له به‌رده‌م یاسادا … نووسینی کافکا
ده‌رگاوانێك له به‌رده‌م یاسادا وه‌ستاوه .
کابرایه‌کی ده‌شته‌کی دێت بۆ لای ئه‌م ده‌رگاوانه و داوای مۆڵه‌تی چوونه‌ژووره‌وه بۆ ناو یاسا ده‌کات .
به‌ڵام ده‌رگاوانه‌که ده‌ڵێت، که گوایه ئێستا ناتوانێ ڕێگه‌ی چوونه‌ژووره‌وه‌ی بدات.
کابرای ده‌شته‌کیش پاش لێکدانه‌وه‌یه‌ک لێی ده‌پرسێت ، که بڵێی ئاخۆ له‌دوایدا بۆی هه‌بێت بڕواته ژووره‌وه.
ده‌رگاوانه‌که ده‌ڵێت: ( ده‌شێ ، به‌ڵام ئێستا نا ).
له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی یاسا وه‌ک هه‌میشه ئاوه‌ڵایه و ده‌رگاوانه‌که ش له ته‌نیشته‌وه ده‌وه‌ستێ ، کابرای ده‌شته‌کی ملێكی بۆ خواردهكاتهوه ، تا له به‌ینی ده‌روازه‌که‌وه تهماشیهکی ناوه‌وه بکات.
کاتێ ده‌رگاوانه‌که هه‌ست به‌مه ده‌کات ، پێده‌که‌نێت و ده‌ڵێت : ( تۆ که هێنده ئاره‌زومه‌ندی بینینی یاسای ، با منیش ڕێگه‌ی چوونه‌ژووره‌وه‌ت پێنه‌ده‌م ، تۆ هه‌ر هه وڵی خۆت بده ، به‌ڵام باش بزانه ها…..! گه‌رچی من نزمترین پۆستی دهرگاوانیم هه‌یه ، به‌ڵام به‌هێزو ده‌سه‌ڵاتدارم ، جگه له‌وه‌ش له هۆڵێکه‌وه بۆ هۆڵێکی تر ده‌رگاوانی تر وه‌ستاون و یه‌ک له‌وی دی به‌ده‌سه‌ڵات تره ، ته‌نانه‌ت منیش به‌رگه‌ی تێڕوانینێکی ده‌رگاوانی سێهه‌م ناگرم ) .
له ڕاستیدا کابرای ده‌شته‌کی چاوه‌ڕوانی ئه‌م گیروگرفتانه‌ی نه‌ده‌کرد ، ئه‌م وا بۆیدهچێ که یاسا بۆ هه‌مووکه‌سێک و هه‌موو ئان و ساتێ کراوه و ڕێگه‌پێدراوبێت .
کاتێ ده‌شته‌کیه‌که به وردی سه‌رنجی ده‌رگاوانی فه‌ره‌نجی له به‌ر ده‌دات ، به خۆیی و لوتێکی قنج و ڕیشێکی ته‌ته‌ری درێژ و ڕه‌ش و ته‌نکه‌وه ، پێی باشتره‌و بڕیار ده‌دات چاوه‌ڕێبكات ، تا ئه‌و کاته‌ی مۆڵه‌تی چوونه‌ژووره‌وه‌ی پێده‌درێت.
ده‌رگاوانه‌که تهختهدارێكی ده‌داتێ و لێیدهگهڕێ هاوتهنیش به ده‌رگاکه دابنیشێت.
كابرای ده‌شته‌كی ڕۆژان وساڵان له‌وێدا لێی داده‌نیشێت ، چه‌ندان هه‌وڵئه‌دات ، ڕێگه‌ی چوونه‌ژووره‌وه‌ی پێبدرێت ، هێنده دهپاڕێته وه ، ده‌رگاوانه‌که هه‌راسان و ماندوو ده‌کات.
زۆرجاریش ده‌رگاوانه که سوکه لێپرسینه‌وه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ ده‌کات و گه‌لێک پرسیاری ده‌رباره‌ی نیشتمانه‌که‌ی و سه‌باره‌ت بهشتی تریش لێده‌کات.
به‌ڵام پرسیاره‌کان بێ سه‌روبن و لاوه‌کین ، هه‌ر له‌و پرسیارانه ده‌چن که پیاوه گه‌وره‌کان ده‌یکه‌ن.
له کۆتایشدا هه‌موو جارێک بۆی دووباره‌ده‌کاته‌وه ، که‌گوایه جارێ ناتوانێ ڕێگه‌ی چوونه‌ژووره‌وه‌ی بدات.
کابرای ده‌شته‌کی ،که خۆی بۆ سه‌فه‌ره‌که‌ی زۆر به چڕوپڕی ئاماده‌کردبوو ، هه‌موو شتێک به‌کار ده‌هێنێ ، گه‌رچی پڕ به‌هاش بێ ، تا بتوانێ ده‌می ده‌رگاوانه‌که چهوربکات.
دهرگاوانهکهش گه‌رچی هه‌موو شتێک وه‌رده‌گرێ ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنی به‌رتیله‌که‌دا ده‌ڵێ : ( بۆیه وه‌ریده‌گرم تا له‌وبڕوایه‌دا نه‌بیت و وا ههستنهكهیت كه شتێکت به‌فیڕۆ له‌ده‌ستچووبێت )
به درێژایی ئه‌و هه‌موو ساڵانه کابرای ده‌شته‌کی چاودێری ده‌رگاوانه‌که ده‌کات و به ده‌گمه‌ن چاوی لێ غافڵدهکات ، ده‌رگاوانه‌کانی تری له‌بیر ده‌چێته‌وه و وا هه‌ستده‌کات که ئه‌م یه‌که‌م ده‌رگاوانه ته‌نیا کۆسپێکه له‌به‌رده‌م ئه‌مدا بۆ چوونه ناو یاساوه .
له ساڵانی یه‌که‌مدا ، به ده‌نگی به‌رز و بێبایه‌خانه نه‌فره‌ت له‌م ڕێکه‌وته بهوبهخته ده‌کات . دوایش ، کاتێ به‌ساڵدا ده‌چێ و پیرده‌بێت ، له‌به‌رخۆیه‌وه وڕینه ده‌کات و ده‌بۆڵێنێ و وه‌ک منداڵی لێدێته‌وه.
کابرای ده‌شته‌كی به‌درێژای ئه‌و هه‌موو ساڵانه سه‌رقاڵی ناسین و توێژینه‌وه‌ی ده‌رگاوانه‌که بوو، بۆیه وای لێهاتبوو ته‌نانه‌ت کێچه‌کانی ناو فهرهنجیهکشی ده‌ناسیه‌وه. لهکێچهکانێش ده پاڕایه‌وه که یارمه‌تی بده‌ن ، به‌ڵکو ئه‌مه خوایه کابرای ده‌رگاوان له‌که‌لی شه‌یتان بهێننه خواره‌وه و بڕیاره‌که‌ی پێ بگۆڕن.
له‌کۆتایدا تیشکی چاوه‌کانی لاوازده‌بن و خۆیشی نازانێ ، ئایا له ڕاستیدا ده‌وروبه‌ری تاریک دادێت یان هه‌ر چاوه‌کانی فریوی ئه‌ده‌ن.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م ئێستا له تاریکیه‌که‌دا بریسکه‌یه‌ک به‌دیده‌کات، که بێ خامۆشبوون له ده‌رگای یاساوه به‌ره‌و ده‌ره‌وه ده‌کشێ.
زۆری له ژیاندا نه‌ماوه ، به‌ر له وه‌ی مه ر‌گ یه‌خه‌ی بگرێت ، گشت ئه‌زمونه‌کانی ته‌واوی کاته‌که له مێشکیدا کۆده‌بنه‌وه‌و هه‌موویان ده‌بنه یه‌ک تاكه پرسیار ، پرسیارێک که ئه‌م تا ئێستا له ده‌رگاوانه‌که‌ی نه‌کردووه.
چیتر خۆی بۆڕاناگێرێ و ناتوانێ جه‌سته کفت و دهقگرتووهکهی راستبکاته‌وه ، بۆیه به مه‌به‌ستی
بانگکردن ده‌ستێک بۆ ده‌رگاوانه‌که ڕاده‌وه‌شێنێ .
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جیاوازیهگهورهکهی نێوان ( باڵایان ) زۆر زۆر به زیانی کابرای ده‌شته‌کی ته‌واوبووبوو ، پێوێستبوو ده‌رگاوانه‌که تا له توانایدا بێت خۆی بۆ ده‌شته‌کیه‌که دانه‌وێنێت .
ده‌رگاوانه‌که خۆی بۆ ده‌چه‌مێنێته‌وه و لێی ده‌پرسێ :
ئه‌رێ تۆ ده‌ته‌وه‌ێ چیتر بزانی … ها ؟ تۆ تێرنه‌خۆری ، تێر نه‌خۆر .
کابرای ده‌شته‌کیش ده‌ڵێت :
باشه خۆ خه‌ڵكی هه‌موو خوازیار‌و تینووی یاسان ، ئه‌ی باشه بۆچی له ماوه‌ی ئه‌م هه‌موو ساڵانه‌دا بێجگه له من که‌سێکی تر نه‌هات و داوای چوونه ژووره‌وه‌ی نه‌کرد ؟
ده‌رگاوانه‌که بۆیده‌رده‌که‌وێت که کابرای ده‌شته‌کی سه‌ری له‌گوێی قه‌بر ده‌له‌رزێ.
بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ ده‌نگی به‌باشی بگه‌یه‌نێته گوێچکه کز‌و لهپهککهوتووهکانی ، به‌سه‌ریدا ده‌نه‌ڕێنێ و ده‌ڵێ :
(( له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بێجگه له‌تۆ که‌سێکی تر لێره ده‌رفه‌تی چوونه ژووره‌وه‌ی پێنه‌دراوه و ئه‌م ده‌رگایه به‌ته‌نیا بۆ تۆ ته‌رخانکرابوو ، ئێستا ده‌ڕۆم و دایده‌خه‌م . ))
………………………………………………………………………………..
تێبینی وه‌رگێڕ : ئه‌و خوێنه‌ره‌ی كه زمانی ئه‌ڵمانی به باشی بزانێ و شاره‌زای ستایلی نووسینی چڕ‌وپڕ وگران (ئاڵۆز) ی كافكا بێت ، كه‌متر ڕهخنهوگلهیم ئاراسته ده‌كات ئه‌گه‌ر كه‌موكوڕی لهوهرگێڕانهكهدا هه‌بێت. من له‌و باوه‌ڕه‌دام كه‌هیچ وه‌رگێڕانێك بێ كه‌موكوڕی نابێت، به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر زمانه‌كان و كولتوره‌كان نزیك به‌یه‌ك نه‌بن .
له ژماره 72 ی گۆڤاری هه‌ناردا بڵاوکراوه‌ته‌وه.
Franz Kafka 1883 – 1924