە دەبینینەوە و پێیانیشوابوو دانای wisdom تەنێ لای ئەوانە و هەرئەمانیش وەڵامی گشت پرسیارەکانیان لایە. بەس ووردە ووردە ناوەڕۆکی کاری هزری ئەم مامۆستا سۆفیستانە گۆڕانیهاتەسەر و ئەوەش لەبەرئەوەی سۆفیستەکان فەلسەفەیانکرد بەپیشە و بە ڕێگاێک بۆ نان پەیداکردن و تێکدانی مانای ڕاستی یان بایەخنەدان بە ڕاستی و دوورکەوتنەوە لە ئەسڵی شتەکان و دروستکردنی پێچوپەنای ڕەوانبێژی بۆ خەڵەتاندنی بەرامبەرەکانیان. ئەڵبەتە ئەم مامۆستا هزریە سۆفیستانە هیچکات  دروستنەدەبوون گەر ئازادی لە شارەکانی یۆنانی کۆن دا بەرکەماڵ نەبایە. بۆیە هەقایەتی فەلسەفی سۆفیستەکان ئەوەشمان بیردەخاتەوە کەسی سۆفیست (سەفسەتەگەر) فەلسەفە بۆ خەڵەتاندنی ئەویتر بەکاردەبات. هەروەها فەلسەفەی سۆفیستەکان تێکەڵێکە لە ڕەوانبێژی و ووتنێ درێژدادڕانە کە لەڕێگای ئەو شێوە ووتنەوە کاریاندەکردە سەر گوێگرەکانیان.
پرۆتاگۆراس   Protagoras (48)کە گەورەترین بیرمەندی سۆفیستەکان بوو بەو گوزارەیە ناسراوە کە دەیووت: مرۆڤ پێوانەی گشت شتێکە homo mensura-satsen. هەروەها بەهاکان لە تێگەیشتنی پرۆتاگۆراس دا ڕێژەین و بەپێی تێگەیشتنی مرۆڤەکانیش ئەم بەهایانە گۆڕانیان دێتەسەر. ئەم گوزارەیەی پرۆتاگۆراس ئەوەشدەگەێنێت زانینەکانمان گۆڕانی بەردەوامیان دێتەسەر و وەک خۆیان نامێننەوە. دەرکی مرۆڤ تەنیا و تەنیا ئەو دەمە ڕاستە کە مرۆڤ ئەو دەرکە دەژێ، جا ئەو دەرکە چ بۆ خۆی بێت و چش بۆ ئەوکەسەی لەو چرکەیەدا ئەو دەرکە دەژی. گەیشتن بە زانینیش تەنێ بەهۆی هەستەکانەوە دێتەدی، بەس ئەم زانینە گۆڕانی دێتەسەر چونکە گۆڕان دێتەسەر هەستەکانمان (پرۆتاگۆراس). ئەمە ئەوە دەگەێنێت ئەوی بۆ من زانینە بۆ تۆ زانین نییە. زانینەکان هەمان شت نالێن بۆ هەردوولامان. زانینەکان گۆڕانیان دێتەسەر بۆیە زانینەکانمان ڕەها نیین. ئەوی بۆ تۆ ڕاستە بۆ من هەڵەیە و بەپچەوانەشەوە (49). هەرچی گۆرگیاس بوو، کە یەکێبوو لە بیرمەندەکانی سەفسەتەگەری، پێیوابوو ئەو وشەیەی دەیزانین تاک مانا نییە و بۆ هەر مرۆڤێک ماناێ دەبەخشێ. واتە وشەکان مانابەخشیێ زۆریان تیایە و لە مرۆڤێکیشەوە بۆ ئەویتر ماناکان گۆڕانیان دێتەسەر.
گشت ئەوی ووتراش لەدیدی سۆفیستەکانەوە دوو شت دەکرێ بگەێنێت یەکەم ئەوەی کە زانینیمان لەسەر جیهانی دەرەوە نییە و دووەمیشیان ئەوەی کە زانین ڕێژەییە (پرۆتاگۆراس). ئەوەشمان بیرنەچێت پرۆتاگۆراس ئەگەرچی بەرچاوترین بیرمەندی سۆفیستەکان بوو بەس باوەڕیشی بە خواکان یۆنانی کۆن نەبوو کە ئازیزترین شتی یۆنانیەکان بوو لەو دەمەدا بۆیە کتێبەکانیان سووتاند.
سەرباری ئەوی لایسەرەوە ووترا، بابەتی ئیتیک یەکێکە لەو بابەتە سەمەرانەی سۆفیستەکان خۆیان پێوە سەرقاڵدەکرد. بەپێیئەوەی سۆفیستەکان خۆیان بە مامۆستاکانی کۆمەڵگە دەزانی لەدەموەختی دەرکەوتنی دەسەڵاتی گەل دا ویستویان کار بۆ بڵاوکردنەوەی ئاکار و ڕەووشت بکەن، بەس سۆفیستەکان ئەمەیان بەوجۆرە دەکرد کە خۆیان باوەڕیان پێبوو. بۆ سۆفیستەکان مرۆڤ پێوانەی گشت شتەکانە ئەمەش وادەکات مرۆڤ ببێ بە شتێ سەرووی هەموو شتەکانی تربێت. یان مرۆڤ بۆئەوەی بیەوێت بە شتێ بگات، واتە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی دەکارێ گشت ڕێگاێبگرێتەبەر یان گشت ڕێگاێک مەسموحە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان. ئێمە پێمانوایە لێرەوە مەهزەلەی سۆفیستەکان دەستپێدەکات و ناوەڕۆکی ئەو ئیتیکەش ئاشکرادەبێ سەفسەتەگەری ویستی لەناو لاوانا بڵاویکاتەوە.
یەک لەو لایەنانەش سۆفیستەکان دەیانویست خەڵکی لەسەرڕابێنن ئەوەبوو کە خەڵکیان فێری داکۆکی دەکرد و توانای قسەزانییان تیادروستدەکردن. گشت ئەو وانانەش کە بە پارە لەسەر سیاسەت و ڕەووشت دەیانووتەوە ئامانجلێی ئەوەبوو چۆن گوێگرەکانیان فێریئەوەکەن بتوانن قسەبکەن و بەڵگەش بۆ قسەکانیان بهێننەوە.
لەبەرئەوەی سۆفیستەکان ئەهلی لۆژیک و ڕاڤەکردن نەبوون، ڕاڤەکردن لای ئەوان بۆ گەڕان نەبوو بەدووی ڕاستی دا هەربۆیشە یاریکردن بە زمان و بەوی گۆدەکرێت و یان دەووترێت ڕێگاێبوو لەبەردەم سۆفیستەکانا بۆ گەیشتن بە زانین و ڕوونکردنەوەی ڕاستی. بەمجۆرە، سۆفیستەکان ڕێگای فێڵاویان بۆ باوەڕ دروستکردن لەویتر بەوی دەیانووت دروستدەکرد. سۆفیستەکان سۆزی ئەویتریان بەکاردەبرد تا ئەوی دەیانووت بیسەپێنن بەسەر گوێگرەکانیانا. ئامانجیشان لەوە ئەوەبوو والە خەڵک بکەن باوەڕیانپێبکەن و داواشیان لە خەڵک ئەوەبوو باوەڕ بەوەبکەن کە دەووترێت. بۆئەو مەبەستەش سۆفیست فێڵ و تەڵەکەبازی بەکاردەبات تا گوێگرەکەی بێدەنگکات. بەواتاێتر، سۆفیستەکان شێوازی وتارسازی و گفتووگۆکردنیان بەجۆرە ڕەوانبێژیێ گرێدەدایەوە سەر لە گوێگرەکانیان تێکدەن تا بەدووی ڕاستیدا نەگەڕێن و یان ئامانجیان گەڕان نەبێت بەدووی ڕاستی و قەناعەت بەوە بێنن گوێیان لێدەبێت. ئەڵبەتە سۆفیستەکان ئامادەشن گوزارەی ئالۆز و گومڕا بەکاربەرن تا سەر لە گوێگرەکانیان تێگدەن. زۆرجاریش کە دەووترێت فڵانە کەس فێڵبازە واتە ئەو کەسە فێل بەکاردەبات تا قەناعەت بەویتر بێنێ باوەڕێپێکات. سەرباری ئەوی لایسەرەوە سەبارەت بە بیرکردنەوەی فەلسەفی یان شێوازی فەلسەفەکردنی سۆفیستەکان ووتمان پێویستە خۆمان لەو هەقیقەتەش بەدوورنەگرین کە گەڕان بەدووی شوێنی سۆفیستەکان لە فەلسەفەی ڕۆژئاوا ،و ئەڵبەتە دیاریکردنی ڕۆلیشیان لەناو کولتووری یۆنانی کۆنیشدا، کارێ ئاسان نییە (50).
ئێستا دێینەسەرئەوەی بۆ ڤیتگنشتاین ئەنتی فەلسەفەیە؟ چۆنیش فەیلەسوف دەبێ بە ئەنتی فەلسەفە یاخودیش ئەنتی فەیلەسوف؟ ڤیتگنشتاین بەپێی تێگەیشتنی بادیو لە “”تراکتاتۆس”” دا سۆفییانەیە(میستیک). هەروەها بۆ بادیو سۆفیستە هاوچەرخەکان ئەو جۆرە سۆفیستانەن لەسەر ڕەوتی ڤیتگنشتاین دەڕۆن. ئەم جۆرە سۆفیستانە لەڕێگای وتار و  یاریزمان و چرکەی بێدەنگیەوە کارلەسەر هزر دەکەن(51). بۆ سۆفیستەکان ڕاستی مانای نییە ئەوی مانای هەیە یاریزمان و وتارسازییە. بادیو کە باس لە زمانی ڤیتگنشتاین دەکات باس لەو مۆنتاژەش دەکات (52) لەڕێگای بەژمارەکردنی بۆچوونەکانی “”تراکتاتۆس””ەوە ڤیتگنشتاین دیدی ئەنتی فەلسەفی خۆی دەگەێنێت. بەس ئێمە دەبینین ڤیتگنشتاین لە “”تراکتاتۆس””دا داکۆکی لە بێدەنگبوون دەکات ئەمەش ئەو دەمەی شتێک نییە بۆ ووتن هەروەها داکۆکی لە سنووردارکردنی زمان و ماناش لە بەکاربردندا دەکات. ئەم دوو لایەنە بۆ بادیو وەک خۆی هەرسنابێت، چونکە ئەمە بۆ بادیو ئەوە دەگەێنێت لۆژیک بۆ ڕەوانبێژی کورتدەکرێتەوە و ڕاستیش دەبێت بە یاریزمان و جۆرە ئەفۆریستیێ  Aphoristic تایبەت.  لەهەمانکاتدا بادیو ئەوەش وەک خۆی هەرس ناکات کە ڤیتگنشتاین لە “”تراکتاتۆس””دا تایبەت بە نەووتراوئامێز باسیدەکات. چونکە بۆ ڤیتگنشتاین ئەو شتە پێویستە بووترێت کە وتراوئامێزبێت. ئەو شتەش بەدڵنیایەوە هزرئامێزە. واتە شتی وتراوئامێز شتێ هزرئامێزە ئەگەرنا ئەوا پێویستە بێدەنگی باڵ بەسەر ووتندا بکێشێ. کێشەکەی ڤیتگنشتاین هەر ووتنی ووتراوئامێز نییە بەڵکو ئەوەشە کە دەربڕینە زمانەوانیەکان لە دیدی “”تراکتاتۆس”” ئەو دەمە ڕاستن نوێنەرایەتی بابەت، یان فاکتە، دەکەن. بۆیە بادیو دونیایێک ڕەخنەی ئەو دێڕەی ڤیتگنشتاین دەکات کە بەمجۆرەیە: ئەوی ناتوانین بیڵێین پێویستە بێدەنگی هەڵبژێرین. بۆ بادیو ئەو گوزارەیە پڕە لە یاریزمان و ئەفۆریستی. گوایە ئەو لۆژیکەی ئەم گوزارەیە لەخۆیدا کۆیکردۆتەوە یان ئەو لۆژیکەی ڤیتگنشتاین لەم گوزارەیەدا بەکاریدەبات خۆی لە ڕەوانبێژی دا چڕکردۆتەوە. ئەمەو گوزارەی ناوبراو ڕاستیشی بۆ یاری زمان و فەلسەفەشی بۆ شێوەێک لە ئەفۆریستی سەمەرەئامێز کورتکردۆتەوە. هەروەها لەڕێگای ئەم کتێبەوە (واتە، ئەنتی فەلسەفەی ڤیتگنشتاین) بادیو جیاوازی لەنێوان سۆفیست و ئەنتی فەیلەسوفیش دەکات (53). جیاوازی نێوان ئەم دوانەش(واتە، سۆفیست و ئەنتی فەیلەسوف) لە هزری بادیو دا خۆی لە مەسەلەی بوون و نەبوونی بیرۆکەی ڕاستی دا کورتدەکاتەوە. ئەوی یەکەم (سۆفیست) ڕاستی بەلاوە گرینگ نییە هەرچی ئەوی دووەمە(ئەنتی فەلسەفە) ڕاستی بەلاوە گرینگە. پەرچەکرداری ئەنتی فەلسەفە کردەێ فەلسەفیە و وامانلێدەکات لە ڕاستی ڕامانکەین هەرچی پەرچەکرداری سۆفیستە کردەێ فەلسەفی نیە و ڕاستی نابینێ. ئەمەش جیاکارەی دەخاتە نێوان ڤیتگنشتاینی لاو، ڤیتگنشتاینی ناو “”تراکتاتۆس””،و  ڤیتگنشتاینی دواترەوە، ڤیتگنشتاینی ناو “”توێژینەوە فەلسەفیەکان””،.
بەواتاێتر، بادیو ڤیتگنشتاینی ناو “”تراکتاتۆس””، واتە ڤیتگنشتاینی لاو، بە ئەنتی فەلسەفە دەزانێت و هەرچی ڤیتگنشتاینی دواترە بە سۆفیست دەناسێنێ. بۆیە بادیو بەرامبەر بە ئەنتی فەلسەفەیەتی ڤیتگنشتاین لە “”تراکاتاتۆس”” دا داکۆکی لە فەلسەفە دەکات. لێ داکۆکی بادیو لە فەلسەفە داکۆکیەتی لە واتای ڕاستی. ئەو واتایەی بادیو لە گەلێ لە نووسینە فەلسەفیەکانیا دژ بە دوژمنانی واتای ڕاستی پشتگیریدەکا. بادیو ئەمەشی بەکراوەی لە کتێبی “”مانیفێستی فەلسەفە””دا، ساڵی چاپ 1989، کردووە. هەروەها لەکارەکانی پاشتریشی، ئەڵبەتە لە لێدوان و سمینارەکانیشی. لە خودیخۆیشدا ، ڕاستی لای بادیو ڕاستیێ گەردوناویە و قابیلە بە داکۆکیکردن. بۆیە بادیو لەگەلێ لە کارە فەلسەفیەکانیدا جا چ کارە گەورەناسراوەکەی بێت “”بوون و ڕووداو”” یان ئەوانیتری(مانفێستی فەلسەفە، ئیتیک، لۆژیکی جیهان،…و  ) بەرامبەربە بێبەهاکردنی ڕاستی بیرمەندە فەڕەنسی و ئیتالی و ئەڵمانیە پۆستمۆدێرنەکان بابەتی ڕاستی دێنێتەوەسەر خوانی گفتووگۆ و، ئەڵبەتە لەڕێگای ئەوەشەوە سەرلەنوێ پێناسەی واتای فەلسەفەش دەکات. لێ هەولومەرجەکانی بەرهەمهێنانی ڕاستی(ڕاستیەکان) لای بادیو گۆڕەپانی گفتووگۆ فەلسەفیەکانی مانفێستی فەلسەفی یەکەمی داگیرکردووە. ئەم شێوە ووتنانەش لەسەر ڕاستی لەژێرکاریگەری بیرمەندانی پۆست مۆدێرن هۆکارێبوو بۆ سەرهەڵدانی تێمای کۆتای ڕاستی و، لەناواخنیشدا هەنگاوێک بووە بۆ قسەکردن لە مەرگی یان کۆتای فەلسەفە.
پێشئەوەی بێینە سەر تێمای کۆتای فەلسەفە و “”تراکتاتۆس”” ئاماژە بەوەدەکەین، نابێ ئەوەمان بیرچێت ڤیتگنشتاین ئەنتی ئەفڵاتوونیە و بەگشتیشی ئەنتی فەلسەفەی کلاسیکە و بادیوش لەلایەن خۆیەوە یەکێکە لە داکۆکیکەرەکان لە فەلسەفەی ئەفڵاتوون و واتای ڕاستی لە بواری فەلسەفەکردندا. بۆیە کاتێ قسەدێتەسەر بادیو و ڤیتگنشتاین پێویستە ئەوە لەبەرچاوبگرین کە ئێمە خۆمان لەنێوان دوو تەوژمی فەلسەفی جیادا دەبینینەوە. بادیو لەلاێ داکۆکی لە مانەوەی فەلسەفە دەکا و لەلاێتریش لە واتای ڕاستی، ڕاستی فەلسەفی. هەروەها بادیو داکۆکیکەریشە لە نەرێتی فەلسەفەی کلاسیک و شیکەرەوەی فەلسەفەی  ئەفڵاتوونیشە و دوا بەرهەمیشی بە کۆمارەکەی ئەفڵاتوون تایبەتە (کۆماری ئەفڵاتوون 2012). بەواتاێتر، بادیو لەڕێگای هێرشکردنە سەر ئەنتی فەلسەفەی ڤیتگنشتاین سەرلەنوێ گفتووگۆی تێزە فەلسەفیەکەی خۆی لەمەڕ ڕاستی یان هەلومەرجەکانی فەلسەفە دەکات کە ماناشیان لەبەرهەمهێنانی ڕاستی فەلسەفی هەیە. کە ئەوەش دیسانەوە دەمانباتەوە ناو بابەتی زیندووکردنەوەی فەلسەفە و بەگژاچوونەوەی تێمای مەرگی فەلسەفە. خەسڵەتێ تریش کە لە بادیو دا دەیبینینەوە و لە فەیلەسوفە کۆنتنێنتالە فەڕەنسیەکانا دەگمەنە ئەوەیە بادیو وەک فەیلەسوفێ کۆنتنێتالی هاوچەرخی فەڕەنسی پێیێکی لەناو گفتووگۆ فەلسەفیەکانی فەلسەفەی شیکردنەوەیشدایە. ئەڵبەتە بەهۆی ئەوەی بادیو ماتماتیک (ڕیازیات، بیرکاری) دەکات بە یەکێ لە بناغەکانی دروستبوونی فەلسەفە و قسەی خۆشی لە لۆژیک هەیە دەتوانین بڵێین لەچاو نەوەی خۆی لە بیرمەندانی نەرێتی فەلسەفەی شیکردنەوەیەوە دوور نیە.
بادیو تەماشاکردنی بۆ ماتماتیک تەماشکردنێ هزرانەیە. ماتیماتیک لە دیدی بادیو هزرە. ماتماتیک ئۆنتۆلۆژییە. یان زمانی بوون زمانێ ماتماتیکیە. جا بادیو لەژێر کاریگەری بیری ماتماتیکی پۆل کۆهن Paul Cohen دایە. ئەمەش وایلێدەکات لە فڕەیەتی فۆڕمالیزمی ماتماتیکیانەی ڕاستیەکان بکۆلێتەوە. وەکیترریش بادیو لە فەلسەفە ماتماتیکی و لۆژیکیەکەیدا جگەلە کۆهن لە گفتوگۆی بەردەوامدایە لەتەک گەلێ بیرکاری تریش لەوانە: کانتور Cantor ، کورت گۆدێل Kurt Gödel ، زێرمێلۆ Zermelo و فراینکل Fraenkel(54). بۆیە بادیو لەو توێژینەوەیەیدا تایبەت بە ئەنتی فەلسەفەی ڤیتگنشتاین داکۆکی لە ماتماتیک دەکات بەرامبەر بەو ئیحتیقارەی ماتماتیک بەبۆچوونی بادیو لە “”تراکتاتۆس”” دا دووچاریبۆتەوە. بادیو پێیوایە ڤیتگنشتاین لە “”تراکتاتۆس””دا ئیحتیقاری ماتیماتیک دەکات و ئەنترۆپۆلۆژیزەی ماتماتیکیش دەکات (55). بادیو باس لەو فەیلەسوفانە دەکات ئیحتیقاری ماتماتیکیان کردووە و پێیوایە نیچە هیچی لەبارەی ماتماتیکەوە نەزانیووە و ڤیتگنشتاین لە تراکتاتۆس دەخاتە ڕیزی ئەو فەیلەسوفانەوە (56). بادیو ئەیەوێت ئەوەشمان پێبلێت کە فەلسەفە ( هیچ فەلسەفەێک) ناتوانێت پشت لە ماتماتیک بکات (57). ئێمە تەواو لەگەڵ قسەکانی بادیو داین سەبارەت چ بە هزربوونی ماتماتیک و چش بە بێئاگای نیچە لە ماتماتیک وەلێ ئەوەی بە ڤیتگنشتاینەوە تایبەتە سەد دەر سەد بەوشێوە نییە کە بادیو باسیلێوەدەکات. چونکە ئەو لۆژیکەی ڤیتگنشتاین لە “”تراکتاتۆس””دا وەگەڕیخستووە فرێگە Frege ییە و ئەمەو جگەلە کاریگەریەکانی ڕاسێل بەسەر ڤیتگنشتاینەوە  لە “”تراکتاتۆس”” دا.
لێ ئەوی تایبەت بەلایەنی تێمای کۆتای فەلسەفە و “”تراکتاتۆس”” دەیڵێین، نکوڵیناوێت کتێبی””تراکتاتۆس”” گفتووگۆی کۆتای فەلسەفەی لەناو بیرمەندانی ڕۆژئاوا بەهەردوو نەرێتەکەیەوە ووروژاندووە. بۆیە وایبۆدەچین تێمای کۆتای فەلسەفە لەگەڵ تێمای ئەنتی فەلسەفەدا یەکدەگرێتەوە. ئەو بیرمەندانەی بابەتی کۆتای فەلسەفەیان پەسەندکردووە بەجۆرێ لەجۆرەکان سەر بە نەرێتی ئەنتی فەلسەفەن. ئێمە پێشمانوایە هەمیشە تێمای کۆتای فەلسەفە توێژەرەوان بەشێوەێک لە شێوەکان مەجبووردەکات بۆئەو لایەنە بگەڕێنەوە کە چۆن فەلسەفە لە یۆنانی کۆنەوە و لە پێش سوکرات و پاش سوکراتەوە تائێستا ڕەفتاری لەتەکا کراوە. گومانیشیناوێت، چۆنیەتی ڕەفتارکردنی فەیلەسوفان لەگەڵ فەلسەفە مانای خۆی بۆ ئەو کۆتایپێهێنانە هەیە هەندێ لە فەیلەسوفان لەئێستادا گرینگیپێدەدەن. برونو بوستێلس Bruno Bosteels ئاماژەبەوە دەکات بابەتی کۆتای فەلسەفە لای لاکان وروژێنراوە، ئەڵبەتە مارکسیش ئەم لایەنەی وروژاندووە. ئەمەو ئەم باسە لە “”تراکتاتۆس “”یشدا دەستکاریکراوە. لێرەشەوە گفتووگۆی بادیو تایبەت بە ئەنتی فەلسەفەی ڤیتگنشتاین دەستپێدەکات(58). لێ ئەوی لێرە مەرجە سەرنجێ زۆری بخرێتەسەر ئەوەیە،  فەلسەفە لە “”تراکتاتۆس””دا خۆی وەک میتافیزیک نیشاندەدات و ئەنتی فەلسەفەبوونی ڤیتگنشتاین واتە ئەنتی میتافیزیکیبوون. بۆیە ئەنتی میتافیزیکبوون لەگەڵ ئەنتی فەلسەفەدا یەکدەگرنەوە. بۆ خوێنەرانی “”تراکتاتۆس””یش ڕوونە میتافیزیک بۆ ڤیتگنشتاین بێمانایە. بەپێیئەمەبێت گوزارە میتافیزیکیەکان گوزارەگەلێ بێمانان. فەلسەفەش کە ئەلتەرنەتیڤی میتافیزیکە بۆ “”تراکتاتۆس”” بێ بەهایە.
ئامانجی ڤیتگنشتاین لە تراکتاتۆس بۆ بەیانکردنی ئەوەبووە کە، دەربڕینی فەلسەفە بۆئەوە نییە وەڵامی پرسیارە بەهادارە ڕاستەقینەکان بداتەوە. چونکە ڤیتگنشتاین کردنی ئەو شتە بەشتێ پووچ و بێمانا دەزانێت. فەلسەفە دەستکاری پرسیارەکانی ژیان ناکات (59). بۆ هالوارد ئەمە ئەوە دەگەێنێت، گەر مانای ژیان بەواتاێتر بریتیبێت لە مانای جیهان ئەمە دەکرێ ناونرێت یەزدان و فەلسەفەش پێویستە ئەوە پەسەندکات کە یەزدان لە جیهانا دەتوانێت خۆیخۆی ئاشکراکات (60).
لە کۆتایشدا دەخوازین بڵێین: بۆ ئێمە ئەوە پرسیارێ زێدە بە بەهایە ئایا ئەو لێکدانەوانەی ئەمڕۆ فەلسەفە بۆ سەفسەتەگەری دەیکات لەگەڵ بیرکردنەوەی فەلسەفی ڤیتگنشتاین ،کە بیرکردنەوەێ لۆژیکیانەیە، یەکدەگرێتەوە؟(61) ئەوی ئامانجی ڤیتگنشتاین بوو بەکاربردنی لۆژیک بوو بە گەیشتن بە فاکتەکان. هەروەها ڤیتگنشتاین بەخۆی داوا لە فەیلەسوفەکان دەکات خۆیان لە ڕەوانبێژی بەدوو ڕاگرن و خۆیاننەخەنە هەڵەی بەکاربردنی زمانەوە. واتە، ڤیتگنشتاین بەئاشکرا داوا لە فەیلەسوفان دەکات زمان بەهەڵە بەکارنەبەن و کێشە فەلسەفیە گەورەکان بە چارەسەری سادە یەکلانەکەنەوە و خۆشیان لە هەڵەکانی زمان بەدووربگرن. بۆیە لێرە ناچاریبڵێین بادیو ئەو لایەنانە لە “”تراکتاتۆس”” دا بەووردی شیناکاتەوە کە بە هەندێ تێگەیشتنی فەلسەفی و لۆژیکی ڤیتگنشتاینەوە تایبەتە ، بۆنموونە وەک : ووتنی نەووتراوئامێز، ڕوون قسەکردن، بێدەنگبوون لەئاست ئەوشتانەی شتێکمان بۆ ووتن لەبارەیانەوە نییە. دواتر ئێمە پێیشمانوایە، بادیو ناتوانێ گومان لەو کودەتا یان “وەرچەرخاندنە زمانەوانیە” بکات ڤیتگنشتاین بەرپایکرد. ڕاستە ئێمەش بادیوئاسا خواستی ئاینی و مەیلی سۆفیانە لە “”تراکتاتۆس”” دا دەبینینەوە لێ ڤیتگنشتاین ئەوەمان فێردەکات شتە میتافیزیکیەکان شایانی ئاوڕدانەوە نین و ئیتیک و جوانکاریش بۆ ڤیتگنشتاین یەک شتن(62). پێتەر هالواردیش ، کە یەکێکە لە پسپۆڕەکان لە هزری فەلسەفی بادیو، لەو کتێبەی بەناوی “”بادیو: خودێک بۆ ڕاستی”” نووسیویەتی باس لەوەدەکات جیاوازی نێوان ئاین و ئەنتی فەلسەفە لاوازە. ئەنتی فەلسەفە ئاینە لە دەمامکی فەلسەفیدا و لەسەر زەمینەی فەلسەفی خۆیدەسەڵمێنێ (هایدیگەر ،بەبێگومان، بەرچاوترین بیرمەندی ئەنتی فەلسەفییە بە قسەی هالوارد). ئاماژەی ئەنتی فەلسەفیش بۆ خۆ-وەسفی Self- description لاکان دەگەڕێنێتەوە و فەیلەسوفە ئەنتی فەلسەفەکانیش بادیوئاسا لە هێراکلیتس، سانت- پۆل، پاسکال، ڕۆسۆ، کێرکەگۆرد، نیچە و هەروەها لاکان و ڤیتگنشتاین پێکدێنێ (63).

ماویەتی
ئازاد حەمە/ پاریس

azadhama500@yahoo.fr

سەرچاوە و پەراوێزەکان:
            1.Alain Badiou & Slavoj Zizek. Philosophy in the Present. Polity; 2009،p.2.
ئەم کتێبەی لایسەرەوە، “” فەلسەفە لە ئێستادا”” ، گفتووگۆیێ کراوە بووە لەنێوان ئەو دوو فەیلەسوفە فەڕەنسی و سڵاڤێنییە تایبەت بەهەندێ باسی فەلسەفی گەرم لە ئینستیتووتی کولتووری لە ڤیەنا لە ساڵی 2004دا. لەوێڕا بەشداری بادیو بە باسێک بووە بەناوی”” بیرکردنەوەی بوون”” و ، هەروەها ژیژک بە باسی”” فەلسەفە دیالۆگ نییە”” و ، دواتریش گفتووگۆیێ کراوەی دووقۆڵی لەنێوان هەردوو فەیلەسوفەکە بەناوی””گفتووگۆ”” ەوە ئەنجامدراوە.
2. Ibid.، p.3.
3. Peter Hallward. Badiou: a subject to truth. The Regents of the University of Minnesota Press، 2003.p.23.
4. Ibid..
5. Alain Badiou. Wittgenstein’s Antiphilosophy. Translated and with an Introduction by Bruno Bosteels. Verso، London and New York، 2011.

وەرگێڕی کتێبەکە لەو پێشەکیەی نووسیویەتی ، کە 66 لاپەڕەیە، تایبەت بە تێمای ئەنتی فەلسەفە و سۆفیست و خودی واتای فەلسەفەش پێوەندیێ لەنێوان ئەم کارەی بادیو (واتە ، ئەنتی فەلسەفەی ڤیتگنشتاین) و کارەکانی تریشیدا دروستدەکات لەوانە “”مانیفێستی فەلسەفە”” و “”بوون و ڕووداو”” .
6. Alain Badiou، Manifesto for Philosophy، trans. Norman Madarasz، Albany، State
University of New York Press، 1999.
7. Ethics Without Others: A Reply to Critchley on Badiou’s Ethics by Peter Hallward. Radical Philosophy July/August 2000،p.1.
http://www.lacan.com/hallward.htm
لە “”مانیفێستی فەلسەفە”” ، نوسخەی ئینگلیزی بگەڕێرەوە بۆ لاپەڕەی 98 .
8. بگەڕێرەوە بۆ نوسخەی ڕووسی “”مانیفێستی فەلسەفە”” ، کە پێشتر لە نووسینی کتێبی “”ویستی فەلسەفاندن””ماندا سوودمان لێوەرگرتووە:
Бадью А. Манифест философии. – СПб، 2003. –с.147.
9. Alain Badiou. Wittgenstein’s Antiphilosophy. P.18.
10. Ethics Without Others: A Reply to Critchley on Badiou’s Ethics by Peter Hallward. Radical Philosophy July/August 2000.
11.Ibid.، p.5.
12. Rupert Read and Alice Crary (ed). The New Wittgenstein. Routledge، 2000.
هەر لێرە ئاماژە بەوەش دەکەین پۆست یان نیو ڤیتگنشتاینیەکان برییین لەم بیرمەندانە:
Stanley Cavell، Hilary Putnam، John McDowell، Cora Diamond، and James Conant، B. Ostrow، Thomas Ricketts، Warren Goldfarb، ، Jan Zwicky، Stephen Mulhall.،
13. Alain Badiou. Wittgenstein’s Antiphilosophy. P.70.
14. Ibid.، p.69.
هەروەها ئەم سەرچاوەیەی لایخوارەوەش:
Reviewe of Alain Badiou’s Wittgenstein’s Antiphilosophy. Reviewed by Piotr Stalmaszczyk.
http://marxandphilosophy.org.uk/reviewofbooks/reviews/2012/451
15. Ethics Without Others: A Reply to Critchley on Badiou’s Ethics by Peter Hallward. Radical Philosophy July/August 2000.p.7.
16 . Alain Badiou. Wittgenstein’s Antiphilosophy. P.67.
17. Ethics Without Others: A Reply to Critchley on Badiou’s Ethics.p.5.
18 .Ibid.، p.5.
19. Alain Badiou. Wittgenstein’s Antiphilosophy. P.81.
20. Ethics Without Others: A Reply to Critchley on Badiou’s Ethics.p.6.
21. Ibid.، p.5.
22. Ibid.، p.6
23. Ibid.، p.4.
24. Ibid.، p.6.
25. Alain Badiou . Second Manifesto for Philosophy. Polity; 1 edition. 2011.p.117.
26. Ibid.
27. Ibid.p.119.
28. Ibid.
29. Peter Hallward. Badiou: a subject to truth. The Regents of the University of Minnesota Press، 2003.p.20.
30. Ethics Without Others: A Reply to Critchley on Badiou’s Ethics by Peter Hallward.
31. Ibid.
32. Ibid.
33. Reviewe Wittgenstein’s Antiphilosophy. Reviewed by Derek A. McDougall.p.5.
http://www.editor.net/BWS/docs/CRIT%20NOTICE%20BADIOU%20WITT%20ANTIPHILOSOPHY
34. Peter Hallward. Badiou: a subject to truth. P.20.
35. Ibid.
36. Ethics Without Others: A Reply to Critchley on Badiou’s Ethics by Peter Hallward.
37. Alain Badiou. Wittgenstein’s Antiphilosophy. P.25.
38. Ibid.،p.13.
39. Reviewe of Alain Badiou’s Wittgenstein’s Antiphilosophy. Reviewed by Piotr Stalmaszczyk
 http://marxandphilosophy.org.uk/reviewofbooks/reviews/2012/451
40. Ethics Without Others: A Reply to Critchley on Badiou’s Ethics by Peter Hallward.p.6.
41. Reviewe Wittgenstein’s Antiphilosophy. Reviewed by Derek A. McDougall.p.5.
بڕوانە پەڕەگرافی 4.003 ش لە کتێبی “” تراکتاتۆس لۆژیکۆ- فیلۆسۆفیکۆس”” ی ڤیتگنشتاین لەم سەرچاوەیەی لایخوارەوە دا:
Ludwig Wittgenstein، Tractatus logico- philosophicus، översättning، inledning och noter avAnders Wedberg، Thales،1997.
42. Alain Badiou. Wittgenstein’s Antiphilosophy. P176.
43. Ibid.
44. Ludwig Wittgenstein، Tractatus logico- philosophicus، översättning، inledning och noter avAnders Wedberg، Thales،1997§.4.112.
45. سەفسەتەگەری یان سۆفیزم Sophism بزووتنەوەکەیە و سەفسەتەش کردەکەیە و کەسەکەش دەبێ بە سۆفیستای یان سەفسەتەگەرا.
46. Reviewe of Alain Badiou’s Wittgenstein’s Antiphilosophy. Reviewed by William West.
http://www.goodreads.com/book/show/10484205-wittgenstein-s-anti-philosophy
47. Ibid.
48.سۆفیستایەکان بریتین لە دیاگۆراس Diagoras ، لیکۆفرۆن کریتیاس   Lycophron Critias ، ئەنتیفۆن  Antiphon ، هیپیاس Hippias، گۆرگیاس  Gorgias ، پرۆدیکوس Prodicus و پرۆتاگۆراس  .Protagoras

49. John Dillon. The Greek Sophists .Penguin Classics . 2003،pp.3-4.
50. Scott Consigny . Gorgias، Sophist and Artist. Univ of South Carolina Pr .2001،pp. 203-205.
51. Бадью А. Манифест философии. – СПб، 2003. –с.146.
52. Alain Badiou. Wittgenstein’s Antiphilosophy. P.167.
53. Ibid.،p.116.
54. David West.  Continental Philosophy: An Introduction.p.258.
55. Alain Badiou. Wittgenstein’s Antiphilosophy. P.71.
56. Ibid.
57. Ibid.
58. Reviewe of Alain Badiou’s Wittgenstein’s Antiphilosophy. Reviewed by Piotr Stalmaszczyk
 http://marxandphilosophy.org.uk/reviewofbooks/reviews/2012/451
59. Peter Hallward. Badiou: a subject to truth. P.22.
بڕوانە پەڕەگرافی 6.52 ش لە کتێبی “” تراکتاتۆس لۆژیکۆ- فیلۆسۆفیکۆس”” ی ڤیتگنشتاین لەم سەرچاوەیەی لایخوارەوە دا:
Ludwig Wittgenstein، Tractatus logico- philosophicus.
60. Peter Hallward. Badiou: a subject to truth. P.23.
61. ئێمە لە تێزی دکتۆرانامەکەماندا(سیاسەتی ڕووداوی ڕاستی. هەنووکەی فەلسەفەی کۆمەڵایەتی ئالان بادیو) پێشتر ئەم لایەنەمان بەرباسخستووە و بەهەڵە تێگەیشتنی بادیومان تایبەت بە تێکەڵکردنی ئەنتی فەلسەفە و سەفسەتەگەری نیشانداوە. ئەوەش لەبەرئەوەی ئێمە دەبینین بادیو تێکەڵیێک لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا (واتە: سەفسەتەگەری و ئەنتی فەلسەفە ) دروستدەکات.
62. Ludwig Wittgenstein، Tractatus logico- philosophicus. §.6.421.
63. Peter Hallward. Badiou: a subject to truth.p.20.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.