Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
وێنەیەکم بکێشەوە …  کازم بیتوێنی

وێنەیەکم بکێشەوە … کازم بیتوێنی

Closed
by April 29, 2012 ئەدەب

 

فڵچە و بۆیەکەت حازرکە هاوڕێم
وێنەیەکم بکێشەوە
تێیدا
وەکو خۆر بدرەوشێمەوە و
بڕژێمە ناو  گەردونەوە

پێیەکم لەسەر لێوی ئاسمان دانابێ و
خەریکی دواندنی تەمتومان بم
دەستێکم  ” با ” بردبێتی
دەستەکەی دیکەم بووبێت بە کۆتر
سەراسیمە
لە پشکوتنی گوڵاڵەسورەیەک ڕامابم  لەوسەری دونیا

وێنەیەکم بکێشەوە
باران نم نم تەڕمکات و
بە گۆرانی خۆم وشک کەمەوە
نەمەوێت
ڕۆحم بکەمە چەتری سەرم

بەسەر ڕووی ئاوەوە وێنەیەکم بکێشەوە
هێندە بەسە
تا کزەبایەک هەڵدەکات و
نەرمە شەپۆلێک دەمسڕێتەوە

وێنەیەکم بکێشەوە بەتەنیا بم
هەست بکەم
مۆسیقایەکی کێوی سەرم دەخوات
هەست بکەم
دڵم تەپ تەپ  بۆ مردن لێ دەدات و
قا قا  بە ژیان  پێدەکەنم

با وێنەکەم لە ” ئەلف ” ەوە  تا ” یا ” لە خۆم بچێت
با ڕەنگەکان تازە لە باخچەکانەوە هێنرابن
با لە مندا
هەر ڕەنگە و بە زمانێک بدوێ
هەر ڕەنگە و لە ئاوازێک بخوێنێ
با ڕەنگەکان ئاوێزانی فێنکایی یەکتری بن

فڵچەکەت لە جامی دڵم هەڵکێشە
چاوەکانم بە  خوێن  ڕەنگکە
بە نیشانەی
داکەوتنی ئافات بەسەر باخچەدا

بمکە بە دوو بەشەوە
بەشێکم سادە بێت
وەک فڕینی تاوسێک بە هەموو ڕەنگەکانییەوە
بەشەکەی دیکەم ئاڵوز بێت
وەک خاتیرەی قەرەجێک لە دەمە دەمی مردندا

وێنەیەکم بکێشەوە
لە مەستێتیم دا  ڕوون و ڕەوان  بچمەوە
خەیاڵم لە توێکڵی بوونم  هاتبێتە دەرێ
بێ خەبەر بم
لە شەڕو ئاشتی خودا و شەیتانەکان
قەدەری من
کۆچی تاهەتایی من بێت 
بە دوای جوانی
و
بە دوای خۆمدا.

٢٤/٠٤/٢٠١٢
چوارقوڕنە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.