
چه‌مكی گوناه له‌ماڵ وخوڵقاندنی ماڵ وه‌ك شوێنێكی سارد
ماڵ له شانۆگه‌رییه‌كانی سترێندبێری بابه‌تێكی سه‌ره‌كی ناو تێكسته‌كانه، ده‌نگی توڕه‌ی ناخی كاره‌كته‌ر له‌به‌رامبه‌ر سیستمه ناشیرینیه‌كانی ماڵ ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی بیرۆكه‌ی ڕاكردن له ماڵ وخه‌ون بینین به ماڵێك كه ئارامی تیا وه‌ده‌ست بێنن، كاره‌كته‌ره‌كان نوقمی ئه‌و بیرۆكه‌یه ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌و بیرۆكه‌یه هه‌میشه به شكست و كۆتایی ماڵ له‌ناو مردن ته‌واو ده‌بێت، ئه‌وه‌ش واده‌كات وێنه‌ی هاودژی ماڵ هاوته‌ریب بێته‌وه به‌وێنه‌ی دووباره بوونه‌وه‌ی وێنه‌ی گوناه له‌ناو ماڵ، بۆیه نهێنی ماڵ شاردنه‌وه‌یه‌تی له‌ناو خانوو، به‌وه‌ی خانوو وه‌ك بیناسازی ده‌بێته هۆی داپۆشینی نهێنی په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی خێزان ئه‌وه‌ش له شانۆگه‌ری (سۆناتای تارمایی) به‌ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێت، به‌وه‌ی خانوو بۆ كه‌سی ده‌ره‌وه‌ی ناو ماڵ بریتیه له‌ماڵێكی قه‌شه‌نگ كه هیوای بۆ بخوازین، له‌كاتێكدا ماڵ بۆ خۆی تراژیدیای ترسناكی هه‌یه كه په‌یوه‌سته به په‌یوه‌ندیی ئه‌ندامه‌كانی خێزانه‌وه “ژنه‌كه تۆرا، ئه‌وه‌بوو كابرا ژنه‌كه‌ی داركاریی كرد، دووباره گه‌ڕایه‌وه ماڵه‌وه، دووباره شووی پێ كرده‌وه‌و وائێستاكه وه‌كو مۆمیاكراوێك له‌نێو ئه‌و ماڵه‌دا دانیشتووه” (1)
بۆیه ئه‌و دوو وێنه‌یه‌ی ماڵ هه‌یه‌تی له‌نێوان ماڵ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ناویدا ده‌ژین، وه ماڵ بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ده‌ره‌وه تێی ڕاده‌مێنین، دوو وێنه‌ی جیاواز ودژ به‌یه‌كن، كه له‌نێوان خه‌ون به‌ماڵ وتراژیدیای ماڵ خۆیان ده‌نوێنن، بۆیه له‌ده‌وروبه‌ری ئه‌و ماڵه‌دا خانوو ده‌ڕووخێت وهیچ ئاسه‌وارێك دوای ڕووخانی به‌جێ نایه‌لێت، ئه‌وه‌ش مه‌ترسی ئه‌و تراژیدیایه كه ماڵه‌كان له‌ئه‌نجامی په‌یوه‌ندیه ناسرووشتیهكان وێران ده‌بن “هاتمه ئه‌وێ، به‌رامبه‌ر ئه‌و خانووه‌ی كه‌هه‌رگیز پێشتر نه‌مبینیبوو ڕاوه‌ستام.. ئه‌وساته چاوم بهدرزێك لهخانووهكهدا كه‌وت، گوێملێ بوو چۆن قرتهیهك له بنمیچی نێوان نهۆمهكانهوه به‌رز بووه‌وه، ڕامكرده پێشه‌وه‌و هاوارم له منداڵێك كرد بێت بۆ لای من، كه له‌بن دیواره‌كه ڕێگه‌ی ده‌كرد.. له‌چركه‌ساتی دوای ئه‌وه خانووه‌كه‌دا ڕما.. من ڕزگار بووم، به‌ڵام له‌باوه‌شی مندا، ئه‌و باوه‌شه‌ی، كه من له‌و باوه‌ڕه‌دا بووم منداڵه‌كه‌ی تیایه، هیچی تیا نه‌بوو” لا 52-53
كۆنبوونی خانوو.. به‌ته‌نیا په‌یوه‌ست نیه به كه‌ڕوو هه‌ڵهێنانی باڵه‌خانه‌كه، هێنده‌ی ئه‌وه به‌ره‌نجامی تێكچوونی په‌یوه‌ندیه‌كانی مرۆڤه‌كانه له‌ماڵدا “ده‌بینی، كاتێك خانووێك كۆن ده‌بێت، ئه‌وجا كه‌ڕوو ده‌گرێت، كاتێك مرۆ ماوه‌یه‌كی زۆر پێكه‌وه دانیشن وئازاری یه‌كتری بده‌ن، ئه‌وسا ئه‌وان تێكده‌چن” لا 75
ئه‌وه‌ش هۆكاری ئه‌وه‌یه كه مێژووی ماڵ بووه به مێژووی ئازار‌و سه‌ركوتكردن، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات هه‌موو شتێك له ماڵدا ببێته ڕه‌مز بۆ مردن، بۆیه ماڵ بۆ درووست كردنی مێژووی سته‌م توانیویه‌تی كۆڵۆنێڵ بكات به ڕه‌مزێك بۆ زه‌بروزه‌نگ، به‌ڵام كاتێ ئه‌و ده‌مامكه ههڵدهماڵدرێ ئیدی له ساخته‌یی ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ش ئاشنا ده‌بین، به‌ڕاده‌ی ئه‌وه‌ی كه‌سایه‌تیه‌كه وه‌ك په‌یوه‌ندیی ماڵ ساخته‌كاری بنیاتی ناوه.
بۆیه ته‌واوی كاره‌كته‌ره‌كانی نێو ئه‌و تێكسته له‌خوانی تارمایی كۆ ده‌كرێنه‌وه، ئه‌و كۆكردنه‌وه‌یه ناوه‌ندگه‌رێتی زمانه له‌ناو تێكست، چونكه ئه‌وه‌مان بۆ ده‌خاته ڕوو كه له‌ماڵدا كه‌سمان بێ گوناه نین، هه‌مووان گوناهبارین، ئه‌وه‌ش هه‌ستێك نیه په‌یوه‌ست بێت به تاكه ماڵێكه‌وه، به‌ڵكو هه‌موو ماڵه‌كان پڕن له گوناه، خوێندكاره‌كه هه‌ستی گوناهباری تیایه له ئاست ماڵی خۆیان، بۆیه به‌دوای ماڵێك ده‌گه‌ڕێت كه به‌هه‌شت بێت، ئه‌و به‌هه‌شته‌ش به ماڵی كۆلۆنێل تێده‌گات “من له‌وێ بووم، ئه‌وه‌ی له دواییدا ڕووی دا هه‌رگیز له‌بیرم ناچێته‌وه! .. دایك وباوكم شه‌ڕیان كرد، مێوانه‌كان به‌ره‌و ده‌رگاكه ڕایان كرد‌و.. باوكم برا بۆ شێتخانه‌و له‌وێ مرد” لا 121
به‌ڵام كاتێ دێته ئه‌و ماڵه‌ی كه پێشتر وه‌ك به‌هه‌شت لێی ڕوانیووه، تێده‌گات له‌وه‌ی گوناه ماڵه‌كان بۆگه‌ن ده‌كات.. هیچ ماڵێك نیه به‌هه‌شت بێت، ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه له‌و دیدگایه‌ی ڕابردوو بگرێت كه له به‌رامبه‌ر ماڵ هه‌یبووه، كه كۆمه‌ڵه پرسیارێكه ئاراسته‌ی كه‌سایه‌تیه‌كانی ماڵ ده‌كات، به‌وه‌ی پاكیزه‌یی وجوانی وشه‌ره‌ف وباوه‌ڕ بوونی هه‌یه؟ ئه‌وه‌ش گومانه له‌ته‌واوی پێكهاته‌ی ماڵ، كه‌وتنی ده‌مامك وده‌ركه‌وتنی ڕووخساری ڕاسته‌قینه‌ی كهسێتیهكانه، بۆیه ماڵ تێكه‌ڵی تابلۆی دوورگه‌ی مه‌رگ ده‌بێت، چونكه ئه‌و به‌هه‌شته خه‌یاڵیه‌ی خوێندكاره‌كه بۆ ماڵ هه‌یبوو، دووباره بوونه‌وه‌ی هه‌مان گوناهی ناو ماڵی خۆیان بوو، به‌وه‌ی ماڵه‌كان نوقمن له‌ناو گوناه وته‌نها مردن له‌و گوناهه ڕزگارمان ده‌كات، بۆیه كاره‌كته‌ره‌كان به‌دوای یه‌ك ده‌مرن.. ئه‌وه‌ش وا ده‌كات ماڵ ببێت به دوورگه‌ی مردن.
ئه‌وه‌ش پێمان ده‌ڵێت كه ماڵ له‌لای ستریندبێری به‌ره‌نجامی تێكچوونی په‌یوه‌ندیه‌كانی خێزانه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه تووشی ناڕێكیه‌كی ئه‌خلاقی بۆته‌وه، ئه‌و ناڕێكیه ئه‌خلاقیه له شانۆگه‌ری (كه‌ڵك) (2) زۆر به‌روونی ده‌رده‌كه‌وێت، ڕووداوه‌كان دوای مردنی باوك ده‌ست پێ ده‌كه‌ن، ئه‌و مردنه په‌یوه‌سته به وون بوونی به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌خلاقی ماڵ، به‌وه‌ی مردن ته‌نها به‌شێك له یاده‌وه‌ریه‌كانی ماڵ له‌گه‌ڵ خۆیدا نابات، به‌ڵكو ئه‌و مردنه ده‌بێته هۆی ههڵمالین به‌ڕووی هه‌موو ئه‌و ده‌مامكه ساخته‌یه‌ی دایك له‌ماڵدا به‌سه‌ر هه‌موو كاره‌كته‌ره‌كان وپهیوهندیهكانیان له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كیتریش له په‌یوه‌ندیی ماڵ وه‌ك شوێن له‌ته‌ك كاره‌كته‌ره‌كان.
ماڵ به‌هه‌موو كارهكتهرو شته‌كانیه‌وه به باوكه‌وه، ئه‌و باوكه‌ی له تێكسته‌كه‌دا ته‌نها یاده‌وه‌ریه‌كانی ڕابردووی ماوه، ئه‌وه‌ش له‌ڕێگه‌ی نامه‌یه‌كه‌وه كه بۆ كوڕه‌كه‌ی به‌جێهێشتووه، ماڵ لێره‌دا ته‌واوی سنوور‌و په‌یوه‌ندیه‌كانی داخراون، ئه‌وه‌ش ویستێكی دایكه له ماڵدا.
به‌دوای مردنیش دیسان دایك ئه‌یه‌وێ ئه‌و ده‌رگایه دابخرێته‌وه، چونكه به كردنه‌وه‌ی تووشی په‌یوه‌ندیی كردنی ماڵ ده‌بێت به مردووی گۆڕستان، كه باوكه، بۆیه ده‌یه‌وێ خزمه‌تكاره‌كه ده‌رگاكه دابخات، بۆ ئه‌وه‌ی بۆنی مردن نه‌كات، مردن كاتێ له‌ڕێگه‌ی هه‌ستی بۆن كردن له‌ڕێگه‌ی ده‌رگاوه دوور بخرێته‌وه، به‌ڵام له‌ڕووی ده‌نگه‌وه ئیدی ئه‌و ده‌مامكه به ڕووی ماڵ توانای ئاشكرا بوونی هه‌یه، نامه‌كه‌ی باوك له‌گه‌ڵ ئه‌و دهیالۆگهی خزمه‌تكاره‌كه دوو ده‌نگن بۆ ووریا بوونه‌وه‌مان له‌نهێنی شاردراوه‌ی ماڵ، به‌وه‌ی دایك خورادن وشه‌رابی خرپی كڕیووه، هه‌رزانترین خۆراكی كڕیووه، بۆیه (مارگریت) ی خزمه‌تكار پێی ده‌ڵێت “نه‌ئه‌بوو ئه‌وه‌نده ده‌ستت بگرتایه‌ته‌وه تا خراپترین وههرزانترین خورادنیان بۆ بكڕیت” لا30
برسیه‌تی مناڵه‌كان وهه‌ستكردن به سه‌رما دوو هه‌ستی ڕووكه‌ش نین له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌لاله‌تی ئه‌خلاقی، به‌ڵكو برسیه‌تی په‌یوه‌سته به‌و دهیالۆگهو سه‌رماش هه‌ستكردنه به‌و ترس ونه‌بوونی خۆشه‌ویستیه‌ی ماڵ نه‌یتوانیووه گه‌رمیان بكاته‌وه، له‌كاتێكدا خۆشه‌ویستی بوونی نیه له‌نێوان دایك ومناڵه‌كان، دایك وباوك، كه‌چی په‌یوه‌ندیی دایك به زاواكه‌ی زۆر پته‌وه، ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای خۆشه‌ویستی ماڵ نه‌بووه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندیه‌كی خراپی درووست كردووه (ماڵ په‌یوه‌ندی سرووشتی خۆی دۆڕاندووه به په‌یوه‌ندیی نا سرووشتی، بۆیه دایك پشتی كرۆدته‌وه مێرد‌و مناڵه‌كانی كه ئه‌وانه په‌یوه‌ندیی سرووشتی ماڵه، كه‌چی په‌یوه‌ندی ناسرووشی هێناوه‌ته بوون ئه‌وه‌ش له‌ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندیی كردنی به زاواكه‌ی)
كه له‌ڕابردوودا هه‌میشه باوك به‌گومانه‌وه لێی ڕوانیووه.. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵكو كچه‌كه‌ش به گومانه‌وه سه‌یری په‌یوه‌ندیی مێرده‌كه‌ی به دایكیه‌وه ده‌كات “هه‌ر به‌ئاواتی بهیهكگهیشتنهوهیهكی تر بوو له‌گه‌ڵ دایكمدا.. چونكه وای لێهاتووه به‌بێ ئه‌و هه‌ڵناكات” لا 64، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ش به‌ڵكو ئه‌و گومانه به‌ره‌و پرسیاری ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی ئه‌بات “بۆ دهرگاكهتان پێوه دابوو” لا53، ئه‌و پرسیاره‌ش ئه‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ هه‌مان گومانی باوك له‌و په‌یوه‌ندییه، ئه‌وه‌ته دایك ئاوا باس له‌و گومانه ئه‌كات “مێرده‌كه‌م ئه‌وی خۆش نه‌ئه‌ویست، چونكه ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم ئێره‌یی پێ ده‌برد، دڵیشی لێ پیس كردبوو” لا33
هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ی دواتریان بۆ چاوبه‌ست كردنی كه‌سه‌كانی ناو ماڵه، ئه‌گه‌رچی سترێندبێری نه‌یه‌وێ جۆری ئه‌و په‌یوه‌ندیه به‌ته‌واوی بخاته ڕوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌و دووانه به‌شدارن له‌پڕۆژه‌ی پلانه‌كانی یه‌كتری بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی ماڵ، ئه‌گه‌رچی یاردا تازه شووی كردووه، ده‌یه‌وێ شته‌كان هه‌ر چۆنێك بن.. كه هه‌ڵبه‌ت نیازخراپی دایكی زۆر به‌ڕوونی هه‌ست پێده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌ی به‌لایه‌وه گرنگه تێكنه‌چوونی ئه‌و ژیانه نوێیه‌تی، ته‌نانه‌ت كاتێ له ئوتێل خێرا گه‌ڕاوه‌ته‌وه كه‌هه‌ستی كردووه ژنانێك هه‌ن سه‌یری پیاوه‌كه‌ی ده‌كه‌ن، ئه‌و هه‌ستی ئیره‌ییه لای یاردا به‌ره‌نجامی هۆگربوونه به‌ژیانی نوێی له ماڵدا، بۆیه ڕاسته‌وخۆ هه‌ڕه‌شه له دایك ده‌كات به‌وه‌ی “هه‌ر كه‌سێكیش هه‌وڵی لێكدابڕانمان بدات، مردن نه‌بێت با چاوه‌ڕێی هیچی تر نه‌كات.. ئاشكرایه یان نا” لا 55
دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و نامه‌یه‌ی باوك بۆ كوڕه‌كه‌ی نوسیووه‌و جولانه‌وه‌ی كورسیه‌كه مردنی باوك ده‌گۆڕێته سه‌ر تاوانی كوشتن، چونكه ئه‌و نامه‌یه له‌لایه‌ك ساخته‌كاریه‌كانی دایك ده‌رده‌خات، به‌ڵام دایك ئه‌و نامه‌یه ئه‌خاته نێو ئاگردانه‌كه، له‌لایه‌كیتر ئه‌و نامه‌یه باوك مردنی خۆی به كوشتنی له‌لایان دایك ناو ده‌بات، دایك و زاواكه‌ی وه‌ك دوو وێنه‌ی ناو ماڵ نیشان ده‌دات، به‌هۆی ئه‌وه‌ی زاواكه‌ی لێره‌دا وێنه‌ی ڕوونی خۆی ده‌خاته ڕوو، ئه‌و وه‌ك یاردا خۆشی له‌و په‌یوه‌ندیه هاوسه‌ریه نایه‌ت، به‌ڵكو پێی وابووه به‌دوای مردنی باوك ئه‌و به‌شی میراتی خۆی وه‌رده‌گرێت.
ئه‌و تراژیدیا چاوه‌ڕوان نه‌كراوه ڕووبه‌رووی ماڵ ئه‌بێته‌وه، ئه‌وه‌ش په‌رده هه‌ڵده‌ماڵێت له‌سه‌ر نهێنی په‌یوه‌ندیی دایك و زاوا.
دایك: مه‌به‌ستت له‌وه‌یه له ماڵه‌كه‌ی خۆمدا بمكه‌یت به كاره‌كه‌ر، شتی وا نه‌بووه‌و نابێت
زاوا: پێویستی ناچارمان ئه‌كات
دایك: ناپه‌سند
زاوا: شه‌رم بتگرێ پیرێژن
دایك: ببم به كاره‌كه‌ر! كاره‌كه‌ری تۆ!
زاوا: هه‌ر هیچ نه‌بێت ئه‌وسا هه‌ست به‌وه ئه‌كه‌یت كه كارهكهرهكانی ماڵه‌كه‌ت چۆن برسییان ئه‌بوو، چۆنیش له‌سه‌رماندا ههلئهلهرزین به‌س نییه تۆ ناچار نابیت نه برسی بیت ونه له‌سه‌رماندا ههللهرزیت. لا 58
هه‌ست كردنی دایك به تارمایی باوكی كوژراو، ئه‌و باوكه‌ی ڕاسته‌وخۆ نه‌كوژراوه، به‌ڵكو وه‌ك زاواكه‌ی به دایك ئه‌ڵێت “ڕێگه زۆرن بۆ له‌ناو بردن.. ڕێگاكه‌ی تۆیش ئه‌وه‌نده به كارامه‌یی هه‌ڵبژێردراوه، ئه‌وه‌نده چاك وسه‌ركه‌وتوو بووه كه هیچ یاسایه‌كی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه نایگرێته‌وه” لا61، دواتر ئه‌و نامه‌یه‌ی باوك بۆ كوڕه‌كه‌ی جێهێشتووه، ته‌واوی چیرۆكی كوشتنی باوك وه‌ك شاردنه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت چیرۆكێكه ده‌مانگێڕێته‌وه بۆ شانۆگه‌ری هاملێت، ته‌نانه‌ت ده‌ركه‌وتنی تارمایی سهلماندنێكیتری ئه‌و دیده هاملێتییه، به‌ڵام ئه‌توانین جیاوازیه‌كه به‌وه ده‌ست نیشان بكه‌ین كه “كه‌ڵكی سترێندبێری نه‌فه‌سێكی قووڵی هاملێت له‌خۆ ده‌گرێت، به‌ڵام هاملێتهكهی سترێندبێری له‌بڕی كۆشك وته‌لاری پادشا، له‌نێو خێزانێكی بۆرژوازی داخراودا به‌رجه‌سته ده‌بێت” (هه‌مان سه‌رچاوه/ لا 23)
جگه له‌وه ئه‌گه‌ر تارمایی تاوانی كوشتن به هاملێت بڵێت، ئه‌وا نامه‌كه‌ی باوك حه‌قیقه‌تی ماڵ وتاوانی مردن به كوڕ ئه‌ڵێت، نامه‌یه‌ك كه كوڕه‌كه‌ی به دڕاوی له‌ناو ئاگردانهكهدا ئه‌یدۆزێته‌وه، ئه‌و نامه‌یه حه‌قیقه‌تێكی هاملێتییه، بۆیه كوڕ به هاوسه‌ره‌كه‌ی یاردا ده‌ڵێت “به‌ر له‌تۆ، گیانی كه‌سێكی مردوو لێره بوو.. هه‌موو ئێوارهكهیشمان پێكه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌ودا به‌سه‌ر برد” لا85
لێره‌دا كوڕ نه‌ك هه‌ر له هاملێت ده‌چێت، به‌ڵكو وه‌كو زهانیهك (زهان…………) قسه ده‌كات، به‌وه‌ی دوای زانینی نهێنی توانای زمان وێنای وێنه‌ی نه‌سته، زهانی كاره‌كته‌رێكه توانای زمان له‌لایدا بێسنووره، ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگا پێی وابێت كه‌سی زهانی تووشی شێتی هاتووه، ئه‌وا زهانی بڕوای وایه كه له‌و په‌ڕی توانای زیره‌كی و عه‌قڵیه‌تیی ته‌نانه‌ت ڕێك به پێچه‌وانه‌وه پێی وایه ئه‌وه‌ی له‌ودا شێتیه ڕابردوویه‌تی نه‌ك ئێستای.
كوڕ: ئا! له‌كاتێكدا هه‌موو سه‌روه‌ت وسامانهكهمان به قه‌رز كه‌وتوونه‌ته لای ئه‌وانه‌ی ناتوانن بمانده‌نه‌وه.
دایك: ئه‌مه چییه! شێت بوویت!
كوڕ: له‌وانه‌یه له‌مه‌وبه‌ر شێت بووبم، به‌ڵام ئێستا نا (لا 86)
زمانی كوڕ له‌و ساته‌وه‌خته‌دا پڕۆسه‌ی میتا زمانه، به‌وه‌ی زمان ناخاته ناو گه‌مه‌كردن له‌پێناو شاردنه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت، به‌ڵكو زمانێكه گه‌یشتۆته ئه‌ودیوی نهێنی په‌یوه‌ندیی دایك به زاوا، زمانێكه نه‌ست وێنای كاره‌كته‌ر ده‌كات به‌وه‌ی ئه‌و بێ‌ئاگا نییه له‌و په‌یوه‌ندیه‌ی دایك پاره‌ی به قه‌رز داوه به زاواكه‌ی، ئه‌ویش له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی وكۆنتڕۆڵ كردنی ماڵ یاردای كچی هێناوه.
زمانی كوڕ.. زمانی زهانیهكه كه هه‌موو ئه‌وانه ده‌خاته ڕوو، ئه‌وه‌ش مه‌ترسی درووست كردنه له‌ناو ماڵدا، چونكه توانای درككردنی هه‌یه به ساخته‌یی ئه‌و په‌یوه‌ندیه هاوسهریهی خوشكه‌كه‌شی “ئه‌وی تۆ هیچوپووچهی كه ئێستا بۆته مێردی تۆ.. قه‌ت تۆی خۆش نه‌ویستووه، به‌ڵكو دایكت، دایكتی خۆشویستووه” لا 80
كه‌واته ئه‌وه‌ی دایك له ئه‌نجامی گه‌مه‌ی زمان له‌ته‌ك كاره‌كته‌ر توانای شاردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی هه‌یه بۆ ده‌سخه‌رۆدانی ئه‌وانیتر، ئه‌وا كوڕ زمانی نه‌ست گه‌یاندوویه‌تیه ڕاستی ئاشكرا بوونی په‌یوه‌ندیی، ئیدی كه هه‌موو نهێنیه‌كان ئاشكرا ئه‌بن، كوڕ له‌گه‌ڵ یاردای خوشكی هه‌موو ڕاستیه‌كانیان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌ردووكیان به‌ڕووی دایك ئه‌وه‌ستنه‌وه‌و چیتر وه‌ك گه‌مژه‌یه‌ك له‌ناو ڕووداوه‌كاندا نین، به‌ڵكو به ئاگاییه‌وه ئه‌چنه‌وه ناو ڕابردوو، تا له ئێستادا جارێكی‌تر ئه‌و زه‌مه‌نه بگه‌ڕێننه‌وه‌و هه‌ستی گوناهباری خۆیان له‌ناو ڕابردوو دیار بكه‌نه‌وه.
ئاگر كه‌وتنه‌وه له‌ماڵ له‌بڕی مه‌ترسی درووست كردن بۆ خوشك و براكه، ئه‌وان بۆ یه‌كه‌مجاره له‌ماڵدا هه‌ست ده‌كه‌ن ئه‌وان سه‌رمایان نیه “یاردا هه‌ست ناكه‌یت چه‌ند گه‌رم وخۆشه! ئیدی ههڵنالهرزم وسهرمام نابێت.. گوێبگره چ قرچه قرچێكه له‌ده‌ره‌وه.. ئێستا ئیتر هه‌رچی كۆنه، هه‌رچی كۆن وناشیرین وخراپه، ئه‌سووتێت” لا 115
ئه‌و ئاگره چه‌نده چیچژێكی سه‌یر به خوشك وبراكه ئه‌به‌خشێت، له‌هه‌مان كاتدا ئاگر خاڵی نیه له یاده‌وه‌ری، به‌ڵكو ڕۆژانی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ر سفره‌یان لا ئهرووژێنێ، دیاره ئه‌و ئاگره‌ش كوڕ وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌كی ئه‌خلاقی له‌به‌رامبه‌ر ماڵ ئه‌یكاته‌وه، چونكه باوه‌ڕی وایه ماڵ ته‌نیا به ئاگر كۆتایی به نه‌هامه‌تیه‌كانی دێت، ئه‌و كۆتایی هاتنه به نه‌هامه‌تی لهڕوویهكیتردا تراژیدیای ماڵه، به‌ڵام نه‌وه‌ی نوێی ئه‌م ماڵی به‌م ئاگره خۆشحاڵن، چونكه هه‌ست به گه‌رم بوونه‌وه‌و شادیه‌كی رۆحی ده‌كه‌ن كه پێشتر ئه‌م هه‌سته‌یان لا درووست نه‌بووه، به‌ڵام سه‌ره‌نجام ئه‌و ئاگره به سووتانی ماڵ وكۆتایی هێنانی خێزانێك ته‌واو ئه‌بێت.
كۆتاییه‌ك نه‌وه‌ی نوێ ئه‌گه‌ر ببنه قوربانیشی، به‌ڵام نیگه‌ران نین، چونكه گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ونه، خه‌ونی ئه‌و نه‌وه‌یه له ماڵ كه خێزان نه‌یهێشت بێته دی، كه‌چی به‌م كۆتاییه خه‌ونه‌كه زیندوو ئه‌بێته‌وه “له‌كوێیه؟ نایبینم؟ ئه‌م گه‌شته بێ دایكمان، هیچ تامێكی تێدا نابێت..! ئه‌وه‌تا.. ئه‌ویش گه‌یشت! ئیتر پشووی هاوینیش ده‌ست پێ ئه‌كات” لا 117
ئه‌وه‌ش به‌ته‌نها گه‌ڕانه‌وه نیه بۆ خه‌ون، به‌ڵكو خه‌ون ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ناو یاده‌وه‌ری، به‌تایبه‌ت یاده‌وه‌ری قۆناغی مناڵی، یاده‌وه‌ریه‌ك كه هه‌میشه لهسهركوتكردنهوهكانی ناو ماڵ ویستوویانه ڕزگاریان بێت ورۆژێك كه‌شتیه‌ك بێت بۆ شوێنێكی دوور بیانبات، ئه‌وه‌ش خه‌ون له‌ڕێگه‌ی یاده‌وه‌ری پڕۆژه‌ی ڕزگاربوون له ماڵ زیندوو ئه‌كاته‌وه، به‌ڵام پڕۆژه‌یه‌ك له‌ناو خودی خه‌ونه‌كه كۆتایی دێت، چونكه ئاگره‌كه هوورووژم دێنێت وئه‌وانیش له‌ناو ماڵ ئه‌كه‌ونه سه‌ر زه‌وی، چیتر توانای بزاوت كردنیان نابێت له ماڵ، له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ش ڕزگاربوون له ماڵ له‌ڕێگه‌ی ئه‌و كه‌شتیه‌وه ئه‌بێته خه‌ونێكی نه‌وه‌ی نوێ.. خه‌ونێك زیندوو ئه‌بێته‌وه، به‌ڵام له‌ناو ماڵدا ئاگر ئه‌و نه‌وه‌یه‌و خه‌ونه‌كه‌ی ئه‌سووتێنێت.
ده‌رچوون له ماڵ له‌لای سترێندبێری وه‌همی كاره‌كته‌ره به‌هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ونێكه به‌ر له‌ساتی خه‌ون بینین خه‌ونه‌كه كۆتایی هاتووه، ئه‌وه‌ش ڕوانینێكی گشتگیرییه بۆ مرۆڤ، نه‌وه‌ك حاله‌تێك بێت وابه‌سته‌ی چینێك وگروپێكی كۆمه‌ڵایه‌تی بێت، ئه‌وه‌ی مرۆڤ له ماڵدا ده‌یه‌وێ لێی ڕا بكات ژووری نووستن یاخود چێشتخانه‌ی ماڵ نیه، وه‌ك به‌شێك له شوێن به‌قه‌د ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به كۆی ئه‌و سیستمه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی كه په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌ناو ماڵدا وابه‌سته‌ی سیستمی كۆنتڕۆڵ كردن كردووه، ته‌واوی كۆنتڕۆڵ كردنی ئه‌و بونیادانه ماڵ ده‌كات به‌و زیندانه‌ی ئه‌وه‌ی كۆتی كردووه ئه‌وه كێشه‌ی چینه‌كان نییه، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ئه‌وه په‌یوه‌ندیی به مرۆڤه‌وه هه‌یه، كه بۆ ئازادبوون له‌و سیستمه ده‌بێ ماڵ به‌جێ بێلێت، به‌ڵام ستریندبێری هه‌میشه له‌وه ووریامان ده‌كاته‌وه كه مرۆڤ ناتوانێ له ماڵ بچێته ده‌ره‌وه، خه‌ونی به‌جێ هێشتنی ماڵ سه‌فه‌رێكه به مردن له ماڵَ كۆتایی دێت، وه‌ك له شانۆگه‌ری (خاتوو ژولیا) (3) ده‌بینین ژولیاو یان دوو كاره‌كته‌ری سه‌ر به دووچینی جیاوازن، ده‌توانن له‌ڕێگه‌ی گه‌مه‌ی ژیان پێداویستیه‌كانی یه‌كتری دابین بكه‌ن، تا له‌ڕێگای یه‌كتریه‌وه له ماڵ ڕزگاریان بێت.
ته‌نانه‌ت سه‌ماكردنی خاتوو ژولیا له‌گه‌ڵ یان ههوڵێكیتره بۆ سڕینه‌وه‌ی ئه‌و چینایه‌تیه، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ست نیه به‌و ئاگاییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی ئه‌و كاره‌كته‌ره به‌قه‌د ئه‌وه‌ی تێگه‌یشتنیه‌تی له‌بێ مانایی په‌یوه‌ندیه ساخته‌كانی ماڵ، خۆ ئه‌گه‌ر یان له تۆمه‌تی كۆمه‌ڵگا بترسێ به‌وه‌ی قسه‌یان بۆ هه‌ڵبه‌سترێ، به‌ڵام خاتوو ژولیا به‌مافێكی سرووشتی ماڵه‌كه‌ی ده‌زانێ كه له‌گه‌ڵ كێ ویستی وله‌گه‌ڵ كام خزمه‌تكار ویستی سه‌ما بكات.
خاتوو ژولیا له‌و سیستمه ئه‌خلاقیه‌ی ماڵ گه‌یشتووه، بۆیه ده‌یه‌وێ به‌ره‌و ڕووی سیستمه‌كه یاخی بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نایه‌وێ ئه‌و یاخی بوونه بیكات به قوربانی، به‌ڵكو ته‌نیا گه‌مه‌ی ناو سیستمه‌كه كۆنتڕۆڵ ده‌كات.
یان: تۆ به‌ڕاست وا ده‌ڵێی یان گاڵته ده‌كه‌ی؟
خاتوو ژولیا: به‌ڕاستمه!
یان: كه‌واته ماوه‌یه‌ك پێش ئێستاش هه‌ر به ڕاستت بوو! تۆ گاڵته كردنیشت هه‌ر به‌ڕاسته،. ئه‌مه جێگه‌ی مه‌ترسیه، من له‌م گاڵته كردنه ماندوو بووم. ” لاپه‌ڕه 99-100″
به‌ڵام یان بهههمانه شێوه ده‌یه‌وێ گه‌مه‌ی خۆی بكات بێ ئه‌وه‌ی ببێت به قوربانی، ئه‌و سه‌رباری ئه‌وه‌ی خزمه‌تكاره، به‌ڵام ڕازی نیه ببێته گه‌مه‌ی ده‌ستی خاتوو ژولیا، به‌ڵكو ده‌یه‌وێ وه‌ك ئه‌و ڕووبه‌رێكی تایبه‌ت بۆ خۆی له گه‌مه‌كه ته‌رخان بكات، بۆیه خۆی به عاشقی ناو ده‌بات، عه‌شقێك كه هه‌مان هه‌ستی كاره‌كته‌ره‌كه‌ی هه‌زارویه‌ك شه‌وه به‌خۆی ده‌به‌خشێت.
یان خه‌ونی ده‌رچوون له‌ماڵ بۆ خاتوو ژولیا ده‌گوازێته‌وه بۆ وێنه‌ی ژیانێكی جیاواز كه ده‌توانێ له‌وێ میوانخانه‌یه‌كی پله یه‌ك درووست بكات، زینده‌گی دوای ڕاكردن وابه‌سته‌ی دنیایه‌ك ده‌كات بۆ بینینی ڕووخسار وزمانی تازه، ئه‌وه‌ش خه‌ونێكه له‌ناو ڕاكردن ته‌واو نابێت، چونكه هه‌ڵگری ڕۆحی سه‌فه‌ركردنه بۆ بینینی دنیا‌و جیهانی كه‌شف نه‌كراو، بۆیه سه‌فه‌ر توانای شكاندنی تابۆكانی ماڵی هه‌یه كه بتوانێ دنیای نوێ خه‌ونی خوڵقێنراو بێت.
خاتوو ژولیا: یان، ئه‌مه هه‌مووی باشه، به‌ڵام یان تۆ ده‌بێ هانم بده‌ی، پێم بڵێی: تۆم خۆش ده‌وێی! وه‌ره باوه‌شم پیا بكه! “لاپه‌ره 114”
یان ده‌یه‌وێ له‌ژێر ناوی خۆشه‌ویستی خاتوو ژولیا له‌ماڵ ده‌رباز بكات به‌هۆی دزینی پاره له ماڵ، بۆیه خه‌ونه‌كه‌ی له كۆتاییدا بۆ بوونه ئه‌و پایه كۆمه‌لایه‌تییه كه خاتوو ژولیا هه‌یه‌تی، له‌كاتێكدا خاتوون كێشه‌ی خۆشه‌ویستی هه‌یه، به‌ڵام یان ئاماده نیه ئه‌وه‌ی پێ ببه‌خشێت، چونكه گه‌مه‌كه‌ی له‌ژێر ئه‌و ناوه ئه‌نجام ئه‌دات، به‌وه‌ی تا له ماڵ نه‌چنه ده‌ره‌وه ناتوانێ ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌ی پێ ببه‌خشێت، یان هه‌ست ده‌كات ئه‌وه‌ی هه‌یه خۆشه‌ویستی نیه، به‌ڵكو ڕزگاربوونه له‌ماڵ، پێشی وایه خاتوو ژولیاش وه‌ك ئه‌و وایه، بۆیه پێی ده‌ڵێت “خۆتم لێ مه‌كه به فریشته، ئێسته هه‌ردووكمان لهخراپیا وه‌ك یه‌ك واین” لاپه‌ڕه 120
بۆیه ئاگاداری ده‌كاته‌وه له‌وه‌ی ئه‌وه‌ی خاتوو ژولیا ناوی بردووه به خۆشه‌ویستی له‌ڕاستیدا حه‌قیقه‌تی گه‌مه‌یه‌كه، ئه‌وه‌ش ده‌رخستنی ستراتیژیی ئه‌و گه‌مه‌یه‌ی ماڵه، كه‌وتنی ماسكه ئه‌خلاقیه‌كانه به‌ڕووی هه‌ریه‌ك له یان و ژولیا “گوایه منتان خۆش ده‌وێ، خۆتان هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن” لاپه‌ڕه 127
بۆیه له‌كۆتاییدا خه‌ون ده‌كه‌وێته ناو خه‌ونێكی موگناتیسی یان هه‌ر وه‌ك خزمه‌تكارێك ده‌مێنێته‌وه وده‌یه‌وێ خاتوو ژولیا بڕوات، داوای لێ ده‌كات بڕوات، ئه‌ویش ده‌چێته ده‌ره‌وه، به‌ڵام چوونه ده‌ره‌وه‌یه‌ك له بنه‌ڕه‌تدا مه‌رگه له‌ناو ماڵدا، چونكه چوونه ده‌ره‌وه‌كه ئاماده‌بوونی ڕۆحه له‌ناو خه‌ونه موگناتیسیهكهدا.
شكستی خێزان له‌ڕابردوودا دیدێكی ئه‌خلاقی به ماڵ به‌خشیووه، به‌وه‌ی بۆته یاده‌وه‌ری بریندار، ئه‌وه‌ش سه‌فه‌رێكی نێو ئه‌فسانه‌یه له ئه‌مڕۆدا، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ستریندبێری له شانۆگه‌ری (جه‌ژنی هه‌ڵسانه‌وه) بۆ قسه كردن له‌و دۆخه‌ی مرۆڤی هاوچه‌رخ تیایدا ده‌ژیێت له ماڵدا، گه‌ڕاوه‌ته‌وه ناو ئه‌فسانه‌ی یۆنانی. (4)
له‌وێوه دیدگای مرۆڤی مۆدێرن ده‌خاته ڕوو، هه‌ڵبه‌ت جوله‌ی فیزیكی سرووشت گۆڕانی وه‌رزه‌كان وهاتنی جه‌ژن ته‌نیا توانای ڕێكخستنی كه‌ره‌سته‌كانی ماڵی هه‌یه، بێ ئه‌وه‌ی بتوانێ په‌یوه‌ندیه‌كان ڕێكبخاته‌وه، چونكه ده‌رچوون له ماڵ وگه‌ڕانه‌وه‌ش بۆی سه‌ره‌نجام هه‌ر به‌یه‌ك ده‌ره‌نجامی تراژیدیی كۆتایی دێت.. كه ڕزگار بوونی نییه، ئه‌وه‌ش له كاره‌كته‌ری ئێلینۆرا هه‌ستی پێ ده‌كرێت، كه له‌نێوان دوو حاله‌ت ده‌رچوون له ماڵ بردوویه‌تیه شێتخانه وگهڕانهوهشی هه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ زیندان یا شێتخانه وه‌ك چۆن ئه‌و ڕه‌فتارانه‌ش هه‌مان ده‌ره‌نجامیان ئه‌بێته‌وه “ئا، ئه‌و به‌سته‌زمانه، نیگه‌رانه‌و نامه‌ی وا ده‌نووسێت كه تێكوپێكیان شكاندووم، ده‌یه‌وێت له‌وێ ڕزگاری بێت وبێته ده‌ره‌وه، بێگومان بۆ ماڵه‌وه‌یش” لا 41
ده‌ركردن له ماڵ وبردنی بۆ شوێنێك كه چاودێری بكرێت، حاله‌تێك نیه مرۆڤ تیایدا چاكبكرێت، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی چاككردن په‌یوه‌سته به ماڵ، چونكه له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه دیسان هه‌مان مرۆڤ ده‌بینینه‌وه، ئیلیس زۆر باش هه‌ست به‌وه ده‌كات كه ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه ئیشكردنی هه‌مووانه له‌ناو یاده‌وه‌ری برینداری ماڵ “گه‌وره‌ترین به‌دبه‌ختیش له‌ئێستا بۆ من ئه‌وه‌یه كه ببینم له‌و ده‌رگایانه‌وه بێته ژووره‌وه، هێنده خراپم لێ به‌سه‌ر هاتووه” لا 42
بیركردنه‌وه له ڕابردوو توانای به‌خشینی كامه‌رانی هه‌یه، به‌ڵام هه‌ر كاتێك بیر له ڕابردوو بكرێته‌وه، مانای وایه به‌ره‌و هه‌مان ناڕێكی ماڵ ده‌گه‌ڕێینه‌وه، چونكه ڕابردوو یاده‌وه‌ریه‌كی برینداری به ماڵ به‌خشیووه، بۆیه هه‌میشه ترس له ساردی ماڵ وێنه‌یه‌كی زهنی ناو تێكسته‌كانی سترێندبێریه، كه مرۆڤه‌كان له‌وه ئه‌ترسن ماڵ سارد بێته‌وه، له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ی ساردی درووستكردووه ئه‌وه ڕۆحی ساردی كه‌سه‌كانه، نه‌ك ماڵ وه‌ك شوێن، به‌ڵكو په‌یوه‌ندیه‌كان خوڵقێنه‌ری ئه‌و ساردیهن.
بۆیه له‌م تێكسته‌دا وون بوونی باوك له‌ماڵ وه‌ك هه‌ر تێكستێكیتری شانۆیی سترێندبێری كێشهیهكیتری سه‌ره‌كیه له‌سه‌ر چه‌مكی وون بوونی باوك, وون بوونێك له‌تێڕوانینی دایكه‌وه باوك قوربانیه، ده‌بێت حه‌قیقه‌تی قوربانی بوونیشی له‌داهاتوودا ده‌ربكه‌وێت، به‌ڵام ئه‌وه له‌بنه‌ڕه‌تدا دۆخێكی ده‌روونی بۆ ماڵ دوروست كردووه كه ماڵ وه‌ك زیندان وشێتخانه سه‌یر بكرێت، هه‌ڵبه‌ت هه‌ریه‌كه له‌و دوو شوێنه سیستمێكی تایبه‌تمه‌ندی هه‌یه كه كۆمه‌ك به‌یه‌كتری ده‌كه‌ن بۆ سه‌ركوتكردنه‌وه، ماڵیش بۆته‌وه به كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو شوێنه له‌ناو یه‌كتری، به‌واتای ماڵ بۆخۆی وێنه‌یه‌كی شێتخانه‌و زیندان پێكده‌هێنێت، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێلێونۆرا له شێتخانه‌وه به‌ره‌و ماڵ له‌بنه‌ڕه‌تدا گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ زیندان، چونكه یه‌ك سیستمی كۆنتڕۆڵكراو فرمان به شوێنه‌كان ده‌كه‌ن.
ئه‌و ئاسته ئه‌خلاقیه‌ی هێیهست تیایدا ده‌ژی جۆرێكه له شێتی، ماڵ ئه‌و شێتیه ده‌كات به زیندان، ئێلیس وكریستینا له‌لایه‌ك نه‌یانویستووه بۆ ئێره بێن ولهلایهكیتریش هاتنی لیندكڤیست بۆ ماڵ به مه‌به‌ستی داواكردنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی خوڵقاندنه‌وه‌ی زیندانێكیتره له ماڵ، كه ماڵ ئه‌و ڕووبه‌ره كاره‌ساته‌یه جوگرافیایه‌كی خه‌مناك ده‌خولقێنێت بۆ په‌یوه‌ندیه‌كانی خێزان.
ئه‌وه‌ی ئه‌و تێكسته له‌ته‌واوی تێكسته‌كانی تری سترێندبێری جیا ده‌كاته‌وه ئه‌و كۆتاییه كه تراژیا كۆتایی هاتن نیه به په‌یوه‌ندیه‌كان به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ئه‌و فریادڕه‌سه‌ی هه‌میشه وونه له‌و تێكسته‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، له‌لایه‌ك میهره‌بانی گولفرۆشهكه له كچه‌كه‌یان خۆشده‌بێت وبه‌ره‌و زیندان نایبات له‌لایه‌كیتریش لیندكڤیست كه هاتنی بۆ ماڵ ئه‌و ترسه ده‌روونیه‌ی خوڵقاندبوو ئه‌و خاوه‌نی ئه‌و وێنه‌یه نیه چونكه پێكهاته‌ی په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی باوك به وان و ئێلیس به پێتروس دۆخی ترسناكی ماڵ ده‌گۆڕێت به خۆشنوودی به‌ڵام خۆشنوده وابه‌سته نیه به رووبه‌رێكی جوگرافیه‌وه به‌ڵكو ده‌رچوونی مرۆڤه‌كان له ماڵ خاڵی جه‌وهه‌ری ئه‌و خۆشنوودییه كه له كۆتاییدا دوای چاككردنی هه‌موو گرفته‌كان ئه‌بێت ماڵ وه‌ك ڕووبه‌رێكی جوگرافی به‌جێ بهێلدرێت “ئێستا تۆ ده‌بێت سوپاسی خوا بكه‌یت، كه یارمه‌تی داین به‌ره‌و لادێ، به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی شار بڕۆین” به‌ڵام ئه‌وه هه‌ر به‌ته‌نها بێنیامین نیه ده‌بێت سوپاسگوزار بێت به‌ڵكو ته‌واوی كاره‌كته‌ره‌كانی ماڵ ده‌بێ سوپاسگوزار بن كه ڕزگاریان بووه له‌لایه‌ك وه‌ك ئه‌و گوناهه‌ی باوكی خسته زیندانه‌وه به تۆمه‌تی دزیكردنه‌وه له‌لایه‌كیتر ڕزگاربوونی كه‌سه‌كانی ناو ماڵ وه‌ك ڕزگاربوونی مرۆڤه‌كان له‌و شوێنه سارده.
نیهاد جامی
ئاماژه‌كان:
(1) سۆناتای تارمایی/ ئاوگۆست ستریندبێری، وه‌رگێرانی (عه‌بدوللا قادر دانساز) زنجیره‌ی (5) شانۆی بیانی، ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر -2007، لا 50
(2) كه‌ڵك/ ئاوگۆست ستریندبێری، وه‌رگێڕانی (خه‌بات عارف) زنجیره‌ی (6) شانۆی بیانی ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر- 2007
(3) خاتوو ژولیا/ ئاوگۆست ستریندبێری، وه‌رگێڕانی (عه‌لی عوسمان) زنجیره‌ی (30) شانۆی بیانی ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر- 2009
(4) بۆ تێگه‌یشتن له‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ی سترێندبێری بۆ ناو ئه‌فسانه، بگه‌ڕێوه بۆ توێژینه‌وه‌كه‌ی كاڵسۆن كه وه‌ك پێشه‌كیه‌ك بۆ وه‌رگێڕانه كوردیه‌كه كراوه بڵاو كراوه‌ته‌وه، جه‌ژنی هه‌ڵسانه‌وه/ ئۆگۆست سترێندبێری، وه‌رگێڕانی (خه‌بات عارف) زنجیره‌ی (32) شانۆی بیانی ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر- 2009