Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
وێنەکانی  ژنێتی ….  دڵسۆز  حەمە

وێنەکانی ژنێتی …. دڵسۆز حەمە

Closed
by April 29, 2012 ئەدەب

      ١

بێسەمەرترین  سەفەرم
بێمورادترین  گەڕانم
سەفەری  خۆشەویستی  بوو
گەڕانی دوای  فەرهادێ  بو
چۆن  لە چارەنوسێک  هەلهاتم
لە  ناولەپی  دەستی  خۆم  و
لە  ناو چەوانم   نوسرابوو .

٢
یاری  من … ئاخ  یاری من
مانگی  یەک  نامە دەنێرێت
کەچی  هەرسی  ڕۆژەکەم  پڕدەکات  لە هەتاو  و
هەر سی  شەوم  لە ئەستێرە
وەرزی  یەکجار  زەنگ لێدەدات
کەچی  هەرسێ هەیڤەکەم  پڕ دەکات  لە گۆرانی و
هاژەی  ڕوبار  وشنەی  با
بەساڵی  جارێک  دەیبینم
ساڵی  یەکجار دەڕژێتە  دەمارەکانم   ماسیەکانی 
یەکجار  لەکەمەرما دەنیشێتەوە  کۆترەکانی   و
ماچم  دەگاتە  قامەتی 
کەچی بۆ  ئەبەد  دوگیانە   هەستم
واملێدەکات  بەدرێژایی  ساڵ ،
بەڵکو هەموو  تەمەن   چاوەڕێی  بم .

٣
ئاوێنەکە  
بە درێژایی   سەفەری  تەماشام   دەڵێت :  جوانیت
تەنهایی  بە درێژایی   تەمەن  پێی گوتم   : کەڵکی   نیە .

٤
لە ماڵێدا
ستیان  بەرناکەم
بە پێی پەتی  دەسوڕێمەوە
بۆیە  هەردەرگای  مالم  ترازان
دووکەروێشکی  سپی  بچوک
لە پێڵاوەکانمەوە  ڕادەکەن
دوو کۆتری   سپیش  لە  ملی   بلوزەکەمەوە 
دەدەن  لەشەقەی  بال و
لە  مالەکەمدا  دێن  ودەچن .

5
لە  بێدەنگیدایە
 جوانترین  قسەکانی  دڵم 
لە  تاریکیدایە
ڕووناکترین  پەیوەندی  دڵم 
دوور
لە  دوورترین  سەرزەمینە  نزیکترین  کەسی دڵم 
  

7
ئەوەی  تۆ  پێمدەبەخشێت  لە تاریکیدا
هیچ  هەتاوێک  نەیبەخشێوە  بە زەمین
لە  ڕوناکترین  ڕۆژەکانی  هاویندا 

٨
تەنهایی  بەودەستەی  ناساندم  .. کە کوشتمی
تەنهایی  بەو  عەشقەی   ناساندم  …کە  شکاندمی
تەنهایی  بەو ڕێگایەی ناساندم … کە وونی  کردم
تەنهاییش  بەو  ئازارەی  ناساندم … کە  پڕی کردم  لە  وەستان  و خۆراگری
                                            لە  غرور  وشکۆی  درەختێک  بە شاخێکی  زۆر  بەرزەوە .
تەنهایی  دەمکۆژێ  و شاخێک  مەرگم  دەشارێتەوە .

٩
لوتبەرزم ولوتبەرزم ولوتبەرزم
کەللەرەقم  وەک  مردن  خۆی
لەم سەرزەمینە  پر ئازارەی   تەنهایی  
دەستم  وسێوەکانم  بمرن وهەڵوەرێن  و پیر ببن
پاشا  خۆی   نەبێت  نایبەخشم  بە کەسی تریان .
 
١٠
عەشقی تۆ  یەکلاییکەرەوەیە
لە بەینی  مان  و نەماندا
لە بەینی خۆشی  و بەدبەختی
لە بەینی  کوفر  وئیماندا

11
سەرزەمینی  عەشق
یان   بەهەشتە
یان  بەرەهوت

١٢
لە نێوانی شاژن و
ژنێکی دۆڕاودا 
تەنها عەرشی  پیاوێکە
لە نێوان  وەرین و
سەوزبونی  ژنێکدا
تەنها  دەستی  پیاوێکە 
لە نێوان  مردن و
لەدایکبونی ژنێکدا
تەنها دڵی  پیاوێکە

١٣
دارستانەکە  بۆ ئەوەی  بیسەلمێنێت  پاییز دێ
گەڵای  بە خۆیەوە   نەهێشت
تا سبەینێ ،لەسەر  سەکۆی خۆڵەمێشی  هەورەوە
سەد ووتاری  گڤەی  دا  بە گوێماندا
مەسیح  بۆ ئەوەی  بیسەلمێنێت  کوڕی  خوایە
خۆی  خاچەکەی  نایە سەرشان
من  بۆئەوەی  بیسەلمێنم  خۆشمدەوێت
سێوەکانم هەڵڕشتە  ناو دەریاکەوە و
خۆم دەرگاکانم   کردەوە
وەلێ  کە چوە  سەر خاچ  ژنێتیم
نە  ئەو  ئەشکەنجەم  دەبینێت
نە خودا  ئامادەیە  بمبەخشێت

١٤
ئازاری  (فەروغ) لە ڕۆحمدایەو
تەنهایی  ومردن وئەشکەنجەی  بۆ  من  جێهێشتوە
بەڵام  ئێرۆکانە ( تاران) نیە
گومان و سەرگەردانیی  ناو کۆڵانەکانی پەیوەندی
بە  قەقنەس  بونم  لە  ئازارەکانی  دایکایەتی و
   دوورەدەستی  ونزیکی  کوڕەکەمدا
ئاخ … کوڕەکەم
سوتانم  لە دڵی  خۆما
سوتانم  لە ماڵی خۆما
سوتانم  لە شکۆی   خۆما
لە  سوتانی  ئەو دەچێت
وەلێ  ئێرۆکانە ( تاران )  نیە .

١٥
لە ماڵی  ئازارەکانما  تەنهام
لە سەفەری  مان و نەمانی چارەنوسدا تەنهاو
لە پیاسەی  باخچە و
ڕاکردنی دالانەکانی دۆزەخدا  تەنها
ڕۆژێک  پەنجەرەرەیەک  میهرەبانی  نەبەخشی 
لەوەتەی هەم  باخچەکە  لەلایەک  و من  لە لایەک

١٦
شانازی  ناکەم  بە تۆوە  تاریکترین نەژاد
و بکوژترین  پەیوەندی
بێبەریم  لە بەردەکانی  سنگی  باوکم
بێبەریم  لە  نیگا تێکشکاوەکانی دایکم
وبێبەریم  لە  نیشتمانێک  هەتا هێز  لە مەچەکی جەنگ و
هەتا هێز  لە نائومێدیدا  بو  ڕوو  لە سنورەکان
بەو ڕێگایانەدا  پاڵیداین کە شکۆمان هەڵوەری و
دڵمان  بۆ ئەبەد  لەهەمو  جوانیەک  ڕەنجا
شانازی ناکەم  بە  تۆوە  ئازارە  گەمژەکان .

١٧
تەنهایی  وتاکپەڕیم 
لە خۆی دەچێت
بە کەسێک  ڕامدەکرێت  خەیاڵم
وەکو  مەسیح  بەخشندەو
وەکو  مەهدی  دوورەدەست  و
وەکو  فڕین  بێئەندازە بێت
بە  کەسێک  داگیر دەکرێت جوانی  من
غروری  من
ئازاری  بێسنوری  من
گومان و   دوورگە  سەدپارچەکەی دڵم  من
وەکو  مردن  دڵڕەق  و
وەکو عەشق  پڕ ژیان  بێت
تەنهایی  من
شپرزەیی  ودڵتەنگی  من
نە لەشەقام
نە لە ماڵ  و
نە  لە مزگەوت  و
نە لە هیچ  ڕاستیەکدا  وون  دەبێ  ،
نە ڕەوشەن  دەبێتەوە  گومانم  .

١٨
ئەستێرەیەک  ،
لەدەستی  دێت 
هەمو  شەوەکەم  پڕ بکات  لە تریفە و ڕەنگی ئیرۆس
دەستی  نەرمی  هەتاوی  سبەینان  کە دێتە  بەر پەنجەرە
لەدەستی  دێت
هەمو ڕۆژەکەم  ڕوخۆش  و
وەکو ڕوبار  بێت  تەماشام
هەورێکی عەبوس و مۆنیش
سەرەڕای   بونی  تۆش  لەناودڵما
لەدەستی  دێت
کۆڵانەکان هێندە تەنگ  و
دڵم  ئەوەندە تاریک بێت
لە وونبون و
سەرگەردانی  خۆمدا ،بدەمە  پڕمەی  گریان
چەندە  ئەسیری  ئاسمانم .
چەندە ئەسیری دڵی خۆمم .

                           فێبریوەری ٢٠١٢

دڵسۆز  حەمە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.