Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
نامەی دڵداری! … ن/جەلال قادر

نامەی دڵداری! … ن/جەلال قادر

Closed
by May 1, 2012 چیرۆک

 

 

لەم ڕۆژانە نامەیەکی ئاشقانەی  یارەکەم بەدەست گەیشت کە دڵی زۆر تەنگ کردم .. ئەمەش دەقی نامەکەی بوو:
{ ئازیزم ئەی ئەو کەسەی کە ناتوانم لە بیری خۆمت بەرمەوە ، ماوەیەکە دڵتەنگم ، بەم دڵ تەنگییەم نازانم هاوار بۆ کێ بەرم؟..تۆ بووی تەنیا کەسێک کە بتوانی گوێم لێبگریت ، تۆش بێرەحمانە لێم جوودا بوویتەوە . وەک ئەوەی نە بات دیبێ نە باران… نازانم کەی تۆهەستدەکەیت دلۆپە باران  وشەی ئاسمانن دەڕژێنە سەر جەستەم . ئەم دلۆپە بارانانە ناخم تەڕ دەکەن . ناخی منیش جگە لە تۆ  جێگای کەسیتری تیا نابێتەوە.. .تۆ نازانیت ڕۆژانە چەندە دڵ دەنگدەبم . چەندە بیرتدەکەم..چەندە حەزدەکەم وەک جاران بگەڕێینەوە لای یەکتر و ئەوین بکەین بەسەرەتا… من تا ئێستاش نازانم بۆ؟ کاتێ دوو دڵدار لە یەکتر دڵیاندەشکێ چەندین ساڵ بەم زامە دەتوێنەوە ، کەچی بۆ ساتێکش یەکتر لەبیر ناکەن..ئەی بۆ ئاشت نابنەوە؟
وا بیر نەکەیتەوە تەنیا ئەمشەو بیرم لەتۆ کردووەتەوە..نا تۆ بوویتە بە ئەستێرەیەک بە ئاسمانەوە چاوەکانمت کردووە بە هێلانەی درەوشانەوەت.. مەگەر تۆ نازانیت  بۆ دواجار دەمرین ..تکایە دەرگای دڵت بکەرەوە رەحمێ بە من بکە با وەک جاران ئاشت بینەوە….
دوڵبەرم لەبیرت چوو ئەو کاتانەی پێکەوە بووین چەندە خۆشبوو، ئەی تۆ نەتگوت : نایەلم چاوەکانم بۆ یەک چرکەش لە تۆ دابڕێ..تۆ نەتگوت من هەمیشە لەگەڵ تۆ دەبم و لێت تێر نابم؟!..
دە بگەڕێوە  چاوەڕوانی ڕوخساری گەشتم . بگەڕێوە کەس ناتوانێ جێگای تۆ پڕ کاتەوە. بگەڕێوە من ئێساتش عاشقتم…ئەگەر لە ڕابوردوو وشەکانم ڕەق بوون …ئەی کوا بەزەیی تۆ بۆ ئەم  دڵە وێرانەم..ئازیزم لەگەڵ نوسینی هەر وشەیەک فرمێسک لە چاوەکانم دەبارێ..دەوەرە ئازیزم ..دیسانەوە بە چاوەکانت لێمبڕوانە..تۆ خودا ناز مەکە من خۆشم دەوێی..ئەوەندە خۆشم ویستی ئیرەیم بە هەموو شتێکت دەبرد کە  لە نزیکتەوە دەژیا..تەنانەت ئیرەییم بە کراسەکانی بەرشت دەبرد.. ئەی تۆ نەتگوت : من کەمێک ئەم ئیرەییەم پێخۆشە..لە ئەنجامی ئیرەیی بوو دڵم تەقی و دڵم شکاندی … تۆ خودا بگەڕێوە .
خۆشم دەوێی بتەوێ و نەتەوێ خۆشمدەوێ..ئازیزم گوێت لە هاواری دڵم نییە..ئەگەر بۆ ساتێکش بێت بگەڕێوە پێم بلێ خۆشمدەوێی..ئاخر تۆ بە جۆرە ئاوازێک پێمدەلێی خۆشمدەوێ وادەزانم دونیا مولکی منە!.
ئەرێ هەموو پیاوەکان ئاوا دڵڕەقن ؟ ئەی تۆ نەتگوت من جوودام ..وەلامم بدەرەوە ، تا کەی ئەم بێدەنگییە؟ ڕۆژێک بێرە قسە..ئەمڕۆکە هەزار ڕێگا هەیە ئەگەر بتەوێ پەیوەندیم پێوە بکەیت . دەتوانی بە تەلەفۆن ، ئەو کات گوێم لەدەنگت دەبێت . ئای چەند خۆشە ئەگەرگوێم لە دەنگت بێت !. خۆ ئەگەر شەرمدەکەیت مێسجێکم بۆ بنێرە…ئەگەر نا فەیسبوکێک بکەرەوە تا ئاگاداری هەوالەکانتبم . دڵە گیان ئەگەر مەبەستت بێت ڕێگا زۆرە.. ئیتر بەسە پێویست ناکات چیتر لێت بپاڕێمەوە..
ئەی  ئەمە کەی بوو بە ژیان ؟ تۆ تا ئێستا هەوالی من نازانیت.. تۆ تا ئێستا نازانیت کە من بە بێ تۆ وەک زیندانییەک وام چاوەڕوانی ئازادی دەکەم… چۆن ژیان بێ ئازادی چێژی نییە .. ئەوهاش ئەو دڵەی من بێ تۆ ئارامی نییە !.
 چۆن دەتوانی شەوان بە ئارامی بنوویت بێ ئەوەی ئاگات لە هەواڵێکی من بێت..باوەڕکە جار هەیە خۆزگە بە دۆستە مردووەکانم دەبەم..دەلێم خۆزگە منیش زووتر بمردامایە…ئاخر تۆ نازانیت من هەر ڕۆژێکم مردنێکە لە دووریت..
ئەی هەموو کەسەکەم : من نەخۆشم و دەرمانێک نییە بۆ دڵە زامارەکەم .. بەس خۆت دەزانی نەخۆش پێویستی بەسەردانی هەیە…دەوەرە سەردانیم کە و برینم ساڕێژکە…خۆت دەزانی پێشئەوەی بە دیداری تۆ شادبم مرۆڤێکی سادە و ساکار بووم ..لەو ڕۆژەوەی تۆمناسی شێتبوومە.. واتە تۆ شێتت کردم …ئێستاش بێ تۆ ناتوانم چاکبمەوە…
ئازیزم حەز ناکەم زۆر درێژە بە نامەکەم بدەم … پێتدەلێم خۆشمدەوێی ، ئەگەر پێتخۆشبێ بێت یان پێتناخۆشبێت.. بگەڕیوە بیرت دەکەم…بیرت دەکەم وەک دایکێ بۆ بۆنی کۆرپەکەی .. وەک  ئاوارەیەک بۆ نیشتیمانەکەی ..بیرتدەکەم ..هەوالێکم بپرسە ..بێ تۆ هەست بە تەنیایی دەکەم.!
ئەگەرخۆت بە پیاو دەزانی ولە پیاوە دڵڕەقەکان نیت ، پیاو بەو بگەرە لام .هەمیشە خۆشەویستت (.؟.)..}
ئەمەش دەقی نامەی یارەکەم بوو.
  بەداخەوە منیش خۆم بە پیاو نەزانی و وەلامی نامەکەیم  نەدایەوە . بەس نامەکەیم نوشتاندەوە و کردم بە فڕۆکەیەک ، وەک منداڵێک لە ژوورەکەم دەمفڕاند و یاریم پێدەکرد !.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.