شانۆیی به‌ڕێكه‌وت مردنی ئانارشیستێك
ههونگاونان به‌ره‌و كۆمیدیای ئه‌كادیمی.
شانۆیی (به ڕێكه‌وت مردنی ئانارشیستێك) نوسینی نوسه‌ری ئیتاڵی، وه‌رگری خه‌ڵاتی نۆبڵ(داریۆفۆ)یه، له وه‌رگێڕانی(سیروان مه‌حمود)و ده‌رهێنانی (زه‌ریا سامی)ونواندنی(پێشڕه‌و حسێن، شاد شه‌وكه‌ت، نه‌هرۆ محمد، مهدی خزر، عه‌تا حمه ساڵح، نیشتیمان عه‌بدالله)، له ڕۆژانی 25- 29/12/2011له هۆڵی ڕۆشنبیریی كاتژمێر 3:30نمایشكرا.
ئێمه لێره‌دا هه‌ندێك له ڕاو سه‌رنجی خۆمانی له باره‌وه ده‌ده‌ین، تاكو ئه‌م نمایشه‌ش وه‌ك زۆرینه‌ی نمایش و به‌رهه‌مه هونه‌ریی و ئه‌ده‌بییه‌كانی ئه‌م وڵاته به‌بێ قسه و له‌سه‌ر وه‌ستان تێنهڕێت و نه‌بێت به ژێر ئه‌و قه‌ره‌باڵغییه نائاساییه‌ی كه له ئێستادا دونیا ئێمه‌ی داگیركردووه و ده‌رفه‌تمان نادات بڕێك ببینین و ببیستین و تێڕابمێنین.
سه‌ره‌تا:
له ڕابردووی ئێمه‌دا جگه له هه‌ندێك له‌و شانۆییانه‌ی كه له ساڵانی حه‌فتاو هه‌شتاكاندا كراون و ده‌كرێت به (كۆمیدیای ئه‌كادیمی) ناوببرێن، هه‌میشه كاتێك وشه‌ی (كۆمیدیا)مان به‌ر گوێ كه‌وتووه، كت و پڕ مێشكمان بۆ ئه‌و جۆره له نمایش چووه، كه هیچ مۆركێكی شانۆی ئه‌كادیمی پێوه نییه و گوناهێكی گه‌وره ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر بێت و به كۆمیدیای ئه‌كادیمی ناویان ببه‌ین، چونكه ئه‌و جۆره شانۆییانه له كۆنتێستی شانۆی بازاڕییدا ده‌سوڕێنه‌وه. نه‌ك شانۆی ڕاسته‌قینه كه ئامانجی هونه‌ره بۆ مرۆڤایه‌تی. مه‌به‌ستمان له (شانۆی بازاڕیی) ئه‌و شانۆیه‌یه كه ده‌كرێت به (شانۆی قه‌شمه‌ری)یش ناوی به‌رین، ئه‌و جۆره شانۆییه‌ی كار له‌سه‌ر قسه‌ی سه‌ر شه‌قام و ناو بازاڕ‌و وشه‌و كرداری نه‌شیاوو نادروست ده‌كات، كاری دروستكردنی پێكه‌نینێكی كاتییه، بێئه‌وه‌ی تێبگات له كۆمیدیادا پێكه‌نین ئامڕازه نه‌ك ئامانج، كۆمیدیا له یه‌ك كاتدا ده‌بێت توشی پێكه‌نین و ڕامان و نیگه‌رانیمان بكات، نوسه‌ری كۆمیدیا كه‌سێكی بوێر‌و سنور به‌زێنه و په‌یوه‌ستی نه‌ریتی باو نییه، ده‌كرێت ئه‌وه‌ی له‌لای خه‌ڵكی ئاسایی پیرۆزه لای ئه‌م ببێته كه‌ره‌سته‌ی ته‌نز، كاری شانۆی ڕاسته‌قینه‌ش ئه‌وه‌یه ته‌وته‌م و بته دووباره‌كان بشكێنێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی لای تیۆریستی فه‌ڕه‌نسایی بواری شانۆ (ئه‌نتۆنین ئارتۆ) هه‌یه و پێی وایه(شانۆ ده‌بێت چه‌شنی تاعون جه‌سته‌مان داگیر بكات و له‌وێوه ناخمان ههڵكۆڵبكۆڵێت و ماسكه درۆزنانهكانمان پێداماڵێت، ئیدی له‌وێوه یان ده‌گه‌ینه ئاستی پاكژبوونه‌وه، یاخود به‌هۆی تاعونی شانۆوه له‌ناوده‌چین).
به ئێرهكردنی ده‌قێكی ئیتاڵی
ئاشكرایه خه‌می شانۆ خه‌مێكی گهوردوونییه، ئه‌وه‌ی شانۆ بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات پێكه‌وه ژیان و گرێدانی ئازاره‌كانی مرۆڤه له‌هه‌ر جێگایه‌كی ئه‌م گۆی زه‌وییه‌دا بێت، شانۆ ئیش بۆ كه‌شفكردنی حه‌قیقه‌ت ده‌كات، هه‌وڵده‌دات ئه‌وه‌ی له ناوه‌وه‌ماندا خه‌فه‌مان كردووه ده‌ریبهێنێت و له ڕێگه‌یه‌وه بگاته بهنهانهكان، ئه‌گه‌رچی لێره‌و له‌وێ نوسه‌رانی شوێنكه‌وته‌ی ئیدیاڵه دژه مرۆییه‌كان ده‌ركه‌وتوون و كاریان بۆ ئه‌وه كردووه كه شانۆ بكه‌نه هۆكارێك بۆ بانگه‌شه‌ی ڕه‌گه‌زپه‌رستی و بیری ته‌سكی ئاینی و دیكتاتۆریه‌ت و هتد…، لێ هه‌ر زوو له ناوچوون و كاره‌كانیان به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیراون و نه‌یانتوانیوه له ڕێگه‌ی شانۆوه به ئه‌نجام بگه‌ن، چون شانۆ هونه‌رێكی مرۆڤدۆستانه‌یه‌و ناكرێت بكرێته ئامڕازی چه‌وسانه‌وه‌و له‌ناوبردن و له قاڵبدات، نمونه‌شمان بۆ ئه‌مه ئه‌و تێكسته گه‌وره جیهانیانه‌ن كه به جۆرێك له پێناو مرۆڤدا نوسراون له هه‌ر شوێنێكی ئه‌م دونیایه‌دا نمایش بكرێن، هاوسۆز و هاوخه‌می مرۆڤی ئه‌و شوێنه‌ن.
تێكستی شانۆیی (به ڕێكه‌وت مردنی ئانارشیستێك) به جۆرێك پڕۆسه‌ی به ئێرهكردنی تێدا ئه‌نجامدرابوو، له كاتی بینینیدا هه‌ستمان نه‌ده‌كرد له‌به‌رامبه‌ر نمایشی تێكستێكی بیانیداین، ئه‌مه به‌و مانایه نییه كه بڵێن: تێكسته‌كه له شوناسی خۆی داماڵرابوو، به‌ڵكو به‌و مانایه‌ی مامه‌ڵه‌ی ده‌رهێنه‌رو ستافی كاره‌كه به جۆرێك بووه، توانیویانه ڕۆحی ئێره له كاره‌كه‌یاندا بچه‌سپێنن و له نێوان ئێره‌ی كوردستان و ئه‌وێی ئیتاڵیادا هاوبه‌شییه‌ك بدۆزنه‌وه و له ئه‌نجامدا بینه‌ر هه‌ست بكات له‌به‌رده‌م نمایشێكدایه هه‌ڵگری خه‌م و ئازارهكانییهتی، كه ئه‌مه‌ش خاڵی سه‌ركه‌وتنی هه‌ر كارێكی هونه‌رییه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بیرۆكه‌ی گشتی تێكسته له‌لایه‌ن (داریۆفۆ)وه ده‌ڵێی بۆ ئێمه‌ی كورد له‌م دۆخه‌ی ئێستاماندا نوسراوه، ئه‌مه‌ش له دیالۆگێكی كاراكته‌ری ڕهوانپهرێشدا ده‌بیسترا كه ده‌یگوت: ڕه‌نگه نوسه‌ری ئه‌م ده‌قه له‌و شوێنه‌دا كه ئه‌م تێكسته‌ی نوسیوه هه‌مان ئه‌م شتانه‌ی ئێمه ڕوویان دابێت…….
ئه‌مه‌و چه‌ندین دیالۆگی دیكه وایكردبوو زیاتر بینه‌ر له نێو نمایشه‌كه‌دا هه‌ست به خۆی بكات و به‌ر حه‌قیقه‌تی خۆی بكه‌وێت، ئه‌گه‌رچی دڵته‌زێنیش بێت.
هه‌نگاونان به‌ره‌و گۆمیدیای ئه‌كادیمی
سه‌ره‌تادا باسمان له‌وه كرد، جگه له چه‌ند كارێك كه له ساڵانی حه‌فتاو هه‌شتاكانی ئێمه‌دا كراون، ناكرێت به به‌شێكی زۆری ئه‌و نمایشه كۆمیدیانه‌ی له پاش ڕاپه‌ڕینه‌وه كراون، بڵێین: (كۆمیدیای ئه‌كادیمی)، چونكه كۆمیدیای ئه‌كادیمی هه‌ڵكری مانای تایبه‌ت و گوتاری فه‌لسه‌فی و دونیابینی خۆیه‌تی، كه هه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانییه‌وه له یۆنانی كۆن و له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌رستۆفانیس، هۆكارێك بووه بۆ ڕه‌خنه‌گرتن له داب و كه‌لتوره دزێوییهكان.
له‌م كاره‌شدا دیسانه‌وه به‌ر نمایشێك كه‌وتین كه ڕه‌خنه‌ی توندی له یاسا و ده‌سته‌ڵات و نه‌ریته باوه‌كان ده‌گرت، ڕێسا‌و نه‌ریته سه‌پێنراوه‌كانی ده‌خسته ژێر پرسیاره‌وه و به‌جۆرێكی گاڵته‌ئامێز لێیان ده‌دوا، دوور له كرداری ناپێویست و نه‌شیاو كه ته‌نیا له پێناو پێكه‌نیندا بێت، هه‌روه‌ها له ڕێگه‌ی كۆمیدیایه‌كی دڵته‌زێنه‌وه ده‌یخستینه به‌رده‌م واقیعێك كه خۆمان تێدا ده‌بینییه‌وه‌و خه‌ممان ده‌خوارد كه ئێمه‌ش به شێكین له سیستمێكی گاڵته‌جاڕو ڕۆژانه له دامه‌زراوه‌و ده‌زگا جیاوازه‌كانی ئێمه‌شدا وه‌ها كۆمیدیایهك ده‌گوزه‌رێت.
لێره‌دا ئاماژه به كارێكی دیكه ده‌كه‌ین كه له فێستیڤاڵی شانۆی گه‌نجان له ساڵی 2010له هۆڵی ڕۆشنبیریی سلێمانی نمایش كرا، ئه‌ویش شانۆیی(به‌ڵام كۆتاییه‌كان له كۆتایی ناچن) له ده‌رهێنانی (دڵیر ئه‌حه‌د) و نواندنی (ڕه‌وه‌ند هاوڕێ، ڕێبین سدیق، دیار حه‌سیب، دڵشاد حسێن، نیان عبدالله)بوو، له‌و كاره‌شدا كۆمیدیایه‌كی جددیمان بینی كه هیچی كه‌متر نه‌بوو له‌و كۆمیدیانه‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌ر خۆشمان بینه‌ری ڕاسته‌خۆیان نه‌بین، له ڕێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه ده‌بینین له وڵاته جیاوازه‌كانی ئه‌م جیهانه‌دا پێشان ده‌درێن و به كۆمیدیای سه‌رده‌م ناوزه‌ند ده‌كرێن، كه به‌داخه‌وه وه‌ك زۆرینه‌ی كاره جددییه‌كانی ئه‌م وڵاته تێپه‌ڕی و قسه‌و باسێكی ئه‌وتۆی لێنه‌كرا.
بوونی ئه‌م نمایشه كۆمیدییه جددیانه وه‌ڵامێكه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه بێئاگایه‌نه و نا هۆشیارانه پێیان وایه شانۆی ئه‌كادیمی ئه‌و شانۆییه‌یه كار له‌سه‌ر تراژیدیا‌و دروستكردنی خه‌م و ئازار ده‌كات و هیچی دیكه، بێئه‌وه‌ی بزانن، شانۆ هه‌ر جۆرێك بێت، كار بۆ هه‌ڵكۆڵینی ناوه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌كات، له ئه‌نجامدا ده‌یه‌وێت شتێك له حه‌قیقه‌ت بخاته ڕوو.
به‌و شانۆییانهشهوه كه كۆمیدین، چونكه ده‌رنجام هه‌ڵكری هه‌مان گوتارن كه تراژیدیایه‌ك ده‌یه‌وێت بیڵێت، ئه‌وه‌ی ئه‌و دووانه لێك جیاده‌كاته‌وه تایپی بهیانكردنه، نه‌ك گوتار.
ئه‌كته‌ر، له كاراكته‌رێكه‌وه بۆ كاراكته‌رێكی دیكه.
گرۆتۆفسكی ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه” ده‌شێت ده‌ستبه‌رداری سه‌رجه‌می بنه‌ماو ڕه‌گه‌زه‌كانی شانۆ بین، وه‌ك ڕووناكی و مۆسیقا‌و ماكیاژو جل و به‌رگ و دیكۆری شانۆیی، ته‌نانه‌ت ده‌كرێت ده‌سبه‌رداری شوێنێكی تایبه‌ت بین بۆ نواندن جیا له شوێنی بینه‌ران، به‌ڵام ناكرێت شانۆیه‌ك هه‌بێت به‌بێ په‌یوه‌ندی ویژدانی و به یه‌كگه‌یشتنی زیندوی نێوان ئه‌كته‌رو بینه‌ر.” كه‌واته لێره‌وه تێده‌گه‌ین ئه‌كته‌ر هێزی بزوێنه‌ری نمایشه‌و به‌بێ بوونی ئه‌كته‌ر مه‌حاڵه كرده‌ی نمایش ڕووبدات، بۆیه گرنگه ده‌رهێنه‌ر هۆشیار بێت به‌رامبه‌ر به هه‌ڵبژاردنی ئه‌كته‌ر و به وریاییه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات، كه خۆشبه‌ختانه ده‌رهێنه‌ری ئه‌م شانۆییه به‌شێوازێكی گونجاو مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م لایه‌نه‌دا كردبوو، له ڕووی فۆڕمی ئه‌كته‌ره‌كان بۆ ئه‌و كاراكته‌رانه‌ی له تێكسته‌كه‌دا هه‌ن، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه مامه‌ڵه‌ی ئه‌كته‌ره له‌گه‌ڵ كاراكتهرهكهیدا كه ئێمه لێره‌دا كه‌مێكیش له‌و لایه‌نه ده‌دوێین.
شتێكی گرنگ كه ده‌بوو ده‌رهێنه‌ر ڕه‌چاوی بكردایه ئه‌وه بوو كه ماوه‌ی كاره‌كه‌ی كه‌مێك له‌وه‌ی هه‌بوو كه‌متر بكردایه‌ته‌وه، به تایبه‌تی دیمه‌نی لێكۆڵینه‌وه‌كه، كه بڕێك بێزاری لای بینه‌ران دروست ده‌كرد، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌سته به‌وه‌ی بینه‌ری ئێمه ماوه‌ی ده‌وێت تاوه‌كو ئاشنا بكرێت به نمایشی ماوه‌درێژ، هه‌روه‌ها زیادنه‌كردنی ئه‌و كاراكته‌ره‌ی له شوێنێكی نمایشدا سینییه‌ك قاوه ده‌هێنا كه ببوه هۆی دروست كردنی دابڕانی چاوی بینه‌ر و شێواندنی ڕیتمی نمایش.
سه‌ره‌تا باس له ئه‌كته‌ر (پێشڕه‌و حسێن) ده‌كه‌ین وه‌ك كاراكته‌ری سه‌ره‌كی، كه به‌رجه‌سته‌كاری ڕۆڵی(ڕهوانپهرێش)بوو.
له ڕابردوودا ئه‌م ئه‌كته‌ره زیاتر له جۆری ئه‌و نمایشانه‌دا ڕۆڵی گێڕاوه كه تراژیدین و كه‌متر به لای كۆمیدیادا چووه، كه زۆر كات ئه‌و جۆره له ئه‌كته‌ر ڕووبه‌ڕی ڕه‌خنه‌ی توندی ڕه‌خنه‌گران ده‌بێته‌وه‌و به ئه‌كته‌ری (یه‌ك شێواز) ناوی ده‌به‌ن، بۆیه گێڕانی ڕۆڵێكی له‌وچه‌شنه جۆرێكه له سه‌ركێشییه‌كی هونه‌ریی كه ئه‌م ئه‌كته‌ره پێههستاوه.
به‌تایبه‌ت كاتێك له‌و سهركێشییهدا سه‌ركه‌وتووه ده‌بێت، ئه‌وا به‌ره‌و داهێنانی ده‌بات و ده‌كرێت ناوی بنێین سه‌ركێشی له پێناوی داهێناندا.
له‌م نمایشه‌دا هه‌رچه‌ند له‌م ئهكتهرهمان ده‌نۆڕی، هه‌ستمان ده‌كرد له‌به‌رامبه‌ر ئه‌كته‌رێكی ئاماده‌و هۆشیاردا دانیشتووین، ئاماده بۆ ڕۆڵه‌كه‌ی، هۆشیار به‌رامبه‌ر نواندن، ئه‌و به جۆرێك به ئاگاییه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ڕۆڵه‌كه‌یدا كردبوو، كه‌لێنێك و بۆشاییهكمان نه‌ده‌بینی له نواندنیدا، له یه‌ك كاتدا له كاراكته‌رێكه‌وه ده‌چووه كاراتكهرێكی دیكه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچیان له‌وه‌ی پێشوو بچێت و بۆ ساتێك لێی تێكه‌ڵبێت، ئه‌مه‌ش له ڕێكه‌ی ئه‌و جوڵه‌و هه‌ڵسوكه‌وت و خووه ورد و تایبه‌تییانه‌وه بوو بۆ كاراكته‌ره‌كانی دۆزیبووه‌وه، كه پێویستییه‌كی سه‌ره‌كی هه‌ر نواندنێكی ڕیالیتییه.
ئه‌م ئه‌كته‌ره هه‌رگیز له ڕۆڵه‌كه‌ی دانه‌ده‌بڕا ته‌نیا ئه‌و كاتانه نه‌بێت كه وه‌ك جۆرێك له ته‌كنیك داده‌بڕا بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی مانای وشه‌یه‌ك له نێو دیالۆگهكانیدا، ئه‌مه‌ش لای ئه‌كته‌ره‌كانی دیكه‌ش وه‌ك تهنكیك به‌كارهاتبوو، كه ببووه هۆی ئه‌وه‌ی بینه‌ر به بیستنی وشه‌یه‌كی قوس و ئاڵۆز توشی به‌دحاڵیبوون نه‌بێت و به هه‌ڵه له هه‌ندێ ئیدیۆمی زمانه‌وانی تێنه‌گات، كه ده‌بنه هۆی گۆڕینی ئاڕاسته‌ی كاره‌كه، له هه‌مان كاتدا ئه‌م ته‌كنیكه یارمه‌تیده‌رێكی گونجاوبوو بۆ ئه‌وه‌ی به درێژایی نمایش جۆرێك له په‌یوه‌ندی هه‌بێت له نێوان ئه‌كته‌رو بینه‌ردا، ئه‌وه‌ش سیمایه‌كی دیاری هونه‌ری هاوچه‌رخه.
یه‌كێكی دیكه له‌و ئه‌كته‌رانه‌ی ببووه جێگه‌ی سه‌رنجی زۆری بینه‌ران و توانیبووی بڕێكی باش له پانتایی نمایش داگیر بكات (شاد شه‌وكه‌ت)بوو كه ڕۆڵی(پاسه‌وان)ی ده‌گێڕا، به جه‌سته‌یه‌كی گونجاوو ده‌نگێكی ئاماده‌وه له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ نواندنی ده‌كرد، ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامی ڕۆچوونی وردی ئه‌و ئه‌كته‌ره‌وه هاتبوو به نێو ڕه‌هه‌نده جیاوازه‌كانی كاراكتهرهكهیداو ساتێكیش بیرینهچووهوه ئه‌و ڕۆڵی پۆلسێكی پاسه‌وان ده‌بینێت و پێویسته وه‌ك پاسه‌وانێك ڕه‌فتار بكات، كه به‌داخه‌وه له زۆر له ئه‌كته‌رانی بواری شانۆ‌و سینه‌مای ئێمه‌دا ئه‌و دابڕان و بیرچونهوهیهی كاراكته‌ر به‌دیده‌كرێت، هه‌ر ئه‌م ئه‌كته‌ره له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له چاو هه‌ندێك له كاراكته‌ره‌كانی دیكه‌دا دیالۆگی كه‌مبوو، به‌ڵام له ڕێگه‌ی جوڵه‌ی گونجاوه‌وه توانیبووی مه‌ودایه‌كی فراوان بۆ جه‌سته‌ی فه‌راهه‌م بكات و له‌و ڕێگه‌یه‌وه چاوی بینه‌ر بۆ خۆی ڕابكێشێت، ئه‌و توانیبووی له ڕێگه‌ی نواندنی خۆیه ئه‌و وته‌یه پشت ڕاست بكاته‌وه كه ده‌ڵێت: ڕۆڵی گه‌وره‌و بچوك نییه، به‌ڵكو ئه‌كته‌ری گه‌وره‌و بچوك هه‌یه.
(نه‌هرۆ محمد)یش كه یه‌كێكی تر بوو له‌و ئه‌كته‌رانه‌ی له‌م نمایشه‌دا ڕۆڵی (سه‌رۆك)ی ده‌گێڕا، ئێمه له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا له ئه‌م ئهكتهرهمان له هه‌ریه‌ك له شانۆییه‌كانی (كه‌ڵه‌گاكان)و (نه.هه‌نگ)دا بینیوه، ئه‌و توانیویه‌تی جێگه ده‌ستی خۆی له نێو هه‌ریه‌ك له‌و كارانه‌دا دیاری بكات و ببێته جێگه‌ی سه‌رنجی بینه‌ران و لیژنه‌كانی هه‌ڵسه‌نگاندنی فێستیڤاڵ، ئه‌م ئه‌كته‌ره له یه‌كێك له‌و دوو كاره‌ی ڕابردووی و ئه‌م كاره‌ی ئێستاش قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین ڕۆڵی كۆمیدیی گێڕاوه، بۆیه كاتێك له‌م نمایشه‌دا بهریكهوتینهوه یاده‌وه‌ریمان بردینییه‌وه بۆ شانۆیی (كه‌ڵه‌گاكان)و ڕۆڵی ئه‌و (پادشا)یه‌ی به شێوازێكی كۆمیدیی له‌وێدا ده‌یگێڕا، كه به بۆچوونی ئێمه ئه‌م باره لایه‌نێكی نه‌رێنی ئه‌م ئهكتهرهیهو ناكرێت له دوو كاری جیاوازدا هه‌مان شێواز نواندن بكرێت، ده‌كرا جیاوازی له نێوان ئه‌و دوو ڕۆڵه‌دا بكردایه و له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنی فۆڕمێكی نوێ بۆ جه‌سته‌ی و دووركه‌وتنه‌وه له‌و جوڵه و ڕۆیشتن و شێوازی دیاڵۆك وتنه‌ی كه له ئه‌زمونه‌كانی پێشویدا به‌كاریهێناوه، نواندنێكی نوێی پێشكه‌ش بكرینایه، گونجاویش نییه بۆ ئه‌كته‌رێك له ڕێكه‌ی چه‌ند ئاماژه‌یه‌كی دووباره‌وه كه پێشتر لێمان بینیوه، بیه‌وێت نواندێكی جیاوازمان له‌وانی دیكه‌ی نیشان بدات، چون گرنگه كاتێك ئه‌كته‌ر له ڕۆڵێكهوه به‌رگی ڕۆڵێكی دیكه ده‌پۆشێت، به له‌به‌رچاوگرتنی كاره‌كانی پێشووی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ڕۆڵه نوێیه‌كه‌یدا بكات و نه‌هێڵێت خاڵی لێكچوون له نێوانیاندا هه‌بێت.
یه‌كێكی تر له‌و ئه‌كته‌رانه‌ی له‌م نمایشه‌دا به‌شداربوو(نیشتیمان عبدالله)بوو، كه ڕۆڵی(ڕۆژنامه‌نوس)ی ده‌گێڕا، ئه‌م ئه‌كته‌ره له ڕووی جه‌سته‌وه گونجاوبوو، ده‌كرا به‌هه‌مان شێوه ده‌نگیشی زیاتر بخاته خزمه‌ت كاراكتهرهكهیهوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به ئاسانی هه‌ستی پێده‌كراو له‌م نمایشه‌دا ببووه جۆرێك له گرفت، جیاوازی شێوازی نواندنی ئه‌م ئهكتهرهبوو له‌گه‌ڵ شێوازی نواندنی ئه‌كته‌ره‌كانی دیكه‌دا، كه ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌كته‌ره له نواندنی ئه‌كته‌ره‌كانی به‌رامبه‌ری وردنهببوهوه، تاكو له‌و ڕێگه‌یه‌وه شێوازی نوندنی خۆی بدۆزێته‌وه، یاخود له گفتووگۆی وردی تێكستدا ئاماده‌نه‌بووه تاكو له ورده‌كارییه‌كانی ڕۆڵه‌كه‌ی تێبگات، به‌ڵكو سه‌ربه‌خۆ نواندنی دهكردو په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ره‌كانی تردا دروست نه‌كردبوو، كه ببووه هۆی له ده‌ستدانی هارمۆنیه‌تی نمایش و هه‌ندێك جاریش زیان گه‌یاندن به ڕیتمی نمایش.
ئه‌نجام:
بینینی نمایشی (به ڕێكه‌وت مردنی ئانارشیستێك)ئومێدی به‌خشییه ئێمه به‌وه‌ی هێشتا شانۆیه‌كی كۆمیدیی جددی ماوه و ده‌كرێت وه‌ك هه‌نگاوێكی گرنگ ته‌ماشای بكه‌ین و به هه‌وڵێكی باشی بزانین بۆ بونیادنانی شانۆیه‌كی كۆمیدیی ئه‌كادیمی، كه وه‌ڵامێك بێت بۆ ئه‌وانه‌ی به ناوی كۆمیدیاوه سوكایه‌تی به شانۆ ده‌كه‌ن و به كاره ناجددییهكانیان دونیای شانۆ له‌م هه‌رێمه‌دا به‌ره‌وه ئاقارێكی خراپ ده‌به‌ن.
سه‌رچاوه‌كان:
1- شانۆ‌و تاعون، ئه‌نتۆنین ئارتۆ، و: مسته‌فا قه‌سیم، ژماره(2) گۆڤاری شانۆ.
2- ئه‌كته‌ر له شانۆی گرۆتۆفسكی، عبدالرحمن التمیمی، و: شۆڕش محمد حسێن، ژماره(5) گۆڤاری شانۆ.
3- كۆمیدیای ڕه‌ش، حمه سه‌عید حه‌سه‌ن، ماڵپه‌ڕی ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر.
4- ده‌سپێكی مێژووی ڕه‌خنه‌ی شانۆیی، دانا ڕه‌ئوف، ژماره(8) گۆڤاری شانۆ.
ئه‌م نوسینه له ژماره(55)ی گۆڤاری (گه‌لاوێژی نوێ)دا بڵاوبۆته‌وه.
Dastan.barzan@gmail.com
داستان به‌رزان