Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
كتێبی سینه‌ما….. لە نووسینی : سیروان ڕەحیم

كتێبی سینه‌ما….. لە نووسینی : سیروان ڕەحیم

Closed
by April 25, 2012 کتێبخانە


ئه‌ستێره‌ گه‌شه‌كان
سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگ بۆ خوێندنه‌وه‌ی فیلمی سینه‌مایی

سی و دوو خوێندنه‌وه‌ بۆ سی و دوو فیلمی سینه‌مایی

كتێبی ئه‌ستێره‌ گه‌شه‌كان، كه‌ له‌ نووسینی سیروان ره‌حیم-ه‌، تایبه‌ته‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ فیلم. یه‌كه‌مجاره‌ به‌رهه‌مێكی وه‌ها تایبه‌ت به‌ خوێندنه‌وه‌ی فیلم ده‌كه‌وێته‌ كتێبخانه‌ی كوردییه‌وه‌.
كتێبی ئه‌ستێره‌ گه‌شه‌كان، خوێندنه‌وه‌ی بۆ سی و دوو فیلمی سینه‌مایی له‌ خۆ گرتووه‌. له‌ نێو ئه‌و فیلمانه‌دا، فیلمی گرنگی مێژووی سینه‌ما له‌ بابه‌تی “گه‌وره‌ دیكتاتۆر، ته‌رواده‌، پیره‌مێرد و زه‌ریا” و هه‌روه‌ها ئه‌و فیلمانه‌ هه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ كورد و كێشه‌ی كورده‌وه‌ هه‌یه‌. 
سیروان ره‌حیم له‌ پێشه‌كی كتێبه‌كه‌دا نووسیویه‌تی و ده‌ڵێـت:
یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ی به‌رده‌وام ویستومه‌ و ده‌مه‌وێ له‌سه‌ر بنووسم فیلمه‌. ساڵانێكه‌ بۆ كۆمه‌ڵێ گۆڤار و رۆژنامه‌ی جیاواز له‌سه‌ر ئه‌و فیلمانه‌ ده‌نووسم كه‌ ته‌ماشاكردنیان شتم له‌ لا به‌جێ ده‌هێڵن. فیلمگه‌لێك له‌ ئاستێكی باڵای كاری هونه‌ری دان و هه‌روه‌ها چێژی زۆریان به‌ من به‌خشیوه‌. به‌رده‌وام خوازیار بوومه‌ بتوانم به‌ نووسین ئه‌و چێژوه‌رگرتنه‌م له‌گه‌ڵ كه‌سانی دیكه‌یشدا به‌ش بكه‌م. سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌سته‌یش ئه‌و نووسینانه‌ ئاوێته‌ی هیوایه‌كی ره‌نگینن، له‌گه‌ڵ هیوایه‌كدا نووسراون و ده‌نووسرێن تا ته‌ماشاكردنی فیلم له‌ لای ئێمه‌یش ببێت به‌ نه‌ریتێكی جوان. پێویسته‌ مرۆڤی ئێمه‌ هه‌ست به‌وه‌ بكه‌ن، ته‌ماشاكردنی فیلم ئه‌وه‌نده‌ی خوێندنه‌وه‌ی كتێب گرنگه‌. بینینی ئه‌و فیلمانه‌ گه‌شتی پڕ زانیاری و تژه‌ چێژن به‌و رووبه‌رانه‌دا سه‌خته‌ ده‌ستمان پێیان بگات، بۆیه‌ ته‌ماشاكردنی فیلم جۆرێكی تره‌ له‌ گه‌شتێك كه‌ ناتوانین به‌ جه‌سته‌ بیكه‌ین.
له‌ هه‌مان پێشه‌كیدا و هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ فیلم و گرنگی دنیای سینه‌ما نووسه‌ر ده‌ڵێت:
كاتێك فیلمێكی گرنگ و چێژبه‌خش ده‌بینم، به‌رده‌وام ئه‌م پرسیاره‌ له‌ خۆم ده‌كه‌م: ئایا كه‌س هه‌یه‌ بتوانێت ئه‌و بواره‌ بزر بكات و ته‌ماشای ئه‌م فیلمه‌ نه‌كات؟ هه‌رچه‌نده‌ بینه‌رانی ئه‌و فیلمانه‌ زۆریش بن، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ئه‌وانه‌یش كه‌م نین كه‌ ته‌ماشاكردنی ئه‌و فیلمانه‌یان بۆ گرنگ نییه‌، به‌ تایبه‌تیش له‌ لای ئێمه‌ و له‌ كۆمه‌ڵی ئێمه‌دا. جێگه‌ی داخێكی گه‌وره‌یه‌ له‌ ئێسته‌دا له‌ باشووری كوردستان نه‌ریتی فیلم بینین زۆر كه‌مه‌، بێگومان هۆڵی سینه‌مایش نییه‌ تا مرۆڤ ته‌ماشای فیلمه‌ نوێیه‌كان بكات. بابه‌تی فیلم و هه‌ستكردن به‌ گرنگی فیلم بینین، ده‌بێت بكرێت به‌ نه‌ریت و به‌ كولتورێكی پڕ وزه‌ی به‌ هێز. ئه‌وه‌یش دیاره‌ كاری ده‌وێت. كارێكی به‌ده‌ربه‌ست و به‌ سیسته‌می پێویسته‌.
نووسه‌ر وه‌كو خۆی ده‌ڵێت: له‌ سۆنگه‌ی ئه‌وهۆكارانه‌ و زۆر هۆكاری تریشدا خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م سی و دوو فیلمه‌ی له‌م كتێبه‌دا كۆكردوه‌ته‌وه‌ و به‌ چاپی گه‌یاندوون.
وه‌كو ئاماژه‌یه‌كیش به‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی فیلم نووسه‌ر ده‌ڵێت:
بێگومان له‌ مێژووی سینه‌مادا به‌رهه‌می جوان و شایسته‌ی خوێندنه‌وه‌ و به‌رده‌وام چوونه‌وه‌ سه‌ر زۆرن، به‌ڵام له‌ كاتی هه‌ڵبژاردندا ده‌بوو من شتێك له‌به‌رچاو بگرم، ئه‌ویش:
بابه‌ته‌كه‌ چه‌ند چێژ به‌خش و جوان بێت، چه‌ند فیلمێكی نێوداریش بێت، له‌م ده‌ستپێكه‌دا پێویسته‌ به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان، گرنگیی بۆ خوێنه‌ر كورد هه‌بێت و په‌یوه‌ندییه‌ك له‌ نێوان ئه‌و خوێنه‌ره‌ و فیلمه‌كه‌دا هه‌بێت. ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ك هه‌بێت، ئه‌وا بۆ ئه‌و خوێنه‌ر/بینه‌ره‌، هاوكات بۆ خوێندنه‌وه‌ و بۆ ته‌ماشاكردنیش، به‌رهه‌مه‌كه‌ی به‌ لاوه‌ گرنگ ده‌بێت و سه‌رنجی راده‌كێشێت. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی لێره‌دا هه‌ڵبژێردراون به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان سه‌رنجی خوێنه‌ری ئێمه‌ بۆ خۆی راده‌كێشێت.
نووسه‌ر كتێبی ئه‌ستێره‌ گه‌شه‌كان، هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ زانیاری و داتاكانی ناو كتێبه‌كه‌یشی ده‌ڵێت:
پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بكه‌م، بۆ دڵنیابوون له‌ وردی زانیارییه‌كان، به‌ تایبه‌تی ئه‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ناسنامه‌ و دۆسییه‌ی فیلمه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌كو سه‌رچاوه‌ به‌ دوای ماڵپه‌ڕی تایبه‌تی فیلمه‌كاندا گه‌ڕاوم و زانیاری پێویستم كۆكردۆته‌وه‌. هه‌روه‌ها سوودم له‌ ئینسیكلۆپه‌دیای “ڤیكی په‌دیا” و فیلمه‌كان به‌ “دی ڤی دی” وه‌رگرتووه‌. دیاره‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ بوون به‌ هۆی ئه‌وه‌ی زانیارییه‌كان دروست بن.
دواجاریش سیروان ره‌حیم سه‌باره‌ت به‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ده‌ڵێـت:
له‌ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی هه‌موو به‌رهه‌مه‌كاندا هه‌وڵمداوه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌كان ئاسۆیه‌كی روونی هه‌ڵسه‌نگاندن له‌ بیركردنه‌وه‌مدا هه‌بێت. بێ دوودڵی ده‌ڵێم: گرنگی فیلمه‌كان و مایه‌ی چێژبه‌خشینیان تاكه‌ هانده‌رم بوونه‌ له‌م نرخاندنه‌دا. هه‌روه‌ها به‌ هیوایه‌ ئه‌م كتێبه‌ ببێت به‌سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌ سوود و له‌ كاتی پێویستدا بشێ كه‌ڵكبه‌خش بێت.
نووسه‌ر هه‌روه‌ها هیوایشی خواستووه‌ كه‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ ببن به‌ هۆكارێك تاكو ته‌ماشاكردنی فیلم ببێت به‌ كولتورێك له‌ لامان.
به‌ هیوای ئه‌و رۆژه‌ی فیلمساز و به‌رهه‌مهێنه‌رانی ئێمه‌یش به‌رده‌وام فیلمی باش و نایاب به‌رهه‌م بهێنن و سینه‌مای كوردی به‌ جۆرێك دروست ببێت، ئاسمانێكی خه‌مڵیو بێت پڕاوپڕ له‌ ئه‌ستێره‌ی گه‌ش و به‌ پرشنگ. “پرشنگدارتر له‌ ئه‌ستێره‌ی قوبه‌ی شین”.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.