Skip to Content

Friday, December 13th, 2024
بەکەمتر لەپەیامەکەی سەردەشت ، رازی نابین ..!

بەکەمتر لەپەیامەکەی سەردەشت ، رازی نابین ..!

Closed

 

راستە پەیامەکەی سەردەشت زیندوە ،راستە دنیا بینی وئامانجی ئینساندۆستی سەردەشت بە کۆمەڵگا ئاشنایە ، بەلام ئەو ئامانجەی سەردەشت لەپێناویدا گیانی بەختکرد هێشتا نەهاتۆتە دی ،ئەو هێزە تاریکەی کە رێگای تیرۆری سەردەشتەوە ویستی هەمو کۆمەڵگا بێدەنگ بکات هێشتا هەڕەشە دەکا و مەترسیە لەسەر ئازادییەکان ، بۆیە هێزی ئازادیخوازی پێوێستی بەکاری زیاتر و بەرنامەی رۆشنتر و رووبەروبونەوەی زیاترە، بۆ ئەوەی بە کەمترین قوربانی کۆمەڵگا لەزوڵم و زۆرداری و ژێردەستەیی و نایەکسانی رزگاری بێت کە سەردەشت لە پێناویدا گیانی بەختکرد ،ئەگینا ئەو هێزە تاریکانەی کە هەمو هاوارێک و دەنگ بەرزکردنەوەیەک بە مەترسی دەزانن لەسەر خۆیان و کۆمەڵگای پێدەترسێنن و شەرعیەت بە سەرکوتەکانیان دەدەن، دەستیان ئاوەلاتر دەبێت و ژیان لە ئیستا تاریکتر دەبێت و هەر رۆژە و لەکوچەیەکدا لەسەر ووتنی ووشەی ( ماف و ئازادی ) دادگای و فەلاقەی ئینسانەکان بەرێدەخەن . 
سەردەشت عوسمانی رۆژنامەنوس، لەسەر فراوانکردنی ماف و ئازادییەکان ،لەسەر نایەکسانیەکان و دابەشنەکردنی سەروەت و سامانی کۆمەڵگا بەسەر هەموواندا، لەرەخنەگرتن لە پاوانکردنی دەسەلات لەناو بنەماڵە و خێڵ و عەشیرەتدا تیرۆرکرا، لەسەر بەلارێدابردنی چارەنوسی کۆمەلگا  و یاریکرن بە هەست و شعوری خەڵکی کوردستان و هۆشیارکردنەوەی گەنجان و لاوان و خوێنکاران تیرۆرکرا، لەسەر نوسین و قسەکردن بۆ ژیانێکی باشتر ،چارەنوسێکی رۆشنتر ببێتە نسیبی خەڵک کە ئیمکانی هەیە،تیرۆرکرا، ئەو لەپێناوی خۆشبەختی و ئارامی کۆمەڵگا گیانی بەخشی بۆیە لەهەر شوێنێک سەرکوت و نایەکسانی و دواکەوتویی هەبیت، سەردەشت و پەیامەکەی ئامادەیی هەیە .
بەداخەوە دوایی دوو ساڵ لە تیرۆری ئەو رۆژنامەنوسە و لەسەر خەت بونی هەمو دنیا کەچی بکوژانی راستەقینەی سەردەشت ئاشکرا ناکرێن لەهەوڵی پەردەپۆش کردنی تاوانەکەن  ،لەوەش مەترسیدارتر بەرەی ئازادیخوازی سەردەشت لەژێر هەڕەشەی بەردەوامدایە ،کە هەمیشە ژیان و ماڵ و مناڵ و کەرامەتی بکەوێتە بەر پەلاماردانی هێزە ڕەش و تاریکەکانی کۆمەڵگا کە کۆنترۆڵی جومگەکانی ژیانیان کردوە لەهێرشدابونە بۆ تاریکی زیاتر ،بەدبەختی زیاتر ،بێکاری برسیەتی و نەبونی زیاتر ،سەرگەردانی و سەرلێشێواوی زیاتری خەڵک، بۆیە پەیامی ئازادیخوازی سەردەشت دەبێت زیندوتر رابگیرێت تا کۆتایی بەو هەمو ناهامەتیە بێت .
هەر لەسەرەتای تیرۆری رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان،بەردەوام کار کراوە بۆ شیواندن و لەکەدارکردنی سەردەشت و پەیامەکەی و دۆست و هاوڕێ و هاوپیشە و خانەوادەکەی ،جۆرەها تاکتیک و مامەلەی مافیایی و نائینسانی و سات و سەودا و پەیڕەوکراوە لەم بارەیەوە، ئەو جۆرە مامەڵەیە پەیامێکی ئاگایانەیە دەدرێت بە کۆمەڵگا و هەمو خەڵکی نارازی کوردستان ، پێویستە رووبەرووی نارەزایەتی زیاتری خەڵک ببێتەوە،چونکە ئەگەر ئەو سیاسەتە بچێتە پیشەوە و سەردەشت و هاوفکر و هاوپیشەکانی هەمیشە لەژێر هەڕەشەی تیرۆرکردندا دەبن و فویەکێش لەو چرایە کزا دەکرێت کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە بەنیازین گڕبگرێ و قوربانی بۆ دەدەین و ئیتر کۆمەڵگا نقومی تاریکی و بێ مافی زیاتر دەبێت.
کارکردن لەسەر شێواندنی پەیامی سەردەشت کارێکی مایە پوچە،تاڵی بێت ترشی بێت بۆ هەر کەس و هێزیک ئیستا سەردەشت رەمزی ئازادییە لە هەمو دنیا ، میژویەکی پرشنگدارە بۆ خەڵکی کوردستان،ئومیدیکی گەورەی گەنجان و لاوانە ، دۆسیەیەکی گرنگ و کراوە  لای نوسەران و رۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان  ،ئەمە بۆتە سروشت و بیروباوەڕی خەڵکی ویژدان زیندوی کوردستان و هەموو دنیا ، دەست بردن بۆ هەر کاریکی پێچەوانە ئەنجامدەرانیان دووچاری ریسوایی زیاتر دەکاتەوە و لەگەڵ رق و بیزاری و تورەیی زیاتری خەڵک بەرەو روو دەبن، چونکە ئیستا سەردەشت موڵکی هەمو کۆمەڵگایە بەبێ جیاوازی بیرکردنەوە ،هەر بۆ خەڵک ژیا و هەر بۆ خەڵک مرد و هەر چویەوە لای خەڵکیش !
دادگایی و هیرش و پەلاماردانی شەخصیاتی سەردەشت و دەست و هاوپیشە و کەس و کارەکەی ئەنجامێکی نابێت ، تاوانباران و بکوژانی  راستەقینەی سەردەشت دەبێت بۆ کۆمەڵگا ئاشکرا بکرێت ،ئەو سیناریۆ و فیلمە کۆمیدیایانە لەمێشکی خەڵکی هۆشیاری کوردستان مایەی پێکەنینە ، سەردەشت پێگوتن ئیتردەبێت ماف و ئازادییەکانی خەڵک بە رەسمی بناسرێت ،کۆتایی بە دەسەلاتی تاکڕەوی بهێندرێت و جیاوازی نێوان چینەکان گەیشتۆتە لوتکە و دەبێت ئەو سەروەت و سامانە هی خەڵکە و بۆ خەڵکیش بێت ،رێز لە ووشە و قەڵەم و فکر و جیاوازی بیرکردنەوە بگیرێت، ئەمە واقعیەتێکە و سەردەشت دورستیکرد بەنوسین وکارەکانی و هەڵوێستەکانی ، دواتریش بە تیرۆرکردنەکەی لە کۆمەڵگا چەسپاندی ،ئیستاش هەزاران خەڵک پشتیوانی لەو پەیامە دەکەن و بەرز و بەرێز رایدەگرن .
دوایی دوو ساڵ لە تیرۆری سەردەشت ،لەو ماوەیەدا بەردەوام کۆمەڵگا هاواری کردوە بە کەمتر لە پەیامەکی سەردەشت رازی نابین،ئازادی و خۆشگوزارانی و دەستکۆتاکردنی دەسەلاتی تۆلیتاری و دەستڕاگەیشتنی هەمووان بە یەکسانی لەو هەمو سەروەت و سامانە، کە پەیامی سەردەشت بوو، خواست و داواکاری هەموو نارەزایەتی و خۆپیشاندانەکان بوە، ئازادبونی  بیر و هۆشی گەنجان و خوێنکاران و رزگاربونی ژنان و منالان لەیاسا و دەستوری دواکەوتوانە کە دنیا بینی سەردەشت بوو، خەونی و خولیای لاوان و منالان و ژنانی کوردستان بوە و بە دەیان شێواز گوزارشتیان لێکردوە ، بۆیە ئیستا  کۆمەڵگا  بەکەمتر لە خەون و خولیای سەردەشت رازی نابێت ،بەرەی ئازادیخوازی کۆمەڵگاش لە پشتەوەی ئەو خواست و داواکاریانە وەستاوە.


بەشدار عوسمان
21-4-2012
 

Previous
Next