
مانگای پلایسـخـۆر … ئـاری عوسمان خه‌یـات
چیرۆك:
(1)
من گره‌نتی ئه‌وه‌تان ناده‌مێ، تا كۆتایی ئه‌م چیرۆكه‌تان بۆ ته‌واو بكه‌م، چونكه ماوه‌یه‌كه دكتۆر حه‌به‌كه‌ی بۆ گـۆڕیـوم، چه‌نێك پێمگوت: ئه‌م حه‌به سووره ناخۆم، حه‌زم به حه‌به‌كه‌ی خۆمه، كه‌چی ئه‌و ده‌عبا چاویلكه له‌چاوه، گوێی نه‌دامێ و هه‌ر ده‌یگوت: ئه‌مه‌یان زۆر باشه، وات لێده‌كا ئیدی بیـر له هیچ نه‌كه‌یه‌وه.
گوتم: ئاخر ئه‌گه‌ر بیر نه‌كه‌مه‌وه، دیسانه‌وه نه‌خۆش ده‌كه‌وم.
كه‌چی وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و من بێ، تۆزێك قورس سه‌ری هه‌ڵبڕی و گڵماندی: من ئه‌زانم، نه‌خـۆش گیان، نه‌ك تۆ.
به‌رله‌وه‌ی خۆم وام به‌سه‌ر بێ، هه‌ستم كرد شتێكی سه‌رسورهێن له دكتۆره‌كه‌مدا ڕووی داوه، به‌ڵام هه‌ر زوو بیـرم كه‌وته‌وه لای ئه‌وه‌ی، ئاخۆ بۆچـی ئه‌م حه‌به‌ی بۆ گۆڕیم، خۆ من ئه‌وه سێ ساڵه هـه‌ر ئه‌وه‌ی خۆم به‌كاردێنم، ئه‌و حه‌به هینه‌كه‌یه، كوڕه ئه‌ی خـوا، هه‌م ناویـم بیـرچوویه‌وه.
(2)
ئه‌وه‌تا دیسان، دیسانه‌وه تێكچوومه‌وه، نابێ وه‌ك جاری پێشوو، دنیا له خـۆم پڕكه‌م، ده‌رودراوسێ پێیان زانیم، هـه‌رچـه‌ن ناشكوری نه‌بێ، من ده‌رم كوا و دراوسێیش هه‌ر ته‌نها ئه‌و مام سه‌مینه داماوه‌یه، كه خـوا هه‌ڵناگرێ زۆرجار به‌كه‌ڵكم هاتووه.
ده‌بێ كه‌س به‌و نهێنییه نه‌زانێ، كه ماوه‌یه‌كه دڵی په‌نماندووم، عه‌ینه‌ن ده‌بده‌به‌ی ئاو. مێشكم، هه‌روه‌ك میزه‌ڵانه‌كه‌ی ده‌ستی (دیاری)، هه‌ڵاوساوه. وه‌خته ڕۆحم له كوونی هینمه‌وه… لوتمه‌وه ده‌رئه‌چـێ، ئه‌وه‌تا په‌نـجه كه‌ڵه‌ی ده‌ستی ڕاستم، جارجار له‌خـۆوه ده‌پـژمـێ، وا بزانم ئه‌نفله‌وه‌نزای باڵنده‌ی گرتووه. دوێنێ شه‌ویش به هه‌ردوو گوێـچكه‌م تێرتێر گریـام، چونكه به كه‌پـووی خۆم دیتم، ده‌مم چـوو بوو، له حه‌مامه‌كه، پڕ ته‌شتێك گووی فه‌رموو بوو!
شێڕاندنم: هـه‌ی هاوار فریام كه‌ون، كوڕه بۆ خاتری خوا به ده‌نگمه‌وه بێن، من ده‌مشیـڕاند: ئه‌ی هاوار ئه‌وه ده‌م چـۆن ئاوها گووی ده‌كا… وه‌رن هیچ نه‌بێ هه‌ر بۆخۆتان ته‌ماشای كه‌ن، ئه‌و فیلمه‌ی ببینن، كه‌چی سه‌گبابێك نه‌بوو فریام كه‌وێ، تا له‌و خواره‌وه، گوونـم گوتی: ده لێگه‌ڕێ هاوڕێ، خۆ قابیل چییه؟!
من ئه‌وه‌نده‌ی تر زه‌نده‌قم چـوو، خراپتـریش قیژاندنم، به‌و قیژه‌یا، ده‌نگی ئه‌و جاره‌ی (مام سه‌مین)م، بیركه‌وته‌وه، كاتێ خه‌به‌ریان دایێ: كوڕه گه‌وره‌كه‌ت، له تۆتۆمبێل وه‌رگه‌ڕاوه و نازانم چی به‌سه‌ر هاتووه… منیش ئاوا، وه‌ك گوتم، وابزانم تۆزێك توندتریش قیژاندم. ناهه‌قی خۆم ناگرم، ئاخر، كوا گون قسه‌ی ده‌كا، خـوایه.
ئه‌و شته حیزه‌ی پێشینان پێیانگۆتییه: ده‌ڵێی گونی، ده‌تبـڕم ئازارم ده‌دی، ناتبـڕم ته‌ككه‌ت دێ و بێزارم ده‌كه‌ی، كه‌چی ئه‌وه‌تا ئێستا وا دڵی من ده‌داته‌وه، ئه‌و ئه‌ندامه به‌دبه‌خت و كه‌ساسه‌ی جه‌سته‌ی مرۆڤ، كه تا ژیان ماوه، ده‌بێ هـه‌ر لـه‌ده‌رێڕا، چاوه‌ڕێـی ئه‌و هاوڕێ بێوه‌فایه‌ی خۆی بێ، كه هه‌رگیز بۆ جارێكیش چییه، ده‌گه‌ڵ خۆی نایباته ژوورێ.
(3)
من نازانم چیمه، به‌ڵام دڵنیام به‌ر له‌وه‌ی ئه‌م حه‌به سـووره بـخۆم، كاری وا سه‌یر و سه‌مه‌ره‌م نه‌ده‌كرد. یانێ قسه‌ی وا هه‌له‌ق و به‌له‌قم نه‌ده‌گوت. هه‌رچه‌ن زۆرن ئه‌وانه‌ی پێیانوایه تازه زمانی من قـۆڕ بووه، یه‌عنی ئه‌خلاق له زمانما نه‌ماوه، به‌ڵام بڕواتان بێ، من به كرده‌وه هه‌ر كوڕه‌كه‌ی جارانم و چ (حه‌یب)یشـم، نییه، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێ، هاتووم ده‌مه‌وێ چیرۆكێك بگێڕمه‌وه، كه ئه‌وه‌تا شتێك له ناوه‌وه‌مـڕا، ڕێگریم ده‌كا و ناهێڵێ. مام سه‌مین ده‌ڵێ: له‌وانه‌یه حه‌به سووره‌كه بێ.
ئه‌ها ته‌ماشاكه‌ن چۆن له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵده‌وه‌شێمه‌وه.. ئینجا زمانی قوڕبه‌سه‌ری چ…
من به‌رله‌م حه‌به سووره، چاوم كۆڵنجی نه‌ده‌كرد، په‌نجه‌م نه‌ده‌پژمی و كه‌پووم شتی نه‌ده‌دی، هه‌روه‌ها من هه‌رگیز نه‌مدیوه، ده‌م بچێ، له حه‌مامان گووی بكا، ئه‌ویش قه‌یدی نییه، ئه‌دی مه‌سه‌له‌ی گوونه‌كه…
بۆیه واز له‌وه بێنن، ئه‌مه چیرۆكه یا نه، چونكه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه پێمگوتن، به‌ڵێنی ئه‌وه‌تان ناده‌مێ، بتوانم تا كۆتایی له‌گه‌ڵتان بم و گێڕانه‌وه‌تان بۆ بگه‌یه‌نمه سـه‌ر، كه‌واتا یا هه‌ر ئێستا ده‌ست له خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵگرن، یا بیـر له هه‌ندێ شتی تریش مه‌كه‌نه‌وه، بۆ نمونه: مه‌پرسن ئایا كۆتایی ئه‌م چیـرۆكه ده‌گاته چی؟ یا مه‌پرسن: ئاخۆ چی له خوێندنه‌وه‌ی فێر ده‌بن؟ ئه‌گه‌ر بڕواش به من ناكه‌ن و پێتانوایه شێت و حولحولیم، ئه‌وا ئه‌توانن له مام سه‌مین بپرسن، یان فه‌رموون له‌گه‌ڵم بن، با خۆم ئه‌م په‌ره‌گرافه‌ی تریشتان بۆ بنووسمه‌وه.
(4)
باشه… به‌ڵام پێش ئه‌وه ده‌بێ ببوورن، گه‌ر هه‌ڵه‌ی تایپتان له‌هه‌ر شوێنێكدا به‌رچاو كه‌وت، چونكه نه‌ختێك پێش ئێسته، چاوی چه‌پم، چـووبـووه به‌ر خۆره‌تاوه‌كه، چه‌نێك با‌نگم كرده‌وه، گوێی نه‌دامێ.
چاوی چه‌پم، ده‌یگوت: نه‌خۆش گیان، كۆڵنجێكی پیسم كردووه..!
من ئه‌گه‌ر نه‌خۆشیش بم، دڵنیام هێشتا شێتی ڕاسته‌قینه نیم، شێتبوون په‌سه‌پۆرتێكی زۆر باشـه بۆ په‌ڕینه‌وه له سنووری بێ عه‌قڵیی ئه‌م مه‌خلوقاته بێ باكه، به‌ڵام من ناتوانم له‌م سنووره ده‌ربازبم، كه هه‌ر نازانـم چـۆنچۆنی تێكه‌وتووم، بۆیه (ئه‌دوه‌ره شێت)، گه‌ر ئێسته مابا، بـۆی هه‌بـوو، سبه‌ینێ بچێته مه‌حكه‌مه و –لای ئه‌و حاكمه گزگله‌ی كه به‌یانیان خۆی نۆ و چل و پێنج ده‌ققه ده‌چێته ده‌وام، كه‌چی ده‌یه‌وێ موڕاجیعه‌كانی شه‌ش و نیوی به‌یانی، له‌به‌ر پێی هه‌ڵبستن– ده‌عوایه‌كمان له‌سه‌ر قه‌ید بكا، به تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی سووكایه‌تیمان به شێته‌كانی شار كردووه.
(5)
سه‌ڵاو…
من مام سه‌مینم، دراوسێی هاوڕێكه‌تان، ئه‌وه‌ی حه‌وتوویه‌كه دیار نه‌ماوه، نازانم كامتان ته‌له‌فۆنتان بۆ كردم، كه‌س لێره نییه، زۆر تووڕه‌م، هه‌موو به‌یانی و ئێوارانێك دێمه ئه‌م ماڵه چـۆڵ و هـۆڵه‌وه، هیچ ئاسه‌وارێك دیار نییه، به‌ده‌ر له‌م دوو سێ لاپه‌ڕه‌یه نه‌بێ، كه ئێستا ده‌یانخوێنمه‌وه، به‌ڵام من گره‌نتی ئه‌وه‌تان ناده‌مێ، تا كۆتایی ئه‌م چیرۆكه‌تان بۆ ته‌واو بكه‌م، چونكه ماوه‌یه‌كه دكتۆر حه‌به‌كه‌ی بۆ گـۆڕیـوم، چه‌نێك پێمگوت: ئه‌م حه‌به شینه ناخۆم، حه‌زم به حه‌به‌كه‌ی خۆمه، كه‌چی ئه‌و ده‌عبا چاویلكه له‌چاوه، گوێی نه‌دامێ و هه‌ر ده‌یگوت: ئه‌مه‌یان زۆر باشه، وات لێده‌كا ئیدی بیـر له هیچ نه‌كه‌یه‌وه…
(6)
ئه‌وه سێ ڕۆژه توخنی ته‌واوكردنی ئه‌م چیرۆكه نه‌كه‌وتووم، وتم به‌شكو بتوانم، ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ بۆتانی بگێڕمه‌وه، به‌پێی بنه‌ماكانی هونه‌ری چیـرۆكنووسین به‌ڕێوه بـچێ، هه‌ر هیچ نه‌بێ تۆزێ هه‌ڵه‌ی تایپی كه‌متـر تیا بێ، یا هیچ نه‌بێ شتێكی وا بـێ، وه‌ك ئه‌وانی تر بارێك جنێوی خوێنه‌رانم له‌گه‌ڵ خۆ‌یا بۆ نه‌هێنێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌تا…
ده‌ی له‌وه گه‌ڕێن، تكایه ته‌له‌فۆنێ بۆ مام سه‌مینی دراوسێم بكه‌ن، به‌شكو له دكتۆره‌كه بپرسێ: گه‌ر پیاو پارچه‌پارچه‌ش هه‌ڵوه‌شێته‌وه، هه‌ر حه‌به سووره‌كه بـخوا، باشـه؟
* تێبینی:
1. سوپاس بۆ مام سه‌مین، هه‌ڵه‌چنی ئه‌م چیرۆكه‌ی گرته ئه‌ستۆ، به‌ڕاستی پیاوێكی باشه.
2. هه‌روه‌ها پرسیاری ئه‌وه‌م لێ مه‌كه‌ن، ئاخۆ په‌یوه‌ندی ناونیشان به ناوه‌ڕۆكی ئه‌م چیرۆكه، له چیدایه؟ چونكی ئه‌ویش هه‌ر (مام سه‌مین) بۆی داناوه.
3. تكایه تێبینی دووه‌م، له‌گه‌ڵ كۆتاییه‌كانی په‌ره‌گرافی سێیه‌مدا بخوێننه‌وه، چونكه ڕاستییه‌كه‌ی، ده‌بوو مام سه‌مین له‌وێی دانابا.
ئـاری عوسمان خه‌یـات
ari.xeyat@yahoo.com