Skip to Content

Tuesday, October 8th, 2024
(عافێت)ی (خۆشناوان)

(عافێت)ی (خۆشناوان)

Closed
by April 27, 2012 گشتی

 

مه‌لامحه‌مه‌دی كۆیی كوڕی مه‌لا عه‌بدوڵڵای جه‌لی زاده‌ ناسراو به‌ (مه‌لای گه‌وره‌) زانایه‌كی لێهاتوو و لێوه‌شاوه‌ی ناو وڵاتی كورده‌واری بووه‌و وتارو گوفتارو كرداره‌كانی كاریگه‌ریی خۆیان بۆ ئه‌وسا هه‌بووه‌و سه‌رنجه‌ ورده‌كانی بۆ ئێستایش مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ركردنه‌، به‌تایبه‌تی هه‌ندێ‌ له‌ بڕوا نه‌گۆڕه‌كانی و تایبه‌تتریش هه‌قبێژی و راستی گوتنه‌كه‌ی، كه‌ ئه‌مه‌ كاری كردبووه‌ سه‌ر كوڕه‌ زانایه‌كه‌یشی (مه‌سعوود محه‌مه‌د) و بناغه‌یه‌كی فیكری و مه‌عریفی له‌ دوای خۆی جێهێشتووه‌، له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ له‌نێو ئه‌و هه‌موو ده‌ستنووس و به‌رهه‌مانه‌ی جه‌نابی مامۆستای گه‌وره‌دا، خۆشبه‌ختانه‌ له‌ساڵی 2009دا سه‌رجه‌می ته‌فسیره‌كه‌ی له‌ ده‌ به‌رگ دا چاپ و بڵاوكرایه‌وه‌و ئه‌م ته‌فسیره‌یش سه‌نگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ به‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌تاكانی ته‌فسیری كوردی ده‌ژمێردرێ‌ و شێوازێكی تایبه‌تی له‌ نووسینی میتۆدی ته‌فسیره‌كه‌دا هه‌بووه‌، كه‌ زۆر به‌ ده‌گمه‌نی ئه‌م شێوازه‌ لای موفه‌سیره‌كانی تر ده‌بینرێ‌، به‌ جۆرێك زۆر جاران وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ ته‌فسیره‌ك بۆ كه‌سانێكی زانا بنوسێ‌ و ته‌فسیری ئایه‌ته‌كه‌ی له‌بیر كردووه‌و به‌ره‌و چاره‌سه‌ری هه‌ندێ‌ ده‌ردو نه‌خۆش كۆمه‌ڵایه‌تی رۆیشتووه‌، كه‌ له‌و سه‌رده‌م دا كۆمه‌ڵگا به‌ده‌ستیانه‌وه‌ ده‌یناڵاند.
ئه‌گه‌ر ئه‌م ته‌فسیره‌ به‌ وردی شه‌ن و كه‌و بكرێ‌، ئه‌وا زۆر لایه‌نی مێژوویی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و بیره‌وه‌ری و زانستی و …هتد لێی ده‌دۆزرێته‌وه‌ و به‌ هه‌موویان خه‌رمانێكی ده‌وڵه‌مه‌ندیان پێكهێناوه‌. خۆشناوه‌تی وه‌ك زێدی بنه‌چه‌ی مه‌لای گه‌وره‌ (جه‌لی) و وه‌ك دراوسێی خۆشناوان و وه‌ك ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی مامه‌ڵه‌و میوانداری و ره‌فتاری له‌گه‌ڵ خۆشناوه‌كان بووه‌ به‌به‌راورد به‌ هۆزو تیره‌كانی غه‌یره‌ كۆیی، ئه‌مه‌ وایكردووه‌ بێ‌ ویست ته‌فسیره‌كه‌ی هه‌ندێ‌ له‌تیفه‌و قسه‌ی نه‌سته‌ق و رووداوی خۆش و ناخۆشی خۆشناوه‌تی و هه‌ڵسوكه‌وتی هه‌ندێ‌ له‌ خۆشناوه‌كانیش له‌خۆیدا به‌رجه‌سته‌ بكات، كه‌ ئێمه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین هه‌ر جاره‌و لایه‌نێك له‌ ژیان و باره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی خۆشناوه‌كان له‌و ته‌فسیره‌دا هه‌ڵبهێنجین بۆ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ك زانیاری له‌ باره‌ی بارودۆخی ئه‌وسای كه‌ ئه‌و ته‌فسیره‌ی پێ‌ نووسراوه‌ یان پێشتر وه‌ربگرین و له‌لایه‌كی تره‌وه‌ به‌هه‌ندێ‌ كه‌سایه‌تی و مێژووی نارۆشنی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ ئاشنا ببین.
(1)
(عافێت)
ئه‌ده‌بی ئاو خواردنه‌وه‌ له‌ ئیسلامه‌تیشدا گرنگی پێدراوه‌ له‌ شێوازو چۆنیه‌تی ئاو خواردنه‌وه‌و ناوی خوا هێنان و سوپاسگوزاری ده‌ربڕیندا، به‌ڵام دوای ئاو خواردنه‌وه‌ ده‌ربڕینی وشه‌ی (عافێت)، یان (عافێت بێت) وه‌ك ئه‌ده‌بێكی جوان له‌ كورده‌واری ته‌ماشاكراوه‌و دیاره‌ له‌لای (مه‌لای گه‌وره‌دا) به‌ ئه‌ده‌بێكی جوان ناسێنراوه‌و له‌ ته‌فسیری ئایه‌تی (كلوا واشربوا هنیئا) دا وشه‌ی (هنیئا)ی به‌ (عافێت) ته‌فسیر كردووه‌و له‌و روانگه‌وه‌ نمونه‌ی (عافێت)ی به‌ ئه‌ده‌بی ناو خۆشناوه‌كان وه‌سف كردووه‌، كه‌ رای وایه‌ ئه‌ده‌بێكی زۆر جوانه‌ بۆیه‌ ئه‌و دیارده‌یه‌ی به‌ چاوی خۆی بینیوه‌و بۆ ناو ته‌فسیره‌كه‌ی گواستۆته‌وه‌:
((زاتێ‌ هه‌بوو گه‌وره‌و موحته‌ڕه‌م، خادیمی دین و عیلم، میرانی خدر به‌گ-ی ره‌ئیسی فرقه‌ی خۆشناوی پشت گه‌ڵی، پیاوێ‌ به‌ ویقاڕو موهیب بوو، قازیه‌ شافیعی مه‌زهه‌ب-ی دانا بوو، بۆ قه‌وم، فه‌صلی ئه‌حكام بكا، قازیش مه‌لامحه‌مه‌دی ناوبوو، مه‌لایه‌ به‌دین و باش بوو، وابزانم له‌ ته‌لامیزی بابم بوو، كه‌ میر له‌ مه‌جلیس ئاوی خواردبایه‌وه‌، قازیی ئه‌ی وت: (میرانا عافێت!) ئه‌وانی حازری مه‌جلیس تێكڕا ئه‌یان وت: ئامین بڵێ‌ شاڵڵا. لاكین عاده‌تی عافێت بوون دوای ئاوخواردنه‌وه‌ له‌ وڵاتان نه‌ماوه‌، من لام زۆر جوانه‌، كه‌ یه‌كێ‌ له‌ مه‌جلیس ئاوی خوارده‌وه‌ نه‌ختێ‌ به‌ ئارام پێی بڵێن: عافێتت بێ‌.)) ته‌فسیری كوردی، به‌رگی ده‌یه‌م، لا344.
له‌ هێنانه‌وه‌ی ئه‌م به‌سه‌رهاته‌دا ئه‌م خاڵانه‌ هه‌یه‌:
1-    به‌ باشه‌ باس كردنی میرانی خدربه‌گی پشت گه‌ڵی، وه‌ك كه‌سێكی به‌ڕێزو خزمه‌تكاری ئایین و زانست، كه‌ مه‌دره‌سه‌كانی ئه‌وسای بێتواته‌ گه‌واهی ئه‌و راستیه‌ن.
2-    مه‌لامحه‌مه‌دی قازیی، قازیی ئه‌وسای بێتواته‌، كه‌ مه‌لایه‌كی دیندارو ئاست به‌رزبووه‌، هه‌وڵدان بۆ نووسینه‌وه‌ی ژیاننامه‌ی ئه‌و زانایه‌ كارێكی باشه‌، ئه‌مه‌ش له‌ رێی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی چی له‌باره‌ی ئه‌و مه‌لایه‌ گوتراوه‌.
3-    داب و نه‌ریتی ئاوخواردنه‌وه‌ له‌ناو هۆزی خۆشناوه‌تی دابێكی په‌سندو باشه‌ و له‌لای خه‌ڵكی تر aنه‌مابێت، ئه‌م دیارده‌ جوانه‌ له‌لای خۆشناوه‌كان ماوه‌.
تێبینی: ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ژماره‌ (4)ی گۆڤاری (دیمه‌ن) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.



هێمن عومه‌ر خۆشناو-شه‌قڵاوه‌

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.