مرۆڤ حوكمی دنیا دەكات یان كتێب؟
23 ی ئەم مانگە رۆژی جیهانیی كتێب و مافی دانەر بوو، یەكەمین شتێك كە لەو رۆژەدا بیری منی بەخۆیەوە سەرقاڵ كرد، ئەو وتەیەی (ئوغست كونت 1798-1857) بوو، كە دەڵێت: ((مردووەكان حوكمی زیندووەكان دەكەن))، بەدڵنیاییەوە ئەم وتەیە ڕاستییەكی زۆری تێدایە، بەڵام ئاخۆ مردووەكان لە چ ڕێگایەك و لە كام كەناڵەوە حوكمی زیندووەكان دەكەن؟ بێگومان لە ڕێی بەرهەمەكانیانەوە و بە تایبەت لە ڕێی كتێبەكانیانەوە. من بۆ خۆم زۆر جار كە بیرم لە كتێب كردووەتەوە، لەناو خەیاڵی خۆمدا دنیام وەكو كەشتییەك هاتۆتە بەرچاو كە كاپتنەكەی كتێب بووە، نەك مرۆڤ. ئەگەر كاریگەری مرۆڤەكان لە ژیاندا، لە چوارچێوەی كات و شوێنێكی سنووردار و دیاریكراودا بێت، كاریگەری بەرهەمەكانیان، بەتایبەت كتێبەكانیان، ئەو چوارچێوە و سنوورە دیاریكراوە تێدەپەڕێنێت. لە مێژووی مرۆڤایەتییدا زۆر نوسەر و بیریار و فەیلەسوف بوونیان هەبووە، كە لە ژیانی خۆیاندا ناوی زۆر شوێن و ناوچە و وڵاتی دنیایان هەر نەبیستووە، كەچی رۆژێك هاتووە كتێبەكانیان زۆرترین كاریگەرییان لەسەر ژیانی ئەو شوێن و ناوچە و وڵاتانە جێ هێشتووە. كتێب هەیە لەو پەڕی دنیا نوسراوە، كەچی لەم پەڕی دنیا كاریگەری بەسەر ژیانی خەڵكەوە هەبووە. ئێستا كە رۆژی جیهانی كتێب لە زۆر وڵاتی جیاجیای دنیا، بووە بە جەژنێكی بەهادار و لای خۆیشمان چەند ساڵێكە، بە چالاكی جۆراوجۆر ئەو رۆژە پیرۆز دەكرێت، ئاخۆ زۆرینەی خەڵكی ئێمە كتێبیان كردووەتە بەشێك لە ژیانیان؟ ئاخۆ كتێب كڕین و كتێب خوێندنەوە توانیوویانە ببن بە كلتوور؟ بێگومان نەخێر. بەداخەوە لای ئێمە نەك وەك (بۆرخیس) بەهەشت لە شێوەی كتێبخانەیەكی گەورەدا وێنا ناكرێت، بگرە بە هەزاران كەسمان هەن ئامادەن پارەی یەك كتێبخانەی گەورە بدەن بە ژمارە مۆبایلێك، یان ژمارەی ئۆتۆمبیلێك، تەنها ژمارەكەی، بەو مەرجەی وەك خۆیان دەڵێن (شاز) بێت، كەچی ئامادە نین پارەی كارتێكی پێنج هەزاری، یان تەنانەت پارەی یەك لیتر بەنزین بدەن بە كتێبێك.
محەمەد كوردۆ
* گۆشەی راز و نیاز، كوردستانی نوێ، ژمارە (5763) 27/4/2012